Draw Media

(توەقوت) لە راپۆرتی چاودێری دارایدا

(توەقوت) لە راپۆرتی چاودێری دارایدا

2022-12-16 15:59:45


راپۆرت: درەو
پردی (توەقوت) لە هەڵەبجە  نمونەی یەكێك لەو پرۆژانەیە كە بەدەست كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە مرداربوەتەوە، ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دوو ساڵ دەخایەنێت، بەڵام زیاتر لە سێ ساڵە بڕیاری لێدراوە‌و جێبەجێ نەكراوە، (درەو) راپۆرتێكی چاودێری دارایی دەستكەوتووە كە دەریدەخات، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە بەدەر لە پرۆسەی تەندەرین هاوكاری ئەو  دوو كۆمپانیایەی كردووە كە پرۆژەكەیان بۆ دەرچووە، چاودێری دارایی گومانی لەمە هەیەو داوای دروستكردنی لیژنە دەكات لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران. وردەكاری راپۆرتی چاودێری دارایی لەبارەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە‌و پردەكەی توەقوت لەم راپۆرتەدا. 

چاودێری دارایی داوای لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكات
رۆژی 23ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی كە سەربە (دیوانی چاودێری دارایی)ە لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەكاربووە بۆ وردبینیكردن لە پرۆژەی (دروستكردنی رێگای هەڵەبجە- توەقوت- قلیجە)‌و پرۆژەی (پردی توەقوت) لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە. 
تیمەكەی چاودێری دارایی دوای تەواوكردنی وردبینییەكەی لەبارەی پرۆژەكەوە داوا دەكات (لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران‌و بە ئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتیی، لیژنەیەكی پسپۆڕ پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە ئیحالەكردنی پرۆژەكە بۆ دوو كۆمپانیا‌و ئەو سەرپێچییانەی كە كراون، پاشان سەرپێچیكاران دیاری بكرێن‌و رێكاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر). 

تەندەرەكە بۆ كێ دەرچوو ؟
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بڕی (30 ملیارو 345 ملیۆن‌و 547 هەزار) دیناری تەرخانكردووە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی (رێگای هەڵەبجە- توەقوت- قلیجە)‌و دروستكردنی هەردوو پردی (توەقوت‌و سازان). 
بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی (10) كۆمپانیا بەشدارییان كردووە لە كەمكردنەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە،  پاش پشكنینی بەرایی تەندەرەكان (3) كۆمپانیا دورخراونەتەوە كە بریتی بوون لە كۆمپانیاكانی (پەری شاد)‌و (MICG- میهرەبان)‌و (كارڤان رۆد).
نرخی تەندەری هەرسێ كۆمپانیای یەكەم‌و دووەم‌و سێیەم، پاش پشكنینی وردی تەندەرەكان بەمشێوەیە بوون:

رۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2021، تەندەرەكان كراونەتەوە، لیژنەی شیكردنەوە پێشنیازی كردووە جێبەجێكردنی پرۆژەكە بدرێت بە هەردوو كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) بەهۆی ئەوەی كەمترین نرخیان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە پێشكەشكردووە كە بڕی (28 ملیارو 74 ملیۆن‌و 970 هەزار) دینار بووە.
لەسەر ئەم بنەمایە، رۆژی 11ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پرۆژەكەی ئیحالەی هەردوو كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) كردووە، لەم تەندەرەدا (ساكۆ) رێژەی 65%ی هەیەو (سەرسیر) رێژەی 35%و پێكەوە ئەنجامی دەدەن.

وەزارەت نرخی تەندەری بۆ كۆمپانیاكە گۆڕیوە !
ئەوەی چاودێری دارایی لە وردبینییەكەیدا تێبینی كردووە‌و تۆماریكردووە، بابەتی دەستكاریكردنی نرخی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ ئەو كۆمپانیای كە تەندەرەكەی بۆ دەرچووە. 
بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی، دوای زیاتر لە سێ مانگ لە ئیحالەكردنی پرۆژەكە بۆ ئەو كۆمپانیایەی تەندەرەكەی بۆ دەرچووە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە رۆژی 27ی نیسانی ئەمساڵدا نوسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە‌و داوای كردووە رەزامەندی بدەن لەسەر ئەوەی كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) پرۆژەكە بەبێ جێبەجێكردنی (پردی سازان) ئەنجام بدەن، بەڵام بەهەمان نرخی خەمڵێندراوی حكومەت بۆ پرۆژەكە كە بڕەكەی (30 ملیارو 345 ملیۆن‌و 547 هەزار) دینارە. 
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەسەر داوای كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر) دروستكردنی پردی سازانی لە پرۆژەكە دەركردووە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێ "زیاتر لە چوار مانگ تێپەڕیوە بەسەر پێشكەشكردنی تەندەرەكەی‌و نرخ لە بازاڕدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە‌و كۆمپانیا هۆكار نەبووە لە دواكەوتنی پرۆسەی واژۆكردنی گرێبەستەكە لەكاتی خۆیدا، بۆیە ئەمە ناچێتە خانەی پاشگەزبوونەوە".
رۆژی 4ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دوای وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران، كۆمپانیای (ساكۆ‌و سەرسیری) ئاگاداركردووە كە پرۆژەكەیان بە هەمان نرخ پێ سپَردراوە بەبێ (پردی سازان). 
چاودێری دارایی دەڵێ ناوەڕۆكی نوسراوەكەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەو مانایە دێت "پرۆسەی تەندەرینەكە كاری پێنەكرێت‌و راستەوخۆ پرۆژەكە لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیاوە بە نرخی خەمڵێندراو جێبەجێ بكرێت".
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەبەهانەی ئیمزا نەكردنی گرێبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەگەڵ كۆمپانیاكە، جێبەجێكردنی پردی (سازان) لە تەندەرەكە لابردووە، بەبێ ئەوەی روونی بكاتەوە بۆچی لەكاتی خۆیدا گرێبەستەكە ئیمزا نەكراوە، ئەمە جێگەی سەرەنجی چاودێری داراییە، چونكە: 
•    لە ئەنجامی ئەم گۆڕانكارییەدا كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كردویەتی (واتا دەركردنی پردی سازان) لە تەندەرەكە، نرخی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای (ساكۆ و سەرسیر)ەوە زیاتر بووە لەو نرخانەی كە لە تەندەریندا هەردوو كۆمپانیای دووەم‌و سێیەم پێشكەشیان كردووە‌و بۆیان دەرنەچووە.
كۆمپانیای دووەم كە كۆمپانیای (سەلام تالب فەرەج)‌و تەندەرینەكەی بۆ دەرنەچووە، بۆ  جێبەجێكردنی پرۆژەكە بە پردی سازانیشەوە بڕی (29 ملیارو 533 ملیۆن) نرخی پێشكەش كردووە، كۆمپانیای سێیەمیش كە (كۆمپانیای هەڵەبجە- رێنوار)ە‌و بە هەمان شێوە بۆی دەرنەچووە، بڕی (29 ملیارو 562 ملیۆن) دینار نرخی پێشكەش كردووە. 
 
پێشینەو دەستەبەری بانكی
بابەتێكی تری گرێبەستی (توەقوت ) كە جێگای سەرەنجی چاودێری داراییە، لەو گرێبەستەی كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كردویەتی، ئاماژە بەوە كراوە لایەنی یەكەم واتە (حكومەت) دەبێت بەرێژەی 20%ی گوژمەی گرێبەستەكە پێشەكی بدات بە (كۆمپانیا)ی جێبەجێكار، چاودێری دارایی دەڵێ ئەمە پێچەوانەی رێنمایی جێبەجێكردنی بودجەیە كە رێژەی 10%ی گوژمەی گرێبەستی وەكو پێشەكی دیاری كردووە. 
لەپاڵ ئەمەدا، چاودێری دارایی تێبینی ئەوەی كردووە، كۆمپانیای جێبەجێكار 15 رۆژ پێش پێشكەشكردنی پێشینەی یەكەمی پرۆژەكە، گرەنتی باش جێبەجیێكردنی پرۆژەكەی پێشكەش نەكردووە كە بریتییە لە دەستەبەری بانكی (خگاب چمان حسن التنفیژ)‌و ئەمە یەكێكە لە مەرجەكانی گرێبەستی پرۆژەكان. 

زیادكردنی گوژمە بەبێ رونكردنەوە
لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانكردنەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە 28ی تەموزی ئەمساڵدا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر  زیادكردنی بڕی (2 ملیارو 664 ملیۆن‌و 370 هەزار) دینار بۆسەر گوژمەی گشتی پرۆژەكە، بەمەش تێكڕای گوژمەی جێبەجێكردنی پرۆژەی رێگاو پردی توەقوت‌و پردی سازان بۆ (30 ملیارو 345 ملیۆن‌و 547 هەزار) دینار بەرزبوەتەوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجی چاودێری دارایی بووە، لەم رەزامەندبوونەی سەرۆكی حكومەتدا بۆزیادكردنی گوژمەی پرۆژەكە ئاماژە بەوە نەكراوە (جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیاوە بەدەرە لە رێنماییەكانی كەمكردنەوە).

پردێك لەنێوان دوو كابینەدا
كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد لەدواین رۆژەكانی تەمەنی خۆیدا،  رەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانكردنی بڕی (8 ملیارو 450 ملیۆن) دینار بۆ دروستكردنی پردی (توەقوت) لەسەر رووباری سیروان، ئەوكات كە ئەم بڕیارە دەرچوو (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) وەزیری ئاوەدانكردنەوە بوو. 
دروستكردنی ئەم پردە یەكێكە لە داواكارییە لە مێژینەكانی خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە، چونكە پردەكە هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە دەربەندیخان‌و لە داهاتوودا ئاسانكاری دەكات بۆ جوڵەی بازرگانی لەنێوان هەڵەبجە‌و ناوچەی گەرمیان، لەلایەكی ترەوە دروستكردنی ئەم پردە سودێكی ئابوری تایبەتی بۆ خەڵكی ناحیەی (بەمۆ)ی سەربە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت‌و گاریگەری دەبێت لە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر رێگای هەڵەبجە- سەیدسادق، ئەمە سەرباری سودەكانی لەڕووی گەشتیارییەوە بۆ ناوچەكە، كە هەموو ئەمانە لەتوانایاندایە هەڵەبجە لە ناوچەیەكی چەپەكەوە بگۆڕێت بۆ سنورێكی پڕ جموجوڵی ئابوری‌و بازرگانیی.
كابینەی هەشتەم رۆژی 1ی تەموزی 2019 بڕیاری تەرخانكردنی پارەی بۆ دروستكردنی ئەم پردە دەركرد‌و دوای 10 رۆژ دەسەڵاتی رادەستی كابینەی نۆیەم كرد بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، كابینەی نۆیەم لە 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، (دانا عەبدولكەریم) لە بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی وەرگرت، واتە پردی (توەقوت) پرۆژەی كابینەی هەشتەمە‌و رادەستی كابینەی نۆیەم كراوە.
ماوەی سێ ساڵە‌و پێنج مانگە پارە بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانكراوە‌و هێشتا جێبەجێ نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی جێبەجێكردنە پرۆژەكە بە (2 ساڵ) دیاریكراوە. 
دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، جارێكی ترو لە شوباتی 2020دا بودجە بۆ پرۆژەكە تەرخانكرایەوە، بەڵام بانگەواز بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە كەوتە رۆژی 14ی ئۆكتۆبەری 2021ەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی لە 27ی شوباتی ئەمساڵدا گوژمەی پرۆژەكەی لە (8 ملیارو 450 ملیۆن) دینارەوە زیادكرد بۆ (27 ملیارو 682 ملیۆن) دینار، دواترو لە 27ی تەموزی ئەمساڵدا بڕی (2 ملیارو 664 ملیۆن‌و 370 هەزار) دیناری تر بۆ گۆژمەی پرۆژەكە زیادكراوە‌و تێكڕای بودجەكەی بووە بە (30 ملیارو 345 ملیۆن‌و 574 هەزار) دینار. 
21ی تشرینی دووەمی 2021 پێشنیازی ئەوە كراوە پرۆژەكە ئیحالەی ئەو دوو كۆمپانیایە بكرێت كە تەندەرەكەیان بۆ دەرچووە، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێك‌و لە 29ی ئەیلولی ئەمساڵدا وەزارەت گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ساكۆ‌و سەرسیر) ئیمزا كردووە. 
رۆژی 14ی ئەیلولی ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی رایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا بەردی بناغەی پرۆژەی پردی (توەقوت) دادەنرێت، بەپێی قسەی كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بڕیار بووە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەردی بناغەی پرۆژەكە دابنرێت، بەڵام بەهۆی كێشەی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار. 
لەپاڵ كێشەی پارتی‌و یەكێتی، جێگری پارێزگای هەڵەبجە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكەش بە كەمتەرخەم ناودەبات كە نەهاتووە بۆ ئەوەی پێگەی ئەنجامدانی پرۆژەكە وەربگرێت، بۆ ئەمەش وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كەمتەرخەمی كردووە‌و لێپرسینەوەی لە كۆمپانیاكە نەكردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand