Draw Media

كۆمەڵە لەبەردەم پەرتبوونێكی نوێدا

كۆمەڵە لەبەردەم پەرتبوونێكی نوێدا

2023-06-21 15:02:47


راپۆرت: درەو
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی كۆمەڵەیە، لەم یادەدا ناكۆكییەكی نوێ لەناو (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران)دا تەقییەوە، یەكگرتنەوەی دوو كۆمەڵەكە تەنیا (7) مانگ بڕی كرد، دوو رێبەرەكە (موهتەدی)‌و (ئێلخانیزادە) كێشەیان نەماوە، بەڵام رەوتێكی نوێ لەناو كۆمەڵە سەریهەڵداوە‌و رێبەرایەتی هەردووكیان رەتدەكاتەوە. دوێنێ شەو ئەم ناكۆكییە نوێیە تەقییەوە، ناكۆكییەك كە هاوكات لەگەڵ هاتنی وەفدی كۆماری ئیسلامی بۆ هەرێم كوردستان دروستبووە‌و باسی "جووت ئامۆزا"و "خەتی كوردایەتی"‌و "پرسی چەك دانان"ی تێدا دەكرێت. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

جووت ئامۆزاو رەوتی سێیەم لە كۆمەڵەدا
یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان)‌و (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران)  تەنیا (7) مانگی خایاند، سەرلەنوێ كێشەی سەریهەڵدایەوە، بەڵام سروشتی كێشەكانی ئەمجارە جیاوازە لەوانەی پێشتر.
(عەبدوڵای موهتەدی)‌و (عومەر ئێلخانیزادە) دوای 15 ساڵ ناكۆكی، پایزی ساڵی رابردوو یەكیانگرتەوە، بەڵام یەكگرتنەوەكە شۆڕ نەكرایەوە، ئێستا لە هەردوولاوە رەوتێكی نوێ سەریهەڵداوە كە دەیەوێت بەمزوانە بە فەرمی بوونی خۆی رابگەیەنێت، رەوتێك كە وەكو ئەوەی باسدەكرێت، زۆرینەی پێشمەرگەكانی هەردوو رێبەرەكەی كۆمەڵە لەخۆی دەگرێت‌و دژی چەك دانانە‌و لەبارەی ئایندەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە فیدراڵیەت زیاتر دەڕوات‌و خواستی سەربەخۆیی كوردی هەیە لە حاڵی دروستبوونی هەر گۆڕانكارییەك لە ئێراندا. 
ئەم رەوتە وەكو ئەوەی هەندێك لە پێشمەرگەكانی باسی لێ دەكەن، دژی كەمپنشین كردنن، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ چیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و لەوێ خەباتی چەكداری دەستپێبكەنەوە. 
ئەم رەوتە نوێیە لە كەمپە كۆنەكەی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) لە ئۆردوگای (بانە گەورە)ی ناوچەی (زڕگوێز)ی سلێمانی سەریهەڵداوە، ئەمە ئەو كەمپەیە كە عومەر ئێلخانیزادە دوای جیابونەوەی لە عەبدوڵای موهتەدی تێیدا جێگیربوو، ئێلخانیزادە ئێستاش ئەو كەمپە بە ماڵی خۆی دەزانێت، بۆیە بەرلەوەی پێشمەرگەكانی رەوتی سێیەم لەوێدا خۆیان رابگەیەنن، ئەو گەڕایەوە ناو كەمپەكە، ئەم جموجوڵە كێشەیەكی نوێی لەناو هەناوی كۆمەڵەدا تەقاندەوە. 
ئێستا هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لە ناوچەكە جێگیربوون، بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پێكدادان بكەن، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمیش لە ناكۆكییەكە ئاگاداركراون. پێشمەرگەكانی رەوتی سێیەم پێیانوایە ئێلخانیزادە لەگەڵ موهتەدیدا كە "بە جووت ئامۆزا" ناویان دەبەن، دەستیان بە یەكدا كردووە بۆ لێدانی ئەوان، موهتەدی لە دەرەوەی وڵات‌و ئێلخانیزادە بە نوێنەرایەتی ئەویش جوڵە دەكات. 
هەندێك لەو پێشمەرگانەی كە رەوتی سێیەمییان لە ناو كۆمەڵەدا دروستكردووە‌و (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون دەڵێن" عومەر ئێلخانیزادە دوێنێ شەو ویستویەتی كودەتا بكات‌و هێزێكی زۆری كۆمەڵەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام كودەتاكەی سەركەوتوو نەبووە".
ئەم رەوتە نوێیە وەكو خۆیان باسی دەكەن، دژی هەردوو رێبەرەكەی كۆمەڵەن واتا عەبدوڵای موهتەدی سكرتێری كۆمەڵە‌و عومەر ئێلخانیزادەی جێگری سكرتێر، پێیانوایە ئەم دوو رێبەری كۆمەڵە "سیاسەتی دژە كوردستانی"یان گرتوەتە بەر، موهتەدی‌و ئێلخانیزادە تۆمەتبار دەكەن بەوەی لەگەڵ راستڕەوترین باڵی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا هاوپەیمانێتییان پێكهێناوە، بۆ ئەمەش كوڕەكەی محەمەد رەزا شای پەهلەوی بە نمونە دەهێننەوە، لەپاڵ ئەمەدا رەخنەیان هەیە لەوەی كۆمەڵە لەلایەن موهتەدی‌و ئێلخانیزادەوە بە بنەماڵەیی كراوە‌و سكرتێرو جێگری سكرتێر كەسوكاری خۆیان لە جومگە سەرەكییەكانی كۆمەڵەدا داناوە. 
پێشمەرگە ناڕازییەكان پێیان خۆش نییە وەكو رەوتی سێیەم ناوببرێن، ئەوان دەڵێن حزبی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) هەڵنەوەشاوەتەوە‌و لەژێر ئەو ناوەدا بەردەوام دەبن‌و كۆنگرە دەبەستن، ئەگەر ئێلخانیزادە بیەوێت دەتوانێت بەشداری كۆنگرەكە بكات، ئەگەر بەمەش قایل نییە، با لەگەڵ موهتەدی بمێنێتەوە‌و واز لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بهێنێت.

چی روودەدات ؟
كۆتاییەكانی ساڵی 2007، عومەر ئێلخانیزادە لە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران جیابووەوە كە (عەبدوڵای موهتەدی) رێبەرایەتی دەكات، موهتەدی‌و ئێلخانیزادە ئامۆزای یەكترن، پەیوەندی خزمەیەتییان رێگر نەبوو لەوەی جیابونەوە لەناو كۆمەڵەدا روونەدات، بەڵام ئێستا كە یەكیانگرتوەتەوە، تۆمەتبار دەكرێن بەوەی بە خزمایەتی هەردووكیان هەموو جومگەكانی كۆمەڵەیان كۆنترۆڵكردووە. 
بەر لە جیابونەوە، عومەر ئێلخانیزادەو هاوڕێكانی لەناو كۆمەڵەدا رەوتێكیان دروستكرد بەناوی "رەوتی چاكسازی‌و ریفۆرم"، رەخنەیان هەبوو لەوەی عەبدوڵای موهتەدی دەستبەرداری پۆستی سكرتێری حزب نابێت‌و دەیەوێت هەتا هەتایە لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، ئەم رەوتە دوای هەندێك دانوستان لەگەڵ عەبدوڵای موهتەدی، نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك، دواجار بڕیاریدا جیاببێتەوە. 
لەدوای جیابونەوە، عومەر ئێلخانیزادە‌و هاوڕێكانی نەیانتوانی ناوی كۆمەڵە (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) بۆ خۆیان ببەن، ناچاربوون حزبێكی نوێی بەناوی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) رابگەیەنن، ناوی حزبەكەیان بە بەراورد بە ناوە رەسەنەكەی كۆمەڵە دوو گۆڕانكاری تێدا بوو، وشەی "شۆڕشگێڕ"‌و وشەی "ئێران"ی تێدا لابرا، ئەمە ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی ئەم حزبە نوێیەو رێبەرەكانی باوەڕیان بە مانەوەی لەچوارچێوەی ئێراندا نییە‌و بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە، ئێستا ئێلخانیزادە لەلایەن هاوڕێ كۆنەكانییەوە بەوەی تۆمەتبار دەكرێت لە خەتی كوردایەتی لایداوە. 
ئەم حزبە لە كۆتاییەكانی 2007ەوە بەم ناوەوە بەردەوام بوو لە كاركردن تاوەكو رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2022، بەڵام بەر لە یەكگرتنەوە لەگەڵ موهتەدی، بەمدواییانە لە هەناوی ئەویشدا هەندێك كێشەو گرفتی نوێ سەریهەڵدا، دیسان كێشمەكێش لەسەر رێبەرایەتی حزب‌و پرسی دیموكراتی هاتە ئاراوە، دوان لەوانەی رێبەرایەتی رەوتی رەخنەیان لەناو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستاندا دەكرد‌و ئێستاش بەردەوامن، بریتین لە هەریەكە لە خاتوو (فەریبا محەمەدی)‌و (رەزا كەعبی)، ئەمە سەرەتای سەرهەڵدانی رەوتێكی نوێ بوو لەناو كۆمەڵەكەی ئێلخانیزادەدا. 
رەوتەكەی خاتوو (فەریبا)‌و (رەزا كەعبی) هێشتا پەیجی فەرمی (كۆمەڵە)یان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە دەستەوەیە، ئەم رەوتە ئەمڕۆ لە پەیجی كۆمەڵەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا بەبێ ناوهێنان، هەریەكە لە (موهتەدی)‌و (ئێلخانیزادە) تۆمەتبار دەكەن بەوەی "لەپێناو مەبەستە سیاسییە تەسكەكانی خۆیاندا یەكگرتنەوەیان كردووە"‌و دەڵێن:" لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە ڕاگەیەندنی دەسپێكی فەرمیی پرۆسەی یەكگرتنەوە بۆ یەكخستنی ڕیزەكانی هەردوولاو ئامادەكاری بۆ گرتنی كۆنگرەی هاوبەشی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، دەبێ ڕابگەیەنین كە بە هۆی بەڕێوەنەچوونی رێككەوتنەكان‌و لادان لە ئامانجەكانی یەكگرتنەوەو ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە سەرەنجام نەگەیشت".
ئەم رەوتە لەم بەیاننامەكەیدا، هاتنەدەرەوەی خۆی لە رێككەوتنەكەی موهتەدی‌و ئێلخانیزادە راگەیاندووە‌و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) دەكات. 
سەرباری ئەوەی هەندێك لەوانەی لە كۆمەڵەوە نزیكن باسلەوە دەكەن، رەوتی پێشمەرگە ناڕازییەكان جیاوازن لەگەڵ رەوتەكەی خاتوو (فەریبا محەمەدی)‌و (رەزا كەعبی)، بەڵام وادەردەكەوێت ناكۆكییەكانی دوێنێ شەو لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت ئێلخانیزادە مەترسی هەیە رەوتە نوێیەكان لەژێر ناوی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان دەستبەكار ببنەوە، كۆمەڵەیەك كە ئێلخانیزادە هەڵیوەشاندوەتەوە‌و لەگەڵ كۆمەڵەكەی موهتەدیدا یەكیخستووە. 

ناڕەزایەتی لەناو حزبی ناڕازیدا !
ئێلخانیزادە كە لە عەبدوڵای موهتەدی جیابووەوە، لە حزبە تازەكەیدا پەیڕەوەكەی بەو جۆرە دانا بوو سكرتێری حزب تەنیا بۆ دوو خول لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، كۆنگرەش دوو ساڵ جارێك بەڕێوەبچێت، واتا بە تێكڕا هەر كەسێك تەنیا (4) ساڵ بتوانێت رێبەرایەتی كۆمەڵە نوێیەكە بكات، ئەمە بۆ نیشاندانی ئەوەی كە كۆمەڵە نوێیەكە جیاوازە لە كۆمەڵەكەی عەبدوڵای موهتەدی‌و تێیدا ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەكرێت. 
بەڵام وا دەرنەچوو، عومەر ئێلخانیزادە كە لە كۆتاییەكانی 2007وە پۆستی سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی وەرگرت، تاوەكو بەر لە یەكگرتنەوە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هەر لە پۆستەكەیدا مایەوە، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەپێی پەیڕەو دەبوو ئەوپەڕی تاوەكو ساڵی 2011 سكرتێر بێت‌و ئیتر بۆ هەتا هەتایە دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت. 
بەر لەوەی ناڕەزایەتییەكانی ناو كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بتەقێتەوە، بەتایبەتیش ئەو رەوتەی كە (فەریبا محەمەدی)‌و (رەزا كەعبی) رێبەرایەتیی دەكەن، عومەر ئێلخانیزادە بڕیاریدا بچێتە گفتوگۆوە بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ كۆمەڵەكەی عەبدوڵای موهتەدی، ئەمە باشترین ستراتیژی بەردەست بوو بۆ ئەو، لەبری ئەوەی بە یەكجاری لە پۆستی سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لاببرێت، لەچوارچێوەی رێككەوتنی یەكگرتنەوەدا پێگەیەكی نوێ بۆ خۆی زامن بكات. 
دوای ساڵ‌و نیوێك گفتوگۆ، هەردوو كۆمەڵەكە یەكگرتنەوەی خۆیان راگەیاند، ئەم یەكگرتنەوەیە تاكە شتێك كە تێیدا یەكلاكرایەوە ئەوە بوو كە عومەر ئێلخانیزادە دەبێت بە جێگری سكرتێری كۆمەڵە‌و عەبدوڵای موهتەدیش هەر لە پۆستی سكرتێری حزبدا دەمێنێتەوە. 
بۆ ئەم یەكگرتنەوەیە، ئێلخانیزادە دەستبەرداری ناوی حزبەكەی (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) بوو، چووەوە ژێر چەتری (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) بە رێبەرایەتی موهتەدی، كە بەر لە 15 ساڵی بەهۆی رەخنەكانییەوە لە موهتەدی، لێی جیابووەوە. 
یەكگرتنەوەی دوو كۆمەڵەكە هاوكات بوو لەگەڵ ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەی كە ساڵی رابردوو كۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتەوە، ناڕەزایەتییەكە كە لە فەرهەنگی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ناوی لێنراوە "شۆڕشی ژینا" وەكو ئاماژەیەك بۆ خاتوو (ژینا ئەمینی) ئەو كچە كوردەی كە لەكاتی دەستگیركردنیدا لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە لە تاران گیانی لەدەستداو ناڕەزایەتییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا‌و دواجار ناڕەزایەتییەكە لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامییەوە سەركوتكرا. 
واتا یەكگرتنەوەی هەردوو كۆمەڵەكە لە دۆخێكی ئاسایدا نەبوو، لەكاتێكدا روویدا كە لەسەر ئاستی جیهان پێشبینی ئەوە دەكرا شۆڕشی "ژینا" كۆتایی بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بهێنێت، بەر لە دوو كۆمەڵەكە، هەردوو حزبی دیموكراتی كوردستانیش یەكگرتنەوەیان راگەیاندبوو، ئەوكات كۆمەڵەكان لەژێر فشاری لایەنگرانیاندا بوون بۆ یەكگرتنەوە. 
عەبدوڵای موهتەدی‌و عومەری ئێلخانیزادە خۆیان یەكیانگرتەوە، بەڵام لەماوەی 7 مانگی رابردوودا نەیانتوانی ئەم یەكگرتنەوەیە شۆڕبكەنەوە بۆ بنكەی خوارەوەی حزبەكانیان، دەبوو دوای یەكگرتنەوەكە ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنگرەیەكی نوێ بكەن، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی ئێران پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێت، تائێستا كۆنگرەكەیان نەكردووە، ئەمە یەكێك لەو رەخنانەیە كە ئێستا رەوتی سێیەم لە هەریەكە لە موهتەدی‌و ئێلخانیزادەی دەگرن. 

وەفدی ئێران لە كوردستانە
تەقینەوەی ناكۆكییە نوێیەكەی ناو (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە وەفدێكی كۆماری ئیسلامی هاتوەتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بزانێت ئایا پارتی‌و یەكێتیی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم پابەندی بە رێككەوتنی "كۆنوسی ئەمنی" نێوان عێراق‌و ئێران سەبارەت بە ئاسایشی سنورەكان. 
لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنە ئەمنییەدا، كۆماری ئیسلامی دوو بژاردەی خستوەتە بەردەم پارتی‌و یەكێتیی، كە ئەمانەن: 
•    حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێمدا چەك بكرێن‌و لە دوو كەمپی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە سنوری سلێمان‌و هەولێر جێگیربكرێن. 
•    یاخود چەك بكرێن‌و بەیەكجاری لە هەرێمی كوردستان بكرێنە دەرەوە. 

كورتەیەك لەبارەی كۆمەڵەوە
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران ساڵی 1968‌و لەسەردەمی رژێمی شاهەنشاهی ئێراندا لەلایەن ژمارەیەك خوێندكاری كوردەوە بەتایبەتی لە زانكۆكانی تاران‌و تەورێز، وەكو رێكخراوێكی سیاسی چەپی شۆڕشگێڕ دامەزرێندراوە، بەهۆی دۆخی پڕ كۆتوبەندی سیاسی سەردەمی دواین شای ئێرانەوە، ئەم حزبە تاوەكو ساڵی 1979‌و كەوتنی شا، چالاكی نهێنی هەبووە، بەڵام لەدوای كەوتنی محەمەد رەزا شاوە، ئیتر چالاكی ئاشكرای دەستپێكردووە. 
دامەزرێنەری سەرەكی ئەم حزبە (فوئاد مستەفا سوڵتانی)یە لەگەڵ هەریەكە لە (حەمەحسێن كەریمی، سدیق كەمانگەر، ئیرەج فەرزاد، یەدوڵڵا بیگلەریی، شوعەیب زەكەریایی، ساعید وەتەندۆست، فاتح شێخولئیسلامی، عەبدوڵا موهتەدی).
ئەمڕۆ كە ناكۆكییەكی نوێ لەناو كۆمەڵەدا تەقیوەتەوە، ساڵڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵەیە، بەبۆنەی یەكەم شەهیدی كۆمەڵەوە كە ناوی (خانەی موعینی)یە‌و لەناوچەی ماوەتی كوردستانی عێراق شەهید كراوە، ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخەكەن دەڵێن پێشمەرگە ناڕازییەكان بە مەبەست ئەمڕۆیان بۆ راگەیاندنی رەوتە نوێیەكەیان هەڵبژاردووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand