سوننەكان لە گەڕێكی نوێی ناكۆكیدا
2022-12-14 09:40:25
راپۆرت: درەو
بڕیارە ئەیلولی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، لە ئێستاوە شەڕی ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە لەناو پێكهاتەی سوننە دەستیپێكردووە، شەڕێك كە بەشێك لە ماڵی شیعەی لەخۆی گلاندووەو رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكیشدا بەشێك لە كورد داخلی ئەم ململانێیە بكات، حەلبوسی هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكات، مالیكیو خەزعەلی پشتیوانی لە عەزم دەكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
فەرمانێك لە حەلبوسییەوە
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە فەرمانێكدا كە ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی كردووە، پاڵپشت بە ماددەی (3)ی هەمواری دووەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان داوایان لێدەكات سەرپەرەشتیو چاودێری كاری پارێزگارو جێگرەكانیان بكەن.
ماددەی سێ ئەم یاسایە كە ساڵی 2019 هەموار كراوە، بڕیاریداوە بە:
• كۆتایهێنان بە كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان (مەبەست لەو پارێزگایانەیە كە لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون، واتە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە).
• بەردەوامبوونی پارێزگارو جێگرو سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لە ئەركەكانیان (تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنێكی نوێی پارێزگاكان دەكرێت).
• بەپێی هەموارەكە، لەبری ئەنجومەنی پارێزگاكان، پەرلەمانتاران هەریەكەو بەپێی ئەو پارێزگایەی كە نوێنەرایەتی دەكات، دەبێت ئەركی سەرپەرەشتیكردنو چاودێریكردنی كاری پارێزگارو جێگرەكانی بگرێتە ئەستۆ.
دەركردنی ئەم فەرمانە لەلایەن حەلبوسیو بیرخستنەوەی پەرلەمانتاران بەوەی هەریەكەیان بەگوێرەی پارێزگاكەی خۆیان دەبێت چاودێری كاری پارێزگارەكان بكەن، لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە سوننەكان لەناوخۆیاندا بە ناكۆكییەكی قوڵدا تێپەڕ دەبن، ناكۆكییەك كە گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی حەلبوسی بەمدواییە لەچاوپێكەوتنێكدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هۆشداری بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دا، ئەگەر پشتیوانی لێ نەكەن، ئەو ساڵی داهاتوو دەست لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكێشێتەوەو ئەگەری هەیە پەنا بۆ بژاردەی دورتر لەمەش ببات.
كهمپهینێكی پێشوهختهی ههڵبژاردن
هاوشێوەی كوردو شیعە، ناكۆكی ناو ماڵی سوننەكانیش نوێ نییە، بەڵام هەرجارەو لە بەرگێكی نوێدا خۆی دەردەخات. ناكۆكی ئەمجارە زیاتر لەنێوان حزبی (تەقەدوم)ی محەمەد حەلبوسیو هاوپەیمانی (عەزم)ی موسەننا سامەڕائی قوڵ بوەتەوە.
حەلبوسیو سامەڕائی هەر لە سەرەتای قەیرانی سیاسی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئۆكتۆبەری 2021وە، هاوشێوەی پارتیو یەكێتی دابەشبوون بەسەر ناكۆكی ناو ماڵی شیعەدا، حەلبوسی لەگەڵ بارزانی رۆیشتو پاڵپشتی لە بەرەكەی موقتەدا سەدر كرد، سامەڕائیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی چووە بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كە پێیان دەوترێت بەرە ئێرانییەكەو پێكدێن لە هەریەكە لە (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی).
كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، حەلبوسی ناچار كرد پەیوەندی بە بەرەكەی ترەوە بكات، ئەمە بە ناچاری لەگەڵ موسەننا سامەڕائی كۆیكردەوەو پێكەوە لەچوارچێوەی ئیئتیلافی "ئیدارەی دەوڵەت"دا پشكی سوننەیان لە كێكی حكومەت بەسەر خۆیاندا دابەشكرد.
چەندینجار بە نێوەندگیری وڵاتانی ناوچەكەو هەندێكجاریش هۆزەكان، ئاشتەوایی لەنێوان ئەم دوو لایەنە سوننەدا كراوە، بەڵام هەركاتێك وادەی هەڵبژاردن نزیكدەبێتەوە ناكۆكییەكانیان سەرهەڵدەداتەوە.
ئەو ململانێیەی ئێستا سەریهەڵداتەوە زیاتر پەیوەندی بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە هەیە كە بڕیارە مانگی (ئەیلول)ی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەمە لەپاڵ هەندێك پۆستی تردا كە لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا پشكی سوننەكانە.
توندوبوونەوەی شەڕی راگەیاندانی نێوان هەردوو بەرە ناكۆكەكەی سوننە لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردووەوە دەستیپێكرد، ئەمەش دوای ئەوە هات لە چاوپێكەوتنێكدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی ئیدارە خۆجێییەكانەوە قسەی كردو باسی لەوە كرد، ئەو دوو پارێزگارەی كە لە (ئەنبار)و (نەینەوا) سەربە حزبی (تەقەدوم)ن سەركەوتوون لە كارەكانیاندا، بەڵام بەوتەی ئەو، پارێزگای (سەلاحەدین) كە سەربە هاوپەیمانی (عەزم)ە، شكستی هێناوە.
لەو كاتەوە شەڕێكی میدیایی نوێ لەناو لایەنە سوننەكاندا دەستی پێكردووە، میدیای نزیك لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بە نەرمی داخڵی ناو ململانێكان بوونو وا دەبینرێت پاڵپشتی لە موسەننا سامەڕائی دەكەن دژی حەلبوسی، لەم شەڕەدا هەردوو بەرەكە دژی یەكتر دەست بۆ دۆسیەی (گەندەڵی دارایی)و (خراپی بەڕێوەبردن) دەبەن لە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی "داعش"، تا دەگاتە تۆمەتباركردنی یەكتر بە كاركردن لەگەڵ (ئێران)، كە ئەمەش بابەتێكی هەستیارە لەناو شەقامی سوننەدا.
هاوپەیمانی عەزمو هەندێك لەو سیاسەتمەدارانەی تری سوننە كە دژی حەلبوسین دەڵێن تێبینیان لەسەر ئەدای حەلبوسی هەیەو ئاڕاستەیەك دروستبووە بۆ ئەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لاببرێت.
لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە بەپێی ئەو نەریتەی داكەوتووە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەورەترین پۆستە كە پشكی پێكهاتەی سوننەیە، ئەمە وایكردووە هەر كەسێك ئەم پۆستەی بەدەستەوە بێت وەكو سەركردەی ژمارە (1)ی سوننەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، حەلبوسی بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتەوە، سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پێگەی وەكو كارەكتەری ژمارە (1)ی سوننە بەهێزتر دەكات.
شیعهو كورد له ناكۆكی ناو ماڵی سوننهدا
عەزمو نەیارەكانی تری، حەلبوسی تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەیەوێت دەست بەسەر حكومەتە خۆجێییەكاندا بگرێت، بەوتەی ئەوان بۆ ئەمەش حەلبوسی سود لە هەژموونی خۆی وەردەگرێت وەكو سەرۆكی پەرلەمان، لەم شەڕەدا هەردوو بەرە سود لە هۆزە سوننەكان وەردەگرن.
سەركردەكانی هاوپەیمانی عەزم كە لەسەرەتای قەیرانی سیاسی ئەمجارەوە پاڵپشتیان لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كرد دژ بە موقتەدا سەدر، دەیانەوێت لەم شەڕەدا دژی حەلبوسی سود لە پاڵپشتی شیعەكانی چوارچێوە وەربگرن.
بەگشتی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە كە حكومەتەكەیان لەسەرەتای كاركردندایەو لە دەرەوەش چاوی موقتەدا سەدریان لەسەرە، زیاتر هەوڵی راگرتنی ئیئتیلافی حوكمڕان "ئیدارەی دەوڵەت" دەدەن بەمەبەستی سەرخستنی كابینەی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكەن هەریەكە لە نوری مالیكیو قەیس خەزعەلی لەوانەن كە پاڵپشتی هاوپەیمانی عەزم دەكەن بۆ خستنی محەمەد حەلبوسی، لەناو شیعەكانی چوارچێوەدا هەندێكی تریان بۆچونی جیاوازیان هەیەو پێیانوایە مانەوەی حەلبوسی باشترە، چونكە توانای مامەڵەكردن هەیە لەگەڵیدا.
پرسی لادانی حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناو لایەنە سوننەكاندا نوێ نییە، بەڵام بەربەستی سەرەكی ئەم هەنگاوە لەوەدایە نەیارەكانی حەلبوسی لە پەرلەمان قورسایی گەورەیان نییە، بۆیە هەر جارێك پەنا بۆ جوڵاندنی ئەم كەیسە دەبەن، ناچار دەبن لەبری هەنگاوی پەرلەمان بۆ لادانی، پەنا بۆ جوڵەی شەقام یان بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە كاراكانی تری ناو گۆڕەپانی سیاسی دەبەن، بەتایبەتی شیعەكانو كورد، سامەڕائی دۆستی بافڵ تاڵەبانییەو حەلبوسیش بەمدواییە بەهۆی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) زیاتر لە بارزانی نزیك بووەوە.
لەبەرامبەردا حەلبوسی جگە لەو زۆرینەی كە لەناو پەرلەمان هەیەتی، بۆ روبەڕووبونەوەی نەیارە سیاسییەكانی لە شەقامی سوننەدا پەنا بۆ نیشاندانی ئەو خزمەتگوزاریو ئاوەدانییە دەبات كە حزبەكەی (تەقەدوم) لە هەردوو پارێزگای ئەنبارو نەینەوا پێشكەشی كردووەو ئەمە بەراورد دەكات بە خراپی دۆخی پارێزگای سەلاحەدین كە بەدەست هاوپەیمانی عەزمەوەیە.
بۆ ئەم شەڕە نوێیە، حەلبوسی دەیەوێت سود لە بەرنامەی كابینەی نوێی محەمەد سودانی وەربگرێت كە دەیەوێت پێداچونەوە بە كاری پارێزگارەكاندا بكاتو ئەمە بەشێكە لە بەرنامەی كاری حكومەتە ئیئتیلافییەكە.