نەوشیروان مستەفا كەیفی بە بریمەر نەدەهات
2022-07-12 11:28:22
درەو: شۆڕشنامە
لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەنوسێكی بەریتانی، نەوشیروان مستەفا، دەڵێت: من كەیفم بە برێمەر نەدەهات. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: برێمەر لەخۆبایی بوو، دەیویست وانیشان بدات كەسێكی توندو بڕیاردەرە، بافڵ تاڵەبانیش دەڵێت: لە كۆبونەوەیەكدا دەمویست لە برێمەر بدەم.
پۆڵ برێمەر حاكمی سیاسی ئەمەریكا لە عێراق لە ماوەی ساڵانی (2003 و 2004)، كاتێك بۆ یەكەمجار سەردانی كوردستانی كرد، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی وێنەیەكی مستەفا بارزانی بینی، لە مەسعود بارزانی پرسی: ئەو پیاوە خانەدانە كێیە؟ لەو كاتەدا نێچیرڤان بارزانی لەتەك برێمەردا وەستابوو، هەستی بە شەرمەزاری كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا خۆی تێك نەدا. نێچیرڤان لەبارەی ئەو كاتەوە دەڵێت: هەستی ئێمە ئەرێنی بوو، بەڵام كاتێك دەركمان بەوە كرد كە برێمەر هیچ شتێك نازانێت، دواتریش ئێمە بەو حاڵە لەگەڵی ئاسوودە بووین" نێچیرڤان ئەو قسانەی بە پێكەنینەوە گێڕایەوە.
داڤید ئەكویلا كویل لۆرنس، پەیامنێری كەناڵی بی بی سی، دیمانەو گفتوگۆكانی لەگەڵ سەركردەكانی كوردا لە چوارچێوەی كتێبێكدا بەناونیشانی (نەتەوەیەكی نادیار) بڵاوكردۆتەوە.
نەوشیروان مستەفا، كە لەو دەمەدا جێگری سكرتێری گشتیی ی.ن.ك بووە، دەڵێت: من خۆم كەیفم بە برێمەر نەدەهات، بەڵام بەلای منەوە ئەوەی زۆر گرینگ بوو، ئەوە بوو ئەو توانیی سوپای عێراق، بەعسو هەواڵگری لەناو ببات، ئەمانەش بەخششی خودا بوون بۆ من، ناتوانی بڕوا بەمە بكەی". بەڵام نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: لەڕاستیدا من كەیفم بە برێمەر دێت.. ئەگەر تاكە كوردێك هەبێت كە كەیفی بە برێمەر بێت، ئەوا منم، چونكە ئەگەر لەبەر برێمەر نەبوایە، بارودۆخی عێراق هەرگیز وەك ئەمڕۆ نەدەبوو... لە ئێستا زۆر باشتر دەبوو!". هەروەها دەڵێت: برێمەر لەخۆبایی بوو، بەڵام لەوانەیە دەركی بەوە نەكردبێت كە ئێمە چەند سودمان لێی بینی. برێمەر دەیویست وانیشان بدات كەسێكی توندە، ئەو بەرپرسیارە، ئەو كەسەیە كە بڕیار دەدات، ئێوەیش هیچ نین.. تەنها بە یەك واژۆ برێمەر چوار دامەزراوەی عێراقی تواندەوە، كە گرینگترین دامەزراوەكانی عێراق بوونو مایەی چەرمەسەرییەكانی كورد بوون".
بافڵ تاڵەبانی دێتەوە یادی كە لە كۆبونەوەیەك لە بەغداد بەشداریی كردوە، كە لەنێوان پۆڵ برێمەرو هەندێك لە سەركردە كوردەكان رێكخرابوو، چەندین ساڵ دوای ئەمە بافڵ نایەتەوە بیری كە ئەو كۆبونەوەیە پەیوەست بوو بە چییەوە. تەنها ژێرەوەی پووتەكەی برێمەری دێتەوە یاد، كە لەسەر ئەژنۆكانی دای نابوو، لەكاتی قسەكردنیشدا نیشانی میوانە بەڕێزەكانی دەدا.
بافڵ دەڵێت: دەمویست لە برێمەر بدەم.. ئەو پووتە قوڕاوییەی هێنابوە نزیك ڕوخسارم.. گوتم نا بافڵ لێی گەڕێ.. لێی گەڕێ...، بەڵام پووتەكان لەناو چاومدا بوون! من ماوەی دوازدە ساڵ لە ئینگلتەرا بووم، نازانم ئەو پیاوە دەتوانێت چی بكات لەبەردەم سەركردەیەكی عەشایەری ئەو وڵاتەدا؟!
* سەرچاوە: كویل لۆرنس: نەتەوەیەكی نادیار: هەوڵی كوردەكان بۆ سەربەخۆییو داڕشتنەوەی عێراقو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەرگێڕانی: هاوكار عەبدوڵا، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئایدیا، چاپی یەكەم، 2020، لاپەڕەكانی (319 - 322، 360)