بازرگانیکردن بە سپێرمی پیاوانەوە
2023-06-18 20:51:19
ئامادەکردنی: ئایدیا دیپلۆماتیک
کەسی سپێرمفرۆش دەبێت تەمەنی لە نێوان (18 -30) ساڵ بێت، هاوسەرگیریی نەکردبێت، پشکنینی (DNA) بۆ هەموو سپێرمەکان دەکەن و بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان یاخود تووشبووی ئایدزن نەبن
جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان بازرگانی و بازرگانیپێکردندا، یەکەمیان بەو ئاڵوگۆڕانە دەگوترێت کە بە شێوەیەکی ئاسایی و ڕێگەپێدراو بەڕێوە دەچن، بەڵام دوەمیان ئەو ئاڵوگۆڕانە دەگرێتەوە کە نایاسایین و بە شێوەیەکی نهێنی یاخود نیمچەنهێنی بەڕێوە دەچن. بازرگانیپێکردن هیچ سنوورێکی نییە، هەموو ئەوەی کارەکتەرەکانی ئەم پڕۆسەیەی سەرقاڵکردوە، بەدەستهێنانی پارەیە، ئیدی ئامڕازە بەکارهێنراوەکان هەر چییەک بن. ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی هەموو جۆرە بەرهەمێک، دواهەمینیشیان کڕین و فرۆشتنی سپێرمی پیاوانە لە بەرانبەر بڕێک پارەدا.
کاتێک پشتڕاست دەکرێتەوە کە پیاوێک تووشی نەزۆکی هاتوە و هەموو هەوڵەکانیش شکستیان هێناوە بۆ چارەسەرکردنی، هاوسەران لە ئەورووپا و ئەمریکا پەنا دەبەنە بەر بانکەکانی سپێرم، کە لەوێ سپێرمی پیاوێکی دیکەی جیاواز لە مێردەکە، لە ناو منداڵدانی ژنەکەدا دەچێنرێت. وڵاتانی خۆرئاوا ئەم کردارە بە بابەتێکی ڕێگەپێدراو و ئاسایی نێوان خۆیان دەزانن. لە بەشێک لە وڵاتاندا ماڵپەڕی تایبەت بەو مەبەستە دروست کراوە، کە ئەو کەسانەی سپێرمی خۆیان دەفرۆشن لەوێ نمایشێ دەکەن و لەو ڕێگەیەشەوە دەفرۆشرێتەوە بە خانمان، نرخی بڕێک سپێرمیش لەم ڕێگەیەوە دەگاتە زیاتر لە (2000 دۆلار). بێگومان بەهای کڕینی هێندە بەرز نییە و بە نرخێکی هەرزان لە پیاوان دەکڕدرێت، بەڵام وەک هەر جۆرە بازرگانییەکی دیکەی نائاسایی و ناباو، نرخی فرۆشتنی گەلێک بەرز دەبێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێکی زۆر لە ماڵپەڕەکان خزمەتگوزاریی گەیاندنی سپێرمیشیان هەیە بۆ ماڵان.
خانمان خۆیان دەتوانن سەردانی ئەو بانکانە بکەن و لەوێ سپێرمەکە لە ناو منداڵدانیاندا بچێنن تا دەپیتێت و دەبێتە کۆرپەلە. چەند جۆرێک لە خانمان ئەم سپێرمە وەر دەگرن. بەشێکیان دوو هاوسەری ئاسایین و بە هۆی بوونی کێشەی تەندروستی لە پیاوەکەدا منداڵیان نابێت، هەر بۆیە سەردانی ئەم بانکە دەکەن و بڕێک سپێرم دەکڕن. بەشێکی دیکە لە خانمان خاوەنی هاوسەر نیین یاخود لە هاوسەرەکانیان جودا بوونەتەوە، بەڵام دەیانەوێت ببنە خاوەنی منداڵ. هەندێکی دیکەش ئەو خانمانەن کە باوەڕیان بە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی سێکسیی ڕاستەوخۆ نییە لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر، یاخود هاوڕەگەزخوازن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەخوازن ببنە خاوەنی منداڵێک. بەشێکەی دیکەش لە کڕیاران و سەردانکەرانی ئەم بانکە، ئەو کەسانەن کە کار بۆ باندە مافیاییەکان و بازرگانانی مرۆڤ دەکەن، دەیانەوێت منداڵێک دروست بکەن و هەر لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە تا گەورەبوونی تەمەنی، لە هەر قۆناغێکی تەمەنیدا جۆرێک لە بازرگانیی پێوە بکرێت.
مەرجەکانی کڕینی سپێرم:
یەکەم داواکاری کە لە سەر هەر سپێرمێک هەیە، ئەوەیە کە هەڵگری هیچ نەخۆشییەک نەبێت، ئەویش لە میانەی چەندین پشکنینەوە بۆ سپێرمەکە و تێپەڕینی بە پڕۆسەکانی بەستن و تواندنەوەدا. پاش هەموو ئەوانە تیمی تاقیگەی پسپۆڕ بڕیار لەوە دەدەن کە ئایا سپێرمی کەسی فرۆشیار لە ڕووی جۆر و چۆنایەتییەوە گونجاوە یاخود نا، هەروەها لەوەش دەپرسنەوە کە ئایا لە نەخۆشییە بۆماوەییەکان بەدوورە یاخود نا، دواجار لە پاشخانی کۆمەڵایەتیی کەسەکەش دەکۆڵنەوە. یەکێکی دیکەش لە مەرجەکان، مەرجی تەمەنە، پێویستە کەسی سپێرمفرۆش تەمەنی لە (18) ساڵ کەمتر نەبێت و لە (30) ساڵیش زیاتر نەبێت. باشتریش وایە ئەو کەسەی سپێرمی دەفرۆشێت هاوسەرگیریی نەکردبێت و پێشتریش خاوەنی هاوسەر نەبووبێت و سەڵت بێت. بانکەکانی سپێرم پشکنینی ترشی ناوکی (DNA) بۆ هەموو سپێرمەکان دەکەن و خۆیان لەو کەسانە دەپارێزن کە بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکانن یاخود تووشبووی ئایدزن.
پاش ئەوەی قۆناغی پشکنینەکان کۆتایی دێت و سپێرمی کەسەکە پەسەند دەکرێت، پێویستە خاوەنەکەی سەردانی یەکێک لە بانکەکانی سپێرم بکات و لەوێ سپێرمەکەی لێ وەردەگیرێت. ئیدی پاش ئەوە کەسی سپێرمفرۆش بۆ نییە لەوە بکۆڵێتەوە و پرسیار بکات کە سپێرمەکەی دەدرێت بە کێ و دەچێت منداڵدانی کام ژنەوە و بەرهەمەکەی چی دەبێت و بۆ چی بە کار دەهێنرێت.
هۆکارەکانی ڕووکردنە ئەم بازرگانییە:
هۆکاری هەرە سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە بازرگانییە لە لایەن کوڕانەوە و فرۆشتنی سپێرمی خۆیان، دەگەڕێتەوە بۆ بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی داهات لە لایەن گەنجانەوە. بەشێکی زۆر لە گەنجان لە وڵاتانی جیهاندا، بە دەست نەبوونی کار و داهاتەوە دەناڵێنن، هەر بۆیە لە پێناو پڕکردنەوەی بۆشاییە مادییەکانی ژیانیاندا، پەنا دەبە بەر هەر ڕێگەیەک کە بە ماوەیەکی کەم پارەیەکی زۆریان بۆ فەراهەم بکات.
بەشێکی دیکە لە پاڵنەرەکانی برەوسەندنی ئەم بازرگانییە دەگەڕێتەوە بۆ فۆڕمە جیاوازەکانی ژیانی هاوبەشێتی لە کۆمەڵگەکاندا. بۆ نموونە ئەو کچانەی کە هاوڕەگەزخوازن (واتە لیزبیانن)، بەڵام هاوسەرگیرییان کردوە لەگەڵ کچێکی دیکەدا، یاخود بە فۆڕمێکی جیاواز لە فۆڕمە باوەکان لە ناو چوارچێوەیەکی هاوبەشدا ژیان بە سەر دەبەن، کاتێک خواستی خستنەوەی منداڵیان دەبێت، پەنا نابەن بۆ سێکس کردن لەگەڵ پیاوێکدا، بەڵکوو یەکێک لە دوو کچەکە خۆیان تەرخان دەکەن بۆ کڕینی سپرێرم و چاندن و پیتاندنی لە ناو منداڵدانیدا، تا ببێتە منداڵی ئەو دوو کچە لە داهاتوودا.
بەشێکی دیکە لە بەکارهێنەران و کڕیارانی سپێرم، بریتین لە پیاوان. ئەمانیش چەند جۆرێکن، بۆ نموونە هەندێک لە پیاوان بە هۆی نەخۆشییەوە یاخود بە هۆی ڕووداوێکەوە، لە دروستکردنی سپێرم ڕادەوەستن و چیتر ناتوانن سپێرم بەرهەم بهێنن، هەر بۆیە پەنا دەبە بەر بانکەکانی سپێرم بۆ کڕینی سپێرمی پیاوانی دیکە. بەشێکی دیکەی کڕیارانیش ئەو پیاوە بەتەمەنانە دەگرێتەوە کە توانای بەرهەمهێنانی سپێرمیان نەماوە بە هۆی هەڵکشانی تەمەنیانەوە، بەڵام بە هۆی سامانداری و دەوڵەمەندییەوە دەیانەوێت منداڵێک دروست بکەن و بە خێوی بکەن، لەم بارەدا ئەو سپێرمەی دەیکڕێت یان لە منداڵدانی هاوسەرەکەیدا دەیچێنێت و دەپیتێنرێت، یاخود لەگەڵ هاوسەرەکەیدا منداڵدانی ژنێک بە کرێ دەگرن بۆ ماوەی چەند مانگێک تاوەکوو منداڵەکە لە منداڵدانی ئەودا دروست ببێت و دواتر لێی وەر دەگرنەوە. بەکرێگرتنی منداڵدان بەهای کرێکەی لە نێوان (20.000 تا 40.000) دۆلاردایە، ئەم دیاردەیە لە سەرتاسەری جیهاندا بەربڵاوە، بەڵام لەو وڵاتانەی کە ئایینی باڵادەست ڕێگە بەو کارە نادات، بە نهێنی دەکرێت، یاخود کڕیارانی ئەم بابەتە ڕوو دەکەنە وڵاتانی دەرەوە بۆ بەدەستهێنانی. بازاڕە گەورەکەی بەکرێگرتنی منداڵدان لە ئێستادا بریتییە لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا و دوورگەی هیندۆچینی، کە وڵاتانی هیندستان و بەنگلادیش و ڤێتنام و چەند وڵاتێکی دیکەش دەگرێتەوە.
سەرباری ئەمانەش ئەو پیاوانەی کە لە ژێر چەتری هاوڕەگەزخوازیدا هاوسەرگیرییان کردوە و خواستی هەبوون و بەخێوکردنی منداڵیان هەیە، بەڵام بە هۆی نەبوونی توانای بەرهەمهێنانی تۆوەوە، یاخود بە هۆی خواستی خۆیان بۆ بەرهەمهێنانی منداڵەکە لە تۆوێکی باش، پەنا دەبەنە بەر کرینی سپێرم لە بانکەکان. جێگەی باسە هەر ئەمانیش کڕیارێکی سەرەکی منداڵدانی ئەو ژنانەن کە بە کرێ دەیبەخشنە هەر کەسێک تا ساتی منداڵبوونەکە و دواتر منداڵەکە ڕادەستی لایەنی کرێدەر دەکرێتەوە.
لە ئاستێکی گشتیدا، ئەوەی وەک ئامانجی سەرەکیی ئەم جۆرە بازرگانییە تەماشا دەکرێت، بریتییە لە بوون بە خاوەنی منداڵ لە لایەن ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی ناتوانن ببنە خاوەنی منداڵ. لە لایەکی دیکەوە ئامانجەکە دروستکردنی منداڵە بۆ مەبەستی بازرگانیپێوەکردن و کارپێکردن و هەر دۆخێکی دیکە. بە مانایەکی دیکە دەتوانین ئەم خاڵە ناو بنێین بازرگانی لە ناو بازرگانیدا. چونکە بازرگانیی سپێرم بە تەنها نییە، پاش وەرگرتنی سپێرمەکە، کەسێک دەدۆزرێتەوە، واتە ژنێک، تاوەکوو منداڵدانی بە کرێ بۆ ماوەی نۆ مانگ بە کار بهێنرێت و ئەو سپێرمەی تێدا بپیتێنرێت و دواتریش بەرهەمی ئەو کۆرپەلەیە بۆ بازرگانی و سواڵکردن و بازرگانیی سێکس و ...هتد بە کار دەهێنرێت.
سپێرمی دانیمارکی زۆرترین خواستی لە سەرە:
بە گوێرەی ئامارە نوێیەکانی وڵاتی بەریتانیا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەو وڵاتە کە کڕیاری سپێرمن، پەنا بۆ ئەو سپێرمە دەبەن کە لە لایەن پیاوانی دانیمارکییەوە فرۆشراوە، بۆ ئەوەی بە کاری بهێنن بۆ منداڵبوون لە دەرەوەی چوارچێوەکانی هاوسەرگیری.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتی، نموونەی سپێرمە دانیمارکییەکان نیوەی ژمارەی ئەو سپێرمانە پێک دەهێنن کە هاوردەی ئەو وڵاتە دەکرێن. کە ئەوەش یەکسانە بە (3000) نموونەی سپێرم.
ئەو ژنانەی هەوڵی سکپڕی دەدەن لە ڕێگەی چاندن و پیتاندنی سپێرمەوە لە منداڵدانیاندا، بایەخ بە ڕەچەڵەکی ئەو کەسە دەدەن کە سپێرمەکەی لێ وەر دەگرن، چونکە سپێرم بە پلەی یەکەم و بە هۆی (DNA)یەوە، کەسێتیی ئەو منداڵە دیاری دەکات کە لە داهاتوودا لە دایک دەبێت.
ڕوانینی ئایینی:
بە گوێرەی فیقهزانانی ئایینی ئیسلام، فرۆشتن یان بەخشینی سپێرم کارێکی قەدەغەکراو و ڕێپێنەدراوە. بە گوێرەی ئایینی ئیسلام هەموو منداڵدروستکردنێک لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری ڕێگەپێنەدراوە، هەر بۆیە بابەتی کڕین و فرۆشتنی سپێرمیش وەک زینا تەماشا دەکرێت. پاساوەکەش چەند خاڵێک دەگرێتەوە. لە لایەک لەبەر مەترسیی ونبوونی ڕەچەڵەکی مرۆڤ و تێکەڵبوونەوەی نەوە نزیکەکان لە یەکتر، چوونکە باوکی منداڵەکان نادیار دەبن. لە لایەکی دیکەیشەوە لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە پڕۆسەی فرۆشتنی سپێرم لە ڕێگەی ئاوهێنانەوە بە دەستەوە ئەنجام دەدرێت، دیسان بە حەرام لە قەڵەم دەدرێت.
کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان:
گەورەترین کێبڕکێی ئەم بازاڕە لە نێوان دوو کۆمپانیادایە، کە یەکێکیان کۆمپانیایەیەکی ئەمەریکی و ئەوی دیکەشیان کۆمپانیایەکی دانیمارکییە. لەم بارەیەوە کۆمپانیای "کالیفۆڕنیا کرایۆ بانک" دەڵێت لە ماوەی (40) ساڵی ڕابردوودا، لەدایکبوونی (75 هەزار) منداڵ بە بەکارهێنانی سپێرمی فرۆشراو لەم کۆمپانیایە تۆمار کراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی گاردیانیش خواست لە سەر سپێرمی ئەمریکی ڕووی لە زیادبوون کردوە.
زۆرێک لە خێزانەکان پەنا دەبەنە بەر پیتاندنی دەستکرد، بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی سکپڕی و نەزۆکی و گرفتەکانی دووگیانبوونی سروشتی. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا ئەمریکییەکە بە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕاگەیاندوە کە ئێستا کۆمپانیاکەیان خاوەنی گەورەترین بانکی سپێرمە لە سەر ئاستی جیهان و بە بەردەوامی زیاتر لە (600) بەخشەری سپێرمیان هەیە.
بەڵام لە بەرانبەردا لێپرسراوانی بانکی "کرایۆس"ی دانیمارکی، کە ئەمیش تایبەتە بە هەڵگرتن و کڕین و فرۆشتنی سپێرم، گومانیان هەیە لە لێدوانی هاوتا ئەمریکییەکەیان. بەڕێوەبەری لقی فلۆریدای کۆمپانیا دانیمارکییەکە دەڵێت: "بەڵێ ڕاستە لە سەر ئاستی ئەمریکا ئەوان لە ئاستی پێشەوەن، بەڵام لە سەر ئاستی جیهان بە تەواوی لە دوای ئێمەوەن". سەبارەت بە جیۆگرافیای بەخشەرانی سپێرمی کۆمپانیا دانیمارکییەکە، ئەو لێپرسراوە ڕای گەیاند کە لە سەر ئاستی ئەورووپا زیاتر لە (1400) بەخشەری سپێرم و لە سەر ئاستی ئەمریکاش زیاتر لە (200) بەخشەریان هەیە و لە چوارچێوەی (100) وڵاتیشدا سپێرمەکانیان دەفرۆشن.
لە ئێستادا ئەمریکا و دانیمارک خاوەنی گەورەترین هەڵگیراوی سپێرمن لە جیهاندا، ئەوەش لەبەر ئەوەی هەر دوو دەوڵەت بایەخێکی زۆر بەم بازرگانییە دەدەن. لەم بارەیەوە (ئایۆ والبێرگ)ی مامۆستای ئەنترۆپۆلۆژیا لە زانکۆی کۆپنهاگن باس لەوە دەکات کە هۆکاری سەرەکی لەپێشبوونی ئەو دوو وڵاتە لەم جۆرە بازرگانییەدا، بریتییە لە بوونی ئەو یاسایانەی کە ڕێگە بەوە دەدەن شوناسی بەخشەرانی سپێرم بە نادیاری بمێنێتەوە ئەگەر خۆیان نەیانەوێت ئاشکرا ببێت.
کۆمپانیای "کرایۆ بانک" بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی پێگەی فەرمیی خۆی، کۆمەڵە پێوەرێکی دەستنیشان کردوە بۆ دەستنیشانکرنی فرۆشیارە نایابەکانی سپێرم. کۆمپانیاکە باس لەوە دەکەت کە زۆرینەی ئەو کەسانەی سپێرمەکانیان لەوێ دەبەخشن، خاوەنی ئاستێکی بەرزی خوێندنن و دەرچووی زانکۆ بەناوبانگەکانن، وەک زانکۆی ستانفۆرد و هارڤارد و "ئێم ئای تی" و "یوو سی ئێڵ ئەی". مەرجە سەرەتاییەکانیشیان بۆ کەسی بەخشەری سپێرم ئەوەیە کە تەمەنی لە نێوان (19-39) ساڵیدا بێت و خوێندەوار بێت و دەرچووی زانکۆ بێت، درێژیی باڵای لە پێنج پێ و نۆ ئینج کەمتر نەبێت و خاوەنی تەندروستی و جەستەیەکی باش بێت. کاتێک کەسێک پەیوەندیی بەو کۆمپانیایانەوە دەکات، دەبێت ماوەی سێ تا شەش مانگ چاوەڕوان بێت.
یەکێک لەو جیاوازییە سەرەکییانەی لە نێوان یاسای دانیمارک و ئەمریکادا هەیە، بە گوێرەی یاساکانی ئەمریکا هیچ سنوورێک نییە بۆ ژمارەی ئەو خێزانانەی کە سپێرمی یەک کەس وەر دەگرن، بەڵام بە گوێرەی یاسای دانیمارک، نابێت لە (21) خێزان زیاتر سپێرمی یەک کەس وەربگرن.
ئەو کەسانەی سپێرم دەفرۆشن لە وڵاتانی ئەمریکا و دانیمارک و چین، نرخی سپێرمەکەیان بۆ هەر سەمپڵێک دەگاتە (30 – 130 دۆلار). بەڵام لە وڵاتانی بەریتانیا، ئوستڕالیا، کەنەدا و زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، قەدەغەیان کردوە کە هیچ بەرانبەرێکی مادی بەو کەسانە بدرێت کە سپێرم دەبەخشن.
خانمێکی هۆڵەندی کە سپێرمی کڕیوە، بە ڕۆژنامەی گاردیانی ڕاگەیاندوە "کە سپێرمی کەسێکی ئەمریکیی هەڵبژاردوە و بە شتێکی باشی دەزانێت کە چەندین بژاردەی جیاجیا لە بەر دەم ئەو کەسانەدا هەبێت کە سپێرم دەکڕن". ئەو باسی لە خۆی کرد کە سپێرمی کەسێکی هەڵبژاردوە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بوە و لە ئاژانسی ناسا کاری کردوە. باسی لەوەش کرد کە بە گوێرەی وێنەکانی ئەو پیاوە لە ناو پڕۆفایلی بانکی سپێرمەکەدا، پێشبینیی کردوە کە منداڵەکەی جوان و دڵخۆش و بەختەوەر دەرچێت، کەچی پاش لە دایکبوونی بە هیچ جۆرێک نەچوەتەوە سەر ئەو پیاوە، بەڵکوو سەر خۆی داوەتەوە.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی "گراند ڤیو ریسێرچ"، لە ساڵی (2025) بەهای بازاڕێ بەخشینی سپێرم دەگاتە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار.
باکگراوندی ئایینی سپێرمبەخشەکان:
بێگومان پاشخانە ئایینییەکان کاریگەرییان لە سەر کەسەکان هەیە بۆ بەخشینی سپێرمی خۆیان. لە ڕێگەی ئەم داتایانەی خوارەوە ئاشنا دەبین بە پاشخانی ئایینیی ئەو کەسانەی سپێرم دەبەخشن:
سەرچاوە:
https://www.vetogate.com/Section-
https://www.algamal.net
https://www.baladnaelyoum.com/news
https://www.alhurra.com/choice-alhurra