راپۆرتی: هێمن خۆشناو له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێك له كاندیده‌كان له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا هه‌ڵبژاردنه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا یه‌كلایی بكاته‌وه، پێویستی به 27 ملیۆن ده‌نگ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی (50+1) به‌ده‌ست بێنێت. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار تێگه‌یشتووه كه ناتوانێ له گه‌ڕی یه‌كه‌م ئه‌م ژماره و رێژه‌یه به‌ده‌ست بێنێت، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه. له 14 ئایاری مانگی داهاتوو له توركیادا هه‌ڵبژاردنی 28 مین خولی په‌رله‌مانی توركیا ئه‌نجام ده‌درێت كه تیایدا پارت و بلۆكه سیاسیه‌كان پێشبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی 600 كوورسی له په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌دا. هه‌روه‌ها له هه‌مان رۆژدا گه‌ڕی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌نجام ده‌درێت. ژماره‌ی ده‌نگده‌ر و ئاماری هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر چیمان پێ ده‌ڵێن؟ به گوێره‌ی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا له‌ناوخۆی توركیادا 60 ملیۆن و 904 هه‌زار و 499 كه‌س مافی به‌شداریكردنیان هه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری 2023 داهاتوودا. هه‌روه‌ها به گوێره‌ی هه‌مان دامه‌زراوه ژماره‌ی ده‌نگده‌ری تورك له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌م وڵاته 3 ملیۆن و 286 هه‌زار و 786 كه‌سه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ژماره‌ی ته‌واوی به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی توركیادا ده‌گاته 64 ملیۆن و 690 هه‌زار و 785 كه‌س، كه نزیكه‌ی 6 ملیۆن ده‌نگده‌ر بۆ یه‌كه‌مین جاره ده‌نگ ده‌ده‌ن. به‌پشت به‌ستن به‌م ئاماره، ئه‌گه‌ر وه‌كو زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی پێشبینی ده‌كه‌ن، رێژه‌ی به‌شداربووان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له نێوان 85 – 90٪ بێت، ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن له نێوان 53 – 54 ملیۆن ده‌نگده‌ر ده‌بێت. به ره‌چاوكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كه ده‌بێت كاندیدی سه‌ركه‌وتوو له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا (50+1) ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بێنێت، ده‌بێت كاندیدی براوه 27 ملیۆن ده‌نگ بێنێت. كاتێك به ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری ئێستا و كاندیدی هاوپه‌یمانی كۆمار دادهچینهوه، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتردا هیچ كاتێك نه‌گه‌یشتۆته ئه‌م ژماره‌یه‌ی ئه‌مڕۆ پێویسته بۆ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی. له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری له ساڵی 2014 دا، ئه‌ردۆغان 21 ملیۆن ده‌نگی هێنا، كه تیایدا مه‌هه‌په له دژی ئه‌ردۆغان ده‌نگی به كاندیدی ئه‌و كاته‌ی سه‌ركۆماری (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) دا كه رێژه‌ی به‌شداربوون تیایدا 75٪ بوو. له ریفراندۆمی ساڵی 2017 بۆ گۆڕینی سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی، كه مه‌هه‌په و ئاكه‌په به یه‌كه‌وه بوون به‌ره‌ی "به‌ڵێ" بۆ گۆڕینی ده‌ستوور" كه ئه‌ردۆغان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد 25 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری دوای گۆڕینی ده‌ستوور و سیسته‌می په‌رله‌مانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی له ساڵی 2018 دا، ئه‌ردۆغان كه كاندیدی هاوبه‌شی ئاكه‌په و مه‌هه‌په بوو، توانی 26 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ست بێنێت. له به‌رامبه‌ریشدا ده‌نگه‌كانی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له ساڵی 2014 تا 2018 به‌م شێوه‌یه بووه. له هه‌ڵبژاردنی 2014 (ئهكمهلهدین ئیحسانئۆغڵو) كه كاندیدی هاوبه‌شی (جه‌هه‌په و مه‌هه‌په) بوو 15 ملیۆن و 500 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. هه‌روه‌ها (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) هاوسه‌رۆكی پێشتری هاداپ كه ركابه‌ری ئه‌ردۆغان و ئیحسانئۆغڵو بوو 4 ملیۆن ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. له ریفراندۆمی ده‌ستوور له ساڵی 2017 به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن یان به‌ره‌ی "نه‌خێر" 23 ملیۆن و 700 هه‌زار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا. ده‌كرا ئه‌نجامی ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌ستووری نوێ، بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا ببێته وێستگه‌یه‌كی گرنگ له هه‌ڵبژاردنی گشتی 2018 دا، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن له‌و ئه‌نجامه ئه‌زموونی وه‌رنه‌گرت و به چوار كاندید به‌شداریان له هه‌ڵبژاردن كرد، كه دووباره سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغانی لێكهوتهوه. به‌پشتبه‌ستن به حزب و كاندیدی "فه‌یك" ئه‌ردۆغان هه‌وڵده‌دات هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه! به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی و توێژینه‌وه، له ئێستادا ده‌نگه‌كانی ئه‌ردۆغان دابه‌زیووه بۆ 21 – 22 ملیۆن ده‌نگ كه ده‌كاته رێژه‌ی 42 – 43٪ ته‌واوی ده‌نگده‌ران. له به‌رامبه‌ردا، ده‌نگی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپه‌یمانی (میلله‌ت) به ده‌نگی پێشبینكراوی هاداپ كه 13٪ به 30 – 31 ملیۆن ده‌نگ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌سه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی سه‌ركۆماری داهاتوو له گه‌ڕی یه‌كه‌مینی هه‌ڵبژاردندا. پێده‌چێت ئه‌ردۆغان دركی به‌م راستیه‌ی سه‌ره‌وه كردووه، بۆیه له ئێستادا ستراتیژی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه. دووریشنیه ئه‌ردۆغان زۆر پێشتر به‌گوێره‌ی هه‌ڵومه‌رجی توركیا رێوشوێنی تایبه‌تی گرتبێته‌به‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. به‌شێك له چاودێرانی سیاسی پێیانوایه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ساڵی 2020 به‌دواوه كاری له‌سه‌ر دروستكردنی پارت و كاندیدی فه‌یك كردووه كه بتوانن ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پارچه بكه‌ن. ئه‌مڕۆ به‌شێكی دیار له پسپۆران و چاودێرانی سیاسی، خۆ كاندید كردنی (محه‌ڕه‌م ئینجه و سینان ئۆغان) بۆ پێشبڕكێی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، به خزمه‌تكردنی ئهجنداكانی ئه‌ردۆغان و هه‌وڵی په‌كخستنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سهركۆمار له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. پێشبینی ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردنی 14 ئایاری داهاتوودا، محه‌ڕه‌م ئینجه كه پێشتر یه‌كێك بووه له فیگوڕه دیاره‌كانی ناو جه‌هه‌په و له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 كاندیدی ئه‌م پارته بووه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری، ده‌نگی به‌شێك له ده‌نگده‌رانی كه‌مال كلیچدارئۆغڵو بۆ خۆی ببات. له‌هه‌مان كاتدا پێده‌چێت سینان ئۆغانیش كه پێشتر په‌رله‌مانتار و جێگری سه‌رۆكی مه‌هه‌په بووه، ژماره‌یه‌ك له ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ئی پارتی ببات كه هاوپه‌یمانی جه‌هه‌په‌یه له‌ناو هاوپه‌یمانی میلله‌تدا. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو كاندیده به‌یه‌كه‌وه بتوانن شه‌ش ملیۆن ده‌نگ بێنن، ئه‌وه سه‌ركه‌وتنی كلیچدارئۆغڵو له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا په‌كده‌خه‌ن. بۆچی ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بچێته گه‌ڕی دووه‌مین؟ پێناچێت له ئێستادا ئه‌ردۆغان هیچ هیوایه‌كی مابێت ده‌نگی نوێ به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵكو پاراستنی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وله‌ویه‌ته، به تایبه‌تی كه زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م فیگوڕه ناتوانێت له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا ده‌نگی 2018 به‌ده‌ست بێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا یه‌كلایی نه‌بێته‌وه (ئه‌گه‌ر هیچ كاندیدێك 50+1 به‌ده‌ست نه‌هێنێت) ئه‌وه له 28 ئایاردا گه‌ڕی دووه‌مینی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت، تیایدا دوو كاندید كێبڕكێ ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌نگی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت ده‌بێته سه‌ركۆماری داهاتووی توركیا. ئه‌ردۆغان پێیوایه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكه‌وێته گه‌ڕی دووه‌مین و ژماره‌ی كوورسی پارته سیاسیه‌كان له په‌رله‌ماندا دیاربێت، مه‌سه‌له‌ی (سه‌قامگیری) و (ئاسایش) ده‌بێته ئه‌وله‌ویه‌تی ده‌نگده‌ر كه ئه‌مه‌ش به قازانجی خۆی ده‌بینێت، لاوازیش بێت هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێت. به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌لبژاردن بڵاوی كردۆته‌وه، له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا 6 ملیۆن ده‌نگده‌ر هه‌یه كه بۆ یه‌كه‌مین جار ده‌چنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، هه‌روه‌ها 20 ملیۆن ده‌نگده‌ر ته‌مه‌نیان له خوار 30 ساڵیه. به ره‌چاوكردنی دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی توركیا كه گیرۆده‌ی چه‌ندین قه‌یران هاتووه، ئه‌گه‌ر له رووی سۆسیۆلۆژیه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه له‌م 26 ملیۆن ده‌نگده‌ره كه‌مترین ده‌نگ بۆ ئه‌ردۆغان و هاوپهیمانیهتیهكهی ده‌چێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه جارێكی دیكه ده‌گه‌ینه‌وه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه زه‌حمه‌ته ئه‌ردۆغان بگاته‌وه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ساڵی 2018. له چه‌ند ئه‌گه‌رێكدا، ئه‌ردۆغان ده‌توانێ هاوسه‌نگی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بگۆڕێت، یه‌كێك له‌و ئه‌گه‌رانه، وه‌كو پێشبینی ده‌كرێت رێژه‌ی به‌شداریكردنی هه‌ڵبژاردن (85-90٪) نه‌بێت به‌ڵكو له خوار ئه‌م رێژه‌یه بێت. به واتایه‌كی دیكه هه‌رچه‌ند رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن كه‌متر بێت ئه‌وه له قازانجی ئه‌ردۆغان دایه. چونكه له هه‌موو دۆخێك‌دا ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانانی ده‌توانن ده‌نگده‌رانیان ببه‌نه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. به‌ر له بۆمه‌له‌رزه‌ی 6 شوباتی رابردوو كه 11 شاری توركیای گرته‌وه و زیاتر له 50 هه‌زار كه‌سی كرده قوربانی و به ملیۆنان كه‌سیشی بێ ماڵ و حاڵ كرد، ناوه‌نده‌كانی راپرسی رێژه‌ی به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردن به (75 – 80٪) مه‌زه‌نده ده‌كرد. ناوه‌نده‌كانی راپرسی هه‌ڵكشانی رێژه‌ی به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بۆ رۆحی هاوكاری و به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌ومان ده‌گێڕنه‌وه كه له رۆژانی دوایی روودانی بۆمه‌له‌رزه‌كه هاته ئاراوه. جگه له خراپی ئیداره‌دانی حكوومه‌ت، گه‌نده‌ڵی، پووكانه‌وه‌ی ئابووری، هۆكارێكی دیكه‌ش له ئارادایه بۆ دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگی ئه‌ردۆغان كه له هه‌ڵبژاردنی سالی 2018 ئه‌م هۆكاره له ئارادا نه‌بوو. له‌دوای ساڵی 2018 دوو پارتی سیاسی له جه‌سته‌ی ئاكپارتی بوونه‌وه كه ئه‌وانیش (پارتی گهلهجهك كه ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی و پێشكه‌وتن كه عه‌لی باباجان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات) و رێژه‌ی ده‌نگی هه‌ردووكیان به یه‌كه‌وه به 5٪ پێشبینی ده‌كرێت. دوو ئه‌گه‌ری دیكه له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان بتوانی باری لاسه‌نگی راست بكاته‌وه، ئه‌ویش ترساندنی ده‌نگده‌ری كورده له شاره‌كانی باكووری كوردستان تا له رۆژی هه‌ڵبژاردن نه‌چنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بۆ كلیچدارئۆغڵو نه‌ده‌ن. ره‌نگه په‌لكێشكردنی (هودا – پار) بۆ ناو هاوپه‌یمانی كۆمار به ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بێت. چونكه ئه‌م پارته به باڵی سیاسی (حزبولڵا) له قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه له‌ناو به‌شێكی زۆری كوردانی باكووردا به (حزبی شه‌یتان) ناسراوه و له هه‌ردوو ده‌یه‌ی هه‌شته‌مین و نۆیه‌مینی سه‌ده‌ی رابردوو هه‌زاران هاوڵاتی كوردیان له كرده‌وه‌ی بكه‌ر نادیاردا كرده قوربانی. ئه‌گه‌رێكی دیكه كه هاتنه‌دی زه‌حمه‌ته، لێكترازان و پارچه‌بوونی هاوپه‌یمانی میلله‌ته، كه له‌م ساته به‌دواوه زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌گه‌ر مه‌حاڵیش نه‌بێت. چونكه خاڵی هاوبه‌شی هه‌ر شه‌ش پارته‌كه‌ی ناو هاوپه‌یمانی میلله‌ت، دوورخستنه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه له ده‌سه‌ڵات و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار. هه‌ر پارتێك له‌م ساته به‌دواوه له‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه وه‌كو ئه‌وه‌یه بڕیاری خۆ كوشتنی خۆی بدات. به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا ئه‌ردۆغان به‌ده‌ست چیه‌وه ده‌ناڵێنێت! دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له ساڵی 2003 هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تی، په‌رله‌مانی و خۆجێیه‌كان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. له هه‌موو ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ش چه‌كی ده‌ستی ئه‌ردۆغان بریتی بووه له به‌كارهێنانی ئایین و پشتگیریكردنی له‌لایه‌ن جه‌ماعه‌ته ئایینیه‌كان كه كاریگه‌ریه‌كی هێجگار گه‌وره‌یان هه‌یه، جگه له‌وه‌ش به‌كارهێنانی هێزی ده‌سه‌ڵات و تواناكانی میلله‌ت له پاره بگره تا راگه‌یاندن چه‌كێكی دیكه‌ی كاریگه‌ری ده‌ستی ئه‌ردۆغان بووه، جگه له‌م دوو چهكهش ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام گفتی چاره‌سه‌ری كێشه ئاڵۆزه‌كانی توركیا به گوێی ده‌نگده‌ر چرپاندووه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی به‌باشی به‌كارهێناوه. له هه‌مان كاتدا ئۆپۆزسیۆنی دژ به ئه‌ردۆغان جگه له په‌رشوبڵاوی، به‌ده‌ست كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌ناڵاند. ئۆپۆزسیۆن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یتوانی توێژی موحافهزهكاری توركیا كه نزیكه‌ی 40٪ هه‌موو ده‌نگده‌رانی توركیا پێكدێنێت رازی بكات یان متمانه‌یان پێبدات كه ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می به‌ر له ئه‌ردۆغان له دژیان كراوه دووباره نابێته‌وه. له ئه‌مرۆدا ئه‌ردۆغان به‌ده‌ستی چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ش ده‌ناڵێنێت كه گه‌یشتنی به ده‌نگه‌كانی ساڵی 2018 ئاسته‌نگ ده‌كات، ئه‌و كێشانه‌ش بریتین له: كێشه‌ی ئابووری، گه‌نده‌ڵی، به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی دیموكراسی و ئازادی تا راده‌ی نه‌مان، ئه‌و كێشانه‌ی له‌دوای بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌م دوایه تووشی هاتووه له‌گه‌ڵ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد و په‌نابردن بۆ زیندان و سزادان بۆ كپكردنه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌م كێشه‌یه. جگه له‌م كێشانه‌ی سه‌ره‌وه، له ئه‌مڕۆدا سروشتی رێكخراوه‌یی و كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ئاكه‌په گۆڕاوه. كادیره‌كانی ئاكپارتی له ساڵانی 2002، 2007 و تا ساڵی 2011 بۆ رازیكردن و به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگده‌ر ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕان. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاره‌زووه له كادیرانی ئاكه‌په نابیندرێت. دوێنی كادیر و ئۆرگانه‌كانی ئاكه‌په بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغان هه‌موو رێگایه‌كیان ده‌گرته‌به‌ر. به‌ڵام كادیرانی ئه‌مڕۆ كادیری مشه‌خۆر و به‌رژه‌وه‌ندیخوازن. بۆ نموونه له پێناو ده‌ستخستنی ته‌نده‌ری ئه‌و باڵاخانانه‌ی بۆمهلهزره وێرانی كردوون، به‌رپرسانی ئاكه‌په چه‌ندین شێوازی گهندهڵكاریان ئه‌نجامداوه، نرخی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوونیان به‌رز كردۆته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش سۆسیال میدیا و تیڤیه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیان ته‌نیووه‌ته‌وه. له ئێستادا له پشت ئه‌ردۆغان پارتێكی به دسپلین و به نه‌زاكه‌ت نه‌ماوه. له رووی كه‌سانی ئهنتهلـلهكتوێل و پسپۆریشدا لاوازیه‌كی دیار ده‌بیندرێت، كه‌سانی بیرمه‌ند و به توانا كه له‌ناوه‌ندی بڕیاری ئاكه‌په‌دا جێ په‌نجه‌یان دیاربوو، ریزه‌كانی ئه‌م پارتهیات جێهێشتووه. تا ده‌چێت له رووی چۆنایه‌تی كادیرانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركیا لاوازتر ده‌بن، ته‌نیا جۆره كادیرێك له‌ناو ئه‌م پارته ده‌بیندرێت ئه‌ویش ئه‌و كادیرهیه كه ئه‌ردۆغان به پیرۆز له قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌م دۆخه‌ش تا بڵێی ئه‌ردۆغانی له رووی ده‌روونی، هزری و له‌وانه‌یه جه‌سته‌یش شه‌كه‌ت كردووه. له به‌رامبه‌ر ئه‌م لاوازی و شهكهتیهی كه ئه‌ردۆغان به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت، ركابه‌ره‌كانی ئه‌ردۆغان فێری زۆرشت بوونه له ئه‌زموونه‌كانی رابردوویاندا. كه‌مال كلیچدارئۆغڵو كه له ئه‌مڕۆدا گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر دواڕۆژی سیاسی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌می سووره له‌سه‌ر یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له گه‌ڕی یه‌كه‌میندا، ئه‌م سووربوونهشی به ترس له ركابه‌ره‌كه‌ی ده‌به‌سترێته‌وه، چونكه له چه‌ندین وێستگه‌ی دیكه‌دا كه ئه‌ردۆغان له په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگی سیاسی‌دا بوو هاوسه‌نگیه‌كانی گۆڕی و ئه‌نجامه‌كانی به‌لای خۆیدا شكانده‌وه.
درەو: پەیمانگای واشنتۆن: 🔹وێرای سی ساڵ لەكۆمەڵێك دەستكەوتی دیار, بەڵام هەوڵە بێوچانەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەدیهێنانی ئابوری سەربەخۆ هیچ نەبوو, جگە لەقوڵكردنەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكان و دەسەڵاتە كلیبتۆكراسیەكەی (دەسەڵاتی چەتەكان) و گواستنەوەی پاشكۆیەتیەكەی لەعێراقەوە بۆ توركیا‌و پشتبەستن بەهاوكاری دەرەكی و داهاتەكانی نەوت. 🔹كوردستانی عێراق ڕوبەڕوی كۆمەڵێك ئاستەنگی دەرەكی بووەتەوە, كە دیارترینیان فشاری یاسایی و دارایین لەلایەن بەغدادو هەڕەشەی هێرشی ئێران و توركیا, بەڵام هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرەكی نیە. 🔹دوای (30)ساڵ لەدامەزراندنی و (20)ساڵ لەهێرشی ئەمریكا, حكومەتی هەرێم دیدیگایەكی ڕوونی نیە بۆ ئایندەی, وێڕای ئەوەی لەبەردەم تەقینەوەی ناوخۆیدایە بەهۆی نادڵنیایی لەدۆخی ئابوری و دابەشبونی سیاسی و دامەزراوە لاوازەكانی. 🔹كورد خەباتی لەسەر بنەمای ستەملێكراوی بنیادناوە, وەك كەمینیەكی چەوساوە لەپێناو بەدیهێنانی ئۆتۆنومی, دەسەڵاتدارانی كورد شەرعیەتیان لەڕێی بەرگریكردن لەمافەكانی كوردەوە بەدەستهێناوە, بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی (1992)وە, ئەم شەرعیەتە شۆڕشگێڕیە ڕێگەی بۆ شەرعیەتی دیموكراسی خۆشكرد. 🔹هەڵبژاردن, یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی هێنا بۆ دەسەڵات, لەو كاتەوە هەردوو حزبەكە وابەستەبونێكی توندوتۆڵیان هەیە بە خێزانەوە, خانەوادەی تاڵەبانی یەكێتی بەڕێوەدەبەن و خانەوادەی بارزانیش(نەوەی دووەم و سێیەمیان) بەدوای یەكدا دەسەڵات دەگرنە دەست. 🔹شەڕی ناوخۆ بووە هۆی لەقكردنی متمانەی هەردوو حزبەكە, ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان وەك دوو ناوچەی دەرەبەگایەتی دابەشبكەن, كە تائەمڕۆش بەردەوامە. 🔹لەم ساڵانەی دوایدا, لەناو خێزانە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانی عێراق ناكۆكی دەركەوت, كە هاوكات بوو لەگەڵ لاوازبونی حزبەكانیان, دوای مردنی تاڵەبانی كوڕە گەورەكەی و ئامۆزاكەی دەسەڵاتی حزبەكەیان گرتە دەست, لەنێوان ئامۆزاكان ناكۆكی سەریهەڵدا, باڤڵ تاڵەبانی لاهوری ئامۆزای دورخستنەوە. 🔹لەلایەنی بارزانیەكانیش, ململانێكان لەسەر دەسەڵات وردە وردە سەر دەردێنن لەنێوان ئامۆزاكان, كە ئەوە ڕەنگە تەنها كێشە بۆ یەكگرتووی پارتی دیموكراتی كوردستان دروستنەكات, بەڵكو ڕەنگدانەوەی بۆ كۆی حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانیشی دەبێت. 🔹گەندەڵی و نالێهاتویی لەدامەزراندن, كەرتی گشتی شێواندووە, لەگەڵ بونی هەزاران فەرمانبەری وەهمی و دوو مووچەو خانەنشینی ناشایستە, لەكاتێكدا كەرتی تایبەتیش لەلایەن ئەندامانی خێزانە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانەوە خاوەنداری دەكرێن. 🔹ناكۆكی قوڵی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان, سەنگی هەرێمی كوردستانی لەلای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەمكردووەتەوەو هەژمونیشی لەبەغداد لاوازكردووە. 🔹لەسەرەتای جەنگی داعشەوە, ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا موچەو ڕاهێنانی پێشكەش بەهێزەكانی پێشمەرگە كردووە, لەبەرامبەر بەڵێنی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری حكومەتی هەرێمی كوردستان, بەڵام پارتی و یەكێتی دەستبەرداری كۆنترۆڵكردنی هێزی پێشمەرگە نابن. 🔹بەشێوەیەكی گشتی, ناوبانگی حكومەتی هەرێم تووشی داخوران بووە لەهەڵسەنگاندنی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤدا. 🔹بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ناكۆكییە ناوخۆییەكانەوە لەنەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو, هەڵبژاردن تا ساڵی (2005)ئەنجامنەدرا, بەواتای (13)ساڵ دوای ئەنجامدانی یەكەم هەڵبژاردن, بەدواشیدا هیچ هەڵبژاردنێك لەكاتی خۆیدا نەكراوە, بەردەوام دوای دواخستنێكی زۆر ئەنجامدراوە. 🔹لەگەڵ ئەوەی لەساڵی (2015)ویلایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی كۆتایهات, بەڵام پۆستەكەی جێنەهێشت تاساڵی (2017), كە بووە هۆی داخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ, لەپێناو درێژكردنەوەی ماوەی ویلایەتەكەی, بۆیە سەیر نیە كە بەردەوام ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لەهەڵبژاردنەكانی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە. 🔹لەگەڵ قوڵبونەوەی ناكۆكی كورد‌و باشبونی دۆخی ئەمنیی لەسەرانسەری عێراق, پارسەنگی هێز كە پێشتر لەبەرژوەندی هەرێمی كوردستان بوو, ئێستا لەبەرژوەندی بەغدادە. 🔹لەدوای ڕیفراندۆمەكەوە, سەركردەكانی هەرێمی كوردستان ناكۆكییان هەیە لەبارەی تێڕوانین بۆ عێراق و پلانی ڕزگاكردنی كەرتی وزەی گەمارۆدراویان. ئەم بابەتە بەشێكە لەڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاری, كە پەیمانگای واشنتۆن بڵاویكردووەتەوەو لەلایەن بیلال وەهاب-وە ئامادەكراوە.
درەو: سێ مانگی ماوە بۆ وادەی تەواوبوونی شەقامی (100) مەتری سلێمانی، تا ئێستا ( 48%)ی كارەكانی تەوایووە، لە ئێستادا پرۆژەكە لە وەستان نزیك بووەتەوە، چەند كرێكارێكی كەم كاری تێدادەكەن تەنیا بۆ ئەوەی نەڵێن كارەكانی بەتەواوی وەستاوە. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020/7/11 بەردی بناغەی قۆناغی یەكەمی شەقامی (100) مەتری سلێمانی دانا، كەلەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێدەكرێت و شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات، قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كە (32) كیلۆمەترە بڕی (400) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجناكاتن كاركردن لە شەقامەكە لە وەستان نزیك بووەتەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە پرۆژەكە بە (درەو)ی راگەیاند: كەس بەلای شەقامی (100) مەتریەكەی سلێمانیدا نایات، لە ئێستادا لە تەواوی پرۆژەكە تەنیا دوو سێ كرێكار لە فلای ئۆڤەرەكەی سەرو عەزیزاوا كاردەكەن، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی نەڵێن كاركردن لە پرۆژەكەدا وەستاوە لەو پرۆژەیە، بەڵام بە حەقیقی وەستاوە چونكە پێشتر رۆژانە (1000 - 1500) مەتر سێجا كۆنكرێت دەكرا و بە سەدان كرێكار لە هەموو شوێنەكانەوە كاریان دەكرد، بەڵام ئێستا بە (20) رۆژ جارێك تەنیا (3) مەتر سێجا كۆنكرێت دەكەن، كۆمپانیای جێبەجێكار (قەیوان) رێژەی (80%) كرێكاران لەو پرۆژەیە كەمكردووەتەوە ئەوانەشی ماوەنەتەوە تەنیا كەسی ئیدارین و كارناكەن، سەرپەرشتیاران و ئەندازیارانی شارەوانیش رۆژانە دەچنە ئەوێ و تەنیا دادەنیشن هیچ كارێك نیە بیكەن. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆمپانیای قەیوان تا ئێستا زیاتر لە (160) ملیار دیناری تێدا خەرجكردووە بەڵام چاوەڕێ دەكات حكومەتی هەرێم شاییستە داراییەكانیان بۆ خەرجبكات، بەڵام حكومەت بۆیان خەرج ناكات و دەڵێت لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانیە. شارەوانی سلێمانی لە پێناو نەوەستانی پرۆژەكە لە هەوڵی ئەوەدایە چەند پارچە زەویەك بفرۆشێت و بە پارەكەی ئەو پرۆژەیە تەواو بكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو زەویانە نەفرۆشراون. وەستانی كاركردن لەو پرۆژەیە زیانی زۆری دەبێت سەڕەیای دواكەوتنی پرۆژەكە، هەركات دەستبكرێتەوە بە كاركردنی تەواوەتی لە پرۆژەكە دەبێت بەشێك لەو شوێنانەی كاكردن تێیدا بووەو راوەستاوە جارێكی تر ئەو شوێنانە تێكبدرێتەوەو درووست بكرێتەوە چونكە خراپ بوونە. ئەم پرۆژەیە كە ئێستا گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزارییە لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەی ژێردەسەڵاتی یەكێتی، بەپێی قسەی سەرپەرەشتیارەكانی، تا ئێستا رێژەی (48%)ی كارەكانی تەواو كراوە. راپۆرتی پەیوەندیدار ئەوەی لەبارەی 100 مەترییەكەوە نایزانیت !
راپۆرتی: درەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (8 ساڵی رابردوو)دا (2014 - 2021) زیاتر لە (ملیارێك‌و 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام كەمتر لە (31 ترلیۆن) دیناری داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەشێوەی سەربەخۆ، هەرێم بڕی (81 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق لەدەستداوەو (45 ترلیۆن) دیناریش قەرزار بووە. پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەماوەی نێوان ساڵانی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن) دینار، لەم بڕە پارەیە تەنیا (15 ترلیۆن) دینار رەوانەی هەرێم كراوە، واتا بڕی (81 ترلیۆن) دینار لە پشكی هەرێم راگیراوە. یەكەم: پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی (2004-2014) پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، واتا فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ، لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە وەكو پشكی كورد، بڕێكی زۆر پارە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێم دەكرا، بەجۆرێك لە دوای ساڵی 2004 -2014، حكومەتی فیدراڵ 17%ی بودجەی گشتی بۆ هەرێم ناردووە. بەپێی سەرچاوەكان، ئەو پارانەی لە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێم لە حكومەتی فیدراڵ دەست حكومەتی هەرێم كەوتووە، كە لە ساڵی 2004ەوە تا ساڵی 2014 بەردەوام بووە، بریتی بووە لە (75 ملیار‌و 177 ملیۆن) دۆلار (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛ ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعش‌و گرفتەكانی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، یاسای بودجە نەبوو، دەسەڵاتی خەرجییەكان درابوو بە وەزارەتەكان، ئیتر لێرەوە پشكی هەرێم بڕدرا. بەپێی توێژینەوەیەكی (فەرمانگەی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) كە لە تشرینی یەكەمی 2020 بڵاوكراوەتەوە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005تاوەكو 2019 بڕی (96 ترلیۆن‌و 196 ملیار‌و 503 ملیۆن) دیناری لە بەغدادەوە وەرگرتووە، لە بەرامبەردا تەنها (2 ترلیۆن‌و 273 ملیار‌و 430 ملیۆن) دینار داهاتی خۆی بۆ حكومەتی ناوەند لە بەغداد گەڕاندوەتەوە. دووەم؛ پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی 2014-2021) لەدوای ساڵی (2014)ەوە دۆخەكە بەشێوەیەكی ترە، ئەگەرچی لە یاساكانی بودجەی (2014-2021) پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێم‌و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هیچ كات ئەو بڕە پارەی كە وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە، وەك خۆی بۆ هەرێم نەنێردراوە، بۆ نمونە بڕوانە خشتەی ژمارە (1)؛ پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق (2021-2014) (دینار) تێبینییەكان دەربارەی خشتەی ژمارە (1) 1. حكومەتی عێراق لە ساڵی 2020 یاسای بودجەی نەبووە. 2. سێ مانگی سەرەتای 2020، هەموو مانگێك 453 ملیار لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە. 3. (6) مانگی سەرەتای ساڵی (2021) تێپەڕی بەڵام حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردووە، لە (6) مانگی دووەمی ساڵی (2021) بە شێوەی سلفە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار وەك سلفە رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە. شیكاری خشتەی ژمارە (1) 1. پشكی هەرێمی كوردستان لەماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن و 540) ملیار و 995) ملیۆن دینار. 2. تەنها بڕی (15 ترلیۆن و 929 ملیار و 533 ملیۆن) دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە. 3. بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە. سێیەم؛ داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی ئابوری سەربەخۆدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆدا، لەماوەی ساڵی (2014) تا كۆتایی ساڵی (2021) زیاتر لە (1 ملیار‌و 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، بە تێكڕا بەرمیلێكی نەوتی بە بڕی (54) دۆلار فرۆشتووە، بەكۆی گشتی‌و بەبێ هیچ خەرجی‌و تێچونێك، بەهای ئەو بڕە نەوتەی فرۆشتویەتی زیاتر بوو لە (55 ملیار دۆلار) بەرامبەر بە زیاتر لە (68) ترلیۆن دینار (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) فرۆشی نەوتی هەرێم (2014- 2021) بەڵام بەپێی وتەی (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان) كە رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) لە كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند؛ (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكان‌و خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات تێچووی دەرهێنانی نەوتەو (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێت، بۆیە دوای لێدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوت‌و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە (ساڵی ڕابردوو)دا لە ڕێگەی فرۆشتنی (1 ملیار‌و 103 ملیۆن‌و 211 هەزار) بەرمیل نەوتەوە، دەكاتە (25 ملیار‌و 485 ملیۆن 858 هەزارو 150) دۆلار، كە بەهای (1) دۆلار بە تێكڕا لەماوەی (ساڵی رابردوو) بریییە لە (1 هەزار و 211) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (30 ترلیۆن‌و 863 ملیار‌و 374 ملیۆن‌و 220 هەزارو 231) دینار وەك داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم (2014-2021) پاش لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی چوارەم؛ دەرەنجامی فرۆشی سەربەخۆی نەوت ئەگەر بەراوردی ئەو داهاتە بكەین كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی كەوتووە، بەو بەشەی لە بودجەی عێراق لەدەستی داوە، ئەوا؛ 1. حكومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422 ملیۆن) دینار بودجەی لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە. 2. حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بڕی (1 ملیار‌و 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8 ساڵ)دا هەناردە بكات، بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار دوای لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی بۆ بمێنێتەوە. 3. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەكەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار. پێنجەم: كەڵەكەبونی قەرزە گشتییەكان بەهۆی كورتهێنانە بەردەوامەكانو بەتایبەتیش بەهۆی قەیرانەكانی ساڵانی (2014-2017و 2020)، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، كە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆران‌و بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەكانو قەرزی دەرەكی‌و قەرزی بانكی (تی بی ئای)و قەرزی ناوخۆین، بڕی ئەم قەرزانە زیاتر لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریكییە (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) بەشێكی گەورەی قەرزەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ پێش كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بروانە چارتی ژمارە (3)). هاوكات (خشتەی ژماره (4)) دەربڕی قەبارەی قەرزە گشتییە كەڵەكەبووەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە درێژایی ساڵانی (2012 - 2021). چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) خشتەی (4) سەرچاوەکان 1. کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28/6/2021. 2. م.جهانگیر صدیق احمد، چاكسازى ئابوری له هه‌رێمی كوردستان، پاساو و به‌ربه‌سته‌كان له (2005 - 2019)، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، مجلة الدراسات السياسية و الأمنية - المجلد (الرابع) العدد (الثامن) كانون الاول ٢٠٢١؛ https://www.centerfs.org/files/2021/12/3-Vol.4-No.8k-81-112-3.pdf 3. ماڵپەڕی درەو میدیا، زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتا‌و ژمارەكانی حكومەت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5813 4. ماڵپەڕی درەو میدیا، فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9584 5. ماڵپەڕی درەو میدیا، لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ ئابوری سەربەخۆیان؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8611 6. قانون الموازنة العامة الاتحادية للسنة المالية2021. 7. ابتسام عبد اللطيف محمد، مستحقات اقليم كوردستان وكميات ومبالغ تصدير النفط خارج اطار شركة (سومو) ومدى تاثيرها على الموازنة الاتحادية للمدة (2005-2019)، دائرة البحوث والدراسات النيابية مكتب بحوث الموازنة. 8. Deloitte, Kurdistan Regional Government of Iraq, Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020, 20 June 2021.
ئامادەكردنی: روونبین لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا، بڕی نەوتی بارکراو لە بەندەری جەیهانی تورکیا تا سەرلەبەیانی رۆژی ٢٥ی ئازار بارکراوە تەنها لە ١٥ کەشتی قەبارەجیا دا کە بۆ ٦وڵاتی جیا ڕۆشتووە بریتی بووە لە ١٠،٧٩٢،٠٤٧ بەرمیل نەوت، کە بەتێکڕا رۆژانە ٤٤٩,٦٦٨ بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. زانیاری ناو وە ژمارەی ئەو کەشتیانەی نەوتی عێراقیان ( هەرێم و کەرکوک) بارکردووە ، لەگەڵ بەروار و بڕی نەوتی بارکراو لە هەرکەشتییەکدا و ناوی ئەوکۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمیان کڕیوە و بۆ چ وڵاتێک ڕۆشتووە. لەم بڕە ١ ملیۆن و ٧٢٧ هەزار و ٤٩٤ بەرمیلی نەتی کەرکوک بووە، وە هەرێمیش ٩ ملیۆن و ٦٤ هەزار و ٥٥٣ بەرمیلی بارکردووە لە جەیهان کە دەکاتە رۆژانە ٣٧٧،٦٨٩ بەرمیل نەوت. لەم لینکە خشتەی بارکردنی رۆژانە تا کاتی وەستانی هەناردە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ دابەزێنە: نەوتی بارکراو لە جەیهان- مانگی ئازاری ٢٠٢٣دا
ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم داهاتی نەوت (هه‌نارده‌ی ده‌ره‌کی به بۆری) • لە مانگی ئازاری (2023)دا لە رۆژی (24/3/2023) دواین کەشتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەرەی جەیهانی تورکی بارکراوە، بەو پێیە تا ئەو ڕێکەوتە هەرێم بڕی (8 ملیۆن و 892 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بۆ مانگی ئازار (78.43) دۆلاربووە. • بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وەرزی چوارەمی ساڵی (2022) هەرێم بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (19) دۆلار کەمتر فرۆشتووە، بەم داتایە بێت تێکڕای بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (59.43) دۆلار فرۆشراوە. کەواتە: (8 ملیۆن و 892 هەزار) بەرمیل X (59.43) دۆلار = (528 ملیۆن و 451 هەزار و 560) دۆلار. • هەر بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (51%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (49%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. کەواتە: - (528 ملیۆن و 451 هەزار و 560) دۆلار X (51%) = (269 ملیۆن و 510 هەزارو 296) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. - (528 ملیۆن و 451 هەزار و 560) دۆلار X (49%) = (258 ملیۆن و 941 هەزارو 264) دۆلار داهات دەمێنێتەوە.
درەو: توركیا گەشتەكانی بەڕووی ئاسمانی سلێمانیدا داخست، ئەنقەرە نیگەرانە لە هەڵوێستەكانی ئەم دوایەی بافڵ تاڵەبانی، پێشتر لە رێگەی دیبلۆماسیەوە نیگەرانییەكانیان گەیاندووە. بەپرسانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایانگەیاند" ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن كۆمپانیای توركیش ئێرلاینەوە ئاگاداركراونەتەوە كە ئەو گەشتانەیان كە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە و كاتژمێر 10ـی شەو بوو، تاوەكو كۆتایی مانگ راگرتووە، ئەو گەشتەی دیكەیان كە چواری بەرەبەیان بوو تاوەكو 5ـی ئەم مانگە رادەگیرێن". ئەمە دووەمجارە توركیا گەشتەكانی لەگەڵ ی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رادەگرێت پێشتریش لەدوای ریفراندۆمەكەی 2017 ی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە 29/9/2017 حكومەتی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان و، لە تەمووزی 2018 توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری هەڵگرت بەڵام درێژەیدا بە گەمارۆكە لەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا 26/1/2019 ئەویش بەهۆی تێبینی توركیا لەسەر ناوچەی جێنفوزی یەكێتی كە بە پشتیوانی هێزە كوردیەكانی باكور و رۆژئاوای كوردستان تۆمەتباری دەكردن. بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی (درەو) بەشێك لە هۆكاری راگرتنی ئەمڕۆی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی سیاسیەو پەیوەندی بە هەڵوێستەكانی ئەم دوایەی بافڵ تاڵەبانیەوە هەیە. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند چەند رۆژی رابردوو توركیا لە رێگەی دیپلۆماسیەوە نیگەرانیەكانی خۆی بە یەكێتی گەیاندووە لەسەر هەڵوێستەكانی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) وت: توركیا زۆر نیگەران بووە لە پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی كە لە نەورۆزی ئەمساڵ لە ئامەدی باكوری كوردستان پەخشكراو داوای ئازادكردنی گیراوانی دەكرد، نیگەرانە لە پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی كە داوای كرد نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشریًَت، نیگەرانە لە جوڵەو سەردانەكانی بۆ رۆژئاوای كوردستان و پشتیوانی لە رۆژئاوان بەتایبەت نیگەران بوو لەو هێلی كۆپتەرانە لە ئامێدی كەوتنە خوارەوە پشتڕاست كرایەوە كە لەلایەن یەكێتیەوە ئەو هێلیكۆپتەرانە دراون بە رۆژئاوا. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت توركیا وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بە هەڵوێستەكانی یەكێتی گەشتەكانی بەرووی سلێمانیدا دابخات.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە چەند رۆژی رابردوودا لە راپرسییەكەدا كە رۆژنامەنوس محەمەد رەوف ئەنجامیدا، ئەم پرسیارەی لە بەشداربووانی راپرسییەكە كرد:” دوای بڕیارەكان بۆ راگرتنی نەوتی هەرێم، پێت باشە كێ نەوتی هەرێم بفرۆشێت؟ حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی عێراق؟“ تا ئەم ساتە ١٥٥٠٠، پازدە هەزارو پێنج سەد، كەس لە راپرسیەكەدا بەشداریان كردوە، لەوانە ١٣٦٧٨، سیازدە هەزارو شەش سەدو حەفتاو هەشت، كەس، كە دەكات ٨٩%ی رێژەی دەنگدەران، دەخوازن حكومەتی عێراق نەوتی هەرێمی كوردستان بفرۆشرێت. تەنها ١٨٣٤، هەزارو هەشت سەدو سی و چوار، كەس، كە رێژەیان ١١%ی بەشداربووانە، دەخوازن حكومەتی هەرێم نەوتەكە بفرۆشێت. واتە زۆرینەی هەرەزۆری خەڵكی هەرێم دەیانەوێت نەوتی هەرێم لەژێر دەستی حوكمڕانانی هەرێم بهێندرێتەدەرو بدرێتەوە دەستی حوكمڕانان لە بەغدا. بێگومان ئەمە یەكەمینجار نییە ئامارەكان دیدو ڕوانینی تەواو نێگەتیڤی خەڵكی هەرێممان بەرامبەر حوكمڕانانی هەرێم، بەوشێوە راستەوخۆیە دەخەنە بەردەست. دیدو ڕوانینێك كە دەشێت وەك نەفرەتكردنێكی سیاسیی قوڵ‌و وەك دۆڕاندنی هەمەلایەنی هەرجۆرە متمانەیەك بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، ببینین. لە ڕاپرسیەكی دیكەدا، كە ماوەیەك لەمەوپێش رۆژنامەی (الصباح) لە بەغداد بڵاویكردەوە، دیسانەوە بەشداربووانی راپرسییەكە لە خەڵكی هەرێم، هەمان پەیامیان دووبارەكردەوە. زۆرینەی بەشداربووانی راپرسیەكە هەنگاوێك زیاتر دەڕۆنو داوای ئەوەدەكەن هەرێم وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ هەڵبوەشێتەوەو ناوچەكانی كوردستان لەلایەن بەغداوە حوكمڕانی بكرێن‌و بەڕێوەببرێن. كەسێك چاوی بۆ بینین‌و گوێی بۆ بیستن هەبێت، دەزانێت خەڵكی هەرێم ئەم حوكمڕانانەو ئەو سیستمە حوكمڕانییەی سەپاندوییانە، ناوێت. خوازیاریی كۆتاییهاتنن بە دەسەڵاتو ئیدارەو شێوازی حوكمڕانیان. نەك هەر ئەمە، بەڵكو خەڵكی هەرێم خودی ئەو حوكمڕانییە بە سەرچاوەی چەندان نەهامەتی گەورەو كێشەی قوڵ‌و هەمەلایەن دەزانن كە بەبێ ویستی خۆیان ژیانی رۆژانەی ئەوان كەوتۆتە ناویانەوە. خەڵك ئەو مۆدێلە خێزانیی‌و بنەماڵەییەی حوكمڕانی كە دروستكراوە بەمەترسی سەرەكیی لەسەر ژیانی خۆیان‌و نەوەكانیان دەزانن. مۆدێلێك دوای زیاتر لە سی ساڵ حوكمڕانیی‌و دوای هەوڵی زۆر‌و هەمەلایەنەی چەندان زلهێزیی جیهانی، هێشتا رێگرە لە دروستبوونی ئەو دەزگاو میكانیزمانەی دەتوانن حوكمڕانییەكە دوربخەنەوە لە چەتەگەرییو بێیاساییو دزیی‌و جەردەیی بەردەوام. لەوانەش بۆ نموونە دروستكردنی هێزێكی سەربازیی یەكگرتووی نیشتیمانی كە سەر بە هیچ بنەماڵەو خێزان‌و كەسایەتییو حیزبێكی سیاسیی نەبێت. دروستكردنی جیهازێكی بیرۆكراسیی لێزان‌و پرۆفیشیناڵ كە دوربێت لە بەسیاسییو بەحیزبیكردن. دروستكردنی سیستمێكی داوەریی سەربەخۆو خاوەن بڕیار كە بە تەلەفۆنو هەڕەشەی بەرپرسەكان كارنەكات، یان دروستكردنی سیستمێكی ئابوریی كە تیایدا جوڵەی سەرمایەو میكانیزمەكانی دەوڵەمەندبوون ئاشكرا‌و یاسایی بن،.. هتد ئەوەی ئەو راپرسییانە نیشانیئەدەن، وەڕسبوونی قوڵ‌و حەوسڵەنەمانی تەواوەتیی خەڵكی هەرێمەكەیە بەرامبەر بە حوكمڕانانی هەرێمەكەو مۆدێلە سوڵتانییەكەیان، بەتایبەتی بەرامبەر بەو بنەماڵە دەسەڵاتدارانە كە هەم هەرێمەكەو هەم دانیشتوانەكەیو هەم سامانی سەرزەمینو ژێرزەمینیی، وەك موڵكی شەخسیی خۆیان‌و مناڵەكانیان مامەڵە دەكەن. بەوشێوەیەش بەڕێوەیدەبەنو بەكاریدەهێنن لەگەڵ قازانج‌و خواستە تایبەتەكانی خۆیاندا بگونجێت. هەموو ئەمانە لە هەلومەرجێكدا كە كۆی هەوڵەكانی ریفۆرمكردنو گۆڕان‌و دەسكاریكردنی ئەو حوكمڕانییە، لەڕێگای پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێزو كڕین‌و تەزویركردنەوە، پەكخراون. لەئێستادا دۆخەكە بە شێوەیەكە باوەڕناكەم یەك بەرپرسی سیاسیی دەسەڵاتدار لە هەرێمەكەدا مابێت، ئەو ڕاستییانەی سەرەوە نەزانێت‌و لەوە بەئاگانەبێت كە خەڵكی هەرێم چەند رقی لەوانو لە حوكمڕانییەكەیانە، چەند تامەزرۆی كۆتاییهاتنی دەسەڵاتەكەیانن. ئەم دۆخە بە ئاستێكیش گەیشتوە پەنابردن بۆ شەیتان بۆ ڕزگاربوون لەم حوكمڕانانە تەواو حەڵاڵو بێكێشە بێت، چ جای ئەوەی پەنا بۆ بەغداد ببرێت كە دەستوری وڵاتەكەی كۆمەڵێك مافی گرنگیی بە خەڵكی هەرێم بەخشیوە، ئەگەر دەستورەكە لەلایەن حوكمڕانانی عێراقەوە نەكوژرێتو نەگۆڕدرێت بۆ تێكستێكی مردو. بە كورتییەكەی، خەڵكی هەرێم بە دۆخێك گەیشتون هەموو كەسو لایەنەێك لەم حوكمڕانانە بە بەرپرسیارترو راستگۆترو باشتر دەزانن. لەزۆر ڕووەوە ئەم كاردانەوانەی خەڵك لەناو هەرێمدا، هێندەی كاردانەوەیەكی سایكۆلۆژینو ڕەگوڕیشەكانیان لەناو ئەو هەموو زوڵم‌و خراپەكارییو دزیی‌و جەردەییو گەندەڵییە گەورەدا هەیە كە مۆدێلی خێزانیی‌و بنەماڵەیی باڵادەست لە هەرێمەكەدا دروستیكردوە، هێندە لەناو عەقڵانیەتێكی سیاسی‌دا نییە بتوانێت لەودیوی ئەم دۆخە سایكۆلۆژییەوە كاربكات‌و هەقیقەتی هێزە سیاسییەكانی بەغداو هاوكێشە ئیقلیمییەكانو ئاكاری بكەرە سیاسییەكان ببینێت. بەڵام پێناچێت ئەم ساتەوەختە ساتەوەختی بیركردنەوەی عەقڵانیی بەرپرسیار بێت كە سەرجەمی مەترسییەكانی مۆدێلی ”دەوڵەت پایتەخت“ی لەبەرچاوبێت. (لەم مۆدێلەدا هەموو دەسەڵاتەكان دەبرێتەوە پایتەختو لەدەستی ئەو هێزانەدا كۆدەكرێنەوە كە لەپایتەختدا حوكمڕانن). لەبەرئەوەی شتێكیش بەناوی بەرپرسیارێتییەوە لەناو مۆدێلە حوكمڕانییەكەی هەرێمدا نەماوەتەوە، نەوەیەكی حوكمڕانی گەنجیش پەیدابوون سڵ لە ئەنجامدانی هیچ خراپەكارییەك ناكەنەوە، بۆیە خەڵكانێكی زۆر تاقەتی ژیانیان لەگەڵ ئەم حوكمڕانیەدا نەماوە. پرسیاری سەرەكیی لێرەدا ئەوەیە ئایا رۆڵی نەوت لەم گشتە گەورەیەدا چییە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە لەسەروەستانی ورد هەیە، هەوڵئەدەم لێرەدا یەك رەهەندی ئەم رۆڵە نیشانبدەم كە لە چەند نوسینێكی تردا ناومناوە دروستبوونی ”ئابوریی زوڵم“. بەڵام ئابوریی زوڵم چییە؟ بە بۆچوونی من ئەو مۆدێلە ئابورییەی كە سیستمە سوڵتانییەكەی هەرێمی لەسەر دروستبووە‌و پایەكانی پاراستوە، تێكەڵەیەكی تایبەتە لە ”ئابوریی ڕێنتو جەنگو تاڵانیی. ڕێنتی فرۆشتنی نەوت، تێكەڵ بە پارەی هاریكاریی دەرەكییو بەكۆكردنەوەی داهاتی خاڵە گومرگییەكانو بە بازرگانی قاچاخ‌و ناقاچاخ كە بەشێكی گەورەی قۆرخكراوە، ئینجا دزین‌و تاڵانكردنی ئاشكرا‌و نهێنیی ئەو سەرچاوانە. هەموو ئەمانەش لەناو هەلومەرجێكی ناجێگیریی پڕ لە هەڵبەزو دابەزو شەڕو شۆڕو پێكدادانی كورت‌و درێژخایەنی فرەجۆردا. ئینجا زیندووڕاگرتنی چەندان ناكۆكیی دوژمنكارانەو ئیمزاكردنی چەندان رێككەوتنی نهێنییو ژێربەژێر لەگەڵ یەكترو لەگەڵ هێزە ئیقلیمییەكاندا. ”ئابوریی زوڵم “ئەو فۆرمەیە لەئابوریی كە ئەم گشتە گەورەیە بەسەریەكەوە دروستیكردوە. وەك پێشتریش نوسیومە چەمكی ”ئابوریی زوڵم“ داڕشتنێكی ئینشایی نییە، بەڵكو ناونانێكی كۆنكریتیی ئەو سیستەمە ئابوریەیە لە هەرێمدا دروستكراوە. سیستمێك زۆر بە كورتیی ئەمە مێژووی دروستبوونیەتی: كاتێك لەدوای ڕاپەڕینەوە هەرێم ئازادبوو، ئەو سەرچاوە ئابورییە سەرەكییەی كە دروستبوو، بە پلەی یەكەم، رێنتی خاڵە گومركییەكان بوو كە بەهۆی گەمارۆدانی ئابوریی نێودەوڵەتیی لەسەر رژێمەكەی سەدام حوسەین گرنگییەكی گەورەیان پەیداكردبوو. ئینجا ئاودیوكردنو فرۆشتنی بەشێكی گەورەی ئەو ئامێر‌و كەرەستەو ئامرازانەی لە كوردستاندا هەبوون‌و دەستگرتن بەسەر پارەكانیاندا. دوای ئەوە دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە لە كارگەو كارخانانەدا كە لە هەرێمدا هەبوون‌و بەكارهێنانیان لەلایەن دوو پارتە باڵادەستەكەوەو دواتریش فرۆشتنەوەیان بە كەسە دەسڕۆشتووەكانی ناو ئەو پارتانە، یاخود بە كەسانی زۆر نزیك لەوانەوە. ئینجا دەستگرتن بەسەر زەویوزارێكی زۆرداو كڕین‌و فرۆشتنیان بەمەبەستی كەڵەكەكردنی سەرمایە. ئەم ڕێنتخۆرییو كەڵەكەبوونە بەتایبەتی سەرمایە، وایكرد لەسەر دابەشكردنی داهاتی گومركەكان، بەتایبەتی گومركی ئیبراهیم خەلیل، جەنگێكی چەند ساڵە لەنێوان پارتیی‌و یەكێتیدا دروستببێت. لە گەرمەی ئەم جەنگەدا فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی یاساغ‌و زۆرجار لەڕێگای دەستتێكەڵكردن لەگەڵ بەعسدا، هاتەكایەوە. ئەم دۆخە تا كۆتاییهێنان بە رژێمەكەی سەدام حوسەینو دروستبوونی هەلومەرجێكی تازە كە تیایدا ئەو بونیادە ئابورییە رێنتیە تاڵانكارەی دروستكرابوو، گەورەترو بەهێزتر دەبێت، بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی لۆژیكی دابەشكردنی داهاتو كەڵەكەكردنی سەرمایە گۆڕانی بەسەردا بێت. دوای كەوتنی رژێمەكەی سەدام حوسەینو هاتنەكایەی جەنگ دژ بە تێرۆر‌و جەنگ دژ بە ئەمریكاو جەنگی نێوان لایەنە جیاوازەكان لە عێراقدا، كە ڕەهەندێكی ئیقلیمیی‌و نێودەوڵەتی گەورەی وەرگرت، ئیتر بازرگانی نەوت‌و دەرهێنان‌و فرۆشتنی گەورەترو چالاكتربوو. لەگەڵ ئەم گەورەبوونەشدا بڕی ئەو تاریكییو نهێنییانەی كە لەسەرەتاوە لە دەوری ئابوریی هەرێم لەئارادابوو، بەدەیانو سەدان جار گەورەتر بوو. بڕی خراپبەكارهێنانو تاڵانییو گەندەڵیكردن بە ڕێنتی نەوت‌و خاڵە گومركییەكانەوە، چووە ئاستێكی چەندەها جار گەورەترو ترسناكترەوە.”لەگەڵ هاتنو بەرپابوونی جەنگی داعشیشدا ئابوریی نەوت بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ ئابورییەكی مافییایی و مەسەلەی دەستگرتن بەسەر ئابوری نەوت و بە شەخسیی و حیزبیی و بنەماڵەییکردنیی، دەچێتە ئاستێكی ئەفسانەییەوە. نەوت هەم پەیوەندیی ناوخۆی پارتە سیاسییەكان لە كوردستاندا تێكئەدات، هەم ئەگەری ریفۆرمكردنی حوكمڕانییەكە زەحمەتتر دەكات، هەم پەیوەندیی هەرێم‌و بەغدا تێكئەدات، هەم دەرگا لەسەر هێزە ئیقلیمییەكان، بەتایبەتی توركیا، دەكاتەوە تەڕاتێن لە هەرێمەكەدا بكەن، هەم فۆرمێك لە دەوڵەمەندبوون بەرهەمدەهێنێت لە فۆرمی دەوڵەمەندبوونی شێخەكانی خەلیج دەچێت، هەم كۆمەڵگایەكی توڕەو بێمتمانەو نەوەیەكی گەنجی بێكارو بێپارە دروستدەكات.“ لەهەموو ئەو دۆخانەدا جەنگ لە واقیعدا یان جەنگ وەك هەڕەشە، بەشێكی دانەبڕاوی ئەو دۆخە بووە كە لەئارادابووە. لەڕاستیدا جەنگ لەزۆر ساتەوەختدا وەك لۆژیكی ناوەكیی ئیشكردنی ئەو سیستمە ئابورییە ئامادەبووەو كاریكردوە كە ئابوریی زوڵم بووە.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئازاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (٧ ملیار‌و ٤٠٤ ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (١٠٠ ملیۆن و ٩١٣ ھەزارو ٢٧) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت (٣ ملیۆن و ٢٥٥ ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (٧٣,٣٧) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی شوباتی 2023 راگەیاند: • داهاتی نەوت گەیشتوەتە (7ملیار‌و 81ملیۆن) دۆلار. • تێكڕای بڕی هەناردەی نەوتی خاو گەیشتوەتە (92ملیۆن‌و 255ملیۆن و 610هەزار) بەرمیل رۆژانە (3 ملیۆن و 295هەزار ) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. - تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت لە مانگی شوباتی 2023گەیشتوەتە (76.75) دۆلار.
(درەو): بە ئامادەبوونی فەرماندەی فەیلەقی "قودس"ی ئێران، حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی كرد، قایل بوو بەوەی نەوت رادەستی "سۆمۆ" بكات، لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵ بەڵێنیداوە پۆستی جێگری سەرۆكی كۆمپانیای "سۆمۆ" بدات بە كورد. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، تا درەنگانێكی دوێنێ شەو، لە ماڵی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد، كۆبونەوەیەكی فراوان لەنێوان نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ بەڕێوەچووە، لە كۆبونەوەكەدا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی "قودس"ی سوپای پاسداران ئێران بەشداربووە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی بەراییان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیاوە. رێككەوتنەكە بەمشێوەیە: • حكومەتی هەرێم كوردستان قایل بووە بەوەی نەوتەكەی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات. • لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ پێكبهێنرێت بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی هەناردەو فرۆشتن‌و داهاتی نەوتی هەرێم. • داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە حساب بانكییەكو وەكو ئەوەی هەردوولا لە رەشنوسی بودجەی 2023دا رێككەوتنیان لەسەر كردووە، حكومەتی فیدراڵ چاودێری حساب بانكییەكە بكات. • نوێنەرانی هەرێم گلەییان هەبووە لەوەی كۆمپانیای "سۆمۆ" پشكی كوردی تێدا نییە، نوێنەرانی حكومەتی فیدراڵ قایل بوون بەوەی پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای "سۆمۆ" بدرێت بە كورد.
شیكاری: درەو لە ساڵی (2022)دا کۆمپانیا تورکییەکان بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛ # زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC). # (125 ملیۆن) دۆلار لە چارەکی یەکەمی (2022) لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی. # (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا). یەکەم: دەستکەوتە داراییەکانی کۆمپانیا تورکییەکان لەساڵی (2022) تورکیا لە ڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە دەستی لەنێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدایەو لە ساڵی (2022)دا ئەو کۆمپانیایانە بڕی (ملیارێک و 216 ملیۆن و 129 هەزار و 862) دۆلاریان لە پرۆسەی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بە جۆرێک؛ زیاتر لە (618 ملیۆن) دۆلاری لە بری کرێی گواستنەوەی نەوت دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC). (125 ملیۆن) دۆلار، هاوکات لە چارەکی یەکەمی (2022)دا لە بری دانەوەی قەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی (TEC) و (TPIC)ی تورکی. (473 ملیۆن) دۆلار دراوە بە کۆمپانیای (گەنێڵ ئنێرجی) لە بری شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگە نەوتییەکانی (تاوکێ - تەق تەق - سارتا). (بڕوانە خشتەکە). جگە لەو کۆمپانیایانەی سەرەوە کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی لە دوو کێڵگەی نەوتی هەرێمدا پشکدارەو تەنها یەکێکیان گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و شایستە داراییەکانی نەزانراوە، لەگەڵ ئەوانەش پارەی نەوتی هەرێم دەچێتە (هاڵک بانک)ی تورکی و دیار نیە بڕی ئەو قازانجە چەندە کە بانکەکە دەیکات. لە بەشەکانی داهاتوو بە وردی تیشک دەخەیەنە سەر چنگی تورکیا لە نێو پرۆسەی نەوتی هەرێمدا. دووەم: بۆری نەوتی هەرێم لە خاکی تورکیادا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (450) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی وڵاتی دەرەوە دەکات سەرجەم ئەو بڕەش لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوەیە کە بە خاکی تورکیادا تێپەڕدەبێت. بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010)ەوە دەست بە دروستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. بونیادنانی بۆری نەوتی هەرێم، پرۆسەی نەوتی هەرێمی بردە قۆناغێکی دیکەوە. بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە سەرەتای ساڵی (2014) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پێشتر تەنها لە ڕێگەی تانکەر و بڕێکی کەم نەوت هەناردە دەکرا. بەڵام لەسەرەتای سەرپێکەوتنی بۆری نەوتی هەرێم، گۆڕانکاری گەورە بەسەر بڕو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا هات. ئه‌م هێڵه له سه‌رەتادا پلان وههابووە که بۆ غازبێت، چونکه هێڵی نەوتی عێراق بوونی هه‌بووە. به‌ڵام لەبەر قه‌یران لەگه‌ڵ حکومه‌تی ناوهندیداو دواکه‌وتنی ده‌رهێنانی غاز، بڕیاردرا بۆرییه‌كان بگۆڕدرێن بۆ نه‌وت. ته‌واوبوونی ئەو پڕۆژەیە بۆ تورکیاش گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی پێویستیی بە نەوت و غازی سروشتی ئێران و رووسیا کەم کردەوە. بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیای کار بۆری نەوتی دروستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، پرۆژەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە لە سنوری هەرێمی کوردستاندا. (60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60)ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆزنەفت بە بەهای (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار. درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆمەترە، لە سنوری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی)ی‌دا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور)، (221) کیلۆمەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و رۆسنەفتی ڕوسی) دەگەڕێتەوە. ئەو بەشەی لە سنوری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) دەگەڕێتەوە کۆمپانیای "بۆتاش" سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%)ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت. راکێشانی بۆری نه‌وت لە کوردستانه‌وه بۆ تورکیا، به سه‌ربه‌خۆ له تورکیا، کاریگه‌ری گه‌وره‌ی هەیە لەسەر دۆخی وزه، دۆخی ئابووری، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و تورکیا، په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا‌و عێراق. سێیەم: کۆمپانیا تورکییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دوو گەورە کۆمپانیای بواری وزەی تورکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لە سەرەتاکانی دەستکردن بە پرۆسەی نەوت و پێش نوسینەوەی دەستوری عێراق لە ساڵی (2005) لە هەرێمی کوردستان دەستیان بەکارکردن کردووە بە جۆرێک، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ دا حکوومەتی هەرێم/ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی نەوتی بۆ کارکردن لە بلۆکەکانی شاکەل و پەڵکانە لەگەڵ کۆمپانیای پیت ئۆیڵ ئیمزا کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو پێش ئەو ڕێککەوتە ئیدارەی سلێمانی گرێبەستی پێشتری هەبوو لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی و لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا هەمواری گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم/ ئیدارەی سلێمانی کردەوە. لە ئێستادا هەردوو کۆمپانیاکە لە چەند کێڵگەیەکی کانزایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی هەرێم گرێبەست و پشکیان هەیە، بە جۆرێک؛ ١. کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛ - بلۆكی تاوكێ: لە پارێزگای دهۆک، ده‌كه‌ویته قه‌زای زاخۆوهو به‌گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌زاكه ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی (594) كیلۆمه‌تر دووجایه، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی پشکی (25%)ی لە کێڵگەی ناوبراو هەیە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (107 هەزار 90) بەرمیل نەوت بووە. - بلۆكی ته‌ق ته‌ق: ده‌كه‌وێته قه‌زای كۆیه‌و ناحیه‌ی ته‌ق ته‌ق و ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵه‌وه، ڕووبه‌ره‌كه‌ی (951) كیلۆمه‌تر دووجایه. پشكی (44%)ی دراوه‌ته (گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی) توركی. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 490) بەرمیل نەوت بووە. - بلۆكی سارتا: لە پارێزگای هەولێر، كۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئه‌مریكی (50%)ی پشكه‌كانی له كۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) (30%)ی هه‌یه و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. لە ساڵی (2022)دا تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە (4 هەزار 710) بەرمیل نەوت بووە. - جگە لەو کێڵگە بەهەمهێنەرانەی سەرەوە کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبوو لە هەردوو کێڵگەی گازی (بنەباوێ و میران) و خاوەنی (100%) ی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەبوون، بەڵام بە بیانووی ئەوەی زیانیان بەو کێڵگانە گەیاندووە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە (10/12/2021) بڕیاریدا گرێبەستەکەیان هەڵوەشێنێتەوە. هاوکات لە (کێڵگەی نەوتی قەرەداغ)یش لە سنوری پارێزگای سلێمانی کۆمپانیای (گنێڵ ئێنریجی) تورکی (40%)ی پشکەکانی پێ‌درابوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵی (2023)ەوە ماوەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکەو حکومەتی هەرێم بەسەر چووەو و ئێستا کێڵگەکە لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم خۆیەتی. 2. کۆمپانیای (پیت ئۆیڵ)ی تورکی، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لە کێڵگەکانی؛ - بلۆكی په‌ڵكانه: لە ناوچەی گەرمیان، قه‌زای دووزخورماتو ناحیه‌ی جه‌باره و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ره‌كه‌ی (529) كیلۆ مه‌تر دووجایه، پشكی (20%)ی دراوه‌ته (پیت ئۆیڵ)ی توركی. هێشتا - بلۆكی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری سیروان و ناحیه‌كانی قۆره‌توو مه‌یدان له قه‌زای خانه‌قین ده‌گرێته‌وه تا سنوری ئێران و ڕووبه‌ری (938) كیلۆمه‌تر دووجایه و پشكی (20%)ی دراوه‌ته (پیت ئۆیڵ)ی توركی. بە پێی زانیارییەکان، لەتازە گەیشتووە بە قۆناغی بەرهەمهێنان و لە مانگی ئازاری ساڵی (2023) دا رۆژانە نزیکەی (2 هەزار) بەرمیل نەوت لە کێڵگەی ناوبراو بەرهەمهاتووە. چوارەم: پارەی نەوت و هالک بانک پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژمارەی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکەکانی تورکیا، هەر بۆیە بینیمان لە ساڵی (2015) ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز بەنوسراوی ژمارە (٥٥٣) لەبەرواری (٣١ ی ئایاری ٢٠١٥)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدواین کۆبونەوەی خۆی کە (١٥ی ئەیلولی 2015) ئەنجامیدا بەنوسراوی ژمارە (٩٨٣) بڕیاریدا: 1. پێویستە گشت داهاتەکانی هەناردەکردن وفرۆشتنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کەلەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت ڕاستەوخۆ لەحسابی بانکی کڕیاری نەوتی هەرێمەوە بخرێتە سەرتەنها حسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبانکی (هاڵک بانک) لەوڵاتی تورکیا بەبێ نێوەندگیری بانکی سێهەم، جگە لەوحسابەش نابێت هیچ حسابێکی بانکی تری هەبێت بۆ داهاتی هەنادەکردن وفرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە وەزارەتی دارایی وئابوری زانیاری تەواو لەسەر ئەو حسابە بەنوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکات بەزووترین کات 2. لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئاماژە پێدراولەسەرەوە، وەزیری دارایی وئابوری حکومەتی هەرێم بەڕێز (ڕێباز محمد حملان) کەسی ڕێگاپێدراو دەبێت بۆ ڕەفتارکردن وجوڵاندنی نەقدی لەسەر ئەوحسابە بەناوی حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسا‌و ڕێنماییە داراییە کارپێکراوەکان لەهەرێم . 3. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی وئابوری ئەم بڕیارە جێبەجێدەکەن لە ماوەیەکدا بەشێوەیەک کەلەبەرواری ١-١٠-٢٠١٥ تێپەڕ نەکات. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2015) دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرجەمی پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی تورکیا کۆدەکرێتەوە، چەند جارێکیش ئەم پرسە لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە فشاری لەسەر دروست کراوە بەڵام پرۆسەکە بە هەمان شێوەی خۆی ماوەتەوە. سەرچاوەکان - راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە (4) چارەکی ساڵی (2022)دا. - درەو میدیا، بەرهەمهێنانی گه‌نێڵ ئەنێرجی تورکی لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11971 - یادگار سدیق - روونبین، داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2022، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11956 - درەو میدیا، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9734 - درەو میدیا، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا، لینکی ماڵپەڕ؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680 - عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، دیسانەوە هاڵک بانک، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کومەڵایەتی فەیس بووک؛ https://ar-ar.facebook.com/1497770880440978/posts/1658359767715421/
درەو: دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان, ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ و موحەرەم ئینجەو سەنان ئۆغان) ناویان لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنیش بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە, بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. ئەمڕۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا دەستیپێكرد, دوای ئەوەی بەفەرمی ناوی ئەو كاندیدانە ڕاگەیەندرا كە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەن و بڕیارەی ڕۆژی (14)ی ئایاری ئەمساڵ لەتوركیا بەڕێوەبچێت. كاندیدەكانی سەرۆكایەتی •ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار), كە پارتەكانی داد‌و گەشەپێدان و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەكێتی گەورەو ڕەفاهی نوێ لەخۆ دەگرێت, پارتی (هودا بار)ی كوردیش كە پارتێكی ئیسلامیە پشتیوانی دەكات. •كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ: كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت), كە لەلایەن پارتەكانی گەلی كۆماری و باش و سەعادەت و ئایندەو دیڤا و پارتی دیموكراتەوە پشتیوانی دەكرێت, هاوپەیمانی (كار‌و ئازادی)یش پشتیوانی دەكات, كە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) گەورەترین پارتەكانێتی. •سەنان ئۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) كە پارتی سەركەوتن بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكات‌و چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت. •موحەرەم ئینجە: سەرۆكی پارتی (نیشتمان) كە ماوەی چوار خول ئەندامی پەرلەمانی توركیا بووەو لەپارتی گەلی كۆماری جیابووەتەوە. لەڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, كە ناوی ئەو چوار كاندیدە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە. یەكلابونەوەی ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان. هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا, بە هەڵبژاردنێكی سەخت و یەكلاكەرەوە دادەنرێت بۆ پارتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە, پێشبینی دەكرێت كێبڕكێی سەرەكی لەنێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار)و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت)دابێت. ڕاپرسیەكانی مانگی ئازار بە گوێرەی (9) راپرسی كە لە توركیا ئەنجامداراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا شكست دەهێنێت، لە دواین ڕاپرسیدا كە كۆمپانیایەكی توركی ڕۆژی (14)ی ئازار ئەنجامیداوە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەچێتە خولی دووەم, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێژەی 43.1% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت, بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریش كە لەومایەوەدا بڵاوبوتەوە ئەوە ئاشكرادەكات, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەپێی لێكۆڵینەوەكە ڕێژەی دەنگەكانی قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% و ڕێژەی دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%. بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری (2023) لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و لەلایەن (9)كۆمپانیای جیاوازی تایبەت بەبواری ڕاپرسیەوە ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت(ئۆپۆزسیۆن) بەڕێژەی جیاواز لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە. خشتەی ڕاپرسیەكان و ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان و ناوی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی: كۆمپانیای) (AVRASYA: كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 53.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 39.7% كۆمپانیای (MAK): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 47%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42% كۆمپانیای (PAPORU): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5% كۆمپانیای (AR-G): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.1% كۆمپانیای (AKSOY): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.6%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.4% كۆمپانیای (PIAR): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 57.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42.9% كۆمپانیای (ALF): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.9% كۆمپانیای (ORC): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 56.8%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.6% كۆمپانیای (SAROS): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 45.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.2% هەڵمەتێكی چڕ‌و ئارام دەبێت چاوەڕواندەكرێت بەپێچەوانەی ڕابردوو, بەهۆی كارەساتی بومەلەزەكەی ئەم دوایەو هاتنی مانگی ڕەمەزان, هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن چڕ‌و ئارامتربن, كاندیدەكان كە بەكارهێنانی میوزیكیان لەهەڵمەتەكانیاندا قەدەغەكردووە, بەشێوەیەكی گشتی چاو دەخنە سەر دیدارە ناوخۆییەكان و پرۆگرامەكانی بەربانگ زیاتر لەگردبونەوەی جەماوەری. پێدەچێت لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا كاندیدەكان هەڵمەتەكانیان چڕتر بكەنەوەو لەقۆناغی دەركەوتنی میدیایی و بەشداریكردن لەبۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانەوە, بڕۆن بەرەو ڕێكخستنی گردبونەوەی جەماوەری لەسەرانسەری ویلایەتەكانی توركیا.
شوان سدیق ئیتاڵیا کە جەنگی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیا هەڵگیرسا، هەرێمی کوردستان دوای گەمارۆی سەر ڕووسیا بووەتە دابینکەرێکی سەرەکی نەوت بۆ ئیتاڵیا بەرپرسانی وڵاتیش ئەوەیان نەشاردۆتەوە. کەچی لەم چەند ڕۆژە، بەهۆی ناکۆکی لە نێوان عێراق و تورکیا، ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوت لە کەرکووک و هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە بۆ دەریای ناوەڕاست راگیراوە. ئاشکرایە، لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی خاوی ڕووسیا لە ئەوروپا، بەدروستی لە 5ی کانوونی دووەمی 2022، کوردستان بۆتە دابینکەرێکی ئیتاڵیا لەبواری سوتەمەنی کە ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆیەو دەکەوێتە سنووری جوگرافیای باکووری عێراق.. لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو، وەک لە (ڕاپۆرتی وەزارەتی ژینگە و ئاسایشی وزە)دا هاتووە. "کوردستان بڕی ( 4.5 ملیۆن بەرمیل) ڕەوانەی ئیتاڵیا کردوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ڕۆژێکدا دەکاتە (150 هەزار) بەرمیل. دیارە نەوتی کوردستان پێکهاتووە لە (12.5%)ی کۆی ئەو نەوتەی ئیتاڵیا بۆ نێوخۆ هاوردەی کردووە. لە مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو هێشتا لەشکرکێشی ڕووسەکان بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێنەکردبوو کڕینی نەوت لە کوردستان تەنیا (یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بوو)؛ لە بەرامبەردا ئەوانەی لە ڕووسیاوە کە هاتبوون 5.7 ملیۆن) هەزار بەرمیل بوونە. (ئارگوس)، چەند مانگێک لەمەوبەر نووسیبووی، بۆ ناوچەی دەریای ناوەڕاست (دیارترین) جێگرەوەی نەوتی خاوی (ئۆراڵی ڕووسی)ی قورس، هی کەرکووک و کوردستانی عێراقە، بەتایبەتی لە ڕووی ڕێژەی (گۆگرد و کێشی تایبەتی ئاوەک)ە هاوشێوەیە. نەوتی کوردستان و کەرکووک لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ پاڵاوگەکانی دەریای ناوەڕاست دەنێردرێ و ئیتاڵیایش یەکێکە لە کڕیارەکانی. پرسیار ئەوەیە ئایا ململانێی عێراق و تورکیا، ئیتاڵیا بێ نەوت دەهێڵێتەوە؟ لەڕۆژانی داهاتوو هەموو شتێ ڕوون دەبێتەوە! ماڵپەری (ستارتماگ)ی ئیتاڵی..
راپۆرت: درەو لەكاتێكدا هەموو جیهان چاوی لەوەیە حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات‌و هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە، لە هەرێمی كوردستان هەموو ئەو دەزگایانەی بۆ ئیدارەی نەوت دیاریكراون ناكاران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە "وەكالەت" بەڕێوەدەبرێت، ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا یەكجار كۆبوەتەوەو ئاشتی هەورامیش كە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە، بێدەنگی هەڵبژاردووە، وردەكاری زیاتر لەبارەی بەڕێوەبردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەم راپۆرتەدا. وەفدەكانی هەرێم كێن ؟ ماوەی هەفتەیەكە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووە، ئەمە بووەتە مانشێتی سەرەكی میدیاكانی جیهان. هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان رێژەی 0,5%ی كۆی گشتی هەناردەی نەوت لەسەر ئاستی جیهان پێكدەهێنێت، راوەستانی هەندێك كاریگەری لەسەر بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دروستكردووە. لەكاتێكدا جیهان چاوی لەسەر گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لە هەرێمی كوردستان پۆستە هەستیارەكانی تایبەت بە كەرتی نەوت بەتاڵن و ناكاران. لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس‌و راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە، حكومەتی هەرێم دووجار وەفدی ناردووە بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. وەفدی یەكەم 26ی ئەم مانگە سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبووەوە، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت سەرۆكایەتی دەكردو پێكهاتبوو لە هەریەكە لە: • ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم • فارس عیسا- سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغداد • شێخ باز- سەرۆكی كۆمپانیای كار (كۆمپانیای كار خاوەنی خاوەنی رێژەی 40%ی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، سەرباری ئەمە كێڵگەی "خورمەڵە" كە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمە لای كۆمپانیایە) سێ رۆژ لەمەوبەر هەر بۆ مەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، حكومەتی هەرێم وەفدێكی تری ناردەوە بۆ بەغداد، وەفدی ئەمجارە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتی دەكردو پێكهاتبوو لە هەریەكە لە: • كەمال محەمەد- وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت • ئومێد سەباح- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەتو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هیچ كامیان پسۆڕییان لەبواری نەوتدا نییە. سەرباری ئەمە، لە هەردوو وەفدەكەی حكومەتدا، نوێنەرانی یەكێتی نیشتمانی غائب بوون، تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران كشاوەتەوە. وەزیر بەوەكالەت ! كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە، لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی (كەمال ئەتروشی)یەوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەوەكالەت وەرگرتووە، واتا لە یەك كاتدا دوو وەزارەت بەڕێوەدەبات كە هەردووكیان لە قەیراندان، ئەو بڕوانامەی بەكالۆریوسی لە (ئەندازیاری كارەبا)دا هەیە. لەساڵی 2005وە لە هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دروستكراوە، واتە 18 ساڵە هەرێم وەزارەتی تایبەت بە نەوت‌و غاز‌و سامانە سروشتییەكانی تری هەیە. لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنیا دوو وەزیری بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان (ئاشتی هەورامی)یە كە ماوەی زیاتر لە (14 ساڵ) وەزیری بووە، ئەوی تریان (كەمال ئەتروشی)یە كە تەنیا ماوەی ساڵێك‌و چوار مانگ لە وەزارەت مایەوەو دەستی لەكاركێشایەوە. كەمال ئەتروشی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 سوێندی یاسایی خوارد‌و دەستبەكاربوو، رۆژی 26ی ئایاری 2022 دەستی لەكاركێشایەوەو هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی هێشتا بە ناڕووی ماوەتەوە، نوسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی بۆ نەخۆشیو وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاندەوە، بەڵام هەندێك لە سەرچاوەكانی تر لەناو حكومەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتەكەی لەلایەن كەسە نزیكەكانی مەسرور بارزانییەوە گەڕاندەوە، ئەتروشی لەوكاتەوە تائێستا خۆی هیچ قسەیەكی نەكردووە. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات لە 10ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو، ئەم كابینەیە هەر لەسەرەتاوە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەبەتاڵی بەجێهێشت‌و دوای ساڵ‌و نیوێك پۆستەكەی پڕكردەوە. رۆژی (5)ی ئۆكتۆبەری 2020 كاتێك لە پەرلەمانی كوردستان پرسیار لە مەسرور بارزانی كرا لەبارەی ئەوەی بۆچی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە، ئەو وتی:" خۆم حەزم دەكرد لە وردەكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاگادار بم، بۆیە پۆستەكەم پڕنەكردوەتەوە.. بەدوای كەسێكدا دەگەڕێم كە جێگەی متمانەبێت بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەڕێوەببات". وەزارەتی ناو جانتا ! ئاشتی هەورامی كە زیاتر لە 14 ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، ناوێكی ناسراو بوو لای بەرپرسانی عێراقی، بەڵام ئێستا ئیتر ناوی كوژاوەتەوە. بێدەنگی ئاشتی هەورامی لەم كاتەدا كە نەوتی هەرێم توشی قەیرانێكی گەورە بووە لەكاتێكدایە، هێشتا ئەو بە تەواوەتی دەستی لە دۆسیەی نەوتی هەرێم نەبڕاوەو بە فەرمی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە. مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، بەڵام بەتەواوەتی دەستی لەناو دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نەبڕی، مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا، پۆستێكی نوێی بەناوی "یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت" لە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكان داتاشی، ئاشتی هەورامی كرد بە "یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتییەكان". ئاشتی كە پێشتر بینای نەبوو، دۆسیەی سامانە سروشتییەكان لە جەنتاكەیدا هەڵگرتبوو، دوای دورخستنەوەی لە پۆستەكەی، وەزارەتەكەی بردە ناو بینایەك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بیناكە دەكەوێتە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەناوچەیەك لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، ئەوكاتەی هێشتا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكرابووەوە، ئاشتی لەم بینایەدا ژمارەیەك فەرمانبەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو راوێژكاری بیانی لەگەڵدابوو، لەوێوە دۆسیەی نەوتی بەڕێوەدەبرد. لەمەشدا دەسەڵاتی لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وەردەگرت، ئەوەش بەپێی فەرمانێك كە رۆژی 24ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی بە نهێنیو بە زمانی ئینگلیزی بۆی دەركردبوو. لەم فەرمانەدا مەسرور بارزانی هەموو دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكانی بەخشی بەخۆی‌و دواتر لە خۆیەوە گواستیەوە بۆ ئاشتی هەورامی. ئاشتی هەورامی لە نێچیرڤان بارزانییەوە نزیك بوو، كاتێك نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو، لە یەكەم هەنگاودا مەسرور بارزانی هەوڵیدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆنترۆڵ بكات كە سەرچاوەی 77%ی داهاتی حكومەتی دابین دەكرد، دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی بەپلەی یەكەم دورخستنەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانی بوو لەناو داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستاندا، نێچیرڤان كە ئەندازیاری رێككەوتنی 50 ساڵەی نەوت‌و غاز بوو لەگەڵ توركیا، ئێستا ئیتر وەكو جاران كۆنترۆڵی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشییەكاندا نەماوە. لە كۆتایی سەرۆكایەتییە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، بۆ یەكەمجار وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەجێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم‌و جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە. ئەنجومەنی نەوت‌و غاز چی بەسەرهات ؟ ناوەڕاستی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام وەكو تەحەدایەك بۆ دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستان رۆژی 29ی حوزەیرانی 2022 یاسای نەوت‌و غازی هەمواركردەوە. پارتی پرۆژەی هەموارەكەی پێشكەش كردبوو، ئامانجی ئەوە بوو ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غاز سەرلەنوێو بەپێكهاتەیەكی تازەوە كارا بكاتەوە. لەم هەموارەدا، پەرلەمانی كوردستان لە بەرژەوەندی پارتی ئەندامێكی نوێی بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و غازی كوردستان زیاد كرد‌و (ئومێد سەباح)ی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كرد بە ئەندام لە ئەنجومەنەكەدا. ئێستا پێكهاتەی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت‌و غازی هەرێم بەمشێوەیە: • مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت: سەرۆكی ئەنجومەن • قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت: جێگری سەرۆكی ئەنجومەن • كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت: ئەندامی ئەنجومەن • ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی- ئەندامی ئەنجومەن • دارا رەشید وەزیری پلاندانان- ئەندامی ئەنجومەن • ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- ئەندامی ئەنجومەن ئەم ئەنجومەنە كە خۆی پێشتر ماوەی سێ ساڵ هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردبوو، لەدوای هەمواری یاساكەو كاراكردنەوەی تەنیا یەك كۆبونەوەی كردووە كە ئەویش رۆژی 30ی حوزەیران بووە، واتە رۆژێك دوای پەسەندكردنی هەمواری یاسای نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی كوردستان. ئەم ئەنجومەنە كە دەبوو لەم دۆخە هەستیارەدا كۆببێتەوەو بڕیاری پێویست بدات بۆ رزگاركردنی نەوتی هەرێم، هیچ رۆڵێكی نییە. گفتوگۆكانی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی هەرێم‌و وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی تایبەت بە نەوت‌و غازی خۆی هەبێت‌و دەیەوێت ئەمەش لەناو یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ‌دا بچەسێنێت.
درەو: تایبەت بە (روونبین) دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا لە بەرواری ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ و پاشان بەهۆی نەبوونی ئەمبار بۆ هەڵگرتنی نەوتی بەرهەم هاتووە لە رۆژی ٢٦ ی ئازار کێڵگەی هەولیڕ کە کۆمپانیای فۆرزا پەترۆلیۆم( پێش‌و ئۆرێکس) خاوەن پشک و کۆمپانیای سەرکارە لەکێڵگەکەدا رایگەیاند ئەمباری کێڵگەکە پڕ بووە و بەرهەمیان راگرتووە و کێڵگەکە داخراوە. بەرهەمی کێڵگەکە لەو کاتەدا ١٤،٢٠٠ بەرمیل نەتی رۆژانەبوو. پاشتر کۆمپانیاکانی تری نەوت کە لە کێڵگەکانی هەرێم ڕایان گەیاند کە تا چەند رۆژێک توانای ئەمبارکردنیان هەیە و هەندیکیشیان هەفتەیەک. هەروەها رۆژی ٢٩ی ئازاریش دوو لە گەورە ترین کێڵگەکانی پارێزگای دهۆک، کێڵگەی تاوکی و فیشخاپور بەرهەمیان وەستا، ئەو دوو کیلگەیە بەیەکەوە بەرهەمیان ١٠٧ هەزار بەرمیل بوو داخران. لە چەند رۆژەی ئایندەشدا پێشبینی وەستانی بەرهەمی یەک بەیەک کێڵگەکانی تر دەکرێت گەر هەناردە دەست پێنەکاتەوە. زۆرجار پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئەگەر کێڵگەیەک دابخرێت و بەرهەمی بووەستێ، ئاسان و ئاسیی دواتر بەرهەم دەست پێدەکاتەوە؟ ئایا وەکو قوفڵی بەلوعە وایە کەی ویستت بیگریتەوە یان نەخێر پرۆسەیەکی ئاڵۆزە؟ ئایا زیانی دەبێت بۆ کێڵگە نەوتییەکان یا نا؟ روونبین ئەم پرسیارەی ئاراستەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرێز دکتۆر فوئاد محمد قادر کرد کە دکتۆرای لە جیۆلۆجیای نەوتدا هەیە و مامۆستای زانکۆیە لەزانکۆی سلێمانی ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: وەستانی بەرهەم بەدڵنیای کاریگەری دەبێت، و کاریگەریەکەشی پەیوەستە بەوەی بۆ ماوەی چەندە بەرهەم دەوەستێ. تا ماوەی وەستانەکە زۆربێت کاتی زۆرتری دەوێت تاوەکو بیرەکە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. کاریگەرییەکەی بەندە بە بارودۆخی حەشارگە نەوتییەکانەوە (Reservoir) پێی دەوترێ بارودۆخی پیترۆ فیزیک. پەیوەستە بە کونۆچکە ( Porosity) و توانای تێپەڕاندن (Permebility) بەردەکانەوە، دواتر پەیوەستە بە جۆری نەوتەکەوە. لێرەدا قسەمان لەسەر نەوتە، ئایا جۆری نەوتەکە نەوتی قورسە یان نەوتی سوکە واتە خەستی (Viscosity) یەکەی زۆرە یا کەمە. تا خەستی زۆر بێت موعالەجەو چارەسەرکردنی زیاتری ئەوێ و کێشەی زۆرتر دروست دەکات. نەوت کەوەستا، نیشتن (Precipitation) روئەدات، بەشە قورسەکان لە کنۆچکە بچوکەکان ئەنیشێ دواتر جوڵەی نەوتەکە قورس‌تر دەبێت، کاتی دەوێت, چارەسەری پێویستە، شوشتن و ئەسیدایز وئەو تەکنیکانەی پێویستە، واتە پرۆسەیەکی دوور‌و درێژی پێویستە تا بیرێک بالانسی راگیردەکەن. لە چ ئاستێک‌دا چەن بەرهەمی هەبێت بەپێی بارودۆخی بیرەکە، بەپێی ئەو فشار وپرێشەرەی لە حەشارگەکەدا هەیە، کاتێک بەرهەم دەوەستێت ئەو باڵانسانە هەمووی تێک دەچێت. لە حاڵەتێکی داینامیکییەوە کە ئەوەستێ دەچێتە دۆخێکی ستاتیکیەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک ١٠ رۆژ ، یان ٢٠ رۆژ مانگێک، گرفت بەدوای خۆیدا بەجێ دەهێڵێت. جارێکی تر پێویستە بە تەجروبە و سیمولەیشن و بە مۆدێل تا ئەگەنە دۆخێکی جێگیر و ئەزانن چەند لەتوانای ئەو بیرەدایا رۆژانە بەرهەم بهێنێ ، کە بەرهەمەکەی پاکبێت و ئاوی کەمی لەگەڵا بێت و فشاری زۆر دانەبەزێت. ئەمانە هەمووی کاتی دەوێت و ئیشی ئەوێ و تێستی دەوێت. کاتێک بەرهەم دەوەستێت، دواتر دەبێت ئەو ڕیوشوێنانەی کەلەسەرەوە باسکرا بگیرێتەبەر بۆ دەستپێکردنەوە. بەگشتی نەوت هەیە سوکە گازی تواوەی زۆر تیایە کە پێی دەوتریت گازی هاوتا (Associated gas) ئەمانە ئاسانتر دێنەوە سەردۆخی خۆیان. نەوتیش هەیە قورسە ئەی پی ئای (API)ە کەی نزمە ئەمانە گرفت زیاتر درووست دەکەن. هەروەها کێڵگەهەیە کاپ گازی هەیە ،گازی ئازادی(free gas) هەیە لەسەرو نەوتەکەوە، کە پاڵ بەنەوتەکەوە دەنێت وە لەژێریشەوە هەموو کێڵگەکان ئاوی هەیە، حەشارگەی ئاو (Water Reservoir)ی پێ دەوترێت کواڵێتی ئەمانە هەمووی کاریگەری هەیە. لەسەرو ئەمانە هەمویەوە جۆری حەشارگەکە هەم لە رووی بەردەوە توانای تێپەڕین و کونیلەکان (Permebility Porosity and ) هەم وەکو بارودۆخی هایدرۆکاربۆن و نەوتەکە کە فشاری بەرزە یا ن نزمە، وە ئایا بەرهەمی سرووشتییەو خۆی دێتە دەرەوە یا پەمپ بەکار دەهێنرێت یان ئینجێکشن بەکار دەهێنرێت. ئەمانە هەمووی بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزە. ئەندازی بەرهەم هێنان ( Production Engineering) تەحەکومی پێوەدەکەن دوای ئەوەی خاسێتە جیۆلۆجییەکانی داخڵ دەکەن و دەیزانن، ئەوکاتە پلان دادەنێن بۆ دەرهێنانانی نەوت. خاڵێکی تر کە بەهۆی وەستانی بەرهەمەوە درووست دەبێت ئەوەیە کە H2S جیا دەبیتەوە. رێژەیەکی کەم لەم H2Se تەنانەت لەناو بۆرییەکان کێشە دروست دەکات و بڵق و جیابوونە دروست دەبێت. کاتێک نەوتەکە وەستا لە ناو بۆرییەکاندا جا چ بۆری ناو بیرەکە بێت یان بۆری گواستنەوەبێت ئەم گازانە زەرەی خۆی دەدات بەتایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. نەوت نیشتن و تەرسب روودەدات، نەوتی قورس چ لەناوبۆری یان لەناو بەردەکان خۆیدا و لە حەشارگەکەدا نیشتن ڕوو دەدات و ئەمانە بەدڵنیای دوای وەستان کاتی دەوێت بگەڕینەوە دوخی خۆی. لەوانەیە لە هەفتەیەک بۆ دە رۆژ بۆ مانگ تا دوو مانگی بوێت، پەیوەستە بە جۆری بیرەکەوە کاتی دەوێت تا بگەڕینەوە بۆ دۆخی بەرهەم هێنانی پێشوو. بۆنمونە ئەگەر مانگێک وەستا، لەوانەیە هەندی بیر مانگی زیاتری بوێت تا بچێتەوە دۆخی خۆی، هەرلەسەرەتاوە دەتوانن بەرهەم بێنن بەڵام بەبڕی کەم تا ئەگەنە ئەو باڵانسەی کە ویستویانە. بەپێی زانیارییەکان ئێستا لە کێڵگەی شێخان کە کێڵگەیەکە نەوتەکەی قوردسە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بیرەکانی خستووەتە سەر کەمترین ئاستی بەرهەم (مینیمەم چۆک) بۆ ئەوەی بیرەکان کێشەی گەورەیان بۆ دروست نەبێت.
