Draw Media

ئای مامۆستا گیان؛ خۆزگە ئەوەندە كەر نەبوویتایە!

ئای مامۆستا گیان؛ خۆزگە ئەوەندە كەر نەبوویتایە!

2022-07-06 19:25:20


درەو:  شۆڕشنامە 
مامۆستا جەعفەر (فازیل كەریم ئەحمەد) لە كتێبەكەیدا ( بە خەونی گەورەوە كەوتینە ڕێ) بەم شێوەیە باس لە گفتوگۆی خوێ و جوتیارێك دەكات سەبارەت بە شۆڕش ئەنجامەكانی شۆڕش:‌
ساڵی (1975 - 1977)، جووتیارێكی هاوڕێم هەبوو لە یەكێك لە گوندەكانی ئالان‌و سیوەیل، بەناوی حەسەن. زۆرجار یەكترمان دەبینی‌و من باسی (شۆڕشی نوێ)م بۆ دەكرد، كە ئەمجارەیان وەكو جارەكانی تر نابێت، هەژاران‌و نەداران رابەرایەتی شۆڕشیان دەكەوێتە دەست‌و رێگە نادرێت ئاغاو دەرەبەگ لەسەرەوە بن، ئە‌وان خاوەن دەسەڵات دەبن. لەمەودوا كەس ناتوانێت بەناوی شۆڕشەوە هەژارو رەنجدەر بچەوسێنێتەوە. ئەوەندەم رست كابرا بەژوو بوو، بەدەستی راستی كڵاوو جامانەكەی بەرەو سەرەوە بردو گوتی: "ئای مامۆستا گیان! خۆزگە ئەوەندە كەر نەبوویتایە!". 
من راچەنیم! چونكە ئەو جۆرە سوعبەتەمان لەگەڵ یەكتردا نەبوو.. ئەو لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو وتی: تۆ بە هەموو ئەقڵێكتەوە دەتەوێت هەژارو چەوساوەو رەش‌و رووت شۆڕش بكەن، ئاغاو دەرەبەگ‌و دەوڵەمەندیش ببنە ژێر دەستەو كز كز دابنیشن لە سای دیواران‌و دەست بە كڵاوەكەیانەوە بگرن‌و زرتەی چاویان بێت، حەزدەكەم دڵنیا بیت هەژارو رەش‌و ڕووت‌و چەوساوە، هەزار شۆڕش بكەن، لەدوا چركەكانی پێش لەسەر نانی تاجی سەركەوتن، دەرەبەگ‌و دەوڵەمەندەكان دێن‌و تاجی سەركەوتن لەدەستیان دەپچڕێنن‌و تاجەكە لەسەر خۆیان دەنێن، یەكێكی وەكو تۆ هەزاران قوربانیت دابێت‌و هەزاران شۆڕشت كردبێت، بە هەزار عەریزە ناگەیتە لای سەركردایەتی‌و بەلایاندا تێپەڕیت سەگت پێوە دەنێن.
ئاغاو دەرەبەگ‌و دەستڕۆیشتو، چەك‌و پارەیان هەیە، سەدان پیاویان هەیە، شارەزایی تەواویان هەیە چۆن دەست بەسەر شۆڕشدا بگرن. من‌و تۆ هەر لەوە شارەزاییمان هەیە قوربانی بدەین‌و خۆمان بە كوشت بدەین‌و خەڵكیتر بكەینە كەڵەگای خۆمان‌و قوڕ بەسەر خۆماندا بكەین!. 

* سەرچاوە: مامۆستا جەعفەر (فازیل كەریم ئەحمەد): بە خەونی گەورەوە كەوتینە ڕێ‌، بیرەوەری، بەرگی یەكەم، چاپی دووەم، 2020، لاپەڕەكانی (120‌و 121).

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand