کەی یەکتری دەخۆن؟

Draw Media

2022-05-15 14:42:03



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

ئەم دۆخە ئاوا بەردەوامبێت ڕۆژێک دێت ئەو ھێزانەی لەو وڵاتەدا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و حوکمڕانن یەکتری بخۆن، بەڵام بەر لەوەی ئەم کارە ئەنجامبدەن، سەرەتا ھەموو میلەتەکە، یان بەشێکی گەورەی میلەتەکە دەخۆن، ھەموو ھەوڵێکیش ئەدەن بەشێکی ئەم میلەتە بەشەکەی تر، یان بەشەکانی تری ھەمان میلەت، بخوات. ئەوەی ئێستا دەیبینین دۆخی زەلیلکردنی یەکترییە تا خاڵی لەناوبردن و ئێسقان شکاندنی یەکتری. لانیکەم لە ئاستی گوتار و قسەکردن و خۆنمایشکردندا. ھەموویشی لە دۆخێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا تیایادا مەحاڵە مرۆڤ بتوانێت درۆ لە ڕاستیی و شیاو لەناشیاو، جیابکاتەوە.
پێدەچێت قۆناغی دوای ئەم ھێزانە و دوای ئەم شێوازە ترسناکە لە حوکمڕانیی، پێویستی بەوەبێت کۆمەڵگای ئێمە ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ تایبەتی ھەبێت، مادەی یەکەمی ئەو گرێبەستە پێ لەسەر ئەوە دابگرێت کە ھیچ ھێزێکی ئەم میلەتە ھێزەکەی تر و ھیچ بەشێکی ھەمان میلەت، بەشێکی تر، یان بەشاکانی تری ئەم میلەتە، نەخوات. لە ئایندەدا ھەر پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی دروستبکەین دەبێت بەناو ئەو بەڵێنەدا تێپەڕێت کە یەکترخواردن و قڕکردن، لە قاموسی مامەڵەکردنی یەکتریدا بسڕیتەوە. چونکە ئەوەی ئێستا ڕووئەدات ململانێی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نییە، ململانێی نێوان چەند ھێزێک نییە کە باوەڕیوان بەوەبێت ھەموویان بەیەکەوە و لەپاڵ یەکتریدا ھەبن، بەڵکو ھەوڵی ئاشکرا و ڕاستەوخۆی قڕکردن و سڕینەوەی یەکتری و سڕینەوەی بەشێکی ئەو کۆمەڵگایەیە بۆ بەشێک یان بەشەکانی،، تری. ئەوەی ئێستا دەیبینین ئێسقان شکاندن و زەلیلکردنی بەر لە خواردنی یەکترییە. 
لە ”ڕۆژگارێکی تاریکیی“ وەک ڕۆژگاری ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەوەی لەناو ئەم زەلیلخانە تاریک و گەورەیەدا بزرە، سادەترین توانای جیاکردنەوەی درۆیە لە ڕاستیی. وەک ھانا ئارێنت دەڵێت ”ڕۆژگاری تاریک“ ئەو ڕۆژگارەیە کە تیایدا توانای جیاکردنەوەی درۆ لە ڕاستیی بزردەبێت و ھیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی متمانەکردنیش نامێنێتەوە. ژیانی گشتیی دەبێتە ژیانێکی پڕ دڕدۆنگیی و نادڵنیایی و ونبوون لەناو ئەو قسانەدا کە دەکرێن و دەگوترێن. دۆخی ئەمڕۆکەی وڵاتی ئێمە دۆخی ئەم تاریکییە گەورەیەیە.


لەناو ئەم دۆخی وێرانبوونی متمانەیە و لەناو دروستبوونی ئەم تاریکییەدا، سەرۆکی حکومەت دێتە سەر تەلەفیزیۆن و لەبەردەمی کەناڵە تەلەفیزیۆنە دۆستەکانی خۆیدا لایەنەکەی تر بە دیارنەمانی داھاتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو لایەنە، تاوانباردەکات و وێنەیەکی فریشتەیی بەخۆی و بە شێوازی حوکمڕانییەکەی خۆی و پارتە سیاسییەکەی، دەبەخشێت. چەندان دەنگیش لەناو یەکێتی نیشتیمانیشەوە بە چەندان بەڵگە و دوۆکێنتەوە دێنە وەڵام و پێچەوانەکەی نیشانئەدەن، نیشانیئەدەن سەرۆکی حکومەت نەک تەنھا ڕاستناکات، بەڵکو ھەم خۆی و ھەم پارەتەکەی  وڵاتەکەیان وا ڕێکخستوە کە شارێک وێرانببێت و خەڵکەکەی زەلیببکرێن، لەکاتێکدا شارەکانیتر وەک تەماشەکەرێکی بێحەوسەڵە سەیری ئەو زەلیلیی و وێرانبوونە بکەن. پەرلەمانتارانی ئەم لایان وەزیفە ئەبەدییەکەی خۆیان دەبینن و بە دەنگی بەرز بە ھێرش و جنێ و تۆمەتی ھەمەجۆر پەلاماری لایەنەکەی تر ئەدەن و پەرلەمانتارانی لایەنەکەی تریش، بە ھەمان ھێز، ھەمان ”ئەرکی پیرۆز“ بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا، سەدبارە دەکەنەوە. ئەم ھێزیان دەچێتە لای ھێزە جیھانییەکان بۆئەوەی ئەویتریان ڕەش و زەلیل بکات، ئەویتریشیان دوای ئەوان دەچنە لای ھەمان ئەو ھێزانە و قسەیەکی تەواو پێچەوانەی ھێزەکەی پێشخۆیان، دەکەن. ھەردووکیشیان ئەو کارە پێچەوانانە بەناوی پارێزگاری لە یەکێتی خەڵک و نەتەوە و نیشتیمانەوە دەکەن. 
کاتێک خەڵک کە ئەم ھەموو درۆ و تۆمەت و پیلانە ناشرینانە دەبینن، ئەو لەشکرە لە سیاسیی درۆزن و لە پەرلەمانتاری بوکەڵە دەبینێت، جگە لەوەی ڕقێکی گەورەی بەرامبەر بەو ھێز و دۆخە تاریکە لەلادروستدەبێت و ھەموویان بەنەفەرت دەکات، ھاوکات دەکەوێتە دۆخی خودنەفرەتییەکی پاسۆلۆژیشەوە کە ھەستکردنێکی گەورە بە نائومێدیی و ھەستکردن بە ژیان لەناو تاریکیدا دروستیدەکات. ئەم دۆخی خودنەفرەتییە ڕوی لە نەفرەتکردن لە ھەموو شتێکە: لە نەفرەتکردن لە مێژو و ڕابوردوە بیگرە، بۆ نەفرتەکردن لە ئێستا و ئایندە، بە تێپەڕین بەناو نەفرەتکردن لە خودی نیشتیمان خۆیشیدا. 
ئاخر ئەوەی وادەکات خەڵک شوێنێک بە نیشتیمانی خۆیان بزانن، ئەوەی پاڵ بەخەڵکەوە ئەنێت ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە ژینگەی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان بزانن، ھەستکردنە بە جۆرێک لە دڵنیایی و بەو لانیکەمی سەلامەتییەی کە ژیانیان تەسلیمی بە خواست و ویستیی ئەم یان ئەو کەسایەتی حوکمڕان و ئەم یان ئەو بنەماڵە و خێزانی سیاسیی ناکات. نیشتیمان شوێنێکە مرۆڤ دەتوانێت تیایدا درۆ لە ڕاستیی و حەڵاڵ لە حەرام جیابکاتەوە، ئەو پارچەزەوییەیە کە ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی چوارچێوە سەرەکییەکانی دروستدەکات. ”سەرەتای یەکسان“ی تێدایە بۆ ھەر منداڵێک لەناویدا لەدایکدەبێت. ھەموو ئەم پێدراوە سەرەتایی و سەرەکییانە لە ئێستای ھەرێمی کوردستاندا بەتەواوی غائیبە. 


لە ھەموو جیھاندا خەڵک نیشتیمانێکیان دەوێت، تەنھا تیایدا لەدایکنەبن، بەڵکو تیایدا وەک مرۆڤ بژین. ترسی ئەوەیان نەبێت ببن بەژێرپێوە، ڕاوبنرێن، برسیبکرێن، پەلاماربدرێن، یان بخورێن، ھەم خۆیان و ھەم مافەکانیان بخورێت. خەڵک نایانەوێت بەو شێوەیە بمرن کە کەسانیتر بۆیان دیاریدەکەن، یان بەسەریاندا بسەپێنن، خەڵک دەیانەوێت ئازادانە بمرن، لە شوێنێکدا ئەو ئەگەری مردنە ئازادانەیان پێببەخشێت.  سیاسەت کردە و پرۆسەی ڕێکخستنی ژیانی گشتییە بۆ دوو مەبەست. یەکەمیان پاراستنی جیاوازیی و پلورالیزمی مرۆڤەکان و ڕێگرتن لەوەی ھەموویان ببن بە کۆپی یەکتریی و کەسایەتیان بسڕێتەوە. دووھەمیان پاراستنی ژیان و بەردەوامیپێدانی لەڕێگای ڕێگەگرتن لە سڕینەوە و لەناوبردن و بێمانا و بێنرخکردنییەوە. ئەوەی سیاسەت و حوکمڕانان لە ھەرێمدا لەدەستیانداوە ئەم سەرەتا ساکار و ئینسانییە گشتییانەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

لەگەڵ ئەوەیت هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد بكات؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand