دیوه مه‌ترسیداره‌كه‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق
2023-06-17 14:30:47
ئامادەكردنی: جیهانگیر سدیق گوڵپی
پێش ئه‌وه‌ی ده‌قی په‌سه‌ندكراوی یاسای بودجه‌مان به‌رچاو بكه‌وێت بۆچونه‌كان وابوون كه سه‌ره‌ڕای ته‌ڵه‌و كه‌موكوڕیه زۆره‌كان سه‌باره‌ت به پشكی هه‌رێم به‌ڵام هێشتا ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاتر بێت كه بتوانرێت سودێكی ڕێژه‌یی له‌بودجه‌كه وه‌ربگرێت به‌تایبه‌تیش كه وا ده‌رده‌كه‌وت زۆربه‌ی دهسكارییهكانی لیژنه‌ی دارایی چاككرابن.
به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌قی په‌سه‌ندكراوی یاسای بودجهكهم خوێنده‌وه، ناتوانم چاوم له‌دیوه مه‌ترسیداره‌كه‌ی دابخه‌م و پێشموایه كه ئه‌م یاسایه چه‌قۆیه‌كه بۆ له‌تكردنی هه‌رێم و كۆتایهێنان به‌قه‌واره‌ی هه‌رێم، هه‌موو رێكاره‌كانیش بۆ ئاسانكاری و جێبه‌جێكردنی ئه‌وه له یاساكه‌دا چه‌سپێنراون.
له یاساكه‌دا هه‌موو پاساو و ڕێكاره‌كانی گازندهكردنی پارێزگای سلێمانی و ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان له ناواخن و بڕگه‌كانی بودجه‌كه‌دا ئاماده‌كراون، به‌هه‌مان شێوه چه‌ند خاڵ و بڕگه‌یه‌كیش دانراون بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له هه‌رێم ناچار بكه‌ن تاكو كۆی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به هه‌مو قۆناغه‌كانیه‌وه بكه‌وێته ژێر ده‌ستی به‌غدا.
ئه‌گه‌ر ناكۆكیه ناوخۆییه‌كان وه‌لا نه‌نرێن و هه‌وڵه‌كان یهكنهخرێن، ئه‌و پلانه‌ی بۆ هه‌رێم دانراوه مه‌ترسییه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌یه له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌گشتی و له‌سه‌ر هه‌موو پارزگاكانی و هه‌موو هاوڵاتیهكانیشی، ئه‌وه‌یش له دواڕۆژیكی نزیكدا ده‌رده‌كه‌وێت.
بڕگه‌و ته‌ڵه‌ی زۆر له‌یاساكه‌دا هه‌ن كه عێراق بتوانێت به‌كاریان بهێنێت بۆ گوشار دروستكردن و نه‌ناردنی شایسته‌ی هه‌رێم به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست، به‌ڵام مه‌ترسیدارترینیان دوو خاڵن، یه‌كه‌میان خاڵی هه‌شته‌می ماده‌ی 13یه تایبه‌ت به جیاكردنه‌وه‌ی ته‌مویلی پارێزگاكان، دووه‌میش بڕگه‌كانی (ب و ج)ی خاڵی دووه‌می ماده‌ی 12یه كه تایبه‌ته به ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم و خه‌رجكردنی تێچووه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌تی حسابكردنی ته‌رخانكراو بۆ تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم.
یه‌كه‌م/
سه‌باره‌ت به‌دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم دوو خاڵی جێی سه‌رنج له‌یاساكه‌دا هه‌ن:
1- به‌پێی بڕگه‌ی (ب) له خاڵی یه‌كه‌م له ماده‌ی 12/ ئه‌گه‌ر ههناردهكركردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ست پێنهكاتهوه، ئه‌وا ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی به‌غدا بكات بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی، لێره‌دا كێشه ئه‌وه‌یه كه نرخی نه‌وت بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی كه‌متره‌و له عێراقدا به‌نرخی پاڵپشتیكراو ده‌درێته پاڵاوگه‌كان، له‌م كاته‌یشدا كۆمپانیاكانی نه‌وت له هه‌رێم گرفتیان بۆ دروست ده‌بێت، چونكه خه‌سڵه‌تی گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم به‌وجۆره‌یه كه دابه‌شكاریی تێچوو و قازاجی هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌مای داهاته‌كه‌یه كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به‌نرخه‌وه. ئه‌م گوشاره له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیاكان بۆئه‌وه‌یه كه كۆمپانیاكان نه‌توانن به‌رده‌وام بن له‌به‌رهه‌مهێنان تاكو ناچاربن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێمیش ناچاربێت به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌یشدا ڕاده‌ستی به‌غدا بكات، لێره‌وه یه‌كێك له بۆچونه‌كان ئه‌وه‌یه كه هۆكاری دووباره‌ی دهسپێنهكردنهوهی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له ڕێگه‌ی توركیاوه ویستی به‌غدای له‌سه‌ر بێت.
2- به‌پێی بڕگه‌ی (ج) له‌هه‌مان خاڵ و هه‌مان ماده، تێچووی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای تێكڕای تێچووی به‌رمیلێك نه‌وتی ناوچه‌كانی تری عێراق ده‌درێت، له‌كاتێكدا كه هه‌مووان ده‌زانن تێچووی نه‌وتی هه‌رێم زیاتره. به‌مجۆره ئه‌و ته‌رخانكراوانه‌ی كه دانراون بۆ تێچووی نه‌وتی هه‌رێم به‌شی نیوه‌ی تێچووه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، له‌م كاته‌دا هه‌رێم یان ده‌بێت له ته‌رخانكراوه‌كانی تر ئه‌و كورتهێنانه پڕبكاته‌وه یان تێچووی نه‌وت و شایسته‌ی كۆمپانیاكان وه‌ك پێویست نه‌دات، له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا مه‌رامی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له ته‌رخانكراوه‌كانی تر كورتهێنانی تێچووی نه‌وت پڕبكاته‌وه ئه‌وكات ته‌رخانكراوه‌كانی تری هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم به‌تایبه‌تیش هی پرۆژه‌كان كه‌مده‌بنه‌وه، ئه‌وكات به‌رپرسانی سلێمانی گازنده ده‌گه‌یه‌ننه به‌غدا، به‌غدایش ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پلان و ئهجێنداكهی ده‌كات.
خۆ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم شایسته‌ی كۆمپانیاكان به‌كه‌می خه‌رج بكات و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان بۆ خه‌رج بكات كه له بودجه‌كه بۆیان ته‌رخانكراوه، ئه‌وكات هه‌م قه‌رزار ده‌بێت و هه‌م گرفتی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان بۆ دروست ده‌بێت. به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی پرسی تێچووی كۆمپانیاكان هه‌رێم توشی گرفتی گه‌وره ئه‌بێت، كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی نه‌وتی كۆمپانیاكان له هه‌رێم پێویستی به‌هه‌وڵی به‌غدا هه‌یه به‌ڵام به‌غدا ئه‌و كاره بۆ هه‌رێم ناكات. به‌غدا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیاكان ناچار بكات تاكو دۆسه‌ی نه‌وت ڕاده‌ستی ئه‌و بكرێت.
دووه‌م/
سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌غدا له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێم
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی خاڵی هه‌شته‌می ماده‌ی (13) ئه‌گه‌ر گرفت و گازنده دروستبوو له‌سه‌ر خه‌رجكردنی موچه‌و پاره‌ی پرۆژه‌كان له‌لای پارێزگاكان، ئه‌وا له‌سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه ڕێكاری پێویست بگرێته‌به‌ر به تهمویلكردنیشهوه، واته پشكی پارێزگاكان ڕاسته‌وخۆ بدات، واته مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات. هه‌موان ده‌زانن ئه‌گه‌ر پشكی هه‌رێم له‌به‌غداوه بێت هه‌موو شتێكی دیاره، پێشتریش یه‌كێك له‌و پاساوانه‌ی بۆ گوشاركردن له حكومه‌تی هه‌رێم به‌كارده‌هێنرا بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌وه بوو كه ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌به‌غداوه دێت دیاره‌و ناتوانرێت جیاكاری و زوڵمی تێدا بكرێت. به‌درێژایی ئه‌م بیست ساڵه هه‌ر پاره‌یه‌ك له‌به‌غداوه هاتبێت هیچ جیاكاری و كێشه‌یه‌ك له‌دابه‌شكردن و خه‌رجكردنی نه‌بووه‌و هیچ گازنده‌یه‌ك نه‌بووه، پرسیار ئه‌وه‌یه ئێستا بۆچی ئه‌م هه‌مو پێداگریه له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه ده‌كرێت.
به‌بۆچونی من ئه‌و خاڵه بۆ ئه‌وه دانراوه كه ده‌ستی حكومه‌تی به‌غدا بكاته‌وه بۆئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات و بگه‌ڕیته‌وه سه‌رده‌می مه‌ركه‌زیه‌تی جاران و هه‌رێم وه‌ك قه‌واره كۆتایی پێ بێت، ڕاسته ئه‌مه ویستی به‌غدایه، به‌ڵام هۆكاری چهسپاندنهكهی له‌م یاسایه‌دا بۆ ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له بودجه‌كه‌دا پێشوه‌خته پاساوی گازندهكردنی پارێزگای سلێمانی ئاماده‌كراوه، چونكه ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی پارێزگای سلێمانی ویستی جێبه‌جیكردنی ئه‌و بڕگه‌یه‌یان هه‌بێت ئه‌وا ئه‌توانن به‌شی موچه‌و پرۆژه‌كانی سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و ژماره گه‌ورانه حساب بكه‌ن كه وه‌ك پشكی هه‌رێم دانراون به‌وپێیه داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ر له یاساكه‌دا كۆمه‌ڵێك خاڵ و بڕگه دانراون بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌توانێت كۆی ئه‌و به‌شه‌ی بۆی دیاریكراوه خه‌رج بكات یان دابه‌شی بكات، كه ئه‌وه‌یش ده‌بێته پاساوی گازندهكردنهكه، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
1- جگه لهكورتهێنانی ته‌رخانكراوه‌كانی تێچووی نه‌وت كه زیاتر له (2) ترلیۆن دینار ده‌بێت، چه‌ند بڕێكی تریش له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حسابن كه كێشه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دروستده‌كه‌ن، له‌وانه بڕی (1) ترلیۆن و (428) ملیار دینار تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حساب كراوه له‌كاتێكدا كه ئه‌وه له‌ناو خه‌رجیه سیادیهكانیش هاتووه، به‌ڵام پاشتریش وه‌ك به‌شێك له ته‌رخانكراوی خه‌رجییه‌كانی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم حساب كراوه، له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌و پاره‌یه بۆ هیچ بابه‌تێك خه‌رج بكات جگه له‌كرێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت وه ئه‌و بڕه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هێشتا كه‌مه.
2- وه‌ك له خاڵی 1 له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، كورتهێنانی كۆی تێچووی نه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ی كه بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ته‌رخانكراوه‌و دووباره له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم حسابكراوه ده‌گه‌نه زیاتر له (3) ترلیۆن (428) ملیار دینار، پاش ئه‌وه نزیكه‌ی (1) ترلیۆن دیناریش له‌ساڵه‌كه‌دا له پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی بانكه‌كان، به‌مجۆره نزیكه‌ی (4) ترلیۆن و (428) ملیار دینار له‌و بودجه‌یه‌ی كه به‌ژماره وه‌ك پشكی هه‌رێم حسابكراوه حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت خه‌رجی بكات یان دابه‌شی بكات، لێره‌وه مه‌ترسیه‌كه ده‌ستپێده‌كات. ئه‌گه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم نه‌گه‌نه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش و دروست، ئه‌وا یه‌كسه‌ر به‌رپرسانی پارێزگای سلێمانی له‌لای به‌غدا گازنده ده‌كه‌ن و به‌غدا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی ده‌كات.
بۆ ڕونكردنهوهی زیاتر له‌خواره‌وه ژماره‌كان به‌مجۆره ده‌خه‌مه‌ڕوو:
16.609 ترلیۆن دینار كۆی پشكی هه‌رێم له‌ناو یاسای بودجه
+ 0.228 ته‌رخانكراو بۆ پێشمه‌رگه
- 1.428 تێچووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت كه به‌هه‌ڵه خراوه‌ته سه‌ر پشكی هه‌رێم
- 2.000 بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی تێچووه‌كانی نه‌وت
- 1.000 بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی بانكی بازرگانی عێراقی
= 12.409 پوخته‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌توانێت خه‌رجی بكات و دابه‌شی بكات له‌كۆی ئه‌و پشكه‌ی كه له‌بودجه‌ی عێراق بۆی دانراوه.
(هه‌رچه‌نده پاره‌ی پترۆدۆلار له بودجه‌كه بۆ هه‌رێم به‌جیا دیاری نه‌كراوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌غدا ویستی هه‌بێت ئه‌وا بڕێكی تریش بۆ پشكی هه‌ریم زیاد ئه‌بێت).
به‌مجۆره حكومه‌تی هه‌رێم له‌بڕی زیاتر له 16 ترلیۆن دینار ته‌نها ده‌توانێت ده‌وروبه‌ری 12 ترلیۆن دینار خه‌رج بكات یان دابه‌ش بكات، به‌مه‌ش به‌شی پارێزگاكان به‌تایبه‌تیش له پاره‌ی پرۆژه‌كان كه‌مده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌یش ده‌كرێته پاساوی گازندهكرن لای به‌غدا. واته به هه‌موو جۆرێك ئه‌م یاسایه وا داڕێژراوه كه به‌غدا مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ پارێزگاكان بكات و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێمدا بسه‌پێنێت و به فیعلی هه‌رێم وه‌ك قه‌واره بوونی نه‌مینێت.