Draw Media

پارتی هێرشی میدیایی بۆسەر یەكێتی رادەگرێت

پارتی هێرشی میدیایی بۆسەر یەكێتی رادەگرێت

2022-05-17 15:47:14


 (درەو):
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی هێرشی میدیایی بۆسەر یەكێتی‌و كارەكتەرەكانی رادەگرێت، ئەمە سەرەتای ئامادەكارییە بۆ دەستپێشخەرییەكی بارزانی بۆ دەربازكردنی عێراق لە بنبەستی سیاسی، بە رەمەزمەندی ئێرانییەكان.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی، دەزگای رۆشنبیری‌و راگەیاندنی پارتی كە ئاڕاستەی كاركردنی میدیاو سۆشیال میدیاكانی پارتی دیاری دەكات، لە نوسراوێكدا داوای لە میدیاكانی پارتی كردووە هێرش بۆسەر یەكێتی رابگرن. 
لە نوسراوەكەی دەزگای رۆشنبیری‌و راگەیاندنی پارتیدا هاتووە" پێویستە بەرەچاوكردنی بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان سەرجەم هێرشە میدیاییەكان رابگیرێت بۆ سەر یەكێتی و سەركردەكانی".
ئەم بڕیارەی پارتی بۆ راگرتنی شەڕی میدیایی هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەكی سیاسی نوێی مەسعود بارزانی‌و كۆبونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بارزانی دەیەوێت لە هەرێمی كوردستانەوە گرێی بنبەسی سیاسی عێراق بكاتەوە‌و لەگەڵ یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتن بكات. 
بارزانی لەرێگەی دەستهەڵگرتن لە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی، دەیەوێت یەكێتی لە ریزی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بهێنێتە دەرەوە‌و بخاتە چوارچێوەی پرۆژەی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)، لەم رێگەیەوە گرێی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكاتەوە‌و دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەلایەن هاوپەیمانی سێقۆڵییەوە دەستپێبكات. 
بارزانی بۆ قایلكردنی یەكێتی، جگە لە پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، دەبێت ئێرانییەكانیش بەم پرۆژە دەستپێشخەرییە قایل بكات، چونكە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی، عامری، خەزعەلی،  فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم) لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن‌و یەكێتیش بەشێكە لەم پرۆژەیە‌و دەرچوون لێی بەبێ رەزامەندی تاران بەزیان بۆ خۆی كۆتایی دێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand