راپۆرت: درەو كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵو خاشاك لە چەند ناوچەیەكی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان كاركردنیان راوەستاوە، خاوەنی یەكێك لە دیارترین كۆمپانیاكان دەڵێ دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، هەفتەیەكی تر لەناوەندی شاری سلێمانیش كاركردن رادەگرن، نەبوونی نەختینە لە بانكی سلێمانی كێشەی بۆ شایستەی دارایی كۆمپانیاكان دروستكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مانگرتنێكی نوێ سبەینێ یادی (ئەنفال)ە، قەزای چەمچەماڵ پایتەختی شەهیدانو مۆنۆمێنتی ئەنفال زبڵو خاشاك دایپۆشیوە، كرێكارانی ژینگەپارێز مانگرتنیان راگەیاندووەو دەڵێن كۆمپانیان موچەیان پێنادەن، ئەم مانگرتنە سنوری قەزای دوكانو ناوچەی گەرمیانیشی گرتوەتەوە. ئەمڕۆ ژینگەپارێزانی ناحیەی (پیرەمەگرون)ی سەربە قەزای دوكان خۆپیشاندانیان كردو رێگای سەرەكی دوكان- سلێمانییان داخست، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە هۆكاری پێنەدانی موچە بە كرێكارانی ژینگەپارێز بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە حكومەت شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات. كرێكارانی ژینگەپارێز هەفتانە (6) رۆژ كاردەكات، رۆژانە لەكاتژمێر (3)ی بەرەبەیانەوە دەست بەكاركردن دەكەن، موچەی مانگانەیان (350 هەزار) دینارە. خالید شینكی خاوەنی كۆمپانیای (شینكی) بە (درەو)ی راگەیاند، لەناوەندی شاری سلێمانیش تەنیا بۆ ماوەی یەك هەفتەی تر دەتوانن كار بكەنو كارەكانیان رادەگرن. قەیرانی زبڵو خاشاك لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان نوێ نییە، سەرەتای مانگی رابردووش كۆمپانیاكانی پاككردنەوە مانگرتنیان راگەیاندو بۆ ماوەی (5) رۆژ زبڵو خاشاك لە شەقامەكانی ناوەندی شاری سلێمانیدا كۆبووەوە، ئەوكات ئیدارەی سلێمانی ناچاربوو كرێكارەكانی شارەوانی بەكاربهێنێت بۆ خاوێنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكان. مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە هاوكاتە لەگەڵ نەمانی پارەی داهاتی ناوخۆ لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕان كە دوو حزبی هاوبەشن لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانداو مەڵبەندی سەرەكییان لە سنوری سلێمانیدایە. وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی سەربە گۆڕانەو ماوەیەكە مانی گرتووەو ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، خەرجی پرۆژەكانی سنوری سلێمانی خستوەتەسەر داهاتەكانی سلێمانی، داهاتەكانی سلێمانیش بەتەنیا بەشی پڕكردنەوەی خەرجی موچەی موچەخۆرانی سنورەكە ناكات، لەم نێوەندەدا باسلەوە دەكرێت داهاتەكانی سلێمانی هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت سەربە یەكێتییە، هیچ چارەسەرێكی بۆ ئەم دۆخە داراییە پێ نییە. داهاتەكانی سلێمانی دەچێتە ناو بانكی (هەرێم)ەوە، وەزارەتی دارایی نوسراوی بۆ ئەم بانكە كردووەو فەرمانی كردووە هیچ بڕە پارەیەك بۆ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە خەرج نەكرێت تا ئەو كاتەی موچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت. سەرەتای مانگی رابردوو كە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی ناوەندی شاری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاندو زبڵ كۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، بڕی (ملیارێك) دیناری خستەسەر حسابی حكومەت لە بانكی هەرێم بۆ ئەوەی بدرێت بە كۆمپانیاكانو مانگرتن بشكێندرێت، ئەمە وەكو قەرزێكی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو بۆ حكومەت، ئامانج لێی دابینكردنی نەختینە بوو. پارەكەی بافڵ تاڵەبانی تەنیا مانگو نیوێك بڕی كرد، ناڕەزایەتی كۆمپانیاكان دەستیپێكردەوە، كۆمپانیاكان دەڵێن ئەو پارەیەی هاوسەرۆكی یەكێتی پێیداون، تەنیا بۆ خاوێنكردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار بووەو بۆ هەر زۆنێك بڕی (250 ملیۆن) دینار وەرگیراوە. كۆمپانیاكان كێن ؟ ئەو كۆمپانیایانەی كە لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتیو گۆڕاندا گرێبەستی پاككردنەوەی خۆڵو خاشاكیان پێدراوە بریتین لە: • كۆمپانیای (خالید حەمەڕەوف شینكی) • كۆمپانیای (هەرێم) • كۆمپانیای (گەردین) • كۆمپانیای (ئۆرانۆس) • كۆمپانیای (بیڤان) • كۆمپانیای (شكار) • كۆمپانیای (گارێكس) ئەم كۆمپانیایانە كە كاری (كۆكردنەوە)و (داپۆشین) خۆڵو خاشاك دەكەن، دابەشكراون بەسەر چەند زۆنێكی ناوەندی شاری سلێمانیو دەرەوەی شاردا. ناوەندی شاری سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) زۆنی زبڵو خاشاكدا، سێ كۆمپانیا كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار دەكەن، بەمشێوەیە: • كۆمپانیای (خالید شینكی) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باشورو رۆژهەڵات)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. • كۆمپانیای (هەرێم) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باكورو رۆژئاوا)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. • كۆمپانیای (شكار) كاری پاككردنەوەی (ناوەڕاست)ی شاری سلێمانی دەكات بۆ هەر زۆنێك، كۆمپانیاكانی (250) كرێكارو (50) ئۆتۆمبیلیان تەرخانكردووە، زۆنەكانی تری دەرەوەی شاریش بەهەمان شێوە دابەشكراون بەسەر كۆمپانیاكاندا، ئەو دوو زۆنەی كە ئێستا مانگرتنی كرێكارانی ژینگەپارێزی تێدایە، یەكێكیان لای كۆمپانیای خالید شینكی كە زۆنی قەزای دوكانە، زۆنەكەی تریش كە قەزای چەمچەماڵە لای كۆمپانیای (شكار)ە. كێشەی دارایی كۆمپانیاكان مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نوێ نییەو لەمساڵدا ئەمە جاری سێیەمە، كۆمپانیاكان دەڵێن نزیكەی (10 ملیار) دیناریان لای حكومەتەوەو تا ئەو پارەیان بۆ نەگەڕێتەوە ناتوانن دەست بە كاركردن بكەنەوە. لە ساڵی 2020وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، وەزارەتی دارایی بڕیاریدا كۆمپانیاكانی پاككردنەوە، مانگانە رێژەی 60%ی شایستە داراییەكانیان (بە چوار گوژمە) وەربگرنو رێژەی 40%ی شایستەكانیان تا كاتێكی نادیار لە بانكدا بمێنێتەوە، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە دەڵێن لەو تەندەرانەی كە وەریانگرتووە بەهیچ شێوەیەك ئەم مەرجەی تێدا نەبووە. بەمدواییە كە قەیرانی نەمانی نەختیەی دارایی لە سلێمانی سەریهەڵدا، كێشەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی زیاتر بوو، وەكو خۆیان دەڵێن كە پێیان ناوەتە ساڵی 2022ەوە هێشتا شایستەی مانگی 10ی ساڵی 2021ی خۆیان وەرنەگرتووە. مانگرتنی یەكەمی كۆمپانیاكان لە شوباتی ئەمساڵدا بوو، ئەوكات بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بە بەڵێنی دابینكردنی (گاز) بۆ ئۆتۆمبیلەكانیان، وای لە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە كرد دەست بە كاركردن بكەنەوە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن ئەم (گاز)ە كێشەی دارایی ئەوانی چارەسەر نەكردووە، ئەو بڕە (گاز)ەی كە مانگانە هەر كۆمپانیایەك وەریگرتووە بەهاكەی (14 ملیۆن) دینار بووە، ئەمە لەكاتێكدا ئەوان بەپێی شایستەی دارایی خۆیان دەبوو مانگانە بڕی (500 ملیۆن) دینار وەربگرن. خاوەن كۆمپانیاكان باسلەوە دەكەن، لە جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی دارایدا بۆ گلدانەوەی 40%ی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان لە بانكەكاندا جیاكاری لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كراوە، چونكە كۆمپانیاكانی هەولێر سود لە گلدانەوەی 40%ی پارەكانیان لە بانكەكاندا دەبیننو بەكاریدەهێنن بۆ پڕكردنەوەی خەرجی زەمانەتو خەرجییەكانی تری خۆیان، بەڵام كۆمپانیاكانی سلێمانی 40%ی پارە گلدراوەكانیان لە بانكەكاندا نەماوە. لەپاڵ ئەمەدا، كۆمپانیاكانی هەولێر بەنرخێكی زیاتر لە كۆمپانیاكانی سلێمانی تەندەرەكانیان وەرگرتووە، واتە قازانجی زیاتر دەكەن، بۆیە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی كاریگەری زۆری لەسەریان نابێتو بەو 60%ی شایستەكانیان كە وەریدەگرن قایلنو كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی كێبركێی كۆمپانیاكانەوە نرخی تەندەرەكانی پاككردنەوە دابەزیوە. جگە لەوەی كێشەی خەرج نەكردنی شایستەكانیان هەیە، كۆمپانیاكانی پاككردنەوە گرفتیان لەسەر ئەو سزا داراییانە هەیە كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانیو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، داوا دەكەن ئەم سزایانەیان لەسەر بسڕێتەوە. زبڵ لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوەو فڕێ دەدرێت. تێكڕای قەبارەی خۆڵو خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆنو 628 هەزار) تەن، كە زۆربەی لەنزیك شارەكان فڕێدەدرێتو دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگەو تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. (31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش چەندینجارە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەننو شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵو كارەساتی ژینگەییەوە. زبڵ لەناوچەی دەسەڵاتی یەكێتیدا قەبارەی رۆژانەی خۆڵو خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا بەمشێوەیە: • سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن زبڵ كۆدەكرێتەوە • ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن • ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە، بڕی (2 هەزارو 720) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رێژەی 38%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. زبڵ لەناوەچەی دەسەڵاتی پارتیدا قەبارەی رۆژانەی زبڵو خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەمشێوەیە: • هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە • دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە بڕی (4 هەزارو 220) تەن زبڵو خاشاك كۆدەكەنەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی پارتی رێژەی 62%ی كۆی گشتی زبڵو خاشاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.
(درەو): ئێران بەڵێنی بە پارتی داوە ئەگەر لە بەرەی سەدر بكشێتەوە، چارەسەری بڕیارەكانی دادگای باڵای فیداڵی عێراق بكات سەبارەت بە رادەستكردنی نەوتی هەرێم، وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی عێراق هاتە هەرێمی كوردستانو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بینی. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەفدەكەی ئێران لەگەڵ خۆیدا دەستپێشخەرییەكی هێناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتیو یەكێتیو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق. (درەو) زانیویەتی، وەفدەكەی ئێران داوای كردووە پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون، پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بمێنێتەوە، بەڵام (بەرهەم ساڵح) پۆستەكە وەرنەگرێتەوە، لەبەرامبەردا كۆمەڵێك ئیمتیازی تر بە پارتی بدرێتو هەموو پۆستە وزارەییەكانی پشكی كورد لە بەغداد پارتی پڕیان بكاتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی رایگەیاند، ئێرانییەكان بەڵێنیان بە پارتی داوە ئەگەر لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بگەنە رێككەوتن، چارەسەر یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بكەن بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم. هەوڵەكەی ئێران بۆ ئەوەیە، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بەبێ موقتەدا سەدر، لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دروست بكرێتو پارتیو یەكێتی هەردووكیان بەشدار بن لە حكومەتەكەدا، واتا پارتی لە بەرەی سەدر بكشێتەوە. (درەو) زانیویەتی، تائێستا پارتی لەسەر پێشنیازەكانی ئێران رازی نەبووە. وەفدەكەی ئێران، جگە لە پارتیو یەكێتی، لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێش كۆبونەتەوە. موقتەدا سەدر وەكو لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، تاوەكو دوای مانگی رەمەزان دەرفەتی بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوە هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن.
(درەو): پارتی بە بروسكەیەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئاگادار دەكاتەوە بایكۆتی كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بكەن "روداو لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان كارناكات" پێشتریش مەسرور بارزانی كەناڵی روداوی لە وەزیرەكانی پارتی قەدەغەكرد. (درەو): پارتی لە حكومەتو لە حزبیش كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی بایكۆت كردووە، ئەم بابەتە لەناو پارتی مشتومڕی دروستكردووە. بە فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و لەسەر داوای مەسرور بارزانی بە بروسكەیەك مەكتەبی سیاسی پارتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی (هەولێر- سلێمانی هەڵەبجە- كەركوك- گەرمیان)و (مەكتەبی سیاسی)و (هەموو لقەكانی) پارتی ئاگاداركراون چاوپێكەوتن لەگەڵ كەناڵی (رووداو) نەكەن. ئەم فەرمانە حزبییەی پارتی رۆژی (7)ی ئەم مانگە دەرچووە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" ماوەیەكە تەلەفزیۆنی رووداو موراعاتی ئەمنی نەتەوەیی ناكات، هەندێك بابەت دەوروژێنێ لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نییە، بۆیە دەبێت هەڤاڵان خۆیان لە چاوپێكەوتن لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو بپارێزن، تا ئەو كاتەی كەناڵەكە بە رەفتارەكانیدا دەچێتەوە". بەپێی زانیارییەكان (درەو)، لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەزیرەكانی پارتی قەدەغەكراوە قسە بۆ كەناڵی (رووداو) بكەن. ئەم بڕیارانەی مەسعود بارزانیو مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی نیگەران كردووە كە خاوەنی كەناڵی (رووداوە). لە دوای دروستكردنی كەناڵی (رووداو)ەوە، چەندجارێكە نێچیرڤان بارزانی دەكەوێتە ژێر فشاری مەسعود بارزانی مامی، بەپێچەوانەی میدیا فەرمییەكانی پارتییەوە، (رووداو) رێگا بە تێپەڕبوونی بۆچوونی بەشێك لە نەیارانی سیاسی پارتیش دەدات، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكردووە، لەپاڵ ئەمەدا سەرچاوەی داهاتی كەناڵەكە دەبەسرێتەوە بە پارتییەوەو پارتی داوای دەستوەردان دەكات لە بەڕێوەبردنی كەناڵەكەدا.
(درەو): وەفدێكی ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانیو نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیدا كۆبونەتەوە، بەڵام میدیای پارتی ئەم دیدارەی لە رایگشتی شاردوەتەوە. وەفدێكی ئێران بە سەرۆكایەتی (حەسەن دانایی فەرد) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق، لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە. ئەم وەفدە كە رۆژی 10ی ئەم مانگە لە بەغداوە گەیشتونەتە هەولێر، دوو رۆژ لە هەرێمی كوردستان ماوەتەوە بۆ ئەوەی هەرسێ (بارزانی)یەكە ببینێت. میدیای پارتی هەواڵی سەردانی ئەم وەفدەی ئێرانی بۆ هەولێر ئاشكرا نەكرد، بەڵام كونسوڵگەی ئێران لە هەولێر، هەواڵەكەی بڵاوكردەوە. شەوی 13ی ئازاری رابردوو، ئێران ماڵی (شێخ باز)ی بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، لەوكاتەوە ئەمە یەكەمین دیداری فەرمی بەرپرسانی پارتیو ئێرانە. كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ ئەو ماڵەی كە لە هەولێر موشەكباران كراوە، شوێنی كارمەندانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" بووە، بەرپرسانی هەرێم ئەمە رەتدەكەنەوە. بەمدواییە ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لە ماڵەكەی شێخ بازدا كە ئێرانییەكان بۆردومانیان كرد، چەند كۆبونەوەیەك كراوە سەبارەت بە هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، لەم كۆبونەوانەدا شارەزایانی ئیسرائیلیو ئەمریكی بەشداربوون. ماوەیەكە پەیوەندییەكانی پارتیو ئێران گرژی تێكەوتووە، سەرەتای ئەم گرژییە بۆ هاوپەیمانێتییەكەی بارزانی دێت لەگەڵ سەدر، ئێرانییەكان وا لێكیدەدەنەوە، پارتیو سوننەكان بەشێك بن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراقو دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران. سەرباری ئەمە، ئێرانییەكان نیگەرانن لە هەناردەكردنی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ئەمە لەكاتێكدایە بەرپرسانی پارتی بڕیاری خۆیان لەوبارەیەوە یەكلاكردوەتەوەو یەكێتیش دژە. دوای موشەكبارانەكە، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بچێتە تارانو پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە، بەڵام ئەمە سەری نەگرت، ئێرانییەكان نێچیرڤان بارزانی بە دۆستی خۆیان دەزاننو پێیانوابووە سەردانی ئەو كاریگەریی سەر ناڕەزایەتییەكانیان لە مەسعود بارزانی مامی نابێت. سەرەتای شوبانی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای بینی، سەردانەكەی هێندە خێرا بوو، تەنانەت میدیاكانی خۆشی نەیانزانیبوو، هەواڵەكەیان لە سایتی سەرۆكایەتی توركیاوە بینی. لەم سەردانەدا، ئەردۆغان داوای غازی هەرێمی كوردستان لە نچیرڤان بارزانی كرد، سەرۆكی هەرێم پێی وتبوو" هەرچیم لە توانادا بێ دەیكەم، بابەتی ناردنی غاز لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق تاوتوێ دەكەم". رۆژی 15ی شوبات، دوای 10 ساڵ چاوەڕوانیی، دادگای باڵای فیداڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ، حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكی حكومەتی عێراق لەسەر حكومەتی هەرێم یەكلاكردەوە، یاسای نەوتو غازی هەرێمی بە نادەستوری ناوبردو داوایكرد هەرێم نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات. ئێستا هەرێمی كوردستان لەناو لێكەوتەكانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقدا دەژی، سەرباری ئەمە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمو پارتی هێشتا ئاڕاستەیان بەرەو ئیماراتی عەرەبیو توركیاو پشتیان لە ئێران كردووە، ئەمە لەكاتێكدا دەزانن ئەو شەپۆلە فشارانەی بەمدواییە كەوتوەتە سەر هەرێمی كوردستان، سەرچاوەكەی لە ئێرانەوەیە.
(درەو): وەفدەكەی حكومەتی هەرێم گەڕایەوە هەولێر، جیاواز لە جارانی پێشوو، گوێیان لە تۆنی دەنگی بەرپرسانی بەغداد بوو، بەرپرسانی نەوتی عێراق بەروونی بە وەفدی حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە: شتێك نەماوە بەناوی دانوستان و رێككەوتن لەسەر پرسی نەوتی هەرێم، ئێستا كاتی دانوستان و گفتوگۆیە لەسەر چۆنیەتی رادەستكردنی نەوت. ئەوان بەروونی بە وەفدی حكومەتی هەرێمیان وتووه" بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیەو تەفسیرو لێكدانەوە هەڵناگرێت، بۆیە ئێمە ناتوانین گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم بكەین، تەنیا دەتوانین گفتوگۆتان لەگەڵ بكەین لەسەر چۆنیەتی رادەستكردنی نەوت.. ئێستادا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی بانكیی بكاتەوە تایبەت بە داهاتی نەوت و بەغداد ئاگاداری تەواوی داهاتی نەوت بێت لەو ژمارە بانكییە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو داهاتە چۆن خەرج دەكرێت و بۆ كوێ و چی دەچێت". بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك ئەدات بۆ ئەوەی نەوتەكەی رادەستی بەغداد نەكات، ناردنی ئەو وەفدەش بۆ بەغداد ( پرسەكە تایبەتە بە نەوت و هیچ بەرپرسێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی تێدا نییە) تەنیا بۆ وەرگرتنی سەرنجی بەرپرسانی بەغدادیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوتی هەرێم. سەرچاوەیەك لە وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق زۆر جیاوازتر و بێمنەتانەتر قسەیان دەكرد، ئامادەنەبوون گفتوگۆ لەسەر شێوازی رێككەوتن بكرێت، ئەوان تەنیا دەیانویست ئەوە بڵێن كە هەرێم دەبێت ئامادەكاری بكات بۆ رادەستكردنی كۆی پرۆسەی نەوت، رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت شیاوی گفتوگۆكردن نیە و ئەو پرسە دادگای فیدراڵی كۆتایی پێهێناوە. لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا بەروونی باس لە گفتوگۆكان كراو تیایدا هاتووه: 🔹 پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا دهكرێت. 🔹 كردنەوەی هەژمارێكی بانكی لە بانكێكی نێودەوڵەتی بۆ داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دوور لە گهندهڵی داهاتەكە بزانرێت و خەرج بكرێت. 🔹 گواستنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان لە وەزارەتی سامانە سروستییەكانی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو كۆمپانیایەی كە بەنیازین دروستی بكەین. 🔹 گواستنەوەی لایەنی دووەمی گرێبەستەكان لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق.
سلێمان مستەفا لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات، بۆیە تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو، بەڵام گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت. بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن. تۆماری دەنگدەران تۆماركردنی ناوی دەنگدەران پرسێكە بەپێی رێوشوێنە بڕیار لێدراوەكان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەر هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك ناكرێت نادیدە بگیرێت، لەهەمانكاتدا خاڵێكی بنچینەییە بۆ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ئازادو دیموكراسیانە، كە پێویستە هاووڵاتیان بەیەكسانی بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن و ناویان تۆمار بكرێت، بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن وەك لەماددەی (21)ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، ماددەی (25) لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدنی و سیاسییەكان، بڕگەی یەكەم و دووەم لە جارنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پێوەرەكانی هەڵبژاردنی ئازادو پاك دوور لە هەر جۆرە جیاكاریەك، وە لە هەمانكاتدا مافی تانەلێدانیشان بۆ فەراهەمكرابێت لەكاتێكدا ئەگەر رێگایان لێبگیرێت لە تۆماركردنی ناوەكانیان، ئەگەر ئەو بێبەشكردنە بە هۆكاری یاسایی یان كارگێریی بێت. تۆماری دەنگدەران بریتییە لەو بەڵگەنامەی كە ئاماری دەنگدەران لە خۆ دەگرێت و ناوەكانی بە زنجیرە تیادا تۆمار دەكرێت، تۆماری دەنگدەران لیستی ناوی ئەو هاوڵاتیانەیە كە بە پێیی رێوشوێنی یاسایی بڕیار لێدراو تۆمار دەكرێن، كە لە یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن دیاریدەكات كە تۆماری دەنگدەران چۆن ئامادەدەكرێت، كەئەمەش لەوڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە، ئەم پرسەش لە رێگەی یاساوە یەكلای كراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆدەنگییەك هەیە لەسەر تۆماری دەنگدەران كە چۆن ئامادەبكرێت، چ جۆرە زانیاریەك لە تۆماری دەنگدەران تۆمار بكرێت، بۆ ئەمەش كۆمەڵێ بنەمای نێودەوڵەتی هەیە كە وڵاتان خۆیانیان پێوە پابەنددەكەن، لە ئامادەكردنی لیستی دەنگدەراندا ، وە چەند جورو شێوازێك لە تۆماری دەنگدەران بونیان هەیە : 1- سیستەمی خۆبەخشانە: واتە ئەو هاوڵاتیانەی مەرجە بابەتیەكانیان تێدایە، بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان، هەڵدەستێ بە پێشكەش كردنی داواكاریەك بۆ تۆماركردنی ناوی لە تۆماری دەنگدەران، لە یاسای هەڵبژاردنیش دوو جۆر لە تۆماری دەنگدەرانی خۆبەخشی تیاییە، ئەمانیش، یەكەم تۆماری بەردەوامە كە تیادا پرۆسەی تۆماركردن بۆ یەكجارەو ناشتوانرێت هەموار بكرێت تەنها لە حالەتی گۆرینی شوێنی نیشتەجێبوون، یالە دەستدانی لێهاتوویی هەڵبژاردن، ئەمەش لەزۆربەی وڵاتان پەیرەوی لێدەكرێت، دووەمیان سیستەمی تۆماری دەورییە كە پێویستە لەسەر دەنگدەر دووبارە بە شێوەیەكی دەوری ناوی خۆی تۆمار بكاتەوە ئەوەش ئێستا لە هەندێ لە ویلایەتەكانی ئەمریكا وەك ویلایەتی لویزیانا كە مەرجە دەنگدەر هەر چوار ساڵ جارێك ناوی تۆمار بكات. 2- سیستەمی بەزۆر: لەو سیستەمەدا لایەنی ئیداری تایبەتمەند لە ڕووی یاساییەوە هەڵسێ بە ئامادەكردنی تۆماركردنی، و تۆماركردنی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی كە مەرجە بابەتیەكانیان بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان تێدایە، بێ ئەوەی ئەو كارە لەسەر داوای هاوڵاتیان وەستا بێت. 3- سیستەمی تۆماری دەوری: بە گوێرەی ئەو سیستەمە لایەنی تایبەتمەند هەڵدەستێ بەئامادەكردنی تۆماری دەنگدەرانی نوێ لە ماوەیەكدا ئەو ماوەیەش لە وانەیە ساڵێك بێت یا دوو ساڵ یا زیاتر لەوەبێت،لە ڕبردوشدا كار بەم سیستەمە كراوە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی وڵاتان كاری پێ ناكەن. 4- سیستەمی تۆماری بەردەوام: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی تۆماركردن یەكجار دەبێت، ناشتوانرێت بە درێژایی ژیانی دەنگدەر گۆرانكاری بەسەر ئەو تۆمارەدابێت، مەگەر لە هەندێك حالەتدا نەبێت، وەكو گۆرینی شوێنی نیشتەجێبون یا لە دەستدانی شایەستی، ئەو جۆرە سیستەمە لە زۆربەی وڵاتان پەیرەو دەكرێت. 5- سیتەمی تۆماركردنی ئیلزامی: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكان لەسەر ئەو كەسانە كورتكراوەتەوە كە ناویان لە تۆماری دەنگدەران تۆماركراوە، ئەو كەسانەشی ناویان لەو تۆمارە تۆمار نەكراوە دوور دەخرێنەوە، هەتا ئەگەر مەرجە بابەتەكانیشیان تێدابوو كە ڕیگەیان بۆ خۆش دەكات مومارەسەی مافی دەنگدان بكەن. 6-سیستەمی تۆماری نا ئیلزامی: بەگوێرەی ئەوسیستەمە مافی دەنگدان بە هەموو كەسێك دەدرێت، ئەگەر مەرجە بابەتیەكانی مومارەسەكردنی مافی دەنگدانی تێدابێت،بێ ئەوەی بەشداریكردنی لە پرۆسەی دەنگدان پێویست بەوە بكات ناوی لە یەكێك لە تۆمارەكانی دەنگداندا تۆماركرابێت ، شان بە شانی ئەم جۆرو شێوازانە لە تۆماری دەنگدەران , ئێستا لە وڵاتانی پێشكەوتوو پشت بە داتای دەزگای گشتی كاروباری رەگەزنامە دەبەسترێت كە هەموو هاوڵاتیان خاوەنی كۆد نەمبەری خۆیانن ، وە هەر لەم داتایە تۆماری بایۆمەتری دروست دەكەن . تۆماری دەنگدەران لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان-عێراق. بە پێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، ئەركی كۆمسیۆنە بە پێیی سیستمی راستەوخۆ هەستێت بە ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی كوردستاندا. بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێریەكی پشتراستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسییەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیاریەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن. هەر لەهەمان یاسادا ئەنجوومەنی كۆمسیاران سەر پشككراوە لە گرتنەبەری رێگەو شێوازی تازە بۆ ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران، چۆنیەتی ئامادەكردن و نوێكردنەوەشی سپاردوە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی. بۆ ئەم كارەش كۆمسیۆن دەبێت سیستم و رێكاری تایبەت دەربكات بۆ رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەو چۆنیەتی تانەلێدان لە تۆماری دەنگدەران. بەڵام نازانرێت ئایا كۆمسیۆن پشت بە كام داتاو زانیاری ببەستێت , پرسیاری ئەوە نەكراوە كە كۆمسیۆن چۆن چۆنی تۆمار دروست بكات ، ئەگەر ئاماژە بە داتا فەرمیەكە نەكرێت ، چونكە كۆمسیۆن هێزی ناچاركردنی نیە داوا لە دەنگدەران بكات لە ماوەیەكی دیاریكراو بێن خۆیان تۆمار بكەن ، هەروەها داتای بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕگەزنامەش تا ئەمڕۆ ڕیگولەرە ، بۆ بەرچاوڕونی زیاتر لەو بارەیەوە هەوڵدەدەین شرۆڤەی دەقە یاساكانی پەیوەندیدار بكەین: یەكەم/ لەبرگەی یەكەمی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەگوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەك دادەمەزرێت لە ژێر ناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاكە دەسەڵات كە ڕێكاری هەموو هەڵبژاردن و ڕاپرسییە گشتییەكان ئەنجام دەدات لەسەر ئاستی سەرتاسەری كوردستان - عێراق. بە پێی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران. لە ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (كۆمسیۆن ئەمانەی خوارەوە دەگرێتە ئەستۆ) وە لە زنجیرەی پێنجەمی ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەڕێوەبردنی پرۆسەی تۆماركردنی دەنگدەران و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆمارەكانیان بۆ مسۆگەركردنی مافی هەڵبژاردنیان) ناوەڕۆكی ئەم ماددەیەش دووپاتیدەكاتەوە، لەسەر ئەوەی كە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران. دووەم/ لە بڕگەی یەكەمی ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (ئەنجوومەن ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادەدەكات)، لە بڕگەی یەكەمی زنجیرەی یەكەم لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دامەزراندن و نوێكردنەوە و بژاردكردنی تۆماری دەنگدەران لە ڕێی هەموو جۆرە شێوازێكی تازەی بەردەست، لەسەر لایەنە پەیوەندارەكانیش پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەندا بكەن بۆ گەیشتن بەم مەبەستە ) سێیەم/ لەبرگەی چوارەم لە ماددەی شازدەیەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دەركردنی پەیڕەوی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە) لێرەدا ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرابوو كە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ئەركێكی گران خراوەتە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی. بێگومان ئامادەكردن و رێكخستنی تۆماری دەنگدەران لەحاڵەتێكی وەك ئێستادا كە هیچ داتاو زانیاری باوەڕپێكراو بەردەست نییە، كارێكی سەخت و گرانە و لە ئایندەش كەموو كوڕیەكان بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن. تۆماری دەنگدەران لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو. یاسای هەڵبژاردن یەكێكە لە یاسا گرنگ و هەستیارەكانی هەر وڵاتێك، تەنانەت لە هەندێ كاتدا بە دەستوور ناودەبرێت، چونكە لەیاسای هەڵبژاردندا بڕیار دەدرێت لەسەر سیستم و شێوازی گۆڕینی ژمارەی دەنگەكان بۆ ژمارەی كورسی ، چۆنیەتی دابەشكردنی وڵات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەروەها لە كاتی ڕودانی تاوانەكانی هەڵبژاردن و دەقنوس كردنی، بەپێی یاسای هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانە دەكرێت. هەمان یاساش بڕیار لەسەر چۆنیەتی ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران و وردەكاریەكانی دەدات. لەخوارەوە بڕگە و خاڵ و ماددەكانی یاسای هەڵبژاردن پەیوەست بە تۆماری دەنگدەران شرۆڤە دەكەین. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو: لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراودا هاتووە (بە یاسایەك دەستەیەكی باڵای سەربەخۆ پێكدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان و بەرێوەبردنی كارەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، مەركەزەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمدا دەستنیشاندەكات، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكردنی ڕەوشی هەڵبژاردنەكان دەردەكات، سەرۆك و ئەندامەكانی لیژنەگەلی ناوەندەكانی ناوزەددەكات) . بە گوێرەی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن (دەستە) تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، رێنمایی دەردەكات بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای هەڵبژاردن. لەماددەی پانزەهەمی یاسای ژمارە (1) ساڵی (1992)دا هاتووە (لیستەكانی ناوی دەنگدەران بۆ هەرێمی كوردستان بە پێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادەدەكرێن و بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ و پیشە و ناونیشان و بەروار و شوێنی لە دایكبوونیان تێدا دەنووسرێ، ئەگەر ئەوەش نەكرا، ئەوا لەو بارەدا هەیئەی باڵا بۆی هەیە، ڕێگایەكی دیكەی لەبار بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزێتەوە) لە دەقی ماددەی سەرەوەدا هاتوو كە دەبێت تۆماری دەنگدەران ناو، ناونیشان، پیشە، بەروار و شوێنی لە دایكبوونی تێدا بنوسرێت و لیستەكەش بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە كە دەبێت كۆمسیۆن كام تۆمارو سەرژمێری بكاتە بنەمای رێكخستنی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە دەقی ماددەكەدا هاتووە ئەگەر ئەو رێگە نەكرا، ڕێگایەكی دیكەی لە بار، بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزرێتەوە، ئەم بڕگەیە بەمشێوازە گونجاو نییە لە رێكخستنی تۆماری دەنگدەراندا، چونكە ئەركی دەوڵەت (هەرێم) لێرەدا دیار و ڕوون نییە، كە تۆماری هاوڵاتیانی نەبێت كەبتوانێت كۆمسیۆن پابەندبكات پێیەوە. هەروەها لە ماددەی شانزەهەمی یاساكەدا هاتووە (دەستەی باڵا، بەلانی كەم (15) رۆژ پێش ماوەی دیاریكراوی دەنگدان، تۆمارەكان بەسەر مەركەزەكانی دەنگداندا، لە هەرێمدا دابەشدەكات بۆ ئەوەی لە تابلۆی تایبەت بەم مەبەستە بە هاوڵاتیانی ڕابگەیەنێ بە مەرجێ بە مۆری دەستەی باڵا مۆربكرێن، بەرواری ڕاگەیاندنەكەشی لەسەر بنوسرێت لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی لە ماددەی پانزەیەمدا هاتووە). بە سەرنجدان لە ناوەڕۆكی ئەم ماددەییە رووبەڕووی پرسیارێك دەبینەوە، ئایا چۆن دەكرێت (15) رۆژ پێش دەنگدان تۆمارەكان بەسەر ناوەندەكان دابەشبكرێن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان و شوێنی دەنگدان، جاگواستنەوەی ناو بێت، یان سڕینەوەی، یاخود زیادكردن لە ماددەی هەژدەیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دا هاتووە (بۆ هەر كەسێك مەرجەكانی دەنگدەری تێدا بێت و تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكرابێت لەخشتەی دەنگدەراندا، دەتوانێت داوای تۆماركردنی ناوی بكات، بۆ هەر دەنگدەرێك هەیە داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكراوە یان داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق لەخشتەی دەنگدەراندا سڕدراوەتەوە، لەماوەی دە رۆژدا لەبەرواری بڵاوكردنەوەی خشتەی دەنگدەرانەوە. داواكە، لەگەڵ ڕای لیژنەی مەركەزی پەیوەندیداری هەڵبژاردن، پێشكەش بە هەیئەی باڵا دەكرێ، هەیئەی باڵاش، لە ماوەیەكدا لە سێ رۆژ نەترازێ كە لە رۆژی پێشكەشكردنی داواكەوە دەستپێدەكا سەیر دەكات و یەكلایی دەكاتەوە). ناوەرۆكی دەقی ماددەی هەژدەیەم ئەو راستیە دووپاتدەكاتەوە كە دژ یەكییەك بەدیدەكرێت لە نێوان ماددەی شانزەهەم و هەژدەهەمدا، چونكە لانیكەم دەبێت تۆماری دەنگدەران بە شێوە كلاسیكیەكەی مانگێك بەر لە وادەی دەنگدان سەرجەم قۆناغەكانی تێپەڕاندبێت و ئامادەكرابێت بۆ چاپكردن، دەكرێت ئاماژە بە تۆماری سەرەتایی و تۆماری كۆتایی بدرێت. لە ماددەی نۆزدەهەمی هەمان یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (هەر هاوڵاتیەكی كوردستانی- عێراق چ نێر، چ مێ، بۆی هەیە ببێتە دەنگدەر یان پاڵێوراو، ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدابێت كە لەم یاسایەدا باسیان لێوەكراوە) . واتە لایەنی پەیوەندیدار پابەندە بە تۆماركردنی ناوی دەنگدەران بە بێ بوونی ویستی دەنگدەر، لە ماددەی بیستەمیشدا هاتووە (مەرجە دەنگدەر هاوڵاتی كوردستانی عێراق بێت و هەژدە ساڵی تەواوكردبێت). لە بەرامبەر ساختەكاری لە تۆماری دەنگدەران لەماددەی (57) هاتووە: هەر كەسێك ئەمانەی خوارەوەی كرد بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ كە لە (6) شەش مانگ كەمتر نەبێ و غەرامەیەكیشی لێوەردەگیرێ كە لە (100،000) سەد هەزار دینار كەمتر نەبێ و لە (500،000) هەزار دیناریش زیاتر نەبێ: 1- بەئەنقەست ناوێك یا ناوەكان یان سیفاتی قەڵبی لەخشتەی دەنگدەران تۆماركرد یان بە پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە ناوێكی تێدا نەنووسێ. 2- ناوی خۆی یان ناوی كەسێكی تری بەبێ بوونی مەرجی یاسایی پێویست تۆماركرد و دەركەوت كە بەمە دەزانێ و هەر كەسێكی دیكەش كەناوێكی تۆمار نەكرد یان سڕییەوە. لەماددەی پەنجاو نۆدا هاتووە (هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان- عێراق، كە لە دەرەوە دادەنیشن (المقیمین) مافی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان-عێراق هەیە. بێگومان یاسا مافی دەنگدانی داوە بە هاوڵاتیان بەڵام مەرجی دەنگدەریان تیا فەراهەم بێت، بەڵام بەشداریپێكردنی هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات، بە چ شێوەیەك بەشداریبكەن، چۆن تۆماری دەنگدەرانیان بۆ رێكبخرێت، ئەو لایەنە كێیە كە ئەركی رێكخستنی وەردەگرێت، پشت بەكام داتا و زانیاری ببەسترێت، ئایا كام بەڵگەنامە بكرێتە بنەما، لە چەند وڵات و شار ناوەندی دەنگدان بكرێتەوە ئەمانە ئەو پرسانەن كە لە دەقی ماددەكەدا بوونیان نییە. لەماددەی شەستی یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (پرۆسەی دەنگدانی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، زێرەڤانی هەرێم (پێشمەرگە) و سوپا، كارمەندانی نەخوشخانەكان و بەندینخانەكان و حەپس و سجنەكان، لە چەند مەركەزێكی تایبەت بە خۆیان ئەنجامدەدرێت كە دەستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هاودەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا دەستنیشانیاندەكات، بە مەرجێ پێش چل و هەشت سەعات لە وادەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت). دەنگدانی هێزە چەكدارەكان پێش وادەی دەنگدانی گشتی كارێكی باشە بۆ ئەوەی دەستكراوە بن لە رۆژی دەنگدانی گشتیداو ئاسایش و ئارامی وڵات بپارێزن و دەنگدەران بتوانن بەبێ ترس سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن، بەڵام جیانەكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان لە كات و ساتی خۆیدا كارێكی خوازراو نییە، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشت بە لیستی مووچە تەواوی زانیارییەكان بدات بە كۆمسیۆن بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان بە تەواوی و یەكجاری لە تۆماری گشتی جیابكرێتەوە. تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان. بنەمەیەكی یاسایی هەیە دەڵێت ((ڕادان) نابێت لەكاتی بونی دەقێكدا). گومانی تیا نییە لە هەرێمی كوردستان-عێراقدا، پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی جیا جیا بونیان هەیە، خۆشبەختانە بنەمای پێكەوە ژیان لە كوردستاندا خاڵێكی پرشنگدارە كە هەموو لایەك شانازی پێوەدەكەن. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە كەموكوڕی نییە لە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە ناو لیستی حزبە كوردستانییەكاندا. بۆ چارەسەری ئەم گرفتە وەك چۆن زۆربەی وڵاتان پەنایان بۆ كورسی كۆتا برد، لە هەرێمی كوردستانیش ئەم پرسە بەكۆتا چارەسەری بۆ دۆزرایەوە، بە پێی دەقی ماددەی (36)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، كورسی پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون: بۆ پێكهاتەی توركمان پێنج كورسی، پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری پێنج كورسی، بۆ پێكهاتەی ئەرمەن یەك كورسی. بەپێی دەقی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2009) یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەی هەموار كراو، كورسی بۆ پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون لە پارێزگای هەولێر (2) كورسی بۆ سریان كلدان ئاشوری، (3) كورسی بۆ توركمان) لە پارێزگای سلێمان (1) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، لە پارێزگای دهۆك (2) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، (1) كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن دەكرێت لێرەدا بپرسین ئایا مەبەست لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان چییە؟ بێگومان وەڵامەكەی روونە، كورسی كۆتای پێكهاتەكان ئەو كورسیەیە كە بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو دەستنیشاندەكرێت بۆ ئەوەی دەنگدەرانی هەر پێكهاتەیەك دەنگ بۆ كاندیدانی خۆیان بدەن و كاندیدی راستەقینەی خۆیان دەستنیشانبكەن. واتە نوێنەری هەر پێكهاتەیەك تەنها بەدەنگی پێكهاتەكەی خۆی بگاتە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پرسە بەكراوەیی هیڵدرایەوە تا ڕادەیەك ڕاوبۆچوونی جیاجیای لەسەر دروستبوو، گومان لە حیكمەتی بوونی كورسی كۆتاكان هاتە ئارا، بەوەی چۆن دەبێت دەنگدەری ئەو پێكهاتانەی دەنگدەریان زۆرە بتوانن دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەكانی تریش بدەن. ئەمەش وایكرد كە ئەم پرسە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی نەپێكێ. ئەوەی جێگای نیگەرانییە زۆرجار لە لایەن قەوارە گەورەكان تا رادەیەك ئەم پرسە قۆستراوەتەوە و ناكۆكی و دەنگی جیای دروستكردوە بۆیە گەر جیاكردنەوەی كورسی بۆ پێكهاتەكان جیاكاریەكی ئەرینی بێت ، ئەوا گومانی تێدا نییە جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیشیان جیاكاریەكی ئەرێنیە بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان خۆیان. بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن. هەر چەندە لە خاڵی پێنجەمی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا ئاماژە دراوە بەوەی كە دەنگدەرانی هەر پێكهاتەك دەنگ بە پاڵێوراوانی پێكهاتەی خۆیان بدەن، بەڵام بە پێی دەقی ماددەی (1)ی یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2013) یاسای دووەمین هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، ژمارە (4)ی ساڵی (2009) كاركردن بەم بڕگەیە راگیرا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا. لێرەدا بەكورتی وبە پوختی ئەم سەرنج و پێشنیاران دەخەینەڕوو بۆ ڕای گشتی و حزبە سیاسیەكان وپەرلەمانی كوردستان:. یەكەم: بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەبَبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێرییەكی پشتڕاستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسیەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیارییەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن ، بۆیە لە ئێستا تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو دووەم: لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا تەنها ئەو دەنگدەرانە مافی دەنگدانیان هەبێت كە خاوەنی كارتی بایۆمەترین ، واتە لەناو پرۆژە یاساكەدا بڕیار بدەن كار بە كارتی كورت مەودا نەكرێت ، ئێستا كۆمسیۆنی ئتتحادی دەرگای ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كردۆتەوە ، كەواتە ئەو هاوڵاتیانە كارتی بایۆمەتریان دەرنەهێناوە ، ئێستا فرسەتە بڕۆن بۆ دەرهێنانی كارتەكەی خۆیان ، وە ئەو دەنگدەرانەی كارتی بایۆمەتریان كردوە كارتەكەیان وەر نەگرتوتەوە ئێستا دەتوانن سەردانی ناوەندەكانیان بكەنەوە سێیەم: لە یاساكە دا مەرجی كارتی بایۆمەتری و بەڵگەنامەی كارتی نیشتمانی ، یان كارتی بایۆمەتری دەنگدان و ڕگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی بكرێتە مەرج . چوارەم: ئامێری ناسینەوەی دەنگدر گرنگی پێبدرێت و ڕێگە بە كەس نەدرێت بەشداری دەنگدان بكات گەر ئامیری ناسینەوەی دەنگدان ئۆكەی بۆ نەكات ، بۆ ئەمەش دەكرێت ئامێرەكانی كۆمسیۆنی ئتتحادی بەكاربهێنرێن ، یان ئامێری تازە دابین بكرێت و هەڵەو كەموكوریەكانی هەڵبژاردنی پێشووش رەچاو بكرێن . پێنجەم:پێویستە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەزگاكانی حزبیان هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی رێكارەكان دەنگدانی بایۆمەتری ، بۆ ئەوە كۆمسیۆن ببێتە لایەنی جێبەجێكار، هەموو ووردەكاریەكان لە ناو یاسادا جێگا بكەنەوە . شەشەم: بۆیە گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت ، چونكە تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە ، لەوانە 1-ڕێگە لە دووبارە دەنگدان دەگرێت 2-رێگا لە ساختەكاری بەڵگەنامەكان دەگرێت 3- تۆمارەكە كۆتایی بە بەیتی ناوی مردوو و دووبارەو بیانی دێنێت ، بەمەش متمانە بۆ دەنگدەر و حزبەكان و پرۆسەی سیاسی دەگێڕێتەوە ، بە پێچەوانەوە ئەوا دەبێت چاوەڕێی كارەساتێكی نەخوازراو بكەین ، بۆیە بانگەواز دەكەم بۆ حزبەكان ، تكایان لیدەكەم ، مەرجی بەكار هێنانی تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوە بكەن بە مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردن حەوتەم: پرسی تۆماری پێكهاتەكان دەبێت چارە بكرێت ، هەر وەك چۆن تەرخانكردنی (11) كورسی بەپێی بنەمای كۆتا بۆ پێكاتەكانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراون ، كە بە جیا كاری ئەرێنی بۆ هەرێم و ئەزمونەكەی هەژمار دەكرێت ، كەواتە دەبێت بە جیاكارێی ئەرێنی تۆمارەكەشیان جیا بكرێتەوە ، بە یەكێ لەم ڕێگایانە 1-لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگدان و خۆ تۆماركردنیان لە یەك كاتد بێت 2-لەسەرتای پرۆسەی هەڵبژاردن لەماوەیەكی دیاریكراو تۆماری پێكهاتەكان ئامادە بكرێت 3-لەكاتی بەرێوەچونی پرۆسەكانی هەڵبژاردنیش سندوقی دەنگدان و كارتی دەنگدانیان جیا بكرێتەوە ، ئەم جیاكاریە لە ڕوانگەی شۆڤێنیەت و نەتەوە پەرستی ولێكدانەوەی هەڵە نیە بەڵكو بۆ بەجێهێنانی حیكمەتی كۆتاكە خۆیەتی ، ئەم پرسەش لە قازنجی پێكهاتەكان و ئەزمونی هەرێمی كوردستاندایە . هەشتەم : بەرای تایبەتی خۆم وە بەرپرسم لە ڕای پیشەیی خۆم بەپێی ئەو ئەزمونەی كە هەمانە ، لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە : 1-كۆمسیۆنی هەرێم دەسەڵاتی ناچاركردنی نیە بەسەر دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی دیاریكراو سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن و ناوی خۆیان تۆمار بكەن 2-داتای كارتی نیشتمانی باشترین و پاكترین داتایە كە بكرێتە بنەمای تۆماری دەنگدەران بەڵام بە داخەوە تەواو نەبوە تا بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری 3-ئاماری تازەی سەرژمێری دانیشتوان لە لایەن حكومەتی ئتتحادی ئەنجامنەدراوە كۆمسیۆن بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری و ریگولەر 4-داتای بایۆمەتری فەرمانبەرانیش بەكەلك داتای بایۆمەتری نایێت 5-كۆمسیۆن ناتوانێت كۆتایی بە گومانەكانی هاوڵاتیان و حزبە سیاسیەكان بێنێت لە غیابی نەبونی داتایەكی باوەڕپێكراو پەسەند كراو لە لایەن پەرلەمانەوە ، بۆ رێگا گرتن لە گومان و دووبارە دەنگدان و دەنگدان لەجیاتی كەسانی ترو و ئەوانەی كوچی دواییان كردوە ، بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنە كار بە تۆماری بایۆمەتری عێراق بكرێت ، بۆ ئایندەش داتای كارتی نیشتمانی بكرێتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری ، بێ گومان دەبێت ئەم پرسەش لەناو یاسای هەڵبژاردن شوێنی بۆ بكرێتەوە ، بۆ ئەمەش پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە . سلێمان مستەفا حەسەن
(درەو): سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، فەرمانێکی وەزیری خوێندنی باڵای لەبارەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی دارایی پێشێلکردووە. وەزیری خوێندنی باڵا بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٤٥٤) لە ٢ی ئازاری ئەمساڵ، بەشێک لە دەسەڵاتەکانێ شۆڕکردوەتەوە بۆ سەرۆکی زانکۆکان. وەزیر لە نوسراوەکەیدا، سەرۆکی زانکۆکان ناچار دەکات دەسەڵاتی خەرجی لەسەر داهات، بۆ ڕاگری کۆلێژەکان بە ڕێژەی ٢٠٪و بۆ راگری پەیمانگاکان بە ڕێژەی ٢٥٪ دابەزێنن. سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ٢٦ رۆژ دوای نوسراوەکەی وەزیری خوێندنی باڵا فەرمانێکی دەرکردووە، وەکو نەریتێکی ساڵانە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بۆ راگری کۆلێژو پەیمانگاکان شۆڕکردوەتەوە، بەڵام گرنگترین خاڵی فەرمانەکەی وەزیر کە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی خەرجی لە سەر داهات، تەرک کردوەو ئامادە نیە بچێتە ژێرباری جێبەجێکردنی. ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی زانکۆ لە نوسراوەکەیدا وەکو پاڵپشتی ئاماژەی بە نوسراوەکەی وەزیری خوێندنی باڵا کردووە. ئەم نوسراوەی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ناڕەزایەتی لەناو راگری کۆلیژەکاندا دروستکردووە. کۆلێژو پەیمانگاکان خوێندنکاری پارالێڵ و ئێوارانیان هەیە، لەم رێگایەوە ساڵانە داهاتێکی زۆریان دەستدەکەوێت،ئێستا زۆربەی ئەم داهاتانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی زانکۆکان، لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی ئەم داھاتانە لەلایەن سەرۆکی زانکۆکانەوە گومانی گەندەڵی و بەھەدەردان ھەیە، بەتایبەتیش کە ئەم داھاتانە ناچنە چوارچێوەی نەسریەی مانگانەی کۆلێژو پەیمانگاکانەوە.
(درەو): یەكەمین كۆبونەوەی وەفدی هەرێمی كوردستانو وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم، كۆتایی هات، بەغداد جەخت لەسەر رادەستكردنی نەوت دەكات، وەفدی هەرێم جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد. دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ خالید شوانی سەرۆكی وەفدی هەرێم، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بنەمای سەرەكی ناردنی سەرجەم ئەو گرێبەستو رێككەوتنانە لەخۆدەگرێت كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانو كۆمپانیا نەوتییەكاندا كردوویەتی، ئەمە بۆ مەبەستی (پێداچوونەوە، هەمواركردنو باشكردن)ی گرێبەستەكان. وەزیری نەوتی عێراق وتی:" دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم گرێبەستی لەگەڵدا كردوون، حەواڵەی لای كۆمپانیایەكی نەوتیی بكرێن كە بۆ ئەم مەبەستەو لەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دروستدەكرێتو بارەگای كۆمپانیاكە لە هەولێر دەبێتو لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە خاوەندارێتی كۆمپانیاكە دەكرێتو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاكییە نەوتییەكانی پێدەسپێردرێت، دەسەڵاتو پێوەرەكانی كاركردنی كۆمپانیاكە لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانی نەوتو وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ئامادە دەكرێت. وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە ئاماژەی بەوەكرد، حساب بانكییەك لە یەكێك لە بانكە جیهانییەكان دروست دەكرێتو سەرجەم داهاتەكانی فرۆشتنو هەناردەی نەوت خاوی هەرێم دەخرێتە ئەو بانكەوە، وەزارەتی دارایی خاوەندارێتی حساب بانكییەكە دەكاتو داهاتەكانی نەوتی هەرێم بەكاردەهێنرێت بۆ زامنكردنی بودجەی هەرێم لە حاڵێكدا ئەگەر ناردنی پارەكە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دواكەوت. وەزیری نەوتی عێراق ستایشی تێگەیشتنی ئەندامانی وەفدی هەرێمی كرد بۆ ئەو بابەتانەی كە لە كۆبونەوەكەدا باسكراون، وتی: وەفدی هەرێم جارێكی تر دەگەڕێنەوە بەمەبەستی دەستپێكردنی گەڕێكی تری گفتوگۆ. خالید شوانی سەرۆكی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆبونەوەكە راشكاوانە بووە، رێككەوتن كراوە لەبارەی دانانی میكانیزم، بەجۆرێك ببێت بە پلانی كاری داهاتوو بۆ چاەسەكردنی كێشەی نەوت بەشێوەیەكی ریشەیی بە هەموو جومگەكانییەوە. شوانی باسی لەوەكرد، یاسای نەوتو غاز باشترین چارەسەرە بۆ سڕینەوە هەموو كێشەكانو ئەم كۆبونەوەیە سەرەتایەكی باش بووە بۆ هاریكاری نێوان وەزارەتی نەوتی عێراقو حكومەتی هەرێم.
شیكاری: درەو بەشی دووەم لەگەڵ ئەوەی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، دۆخی دارایی و بودجەی عێراقی بەڕادەیەکی زۆر بوژاندووەتەوە، بەڵام کاریگەرییە نەرێنییەکانی هیچی کەمتر نییە لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی و ئابوری عێراقی توشی هەڵاوسانی بازاڕو داکشانی کەرتەکانی وەبەرهێنان و بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان کردووە. ئەمە جگە لەوەی هەر سزایەکی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕوسی کارکردنی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە عێراق گرفتار دەکات و عێراق توشی زیانی گەورەتر دەبێت، چونکە کۆمپانیا ڕوسییەکان بە قەبارەی (13) ملیار دۆلار لە عێراق وەبەرهێنان دەکەن. کایگەرییەکانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئابوری عێراق بەشێک لە چاودێران پێیان وایە عێراق پارێزراوو سەلامەترە لە کاریگەرییەکانی جەنگ بەراورد بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش بەشێکی پەیوەندیدارە بە ڕەهەندی جوگرافییەوە، لەوانەیە بەشێکی ئەو بۆچونەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ڕەنگە پێیان وابێت عێراق ڕاستەخۆ لە ژێر کاریگەرییەکانی جەنگدا نیە، بە تایبەت ئەگەر پشت بەو شیکردنەوەیە ببەسترێت کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێویشیاندا ڕوسیا (2%) تێپەڕ ناکات. بەڵام ئەم بۆچونە ڕاست نییە کاتێک سەیری عێراق بکرێت وەک بەشێک لەنێو سیستمی جیهاندا، بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستادا کە سیستمی ئابوری جیهان گوزارشتە لە کۆمەڵێک لینکی ئاڵۆزو پێکەوە گرێدراو، هەموان پێکەوە تەواوی دەکەن، هەر بۆیە عێراق بە نۆرەی خۆی و بە قەبارەی بەشدارییەکانی لەنێو سیستمی ئابوری جیهان هاوشێوەی هەموان پشکی دەبێت بەرکەوتەی ئاسەوارەکانی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا، بەڵام دەکرێت بوترێت سەرجەم ئاسەوارەکان کاریگەری خراپیان نابێت بەڵکو بەشێک لە کاریگەرییەکان بۆ عێراق خێر دەداتەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئابورییەوە، بۆیە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو کاریگەری ئەرێنی و نەرێنییانەی جەنگ لەسەر دۆخی ئابوری عێراق؛ یەکەم: ئاسەوارە ئەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابوری عێراق 1. زیادکردن و کەڵەکەبوونی داهات: عێراق وەک یەکێک لەو دەوڵەتانەی هەناردەکارێکی گەورەی نەوتە، بەپێی داتاکان لە دوای وڵاتی سعودییەوە پلەی دووەمی هەیە لە نێو وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک، هەر وەک چۆن پلەی دووەمی گرتووە لە نێو وڵاتانی عەرەبی لە ناردنەدەرەوەی نەوتی خاو، سەرباری ئەوەی پلەی پێنجەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان لە یەدەگی نەوتی سەلمێندراو بۆ ساڵی (2021) کە بە (149) ملیار بەرمیل نەوت خەمڵیندراوە، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەدوای هەر یەک لە سعودییەو ئێرانەوە دێت لە بوونی یەدەگی نەوت، سەرباری ئەوانەش عێراق داهاتی دارایی خۆی بە زیاتر لە ڕێژەی (90%) لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە بەدەست دەخات. لای هەموانیش ڕوونە کە هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا بووە هۆکاری بەزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، کە بووە هۆی کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر داهات و دۆخی دارایی عێراق، بەڕای بەشێک لە شارەزایانی بیانی ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت چاوەڕاون دەکرێت نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بگاتە سەرو (150) دۆلای ئەمریکی، بەم گریمانەیش بێت داهاتی نەوتی عێراق بۆ زیاتر (200%) گەشەدەکات، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە تێکڕای نرخی نەوت گەیشتە (74) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا ئەگەر بەراورد بکرێت بە ساڵی (2020) گەشەکردنەکە زۆر لەوە زیاتر دەبێت و دەگاتە نزیکەی (375%) کە تێیدا تێکڕای نرخی نەوت (40) دۆلاری ئەمریکی بوو بۆ هەر بەرملێک نەوت. 2. بەرزبوونەوەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP): لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزەو ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بە هۆکاری جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا، فشار و سزا ئابورییەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر کەرتی وزەی ڕوسیا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی داهاتی نەوتی عێراق (45% – 60) بەهای بەرهەمی ناوخۆی عێراقی پێکدەهێنت، ئەگەر ئەو گریمانەیەی کە لە خاڵی ڕابردوو بۆ بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە داهاتوودا خرابووە ڕوو بەدی بێت، ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە بەهای گەشەی دارایی و بەرهەمی ناوخۆی لە عێراقدا، بۆ نمونە ئەگەر پشت بە داتاکانی دەزگای ناوەندی ئاماری عێراقی ببەستین بۆ ساڵی (2020 و 2021)، ئەو پێشبینەیە بۆ نرخی نەوت کراوە کە (150) دۆلار بێت بە تێکڕا بۆ ساڵی (2022 - 2023) و عێراق (3.5 ملیۆن) بەرمیل نەوت ڕۆژانە هەناردە بکات، ئەوا گەشەکردنەکە بەم جۆرە دەبێت کە لە (چارتی ژمارە (1)) ڕونکراوەتەوە؛ چارتی ژمارە (1) دووەم: ئاسەوارە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابوری عێراق 1. هەڵاوسانی گشتی؛ لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی (2021) بە بریاری حکومەتی عێراق، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزێندرا، ئەم بڕیارەش هەڵاوسانی بازاڕی بە ڕێژەی (6.8%) بەرزکردوەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی (2020) بە (3%) تۆمار کرابوو، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ڕێژەی هەڵاوسان بەرزتر ببێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر، چونکە جگە لەو هەڵاوسانە ناوخۆییە هەڵاوسانێکی جیهانیش لەسەر ماددە خۆراکییەکان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری گەورە لەسەر ئابوری عێراق جێبهێڵێت، چونکە بەپێی لێدوانی (مەزهەر محمەد ساڵح- ڕاوێژکاری دارایی حکومەت) عێراق (80%) پێداویستییە خۆراکییەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات. 2. داکشان لە کەرتەکانی وەبەرهێنان؛ کەرتەکانی وەبەرهێنان کە دەکرێت بە کەرتی ڕاستەقینە (حەقیقی)یش ناوی ببەین بریتین لە کەرتەکانی (کشتوکاڵ، پیشەسازی، بنیادنان وخانوبەرە، گواستنەوە، گەیاندن و گەشتوگواز) کە هاوپشکن لە دەستبەرکردنی بەرهەمی ناوخۆ و(31%) کۆی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق پێکدەهێنن، بەم ئەنجامەش هەر هەڵئاوسانێک لەو شمەکانەی عێراق لە دەرەوە هاوردەی دەکات، کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەو داهاتەی عێراق لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت. بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەی لە نرخی نەوتیشدا ڕووی داوە، بڕیاربەدەستانی عێراق چاویان لەوەیە لە ڕێگەی هەناردەکردنی زیاتری نەوتەوەە داهاتی گەورەتر بەدەست بخەن، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ پشتگوێخستنی کەرتی وەبەرهێنانی ڕاستەقینە لە عێراق، بۆیە چاوبڕینە زیادکردنی داهات لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە دەبێتە هۆی؛ - داکشانی ئابوری و هەڵاوسانی زیاتر لەبازاڕەکانی ناوخۆ. - بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، بە هۆی داکشان و هەڵاوسانی ئابورییەوە، کە لە ئێستادا بێکاری (13.8%) و بەم شێوەیە بڕوات لە ساڵانی داهاتوو بەرزدەبێتەوە بۆ (30%). - قوڵبوونەوەی کێشەکان لە کەرتە پێکهێنەرەکانی کۆی بەرهەمی ناوخۆ (GDP) 3. بردنە دەرەوەی دراوە قورسەکان؛ لە ئێستادا داهاتی گشتی خەزێنەی عێراق ڕووی لە بەرزبوونەوەو زیاد بوونە، لە ئەنجامی ئەو بەرزبوونەوەیەیەی لە نرخی نەوت و کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت و وزە لە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیاوە ڕویداوە، لە بەرامبەردا بردنەدەرەوەی دراوی قورسیش ڕووی لە زیادبوونە، لەبەرئەوەی شمەکی هاوردەکراو پێویستی بە هێزێکی گەورەتری داهات هەیە بۆ کڕین بەراورد بە ڕابردوو، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا عێراق بەڕادەیەکی گەورە شمەک و خزمەتگوزاری و بەرهەمە نەوتییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ، لەگەڵ ئەوەی تەرازووی بازگانی زیادەیەکی زۆری هاتووەتە سەر بەراورد بە ساڵانی پێشتر لە سایەی داهاتی نەوتەوە کە (99.7%) هەناردەکردنی عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام (70% - 80)ی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی نەتەوە بەدەستهاتووە دەڕوات بۆ پێداویستییە هاوردەکراوەکانی دەرەوە، وەکو ئەوەی لە (چارتی ژمارە (2))دا ڕونکراوەتەوە. چارتی ژمارە (2) سێیەم: کشانەوەی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە عێراق کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی ڕوسی لە کەرتی نەوت و غازی عێراق کاردەکەن، کە دیارترینیان بریتین لە (رۆسنەفت) کە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکات، کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ) لە کێڵگەی قوڕنە وەبەرهێنان دەکات و (گاز پرۆم)یش لە کێڵگەی بەدرە لە پارێزگای واست و کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات. بەپێی لێدوانی باڵیۆزی ڕوسیا لە بەغداد (ماکسیموف)؛ ڕوسیا بە قەبارەی (13) ملیار دۆلار لە کەرتی وزەی عێراقی وەبەرهێنان دەکات. بۆیە بە زیادکردنی سزاکانی سەر ڕوسیا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر تەواوی کەرتی وزەی ڕوسی ئەگەری کشانەوەی کۆمپانیا ڕوسییەکان لە عێراق گریمانەکراو دەبێت، ئەمەش زیان بە کەرتی وزەو نەوتی عێراق دەگەیەنێت. سەرچاوە: علي عبدالرحيم العبوديّ، الآثار العالمية للحرب الروسية-الأوكرانية وانعكاساتها على الاقتصاد العراقي، مرکز البیان للدراسات والتخطیط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/04/65rtry.pdf ڕاپۆرتی پەیوەندیدار https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10035
(درەو): ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبێتەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقو رێككەوتنە لەسەر میكانیزمو پێوەری نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی كوردستان. وەزارەتی نەوتی عێراق لای خۆیەوە چەند لیژنەیەكی بۆ ئامادەكردنی نەخشەرێگای چۆنیەتی وەرگرتنی دۆسیەی نەوتی هەرێم دروستكردووەو چەند وۆرك شۆپێكی ئەنجامداوە لەبارەی چۆنیەتی پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا. وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆی ئەمڕۆ پێكهاتووە لە هەریەكە لە: • خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندی نێوان هەرێمو بەغداد • ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران • ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران • عەبدولحەلیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە. كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە: • یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستان نادەستورییەو هەڵدەوەشێندرێتەوە. • حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی. • سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە. • پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات. وەزارەتی نەوتی عێراق لای خۆیەوە دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێن كردووە بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی نەوتو غاز لە حكومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای دروستكردنی كۆمپانیایەك دەكات بۆ ئەوەی ئەم كۆمپانیایە دۆسیەی نەوتیو غازی هەرێم بگرێتە دەست.
عەبدولموتەڵیب رەفعەت خۆڵبارین یەکێکە لەو دیاردانەی کە هەندێ جار سروشتییەو وهەندێ جاریش کردەییە کە لە ئەنجامی کارە نا تەندروستیەکانی مرۆڤەوە دروست دەبێت. ئەم دیاردەیە بە هۆی راماڵینی خاکەوە دروست دەبێ بە هێزی با ودواتر دەنکۆڵەکانی خاک بەرز دەبنەوە بۆ بەرگی هەوایی وتا زیاتر لە ٢ کم لە ڕوی زەوییەوە. بۆ رودانی ئەم دیاردەییە بە شێوەیەکی سروشتی پێویستە خێرایی با زیاتر بێت لە ٢٥ کم/کاتژمێر لە شوێنی سەرچاوەوە کە زیاتر لە بیابانەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەکو بیابانی عەرەبی وبیابانی خۆرئاوای عیراق وهەندێ جاریش لە بیابانی ئەفریقیاوە. مەرجیش نییە خۆڵبارین تەنها لە بیابانەکانەوە سەرچاوە بگرێت چونکە زۆر جار لە زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە دروست دەبێت. ئەو زەوییانەی کە دەکەونە ناوچە وشک ونیمچە وشکەکانەوەو کە بە هۆی کەمی ڕوپۆشی ڕوەکی, کەم بارانی وبەرزی پلەکانی گەرمیەوە مادەی ئۆرگانیان زۆر کەممە وخاکەکانیان لاوازوە وبە تەواوەتی شی بوەتەوە, بۆیە ئەم تایبەتمندیانە وادەکەن کە خاکەکە بە ئاسانی لە گەڵ هەڵکردنی ڕەشەبادا بچێتە بەرگی هەواییەوە وبگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تر. هەروەها چالاکییە ناتەندروستیەکانی مرۆڤ لەو جۆرە زەوییانە وەکو جووتکردن بە شێوەیەکی نازانستی, بە کارهێنانی ئۆتۆمبێڵ لەو زەوییانە وچالاکییە سەربازییەکان زیاتر بەشی سەرەوەی خاک شیدەکەنەوەو توشی راماڵێن دێت بە با. پێکهاتەی خۆڵبارین بە پێی سەرچاوەکەی دەگوڕێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەنکۆڵەکانی خۆڵ (خاک) تیرەیان ٥٠٠ مایکرۆن یا کەمترە. وبە پێی کاریگەریان ورۆڵیان لە چڕی خوڵبارین وتوانای مانەوەیان لە بەرگی هەواییدا وکاریگەریان لە سەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ ئەکرێتە چوار بەشەوە: ١. زۆر زبر: ئەم دەنکۆڵانە تیرەیان نزیکەی ٥٠٠ مایکرۆنەو لە بەر کێشیانەوە تا چەند سانتێمێک یا چەند مەترێک بەرز دەبنەوە بەڵام لە ماوەیەکی یەجگار کورتتدا دادەبەزنەوە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر چڕی خۆڵبارین وهەروەها لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆر کەمە یا هەر نییە. ٢. زبر: تێرەی ئەم دەنکۆڵانە لە نێوان ١٠-٥٠٠ مایکرۆنن وتا قەبارەیان نزیک بێت لە ١٠ مایکرۆنەوە زیاتر لە بەرگە هەواییدا دەمێننەوە بەڵام مانەوەیان لە بەرگە هەوایی تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە ودواتر دادەبزنە سەر زەوی. وکاریگەریان لە سەر تەندروستی مرۆڤ هەیە بەڵام بە شێویەکی زۆر کەم. ٣. ورد: ئەم جۆرە دەنکۆڵانە تیرەیان لە نێوان ٥,٢-١٠ مایکرۆنە وبۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرگی هەواییدا دەمێننەوەو کاریگەریان زۆرە لە سەر تەندروستی مرۆڤ وبە تایبەتی لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان وتوشبوون بە هەستیاری چاوو کۆئەندامی هەناسەدان. ٤. زۆر ورد: ئەو دەنکۆڵانە دەگرێتەوە کە تیرەیان کەمترە لە ٥,٢ مایکرۆن. ئەم جۆرە دەنکۆڵانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە بە هەڵواسراوی لە بەرگی هەوا وهەندێ جار بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ رۆژ دەمێننەوە. وکاریگەری لە سەر تەندروستی مرۆڤ زۆرە ویەکێکە لە پڕمەترسیدارترین جورەکانی دەنکۆڵە و بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت لە هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەناسەدان. وئەم جۆرە دەنکۆڵانە زۆر بە ئاسانی تێکەڵ بە سوری خوێن دەبن وزۆر جار ئەم دەنکۆڵانە بە هۆی کرداری گۆڕینەوەی ئایۆنی (ion exchange) میتاڵە قورسەکانیان پێوەیە بۆیە ئەمەش مەترسیەکانی خۆڵبارین بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگا زیاتر دەکاتەوە. کاریگەرییە ژینگەییەکانی خۆڵبارین جگە لەوەی کە خوڵبارین هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ڕادەی بینین, لە گەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆری هەیە لە سەر هاوسەنگی نێوان تیشکی خۆر وتیشکی زەوی. وکواڵیتی هەوا بە تەواوەتی دەگورێت چونکە کاریگەری زۆری لە سەر رێژەی ئۆکسجین دەبێت. لەلایەکی ترەوە, بە هۆی وردی دەنکۆڵەکانی خۆڵبارینەوە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەنیشنەوە سەر گەڵای دارو ڕوەک وبەروبومە کێڵگەیەکانەوە بۆیە دەبێتە هۆی داخستنی ملولەی سەر گەڵای دارەکان ودەبێتە هۆی پەکخستنی کرداری ڕۆشنەپێکهاتن ودواتر وەرینی گەڵای دارەکان وکەمکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەروبومە کێڵگەییەکان. لە لایەکی ترەوە دوای نیشتنەوەیان لە سەر زەوی یا خاک دەبێتە هۆی تێکچونی پێکهاتەی خاک لە رووی کیمیاوی وفیزیاوی وبایۆڵۆجیەوە, ورێژەی میتاڵە قورسەکان لە خاک زیاد کات. تایبەت بە سەرچاوەکانی ئاو, دیاردەی خۆڵبارین هۆکارێکە بۆ زیادبوونی لێڵی ئاو وزۆر جار بە پێی خەستی خۆڵبارینەکە رێژەی ترشی وتفتی (pH)ی ئاو دەگورێت, وهەروەها رێژەی میتاڵە قورسەکان لە ئاو زیاد دەکات کە هەموو ئەمانە کاریگەریان لە سەر زیندەوەرانی ناو سەرچاوەکانی ئاو دەبێت وتەنانەت کواڵێتی ئاوەکە دەگوڕن. تایبەت بە کۆنترۆلکردنی یا کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین تەکنیکەکان دەگوڕێت بە پێی شوێنی سەرچاوە یا شوێنی هەڵکردنی خۆڵبارینەکە. لە روبەرە بچوکەکان پێویستە رێژەی مادەی ئۆرگانی لە نێو خاکدا زیادبکرێت ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی پاشماوە کشتوکاڵییەکان بە شێوەی زانستی وتێکەڵکردنی پاشماوەی ڕوەک وداری هاڕاو یا فراوانکردنی روپۆشی ڕوەکی ودروستکردنی پشتوێنەی سەوز لە دەوروپشتی شارەکان. هەندێ مادەی کیمیاویش بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو مادانە کاریگەریان لە سەر ژینگە زۆر خراپە بۆیە پێویست ناکات ئاماژەیان پێبکرێت. بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی خۆڵبارین لە بیابانەکانەوە، بە هۆی فراوانی روبەریان ئەوە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە نێوان ئەو وڵاتانەی کە خۆڵبارین کاریگەری دروستکردووە لە سەریان وەکو وڵاتانی کەنداو، عیراق، سوریا، ئێران وتورکیا و پێویستە بودجەی هاوبەشی بۆ تەرخان بکرێت بە مەبەستی ئیستغلالکردنی ئەو بیابانانە بە شێوەی زانستی. لە ئێستادا و بە هۆی کەمبارانی و وشکەساڵی کە هۆکارێکن بۆ زیادبونی دیاردەی خۆڵبارین، ئەوە زۆر پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڵاتیان هۆشیاربکەنەوە لە ڕووی کاریگەری خۆڵبارین لە سەر تەندروستی مرۆڤ وچۆنیەتی خۆپارێزێ لەم دیاردەیە. * مامۆستای زانکۆی گەرمیان
راپۆرت: درەو پارتیو یەكێتی لەسەر شەڕێك ناكۆكن كە 31 ساڵ لەمەوپێش رویداوە، پارتی سەروەرییەكانی شەڕەكە بۆخۆی دەگێڕێتەوە، یەكێتیش بۆ یەكەمجار ئەمساڵ هاتوتەسەر هێڵو داوای مافی خۆی لەو شەڕەدا دەكاتەوە، شەڕێك كە بارزانیو تاڵەبانی لەگەڵ سەددام كۆكردەوە بۆ دانوستان، تاڵەبانی لە دیداری تەمەنی خۆیدا لەبارەی ئەم شەڕەوە باسی "جەمەدانی"یەكەی بارزانی دەكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لەشەڕی غازەوە بۆ شەڕی كۆڕێ ! ئەم رۆژانە ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی، لەسەر پرسی غازو داهاتەكانو پۆستی سەرۆك كۆمار زیاتر قوڵبووەتەوەو سەریكێشاوە بۆ بابەتو رووداوە مێژووییەكانیش. چەند ساڵێكە پارتی لەرێگای میدیاكانییەوە، یادی شەڕی "كۆڕێ" دەكاتەوەو سەروەرییەكانی ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگەكانی خۆی دەگێڕێتەوەو یەكێتی بێدەنگە، بەڵام ئەمساڵ كە هەردوو حزب لەناكۆكی قوڵدان، یەكێتی بێدەنگ نەبوو، هاتوەتە سەر خەتو دەڵێ كۆڕێ داستانی پێشمەرگەی یەكێتییە نەك پارتی. لەبارەی شەڕی "كۆڕێ"وە دوای راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعسو كشانەوەی سوپای عێراق لە كوردستان، نزیكەی 25 رۆژ دواتر، سوپای عێراق خۆی كۆكردەوە بۆ داگیركردنەوەی كوردستان، رۆژی 28ی ئازاری 1991 سوپای عێراق لەماوەی دوو رۆژدا كەركوكی لەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە سەندەوە. دوای داگیركردنەوەی كەركوك، سوپای عێراق بەرەو هەولێر رۆیشت، رۆژی 31ی ئازار هەولێریشی داگیركردەوە، بەهەمان شێوە هێرش بۆسەر سلێمانیو ناوچە ئازادكراوەكانی تری كوردستان دەسیپێكرد، ئەمە كۆڕەوی لێكەوتەوە، خەڵكی كوردستان لە ترسی تۆڵەكردنەوەی بەعس، هەندێك بەرەو توركیاو هەندێكی تر بەرەو ئێران ئاوارەبوون. دوای داگیركردنەوەی هەولێر لەلایەن رژێمی بەعسەوە، بەرەی كوردستانیی كە لە (پارتیو یەكێتیو لایەنەكانی تر پێكهاتبوو)، بڕیاریدا دوو هێڵی بەرگریی بۆ روبەڕووبونەوەی بەعس دروستبكات، بۆ ئەوەی سوپای عێراق نەتوانێت بچێتە (پیرمان)، هێڵی یەكەمی بەرگریی لە (خانزاد) دانرا، هێڵی دووەمیش لە (سەری رەش). سەرباری ئەم دوو هێڵە بەرگرییەی هێزەكانی بەرەی كوردستانیی، رۆژی 6ی نیسان سوپای عێراق گەیشتە (پیرمام)، سوپای عێراق لە (پیرمانم) رانەوەستا، هێرشی بەرەو (كۆڕێ)و (شەقلاوە) دەستپێكرد، چونكە ئەو پێشمەرگانەی لە (پیرمام) بەرەنگارییان كردبوو، بەرەو (كۆڕێ) پاشەكشێیان كردبوو، لە (كۆڕێ) دوو شەڕ رویدا كە بە شەڕی یەكەمو شەڕی دووەمی كۆڕێ ناسراون. شەڕی یەكەمی كۆڕێ لە پاشنیوەڕۆی 7ی نیسانی 1991 شەڕی یەكەمی كۆڕێ رویدا، لەم شەڕەدا پێشمەرگە هێرشی سوپای عێراقی راوەستاند، نەیانهێشت هێزەكە بگاتە ناو (دەربەندی كۆڕێ). دوای ئەم سەركەوتنە، هێزەكانی بەرەی كوردستانیی (واتە هێزی هەموو لایەنەكان) سەرلەنوێ لە كۆڕێ كۆبونەوە، پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان بەسەر سەنگەرەكاندا دابەشكرانەوە، دابەشبوونەكە بەمشێوەیە بوو: • هێزی یەكێتیو زەحمەتكێشان لە شاخی (زیبكە) لە بەری رۆژهەڵاتی كۆڕێ جێگیر بوون • پێشمەرگەكانی پارتیو سۆسیالیستو حزبوڵای شۆڕشگێڕی كوردو حزبی شیوعیو بزوتنەوەی ئیسلامی لەسەر بەرزاییەكانی سەر كۆڕێ جێگیربوون • هێزێكی (پارتی گەل) لە رۆژئاوای شەقامی سەرەكی كۆڕێ- حوجران جێگیربوون بەرەبەیانی رۆژی 11ی نیسان شەڕی دووەمی (كۆڕێ) رویدا، كە شەڕە گەورەكەیە، لەم شەڕەشدا سەرلەنوێ هێزی سوپای عێراق شكا، دوای ئەو پێشڕەوییە زۆرەی كە كردبووی، هەولێرو سلێمانیو ناوچەكانی تری كوردستانی داگیركردبووەوە، ئەمە یەكەمجار بوو، سوپای عێراق روبەڕووی بەرگری پێشمەرگە ببێتەوەو هێزەكە بشكێت، ئەمە شەڕەو دیمەنی كۆڕەوی خەڵكی كورد وایكرد، رژێمی سەددام دوای كۆڕەو داوای دانوستان لەگەڵ بەرەی كوردستانیدا بكات. سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، هێزی هەموو لایەنەكان لەم شەڕانەدا بەشداربوون، ئاماری شەڕی "كۆڕێ" نیشانی دەدات لەم شەڕەدا (13) پێشمەرگە شەهیدبوون، شەهیدەكان بەمشێوەیە دابەشبوون بەسەر لایەنەكانی بەرەی كوردستانیدا: • یەكێتی: 9 شەهید • پارتی: 2 شەهید • بزوتنەوەی ئیسلامی: 2 شەهید نزیكەی (50) پێشمەرگەش لە هەموو لایەنەكانی بەرەی كوردستانیی لە شەڕەكەدا برینداربوون. مام جەلالو جەمەدانییەكەی بارزانی لە دیداری تەمەندا، مام جەلال سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبارەی شەڕی كۆڕێو دانوستان لەگەڵ بەعس دڵێ" مەسعود بارزانی لە كۆبونەوەی خەلیفاندا سوربوو لەسەر ئەوەی رێككەوتن لەگەڵ حكومەت مۆر بكاتو گوتی: من بەتەنیا ئیمزای دەكەم، من هیچ باوەڕم بە خەڵكی كوردستان نەماوە، من باوەڕم بە پێشمەرگەی پارتی نەماوە، كە لێمان قەوما لە هەموو ئەو پێشمەرگانەی پارتی پارتی كە لەگەڵمدا بوون، چل كەسم لەگەڵ مایەوە، ئەگەر لەبەرخاتری گۆڕی بارزانیو بیری بارزانی نەبوایە، ئەو جەمەدانییە سورەم دەخستە ژێر قۆندەرەكەمو هیچ باوەڕیشم بە پێشمەرگەی یەكێتی نییە كە لێمان قەوما تەنها دەستەكەی كۆسرەتو دەستەی حەسەن كوێستانیو چەند كەسێكی كەم مانەوە لە كۆڕێ، باوەڕم بەوە نەماوە خەڵكی كورد مقاوەمەتو خەبات بكاتو جارێكی تر نامەوێ ببمەوە پەنابەر لە ئێران، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە، ئەو رێككەوتنامەیە ئیمزا بكەم.. دوای ئەوەی مەسعود بارزانی ئەو قسانەی كرد، عەزیز محەمەد تكای كردو گوتی: كاك مەسعود من دەمەوێت داوات لێ بكەم، تۆ كوڕی بارزانیت، خەباتتان كردووە، گەلی كورد تێكۆشەرەو ئامادەی فیداكارییە، من تكات لێ دەكەم ئەوە مەڵێو مەیكە". دوای رووداوەكانی شەڕێ كۆڕێو كۆڕەوی خەڵكی كوردستان، تاڵەبانیو بارزانی هەردووكیان بە دەستپێشخەرییەكەی سەددام قایل بوونو چونە بەغداد بۆ دانوستان لەگەڵ رژێم. "هێزی بارزان شەڕی كرد" ئەو فەرماندانەی پارتی كە بەشدارییان لە هەردوو شەڕی "كۆڕێ"دا كردووە، لەوانە (سەعید ئەحمەد نادر) كە فەرماندەی هێزەكە بووە، باس لەوە دەكەن، هێزی بارزان سەرەتا شەڕی كردووەو سوپای عێراقی تێكشكاندووە، كە هێزی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی ئەم سەركەوتنەیان بینیوە، كۆبونەتەوەو لە شەڕی دووەمدا بەشدارییان كردووە، واتە سەرچاوەی سەركەوتنەكە بۆ هێزەكانی پارتی دەگەڕێننەوە. بەڵام حەسەن كوێستانی یەكێك لە فەرماندە سەربازییە دیارەكانی یەكێتی لەو شەڕانەدا لە یادەوەریەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لەهەردوو شەڕەكەدا ئەوان ئامادەبوون و لەسەنگەری پێشەوەدابون و سەرپەرشتی شەڕەكەی كردووە.
د.دارەوان حاجی حامید - پاریس دوای هەڵمەتێكی مامناوەندی هەڵبژاردنەكان بۆ سەرۆكی نوێ فەڕەنسا، ئەمڕۆ یەك شەممە، خولی یەكەمی دەنگدان بۆ سەرۆکایەتی فەرەنسا دەست پێدەکات، كە 47 ملیون دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە لە فەرەنسا. لهخولی یهكهم كاندید دهبێت دهنگی پهنجا كۆ یهك بهدهست بێنێت بۆ ئهوهی ببێته سهرۆك، هەر کاندیدێک لە خولی یەکەم ئەو ڕێژەیەی هێنا خولی دووەم ئەنجام نادرێت ، لە مێژووی فەرەنسا تەنها یەک جار ئەوە ڕویداوە ئەویش شارل دو گۆل بوە توانیویەتی هەرلە خولی یەکەم پەنجا +١ بەدەست بهێنیت، بە دلنیایەوە ئەو مێژوە جارێکی تر نزیکە لە مەحالەوە لە هیچ هەڵبژاردنێکی فەرەنسا دوبارە ببێتەوە، کەواتە له خولی دووهم لهنێوانی دووبراوهی یهكهمدا پێشبڕكێیهكه دهكرێتهوهو یهكێكیان دهبێته سهرۆك، مێژووی ڕاست و چەپ.. فهرهنسا لهمێژووی خۆیدا زۆربهی جاران سهرۆكی لهنێوان دوو پارت و دوو رهوتی ركابهری یهكدی ههڵبژاردوه یهكهمیان لهكۆماریهكان بوه بهنوێنهرایتی حیزبی راستڕهوی میناڕهو، لهناودارترینیان "شارل دیغۆل" بووه، دوای ئهویش " جۆرج بۆمبیدۆ وجاك شیراك ونیكۆڵاوس ساركۆزی" هاتوون، بهرهی دوهم له سۆسیالیستهكانن كهلهساڵی 1969 وهك باڵێكی پارتی كۆمۆنیست دهركهوتن و دواتر بونه پارتێكی چهپ، دوو سهرۆكیان بهركهوتوه ئهوانیش فرانسۆ میتران وفرانسۆ هۆڵاند بوون، بهڵام ئهو ههڵبژاردنهی ئهمجاره وهك هی جاری پێشوو خولی 2017 ئهو هاوسهنگیه نهماوهو ملمڵانێكهلهنێوان ئهو دوو رهوتهدا نیه، بهڵكو لهنێوان راسترهوهكان بهتایبهتیش راسترهوی پارێزگار كه ماكرۆن رابهرایهتی دهكا و راسترهوهی توندڕهوه كه مارین لۆپان وبهرهی چهپه كهكاندیدهكهیان" جان لۆك میڵانشۆن" ه كاندیدی تریش ههن كهلهوانهیه ٪ 10ی دهنگ بێنن لهوانه " ڤالیری بیكریس " لهپارتی كۆماری و" ئهریك زمور" لهپارتی توندڕهو. بەڵام تەنیا یەکێکیان شانسی بەهێزە، ئەویش (ژۆن لوک مێلۆشۆ) یە، کە بەپێی راپرسیەکان دەتوانێت لەسەدا هەڤدەی(17,4%). .دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بگاتە پلەی سێیەم لەدوای ماکرۆن و مارین لوپێنەوەیە. لەناو راستڕەوەکاندا ماکرۆن شانسی زیاترە و بەپێی راپرسیەکان ئەو دەتوانێت 26,2% کە ئەم رێژەیە ٢ ی زیاترە لەوەکەی ساڵی ٢٠١٧. لەدوای ماکرۆن مارین لوپێن بەهێزترینە . ئەو سەرۆکی پارتی یەکگرتووی نیشتمانی ە، کە پارتێکی راستڕەوی توندڕەوە و دوژمنێکی سەرسەختی بێگانەو کولتوورو دینیانە. چوارەمین کاندیدی بەهێز، دیسانەوە راستڕەوی توندڕەوە . دەتوانین بڵێین هێشتا مارین لوپێن میانەڕەوترە لەو. ئەویش ئێریک زێموور ە ، ئەو کەسێکی زۆر رۆشنبیری میدیاکارە و کەمتر لەساڵێک دەبێت پارتێکی دامەزراندوە بەناوی رزگاریی ( روکۆنکێت) دیارە مەبەستی لەرزگارکردنی فڕانسایە لەبێگانە و پەنابەر. بەپێی راپرسیەکان ئەو دەتوانێت رێژەی 8,8% ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت. چ کاندیدێک چانسی زیاترە؟ بهپێی زۆربهی راپرسییهكان، لە ٪ 66 لە فەرەنسیەكان پێیان وایە كە ئیمانیول ماكرۆن لە 24 ی ئەم مانگەدا، دووبارە هەڵئەبژێردرێتەوە بۆ ماوەی 5 ساڵی تر بۆ سەرۆكایەتی فەڕەنسا ."ئێمانوێل ماكرۆن" كه ئێستا ئیدارهی دوو دۆسیهی گهوره دهكات، جهنگی ئۆكراینا و سهرۆكایهتی یهكێتی ئهوروپا ،بهختی لهههمویان زیاترهو بۆ پێنج ساڵی تر پۆستی سهرۆكی فهرهنسا وهردهگرێتهوه. بهپێی ئهو راپرسیانهو لێدوان شیكاری سیاسیهكان بهوپێیهی ماكرۆن ئێستا پێگهیهكی بههیزی جیهانی بۆپهیدابوهلهسهر ئاستی سیاسهتی دیپلۆماسی جیهانیدا، بهتایبهتیش لهدوای ئهوهی " جۆ وبایدن" ی بوه سهرۆكی ئهمریكاو پێشتر لهسهر مهسهلهی توندڕهوهی و پۆپۆلیستی خهباتی هاوبهشیان كردوهوهاوئاراستهی سیاسهتی یهكترن ،جگهلهوهش زۆربهی وڵاتانی ئهوروپاش لهگهڵ ههڵبژاردنهوهیدان هەموو فەڕەنسییەكان بە پەرۆشەوە، چاوەڕوانی ئێوارەی ڕۆژی یەك شەممەی 10 ی ئەم مانگە سەعات 8 ی ئێوارە ئەكەن، هەموو چاوەكان لەسەر شاشەی تەلەڤیزیوونەكان ئەبێت بۆ سەرئەنجامی خوولی یەكەم و ئاشكرا بوونی ناوی دوو كاندید بۆ خوولی دووهەم . ئەوەی کەپێویستە بگوترێت ئەوەیە خەڵکی فەڕەنسا وشیارن و وابەستە نین بە ئایدۆلۆجیا و حەماسەتی حزبی. ئەوان هەیشە دەنگ بە پڕۆژە و بەژەوەندی و ژیانی تایبەتی خۆیان دەدەن. ئیتر گرنگ نیە کێ سەرۆکە و کێ لەدەسەڵاتە. ئەوەی گرنگە بەلای تاکی فڕانسیەوە : ( ئاستی گوزەران ، تەمەنی خانەنشین بوون، ئاسایش، زۆربوونی بێگانە و پەنابەر و هاوردەکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و دینیەکانیان، رێژەی تاکس و زەریبەدان، کێشەی بێکاری...). لەبەرئەوە ئەو کاندیدەی بتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە ئەوا بەدڵنیایەوە دەبێتە جێی متمانە، ئیتر سەر بەهەر رێچکە و پارت و باڵێک بێت.. ماوەتەوە بڵین کە خەڵکی فەرەنسا بڕیار دەدات سێ یەکی گەلی فڕانسایە کە هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە و ئەوان دەتوانن لەدوا چرکەدا سەر مێزەکە قڵپ بکەنەوە هەموان سەرسام بکەن.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە سەدەی ھەڤدەھەمەوە شارستانیەتێکی نوێ لە جیھاندا بە ناوی ”شارستانیەتی مۆدێرن”ەوە دروستدەبێت. ئەم شارستانیەتە لە زیاد لە بازنە و خاڵ و بەشێکی دنیادا دروستدەبێت و لە کۆتاییەکانی سەدی نۆزدەھەمیشدا دەگۆڕێت بۆ ”شارستانیەتێکی جیھانیی“. بە شێوازی جیاواز بە بەشە دوور و نزیەکانی جیھاندا بڵاودەبێتەوە. ڕاستە خۆرئاوا بەشی شێری لە دروستکردن و گەشەدان بەم شارستانیەتەدا بەردەکەوێت، بەڵام شارستانیەتی مۆدێرن تەنھا موڵکی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان نییە و بەشێکی گرنگی جیھان بەشدارە لە بەرھەمھێنانیدا. لەمڕۆشدا ئەم شارستانیەتە شارستاینەتیەکی گەردونییە، سەرجەمی کۆمەڵگاکانی جیھان لەناو دەرکەوتێک یان زیاد لە دەرکەوتێک لە دەرکەوتەکانیدا ئامادەن. ئەم بڵاوبوونەوەیە بەشێوەیەکە حەز و ئارەزوەکانی مرۆڤ، چاوەڕوانیی و ئومێدەکانی، وێناکردنەکانی بۆ خۆی و بۆ جیھان لەناو سنوورەکانی ئەم شارستانیەتە گەردونییەوە دێت و ئەوەی بەشی ھەرەزۆری مرۆڤەکان دەیانەوێت بەکارھێنان و خستنەگەڕی دەسکەوتەکانی ئەم شارستانیەتەیە لەناو ژیانی خۆیاندا. وەک ھەموو شارستانیەتیەکی ناو مێژووی مرۆڤایەتیی، ئەم شارستانیەتە تازەیەش، ڕوکاری تاریک و ترسناکی ھەیە، قەیران و کێشە و گرفتی تازەی لەگەڵخۆیدا ھێناوە، بەڵام ئەم نووسینە تەرخانە بۆ باسکردنی ڕووە ڕووناک و گەشاوەکانی ئەم شارستانیەتە، کە لە دونیای ئەمڕۆدا بوون بە سەرچاوەی دروستبوونی ”ھۆشیارییەکی گەردونیی“ لای ژمارەیەکی ھێجگار گەورەی دانیشتوانی ئەم ھەسارەیە. ئەم ھۆشیارییە گەردونییەش یەکێکە لە بەرھەمە ھەرە سەرەکیی و گرنگەکانی ئەم شارستانیەتە مۆدێرنە. خاڵی ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتیی لەم شارستانیەتەدا بریتییە لە گرنگیدانێکی ھەمەلایەن بە مرۆڤ، دانانی مرۆڤ وەک سێنتەری بوون لە جیھاندا. مشورخواردن و گەشەپێدان و پێشخستنی مرۆڤ خۆیشی وەک ئەرکی ژمارە یەکی ئەو شارستانیەتە. مەسەلەی بەختەوەریی و جوانتر و باشترکردنی ژیانی مرۆڤیش دەبێتە ماتۆڕی ناوەکیی ئیشکردنی ئەم شارستانیەتە، ئەوەشی وزە بەم ماتۆڕە ناوەکییە دەبەخشێت کۆمەڵێک میکانیزمە کە ھەرەسەرەکییەکانی بریتین لە: وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف، مافی مەدەنیی و سیاسیی و تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی. مشورخواردنی بەردەوام لە تەندروستیی عەقڵیی و سایکۆلۆژیی و فەرھەنگیی مرۆڤ. گەشەدان بە تواناکانی مرۆڤ لە باشترکردن و جوانترکردنی ژیانی خۆی و ژیانی ئەو ژینگەیەی لەناویدا دەژیی. باشترکردن و پێشخستنێکی ھەمەلایەنی ھەلومەرجەکانی ژیانی. گۆڕینی مرۆڤ خۆیشی بۆ بەھای ژمارە یەکی ناو سیستمی بەھاکان، لەباتی خێڵ و بنەماڵە و خێزان. دەستەبەرکردنی ئازادیی و گۆڕینی ئازادیی بە میکانیزمی سەرەکیی پەیوەندیکردنی مرۆڤ ھەم بە خودی خۆیەوە، ھەم بەوانیتر و بەو ژینگەیەوە کە لەناویدا ئەژی. ئازادیی بیرکردنەوە و ویژدان، شێوەژیان، ئازادی جوڵە و ھات و چۆ، ئازادی خۆڕێکخستن و بەشداربوون لە بەڕێوەبردنی ژیای گشتیدا، ھتد... ئینجا فیکرەی یەکسانیی مرۆڤەکان لەگەڵیەکتریدا. چ لە ڕووی یاسایی و چ لەڕێگای شێوازی مامەڵەکردندا. واتە دەستەبەرکردنی ئەو جۆرە لە یەکسانی کە تیایدا کەس لە کەسێکیتر خاوەنی مافی زیاتر یان کەمتر نییە. کەسناێک مەقامیان وەک مرۆڤ بەرزتر یان نزمتر نەێت لە مەقامی کەسانێکی تر. میکانیزمێکی گرنگی تری لە مامەڵەکردنی مرۆڤدا پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و وێناکردنی کەسەکانە وەک بوونەوەری خاوەن کەرامەت، کە ھیچ ھێزێک نەتوانێت ئەو کەرامەتە لە مرۆڤ لێبسێنێتەوە، یاخود بریندار و لەکەداری بکات. ئینجا بوونی یەک یاسا بۆ ھەمووان. لە پەیوەندیشیدا بە حوکمڕانان و حوکمڕانییەوە، ئەم شارستانەیەتە مافی ئەم حوکمڕانانەی لە ”مافێکی خودا“ییەوە گۆڕی بۆ مافێکی سەرزەمینیی، کە ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ دیاریکراو ڕێکیدەخات، گرێبەستێک تیایدا ڕێزی ئەو دیدە تازانە بۆ مرۆڤ و ماف و کەرامەت و ئازادییەکانی بگرێت و ھەمووان وەک ھاوڵاتیی یەکسان مامەڵەبکات. ھەموو ئەم بۆچون و دیدانە، کە وەک میکانیزمی ئیشکردنیش کاردەکەن، لە خاڵە ھەرە سەرەکیی و گرنگەکانی ئەم شارستانیەتە نوێیەن. دروستبوونی ئەم شارستانیەتە جیھانییە تازەیە، لەزۆر سەرەوە تەواو ناکۆکە بە سەرجەمی ئەو شارستانیەتانەی تر، کە بەرلە ھاتنی ئەم ئامادەبوون، ئەو شارستانیانەی پێیانوابوو کەسانێک لە کەسانێکیتر خاوەن مافتر و بەکەرامەتتر و ئازادتر و بەرزترن، باسیان لەوە دەکرد کەسانێک خودا دروستیکردون بۆئەوەی حوکمڕانبن و کەسانێکیتر بۆ ئەوەی ژێردەستی ئەو حوکمڕانانەبن، یاخود کۆمەڵێک سەروەربن و کۆمەڵێکیش ڕەعیەتی ئەوان. یاخود دەیانگوت کەسانێک ھەن خوداکردانە مەقامیان بەرزترە لە کەسانێکیتر، خوداکردانە مافیان زیاتر و کەرامەتیان زۆرتر و کەسیاتیان پیرۆزترە لە کەسانیتر. بۆیە لەدایکبوونی ئەم شارستانیەتە تازەیە قەیرانێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و ئینسانیی گەورە بۆ سەرجەمی شارستانیەتەکانی بەر لەخۆی دروستدەکات و ھەموویان دەخاتە ژێر فشاری بەخۆداچوونەوە و دەسکاریکردن و گۆڕان و تازەبوونەوەوە. نزیکەی پێنج سەدەیە سەرجەمی شارستانیەتە سونەتی و تەقلدییەکان لەژێر فشاری ڕوانینی تازەی ئەم شارستانیەتەدان بۆ مرۆڤ و ژیان و پێگەی مرۆڤ لە جیھاندا. پێنج سەدەشە بەھا و نرخ و ڕوانینەکانی ئەم شارستانەیەتە تازەیە بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە و کەڵەکەدەبێت، کەڵەکەبوونی ئەم بەھایانە، وەک کەڵەکەبوونی سەرمایە، یەکێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی جیھان لە چەند سەدەی ڕابردوودا. بە بۆچونی من لە دونیای ئەمڕۆدا بەشی ھەرەزۆری بەھاکانی ئەم شارستانیەتە نوێیە، تەواو بەجیھانیی بوون و زۆرینەی خەڵکی سەر ئەم ئەستێرەیە ئەو بەھایانە دەناسن و خوازیاری ئەوەشن بەپێی ئەو بەھایانە مامەڵەبکرێن و بژین. زۆرینەی ھەرەزۆری میلەتەکانی جیھانیش دەیانەوێت بەشێک لەم شارستانیەتە، بن. ھاوکات زۆربەی ھەرەزۆری ناڕەزاییەکانی خەڵک لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا، ناڕەزاییەکن بە زمانی ئەم بەھایانە ئەدوێن کە ئەم شارستانیەتە لەگەڵخۆیدا ھێناونی. ئەوانەی ڕادەپەڕن و دەچنە سەرشەقامەکان، ئەوانەی یاخیدەبن و بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وەک مرۆڤ دەنگھەڵدەبڕن، ھەموویان ، بە ناوی ئەو بەھایانەوە یاخیدەبن و بەرگریی لەخۆیان دەکەن، ئەو بەھایانە زمان و مانا و ناوەرۆک بە ناڕازیبوون و یاخیبوون و ڕاپەڕینەکانیان دەبەخشێت. زۆرینەی ئەوانەی ئەمڕۆکە توڕەن و ھاواردەکەن: ”ئێمەش مرۆڤین و مافمان ھەیە“ ”ئێمەش بەھا و نرخمان ھەیە“، ”ئێمەش کەرامەتمان ھەیە“، ”ئێمەش ژیانێکی ئازاد و یەکسانمان دەوێت“، ”ئێمەش دەمانەوێت وەک مرۆڤ ببینرێین و مامەڵەبکرێین“، بە زمان و بەھاکانی ئەم شارستانیەتە ئەدوێن. کاتێک مرۆڤەکانیش ھەستدەکەن یەکسان نین بەیەکتری، ڕێزیان ناگیرێت، بێمافدەکرێن، پەراوێزدەخرێن، ناھەقیان بەرامبەر دەکرێت، زۆرینەی ھەرەزۆریان بۆ ئەو بەھایانە و ئە پرنسیپە گشتییانە دەگەڕێنەوە کە ئەم شارستانیەتە نوێیە دروستیکردون. بۆیە ھەر ھێزێک، ھەر جیھانبینیی و گوتارێک، ھەوڵی چوونەدەرەوە لەو بەھایانە بدات، یان پەراوێز و بێرخیان بکات، یان وەک بەھای نامۆ بە ”کولتوری خۆمان“ بیناسێنێت، نەک تەنھا ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە بۆ بەر لە پێنج سەدە دەباتەوە، بەڵکو ڕێ لە سادەترین توانای گەشەکردن و بەرەوپێشوەچوونی ئینسانیی و ئەخلاقیی لە دونیای ئێمەدا دەگرێت. ھۆشیاریی مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە سەدان شێوە بەم ھۆشیارییە گەردونییە تێکەڵبووە. نکوڵیکردن لەم تێکەڵبوونە، بە ھەر ناوێکەوە بێت، تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤبوونی مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەدا ئەنجامئەدرێت.
شیكاری: درەو بەشی یەکەم جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لە چەند ڕوویەکەوە کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری جیهان بەجێهێشتووە، جگە لە دروستبوونی قەیرانی وزە کە لەگەڵ دەستپێکی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی، هاوکات هەڵئاواسانی نرخی شتومەک و داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی بەڕێژەی (1%) ڕویداوەو، پێدەچێت سیستمی دارایی جیهانیش لەت ببێت. دەستپێک دۆخی ئێستا گەواهی ئەوە دەدات کە جیهان لەبەردەم قەیرانی سیاسیی و ئاسایشی و ئابورییە، ئەویش بەهۆی ئەو بارگرژییەی لەم داواییانە کەوتووەتە لەنێوان و روسیا لە لایەک و ئۆکرانیا بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، بەتایبەتیش دۆخەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوە لەدوای ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن ڕوسیاوە دژ بەو وڵاتە. دەکەوتنی ئاسەوارە خێراکانی جەنگیش بەرەو ئەو ڕاستییە پەلکێشمان دەکات کە سیستمی جیهانی لە ئێستادا هاوشێوەی "گوندێکی جیهانی"یە وەک بەشێک لە شارەزایان ناویان لێناوە. هەر بۆیە هەڵگرسانی جەنگ بە خێرایی کاریگەریی کەسەر سیستمی جیهانی و دەبێت لە هەردوو کایەی سیاسی و ئابوری ڕەنگدانەوەکانی بەڕوونی دیارن، بەڵام کاریگەرییەکانی بە یەک ئاست و دابەش نەبووە بەسەر تەواوی هێزە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، بەڵکو بەشێکیان ڕاستەوخۆ و هەندێکیشیان بە ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری جەنگەکەدان. ئاراستەی جەنگەکە کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوون و ئاڵۆزبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانەکان، هەندێک وای دەبینین کە جەنگەکە هەڕەشە دەبێت لەسەر سیستمی ئێستای جیهان، بە تایبەت بەشێک لە وڵاتان هەست بە قەیرانێکی نوێی جیهانی دەکەن، لەم ڕونگەوەیە بەشێک لە شارەزایانی ئابوری عێراق کۆمەڵێک پرسیاریان لا گەڵاڵە بووە، دیارترین پرسیارەکان ئەوەیە: کاریگەری جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لەسەر ئابوری عێراق تا چ ئاستێک دەبێت؟ ئایا ئەو کاریگەرییانە کە بەشی گەوەرەیان لەسەر ئاستی ئابوری عێراق دەبێت کاریگەری باش (ئیجابی) یان خراپ (سلبی)یەکانی گەورەتر دەبێت؟ ڕەنگدانەوەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لەسەر دۆخی ئابوری جیهان لەگەڵ دەسپێکی هەڵگرسانی جەنگی نێوان روسیاو ئۆکرانیا و لە هەفتەی یەکەمدا کۆمەڵێک کاریگەری خنکێنەر باڵی بەسەر ئابوری جیهاندا کێشا، ئەم ڕاستییەش لە ئێستادا بە ئاشکرا بە بازاڕی جیهانییەوە دیارە، بەشی زۆریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕاستە جەنگەکە جەنگی نێوان دوو وڵاتە، بەڵام لە بازنەیەکی فرە سنوردایە جگە لەوەی ڕوسیا وڵاتێکی بەڕوبەر فراوانە هاوکات خاوەن ئابورییەکی زەبەلاحیشە لە جیهاندا، چونکە ڕوسیا لە سێ یەکەمەکەی جیهانە لە بەرهەمهێنانی نەوت، هەر وەکو چۆن لەگەڵ ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی (30%) گەنمی جیهان دابین دەکەن، سەرەرای دابینکردنی ڕۆنی ڕۆکی، ڕوسیا بە گەورەترین سەرچاوەی کانزای جیهان و خاوەن کشتوکاڵی گەورەو بەهێزە و هاوبەشی بازرگاکانی لەگەڵ نیوەی وڵاتانی جیهان هەیە. هەموو ئەمانە وادەکای کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانکراوبێت، بەپێی ئاماژە ئابورییەکان، پوختەی کاریگەرییەکان لە چەند خاڵێکدا ڕوون دەکەینەوە. 1. درێژبوونەوەی قەیرانەکان لەسەر سەرچاوەکانی وزە: روسیا شان بەشانی وڵاتانی ڕێکراوی ئۆپێک بەشدارە لە بازاڕی وزەی جیهانی (نەوت و غاز)، هەردوو لا پێکەوە پێداویستییەکانی بازاڕی نەوت و غاز پڕ دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی روسیا هێزێکی کاریگەری جیهانە لە بازاڕی وزەدا و بەپێی زانیارییەکان (31%)ی پێداوستی نەوتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و (30%) پێداویستی غازو (30%)ی پێداویستی غەڵوزی ئەو وڵاتانە پڕدەکاتەوە. بۆیە هەر جموجۆڵێک بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر روسیا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەت بۆ سەر کەرتی وزە، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوونی قەیرانی ئابوری گەورەتر، چونکە هەر کەمبوونەوەیەک لە خستنەڕووی نەوت و غاز، کاریگەری دەبێت کەسەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە بە ئاستێکی زۆر گەورە، ئەوەشی گەواهی ئەو ڕاستییەیە، لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەیەکی دورودرێژە کۆنترۆڵی نرخی وزە کراوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی سەپاندنی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی. (بڕوانە چارتی ژمارە (1 - 2)) چارتی ژمارە (1) https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/ چارتی ژمارە (2) https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart 2. هەڵئاوسانی جیهانی: سەرباری دروستبوونی هەر قەیرانێک لە کەرتی وزەدا ڕاستەوخۆ قەیران لە کەرتەکانی دیکەشدا دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەک لە ئۆکرانیاو ڕوسیا دوو بەرهەمهێنەرو هەناردەکاری سەرەکی شمەک و خۆراکن بە تایبەت لە گەنم و گەنمەشامی و کانزاکان، بۆیە دەبینین بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە نرخی ئەو شمەکانە ڕوویداوە، هێشتا بەرزبوونەوەکان بەردەوامیان هەیە، کە دەکرێت بە هەڵئاوسانێکی گەورەی جیهانی لە قەڵەم بدرێت، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی گەنم لە دەرەوە هاوردە دەکەن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) بوشل (bushel): یەکەی پێوانەیە بۆ پێوانی شمەکی وشکە بە تایبەتیش کێشانی بەروبوومی کشتوکاڵی، پیوانەکەش لە بەروبومێکەوە بۆ بەروبوومێکی دیکە دەگۆڕێت بۆ نمونە (1 بوشل = 27.2188 کیلۆگرام لە گەنم، بەڵام 1 بوشل = 20.412 کیلۆگرام لە گەنمەشامی) https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data 3. داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی: بێگومان جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا جۆرێک شێواوی بەخشیەوە بە دۆخی ئابوری ئێستای جیهان، کە دەبێتە هۆی پاشەکشە لە گەشەی ئابوری لە ساڵی 2022 – 2023، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەریتانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەشەی ئابوری جیهان بە تێکڕا (1%) دابەزیوە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمبوونەوەی خستنەڕووی وزەی ڕوسیا لە بازاڕەکانی جیهان، لای هەموانیش ئاشکرایە کە بەشێکی دەگەڕیتەوە بۆ سزاکانی سەر ڕوسیا، ئەمەش بووە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی بەرمهێنانی دەوڵەتانی وەبەرهێن بەهۆی ئەو نادڵنیایی و شێواوییەی لە بازاڕەکانی جیهان هاتووەتە ئاراوە. ئەمە جگە لەوەی جەنگ بەشێکی گەورەی لەو ئاڵوگۆڕو گواستنەوە وشکانی و ئاوییانەی بواری بازرگانی پەکخستووە، بەتایبەتیش ئەو گواستنەوانەی پێشتر بە سنوری ڕوسیاو ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبوون، وەکو چۆن لەم دواییانە ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە ڕاگرت، وڵاتی تورکیاش کۆت ئاستنەگی دروستکرد لە گەرووی بۆسفۆر بۆ ئاڵوگۆڕو گواستنەوە، ئەم بارودۆخانە پێکەوە گەشەی ئابوری جیهانیان پاشەکشە پێکردو پێدەکەن. 4. دابەشبوونی سیستمی دارایی جیهان: هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت سزا ئابوری و داراییەکانی سەر ڕوسیا زیاد بکەن، بۆیە هەر سزا سەپاندنێک بەسەر کۆمپانیا وبانک و دامەزراوە داراییەکانی ڕوسییەکان لە لایەن هەریەک لەو دەوڵەتانەوە کاریگەری گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت، وەک چۆن بینیمان دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی روسیا بۆسەر خاكی ئۆكرانیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێ لەدژ مۆسكۆ راگەیاندو جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رایگەیاند دەركردنی روسیا لە سیستمی "سویفت" تایبەت بە مامەڵە داراییەكان یەكێك دەبێتە لە بژاردەكان. بە گوێرەی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە حاڵەتێكدا ئەگەر روسیا لە سیستمی سویفت بكرێتە دەرەوە ئاستەم دەبێت دامەزاراوە داراییەكانی بتوانن پارە بۆ ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن، ئەوەش كۆمپانیا گەورەكانی روسیا دەخاتە حاڵەتی شۆك بە تایبەتی بۆ كڕیارەكانی نەوتوغاز. هەروەها راپۆرتێكی تۆڕی " ئێن بی سی نیوز" جەختدەكاتەوە كە دوورخستنەوەی روسیا لەو دامەزراوە بانكییە گرنگە دەبێتە هۆی دەستبەجێی گەیاندنی زیان بە ئابوری روسیا بە تایبەتی كە ئەوە بەواتای دابڕاندنی روسیا دێت لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانی لەوانەش داهاتی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز كە زیاتر لە 40%ی داهاتی روسیا پێكدەهێنێت. بۆیە بە گوێرەی راپۆرتێكی " سی ئێن ئێن" روسیا لەماوەی رابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی تایبەت بەخۆی بۆ حەواڵەكردنی دراو كە لە (20%)ی حەواڵە ناوخۆییەكانی پشتی پێدەبەستن. راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە كە سیستمی ئاڵۆگۆڕو حەواڵەی بانكیی روسیی بواری ئەوە بۆ مۆسكۆ دەڕەخسێنن كە بتوانێت لەگەڵ بانكەكانی چیندا مامەڵە داراییەكانی بكات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت و لەتی دەکات. سەرچاوەکان - علی عبدالرحیم العبودیّ، اڵاپار العالمیە للحرب الروسیە-اڵاوكرانیە وانعكاساتها علی الاقتصاد العراقی، مرکز البیان للدراسات والتخگیگ، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/04/65rtry.pdf - رەو میدیا، بۆچی بەكارهێنانی سیتمی سویفت دەبێتە گورزێكی تێكشكێنەر لەدژی روسیا، لینکی ڕاپۆرت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9768 - Average annual Brent crude oil price from 1976 to 2022; https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/ - Natural Gas Prices - Historical Chart; https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart - Wheat Prices - 40 Year Historical Chart https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data - Corn Prices - 59 Year Historical Chart; https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data - بوشل (Bushel)؛ https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D9%88%D8%B4%D9%84