الشرق الاوسط: دادگای فیدراڵی لەسەر هێڵی ناكۆكییە "خێزان"یەكانی یەكێتی
2022-07-12 10:15:13
(درەو):
رۆژنامەی (الشرق الاوسط):
• دادگای فیدراڵی چوەتە سەر هێڵی ناكۆكییە (حزبی- خێزانییەكانی)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، كە بەر لە ساڵێك لەنێوان بافڵ تاڵەبانی كوڕی رێبەری كۆچكردوو سەرۆك جەلال تاڵەبانیو كوڕە مامەكەی (لاهور شێخ جەنگی)دا تەقییەوە.
• بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كوڕە مامەكەیدا پێكەوە سەرۆكایەتی یەكێتییان دەكرد، ئەمە بەر لەوەی لە كۆتایی مانگی ئایاردا هاوكێشەی هاوسەرۆكایەتی لەبەرژەوەندی یەك سەرۆك هەڵگەڕێتەوە كە ئەویش بافڵ تاڵەبانییە.
• ئەمە ناكۆكی لەنێوان هەردوو باڵەكەی یەكێتیدا قوڵكردەوە، وای لە لاهور شێخ جەنگی كرد پەنا بۆ دادگای عێراق ببات بەمەبەستی دروستكردنی گرفت بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی كە باڵی بافڵ تاڵەبانی لەناو پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەدا ئەنجامیدا، بەجۆرێك سەرۆكایەتی بەبێ شەریك تەنیا بۆ ئەوبێت.
• ناكۆكی نێوان كوڕە مامەكان (ئامۆزاكان) لەچوارچێوەی بەرتەسكی حزبییەوە گواسترایەوە بۆ (دادگای فیدراڵی)، ئەمە دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی لەرێگەی بریكارەكەیەوە داوای دەركردنی "ئەمری وەلائی"كرد بۆ راگرتنی ئەو رێوشوێنانەی كە تایبەتن بە هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبو دورخستنەوەی ئەو لە هاوسەرۆكایەتی.
• بەگوێرەی نوسراوێك كە دادگا ئاڕاستەی فەرمانگەی كاروباری حزبو رێكخراوە سیاسییەكانگی كردووە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، داوا لە بافڵ تاڵەبانی كراوە لە دانیشتنی دادگا ئامادەبێت، ئەم نوسراوە لەلایەن باڵی لاهور شێخ جەنگییەوە دزەی پێكرا بۆ میدیاكان، بەڵام دواتر یەكێتی نیشتمانی رەتیكردەوەو ئەویش لای خۆیەوە دزەی بە نوسراوێكی تری دادگا كرد كە ئاماژە بەوە دەكات دادگا سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگیی رەتكردوەتەوە بۆ دەركردنی "ئەمری وەلائی".
• تائێستا دادگا هیچ بەیاننامەیەكی دەرنەكردووە لەبارەی پشتڕاستكردنەوە یاخود رەتكردنەوەی دەركردنی "ئەمری وەلائی" لەبارەی ئەم دۆسیەوە.
"ئەمری وەلائی" چییە ؟
مەبەست لە "ئەمری وەلائی" ئەو فەرمانەیە كە دادگا لەسەر بنەمای داوای لایەنێك دەریدەكات بەبێ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكەی تر، ئەمە بڕیارێكی "كاتی"یە، دادوەر لەو حاڵەتانەدا دەریدەكات كە لە یاسای بەركاردا بۆی دیاریكراوە، بەمەرجێك لەم بڕیارەدا، بنەڕەتی مافەكان زیانیان بەرنەكەوێت.
لەدۆسیەی سكاڵای لاهور شێخ جەنگیدا داواكاری بۆ دەركردنی "ئەمری وەلائی" بۆ ئەوەیە جاری بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لەسەر سكاڵاكە، پێشوەختە رێوشوێنەكانی بافڵ تاڵەبانی دژی لاهور شێخ جەنگییو دەستكاریكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی رابگیرێت تا ئەوكاتەی بابەتی سكاڵاكە یەكلادەبێتەوە.