Draw Media

پەیوەندی نێوان شەرم و سیاسەت 

پەیوەندی نێوان شەرم و سیاسەت 

2022-05-18 19:25:40


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

دوای هەموو جەنگێک ئەو وڵاتەی کە مەیدانی جەنگ بووە، روبەڕوی تەحەدایەکی گەورەی دووبارەبنیاتنانەوە دەبێت. دووبارەبنیاتنانەوە تەنها دروستکردنەوەی خانوو و نەخۆشخانە و قوتابخانە و زانکۆ و مزگەوت نییە، بەڵکو هاوشانی ئەم ئەرکە گرنگە، دووبارە بنیاتنانەوەی ئەخلاقیی کۆمەڵگاش گرنگە. چەندە دووبارەبنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات گرنگ و پێویست بۆ دروستکردنەوەی شوناس و وڵات، ئاوهاش دووبارەبنیاتنانەوەی بەها ئەخلاقییەکان هەمان سەنگ و بەهای خۆیان هەیە. بەبێ دووبارە بونیادنانەوەی بەها ئەخلاقییە گرنگەکانی ئینسان بۆ زەمانەتکردنی پێکەوەژیانێکی نوێیێ‌ ناو کۆمەڵگا، مەحاڵە وڵاتێکی دادپەروەر و برینساڕێژەری جەنگ و ئینساندۆست و بەرگریکار لە ئازادیی و مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ بونیاتبنرێت. 
پرسیاری سەرەکیی لە هەموو تاوانێکدا تەنها لایەنە یاساییەکەی نییە، کە کەسی تاوانبار بەرامبەر بەو تۆمەتانە دەوەستێتەوە کە ڕوبەڕوی دەکرێتەوە و بەرگریی لە خۆی دەکات، بەڵکو لایەنە ئەخلاقییەکەشێتی کە چۆن پاساو بۆ تاوانەکەی دەهێنێتەوە. واتە مرۆڤ چۆن دەگاتە ئەو دۆخەی کە لە کەسێکی ئاساییەوە ببێت بە کۆمەڵکوژ، لە باوکێکەوە ببێت بە منداڵکوژ. 
هەرئەمەشە وا لە یەکێکی وەک هانا ئارێنت بکات ئەو جۆرە لە پاسا و ئارگیومێنت ڕەتبکاتەوە کە دەڵێت گەر من نەمکردایە یەکێکی تر دەیکرد، یان ئەو پاساوەی کە دەڵێت من بۆیە لەناو دەزگاکاندا مامەوە، تاوەکو ڕێ لە خراپتر بگرم. ئەو پرسیاردەکات و دەڵێت: چی لە کۆمەڵکوژیی خراپتر هەیە؟ 
مێژوونووسیس ئەمریکیی کریستۆفەر براونینگ لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی پیاوە ئاساییەکان، باس لە بەتالیۆنی پۆلیسی یەدەکی ژمارە ١٠١ دەکات، کە ژمارەیان ٥٠٠ کەس دەبوو و بەرپرسیار بوون لە کوشتنی ٣٥ هەزار جوولەکە و ناردنی ٤٥ هەزاری تر بۆ ئۆردوگای مردن لە ترێبلینکا کە دەکەوێتە ناو وڵاتی پۆلەنداوە. یەکێک لە پۆلیسەکان بەم جۆرە باس لە تاوانەکانی دەکات. من هەوڵمدەدا تەنها منداڵەکان گوللەباران بکەم. کاتی ڕەمیکردنەکان وابوو کە دایکان دەستی منداڵەکانیان دەگرت و هاوکارەکەم دایکەکانی ڕەمییدەکرد و منیش منداڵەکان. من بەخۆم دەگوت ئەم منداڵانە بەبێ دایک ناتوانن بژین، بۆیە بەو شێوەیە ویژدانم ئارامدەکرد و بە گوللەبارانکردنیان رزگارمدەکردن. ئەم پاساوی کوشتن و تاوانە بێوێنەیەش پاساوێکی ئەخلاقییە، بەڵام دوو لە هەموو بەهایەکی باشە و خاڵیی لە هەموو ویژدانێکی ئینسانیی. ئەم جۆرە پاساوانە هاوتایە بەو پاساوانەی کە جاشێکی کورد بیەوێت بۆمان بسەلمێنێت کوشتنی ژنێک یان منداڵێکی کورد بەدەستی کوردێک ئەهوەنتر لە کوشتنی بەدەست بەعسییەکی عەرەب. 

هانا ئارێنت دژ بەو تێزەیە کە هەموو ئەڵمان وەک تاوانکارێک تەماشابکرێت و بەبۆچوونی ئەو شتێک نییە لەڕویی یاساییەوە بتوانێت تاوانی دەستجەمعیی بسەلمێێت. هەموو ئەو کەسە مەدەنییانەی کە راستەوخۆ لە تاوانی جەنگ و تاوانی کۆمەڵکوژییدا بەشدارنین، دەبن بە بەشێک لەو تاوانە دەستەجەمعییەی کە بە ئاگاییەوە، بێدەنگیی و قبوڵکردنی ئەو دۆخە هەڵدەبژێرن. هانا ئارێنت دەڵێت تەنها منداڵ و کویلە بوونەوەری کۆمەڵایەتیی ملکەچن و جیبەجێکەری فرمانن، بەڵام کەسێک کە تەمەنی یاسایی تێپەڕاندبێت توانای بڕیاردان و هێزی حوکمدانی هەیە. بەم چەشنە ئەو کەسەی هێز و توانی حوکمدانی هەیە دەتوانێت بڵێت (نا) بۆ نادادپەروەریی و تاوان. وشیاریی بەرامبەر بەم (نا)گوتنە، دەیتوانی مرۆڤایەتی لە زۆر کارەسات ڕزگار بکات. نەگوتنی (نا) مانای ڕازییبوون بە ستەم و ملکەچێتیی و قبوڵکردنی کۆیلایەتیی. کەسی تەماشاکەر تاوەکو ئەو چرکەساتەی تاوان روودەدات تاوانبار نییە، بەڵکو تاوان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە وەرگر پرسیار لە فەرمان ناکات و وەک وەزیفەیەکی نەتەوەیی یان ئایینی جێبەجێی دەکات. هەربۆیە گەر شتێک نەبێت بەناوی تاوانی دەستەجەمعییەوە لەڕویی یاساییەوە ئەوا لە ڕووە ئەخلاقیی و ویژدانییەکەی شتێک هەیە کە گروپێک، حیزبێک یان نەتەوەیەک بە تاوانی دەستەجەمعیی بارگراندەکات ئەویش وەک کانتی فەیلەسوفی ئەخلاق دەڵێت، ئازایەتییە. ئازایەتیی مانای ئەوەیە عەقڵی خۆت بەکاربهێنیت بۆئەوەی خۆت سەروەری بڕیاری خۆت بیت و خۆت نەخەیتە ژێر ڕکێفی هیچ هێز و کەسێکەوە. نەبوونی ئەم ئازایەتییە بوو کە نازیزم و فاشیزم ئەو هەموو تاوانە گەورانەیان پیادەکرد. 

لە سیستەمە تۆتالیتارییەکاندا بەرپرسیارێتی سیاسیی بوونی نییە، چونکە حیزب و رۆبۆتەکانی سەرۆک لە هەموو شوێنێکن و جێگایەک نییە کە مرۆڤ بتوانێت بە ئازادانە تیایدا بیربکاتەوە، هاتوچۆبکات و کاربکات. لە ئەزموونی بەعسیزمدا خەڵکانێک هەبوون کە بەمانا هانا ئارێنتییەکەی بەرپرسیارێتیی سیاسییان هەڵدەگرت و بەمانا کانتییەکەیشی ئازابوون. ئازابوون، چونکە دژ بە تۆتالیتاریزم و دوژمنانی ئازادی خەباتی مەدەنیی و چەکدارییان دەکرد. ناوچە ڕزگارکراوەکان نموونەی ئەو جواگرافیایانە بوون کە تۆتالیتاریزم دەستی پێنەدەگەیشت و تیایدا بەرپرسیارێتیی سیاسیی بەرجەستەبوو. ئەم ئەزموونی بەرپرسیارێتیی سیاسییە دژ بە تۆتالیتاریزم و ستەم لەو چرکەساتەدا وێران بوو کە بکەرەکانی ئەمڕۆ لە هەموو مانا ئەخلاقییەکانی خۆی دایانماڵیی. لە دوای ڕپەڕینەوە پێشمەرگە کرا بە هێزی حیزب و پاسەوانی سەرۆک و خێزانە سیاسییەکان و خەباتگێڕەکانی دوێنێش بوون بە نەوت و گاز و خاکفرۆش. جگە لە کارەساتە ئەخلاقیی و فیاسکۆ سیاسییەکانی پرسی ئەنفال و هەڵەبجە و شەنگال و ٣١ی ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر و ریفراندۆم و داگیرکارییەکانی سوپای تورکیی و هتد، ئەم دوو خێزانە سیاسییە نەک توانای پاراستنی خاک و هاونیشتیمانی وڵاتەکەیان نییە، بەڵکو چیتر توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکەشیان نییە.

یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەم پاشاگەردانییە ئەخلاقیی و سیاسییەی کە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتدارێتیی پارتیی و یەکێتییدا بەرقەرارە، دەگەڕێتەوە بۆ دادگایینەکردنی ویژدان و ئەخلاقیی کورد بۆ خۆی. هەموو کەسێکی خاوەن وشیاریی مێژوویی و ئەخلاقیی بەرپرسیارێتیی دۆخێکی ئینسانیی هەیە کە پێی دەگوترێت شەرم. شەرم گرنگترین خەسڵەتی ئینسانییە کە مرۆڤ روبەڕووی دەبێتەوە کاتێک دژ بە کاتیگۆرییەکانی مۆراڵی باو شتێک دەکات کە نەدەبایە بیکات. شەرم دۆخێکی ناوەکییە کە لەناو رووبەری گشتییدا دەبێت بە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتیی و لەناو کایەی سیاسەتدا دەبێت بە داوای لێبوردن و دەستلەکارکێشانەوە کۆتایی پێبێت. 
پارتی و یەکێتیی دوو هێزی بێشەرمن، هەردووکیان بە هەموو مانایەک هیچ شەرمێکی سیاسییان نەماوە، نەک لەبەرئەوەی دەیان تاوانباری جەنگیی کورد و عێراقییان لە دادگاییکردن رزگارکرد، بەڵکو لەبەرئەوەی فەشەلێکی گەورەیان بەم ئەزمونە کوردییە هێنا و هیچ بەهایەکیان بۆ ئەزموونی کۆمەڵکوژیی و هیچ کەرامەتێکیان بۆ ئینسانی کورد و هیچ سەنگێکیشیان بۆ پرسی کورد نەهێشتۆتەوە. دەشێت ڕستەیەکی ریتۆریکیی بێت گەر بڵێم، تەنها دیکتاتۆرەکان بەرامبەر بە ڕابردو و ژیانی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگا و وڵاتەکەیان بەو شێوەیە بێباک و بێشەرمن کە لە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی پارتیی و یەکێتییدا دەیبینین. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand