بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (15) دۆلار کەمتر لەنرخی جیهانی فرۆشتووە
2022-07-08 18:42:43
شیكاری: درەو
کۆی ئەو داهاتەی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە (1.34 ملیار) دۆلار بووە، بەپێی داتاکان هەربەرمیلێک نەوتی هەرێم لە ماوەی ناوبراودا بە کەمتر لە (11) دۆلار فرۆشراوە، بەراورد بە نرخی سۆمۆو. بەراورد بە نرخە جیهانییەکەش نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (15) دۆلار کەمتر ساغکراوەتەوە، هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم تەنها (38) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و موچەی موچەخۆران، لە کاتێکدا بەتێکڕا نرخی نەوت لە بازاڕاکانی جیهان زیاتر لە (100) دۆلار بووەو نەوتی هەرێم بە (85) دۆلار فرۆشراوە.
یەکەم؛ داهاتی نەوتی عێراق و پشکی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوت، حکومەتی عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (292 ملیۆن و 640 هەزار و 250) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 253 هەزار و 570) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، هەر بەپێی زانیارییەکان بەرمیلێک نەوتی بە تێکڕای (96.26) دۆلار فرۆشتووە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا بریتی بووە لە (28 ملیار و 196 ملیۆن و 897 هەزار و 810) دۆلار.
بە پێی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) یاسای بودجەی گشتی عێراق، ماددەی (11) پشکی هەرێمی کوردستان بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە، هەر بۆیە بەپێی یاساکە "تەنها لە داهاتی نەوتی عێراق" لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2022)دا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (3 ملیار و 572 ملیۆن و 546 هەزار و 953) دۆلار.
ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەو ماوەیەدا بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار، واتە بڕی (2 ملیار و 228 ملیۆن و 705 هەزار و 721) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).
خشتەی ژمارە (1)
دووەم؛ جیاوازی داهاتی نەوتی هەرێم لەنێوان فرۆشتنی سەربەخۆ و کۆمپانیای "سۆمۆ"دا
بەپێی ئەو داتایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (7/7/2022) بڵاوی کردوونەتەوە دەربارەی فرۆشی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بەهەردووە شێوەی (ناوخۆ و هەناردەکردن بە ڕێگەی بۆری) بڕی (35 ملیۆن و 332 هەزار و 205) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (388 هەزار و 35) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جیهانی تورکی کردووە، بڕی (4 هەزار و 545) بەرمیلیشی ڕۆژانە لەناوخۆدا فرۆشتووە. (بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی داتاکانی حکومەتی هەرێم بڕوانە چارتی ژمارە (1))
بەپێی داتاکان هەربەرمیلێک نەوتی هەرێم لە ماوەی ناوبراودابە کەمتر لە (11) دۆلار فرۆشتووە، بەراورد بە نرخی سۆمۆو، بەراورد بە نرخە جیهانییەکەش نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (15) دۆلار کەمتر ساغکراوەتەوە.
واتە بە تێکڕای سێ مانگەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (85.48) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا بریتی بووە لە (3 ملیار و 63 ملیۆن و 356 هەزار و 891) دۆلار، هەر بەپێی داتاکەی حکومەتی هەرێم (56%)ی داهاتی نەوتی هەرێم ڕۆشتووە بۆ خەرجی پرۆسەکە کە بریتی بووە لە بڕی (1 ملیار و 719 ملیۆن و 515 هەزار و 659) دۆلار و بڕی (44%) ماوەتەوە بۆخەرجی موچە لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار.
بەکورتییەکەی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم تەنها (38) دۆلاری گەڕاوەتەو بۆ وەزارەتی دارایی و موچەی موچەخۆران، لە کاتێکدا بەتێکڕا نرخی نەوت لە بازاڕاکانی جیهان زیاتر لە (100) دۆلار بووەوە نەوتی هەرێم بە کەمتر لە (85) دۆلار فرۆشراوە.
لە کاتێکدا ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەرناردەی کردووە، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراقی بفرۆشرایە کە هەر بەرمیلێکی دراوە بە (96.26) دۆلار، ئەوا کۆی بەهاکەی بریتی دەبوو لە (3 ملیار و 401 ملیۆن و 78 هەزار و 53) دۆلار.
واتە ئەگەر نەوتی هەرێم لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ڕێگەی سۆموە هەناردە بکرایە ئەوا بڕی (2 ملیار و 57 ملیۆن و 236 هەزار و 821) دۆلاری زیاتر دەبوو لەو بڕەی ئێستا حکومەتی هەرێم بۆی ماوەتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
چارتی ژمارە (1)
خشتەی ژمارە (2)
سێیەم؛ نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە و پشکی هەرێم تێیدا
لە تەوەری یەکەمی باسەکەدا تیشکمان خستە سەر پشکی هەرێم لە فرۆشی نەوتی عێراقدا بەپێی یاسای بودجەی گشتی، بەبێ لە بەرچاوگرتنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەکات، بۆیە ئەگەر نەوتی هەرێم و نەوتی عێراق پێکەوە لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە هەناردە بکرێت، ئەوا بێگومان ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرز دەبێتەوە، بۆیە داهاتەکەشی زیاد دەکات، بە هەمان پێوەری پشکی هەرێمیش بەپێی یاسای بودجە لە داهاتی نەوت زیاد دەکات ئەویش بە جۆرێک؛
لە چارەکی یەکەمی (2022)دا هەرێم و عێراق پێکەوە بڕی (327 ملیۆن و 972 هەزار و 455) بەرمیل نەوتی بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 279 هەزار و 725) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە هەناردە بکردایە، هەر بەپێی زانیارییەکان بەرمیلێک نەوت لەو ماوەیەدا بە تێکڕای (96.26) دۆلار فرۆشراوە، بەم پێیە کۆی بەهای نەوتی فرۆشراوی عێراق و هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا بریتی دەبوو لە (31 ملیار و 570 ملیۆن و 628 هەزار و 512) دۆلار.
بە پێی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی (2021) یاسای بودجەی گشتی عێراق، ماددەی (11) پشکی هەرێمی کوردستان بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دیاریکراوە، هەر بۆیە بەپێی یاساکە "تەنها لە داهاتی نەوت"دا لەم ماوەی ئەم سێ مانگەدا پشکی هەرێمی کوردستان بریتی دەبوو لە (3 ملیار و 999 ملیۆن و 998 هەزار و 633) دۆلار.
ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ لەو ماوەیەدا بۆی ماوەتەوە تەنها بریتیە لە بڕی (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار، واتە بڕی (2 ملیار و 656 ملیۆن و 157 هەزار و 401) دۆلاری کەمترە لەو پشکەی لە داهاتی نەوتی عێراق بەپێی یاسای بودجە بۆی دیاریکراوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
خشتەی ژمارە (3)
چوارەم؛ زیانە داراییەکانی فرۆشی نەوتی سەربەخۆ لە چارەکی یەکەمی 2022
بەو پێوەدانگانەی سەرەوە، هەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان زیانی گەورەی دارایی بە هەرێم گەیاندووە هەر یەک لە (خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (2)) بە ئاشکرا ئەو زیانە داراییانەی ڕوونکردووەتەوە. بە جۆرێک؛
کۆی ئەو داهاتەی حکومەتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی کەوتووە بریتی بووە لە (1 ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار. لە کاتێکدا ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی بە شێوەی سەربەخۆ هەناردەی کردووە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕ بخرایە داهاتەکەی بریتی دەبوو لە (3 ملیار و 401 ملیۆن و 78 هەزار و 53) دۆلار.
ئەمە جگە لەوەی ئەگەر بەهۆی سیاسەتی نەوتەوە پشکی هەرێم ڕانەگیرایە، بەپێی یاسای بودجە بڕی (3 ملیار و 572 ملیۆن و 546 هەزار و 953) بەشی هەرێم دەبوو تەنها لە داهاتی نەوتی عێراقدا.
زیاتر لەوەش ئەگەر نەوتی هەرێم و عێراق پێکەوە لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە، ئەوا پشکی هەرێم لە سێ مانگی یەکەمی (2022)دا بە پێی یاسا تەنها لە فرۆشی نەوت بڕی (3 ملیار و 999 ملیۆن و 998 هەزار و 633) دۆلار دەبوو.
خشتەی ژمارە (4)
چارتی ژمارە (2)
سەرچاوەکان
- قانون رقم (23) لسنة 2021 الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق للسنة المالية 2021؛
https://moj.gov.iq/view.5555/
- اعلنت وزارة النفط عن مجموع الكميات والايرادات المتحققة لصادرات النفط، مجموع الصادرات النفطية والايرادات المتحققة لشهر كانون الثاني الماضي؛
https://oil.gov.iq/?page=909
- اعلنت وزارة النفط عن مجموع الكميات والايرادات المتحققة لصادرات النفط، مجموع الصادرات النفطية والايرادات المتحققة لشهر شباط الماضي؛
https://oil.gov.iq/?page=951
- اعلنت وزارة النفط عن مجموع الكميات والايرادات المتحققة لصادرات النفط، مجموع الصادرات النفطية والايرادات المتحققة لشهر آذار الماضي؛
https://oil.gov.iq/?page=965
- هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2022، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10080
- زیانە داراییەکانی فرۆشی نەوتی سەربەخۆ لە چارەکی یەکەمی 2022، ڕاپۆرتی درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10123
- زانیاریی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، بەیجی فەرمی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان؛
https://www.facebook.com/KRG.DMI.Official/photos/a.120385726081618/748741579912693/