ئەم هەفتەیە كۆدەبنەوە
2023-07-29 12:07:24
(درەو):
ئەم هەفتەیە مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتیی بۆ جاری سێیەم كۆدەبنەوە، ئەمجارەیان مەكتەبی سیاسی پارتی دەچێتە سلێمانیو پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە دەبێت.
بەپێی هەواڵێك كە سایتی (كوردستان 24)ی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەزاری سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی پارتییەوە بڵاویكردوەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بروسكەیەكی بۆ مەكتەبی سیاسی پارتی ناردووەو تێیدا داوای كۆبوونەوەی كردووەو پارتی وەڵامی بروسكەكەی داوەتەوەو ئامادەیی خۆی بۆ كۆبوونەوە دەربڕیوە.
رۆژی 18ی ئەم مانگە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوی فەرمی وەڵامی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی دایەوە، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 18ی شوباتی 2024دا.
لەسەر ئەم بنەمایە، سەرۆكایەتیی هەرێم لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانو دەیەوێت مەرسومێك دەربكاتو رۆژی 25ی شوبات وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات، بەڵام هێشتا ئەو مەرسومەی دەرنەكردووە.
رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردنە پارێزگاكانی كوردستان ناگرێتەوە، پارتیو یەكێتیی بەجیا سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر بەمەبەستی پێكهێنانی لیستی هاوبەشو هاوپەیمانێتی لەناوچە جێناكۆكەكان.
رۆژی 30ی ئەم مانگە دواین وادەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە بۆ وەرگرتنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان، هێشتا لایەنە كوردییەكان هیچ هاوپەیمانێتییەكان بۆ كەركوكو ناوچەكانی تر رانەگەیاندووە، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتییەوە.
بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوەو شێوازی هەڵبژاردن لە یەك بازنەییەوە بگۆڕن بە فرەبازنەیی (4 بازنەی هەڵبژاردن)، لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش پارتی قایل بوو بەوەی لە كۆی (11) كورسی (3) كورسی تەرخان بكات بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەم رێككەوتنە لە پەرلەمان پەسەندنەكراو یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرایەوە، بۆیە هەڵبژاردنی داهاتوو بە یاسا كۆنەكە بەڕێوەدەچێتو كورستان یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێتو كورسی پێكهاتەكانیش هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە دڵخوازی یەكێتیی نییەو رەنگە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشەوە، یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ پارتی سەرلەنوێ ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، بەڵام پارتی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە گوتاری میدیایی خۆی لەسەر بە "خیانەتكار"ناساندنی یەكێتیی لە كەركوك هەڵچنیوەو دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە پێگە مێژووییەكەی یەكێتیی بدات لە كەركوك، بەئاسانی ئامادە نییە رێككەوتن بكات بۆ رادەستكردنەوەی پۆستەكە بە یەكێتیی.
لە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، پارتی قایل بوو بەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە یەكێتیی بداتەوە، ئەمەشی لەسەر كاغەرێك ئیمزا كرد، بەڵام دواتر بەڵێنەكەی نەبردەسەرو پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە، یەكێتیی چانسی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری لەرێگەی دەنگدانی ئەنجومەنەوە لەدەستدا.