Draw Media

قەبارەی بودجەی وڵاتانی نەوتی بۆ ساڵی 2023

قەبارەی بودجەی وڵاتانی نەوتی بۆ ساڵی 2023

2023-06-20 14:27:49



شیكاری: درەو

لە دوای وڵاتی سعودییەوە عێراق گەورەترین خەرجی هەیە بەراورد بە وڵاتانی نەوتی ناوچەکە، تایبەت بە داهاتی خەمڵێندراویش عێراق لە دوای هەریەک لە سعودییەو ئێرانەوە دێت. لە کورتهێنانیشدا لە پێش هەموانەوەیە.
ئەو داهاتەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)ی عێراقدا خەمڵێندراوە بە زیاتر لە (103 ملیار و 502 ملیۆن) دۆلار، زیاترە لەو داهاتەی کە لە یاساو پرۆژە یاساکانی وڵاتانی (مسر، ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە خەمڵێندراوە.
هاوکات خەرجییەکانیشی زیاتر لە (153 ملیار و) دۆلارە، ئەم بڕەش زیاترە لە خەرجی هەریەک لە وڵاتانی (کوەیت، قەتەر و بەحرەین) پێکەوە.
ئەو کورتهێنانەشی لە یاساکەدا هاتووەو بە زۆرتر لە (49 ملیار و 505 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێنرێت، زیاترە لە خەرجییەکانی وڵاتانی (ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە.

قەبارەی بودجەی بەشێک لە وڵاتانی نەوتی بۆ ساڵی 2023
پاڵپشت بە یاساو پرۆژە یاساکانی بودجەی هەر یەک لە وڵاتانی (سعودییە، عێراق، ئێران، مسر، کوەیت، قەتەر، ئیمارات و بەحرەین) بۆ ساڵی (2023)، لە دوای وڵاتی سعودییەوە عێراق گەورەترین خەرجی هەیە بەراورد بەو وڵاتانەی دیکە، تایبەت بە داهاتی خەمڵێندراویش عێراق لە دوای هەریەک لە سعودییەو ئێرانەوە دێت.
بە مانایەکی دیکە ئەو داهاتەی لە یاسای بودجەی (2023)ی عێراقدا خەمڵێندراوە زیاترە لەو داهاتەی کە لە یاساو پرۆژە یاساکانی وڵاتانی (مسر، ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە خەمڵێندراوە. هاوکات خەرجییەکانیشی زیاتر لە خەرجی هەریەک لە وڵاتانی (کوەیت، قەتەر و بەحرەین)ە پێکەوە. ئەو کورتهێنانەشی لە یاساکەدا هاتووە زیاترە لە خەرجییەکانی وڵاتانی (ئیمارات و بەحرەین) پێکەوە. لێرەدا داهات و خەرجی هەریەک لەو وڵاتانە بۆ ساڵی (2023) کە لە یاساو پرۆژە یاساکانیاندا هاتووە، روندەکەینەوە.

 

یەکەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی سعودییە بۆ ساڵی 2023
پاڵپشت بە داتاکان، بودجەی گشتی سعودییە بۆ ساڵی (2023) لەرووی (خەرجی و داهات)یشەوە یەکێکە لە بودجە زەبەلاحەکانی وڵاتانی ناوچەکە، بە جۆرێک داهاتی ئەو وڵاتە بە (ترلیۆنێک و 123 ملیار) ریالی سعودی خەمڵێندراوە، کە بەرامبەرە بە (298 ملیارو 718 ملیۆن) دۆلار.
خەرجییەکانیشی بە (ترلیۆنێک و 114 ملیار) ریالی سعودی خەمڵێندراوە، کە بەرامبەرە بە زیاتر لە (296 ملیار و 324 ملیۆن) دۆلار. بەم پێیەش بڕی (9 ملیار) ریاڵ سەررێژی دەبێت، کە هاوتایە بە (2 ملیار و 394 ملیۆن) دۆلار.

دووەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023
پاڵپشت بە دواین دەقی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2023)، داهاتی گشتی عێراق بە (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دیناری عێراق خەمڵێندراوە کە هاوتایە بە (103 ملیار و 502 ملیۆن و 245 هەزار و 433) دۆلاری ئەمریکی، ئەم داهاتەش لە دوای سعودییەو ئێرانەوە بە گەورەترین داهاتی خەمڵێندراو لە قەڵەم دەدرێت.
هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی عێراقیشە لە دوای سعودییەوە بە گەورەترین خەرجی دێت کە بە (198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار) دینار خەمڵیندراوە، کە بەرامبەرە بە (153 ملیار و 7 ملیۆن و 956 هەزار و 608) دۆلاری ئەمریکی.
بەو پێیەش قەبارەی کورتهێنانی بودجەی گشتی عێراق دەگاتە (64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار) دینار، کە هاوتایە بە (49 ملیار و 505 ملیۆن و 711 هەزار و 175) دۆلاری ئەمریکی و ئەم کورتهێنانەش گەورەترین کورتهێنانە بەراورد بە کورتهێنانی بودجەی گشتی وڵاتانی نەوتی ناوچەکە.

سێیەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی ئێران بۆ ساڵی 2023
 پاڵپشت بە "پڕۆژە یاسای بودجەی 1402ی هەموو وڵات"ی ئێران کە بە مانگی ئازاری 2023 دەستپێدەکات و بە ئازاری 2024 کۆتایی دێت و لە خشتەی ژمارە (1)ی پرۆژەکەدا هاتووە؛
داهاتی گشتی ئێران بە (51 کوادریلیۆن و 90 ترلیۆن و 83 ملیار و 711 ملیۆن) ریاڵی ئێرانی خەمڵێندراوە کە هاوتایە بە (122 ملیار و 616 ملیۆن و 200 هەزار و 906) دۆلاری ئەمریکی، ئەم داهاتەش لە دوای سعودییەوە بە گەورەترین داهاتی خەمڵێندراو لە قەڵەم دەدرێت.
هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی ئەو وڵاتەیە لە دوای سعودییەو عێراقەوە دێت کە بە هەمان بڕی داهات خەرجییەکانیش خەمڵێندراوە، بۆیە پرۆژە یاساکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە هیچ کورتهێنانێک رووینەداوە یان روونادات.

چوارەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی مسر بۆ ساڵی 2023
ئەگەر چی هیچ یاساو پرۆژە یاسایەکی بودجەی وڵاتی مسر بۆ ساڵی (2023) بەردەست نیە، بەڵام بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی مسر، پێشبینی کردووە کە پرۆژە یاسای (2023 - 2024) کە لە مانگی تەموزی ئەمساڵ دەچێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، داهاتی گشتی وڵات بریتی دەبێت لە (2 ترلیۆن و 100 ملیار) جونیەی مسری کە هاوتایە بە (68 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش داهاتی گشتی ئەو وڵاتە دوای داهاتی گشتی هەریەک لە وڵاتانی (سعودییە، ئێران و عێراق)ەوە دێت.
هەر تایبەت بە خەرجییەکانی ئەو وڵاتە بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی مسر بریتی دەبێت لە (3 ترلیۆن) جونیەی مسری کە بەرامبەرە بە زیاتر لە (97 ملیار و 400 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی. بەم پێیەش کورتهێنانی گەورە لە بودجەی گشتی ئەو وڵاتە روودەدات، کە بریتی دەبێت لە (900 ملیار) جونیە و هاوتایە بە (29 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، ئەم بڕەش هێشتا کەمترە لە دوو لەسەر سێی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی گشتی عێراقدا روودەدات.

پێنجەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی کوەیت بۆ ساڵی 2023
پاڵپشت بە زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی کوەیت، تایبەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023 - 2024)، داهاتی گشتی کوەیت بە (19 ملیار و 452 ملیۆن و 500 هەزار) دیناری کوەیتی خەمڵێندراوە، کە هاوتایە بە (63 ملیار و 415 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلاری ئەمریکی، ئەم داهاتەش لە دوای سعودییە، ئێران، عێراق و مسرەوە دێت لە رووی گەورەیی داهاتی خەمڵێندراوەوە.
هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی (کوەیت)ە بە (26 ملیار و 287 ملیۆن و 500 هەزار) دینار خەمڵیندراوە، کە بەرامبەرە بە (85 ملیار و 667 ملیۆن و 910 هەزار) دۆلاری ئەمریکی.
بەو پێیەش قەبارەی کورتهێنانی بودجەی گشتی کوەیت دەگاتە (6 ملیار و 826 ملیۆن) دینار، کە هاوتایە بە (22 ملیار و 252 ملیۆن و 760 هەزار) دۆلاری ئەمریکی.

 

شەشەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی قەتەر بۆ ساڵی 2023
پاڵپشت بە یاسای ژمارە (10)ی یاسای بودجەی گشتی دەوڵەت بۆ ساڵی دارایی (2023)، داهاتی گشتی قەتەر بە (228 ملیار) ریاڵی قەتەری خەمڵێندراوە کە هاوتایە بە (62 ملیار و 631 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلاری ئەمریکی.
هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی (قەتەر)ە بە (199 ملیار) ریاڵ خەمڵیندراوە، کە بەرامبەرە بە (54 ملیار و 665 ملیۆن و 300 هەزار) دۆلاری ئەمریکی.
بەو پێیەش قەبارەی سەرڕێژی بودجەی گشتی قەتەر دەگاتە (29 ملیار) ریاڵ، کە هاوتایە بە (7 ملیار و 966 ملیۆن و 300 هەزار) دۆلاری ئەمریکی. کە نزیکە لە داهاتی خەمڵێندراوی وڵاتێکی وەک بەحرەین و گەورەترین سەرڕێژەی داهاتە لەنێوە وڵاتە نەوتییەکانی ناوچەکە.

حەوتەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی ئیماراتی عەرەبی بۆ ساڵی 2023
پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی دارایی ئیماراتی عەرەبی تایبەت بە بودجەی ساڵانی (2023 - 2026)، تەنها بۆ ساڵی (2023) داهاتی گشتی ئیمارات بە (63 ملیار و 613 ملیۆن) درهەمی ئیماراتی خەمڵێندراوە کە بەرامبەرە بە (17 ملیار و 321 ملیۆن و 819 هەزار و 900) دۆلاری ئەمریکی.
هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی ئیماراتی عەرەبییە بە (63 ملیار و 66 ملیۆن) درهەم خەمڵیندراوە، کە دەکاتە (17 ملیار و 172 ملیۆن و 871 هەزار و 800) دۆلاری ئەمریکی.
بەو پێیەش قەبارەی سەرڕێژی بودجەی گشتی ئیمارات دەگاتە (547 ملیۆن) درهەم، کە هاوتایە بە (148 ملیۆن و 948 هەزار و 100) دۆلاری ئەمریکی.

هەشتەم؛ قەبارەی بودجەی گشتی بەحرەین بۆ ساڵی 2023
پاڵپشت بە دەقی پرۆژە بودجەی بەحرەین بۆ ساڵانی (2023 - 2024) بەپێی مادەکانی (1، 2 و 3) داهاتی گشتی بەحرەین بە (3 ملیار و 103 ملیۆن و 386 هەزار) دیناری بەحرەینی خەمڵێندراوە کە بەرامبەرە بە (8 ملیار و 241 ملیۆن و 351 هەزار و 862) دۆلاری ئەمریکی.
هەرچی خەرجی خەمڵێندراوی (بەحرەین)ە بە (3 ملیار و 596 ملیۆن و 965 هەزار) دینار خەمڵیندراوە، کە دەکاتە (9 ملیار و 552 ملیۆن و 100 هەزار و 254) دۆلاری ئەمریکی.
بەو پێیەش قەبارەی کورتهێنانی بودجەی گشتی بەحرەین دەگاتە (493 ملیۆن و 579 هەزار) دینار، کە هاوتایە بە (ملیارێک و 310 ملیۆن و 748 هەزار و 392) دۆلاری ئەمریکی.
بۆ بەرچاو ڕوونی بڕوانە خشتەو چارتی هاوپێچ


سەرچاوەکان
1.    اليوم.. السعودية تعلن الميزانية العامة للعام 2023، الإيرادات والمصروفات الفعلية للميزانية السعودية (2000 – 2023)، 2022/12/07؛
https://www.argaam.com/ar/article/articledetail/id/1607480
2.    دەقی رەشنوسی بودجەی گشتی عێراق، 2023-06-09؛
https://www.awene.com/detail?article=88564
3.    لایحه بودجه ۱۴۰۲ کل کشور+ پیوست ها؛
https://shenasname.ir/wp-content/uploads/2023/01/%D9%85%D8%A7%D8%AF%D9%87%D9%88%D8%A7%D8%AD%D8%AF%D9%87%D9%88%D8%AC%D8%AF%D8%A7%D9%88%D9%84%D9%83%D9%84%D8%A7%D9%86%D9%84%D8%A7%D9%8A%D8%AD%D9%871402.pdf
4.    مصر تتوقع 97 مليار دولار نفقات لموازنة العام المالي المقبل، 09/05/2023؛
https://www.aljazeera.net/ebusiness/2023/5/9/%D9%85%D8%B5%D8%B1-%D8%AA%D8%AA%D9%88%D9%82%D8%B9-97-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%86%D9%81%D9%82%D8%A7%D8%AA-%D9%84%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B2%D9%86%D8%A9
5.    63.5  مليار دولار إيرادات موازنة الكويت في 2023-2024، 31/01/2023؛
https://www.skynewsarabia.com/business/1592932-635-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%95%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D8%AF%D8%A7%D8%AA-%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B2%D9%86%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%8A%D8%AA-2023-2024
6.    الجريدة الرسمية لدولة قطر، العدد ١، ١٩يناير ٢٠٢٣، قانون رقم (10) لسنة 2022 باعتماد الموازنة العامة للدولة للسنة المالية 2023؛
https://www.almeezan.qa/PDF/2023/1.pdf
7.    الإمارات العربية المتحدة، وزارة المالية، دولة الإمارات تعتمد الميزانية العامة للاتحاد 2023-2026 بإجمالي مصروفات تقديرية 252.3 مليار درهم، 10 أكتوبر 2022؛
https://mof.gov.ae/%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%85%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%B9%D8%AA%D9%85%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8A%D8%B2%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A9-2/
8.    نص مشروع ميزانية الدولة البحرین للسنتين الماليتين 2023-2024، 02/04/2023؛
https://www.akhbar-alkhaleej.com/news/article/1327522

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand