سهربهخۆكان 13 كورسییان بردهوه
2022-05-17 12:46:33
(درەو):
حزبوڵاو هاوپەیمانەكانی زۆرینەی پەرلەمانییان لە خولی نوێی پەرلەمانی لوبناندا لەدەستدا، ئەمە بەگوێرەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن كە (بەسام مولەوی) وەزیری ناوخۆی وڵات رایگەیاند.
حزبوڵا كە دیارترین هێزی سیاسیو سەربازی لوبنانەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، لە پەرلەمانی ماوەتەواوبووی لوبناندا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا لە كۆی (128) كورسی، زیاتر لە (70) كورسییان هەبوو.
ئەو لیستانەی هەڵبژاردن كە لەناو خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكانی بەر لە دوو ساڵی لوبنان دژی دەسەڵاتی سیاسی دروستبوون، لەم هەڵبژاردنەدا لانی كەم (13) كورسی پەرلەمانیان بردوەتەوە.
(12) كەس لەوانەی بۆ ئەم خولە سەركەوتوون بۆ پەرلەمان، لەو روخسارانەن كە پێشتر هیچ پۆستێكی سیاسییان لە لوبناندا بەدەستەوە نەبووە، دەكرێت ئەمانە لەگەڵ پەرلەمانتارانی سەربەخۆی تر لە حزبە نەریتییەكان پێكەوە فراكسیۆنێكی یەكگرتوو دروست بكەن.
ئەنجامی هەڵبژاردن نیشانی دەدات پەرلەمانی نوێی لوبنان چەند فراكسیۆنێكی ركابەر لەخۆدەگرێت كە هیچ یەكێكیان بەبێ ئەوەی تر ناتوانێت زۆرینەی رەها پێكبهێنێت، ئەمەش بەبۆچونی چاودێران وادەكات دابەشبوونی زیاتر دروست ببێت.
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن، حزبوڵا لەگەڵ (بزوتنەوەی ئەمەل)ی هاوپەیمانیدا كە بزوتنەوەیەكی شیعەیەو (نەبی بڕی) سەرۆكی ماوەتەواوبووی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، بەیەكەوە پارێزگارییان لە كورسی پێكهاتەی شیعە لە لوبنان كردووە كە (27) كورسییە، بەڵام هاوپەیمانەكانیان چەند كورسییەكیان لە بازنە جیاوازەكانی هەڵبژاردندا دۆڕاندووە.
ئێستا نازانرێت تێكڕای ژمارەی ئەو كورسییانە چەند دەبێت كە حزبوڵاو هاوپەیمانەكانی لە پەرلەمانی نوێی لوبناندا كۆی دەكەنەوە، بەڵام ئەوە دەزانرێت ئەوەیە كە ناتوانن ژمارەی كورسییەكانیان بگەیەننە (65) كورسی كە زۆرینەی رەها پێكدەهێنێت.
هەروەك نازانرێت ئایا پێگەی ئۆپۆزسیۆنی نوێی سیاسی لوبنان چۆن دەبێت، كە ژمارەیەكیان گوتاری یەكخستنی چەكیان لە دەستی هێزە شەرعییەكانی وڵاتدا هەڵگرتووەو زۆرینەیان جەخت لەسەر گەشەپێدانی سیستمی وڵاتو چاكسازیكردن لە دادگاو بنیادنانی دامەزراوەكان دەكەن دور لە لایەندارییو پشكێنەی تائیفی.
رەنگە ئۆپۆزسیۆنی نوێی لوبنان لەگەڵ ئەو حزبە نەریتییانەی تردا هاوپەیمانێتی بكەن كە تاڕادەیەك بانگەوازی "شۆڕش" كردووە، لەم حاڵەتەدا رەنگە دەنگی ئەم توێژە سیاسییە زیاتر لە پەرلەمانی نوێی لوبناندا ببیسرێت.
لەبەرامبەردا پارتی (هێزەكانی لوبنان) كە نەیاری حزبوڵایە، لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا ژمارەی كورسییەكانی لە (15 كورسییەوە بۆ 19 كورسی) زیادی كردووە.
لە پێكهاتەی سوننەش كە بەهەمان شێوە نەیاری حزبوڵان، ژمارەیەك پەرلەمانتار سەركەوتوون بۆ پەرلەمان لەوانە (ئەشرەف ریفی) بەڕێوەبەری گشتی پێشووی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە نەیارێكی سەرسەختی حزبوڵایە.
سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی پێشووی لوبنان كە دیارترین سەركردەی پێكهاتەی سوننەی لوبنانەو سەرۆكایەتی پارتی (رەوتی موستەقبەل) دەكات، بەشداری هەڵبژاردنی نەكردو بایكۆتی كرد.
سعودیەو ئێران كە دوو وڵاتی خاوەن هەژمونن لەناو دۆخی سیاسی لوبناندا، هێشتا قسەی كۆتاییو یەكلاكەرەوەی خۆیان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی لوبنان نەكردووە، بەڵام ئێران دوێنێ رایگەیاند، رێز لە دەنگدان دەگرێتو هەرگیز دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی لوبناندا ناكات.
ئەمریكاش كە سزای بەسەر حزبوڵادا سەپاندووە، پێشوازی لە هەڵبژاردنی لوبنان كردو سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتەی هاندا بۆ ئەوەی پابەند بن بەو چاكسازییە ئابورییانەی كە كەوتوەتە ئەستۆیان.
ئەمە یەكەمین هەڵبژاردن بوو دوای ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانە بەرفراوانەی كە ساڵی 2019 لوبنان بەخۆیەوە بینی دژی ئەو چینە سیاسییەی كە، لەسەر ئاستێكی فراوانی میللی وەكو چینێكی گەندەڵو سەرنەكەوتوو تەماشا دەكرێن.
خۆپیشاندانەكانی لوبنان هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی داكشانی دۆخی ئابوری وڵات دەركەوت، داكشانێك كە لە مێژووی زیاتر لە 150 ساڵی رابردووی جیهاندا هاوشێوەی نەبووە، بەجۆرێك ئێستا رێژەی 80%ی خەڵكی لوبنان لە دۆخی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن، ئەمە لەپاڵ كەمیی خۆراكو سوتەمەنیو دەرماندا.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی لوبناندا، حزبوڵاو هاوپەیمانەكانی (رەوتی نیشتمانی ئازاد كە هێزێكی مەسیحییەو سەرۆك میشال عەون سەرۆكایەتی دەكات هەروەها بزوتنەوەی ئەمەل بە سەرۆكایەتی نەبی بڕی) لەكۆی (128) كورسی پەرلەمان (71) كورسییان بردەوە.
بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018، لەم هەڵبژاردنەدا ئاستی بەشداری دەنگدەرانی لوبنانی بەرێژەی 8% كەمی كرد، ئەمەش بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەوە هەبوو لەلایەن سەعد حەریری وەكو دیارترین سەركردەی پێكهاتەی سوننە، سعودیە كە پێشتر پاڵپشتی لە حەریری دەكرد، بۆ ئەم هەڵبژاردنە پاڵپشتی خۆی بۆ پارتی (هێزەكانی لوبنان) گواستەوە.
رەوتی (موستەقبەل) كە سەعد حەریری سەرۆكایەتی دەكات لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە كۆی (128) كورسی پەرلەمان (20) كورسی بردەوە، لەپاڵ بایكۆتكردنی هەڵبژاردن لەلایەن حەریرییەوە، هاوشێوەی عێراق زۆرێك لە دەنگدەران بێئومێد بوون لە چینی سیاسەتمەداری وڵاتەكەیان، ئەمەش هۆكارێكی تر بوو بۆ كەمی ئاستی بەشداریی.