Draw Media

پادشا زڕبراكەی ماڵبەند دەكات

پادشا زڕبراكەی ماڵبەند دەكات

2022-05-19 15:30:18


راپۆرت: درەو 
سەرلەنوێ كێشەی نێوان شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن‌و شازادە حەمزەی زڕبرای تەقییەوە، بە بڕیارێك شای ئوردن زڕبراكەی خۆی (ماڵبەند) كرد‌و كۆتوبەندی لەسەر پەیوەندی‌و جموجوڵەكانی دانا. 

ناكۆكی لەناو خێزانی شاهانەدا
عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن كۆتوبەندی خستەسەر پەیوەندی‌و ماڵ‌و جموجوڵەكانی شازادە (حەمزە)ی زڕبرای. 
شا عەبدوڵا لەم بڕیارەدا دژی زڕبراكەی، پشتی بە راسپاردەی ئەنجومەنی خێزانی شاهانە بەستووە‌و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" دوای ئەوەی وردەكاری دۆسیەی فیتنەكەی ساڵی رابردوو ئاشكرا بوو، بڕیارمدا لەچوارچێوەی خێزانەكەماندا مامەڵە لەگەڵ شازادە حەمزەدا بكەم، بەوهیوایەی درك بە هەڵەكانی بكات‌و وەكو ئەندامێكی كارا بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانی هاشمیی، بەڵام دوای ساڵ‌و نیوێك هەموو دەرفەتەكانی بۆ گەڕانەوەو پابەندبوون بە خێزانەكەمانەوە لەدەستدان بۆیە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی كە ناگۆڕێت".
مانگی نیسانی ساڵی رابردوو ئوردن شەپۆلێك خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی بەخۆوە  بینی، پادشای ئوردن (شازادە حەمزە)ی برای تۆمەتبار كرد بەوەی دەستی هەیە لە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی كودەتا، رۆژی 3ی نیسان هێزێك چوە سەر كۆشكەكەی شازادە حەمزە‌و هێڵی ئینتەرنێت‌و پەیوەندیكردنی ماڵەكەی بڕی.  
لەو بەیاننامەیەدا كە ئەم ئێوارەیە بڵاویكردوەتەوە، شا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدەكات، حەمزە برای بچوكیەتی‌و هەمیشە وەكو باوكێك بۆ كوڕەكەی تەماشای كردووە، بەڵام دڵنیابووە لەوەی كە حەمزە لە "وەهم"دا دەژی‌و خۆی وەكو پارێزەری میراتی هاشمی دەبینێت، گوتارە بەردەوامەكانی حاڵەتی نكولیكردن لەو واقیعە نیشان دەدات كە تێیدا دەژی.
"لەماوەی ساڵانی رابردوودا، بەوپەڕی لێبوردەیی‌و دانبەخۆداگرتنەوە مامەڵەم لەگەڵ براكەمدا كردووە، بەهانەم بۆ هێناوەتەوە بەو ئومێدەی رۆژێك لە رۆژان پێبگات.. زۆر ئارامم لەسەر گرتووە، بەڵام جار لەدوای جار بێئومێدبووم" پادشای ئوردن بەمشێوەیە باسی زڕبراكەی دەكات.
باسلەوە دەكات" فیتنەكەی ساڵی رابردوو سەرەتای وەهمەكەی حەمزە نەبوو، چونكە ئەو ماوەی چەندین ساڵە لە پەیڕەوی خێزانەكەی دەرچووە، بانگەشەی ئەوەی كردووە قایل بووە بە بڕیارە دەستورییەكەم بۆ گەڕاندنەوەی ویلایەتی عەهد بۆسەر بنەما دەستورییە سەرەكییەكەی، بەڵام لەوكاتەوە هەموو هەڵسوكەوتەكانی نیشانی داوە بەپێچەوانەوەیە، هەڵسوكەوتە نەرێنییەكانی بۆ هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان روونە، كۆمەڵێك كەسی لەخۆی كۆكردوەتەوە كە بانگەشە بۆ نەیارێتییان لەگەڵ بڕیارەكە دەكەن، بەبێ ئەوەی ئەو هیچ جموجوڵێك بكات بۆ راگرتنیان". 
شازادە حەمزە لەدوای مردنی شا حسێن-ی باوكییەوە، بوو بە شازادەی جێنشینی ئوردن، بەڵام كاتێك شا عەبدوڵای دووەم زڕبراكەی لە تەختی شاهانە دورخستەوە‌و كوڕەكەی خۆی كرد بە شازادەی جێنشین، ئیتر ناكۆكییەكان سەریان هەڵدا. 
شا عەبدوڵا دەڵێ: ئیتر كاتمان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی لە هەڵگەڕانەوەكانی شازادە حەمزەدا بەفیڕۆی بدەین.. هەڵسوكەوتەكانی پێشێلكارییەكی روونی پێگەكەیەتی وەكو شازادە‌و زیادەڕۆیكردنە لەو داب‌و نەریتانەی كە هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان رێزی لێدەگرن. 
لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا پادشای ئوردن نوسیویەتی: بەرژەوەندی گەلەكەمان گەورەترە لە هەر كەسێك، قبوڵ ناكەم نیشتمان گیرۆدەی حەزو ئارەزووی كەسێك بێت كە هیچ شتێكی پێشكەشی وڵاتەكەی نەكردووە.. ئەگەر هەڵسوكەوتە نابەرپرسانەكانی حەمزە دووبارە ببنەوە، توشی روبەڕووبونەوە دەبێتەوە.. بەرەبەیانی رۆژی جەژنی رەمەزان هەوڵیداوە بەریەكەوتن لەناو پاسەوانی شاهانەدا دروست بكات". 
سەرباری كۆتوبەندكردنی پەیوەندییەكانی‌و جموجوڵەكانی لەچوارچێوەی كۆشكەكەیدا، شا عەبدوڵا دەڵێ" هەموو شتێك كە بۆ ژیانێكی گونجاو پێویست بێت، بۆ حەمزەی دابین دەكەین، بەڵام ئەو روبەڕەی پێنادێت كە دەیقۆستەوە بۆ سوكایەتیكردن بە وڵات‌و وەكو پابەندبوون بە بڕیاری ئەنجومەنی خێزان‌و بۆ گرەنتیكردنی ئەوەی هەڵسوكەوتە نابەرپرسانەكانی دووبارە نابنەوە، حەمزە لەناو كۆشكەكەیدا دەمێنێتەوە. 
ئەم پەرەسەندنە نوێیەی كە لەناو خێزانی شاهانەی ئوردندا رویدا، دوای ئەوە دێت بەمدواییە شازادە حەمزە دەستی بە نازناوی "شازادەیی" هەڵگرت. 

سەرەتای تەقینەوەی ناكۆكییەكان
ئێوارەی رۆژی 3ی نیسانی ساڵی رابردوو، ئوردن بە بارودۆخێكی ئەمنیی نائاسایدا تێپەڕی، سوپا چوەسەر ماڵی شازادە حەمزە، داوای لێكرا لەماڵەكەی نەیەتە دەرەوە‌و ئەو جموجوڵانەی رابكرێت كە "سەقامگیری ئوردن دەكاتە ئامانج".
شازادە حەمزە ماڵبەند كرا، ژمارەیەك لە هاوڕێ‌و ناسیاوەكانیشی دەستگیركراون، پاسەوانەكانی لێسەندراوەتەوە‌و هێڵی پەیوەندیكردن‌و ئینتەرنێتیشی راگیرا. 
شازادە حەمزە ماڵەكەی لەناوچەی "دابوق"ە لە خۆرئاوای شاری عەممانی پایتەخت لە نزیك كۆشكی شاهانە، لەو ئێوارەدا كە هێزەكە چوە سەر ماڵەكەی، تۆمارێكی ڤیدیۆیی لەڕێگەی پارێزەرەكەیەوە رەوانەی میدیاكانی كرد، تێیدا وتی:" من بەشێك نیم لە هیچ پلانگێڕی یان رێكخراوێك كە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە یارمەتی دارایی بدرێت، بەڵام رەخنەم لە داڕمانی سیستمی حكومەت‌و گەندەڵی‌و ناتوانایی لە بەڕێوەبردنی وڵات گرتووە".
هەر ئەو ئێوارەیە، ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئوردن لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە رایگەیاند" دوای چاودێرییەكی ئەمنی چڕوپڕ، چەند هاوڵاتییەكی ئوردنی لەوانە شەریف حەسەن بن زەیدو باسم ئیبراهیم عەوەزوڵڵا‌و چەند كەسێكی تر بەهۆكاری ئەمنیی دەستگیركراون".
سەرچاوەكە باسی لەوەكردبوو، لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بەردەوامە، بەڵام وردەكاری زیاتری ئاشكرانەكرد. 
باسم ئیبراهیم كە یەكێك بوو لە دەستگیركراوەكان، لە رابردوودا چەندین پۆستی لە ئوردن وەرگرتووە، لەماوەی لە 2007 بۆ 2008 سەرۆكی دیوانی شاهانە‌و بەڕێوەبەری ئۆفێسی شا عەبدوڵا بوو، ساڵی 2006 وەزیری پلاندانان‌و هاوكات وەزیری دارایی بوو، ماوەیەكیش بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئابوری بووە لە دیوانی شاهانەی هاشمیی، ئەم پیاوە كەسێكی جێگە مشتومڕ بوو، یەكێك لە كەسە نزیكەكان بووە لە شا عەبدوڵا‌و جێپەنجەی لەسەر دۆخی ئابوری ئوردن هەبووە. 
دوای ئەم رووداوانە، لەچوارچێوەی گفتوگۆیەكی خێزانیدا، كێشەی نێوان شا عەبدوڵا‌و شازادە حەمزەی زڕبرای چارەسەر كراو پێكەوە دەركەوتن‌و ئاشتەواییان كرد. 

شازادە حەمزە كێیە ؟
شازادە حەمزە كە تۆمەتباركرا بە هەوڵدان بۆ كودەتاكردن بەسەر شا عەبدوڵای زڕبرایدا، كوڕە گەورەی شا حسێن پادشای كۆچكردووی ئوردنە لە ژنە ئەمریكییەكەی كە ناوی شاژنە (نور)ە، شازادە حەمزە كەسێكی نزیكە لە خەڵك‌و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هۆزەكانی ئوردندا هەیە.  
لەسەر وەسێتی شا حسێنی باوكی، شا عەبدوڵا كە تەختی پادشایەتی ئوردنی وەرگرت، ساڵی 1999 شازادە حەمزەی كرد بە شازادەی جێنشین، بەڵام ساڵی 2004 شازادە حەمزەی لە شازادەی جێنشینی لابردو شازادە (حسێن)ی كوڕی خۆی كرد بە شازادەی جێنشین. 
شازادە حەمزە لەدایكبووی 29ی مارسی 1980یە، پێشتر ئەفسەر بووە لە سوپای ئوردن، لە بۆنە فەرمییەكاندا لەناوخۆ‌و دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتی شا عەبدوڵای برای دەكرد، سەرباری ئەمە سەرۆكایەتی لیژنەی راوێژكاری شاهانەی دەكرد بۆ كەرتی وزە، هاوكات سەرۆكی فەخری یەكێتی باسكەی ئوردن بوو. 

"هەوڵی لادانی پادشا" 
رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی مانگی نیسانی ساڵی رابردوو لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە ئاشكرایكرد، دەسەڵاتدارانی ئوردن شازادە حەمزە بن حوسێنیان لە ماڵەكەی خۆیدا بەند كردووە‌و نزیكەی 20 بەرپرسی ئوردنی تریان دەستگیركردووە، ئەمە لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكدا سەبارەت بە پیلانێك بۆ لادانی شا عەبدوڵا لە تەختی پادشایەتی.
رۆژنامە ئەمریكییەكە دەڵێ:" دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە دوای ئەوە هاتووە دیوانی شاهانەی ئوردن پلانگێڕییەكی پڕ گرێ‌و گۆڵی درێژمەودای ئاشكراكردووە‌و پلانگێڕییەكە لانی كەم كەسێك لە خێزانی شاهانە‌و سەرۆك هۆزەكانی‌و ژمارەیەك كەسایەتی لە دامەزراوەی ئەمنیی ئوردن لەخۆدەگرێت".
لە كێشەكانی ساڵی رابردووی نێوان شا عەبدوڵاو شازادە حەمزەی برایدا، ئەمریكا پاڵپشتی لە شا عەبدوڵا كرد، ئەوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چوە سەر هێڵی ناكۆكییە خێزانییەكانی خێزانی شاهانەی ئوردن‌و  پاڵپشتی خۆی بۆ شا عەبدوڵا راگەیاند. 
لەبارەی ئوردنەوە
ئوردن ساڵی 1946 سەربەخۆیی وەرگرتووە‌و لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا رزگاری بووە، سەرباری ئەوەی وڵاتێكە سامانی سروشتی كەمی هەیە، بەتایبەتیش نەوت‌و ئاو، بەڵام توانیویەتی لەناوچەیەكدا خۆی رابگرێت كە چەندین دەیەیە لەناو ململانێی‌و جەنگی یەك لەدوای یەكدایە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand