ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) موهەریج، یان لێبوک کەسێک نییە دونیا بگۆڕێت یان بیەوێت دەستکاری پەیوەندییەکانی دەسەڵات بکات، بەڵکو لەباشترین حاڵەتدا وات لێدەکات بە نماییشکردنی کۆمیدییانەی تراجیدیاکان بەخۆی پێکەنیت. ئەو حەقیقەتی کۆمەڵایەتیی وەکو خۆی قبووڵە، چونکە وەکو ماتریاڵ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەو ماتریاڵە تەنها بۆ کاتکوشتنە نەک کوشتنی زەمەنی ئەو واقیعەی کە گاڵتەی پێدەکات. ئەو لەناو دونیایەکی نادادپەروەر و خەمباردا قوربانییەکان ڕزگارناکات، ڕێگەیان نیشاننادات چۆن لەو دۆخە دەربازبن، بەڵکو هاوکاریی قوربانییەکان دەکات تەنها خەریکی گریان نەبن، بەڵکو شتێکی تریش هەیە ناوی پێکەنینە. دیکتاتۆرە ژیرەکان هیچ کاتێک دژ بە کۆمیک و کولتووری گاڵتەجاڕیی نەبوون، چونکە ئەو ڕاستییە باشدەزانن کە پێکەنین لە سەرەوە بۆ خوارەوە بڕوات باشترە وەکو لەوەی لە خوارە بۆ سەرەوە شۆڕبێتەوە. دیکتاتۆرەکان هەوڵدەدەن گەلەکەیان بە نوکتەی بێتام و قسەو کردەی گاڵتەجاڕییانەی سیاسەتمەدار و نووسەر و میدیاکار و پەرلەمانتارەکانیان ڕابهێنن و هەموو شتێک بکەن بە نوکتە و کەسایەتییەکانیش بە لێبوک. ئەم سیاسەتەش پێکەنین دەکات بە کردەیەک کە نەک تەنها وەزیفەی خۆبەتاڵکردنەوەی خەڵک لە خەم و ڕق و حەسرەت بگێڕێت و لەناو فشقیاتدا کەناڵیزەی بکات، بەڵکو هاوکات وەزیفەی خۆهەڵخەڵەتاندن و خۆخەڵەفاندنیش دەگێڕێت. لێبوک لە دابەشکردنی پێکەنیندا دادپەروەرە، چونکە دەتوانێت هەم کەسێکی کاربەدەست و هەم کەسێکی ئاساییش والێبکات کە بە یەک شت پێبکەنن. هەندێ جار کاربەدەستان وەک لێبوکێک ئەو نوکتانە دەگێڕنەوە کە لەسەر خۆیان دروستکراون، وەک ئەکتێک لە سنگفراوانیی و خاکییبوونی خۆیان نماییشیاندەکەن. کەسی لێبوک قەشمەری بە هەموو شتێک دێت، کاتیگۆری باش و خراپ، ڕەش و سپی، شۆڕشگێڕ و جاش لای ئەو بوونی نییە. پەیامی لێبوک پەیامێکی خاڵییە لە هەموو هەڵسەنگاندێکی ئەخلاقیی یان داوەرییکردنێکی سیاسیی. تاکە پەیامێکی لێبوک پێکەنینە بە دونیا و کردنی دونیای کۆمەڵایەتییمانە بە ڕووبەرێکی لووس کە هیچ زبرییەکی تێدا نییە. لێبوک بۆئەوەی نەبێت بە جێگای هەڕەشە و ڕەخنەی دەسەڵات و توشی ڕاونان و گرتن و کوشتن نەبێتەوە، خۆی دەکات بە گاڵتەجاڕ، بە گەمژە، بە نەزان و نەفام، هەندێ جاریش خۆی دەکات بە شێتێکی فیکریی یان فەیلەسوفێکی هەزەلیی، بۆئەوەی نەک تەنها بە بابەتەکەی پێبکەنین، بەڵکو بە خودی خۆشی. هەر کاتێکیش ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت یەکسەر بیری دەکەوێتەوە کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە و بۆیە ڕاستەوخۆ بەهەردوو دەستی دەمی دادەخات، بۆئەوەی بە گەمژەییەکەی بمانخاتە پێکەنین. ئەم مۆدێلە لە لێبوک لەو چرکەساتەی هەم گاڵتە بە دونیا و هەم بە خۆشی دەکات، هەموو ڕادیکاڵییەتێک لە دەستکارییکردنی دونیا لە بینەر یان گوێگر دەسەنێتەوە و سنووری کردەی ڕەخنە لەناو قەشمەرییاتدا زیندانییدەکات. لێبوک چەندە ڕەخنەی زبر لە بێدەسەڵاتان دەگرێت بۆئەوەی دەسەڵاتداران بخاتە پێکەنین ئەوەندەش ڕەخنەی ناسک لە دەسەڵاتداران دەگرێت بۆئەوەی هەر ئەوان بخاتەوە پێکەنین. لەوکاتەی لێبوک ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت ئامانجی گۆڕینی خودی دەسەڵات نییە، کەمکردنەوەی هەیبەتی سەرۆک نییە، بەڵکو داننانە بە واقعێکی دراماتیکی کە بە بڕوای ئەو دەستکارییناکرێت و جگە لە پێکەنین هیچی تر نییە بتوانێت تەعبیر لە چەمکی بێدەسەڵاتیی بکات. ستراتیژی ڕەخنەی لێبوک بریتییە لە: من دەتوانم بەناوی سوعبەتەوە پەلاماری هەموو کەسێک بدەم، هەر کاتێکیش مەترسییم بۆ دروستببێت، بە ئانقەست خۆم دەبورێنمەوە. ڕەخنەی گاڵتەجاڕ لە دەوڵەتی دیکتاتۆردا دەتوانێت ڕەخنەی دەسەڵات بکات بەو جۆرەی کە هێشتا ئۆپۆزیسیۆن لە قۆناغی کامڵبووندا نییە. بەمانایەکی تر لێبوک کاتێک دەتوانێت سەرۆک و دەسەڵاتداران بە ڕەخنەکانی بخاتە پێکەنین کە باس لە گەمژەیی گەلیش بکات. کەسی قەشمەر کەسایەتییەکی تایبەتمەندی هەیە، جێگای ڕیز و حورمەتە، هەرکاتێک ئەو قسەدەکات هەموو لێیکۆدەبنەوە و گوێڕایەڵی دەبن. ئەو وەک سەرۆکێک خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام دەسەڵاتی ئەو بۆ ئازاربەخشین نییە، بۆ هەڕەشە نییە، بەڵکو بۆ پێکەنین و کاتبەسەربردنە. قەشمەرییکردن ماسکێکە بۆ شاردنەوەی توندڕەوێتیی و پەنهانکردنی ناشرینیی و ڕەقیی وشە و پەلاماردانەکان. هەربۆیە کاتێک مرۆڤ قسەی ڕەق بە یەکێک دەڵیت و دەبێتە نیگەرانیی لای ئەوی تر، بۆ ئاساییکردنەوەی توڕەیی بەرامبەر پێیدەڵێت، گیانەکەم سوعبەتم کرد، بەجدیی وەریمەگرە! دەسەڵاتدارێتی کوردیی بەگشتیی و بەتایبەت پارتی مۆدێلێک لە سیاسەت و حیزبایەتیی و کولتووری لێبوکییان داهێناوە کە بە هەموو شێوەیەک قەشمەری بەم میللەتە دەکەن. گاڵتەجاڕییەکانی پارتی گەیشتۆتە ئاستێک کە هەر جارەی یەکێکیان و هەر کەڕەتەی بەشێوەیەک سواری ئەم کۆمەڵگایە دەبن، بۆنموونە کاتێک بارزانی بە ریفراندۆمەکەی سواری سەری خۆی بوو نەک کورسییەکەی خۆی، بەڵکو چارەنووسی میللەتێکیشی بەفەتارەتدا. دوێنێ ئەندام پەرلەمانتارێکی پارتەکەی بەناوی جەلال پەرێشانەوە هەڕەشەی ئەوە دەکات سواری هەموو ئەو کەسانە بێت کە ناوی پارتی بهێنێن. هەر ئەمڕۆش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت سواری عەقڵی میللەتەکەی بوو و دەڵێت: مافی موچەخۆر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نەخوراوە. حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان سەردەمانێکە هەم سیاسەت و هەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بە یانەیەک بۆ سێکسیست و قەشمەر و لێبوکەکانی حیزب.
درەو: 🔻لە هەولێر(6%)، لە سلێمانی (10%)، لە دهۆك (3%)ی دەنگیان بە هاوپەیمانێتیەكەی (یەكێتی و گۆڕان) داوە 🔻لە هەولێر(94%)، لە سلێمانی (90%)، لە دهۆك (97%)ی دەنگیان بە هاوپەیمانێتیەكەی (یەكێتی و گۆڕان) نەداوە دەنگی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی 10/10/2021: 🔻پارێزگای هەولێر: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,238,379 🔹دەنگی هاوپەیمانی: 70,107 رێژە 6% 🔹دەنگی بایكۆت لایەنەكانی تر: 1,168,272 رێژە 94% 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,425,705 🔹دەنگی هاوپەیمانی: 141,660 رێژە 10% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 1,284,045 رێژە 90% 🔻پارێزگای دهۆك : 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:822,703 🔹دەنگی هاوپەیمانی: 25,040 رێژە: 3% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 797,663 رێژە 97% رێژەی دەنگی هاوپەیمانی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (6%)ە سەرچاوەی ژمارەكان: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن
درەو: 🔻لە هەولێر(21%)، لە سلێمانی (4%)، لە دهۆك (32%)ی دەنگیان بە پارتی داوە 🔻لە هەولێر(79%)، لە سلێمانی (96%)، لە دهۆك (68%)ی دەنگیان بەپارتی نەداوە دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی 10/10/2021: 🔻پارێزگای هەولێر: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,238,379 🔹دەنگی پارتی: 262,800 رێژە 21% 🔹دەنگی بایكۆت لایەنەكانی تر: 975,597 رێژە 79% 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,425,705 🔹دەنگی پارتی: 54,891 رێژە 4% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 1,370,814 رێژە 96% 🔻پارێزگای دهۆك : 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:822,703 🔹دەنگی پارتی: 261,543 رێژە: 32% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 561,160 رێژە 68% رێژەی دەنگی پارتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (19%)ە سەرچاوەی ژمارەكان: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن
درەو: 🔻لە هەولێر(5%)، لە سلێمانی (8%)، لە دهۆك (3%)ی دەنگیان بەیەكێتیداوە 🔻لە هەولێر(95%)، لە سلێمانی (92%)، لە دهۆك (97%)ی دەنگیان بەیەكێتی نەداوە دەنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی 10/10/2021: 🔻پارێزگای هەولێر: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,238,379 🔹دەنگی یەكێتی: 65,862 رێژە 5% 🔹دەنگی بایكۆت لایەنەكانی تر: 1,172,517 رێژە 95% 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,425,705 🔹دەنگی یەكێتی: 123,814 رێژە 8% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 1,301,891 رێژە 92% 🔻پارێزگای دهۆك : 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:822,703 🔹دەنگی یەكێتی: 25,040 رێژە: 3% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 797,663 رێژە 97% - رێژەی دەنگی یەكێتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (5%)ە سەرچاوەی ژمارەكان: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن
راپۆرتی رۆژنامهی واشنتن پۆست كۆڵن پاوڵ دهیزانی كه بۆ ههمیشه ناوی ئهو دهبهسرێتهوه به داگیركارییه شومهكهی 2003ی عێراق لهلایهن ئهمریكاوه، دهبێت پێگهو ناوبانگهكهی باجی ئهو زانیارییه ههواڵگرییه ناراستانه بدات كه وهك پاساوێك بهكارهێنران بۆ روودانی جهنگ. "من درۆم نهكرد، نهمدهزانی كه راست نییه. من وهزیری دهرهوه بووم، نهك بهرێوهبهری دهزگای ههواڵگری،" ئهو له چاوپێكهوتنێكیدا وای وت، تهنها چهند مانگێك پاش ئهوهی داوای لێكرا دهست لهكاركێشانهوه پێشكهش بكات له ئیدارهكهی جۆرج دهبلیو بوش. بهڵام "من كاتێكی زۆر بهفیرۆ نادهم لهوهی سهیری ئاوێنهی روداوهكانی رابردوو بكهم، چونكه تازه تۆ ناتوانی هیچ شتێك بگۆریت،" ههروهها وتی: "من خهڵكم دیوه ناخی خۆیان خواردووه به زیندوویی، ئهویش به بیركرنهوه لهوهی دهیانتوانی چی شتێك بگۆرن." راستی كرد پاول، ئهو كه رۆژی 2 شهممهی رابردوو له تهمهنی 84 ساڵیدا به ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد ئهویش پاش وهرگرتنی چاسهری شێرپهنجه، نهك بههۆی بیركردنهوه له عێراق. ئهو زۆرینهی پاشماوهی ژیانی له قسهكردن بۆ خهڵك بهسهر برد سهبارهت به سهركردایهتی كردن و بههاكانی ئهمریكا. ئهو به وریاییهوهو زۆر سهركهوتوانه توانی ناوبانگی خۆی جارێكی دیكه دروست بكاتهوه وهك یهكێك له متمانه پێكراوترین كهسایهتییهكان له ئهمریكادا. بهڵام سهرهرای ههموو ههوڵو خۆ تهرخان كردنهكانی بۆ لهبیركردنی رۆڵی ئهو له دروستكردنی جهنگێكی پر مهسرهف و تێوهگلانی ئهمریكا له عێراق كه ئێستاش بهردهوامه، ئهو پهڵهیه به رابردووی ئهوهوه ههرگیز ناسرێتهوه. ههركات پرسیاری لێبكرایه لهوبارهیهوه، ههمیشه به ئهسهفێكهوه وهڵامی دهدایهوهو دهیوت. "زۆر به ئازاربوو". ههندێك كاتیش دهیوت "ئێستاش ئازارم دهدات". زیاتر له 4 ههزار ئهمریكی و سهدان ههزار هاوڵاتی مهدهنی عێراقی مردن بەهۆی ململانێی یاخی بوەکانەوە کە داگیرکردنی عێراق رێگەخۆشکەر بوو بۆ کردنەوەی ئەو دەرگایە. ههرچهنده عێراق ماوهیهكی زۆربوو وهك مهنجهڵی بوخار له ناوهوه دهكوڵا، بهڵام ئهوه چونه ژورهوهی هێزهكانی ئهمریكا و دهرهنجامی رهفتارهكانی جهنگ بوو كه سهری مهنجهڵهكهی تهقاندهوهو خهڵكی وڵاتهكهی له ناو توندوتیژی و قهیرانی ئابوریدا نوقم كرد. ئهوه جهنگێكی پێشتری ئهمریكابوو دژی عێراق كه خۆشهویستی و ناوبانگێكی گهورهی پێ بهخشی، وهك سهرۆكی دهستهی سهركردایهتی هاوبهش – گهنج ترین و یهكهمین رهشپێست كه ئهو پۆستهی وهرگرتبێت له مێژوودا – ئهوه كۆڵن پاوڵ بووك پێشنیاری بۆ جۆرج دهبلیو بوش كرد كه كۆتایی ساڵی 1990 كه بهشێوهیهكی فراوان و كاریگهر سهربازه ئهمریكییهكان بهكاربهێنێت بۆ پێچهوانهكردنهوهی داگیركارییهكهی عێراق بۆ كوهیت. نزیكهی 12 ساڵ له دوای ئهو روداوه كاتێك كابینهی نوێی ئهمریكا دهسهڵاتی گرته دهست، كه بریار بوو سهدام حوسهین دور بخهنهوه، كۆڵن پاوڵ ئهوكاته له پۆستێكی جیاوازدا بوو. چهند مانگێك پاش سوربونی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە سەدام حوسەین چەکی ئەتۆمی دروستکروە، کۆشکی سپی داوای لە پاول کرد کە ئامادەکاری بۆ داگیرکاری بکات. لە مانگی شوباتی 2003، لە کاتێکدا هێشتا ترسی ئەگەری دوبارەبونەوەی کردەوەی تیرۆرستی تەواوی ئەمریکای تەنی بوو، وەک سەرکردەیەکی سەربازی و ستراتیجی ئەمنی وتارێکی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی پێشکەش کردو ئەوەش هێزو متمانەی ئەوی زیاتر کرد. "هەر شتێک من ئەمرۆ دەیلێم پاڵپشتە بە چەندین سەرچاوەی بەهێز،" پاوڵ وتارهكهیدا وای وت كه تهنها چهند ههفتهیهك بهر له دهستپێكردنی داگیركارییهكه پێشكهشی كرد. "ئهمانه گریمانه نین، ئهوهی ئێمه پێتان دهدهین راستی و دهرهنجامهكانن لهسهر بنهمای زانیاری ههواڵگری تۆكمه." وتارهكهی سهركهوتنێكی گهورهی بهدهستهێنا، گومان و دودڵی خهڵكی نههێشت سهبارهت به داگیركارییهكه لهماوهی شهوێكدا. رۆژنامهنوسهكان له سهرتاسهری وڵاتدا بڵاویان كردهوه، ئهگهر پاوڵ وا بڵێت كهواته راسته. دواترو پاش ئهوهی پشكنهرانی نهتهوه یهكگرتووهكان و سهركرده سهربازییهكان چونه عێراقهوهو داگیریان كرد، هیچ بهڵگهیهكی چهكی ئهتۆمی و بایهلۆجییان نهدۆزییهوه. پاوڵ لۆمهی دهزگای ههواڵگری كرد كه زانیارییهكانیان ههڵهبوون، له جیاتی لۆمهی ههڵخهڵهتێنهرهكان و ئهوانهی كه حهزی داگیركارییان ههبوو. "ئهمه نهنگی و عهیبهیهكه له مێژووی مندا،" كۆڵن پاوڵ له چاوپێكهوتنێكدا له ساڵی 2005 وای وت.
راپۆرت: درەو مامۆستایانی وانەبێژی چەند رۆژێكە لە هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان دەستیان بە ناڕەزایەتیو مانگرتن كردووە، داوا دەكەن حكومەت دامەزراندنیان بۆ بكات، سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكە پەیوەندیدارە بە كێشەی ئەم توێژە، لە هەرێمی كوردستان (20 هەزار) مامۆستای وانەبێژ هەیە، حكومەت ئەگەر وەكو "گرێبەست"یش دامەزراند بۆ ئەم توێژە بكات، مانگانە (4 ملیار) دینار خەرجی بۆ زیاد دەبێت، مامۆستای وانەبێژ كێیە ؟ موچەكەی چۆنە ؟ حكومەت چۆن چارەسەری كێشەكانیان دەكات ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەی (درەو)دا. حكومەت لەبەردەم ناڕەزایەتییەكی نوێیدا مامۆستایانی وانەبێژ كە بەتێكڕا ژمارەیان (20 هەزار) مامۆستایە، چەند رۆژێكە لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانیو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاكان دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی كردوەتەوەو داوای دامەزراندن دەكەن، یان داوا دەكەم لانی كەم پلەكەیان لە "وانەبێژ"ەوە بكرێت بە "مامۆستای گرێبەست". ئەم توێژە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەهەمان شێوەی ئێستا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان سازدا، ئەوكات خۆپیشاندانەكەیان بەهۆی پێدانەدانی شایستەكانیان بوو بۆ ماوەی پێنج، مامۆستایانی وانەبێژ خەریكە دەبن بە ئاڵنگارییەكی نوێ بۆ كابینەی سیقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان). مامۆستای وانەبێژ كێیە ؟ ساڵی رابردوو بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (6 هەزار) مامۆستای "گرێبەست" كران بە "هەمیشەیی"، ئەم مامۆستایانە ماوەیەكی زۆر بوو كە بەشێوەی گرێبەست وانەیان دەوتەوە. لە هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لە ساڵی 2013وە پرۆسەی دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا راگیراوە، بەڵام بەهۆی پێویستی وەزارەتی پەروەردە بە مامۆستا، حكومەت بەناچاریی ژمارەیەكی زۆری مامۆستای تەنیا بە "وانەبێژ" دامەزراندووە، ئەمەش بەهۆی: - زیادبوونی ژمارەی خوێندكارانو قوتابخانەكان - خانەنشینبوونو مردنی بەشێك لە مامۆستایان - مۆڵەتو كۆچی دەرەوەی وڵاتی هەندێك لە مامۆستایان بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییانە، وەزارەتی پەروەردە بە میكانیزمێك شوێنی ئەم مامۆستایانەی بە مامۆستای "وانەبێژ" پڕكردەوە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە لەبەردەستی (درەو)دان، ساڵی 2019 نزیكەی (17 هەزارو 500) مامۆستای وانەبێژ لە خوێندنگەكاندا وانەیان وتوەتەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی مامۆستا وانەبێژەكان بۆ نزیكەی (20 هەزار) مامۆستا بەرزبوەتەوە. كۆی ژمارەی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردە نزیكەی (120 هەزار) مامۆستایە، بەم پێیەی مامۆستایانی "وانەبێژ" رێژەی (20%)ی كۆی مامۆستایان لە وەزارەتی پەروەردە پێكدەهێنن. ئێستا لە زۆرینەی قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستاندا مامۆستای وانەبێژ هەیە، تەنانەت لە هەندێك قوتابخانە، جگە بەڕێوەبەرەكەی سەرجەم مامۆستاكانی وانەبێژن، بۆ نموونە: • لە قەزای سەیدسادق (هەزارو 200) مامۆستای میلاك هەیە لەگەڵ (490) مامۆستای وانەبێژ، واتە (40%)ی كۆی مامۆستایان لەم قەزایەدا وانەبێژنو بەفەرمی دانەمەزرێندراون. • لە پەروەدەی بەردەڕەش، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ژمارەی مامۆستایانی میلاك زۆر زیاترە. موچەی مامۆستای وانەبێژ چۆنە ؟ مامۆستایانی وانەبێژ موچەیان جیاوازە لەو موچەیەی كە مامۆستای "گرێبەست"و "مامۆستای هەمیشەیی" وەریدەگرن. پێشتر هەر وانەبێژێك بەپێی ئەو وانەیەی دەیووتەوە پارەی بۆ ئەژماردەكرا، بۆ وتنەوەی هەر وانەیەك لە خوێندنگە، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی كە بڕوانامەی (دبلۆم)یان هەبوو بڕی (3 هەزار) دینار خەرج دەكرا، بۆ ئەوانەی بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)یان هەبوو بڕی (4 هەزار) دینار خەرجدەكرا. بەڵام لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوودا ئەم هاوكێشەیە گۆڕدرا، حكومەت موچەی مامۆستایانی وانەبێژی كرد بە پارچە "مەقتوع"، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو وانانەی كە وتویەتییەوە بڕی (300 هەزار) دیناری مانگانە بۆ ئەو مامۆستا وانەبێژانە دیاریكرا كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە، بڕی (250 هەزار) دیناریش بۆ ئەو مامۆستایانەی كە بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە. بەپێی ئەم موچە نوێیە، ئێستای خەرجی موچەی مانگانەی كۆی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان كە (20 هەزار) مامۆستان، بڕەكەی نزیكەی (5 ملیارو 500 ملیۆن) دینارە. ئەگەر حكومەت بڕیار بدات ئەم (20 هەزار) كەسە لە مامۆستای وانەبێژەوە بكات بە مامۆستای گرێبەست، موچەی ئەو مامۆستایانەی كە بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە مانگانە دەبێت بە (450 هەزار) دینارو ئەوانەشی بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان هەیە دەبێت بە (500 هەزار) دینار، بەمەش كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم توێژە دەبێت بە (9 ملیارو 500 ملیۆن)، واتە ئەگەر ئەم مامۆستایانە لە وانەبێژەوە بكرێن بە گرێبەست، حكومەت مانگانانە (4 ملیار) دینار خەرجی بۆ زیاد دەبێت. بەم زیادە خەرجییەوە، ئایا حكومەت بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی ئەم توێژە لە "وانەبێژ"ەوە بكات بە مامۆستای "گرێبەست". جیاوازی گرێبەست و وانەبێژ لەڕووی یاساییەوە، ئەگەر وانەبێژان بكرێنە گرێبەست، سەرباری ئەوەی موچەكانیان زیاد دەكات، قۆناغێك لە دامەزراندن نزیك دەبنەوە. ئەگەر وانەبێژان بكرێنە گرێبەست، گۆڕانكاری بەسەر ئەركو مافەكانیاندا دێت، لە باشترین حاڵدا موچەی مانگانەیان دواناكەوێت. ئەو وانەبێژانەی چەند رۆژێكە ناڕەزایەتییان دەردەبڕن، خەونیان ئەوەیە حكومەت وەكو مامۆستای هەمیشەیی دایانبمەزرێنێت، بەڵام تاڕادەیەك بەوەش قایلن بكرێن بە مامۆستای گرێبەست، چونكە: - مامۆستای وانەبێژ بێبەشە لە حسابكردنی خزمەتو دەرماڵە. - ناتوانێت گواستنەوە بكات لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر. - مۆڵەتی دایكایەتی نیە. - هەر وانەبێژێك منداڵی ببێت، بەبێ گوێدانە خزمەتەكەی كەسێكی دیكە لە شوێنی دادەنرێت. - وانەبێژان جگە لە پارەی وتنەوەی وانەكانیان كە زۆر كەمە، هیچ مافێكی تریان نیە. - لەكاتی پشووی هاوینو پشووەكانی تردا هیچ موچەیەك وەرناگرن. - لەگەڵ مامۆستایان موچە وەرناگرنو بەچەند مانگ جارێكو بەشێوازێكی جیاواز موچەیان پێدەدرێت. موچەی وەزارەتی پەروەردە موچەی مامۆستاو فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە، رێژەی (16.6%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت، لەكۆی (893 ملیارو 908 ملیۆن) دیناری كۆی موچەی مانگێكی موچەخۆران، وەزارەتی پەروەردە بڕی (149 ملیارو 505 ملیۆن) دیناری دەبات. ئێستا بە لێبڕی (21%)ی موچەی موچەخۆرانەوە، تێكڕای خەرجی موچەی وەزارەتی پەروەردە لە مانگێكدا (118 ملیار 109 ملیۆن) دینارە، خۆ ئەگەر ئەو (20 هەزار) وانەبێژە بكرێن بە گرێبەست، ئەوا نزیكەی (4 ملیار) دیناری تر بۆ خەرجی موچەی مانگانەی وەزارەتی پەروەردە زیاد دەبێت. ساڵی 2013 كە دواین پرۆژە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان پەسەندكرا، (3 هەزارو 350) كەس لە وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە، واتا ژمارەی فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە (164 هەزارو 216) فەرمانبەرەوە زیادكراوە بۆ (167 هەزارو 566) فەرمانبەر، بەڵام ئیتر لەو ساڵەوە دامەزراندن لەم وەزارەتە راگیراوە.
درەو: ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوەیە بە تایبەت لە نێو چینی گەنجان و دەرچوانی پەیمانگاو زانکۆ و تەنانەت خاوەن بڕوانامە باڵاکانی وڵاتیشی گرتووەتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی عێراق تێکڕای بێکاری لەکۆی ئەو هێزی کارەی گەنجانی تەمەن (15- 29) ساڵ پێکی دەهێنن لە ساڵی (2020) (13.74%)ی تێپەڕاندووەو. لەو ڕێژەیەش ناهاوسەنگی گەورە هەیە لە ڕووی ڕەگەزەوە و بەجۆرێک (10%)یان ڕەگەزی نێر و لە کاتێکدا پێوەری جیهانی بۆ بێکاری لە نێو (181) دەوڵەتی جیهاندا بۆ ڕەگەزی نێر بە تێکڕا (6.43%)ە، بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ لەو (181) دەوڵەتە (8.40%) تێکڕای پێوەری جهانییە، بەڵام لە عێراقدا (30.59%) بێکاری لە نێو ئافرەتانی گەنجی عێراقیدایە. بەپێی لێکۆڵینەوەو توێژیەنەوەکان ئەم ڕێژە بەرزەی بێکاری لە عێراقدا کۆمەڵیک لێکەوەتەی خراپی دەبێت لە سەر سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری وڵات، بەپێی توێژینەوەیەکی (بانکی ئەفریقی بۆ گوشەپێدان) لەساڵی (2013) لەسەر (24) دەوڵەت ئەنجامدراوە، گەیشتووە بەو دەرەنجامەی کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری ڕاستەوخۆ کاریگەری گەورەی لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتانە جێهێشتووە. جا نوێترین بەڵگەی بەردەست هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە لە مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری نزمترین ئاستی بەخۆوە بینی کە (41%)ی تێنەپەڕاندو ئەمەش دەکرێت بڵێین وەڵامدانەوەیەکی گەورەی هاوڵاتیانی عێراقە بۆ حیزبە سیاسییەکان کە وەک پێویست لە خزمەتی هاوڵاتیان نەبوونەو دەکرێت نەبوونی دەرفەتی کار یەکێک بێت لە هۆکارەکان و لە داهاتووشدا گرفتی گەورەتر بێتە پێشەوەو کاریگەری لەسەر سەقامگیری عێراق جێبهێڵێت. پێشینەی بێکاری لە عێراق دوای 2003 لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە مەبەستمان لە بێکاری ئەو چینەیە کە وەک دەستی کار بەردەستن و ئامادەی کارن، بەڵام کارێک نیە بکەن و بەدوایدا دەگەڕێن. سەرباری ئەوەی پەیماننامەو جاڕنامە جیهانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە مافی گەنجانە بەسەر دەوڵەتانەوە کە دەرفەتی گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت لە بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا، ئەمە لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی (2005) و سیاسەتی گشتی وڵات و بەگەڕخستنی نیشتمانی (2013-2017) و سترتیجی نیشتمانی بۆ گەنجان (2013-2020) جەختیان لێکراوەتەوە. بەپێی ڕوپیوی بێکاری لە ساڵی 2003، ڕێژەکەی لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێشتر هیچ کارێکیان نەبووەو بەدوای کاردا دەگەڕان لە تەمەنی (15-24) ساڵ گەیشتبووە (26.6%)، ئەوانەشی پێشتر کاریان هەبووەو بەدوای کاردا گەڕاون (3.7%) بووە لە هەمان گروپی ئەو تەمەنە. لە ساڵی 2006 بە وەرگرتنی سامپڵێک لە نێوان (89 هەزار و 658) کەس (15 هەزار و 228) کەسیان بێکاربوونە، بۆ گروپەکانی دیکەی تەمەنی گەنجان گۆڕنکاری بەسەر ژمارەکاندا هاتووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) ساڵی (2017) ڕێژەی بێکاری بۆ دەستی کاری (15) ساڵ سەرو (14%) بووە، بۆ تەمەنی (15-24) ساڵ ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ (28%). بەشی هەر زۆری ئەو بێکارییەش لە نێو ئافرەتاندا بووە. چارتی ژمارە (1) زیادبوونی ڕێژەی بەرزی دیاردەی بێکاری بە تایبەت لە نێو گەنجاندا و نەڕەخساندنی هەلی کاری پێویست بەراورد بە خواستی دەستی کار، کاریگەری گەورە لەسەرکۆمەڵگاو ئاستی بژێوی هاوڵاتیان دەکات و ڕەنگدانەوەی جدی جێدەهێڵێت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لادان و بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تاوان و توندوتیژی گشتی و خێزانی و پەرەسەندنی هەژاری و ئاسایشی تەندروستی و ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەو خوێندەواری. سەرەنجام سەردەکێشێت بۆ دروسبوونی هەڕەشەی توند لەسەر سیستمی سیاسی و سەرهەڵدانی ململانێی کۆمەڵایەتی و دەرەنجام لەدەستدانی سەقامگیری وڵات. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) کە تێکڕای ڕێژەی بێکاری نیشان دەدات لە ماوەی نێوان ساڵانی (2013-2020). چارتی ژمارە (2) بێکاری لای ئافرەتان و ئامارە ترسناکەکان وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2020 ڕێژەی بێکاری بە (%13.74) تۆمار کراوە، لەسەر ئاستی لەنێو چینی گەنجان و لاواندا و ڕێژەی بێکاری بۆ ڕەگەزی نێر بە (10%) تۆمار کراوە، بەڵام بۆ ڕەگەزی مێ تێکڕای بێکاری ئامارەکە زۆر گەورەترەو سێ هێندەی ڕەگەزی نێرەو دەگاتە (%30.59). (بڕوانە چارتی ژمارە (3))کە ڕێژەی بەرزی بێکاری لە نێو ئافرەتاندا نیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2012-2018). چارتی ژمارە (3) کاتێک لە ئامارەکانی سەرەوە دەڕوانین بەڕونی دەبینین تێکڕای بێ کاری لای ئافرەتان بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، بۆ نمونە لە ساڵی 2012 ڕێژەی بێکاری لە نێو ئەم ڕەگەزەدا (12.49%)یە، لە ساڵی 2013 گەیشتووە بە (16.9%)، تا زیاتر ساڵەکان بەرەو پێش دەچن وێنەکان بەرزبوونەوەی زیاتری بێکاری لە نێو ڕەگەزی مێدا نیشان دەدات، وەک دەبینین لە ساڵی 2018 تێکڕای بێکارییان گەیشتووە بە (30.75%) و لە 2019دا شتێکی ئەوتۆ ڕوی نەداوەو گەیشتووە بە (30.59%). هۆکارەکانی ئەم دیارەیەش بێگومان لە چەند دانەیەک زیاترن، پاشەکشەی کەرتی گشتی و نەبوونی دامەزراندن بەشێکی گەورەی هۆکاری تەشەنەسەندنی بێکارییە بە تایبەت لە نێو ئافرەتاندا، سەرەڕای هۆکارەکانی کلتوری کومەڵایەتی و ئاستەنگەکانی کار لە کەرتی تایبەت و بەتایبەتیش بۆ ڕەگەزی مێ و تەسکبوونەوەی هەلی کار لەم کەرتەدا. هێزی کاری ئافرەتان لە نێو کاردا ڕێژەیەکی بەرز نییەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))، کە هێزی کاری ئافرەتان دەردەخات لە بازاڕی کاردا لەماوەی نێوان ساڵانی (2012-2019) کە لە ساڵی (2016) بەرزترین ڕێژەی تۆمارە کردووەو گەیشتووە بە (14.58%)، نزمترینی هێزی کاری ئافرەتان لە (2017) تۆمار کراوە کە (11.28%) بووە. چارتی ژمارە (4) بێکاری لە نێو پیاواندا لەگەڵ گەشەی دانیشتوان لە عێراقدا ڕێژەی بێکاری لە پەرەسەندندایە، چونکە گەشەی دانیشتوان فشارێکی گەورەیە لەسەر بازاڕی کار و نەیتوانیوە لە ئاستی پێداویستی گەشەسەندنی هێزی کاردابێت، لەگەڵ زیادبوو ژمارەی ساڵەکان تێکڕای بێکاریش زیادی کردووە، بۆ نمونە لە ساڵی (2012) بێکاری لە نێو ڕەگەزی نێردا (7.22%) بووە، بەڵام بەشێوەیەکی تەدریجی ڕێژەکە لە سالێ (2017) گەیشتووە بە (10.28%)، هەربۆیە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و کۆنترۆڵ نەکردنی هەڵئاوسانی دانیشتوان، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، ئەمانەش ئاڵنگاری گەورە دەبن لەبەردەم کۆمەڵگاو حکومەت کە ساڵانی داهاتوودا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)) کە ڕێژەی بێکاری لەنێو ڕەگەزی نێردا پیشان دەدات لە ماوەی ساڵانی (2012-2019). چارتی ژمارە (5) ئەوەی دەربارەی بازاڕی کارە لە عێراقدا پیاون بەشی هەر زۆرییان پڕکردووەتەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)) هێزی کاری پیاوان نیشان دەدات لە بازاڕی کاردا لە ماوەی (2012-2019)، پیاوان لە ساڵی (2018) بەرزترین ڕێژەیان تۆمار کردووە لە بازاڕی کارداو گەیشتووە بە (74.31%) و کەمترین ڕێژەی تۆمارکراویش ساڵی (2012)یە کە ڕێژەکە (72.5%) بووە. چارتی ژمارە (6) سەرچاوە؛ ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوە و پلاندانان https://www.bayancenter.org/2021/10/7589/
درەو: ئەلكسەندەر نازارۆڤ - RT رەجب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی سیاسەتێکی جیاواز لە پەیوەندییەکانی دەرەوی وڵاتەکەیدا پەیڕەو بکات، بەنیازە لەو سۆنگەیەوە تەحەدای کۆمەڵێک وڵات بکات کە بەراورد بە وڵاتەکەی خۆی زۆربەهێزترن. ئەو شێوازەی کە ئەردۆغان، ئێستا پەیڕەوی دەکات تاڕادەیەکی زۆرهاوشێوەی ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر(ئەدۆڵف هیتلەر) کە لە دەمی جەنگی جیهانی دووەمەدا پەیڕەوی کردبوو، کە بریتی بوو لە قۆستنەوەی خاڵە دژ بەیەکەکانی نەیارەکانیی ودواتر بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەجۆرێک بتوانێت دواتر دژ بەلایەنی سێهەمیش بەکاریان بهێنێت. ئەم جۆرە پلان وگەمانە پێدەچێت دواتر بگۆڕدرێت بۆ بابەتێکی ئەرێنی، کێشەکانی ئەنکەرە و واشنتن، ئێستا زۆر دڵخۆشکەرن بۆ روسیا، هاوکات کێشیەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیاش بەتایبەتی لە ناوچەکانی "قەرەباغ وئوکراینا" دڵخۆشکەرن وسودی بەرچاویان هەیە بۆ واشنتن. ئەو گەمانەی کە لەم جۆرەن، یاریزان تێیدا ناچاردەبێت لەیەک کاتدا پارێزگاری لە هەماهەنگیی وململانێیەکانی بکات بەهەمان ئاراستەو و لەگەڵ هەموو کارکتەرەکانی نێو ئەو گەمەیە، هاتنەناوەوەی یاریزانی نوێیش بۆ ناو گۆڕەپانەکە، وادەکات ئەو لایەنه وبەرێژەیەکی باش بتوانێت پارێزگاریی لە هاوسەنگی ومانۆڕی خۆی بکات، بۆیە نامۆ نییە خەڵکانێکی زۆر ڕقیان لە ئەردۆغان بێت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستیانیش پێی هەیە. کەمی سامانە سروشتییەکانی تورکیا، پاڵنەڕێکی سەرەکی بووە بۆئەوەی ئەردۆغان ئەو جۆرە سیاستە بگرێتەبەر، لەسەرووی هەموویانەوە سەرچاوەکانی وزە، تورکیا بەراورد بە بەشێک لە دراوسێیەکانی نە نەوتی هەیە نە گازی سروشتی، لە هەمانکاتیشدا کەلێنێکی گەورە و بەرچاو بەدی دەکرێت لە داهاتەکانیدا، بۆیە ئەو خاڵە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لەتێکدانی و شڵەژانی سەقامگیری وڵاتەکەی. ئەنجامی کۆتایی ئەم جۆرە گەمانە "گێژاوە"، گەمە ئابورییە بچووکەکەی تورکیا ئێستا بێت یان دواتر هەر بە شکست کۆتایی دێیت. سەرباری ئەوەی کە دۆخی ئابوریی تورکیا ناهەموارە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت تا ئەم ئان وساتە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. رێژەی کورتهێنان لە بودجەی گشتی تورکیا لەنێوان مانگەکانی کانونی یەکەم وتەموزی ئەمساڵدا 9)ملیار( دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام سەرباری ئەوەش دۆخی ئابوریی ئەو وڵاتە زۆرباشتربووە لەو دۆخەی کە تورکیا پێیدا گوزەریکرد لەسەروبەندی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، ئەو بەراوردە وەک ئەوە وایە کە هەموو کەس دەزانێت مردن یەکە ( ڕێژەی نەگۆڕە)، بەڵام هۆکارەکانی جیاوازن بۆ نمونە شێوازی مردنەکە بە "گولـلـه" بێت یان بە تەقینەوەی "بۆمبی ئەتۆمی"، بۆیە ئەنجامی ئەو گەمەیە بۆتورکیا هەرمایە پووچبوونە لە کۆتاییدا. ئەردۆغان پارەدارکردنی سەرکێشییەکانی دەرەوەی بووەتە "مۆتەکە" بۆی، کورتهێنانی بودجەش زیاتر دۆخەکەی ئاڵۆزترکردووە، سەرەڕای ئەوەش کێشەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دۆخەکەی زیاترنەرێنی ترکردووە. هەوڵە بەردەوامەکانی ئەردۆگان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی تەمویل، وایکردووە سیستمی دارایی تورکیا دوچاری هەرەس و ڕۆچوون بکاتەوە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە ناچاربکات دراوی بێ پشتیوان (بێ کەڤەر) چاب بکات ورێژەی سوود بۆ ئاستێکی کەمتردیاری دەست نیشان بکات. خستنەڕووی نەختینەی (M1) بەرێژەی 18% زیادی کردووە لەنێوان مانگی تشرینی یەکەمی 2020 و تاوەکو مانگی ئەیلولی 2021. پێش هەفتەیەک لەمەوبەر، ئەردۆگان سێ ئەندامی لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی لە بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی لەکارەکانیان دوورخستەوە کەدژایەتی رێکارەکانی کەمکردنەوەی زیاتری نرخی سودیان کردبوو، پێشترئەردۆگان سێ جار سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکەی گۆڕیوە بە بیانووی جیاجیا. ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو بانکی ناوەندیی تورکیا نرخی سودی بۆ جارێکی دیکە کەمکردەوە بۆ 16%، کە ئەوەش وایکرد بەهای لیرەی تورکیا زیاتر پاشەکشەی بکات بەڕێژەی 2.7% کە ئەوەش بەراورد بەساڵی رابردوو لیرە بەرێژەی 27% بەهاکەی لە دەستداوە. بانکی ناوەندی لەهەوڵی ئەوەدایە هاڕەکردنی دراوی نیشتیمانی وڵاتەکەی لە ئاستێکدایە رابگرێت، ئەوەش لەرێگەی زیادکردنی رێژەی خەرجکردن لەیەدەکی وڵات. لە نیسانی ئەمساڵدا، ئەردۆغان ڕایگەیاند، بەمەبەستی فەراهەمکردنی سەقامگیری ئابوری لە وڵاتەکەیدا، نزیکەی( 165 ملیار) دۆلاریان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خەرجکردووە، کە ئەوەش وایکردووە یەدەگی نەختینەیی بیانی لە بانکی ناوەندی تورکیا لە کۆتایی 2019 بەرێژەیەکی مەترسیدار وبێ پێشینە لە (41 ملیار) دۆلارەوە کەم بکات تەنها بۆ( 8 ملیار دولار)، بەڵام جارێکی تر ئاستی یەدەکی بانکی ناوەندی تورکیا لەمانگی ئەیلولی رابردوو بەرزبوویەوە بۆ زیاتر لە( 27 ملیار ) دۆلار. هاوکات تورکیا بەبەهای زیاترلە(40 ملیار دۆلار) خاوەنی زیری عەمبارکراوە، وبە بەهای( 65 ملیاردۆلار) یەدەکی پارێزراوی هەیە کە تایبەتە بە بە بانکە بازرگانییەکان. سەرچاوەی سەرەکی بەدەستهێنانی دراوی بیانی( نەختینەی سەخت) بۆبانکی ناوەندیی تورکیا، ئەو رێککەوتنانەیە کە پێیان دەگوترێت ( ڕێکەوتنی ئاڵۆگۆڕی دراوەکان). لەمانکی حوزەیرانی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی تورکیا بڵاویکردەوە، لەگەڵ چوار وڵات گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن. هەرلە مانگی حوزەیراندا ئەردۆگان ڕایگەیاند، وڵاتی چین ڕەزامەندی داوە لەسەر پلانی زیادکردنی ئاڵۆگۆڕ لە نێوان هەردوو وڵات بە بەهای (6 ملیار دۆلار)، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر وڵاتی قەتەر بڕی( 15 ملیار دۆلار)ی بەخشی بوو بە تورکیا.ئەوەی جی سەرنجە هەر لەمانگی حوزیراندا، بانکی ناوەندیی تورکیا بڕیاریدا مامەڵەکانی بە دراوی " یوان" چینی ئەنجامبدات وەک بەشێک لەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژووی کردووە. داڕمانی بەهای " لیرە"ی تورکیا ئازاربەخش و کەمەرشکینە بۆ تورکیا، جگەلەوەش کایەی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەدەست کورتهێنانێکی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت کە بەهاکەی لەمانگی ئابی 2021 گەیشتە( 4.26 ) ملیار دۆلار، هاوکات (ئەژمێری ئێستا)" ی ئەو وڵاتەش دوچاری کورتهێنان بووەتەوە. بۆیە شتێکی سەیرو نامۆنییە ئەگەر رێژەی هەڵاوسان لەماوەی ساڵێکدا لە 11% هەڵکشێت بۆ زیاتر19%. ئەو جۆرە گرفتە ئابوریانەی کەڕووبەڕووی وڵاتان دەبێتەوە، هەندێک جار وادەکات هەڵاوسان ڕادەبەدربێت وتێکرای دیاریکراوی خۆی تێپەڕبکات، لەدۆخێکی لەو شێوەیەدا ئەستەمە هیچ سیستمێکی دارایی بتوانێت بەربەرکانی بکات و بەزیندوویی بمێنێتەوە. کە ئەوەش دواتر بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابوریی سەختی لێدەکەوێتەوە. سەرۆککۆماری تورکیا لەهەوڵی بێ وچاندایە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵاوسان نزیک بکاتەوە لەتێکرا ئاساییەکان، بەڵام ئەو هەوڵانە بەئاسانی ناتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، ئەو شڵژانە نوێیانەی کە دووچاری بازار بوونەتەوە پێدەچێت ڕەوتی ئەو بابەتە خێراتر بکات وتورکیا بە هەمان رێچکەی فینزویلا پیادە بکات. پێیم وایە ئەم دۆخە، ئەردۆگان ناچار دەکات دەستبەرداری چالاکییەکانی تورکیا بێت لە سیاسەتی دەرەوە، بێ گومانیش دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی بکات، بەڵام دەبێت دەستوبرد بکات وخۆی یەکلایی بکاتەوە لە بەردەوامبوون لەسەر ڕەوتی سیاسەتی دەرەوەی، یان تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی وڵاتەکەی، ئەوکات دەبێت بزانین کە ئەمەریکا وچین دوو کڕیاری سەرەکی دەبن، بەڵام من پێیم وایە چین چانسی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی تورکیا بکڕێت.
درەو: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد باڵیۆزی ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیاو حەوت وڵاتی تر لە ئەنکەرە دەربکات. ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە تورکیا کرد عوسمان کاڤالای بزنسمان ئازاد بکات کە لە ساڵی 2017ەوە لە زینداندایەو تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتای ئاراستەکراوە. ئەردۆغان داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد کە باڵیۆزەکانی ئەو دە وڵاتە لە ئەنکەرە وەک کەسانی ناپەسەند بناسێنێت و ئەوەش دەبێتە هۆی دەرکردنی ئەو باڵیۆزانە لە تورکیا. ئەو وڵاتانەی کە داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤالایان کردووە بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، دانمارک، فینلەندا، ئەڵمانیا، نەرویج و سوید. کاڤالا بزنسمان، یان نەیاری ئەردۆغانە؟ عوسمان کاڤالا کۆتاییەکانی ساڵی 2017 دەستگیرکرا، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 گەزی پارکی گۆڕەپانی تەقسیم لە ئیستانبوڵ. کاڤالا لە تۆمەتەکەی گەزی پارک بێ تاوان دەرجوو، بەڵام لە شوباتی 2020 دادگایەکی تورکیا تۆمەتباریکرد بە هاوکاری پلانێک بۆ هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی2016. لە دۆسیەی دوومدا کاڤالا تۆمەتبارکراوا بە ئەنجامدانی چالاکی سیخوڕی و سیاسی و سەربازی و پێشێلکردنی دەستور بە هاوکاری توێژەر هێنری پارک بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی بەدەستهێنانی زانیاری نهێنی پەیوەست بە بەرژەوەندییە ئەمنیی و سیاسییەکانی تورکیا. لە پەڕاوی تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە:" بە ڕێکەوت نەبوە کە سەردانی هێنری پارکی بۆ تورکیا هاوکات بووە لەگەڵ ڕودانیدۆخێکی دژوار لە وڵاتدا و لێدوانەکانی گومانلێکراویش جەخت لەوە دەکەنەوە"، واتە لەکاتی هەوڵی کودەتاکەدا هێنری پارکی لە تورکیا بووە. هەتا ئێستا کەڤالا لەلایەن دادگاوە لەسەر تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا شکستخواردووەکە لەلایەن تاوانبار نەکراوە. کاڤالا خۆی وا دەناسێنێت کە خەبات دەکات لە پێناوی دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەربڕین و ڕەتیشیدەکاتەو هیچ سەرپێچییەکی کردبێت و لە چەند لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: باوەڕم وایه کە هۆکاری ڕاستەقینەی دەستگیرکردنی بەردەوامم ئەوەیە کە حکومەت پێویستی بەوە هەیە کە گێڕانەوەی بوونی پەیوەندی لە نێوان خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک و پیلانێکی بیانی بە زیندویی بهێڵێتەوە". بەڕای مافناسان خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک خۆڕسکانە دەستیان پێکردووە لەدژی پلانێک بۆ لابردنی پارکێکی گشتی نزیک مەیدانی تقسیم لە ئیستانبوڵ، بەڵام دواتر فراوان بوون و بون بە خۆپیشاندان لە دژی حکومداریی ئەردۆغان و داواکاری ڕوخاندنی حکومەت. ئەگەر کاڤڵلا تۆمەتەکانی پەیوەست بە هەوڵی کودەتای بەسەردا ساغببێتەوە، ئەوا ڕوبەڕوی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێندرێت و ئەگەری ئەوەشی نابێت بە مەرج ئازاد بکرێت و بڕیاریشە 26 نۆڤەمبەری داهاتوو دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوەبچێت. بنەچەی كاڤالا عوسمان کاڤالا ساڵی 1957 لە پاریس لەدایکبووەو بنەماڵەکەی خەڵکی شاری کاڤالای یۆنانن، کە بۆ چەندین سەدە ئەو شارە لەژێر حوکمڕانی عوسمانییەکاندا بووە. خێزانەکەی کاڤالا کە لە بواری بازرگانی توتندا کاریان کردووە بیستەکانی سەدەی کۆچیان کردووە بۆ تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی هاوڵاتیانی یۆنانی نیشتەجێی خۆرئاوای تورکیا لەگەڵ ئەو موسوڵمانانەی لە یۆنان ژیاون لە کۆتاییەکانی داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا. کەڤالا لە زانکۆی تەکنیکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنکەرەی پایتەخت ڕشتەی کارگێڕی خوێندووەو پاشان ڕشتەی ئابوری لە زانکۆی مانچستەری بەریتانی تەواوکردوە. ساڵی 1982 لەکاتی سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرا لە ئەمریکا باوکی کۆچی دوایی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ئیستانبوڵ بۆ سەرپەرشتیکردنی خانەوادەکەی و کۆمپانیاکانی باوکی و لەو کاتەشەوە چەندان خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کردووەتەوە.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە کتێبی ”ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی“دا، تێزێکی بەناوبانگی مارکس و ئەنگلس ھەیە، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت بیروبۆچونی چینە باڵادەست و حوکمڕانەکان، لە ھەر سەردەمێکی مێژوویدا، بیروبۆچونی بڵاو و باڵادەست و حوکمڕانن. ئەو چینەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی مادییە، لە ھەمانکاتدا ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی عەقڵیی و زیھنیشی لەژێردەستدایە. ئەمەش وادەکات حوکمڕانییە سیاسییەکەی ھاوشانبێت، بە حوکمڕانییەکی ئایدیۆلۆژیی و فەرھەنگیی. کە ئەمەش مەیسەربوو ئەوشتەی لە کۆمەڵگادا ناوی ”تێگەیشتنی باو“ە، بە ئینگلیزیی commonsense دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو باڵادەستییە فەرھەنگیی و کاریگەریی ئایدیۆلۆژییەی چینە حوکمڕانەکەوە. یەکێک لە بیرۆکە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان لای مارکس ئەوەیە کە نە سەروەت و سامان و نە دەسەڵات بەشێوەیەکی یەکسان لە کۆمەڵگادا، دابەشنەکراوە. ئەم دابەشکردنە نایەکسانە سەرچاوەی چەندەھا ململانێیە و شتێک بەناوی ھاریکاریی کۆمەڵایەتییەوە ناھێڵێتەوە، گەر ھەشبێت گرنگیەکی ئەوتۆی نییە. ئەوەی گرنگ و بنەڕەتییە، ئامادەیی ئەو ململانێ و بەریەککەوتن و ناکۆکییانەیە کە لە ئەنجامی ئەم نایەکسانییەوە دروستدەبێت. ئەوەی مارکس بەلایەوە گرنگە نیشانیبدات ئەوەیە، ئەو ھێزانەی حوکمڕانان چۆن باڵادەستبوون و چۆن سەپاندنی ئەو نایەکسانیانەیان بۆ دەچێتە سەر؟ مارکس لە وەڵامدا بەو دەرەنجامە دەگات کە حوکمڕانیی تەنھا لەڕێگای خۆسەپاندن لەڕێگای دەزگاکانی فشاردانان و ترساندن و گرتن و ڕاونان و کوشتنەوە ئیشناکات، بەڵکو پێویستی بە بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک باوەڕ و بۆچوون و دید و ڕوانینیشە بەناو کۆمەڵگادا تا ئەو ئاستەی دەبن بە دید و باوەڕ و ڕوانینی باڵادەست. مارکس ئەم جۆرە لە ھۆشیارییە باڵادەستە ناودەنێت ”ھۆشیاریی ساختە“. نیو سەدەیەک دواتر ئانتۆنیۆ گرامشی لەناو ژینگە لیبرالەکەی ئەوروپای سەدەی بیستەمدا، کە تیایدا سیستمی فرەحیزبیی و کۆمەڵگای مەدەنیی گەشەیەکی بەرچاویان کردوە، ھاوکات میکانیزمی ناتوندتیژ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ئارادایە، گەشەیەکی زیاتر بەو تێزەی مارکس و ئەنگلس ئەدات و جەغت لەوەدەکات ھەر ھێزێک بیەوێت حوکمڕانبێت و حوکمڕانیەکەشی پشتبەسبێت بە لانیکەمی قبووڵبکردن لە کۆمەڵگادا، پێویستە ھێزێک بێت خاوەنی ”ھەیمەنە“، ھەیمەنەی کولتوریی و ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی. چەمکی ھەیمەنە لای گرامشی ھێما بۆ بوون و ئامادەگیی ھێزێک دەکات کە دونیابینیی و زمان و دید و ڕوانین و لێکدانەوەکانی بوون بە زمان و دید و ڕوانینی باڵادەست لە وڵاتەکەدا. ئەوەی ئەو ھێزە دەیڵێت و بڵاویدەکاتەوە، زۆرینەی کۆمەڵگا بەڕاستی دەزانێت و ئەوەی ئەو ھێزە بڵاویدەکاتەوە دەبێت بە بەشێک لە تێگەیشتنی باو لەو کۆمەڵگایەدا. بەم مانایە ھێزی حوکمڕان مانای ھێزێک کە ناوەروک و مانا باڵادەستەکانی ناو تێگەیشتنی باو دەستنیشاندەکات. ئەم دابەزینەی ئایدیۆلۆژیا و دید و ڕوانینی حوکمڕانان بۆ ناو ”تێگەیشتنی باو“، بەناو دروستکردنی چەندان پردی متمانە و لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیدا تێدەپەڕێت. ئەوەی دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراقدا نیشانی ئەدەن، ھەم ڕاستیی و ھەم ناڕاستیی ئەم تێزە مارکسییەیە. بەر لە ھەمووشتێک ئەوەی بینیمان بەشدارینەکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگای عێراقییە لەم ھەڵبژاردنەدا، ئەمەش وەک دەرنجامی لە دەستدانی متمانەی سیاسیی، پشتکردنە سەرجەمی ئەو گوتار و حیکایەت و لێکدانەوانەی ھێزە حوکمڕانەکانی ئەو وڵاتە بەرھەمیانھێناوە و بڵاویانکردۆتەوە.. ئەوەی بینیمان لەدەستدانێکی تەواوەتی ھەیمەنەی ڕۆشنبیریی و فەرھەنگیی و ئایدیۆلۆژیی ئەو ھێزانە و شوێنگرتنەوەی ئەم لەدەستدانەیە، بە دووشت. یەکەم، بە دروستکردنی بۆشاییەکی سیاسیی گەورە، پڕ لە ناکۆکیی و ڕق و تەماحی ترسناک. دووھەم، پەنابردن بۆ ھێز، ھێزی ڕووت بۆ سەرلەنوێ سەپاندنەوەی ھاوکێشەکان، ئیتر لە ھێزی کۆنترۆڵکردنی ئابورییەوە بیگرە بۆ ھێزی سەربازیی و ھێزی ئەمنیی و ھێزی خێڵەکیی و ھێزی ئیقلیمی. ئەوەی ڕوویدا بردنەوەیەکی ساختە و درۆزنانەبوو، بردنەوەیەک لە غیابی متمانەی زۆرینەی کۆمەڵگاکەدا. حوکمڕانانی وڵاتەکە نەک توانای دەستنیشانکردنی لانی ھەرەکەمی ناوەرۆکی ”تێگەیشتنی باویان“ لە وڵاتەکەدا نەماوە، بەڵکو توانای وەگەڕخستنی لانی ھەرەکەمی ”ھۆشیاریی ساختەشیان“ لە مێشکی زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایەدا نەماوە. بەڵام ئەم تێزەی مارکس شتێکیش لە ڕاستی تێدایە، ئاخر ھێزی حوکمڕان ئەو ھێزەیە حیکایەت و ڕوانین و مژدە و ڕاڤەکردنەکانی لای کۆمەڵگا قابیلی لانیکەمی باوەڕپێکردنە. ئەگەر تەنھا خاوەنی درۆش بێت، درۆکانی پەردەیەکی تەنک لە عەقڵانیەت و شتێک لە متمانەکردنی، بەسەردادراوە. ھێزی حوکمڕان جیاوازە لە ھێزی خۆسەپێن. حوکمڕانینکردن و ئیغتیسابکردنی دەسەڵات دووشتی جیاوازن. جەردەیی و حوکمڕانیکردن ھەمانشت نین. بە کورتیی، ئەو ھێزانەی لە عێراق و ھەرێمدا ئامادەن ھێزی حوکمڕان و ھێزی حوکمڕانیکردن نین، بەڵکو ھێزی خۆسەپێن و جەردەیین، گروپ و توێژ و تاقمی بێزمان و بێحیکایەت و بێدیدن، شتێکیان نییە قابیلی لانیکەمی باوەڕپێکردنبێت. ھێزگەلێکن لە ئاستی ئایدیۆلۆژیی و فەرھەنگیدا ئیفلاسێکی سەرتاسەریان کردوە. لەدەستدانی تێگەیشتنی باویش، مانای کۆتایی ئەو لانیکەمەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، کە لەم سەردەمەدا ھەموو کۆمەڵگایەک پێویسیی پێیەتی.
د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت) دوو نەشتەرگەریی پرۆسەی سیاسی لەگەڵ هاتنە سەرکاری مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانێک، کە تا ڕادەیەک دڵپەسەندی خۆپیشاندەران و قبوڵکراوی ناچاریی هێز و لایەنە عیراقییەکانیش بوو، سەرەرای کارەکانی دیکەی حکومەتەکەی دوو ئەرکی زۆر گرنگی لە ئەستۆ گرت، کە وەک دوو نەشتەرگەریی قەیسەری بوون لە جەستەیەکی ماندوو و نەخۆشدا: یەکەم ڕاگرتنی لێچوونی ئابووریی و دارایی لە رێگەی داشکاندنی بەهای دینارەوە سەڕای ناڕازێتییەکان و هاواری خەڵک، دووەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تاڕادەیەک خاوێن. هەردوو ئەرکەکە لە ڕووکەشدا و بەر لە ئەنجامدانی لەلایەن هێزە سادەخەڵەتێنەکان وەک دوو کاری دژە خەڵک هاتنە ئەژمارکردن. لەڕووکەشیشدا هەر وابوو، بەڵام لە کرۆکدا، کاری یەکەم (داشکاندنی بەهای دینار) عێراقی لە مۆدێلی بەرەو فەنزوێلابوون ڕزگارکرد، کە بەهای دراو و ئابوورییەکەی بە جارێک و جۆرێک داتەپی کە لە زۆر جێگەدا، بارستایی کاڵاکان بارستایی دراوەکەی کەمترە. کاری دووەمیش (هەڵبژاردنێکی تاڕادەیەک خاوێن) تاڕادەیەک هومێدی بۆ شەقامی عێراقی گەڕاندەوە، دەرکەوت کە دەکرێت بە یاسایەکی بچووک هەم بەشێک لە متمانە بگەڕێتەوە بۆ شکۆی دەزگاکانی دەوڵەت و هەم هێزگەلێکیش کە سەرچاوەی ناهومێدکردنی خەڵک بوون هەر بەو یاسای هەڵبژاردنە لە قەبارە بدرێن، ئەمەش هەر بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردن و سووربوون لەسەر ئەنجامدانی و بەرەنگاربوونەوەی دەستی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. ئەم دوو هەنگاوە، زۆر مەزن نەبوون لە ئاستی وێرانە سیاسیی و بێخزمەتییەکانی شەقامدا، بەڵام هەنگاوی ورد و گونجاو بوون بە ئاراستەی ڕێگە درووستەکەدا، گرنگ بوون بۆ عێراقێک کە لە 2003ەوە وەک شکۆ و سەروەریی و دەزگاییبوون، وەک دەوڵەت نەماوە، ئەوەی هەیە کابینەکانی حکومەت و دەزگا کاربەڕێکەرەکانن کە دوور لە ستراتیژی دوورمەودا و ئایندەبین کاریان بەڕێکردووە، لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی چەند لایەنێکی حزبی و تەوژمی ئایدۆلۆژیی و سیاسییەوە، کە هیچیان نەیان تووانیووە بۆ عێراقییەکانی بسەلمێنن نیشتمان و دەزگا دەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی بواریی گشتی پێش بەرژەوەندیی و مەرامە ئایدۆلۆژییەکانە، ئیتر چ مەزهەبیی، چ ناسیۆنالیستی، و چ خێڵەکی و ناوچەگەرێتی بن. هەنگاوی یەکەمیان بە ڕێگایەکی پێچاوپێچ دەستی دەرەکی و هاوسێکانی عێراقی لە بانکی ناوەندی و بازاڕی عێراقدا کورتکردەوە لە یارییکردن بە دراوی عێراقیی و دزینی دۆلار، هاوکات هەنگاوێکیش بوو بۆ پشتکردنە سیاسەتی ئابوورییانەی زەڕنەقووتەیی کە دەمی هاوڵاتییانی وەک زەرنەقووتە دەکردەوە بۆ وەرگرتنی ڕاستەوخۆی کاغەزی دراو و بێئەوەی سیاسەتێکی دارایی قوڵ لە پشتییەوە بێت، ئەمەش نەک لەبەر نەزانین و هەڵە، بەڵکوو لەبەر ڕازییکردنی چەواشەکارانەی خەڵک و کێشانی درووشمی بێناوەڕۆکی وەک خەمی خەڵک، داهات بۆ خەڵک، بە ناوی بەدەمەوەچوونی کەسووکاری شەهیدان و سوپایی و حەشد و پێشمەرگە و پلە سەربازیی و سیاسییە تایبەتەکان..تاد. کێشە لەوەدا بوو کە بەشێکی فراوانی پەرلەمان و هێزەکان هاوشانی یەک دەیانویست نرخی دینار و بەرزونزمکردنەوەی بەرامبەر بەهای دراوە بیانییەکان بگەڕێننەوە بۆ دەسەڵاتی پەرلەمان، لەکاتێکدا ئەوە نە ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەمانە نە هی هێزە سیاسییەکان. خودی ئەم پرۆسەیە لە هەناوییدا بەرهەمهێنەری بندیواریی، بەهەدەردانە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستاندا. وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیران بە سووربوون لەسەر ئەم هەنگاوە، هەر لەسەرەتاوە پۆپۆلیزم و پەرلەماتنارانی شەعبەوی هەنگاوێک کشاندەوە دواوە، پێی وتن سیاسەتی ئابووری لەدەستی حکومەتدایە و ڕێکخستنی دراویش لەدەستی بانکی مەرکەزی و وەزیری داراییدایە، نەک دەسەڵاتی پەرلەمان. هەنگاوی دووەمیش جێبەجێکردن و سووربوون لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان بوو، گەرچی یاساکە نەتوانرا وەک ئەوەی "خۆپیشاندەرانی تشرینی" ویستییان وا دەرنەچوو، دەستوخەتی هێزە باوەکان بەسەریدا زاڵ بوو، بەڵام جیاوازی لە ئەدای حکومەتدا بوو کە کەوتە بەرامبەر هێزەکان نەک پیادەکەریی ئەجێنداکانیان. لە خولەکانی ڕابردوودا هەم یاساکە و هەم ڕێکار و جێبەجێکردنەکەشی یاری پێوەدەکرا، بەڵام ئەمجارە حکومەت هەر بەویاسایەی کە هێزە سیاسییەکان دایان ڕشت کۆتی کردن، سەلماندی دەکرێت بە یاسایەکی بچووک هومێدی گەورە بۆ هاوڵاتییانی ماندوو بگێڕێتەوە و دەکرێت تیمێکی تەکنۆکرات کاری پێبکرێت، بەڵام "تەکنۆکراتی سیاسیی و خاوەن پەیوەندی" نەک "تەکنۆکراتی دەزگایی و بیرۆکراتیی ڕووت". لە شوێنکەوتنی ڕای گشتییەوە بۆ کارکردن بۆ گشت هێمنی و لەسەرخۆیی و ڕەوتی ئاسایی، حاڵەتی سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانە، هاوار و دەنگی بەرز حاڵەتی نائاساییە، ڕای گشتیی کە دەنگ بەرزدەکاتەوە، کاری دەوێت، نەک دەنگدانەوە و وەڵامی هاوار بە هاوار، ڕای گشتی هەرچەند تروند و عەفەویی و بگرە ناعەقڵانیش بێت ئاساییە، چونکە توڕەیە لە بێخزمەتی، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئەو دەزگا و کەسایەتی و سیاسییانەی ڕای گشتی هانای بۆ دەبات بە هەمان لۆژیک و هاوار وەڵام بداتەوە لە بری ئەوەی کار بۆ هاواری خەڵک بکات و بە پلانەکانی توڕەیی و هاواری خەڵک کەمکاتەوە، هاوهاوارییان دەبێت و ئەوسا لە کۆتایی ڕێگەکەدا کەس نامێنێتەوە پەنای پێببرێت و هەمووان دەبنە هاوار کەر، ئەمە لە ساڵانی ڕابردووەوە لە کوردستان و عێراقیشدا بووەتە مۆدێلێکی سیاسەتکردن. پایەی پۆپۆلیزمسازییش هەر ئەمەیە. پۆپۆلیزم بەدوای پرسیاری"خەڵک چیی دەوێت و حەزی لە چییە؟"وەیە، بەڵام هێز و سەرکردەی ڕاستەقینە بەدوای پرسیاری "کۆمەڵگە چی پێویستە و دەسەڵات ئەرکی چییە؟"وەیە، وەڵامی یەکەم چەپڵەڕێزان و پاڵەوان و کاریزمای وەهمی و دڵخۆشی ڕاگوزەر دروست دەکات، سەرکردە و پەرلەمانتاری "درۆزان و جەماوەریی" دروست دەکات، چونکە هەرچی دەکات "بۆ خەڵک و بە دڵی خەڵکی دەکات" نەک "لەبەر خەڵک و بەرژەوەندییان". بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم حکومەت و هێزی بەرپرسیار و سەرکردەی واقیعی دروست دەکات. وەڵامی پرسیاری یەکەم (کە پۆپۆلیستەکان بەدوویدا دەگەڕێن) ئامرازەکانی گزی و تۆڕی کۆمەڵایەتی و وەعز و دروشمگەرایی و بەڵێنی زۆری بێکردار و بەرزکردنەوەی میچی چاوەڕوانیی خەڵکە و خەڵکیش تەمەڵ دەکات و دەیانکاتە زەڕنەقوتەی چاو لە مشتی حکومەت. بەڵام ئامرازەکانی وەڵامی پرسیاری دووەم: میدیای ڕاستەقینە و ئاماری دروست و ڕۆشنبیری بەرپرسیار و چینی ناوەند و بازرگانیی ڕاستەقینەیە، لەوەش زیاتر خەڵك هاوبەشی سیاسەت و بەرپرسیار دەکات لە چارەسەر و تێیان دەگەیەنێت کە گەندەڵی تەنها بە یاسا و پۆلیس ڕێی لێناگیرێت گەر کولتووری بەرپرسیارێتیی خەڵکیش هاوکار نەبێت. بۆیە گرنگە سیاسییەکان لەبەر خەڵک سیاسەت بکەن نەک بۆ خەڵک، بەمانای ئەوەی نوخبەی سیاسیی لە حکومەت و پەرلەمان چارەسەرساز بێت و لەبەر و لەبری خەڵک بیربکاتەوە نەک بۆ بۆ خەڵک و شوێنکەوتنی خەڵک و رازیکردنی ڕووکەشانە، ئەمەی ڕوویدا دوو وانەی عێراقی بوون و کەم و زۆر لە هەرێمی کوردستانیشدا زەمینەی وتنەوەیان و پەندلیوەرگرتنیان هەیە، دەکرێت کراسێکیان لێ دادڕێنرێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسیی، گەرنا بەجێ دەمێنن.
راپۆرت: درەو سوننەکان چاوەڕێیان دەکرد لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی زێڕینی (٧٠) کورسییەکە، بەڵام ئەمە روینەدا، ترسیان ھەیە کورد بۆشایی کەمبونەوەی کورسییەکانیان پڕبکاتەوە، حەلبوسی وەکو سیاسییەکی "پراگماتی"و خەنجەریش بەتەکتیکی کۆنەوە دەچنە ناو دانوستان، شەڕە گەورەکەش کورسی سەرۆکی پەرلەمانە. حەلبوسی و خەنجەر نزیکدەبنەوە "ھاوپەیمانی عەزم گەیشتوەتە قۆناغێکی باشی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ھاوپەیمانی (تقدم) لەبارەی کارنامەی داھاتوو" سەلاح جبوری وتەبێژی ھاوپەیمانی عەزم وا دەڵێ. دوای رکابەرێتییەکی سەخت لەگەڵ یەکتر، ئەنجامی ھەڵبژاردن خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسی ناچار کردووە پێکەوە گفتوگۆ بکەن، چارەنوسی کورسی سەرۆکی پەرلەمانی داھاتووی عێراق لەنێوان ئەم دوو کەسەدا یەکلا دەکرێتەوە، بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردن حەلبوسی لە دوای سەدرەوە براوەی دووەمە، بەڵام دۆخەکە بەشێوەیەکە تەنیا ژمارەی کورسییەکان پۆستەکان یەکلاناکەنەوە، بەڵکو رێککەوتن لەگەڵ ئەو لایەنەی شیعە کە کوتلەی گەورە دروست دەکات، بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی چ کەسێک لە سوننەکان دەبێت بە سەرۆکی پەرلەمانی داھاتووی عێراق، بەتایبەتی ئەگەر ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە نەگەنە چارەسەرو سەدرو مالێکی ھەریەکەیان بە جیا کوتلەی زۆرینە بخەنە بەردەم پەرلەمان. سوننەکان چۆن چونە ھەڵبژاردنەوە؟ ھاوشێوەی شیعەکان و کورد، سوننەکانیش بە یەکڕیزیی نەچونە ناو ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوەو بە سێ ھاوپەیمانێتی سەرەکی بەشدارییان کرد کە ئەمانەن: ھاوپەیمانی (عەزم): ئەم ھاوپەیمانێتییە (خەمیس خەنجەر)ی سەرۆکی "پرۆژەی عەرەبی" سەرۆکایەتی دەکات و ھەریەکە لە (سەلیم جبوری، خالید عوبێدی، جەمال کەربولی، مەحمود مەشھەدانی) لەخۆدەگرێت، ئەم ھاوپەیمانێتییە لە رۆژانی سەرەتای دروستبونیدا گورزێکی گەورەی بەرکەوت کاتێک جەمال کەربولی یەکێکە لە سەرکردەکانی بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا، گومان دەکرا لایەنێکی نەیاری سیاسی لە پشت ھەوڵی دەستگیرکردنی کەربولییەوە بوبێت، بەتایبەتی ھاوپەیمانێتییەکەی حەلبوسی و کاریگەرییەکانی لەسەر لیژنەکەی حکومەت. ئەم ھاوپەیمانێتییە کە رکابەرێتی بەھێزی ھاوپەیمانێتییەکەی حەلبوسی دەکرد، بەپێی ئەنجامەکان (١٢) کورسی پەرلەمانی عێراقی بردوەتەوە. خەمیس خەنجەر کە یەکێکە لە سەرکردە کلاسیکییەکانی سوننەی دوای روخانی رژێمی سەددام، لە کەمپەینی ھەڵبژاردنی خۆیدا گرەوی لەسەر دەنگی ئاوارەکان کرد، سەرباری ئەمە وای نیشاندا کە توانای دانوستانی لەگەڵ یاریزانە سەرەکییەکاندا ھەیە واتا شیعەکان لە ناوخۆی عێراق و ئێران لە دەرەوە، ئەمەشی لە ھەوڵی رزگارکردنی شارۆچکەی "جرف الصخر" لە دەستی ھێزەکانی حەشدی شەعبی تاقیکردەوە، ئەمە بۆ بەدەستھێنانی دەنگی ھەزاران ئاوارەی سوننەمەزھەب بوو کە میلیشا شیعەکان رێگەی گەڕانەوەیان لێگرتبوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو تێیدا. بەپێچەوانەی حەلبوسییەوە، بەگشتی وا تەماشای خەمیس خەنجەر دەکرێت ھێشتا نوێنەرایەتی قوتابخانە کۆنەکەی دانوستان دەکات لەناو سوننەکاندا، قوتابخانەیەک کە ھێشتا تاکتیکەکانی بەر لە ساڵی ٢٠١٨ بەکاردەھێنێت، سەرباری ئەمەش ئەوانەی چونەتە ناو ھاوپەیمانێتییەکە ھەمان روخسارە کۆنەکانی پێکھاتەی سوننەن کە بەم ساڵانەی دوایی پێگەی جەماوەرییان کەوت، تا ئەو رادەی ھەندێکیان نەک کاندیدی زۆریان پێ سەرنەدەخرا بۆ پەرلەمان، خۆشیان بە زەحمەت سەردەکەوتن. خەمیس خەنجەر کە پیاوێکی سەرمایەدارەو سێ کەناڵی ئاسمانی بۆ بانگەشەکردن خستبووە کار، لەم ھەڵبژاردنەدا بەرامبەر بە محەمەد حەلبوسی توشی شکان ھات، ھۆکاری ئەم شکانە بۆ نزیکی خەنجەر لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەردا دەگەڕێندرێتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی شکستی ھێنا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە سوننەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەر لە ھەڵبژاردن، سەرباری نزیکییەکەی لە ئێران و لایەنە شیعەکان نەیتوانی گروپە چەکدارەکان قایل بکات دەرگای گەڕانەوە بۆ ئاوارە سوننەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بکەنەوە. ھاوپەیمانی (تقدم): محەمەد حەلبوسی سەرۆکی خولی ماوەتەواوبووی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی ئەم ھاوپەیمانێتییە دەکات، ئەم ھاوپەیمانێتییە سەرکەوتنێکی گەورەی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا بەدەستھێناو بە بردنەوەی (٣٨) کورسی بوو بە براوەی دووەمی ھەڵبژاردن لەدوای رەوتی سەدرەوە. حەلبوسی ئێستا نوێنەرایەتی زۆرینەی سوننەی عێراق دەکات، ئەم پیاوە بەوە ناسراوە دیاردەیەکی حزبی نوێیە لەناو سوننەکاندا، کە لە کاری حزبیدا پشت بە "مەرکەزیەت"ی رێکخستن دەبەستێت و لەگەڵ ھاوبەشە عێراقی و ھەرێمایەتییەکاندا بەشێوەیەکی " پراگماتی" مامەڵە دەکات. سەرکەوتنی حەلبوسی بەسەر رکابەرەکانیدا لەناو پێکھاتەی سوننە، بۆ چەند ھۆکارێک دەگەڕێندرێتەوە، یەکێک لە ھۆکارەکان ئەوەیە حەلبوسی سودی لە پێگەکەی وەکو سەرۆکی پەرلەمان وەرگرتووەو لەم رێگەیەوە بەر لە ھەڵبژاردن زامنی سەرکەوتنی کردووە، بەتایبەتی کە ئاگاداری وردەکاری یاسا نوێیەکەی ھەڵبژاردن بووە لە حاڵێدا کە ئێستاو دوای ھەڵبژاردنەکەش ھێشتا زۆرینەی ھێزە سیاسییەکان خوێندنەوەی وردیان بۆ یاساکەو مەترسییەکانی لەسەر پێگەی زۆیان نەکردووە، سەرباری ئەمە حەلبوسی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە سوننەنشینەکانی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن قۆستەوە، لەپاڵ ئەمەشدا حەلبوسی بەناو و نوێنەرایەتی پێکھاتەی سوننەوە مامەڵەی لەگەڵ دەنگدەرانی پێکھاتەکەیدا دەکردو پارێزگاری ئەنبارو ژمارەیەک لە سەرۆک ھۆزەکانی لەگەڵدا بووە، ئەمەش وایکرد جارێکی تر ببێتەوە بە کارەکتەری ژمارە (١)ی سوننەکان لە عێراق. المشروع الوطني للإنقاذ- پرۆژەی نیشتمانی بۆ رزگاربوون: ئەم ھاوپەیمانێتییە لەلایەن (ئوسامە نوجێفی)یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و ژمارەیەک کەسایەتی پارێزگای نەینەوا لەخۆدەگرێت لەوانە (خالید سوڵتان)ی کوڕی سوڵتان ھاشمی وەزیری بەرگریی عێراقی سەردەمی سەددام. بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن، ئەم ھاوپەێمانێتییە تەنیا (٢) کورسی بردوەتەوە، کە یەکێکیان کوڕەکەی سوڵتان ھاشمە. ئوسامە نوجێفی کە رۆژگارێک ژمارەیەکی گەورەی ناو پێکھاتەی سوننە بوو، لەدوای کۆنترۆڵکردنی ناوچە سوننەنشێنەکان لەلایەن "داعش"ەوە، ئەستێرەی بەختی کوژایەوە، ئێستا بەم ژمارە کەمەی کورسییەوە ھیچ چانسێکی لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی لەگەڵ حەلبوسی یان خەمیس خەنجەردا بچێتە ناو ھاوپەێمانێتییەوە. سوننە لەنێوان دوو ھەڵبژاردندا لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨د ژمارەی کورسی لایەنە سونییەکان بە تێکڕا (٥٣) کورسی بوو، بەڵام ھەندێک لە لایەنە شیعەو عەلمانییەکانیش خەڵکانی سوننەیان لە لیستەکانی خۆیاندا سەرخست بۆ پەرلەمان بە دیاریکراویش (ھاوپەیمانی عێراقیە) ی ئەیاد عەلاوی، واتا بەتێکڕا نزیکەی (٧٠) پەرلەمانتاری سوننە لە پەرلەماندا ھەبوون، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەیاد عەلاوی بایکۆتی ھەڵبژاردنی کرد. سوننەکان کە لە یەکەمین ھەڵبژاردنی دوای روخانی سەددامەوە لە ٢٠٠٣ ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی عێراق دەگەیشتە نزیکەی (٧٠) کورسی، لەم ھەڵبژاردنەدا تێکڕای کورسییەکانیان بۆ (٥٨) کورسی دابەزیوە، ئەمە مەترسی لەناو سوننەکان دروستکردووە کورد بۆشاییەکەیان لە عێراق پڕبکاتەوە. ھۆکاری دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی سوننە لە پەرلەمان بە پلەی یەکەم بۆ ئەو ململانێ توندە دەگەڕێندرێتەوە کە لەنێوان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەردا ھەبوو، کە بەپێی قسەی سەرکردەکانی سوننەکان، بوەتە ھۆی پەرتبوونی دەنگەکانیان، بەتایبەتیش لە بەغدادی پایتەخت. بازنەکانی (ئەعزەمیە) لە باکورو (مەنسور) لە خۆرئاوای بەغداد ناوچەی دەنگدەرانی سوننە بوون، بەڵام ئەمجارە زۆربەی سوننەکانی بەغداد بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کرد، لە کۆی (٦٩) کورسی بەغدا، لایەنە سونییەکان تەنیا (١٦) کورسییان بردوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە رەوتی سەدر بەتەنیا خۆی (٢٧) کورسی بردووە، مشعان جبوری کە یەکێکە لە کاندیدە سەرکەوتووەکانی سوننەو چەند رۆژی رابردوو پەیوەندی بە ھاوپەیمانێتییەکەی خەمیس خەنجەرەوە کرد، محەمەد حەلبوسی بە ھۆکاری کەمبونەوە ژمارەی کورسی سوننەکان دەزانێ و دەڵێ" حەلبوسی رێککەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر کردووەو کورسی سوننەکانی لە بەغدادو ناوچەکانی باشوری بۆ سەدر جێھێشتووەو لەبەرامبەردا سەدریش پارێزگای ئەنباری بۆ حەلبوسی جێھێشتووە بۆ ئەوەی ھەموو کاندیدەکانی دەربچێت". بەم ئەنجامەوە سوننەکان پێیانوایە (١٠) کورسی خۆیان لە بەغداو ناوچەکانی تر لەدەستداوە.
درەو: " ئەو بەنزینەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە هیچی بەنزینی حەقیقی نیەو نەفتاو پترۆكیمیاویە، شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت نرخی لیترێك بەنزین نەك بە (475) بەڵكو بە (400) دیناریش بدات بەڵام زەرەرەكەی بدات، تەنیا چارەسەر بۆ دابەزینی نرخی بەنزین پاڵپشتی حكومەتی هەرێمە لە پاڵاوگە ناوخۆییەكان" ئەمە قسەی بازرگانێكی هاوردەكردنی سوتەمەنیە كە (درەو) بۆچونی وەرگرتووە. لە ئێستادا نرخی لیترێك بەنزین سەرو (هەزار) دیناری تێپەڕاندووە، مانگرتنی شۆفێرانی گواستنەوە دەستیپێكردووە، حكومەت دەستەوستانەو بازرگانانیش هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە جیهان و نەفرۆشتنی سوتەمەنی لەلایەن ئێرانەوە دەگەڕێننەوە. (درەو) بۆچونی هەمزە محەمەد بازرگانی هاوردەكردنی سوتەمەنی وەرگرتووە، كە خاوەنی كۆمپانیای(ئاژمودە)یە بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی لە سلێمانی ، لێرەدا دەقی بۆچونەكانی دەخەینە روو: لە ئێرانەوە بۆ دوبەی.. لە ئێستادا بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتووەتە(84) دۆلار، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەكان بە گشتی گران بن، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە كۆماری ئیسلامی ئێران فرۆشتن و مەزادی بەنزینی راگرتووە، بارەكۆنەكان نەبێت كە پێشتر بە تەندەر كڕدراوە زۆر كەمە نزیكەی (15 هەزار) تەنە، ئەگەرنا ئەوەی ئێستا دێت هەمووی مەوادی پترۆ كیمیاوییەكانە، ئەمانە نرخی بەنزینیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەتەواوی گرانكردووە. بۆیە بەنزینی حەقیقی لە ئێستادا لە بازاڕەكانی (دوبەی) دەهێندرێت بەڵام نرخەكەی زۆر گران دەكەوێت، لە بازاڕەكانی دووبەی دەكڕدێت دەهێندرێت بۆ بەندەری (مام) لە ئێران لەوێشەوە دێت بۆ سلێمانی موحەسەنەكەی كە ئۆكتانی (92)ە، بە شێوەیەكی شێوەیەكی گشتی لیتری (هەزارو 45) دینار دەكەوێت، ئەو بەنزینەی لە دوبەی دەهێنرێت تەنی بە (780) دۆلار لەوێ دەكڕین، (35) دۆلار كرێی كەشتیەتی، (15) دۆلاری تر كرێی مەغزەن، دەكاتە (830) دۆلار، واتا تا دەكاتە سلێمانی بە گورمگ و خەرجیەكانی ترەوە تەنی بەنزین (960) دۆلار دەكەوێت، لیتری نزیكەی ( هەزارو 50) دینار دەكەوێت بەم شێوەیە: 960 دۆلار * 148500 دابەش 1350 لیتر = هەزارو 50 دینار بەڵام ئەو بەنزینەی ئێمە لە زستانی پێشودا تەنی بە (230) دۆلار لە ئێران دەمانكڕی كە لە ئێستادا بە (820) دۆلارە و خۆمان دەماندا بە (355) دۆلار دەمانفرۆشت، ئێستا بە (960) دەفرۆشرێتەوە، بەڵام ئێستا هەر دەستناكەوێت، ئێستا سەرەرای ئەوەی بەنزینەكە نیە لە ئێران سێ قات نرخەكەی بەرزبووەتەوە. بەنزینی حەقیقی نیە! ئەو بەنزینەی ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندایە هیچی بەنزینی حەقیقی نیە، بەتەواوی تێكەڵەیەو هیچی ساغ نیە، هەمووی نەفتای تێدەكرێت، ئەوەی ئێستا لە ئێرانەوە دێت تەنیا مادەی پترۆكیمیاویەكان دەیهێنین بۆ نمونە ( ریفۆرمیت، زائیلین،) دەیهێنین و لە گۆڕەپانەكانی سلێمانی تێكەڵی دەكەین و بەنزینی پێ درووست دەكەین، ئەویش نرخەكانی زۆر زۆر بەرزبووەتەوە، ئەو مادانە لەگەڵ نەفتا تێكەڵ دەكرێت لەبەر ئەوەی نەفتاكە هەرزانە تەنی بە (630) دۆلارە. ئەو بەنزینەی ئێستا هەیە لە (80%)ی تێكەڵەیە هەرچی دێت لەو گۆڕەپانانە تێكەڵ دەكرێت بۆ ئەوەی نرخەكەی بێننە خوارەوە و بە هەرزانتر بیفرۆشن، ئەوەی ئێستا لە بازاردایە لەوە درووست كراوە ئەو بەنزینە كەمەی كە لە ئێرانەوە دێت تەنی بە (815) دۆلار دەیفرۆشن بەڵام نۆرماڵەو ئۆكتانەكەی (87)ە بەم شێوەیە 815* 148500 دابەش 1355= 893 دینار نۆرماڵەو هیچی تێكەڵ نەكراوە، واتا لیتری (893) دینار دەكەوێت نۆماڵ. بەنزینەكەی شاسوار عەبدولواحید .. شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە رایگەیاندبوو ئەگەر رێگەمان بدەن بەنزین بهێنین ئەتوانین لیتری بدەینە 475 دینار، بەڵێ دەتوانێت لیتری بە (475) دینار بفرۆشێت، بەڵام دەبێت زیانەكەی خۆی بدات كە نرخەكەی دوو ئەوەندەیە واتا دەبێت لیتری بە نزیكەی ( هەزار) دینار بكڕێت و بە (475) دینار بیفرۆشێتەوە بە (مەدعوم)، وەك حكومەتی عێراقی پاڵپشتی بكات، واتا شاسوار عەبدولواحید دەتوانێت نەك بە (475) دینار بەڵكو لیتری بە (400) دیناریش بیفرۆشێت و زیانەكەی خۆی بدات، ئەوە كارێكی باشە، تەنیا لەو حاڵەتەدا دەتوانێت لیتری بداتە (475) دینارو بە زیان و نیوە قیمەت بیفرۆشێتەوە، ئەگەرنا موستەحیلە بەو نرخە بیكڕێت و بیفرۆشێتەوە. ساڵانە حكومەتی عێراق (3 ملیار) دۆلار لە بەنزین و بەرهەمە نەوتیەكان زیان دەكات، چونكە پاڵپشتی دەكات (مەدعوم)ە، كە حكومەتی عێراق لیتری بە (450) دینار دەفرۆشێت، لەسەر خۆیان زۆر زیاتر دەكەوێت بەڵام (مەدعومە) پاڵپشتی دەكات حكومەت. چارەسەر.. تاكە چارەسەر ئەوەیە پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان ( كارو قەیوان) كە لە ئێستادا نەوت بۆ حكومەتی عێراقی دەپاڵێون، بۆ خۆمانی بپاڵێون و حكومەتی هەرێم پاڵپشتی بكات (مەدعوم) بێت ئەوكات نرخی بەنزین دادەبەزێت بەڵام زۆر زەحمەتە حكومەتی هەرێم ئەوكارە بكات. رۆژانە ئەو دوو پاڵاوگەیە توانای بەرهەمهێنانی (4 ملیۆن) لیتر بەنزینیان دەبێت، كە ئەمەش ئەزمەیەكی گەورە چارەسەر دەكات، لە هاویناندا هەرێمی كوردستان پێویستی بە ( 6 بۆ 7ملیۆن) لیتر بەنزین هەیە، بەڵام لە زستاناندا لەو رێژەیە كەمترە.
(درەو): رۆژنامەی شەرقولئەوسەت: 🔹 تاقیكردنەوەی هێز لەنێوان كوتلەی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆكایەتی ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی شیعە پێی نایە هەفتەی دووەمەوە، تائێستا هیچ ئاسۆیەك چارەسەر دیار نییە. 🔹 پێشبینی دەكرا مەرجەعیەتی نەجەف لە وتاری هەینی دوێنێ كەربەلادا، نەخشە رێگایەك بۆ هەردوو بەرەی ناكۆكییەكە رابگەیەنێت، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی رانەگەیاند. 🔹 بێدەنگی مەرجەعیەت وا لێكەدەدرێتەوە قایل نەبێت بە دۆخەكە، سەرباری ئەمە بەر لە هەڵبژاردن مەرجەعیەت بەیاننامەیەكی دەركردو داوای لە خەڵك كرد بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەڵام سەرباری ئەم بانگەوازە، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە لە ئاستی پێویستدا نەبوو، جگە لە لایەنگرانی رەوتی سەدر كە بەشداری هەڵبژاردنەكەیان كردو پابەندن بە فەرمانەی موقتەدا سەدری رێبەریانەوە، چەند رۆژێك لەمەوبەر سەدر وتی ئەو هێشتا خوێندكارێكی حەوزەی عیلمییە، بەڵام سەرقاڵبوونی بە كاروباری گشتییەوە وایكردووە لە خوێندنی ئاینیی دوابكەوێت. 🔹 ئەنجامی هەڵبژاردن پێشبینی نەكراو بوو، ئەمە ململانێی شیعە- شیعەی تەقاندەوە، ئەم ململانێیە ئێستا سەریكێشاوە بۆ هەوڵی لادانی موقتەدا سەدر لەلایەن هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، كە دەیانەوێت لەرێگەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كوردو سوننە، كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان دروست بكەن، بەڵام سەدر كە پلەی یەكەمی بەدەستهێناوەو (73) كورسی هەیە، هێشتا پەنا بۆ دەستور دەبات كە مافی ئەوەی پێدەدات حكومەتی داهاتووی عێراق دروست بكات. 🔹 كوردو سوننە هێشتا چاوەڕێی كۆتایی ئەم ململانێیە دەكەن لەنێوان لایەنە شیعەكاندا، ئەمە وایكردووە كوردو سوننە سەرچڵی نەكەن لە ئەنجامدانی لێكتێگەیشتن لەگەڵ هیچ لایەنێكی شیعە لەسەر حسابی لایەنەكەی تر، بەبێ لەبەرچاوكگرتنی ئەو دەستكەوتانەی كە دەكرێت بەدەستی بهێنن. 🔹 سەرباری ئەوەی چاوەڕێی تاقیكردنەوەی هێز دەكەن لەنێوان هەردوو بەرەكەی شیعەدا (سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی)، كوردو سوننە كە دەزانن حكومەتی داهاتوو بەبێ ئەوان دروست ناكرێت، گرەو لەسەر خۆراگری سەدر لەلایەكو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەكی تر دەكەن. 🔹 پێدەچێت لێكتێگەیشتن لەگەڵ سەدر ئاسانتر بێت، بەوپێیەی یەك هێزەو زۆرینەی هەیە، بەڵام هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ شتێك نییە كۆیان بكاتەوە جگە لە یەك ئامانج كە ئەویش وەستانەوەیە بەڕووی تاكڕەوی سەدردا لە دەرگای هەڵبژاردنێكەوە كە ئەوان دانیان بە ئەنجامەكەیدا نەناوە. 🔹 بەگوێرەی دابەشكردنی زیان لەنێوان هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، بە هێزێكی دۆڕاو ئەژمار ناكرێت، بەڵكو براوەی دووەمی شیعەكانە دوای سەدر، سەرباری ئەوەی مالیكی لە دەرەوەی هاوكێشەی دۆڕاوەكانە، بەڵام بوونی لەگەڵ كۆدەنگی شیعەكان، لە پێویستی ئەو بۆ كورسی لایەنە دۆڕاوەكانەوە سەرچاوە گرتووە، تاوەكو كورسییەكانیان بخاتە پاڵ (33) كورسییەكەی خۆیو ببێت بە هێزێكی هاوتای سەدرو لەم رێگەیەوە بتوانێت مانۆڕ لەگەڵ سوننەو كورددا بكات بۆ دروستكردنی كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان وەكو ئامادەكارییەك بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو. 🔹 هێزە دۆڕاوەكانی تر لەپێش هەمووشیانەوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی (بەدری هادی عامریو عەسائیبی قەیس خەزعەلی) سورە لەسەر توندكردنەوە لەرێگەی دان نەنان بە ئەنجامەكانو داواكردنی دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەشێوەی دەستیی. 🔹 دوو لایەنی دۆڕاوی تریش هەن كە بریتین لە هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پێشوو تر (2 كورسی) هەروەها عەممار حەكیم (2 كورسی)، ئەمانە دەزانن كورسییەكانیان ئەنجامەكان لەبەرژەوەندییان ناشكێنێتەوە، بەڵام بێدەنگی عەبادی رەنگە بۆ ئەوەبێت چاوەڕێ بكات هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی وەكو كاندیدی چارەسەر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیازی بكەن، بەوپێیەی لاوازترینە لەنێویاندا لەڕووی قورسایی هەڵبژاردنو سەرباری ئەمەش ئەزمونی حوكمڕانی هەیە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، عەممار حەكیمیش قورسایی سیاسی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوكێشەی براوەو دۆڕاو بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی رۆڵی نێوەندگیر ببینێت، چونكە لە كۆتایدا عەممار حەكیم لای هەموو لایەنەكان قبوڵكراو ترە، هەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەم لەلای سەدریش، لای كوردو سوننەش پێگەیەكی رێزلێگیراوی هەیە.
(درەو): بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە حاڵەتی چۆڵبوونی هەر كورسییەكی پەرلەمان بەهۆكاری (مردن- دەستلەكاركێشانەوە- لەدەستدانی ئەندامێتی)، كورسییە بەتاڵەكە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەكاندا پڕدەكرێتەوە، واتە كورسییەكە دەدرێت بەو كاندیدەی كە زۆترین دەنگی هێناوەو بەڵام سەرنەكەوتووە بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی یان لیستدا بوو ئەوا ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی هێنابوو لە چوارچێوەی لیست و قەوارەكەدا شوێنی دەگرێتەوە.. ئەگەر ئەو كورسیەی كە بەهەر هۆكارێك بێت بەتاڵ بێت ئەگەر كورسیەكە كورسی ژن بوو ئەوا یەدەگەكەی هەر دەبێت ژن بێت بۆ ئەوەی كۆتای ژنان تێكنەچێت. ئەم شێوازە جیاوازە لە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان، كە حزبەكان بە كاندیدەكانی خۆیان كورسییە بەتاڵەكانی خۆیان لە پەرلەمان پڕدەكردەوە. یەدەگەكانی پارێزگای دهۆك: • فەهمی سەلمان حەسەن كە كاندیدی پارتییەو (22 هەزارو 565) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (1)ی پارێزگای دهۆكە • عەبدولواحید ئەحمەد رەشید كە كاندیدی پارتییەو (23 هەزارو 509) دەنگی بەدستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (2)ی پارێزگای دهۆكە • خەسرەو عەبدوڵا ئیسماعیل كە كاندیدی پارتییەو (16 هەزارو 836) دەنگی بەدەستهێناوە، كاندیدی (یەدەگ)ی بازنەی (3)ی پارێزگای دهۆكە