Draw Media

دوو رۆژه‌ وه‌فدی ئێران له‌ كوردستانه‌

دوو رۆژه‌ وه‌فدی ئێران له‌ كوردستانه‌

2023-06-20 16:49:23


(درەو): 
لەدوای ئاغای (لوتفی)، وەفدێكی تری ئێرانی گەیشتە هەرێمی كوردستان، ماوەی دوو رۆژە وەفدەكە لە هەرێمە، هاتوون بزانن ئایا هەرێم پابەند بووە بە چەككردنی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان یاخود نا، ئێران دوو بژاردەی داناوە (چەككردنی حزبەكان‌و كەمپنشینكردن یاخود كردنە دەرەوەیان لە هەرێمی كوردستان). 

وەفد بۆ چاودێری رێككەوتن
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ماوەی دوو رۆژە وەفدێكی ئێرانی هاتوەتە هەرێمی كوردستان، سەرەتا وەفدەكە لە سلێمانی چەند دیدارو كۆبونەوەیەكی كردووەو دواتر چوەتە هەولێر.
(درەو) زانیویەتی، وەفدە ئێرانییەكە لەسەر بەڵێنی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هاتوەتە هەرێمی كوردستان، سەردانەكە بۆ ئاگاداربوونە لەوەی ئایا هەرێمی كوردستان پابەند بووە بە درەنجامەكانی كۆبونەوەی 29ی ئایاری رابردوو سەبارەت بە چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی 29ی ئایاری تاراندا كە لەنێوان قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق‌و عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەڕێوەچووە، لایەنی ئێرانی دوو داواكاری خستوەتە بەردەم، هەرێمی كوردستان كە ئەمانەن: 
•    داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانی‌و هەولێر دابنرێن. 
•    داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێن‌و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بكرێنە دەرەوە. 
لەم كۆبونەوەیەدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە سەربە پارتییە هەروەها هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم كە سەربە یەكێتییە بەشداربوون. 
داواكارییەكانی ئێران لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بوو كە بەمدواییە لەنێوان عێراق‌و ئێران ئیمزاكراو ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، ئەم رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە. 
لە كۆبونەوەكەی تاراندا وەزیری ناوخۆی هەرێم‌و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم بە داواكارییەكانی ئێران لەبارەی چارەنوسی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رازی بوون، بەڵام داوایان كردبوو لە جێبەجێكردنی داواكارییەكاندا پەلەیان لێ نەكرێت. 
نوێنەرە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان داوایان كردبوو بەر لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێران، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی واشنتۆن بكات‌و ئەمریكییەكان لەبارودۆخەكە ئاگادار بكاتەوە، بۆ ئەوەی لەحاڵی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئێراندا، ئەمریكا فشار لە هەرێمی كوردستان نەكات. 
بەڵام قاسم ئەعرەجی سەردانی واشنتۆنی نەكرد‌و لەبری ئەو لە رۆژانی رابردوودا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمریكای كرد. 

هەرێم‌و نیگەرانییەكانی ئێران
لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە. 
بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە. 
بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكرد‌و ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی. 
كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووەتە لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كرد‌و رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج.
موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانی‌و ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە. 
ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتی‌و سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراق‌و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوە‌و ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە. 
ئێستا پارتی‌و یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا ئێران بەردەوامە لە فشارەكانی، تێپەڕاندنی یاسای بودجەی 2023ی عێراق بەدڵی پارتی نەبوو، بەڵام هێشتا نیگەرانییەكی ئەوتۆی لەوبارەیەوە نیشان نەداوە كە بگاتە ئاستی كشانەوە لە حكومەتەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیی. 

یه‌كێتیش كه‌ به‌ دۆستێكی نه‌ریتیی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌ژمارده‌كرێت، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ یاسای بودجه‌ی 2023ی عێراقدا به‌ پاڵپشتی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی توانی بڕگه‌یه‌ك جێگیر بكات كه‌ مافی ئه‌وه‌ی پێده‌دات وه‌كو ده‌سه‌ڵاتداری سنوری سلێمانی مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی دارایی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵدا بكات، ئه‌گه‌ر هاتوو ناڕازیی بوو له‌ شێوازی دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی داهات له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كه‌ ئێستا پارتی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات. 

ئاغای (لوتفی) لە كوردستان بوو
بۆ هەمان مەبەستی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، مانگی نیسانی ئەمساڵ وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران هاتە هەرێمی كوردستان، وەفدەكە ئاغای (لوتفی) سەرۆكایەتی دەكرد كە جێگری وەزیری (ئیتلاعات)ی ئێرانە. 
ئەوكات، وەفدەكە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقی بینی بوو. 
دیدارەكانی ئەم وەفدە دوور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەچوون، هیچ یەكێك لەوانەی وەفدەكەیان بینی بوو، وێنەی دیدارەكەیان بڵاونەكردەوە، بەڵام محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانی وەفدەكە، وێنەی تیمەكەی ئێرانی ئاشكراكرد. 
ئەوكاتیش، سەرچاوە ئاگادارەكان باسیان لەوە دەكرد، لەبارەی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، پارتی‌و یەكێتیی بەڵێنیی ئەرێنییان بە وەفدەكەی ئێران داوە. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand