پەرلەمان حەج بەشێوەی پشك پشكێنە دابەش دەكات
2022-07-05 13:36:38
(درەو):
دیاری كونسوڵگەریی سعودیە بۆ پەرلەمانی كوردستان كە (10) ڤیزای حەجكردن بوو، بەشێوەی پشكپشكێنە بەسەر فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دابەشكرا، پارتیو یەكێتی زۆرینەیان برد، گۆڕان فەریزەی حەجی بەجێنەهێنا.
دابەشكردنی ڤیزاكان
زیاتر لە (10) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئێستا لە سعودیەن بۆ بەجێهێنانی فەرەیزەی حەج.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، كونسوڵی سعودیە لەدەرەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ فەریزەی حەج، بڕی (10) ڤیزای حەجی ئەمساڵی بۆ پەرلەمانی كوردستان تەرخانكردووە.
پەرلەمان بەگوێرەی رێژەی كورسی حزبەكان، (10) ڤیزاكەی كونسوڵی سعودیەی بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەشكردووە، دابەشكردنەكە بەمشێوەیە:
• فراكسیۆنی پارتی: 4 ڤیزا
• فراكسیۆنی یەكێتی: 2 ڤیزا
• فراكسیۆنی گۆڕان: 1 ڤیزا
• فراكسیۆنی یەكگرتوو: 1 ڤیزا
• فراكسیۆنی كۆمەڵ: 1 ڤیزا
• فراكسیۆنی نەوەی نوێ: 1 ڤیزا
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە فراكسیۆنی پارتی هەر چوار ڤیزاكەی خۆی پڕكردوەتەوەو ئەوەی دیارە پەرلەمانتار (مەلا جیهاد)و (نزار ملا غەفار)و هاوسەرەكەیو (مەلا ئیحسان محەمەد) لە پشكەكەی پارتی سودمەندبوونو چونەتە سەفەری حەج.
لە فراكسیۆنی یەكێتی تەنیا یەك پەرلەمانتار سەفەری حەجی كردووە، یەكێتی دوو ڤیزای بەركەوتووە، پەرلەمانتار (مەلا ناسر) لەگەڵ هاوسەرەكەیدا پشكی یەكێتییان بردووەو چونەتە سەفەری حەج.
فراكسیۆنی گۆڕان تەنیا یەك ڤیزای حەجی بەركەوتووە، هیچ ئەندامێكی فراكسیۆنەكە ئامادەی سەفەری حەج نەبووە، ڤیزاكەیان گەڕاندوەتەوە بۆ پرۆتۆكۆڵی پەرلەمان، (عەلی حەمەساڵح) كە ئێستا لە سەفەری حەجدایە، بەپێی زانیارییەكان لەدەرەوەی دابەشكاری پشكەكەی كونسوڵی سعودیە ڤیزای حەجی دەستكەوتووە.
فراكسیۆنی یەكگرتوو یەك ڤیزای بەركەوتووەو پەرلەمانتار (سەرچنار ئەحمەد) بردویەتی، فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی بە هەمان شێوە یەك ڤیزای بەركەوتووەو پەرلەمانتار (روپاك ئەحمەد) رۆیشتووە، هەر لە فراكسیۆنی كۆمەڵ پەرلەمانتارێكی تر كە (مەلا هەورامان گەچێنەی)یە لە گەشتی حەجەو لە دەرەوەی پشكپشكێنەكەی كونسوڵی سعودیە ڤیزای حەجی دەستكەوتووە،مەلا هەورامان خۆی سەرۆكی لیژنەی (ئەوقافو كاروباری ئاینی)یە لەپەرلەمانی كوردستان، دەوترێت ئەم لیژنەیە پشكی خۆیان هەیە لە سەفەری حەجدا لە دەرەوەی دیارییەكەی كونسوڵی سعودیە، جوڵانەوەی نەوەی نوێش ڤیزایەكی بەركەوتووەو (كاوە عەبدولقادر) سەفەرەكەی كردووە.
(درەو) زانیویەتی، خەرجی بەجێهێنانی فەریزەی حەج كەوتوەتە ئەستۆی پەرلەمانتاران خۆیانو پەرلەمان هیچ خەرجییەكی بۆ دابین نەكردوون، هەریەكێك لەوانەی سەفەری حەجیان كردووە زیاتر لە (5 هەزار) دۆلاریان دابینكردووە بۆ بەجێهێنانی ئەم فەیزە ئاینییە.
سەفەری پەرلەمانتاران بۆ حەج، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی جۆراوجۆری دروستكردووە، هەندێك ستایشو هەندێكی تر رەخنەیان لێدەگرن.
بەپێی یاسای بەركار، ئێستا موچەی هەر ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان مانگانە دەگاتە (8 ملیۆنو 183 هەزار) دینار، پەرلەمانی كوردستان لە (111) كورسی پێكدێت، واتا بەتێكڕا خەرجی موچەی پەرلەمانتارانو سەرۆكایەتی پەرلەمان لە مانگێكدا بڕەكەی نزیكەی (ملیارێك) دینارە.
پەرلەمان لە پشوودایە
لە رۆژی 1ی ئەم مانگەوە پشووی یاسادانانی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە، دواین كاری خولی یاسادانانی رابردووی پەرلەمانی كوردستان پەسەندكردنی هەمواری یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان بوو، یاسایەك كە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە هەڵوەشاوەتەوەو هەمواركردنەوەی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەكو تەحەدایەك بۆ دادگای فیدراڵی لێكدرایەوە.
كرنگترین كارێك كە لەمساڵدا كەوتبێتە ئەستۆی پەرلەمانی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بوو، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانی لەسەر چۆنیەتی هەمواركردنەكە، پەرلەمان نەیتوانی بەربەستی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەربكاتو چارەسەری دایەدەست سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەناچێت، لەم حاڵەتە خولی ئێستای پەرلەمان ناچارە تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە.