Draw Media

سكاڵاكان دژی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كخران

سكاڵاكان دژی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كخران

2022-12-18 10:44:33


(درەو):
دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ 15ی مانگی داهاتوو دواخرا، سكاڵاكانی (یوسف محەمەد)و (نەوەی نوێ) یەكخران، نوێنەری پەرلەمانی كوردستان داوای كردووە مۆڵەتی پێبدرێت.  
ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. چوار سكاڵای یاسایی كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە پێشكەشكرابوون، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا یەكخران.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نوێنەرەكانی پەرلەمانی كوردستان كە لەبەردەم دادگا ئامادەبوون، باسیان لەوە كردووە هێشتا سكاڵاكانیان بەدەست نەگەیشتووە‌و بۆ ئەمەش داوایان كردووە كاتێكی زیاتریان پێبدرێت بۆ ئەوەی وەڵام بدەنەوە. 
هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، بریكاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئامادە بوو، داوای كرد سكاڵاكان رەتبكرێنەوە. 
دوای تاوتوێكردنی ئەم بابەتانە، دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی دەستوریبوون یان نەبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ رۆژی 15ی مانگی داهاتوو دواخرا، ئەمە بۆ ئەوە بوو سەرۆكی پەرلەمان‌و بریكارەكانیان وەڵامی خۆیان لەبارەی سكاڵاكەوە ئامادە بكەن. 
ئەو چوار سكاڵایەی كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە، یەكێكیان (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە‌و سێ سكاڵاكەی تریش لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەجیا تۆماركراوە‌و یەكێكیان (شاسوار عەبدولواحید)‌و ئەوی تریان (سروە عەبدولواحید)‌و سكاڵای سێیەمیش لەلایەن (كاوە عەبدولقادر)ی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ- كشاوە لە پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە. 
پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، جگە لە فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان‌و پێكهاتەكان كە دەنگیان بۆ درێژكردنەوە داوە، فراكسیۆنەكانی تر‌و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بەشێوازی جیاواز لە پەرلەمان كشاونەتەوە یاخود بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە. 
ئەمە جاری یەكەم نەبوو پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، لەسەرجەم خولەكاندا بەتێكڕا پەرلەمان (8) جاری تر تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز لەوانە شەڕی ناوخۆ‌و شەڕی داعش‌و قەیرانی سیاسی ناوخۆیی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand