نامەیەك بۆ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان
2022-05-19 16:51:05
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕێگەی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بواری پارێزەرایەتییەوە داوای لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە گرێبەستی كاركردنی خۆیان لەگەڵ كۆمپانیای (سۆمۆ) نوێ بكەنەوە، ئەگەر ئەمە نەكەن، حكومەتی عێراق رێوشوێنی یاسایی تر لە دژیان دەگرێتەبەر.
ئەو كۆمپانیایانەی بواری نەوتو غاز كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە داوایان لێكراوە لەبری حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی نوێ ئیمزا بكەن.
ئەمە هەوڵێكی نوێی حكومەتی عێراقە بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.
رۆژی 7ی ئایاری رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای شكستهێنانی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوت دەست بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەكات، بڕیارێك كە شوباتی ئەمساڵ دەرچوو، تێیدا یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێندرایەوەو داوای ئەوە دەكات هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی نەوتی عێراق كۆمپانیایەكی بواری پارێزەرایەتی نێودەوڵەتی داناوە بەناوی كۆمپانیای (كلیری جوتلیب ستین ئەند هاملتون) بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی بواری نەوتو غاز كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمە بۆ ئەوەیە كۆمپانیاكان كارەكانیان بەجۆرێك رێكبخەنەوە كە لەگەڵ یاسای كارپێكراوی عێراقدا گونجاو بێت.
رۆیتەرز كە دەڵی خۆی نوسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقی بینیوە، باسلەوە دەكات لە نوسراوەكەدا هاتووە" جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستی بە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی هەیە لە گرێبەستی كۆمپانیاكاندا".
ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاماژەی بەوەكردووە" كۆمپانیاكانی تریش نوسراوەكەی وەزیری نەوتیان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەدەستگەیشتووە".
مەسرور بارزانی كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستاند دەكات، بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ رادەستكردنی نەوتو غاز رەتدەكاتەوە.
لەدوای هەڕەشەكەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، ئەمە یەكەم نوسراوە كە وەزارەتی نەوت ئاڕاستەی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی دەكات، راوێژكارێكی یاسایی لە وەزارەتی نەوتی عێراق كە بەمەرجی ئەوە قسەی بۆ (رۆیتەرز) كردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتویەتی: لیژنەی هاوبەشی حكومەت كە نوێنەرانی وەزارەتی نەوت (لەناویاندا وەزیری نەوتو كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق)و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لەخۆدەگرێت، پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا دەكەنو ئامانج لەمەش ئەوەیە ئیمزاكردنی كۆتایی گرێبەست لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا بێت نەك حكومەتی هەرێم.
رۆیتەرز پەیوەندی بە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتەوە كردووە لە هەرێمی كوردستان لەوانە (گەنەڵ ئینێرژی)و (شیفرۆن)و (گلف كیستۆن) هەروەها پەیوەندی بە كۆمپانیای بواری پارێزەرایەتی (كلیری جوتلیب)ەوە كردووە، بەڵام كەسیان ئامادەنەبوون قسە لەبارەی ئەم بابەتەوە بكەن، هەروەك وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای (DNO)ی بواری نەوتو غازیش ئامادەنەبوون قسە بكەن.
بەڵام بەرپرسێك لە وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، وەزارەت هێشتا هیچ وەڵامێكی لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە پێنەگەیشتوەتەوەو ئەگەر وەڵام نەدەنەوە رێوشوێنی یاسایی زیاتر دەگیرێتەبەر، بەبێ ئەوەی باسی وردەكاری رێوشوێنە یاساییەكانی تر بكات.
نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ ناكەن.