هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لە هەرێمی کوردستان 2009 – 2022
2023-06-21 12:57:29
شیكاری: درەو
پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (2009 - 2022)، واتە لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا؛
🔹 لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان (658 هەزار و 795) پرۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە کە (618 هەزار و 795) حاڵەتیان ڕاستەوخۆ لە دادگاکان تۆمار کراون (40 هەزار و 180) حاڵەتیان مارەبڕینی دەرەکی بوونەو لە دادگا پەسەندکراون. واتە بە تێکڕا؛ ساڵانە (47 هەزار و 70) حاڵەت، مانگانە (3 هەزار و 922) حاڵەت و رۆژانە (129) مارەبڕین تۆمارکراون.
🔹 لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا (104 هەزار و 913) خێزان هەڵوەشاونەتەوە، واتە؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (7 هەزار و 494) حاڵەت، مانگانە (624) حاڵەت و هەموو رۆژێک زیاتر لە (20) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. ساڵی (2022) بەرزترین رێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە.
🔹 لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا (هەزار و 625) حاڵەت؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (116) حاڵەت، مانگانە (10) حاڵەت و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک ڕێگەی پێدراوە ژنی دووەم بهێنێت.
داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان 2009 – 2022
1. هاوسەرگیری (مارەبڕین)؛ پاڵپشت بە داتاو ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا سەرجەم ئەو گرێبەستانەی بەمەبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی تۆمار کراون ژمارەیان (618 هەزار و 795) گرێبەست بوونەوە بەزترین ئاستی ژمارە مارەبڕین لە ساڵی (2012) تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە (56 هەزارو 2) حاڵەت، کەمترین حاڵەتیش لە ساڵی (2016) تۆمار کراوە کە ژمارەکەی بریتی بووە لە (31 هەزار و 183) حاڵەت. (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1)).
هاوکات هەر بەپێی داتاکان (پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی) کە بریتین لەو مارەبڕینانەی لە دەرەوەی دادگا ئەنجامدراون و دواتر لە دادگاکان تۆمار کراون لە ماوەی ساڵانی (2009 - 2022) ژمارەیان بریتی بووە لە (40 هەزار و 180) حاڵەت بۆ وردەکاری بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)).
کەواتە سەرجەم ئەو مارەبڕینانەی لە ناو و دەرەوەی دادگا ئەنجام دراون پێکەوە ژمارەیان (658 هەزار و 975)، بە تێکڕای ساڵانە دەکاتە (47 هەزار و 70) حاڵەت و مانگانەش دەبێتە (3 هەزار و 922) حاڵەتی مارە بڕین و بە تێکڕای رۆژانەش (129) حاڵەت دەبێت. وەک لە خشتەی ژمارە (1) رونکراوەتەوە.
خشتەی ژمارە (1)
2. جیابوونەوە (تەڵاق)، بەپێی داتاکان لە ماوەی (2009 - 2022) ژمارەی هەڵوەشانەوەی خێزان بریتی بووە لە (104 هەزار و 912) حاڵەتی جیابوونەوەو کە بە تێکڕا؛ ساڵانە (7 هەزار و 494) حاڵەت، مانگانە (624) حاڵەت و هەموو رۆژێک زیاتر لە (20) حاڵەتی تەڵاق تۆمارکراوە. (وەک لە خشتەی ژمارە (1))دا هاتووە.
هەر بەپێ ئامارەکان ساڵی (2022) بەرزترین ڕێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە کە ژمارەکەی گەیشتووە بە (13 هەزار و 967) حاڵەت. (بڕوانە چارتی ژمارە(3)).
کەواتە هەر بەپێی داتاکان ساڵی (2022) ژمارەی تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکانی هەرێم بەراورد بە ساڵی (2012) رێژەی جیابوونەوە لە (11%)ەوە بەرزبووتەوە بۆ (25%) لەم بارەیەوە (بڕوانە گرافیکی ژمارە (1)).
3. ڕێگەپێدان بە هێنانی ژنی دووەم؛ پاڵپشت بە داتاکان لە (14) ساڵی ڕابردوودا (هەزار و 625) حاڵەت؛ بە تێکڕا؛ ساڵانە (116) حاڵەت، مانگانە (10) حاڵەت و هەموو سێ رۆژ جارێک پیاوێک ڕێگەی پێدراوە ژنی دووەم بهێنێت.
بەرزترین حاڵەتی ڕێگەدان بە هێنانی ژنی دووەم لە ساڵی (2010) تۆمارکراوە کە (297) حاڵەت و کەمترینیشی لە ساڵی (2017) بووە کە (41) حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە. بڕوانە (خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (4))
داتاو ئامارەکانی هاوسەرگیری و هەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر پارێزگاکانی هەرێم 2009 – 2022
1. هاوسەرگیری (مارەبڕین)؛ بەپێی داتاکان لە ماوەی (14) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر (229 هەزار و 198) حاڵەتی مارەبڕین و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و (201 هەزار و 494) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (154 هەزار و 990) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (33 هەزار و 113) حاڵەتی مارەبڕین تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5 - 8))
2. جیابوونەوە؛ بەپێی داتاکان لە ماوەی ساڵانی (2009 - 2022) پارێزگای هەولێربەرزترین رێژەی تەڵاقی تێدا تۆمارکراوە کە بریتی بووە لە (42 هەزار و 650) حاڵەتی تەڵاق و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت بە (40 هەزار و 424) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (16 هەزار و 532) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (5 هەزار و 306) حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5 - 8)).
3. پەسەندکردنی مارەبڕینی دەرەکی؛ بەهەمان شێوەی حاڵەتەکانی پێشوو لە (14) ساڵی ڕابردوودا پارێزگای هەولێر زۆرترین حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمارکراوە کە (17 هەزار و 353) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی و پارێزگای سلێمانی لە دوای پارێزگای هەولێر دێت و بە (11 هەزار و 39) حاڵەت و پاشان پارێزگای دهۆک بە (10 هەزار و 490) حاڵەتی تۆمارکراو دێت. لە دوای ئەوانیش بەپێی ئەو داتایانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بڵاوی کردووەتەوە کە ساڵانی (2015 - 2020)ی تێدا نیە (هەزار و 297) حاڵەتی مارەبڕینی دەرەکی تێدا تۆمار کراوە. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5 - 8))