Draw Media

ناكۆكی ئێران‌و سعودیە‌و كوەیت لەسەر كێڵگەیەكی غاز

ناكۆكی ئێران‌و سعودیە‌و كوەیت لەسەر كێڵگەیەكی غاز

2023-07-31 14:09:53


(درەو):
لە ئێران پێی دەوترێت (ئارش)، لە سعودیە‌و كوەیتیش بە (دوڕە) ناودەبێت، ئەمە كێڵگەیەكی ناكۆكی لەسەری غازە لەنێوان هەر سێ وڵاتەكەدا، ئێران دەڵێ" قبوڵی ناكەم مافم لەم كێڵگەیەدا بفەوتێت"، سعودیەو كوەیتیش دەڵێن" تەنیا ئێمە مافی ئەوەمان هەیە سود لە سامانی ئەم كێڵگەیە وەربگرین". 
سەرباری نزیكبوونەوەی ئێران‌و سعودیە لەیەكترو ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە لە چین ئیمزایان كرد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە سەرلەنوێ ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان هەردوو وڵات سەربهەڵداوە سەبارەت بەم كێڵگەیە، تاران وای دەبینێت ئەمە كێڵگەیەكی هاوبەشی وەبەرهێنانە، بەڵام سعودیە‌و كوەیت دەڵێن خاوەندارێتییەكەی بە تەنیا هی ئێمەیە. 
ناكۆكی لەبارەی ئەم كێڵگە دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەی پێشوو، بەدیاریكراویش بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو، ئەوەش كاتێك بوو كە هەریەكەیان مافی گەڕانیان بەدوای سامانی سروشتی لە كێڵگە ئاوییەكان بەخشی بە دوو كۆمپانیای جیاواز‌و ئەم دوو مافەش لە بەشی باكوری كێڵگەكە توشی یەكتربڕین هات. 
بەمدواییە ئێران ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی گەڕان لە كێڵگەكە راگەیاند، ئەمەش جارێكی تر مشتومڕی لەبارەی مافی خاوەندارێتی كێڵگەكە دروستكردەوە، سعودیە‌و كوەیت وەڵامیان دایەوە‌و رایانگەیاند" تەنیا ئەوان مافیان بەسەر كێڵگەكەوە هەیە". 
جەوادی ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند" ئەگەر خواستی گەیشتن بە لێكتێگەیشتن‌و هاوكاری نەبێت، ئەوا ئێران دابینكردنی ماف‌و بەرژەوەندییەكانی دەخاتە خشتەی كارەكانییەوە بۆ دەرهێنان‌و گەڕان بەدوای سامانی سروشتی لەو كێڵگەیەدا".
ئەوجی وتی:" ئێران هەمیشە پاڵپشتی لە چارەسەری ئاشتیانە كردووە سەبارەت بە كێشەی سنورە ئاوی‌و وشكانییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام بەرگەی ئەوە ناگرێت مافەكانی لەدەستبدات، بۆیە ئەگەر لایەنەكانی تر خۆیان لە هاوكاری لەم بوارەدا ببوێرن، ئەوا ئێران بەدوای مافەكانی خۆیدا دەچێت لە كێڵگەی ئارش". 
سەعد بەراگ وەزیری نەوتی كوەیت قسەی بۆ تۆڕی هەواڵی (سكای نیوزی عەرەبی)ی كردو وەڵامی دایەوە، رایگەیاند" بەبێ چاوەڕوانكردنی دیاریكردنی سنور لەگەڵ ئێران، كوەیت دەست بە پرۆسەی هەڵكەندن‌و بەرهەمهێنان دەكات لە كێڵگەی دوڕە".
سەرەتای ئەم مانگە، هەریەكە لە سعودیە‌و كوەیت رایانگەیاند، تەنیا ئەوان مافی بەكارهێنانی سامانی سروشتی ئەو كێڵگەیەیان هەیە كە دەكەوێتە ئاوەكانی كەنداوەوە، هاوكاتیش لەگەڵ بانگەوازەكەی ئێران بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی گەڕان بۆ نەوت‌و غاز لە كێڵگەكە، كوەیت داوای لە ئێران كرد دانوستانەكانی تایبەت بە دیاریكردنی سنوری ئاویی دەستپێبكاتەوە. 
سەرباری ناڕەزایەتییەكانی تاران، ئازاری ساڵی رابردوو ریازو كوەیت رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە، ئێران رێككەوتنەكەی بە "ناشەرعی" ناوبرد. 
ئێران لە ساڵی 2011دا دەستیكرد بە پرۆسەی گەڕان بەدوای سامانی سروشتی لە كێڵگە ئاوییەكەدا، ئەمە وای لە كوەیت‌و سعودیە كرد رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری ئاویی نێوانیان ئیمزا بكەن‌و پلان دابڕێژن بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییە هاوبەشەكانیان، بەڵام ئەم هەنگاوە هیچ ئەنجامێكی نەبوو. 
قەبارەی ئەو غازەی كە لەم كێڵگەیەدا هەیە‌و توانای دەرهێنانی هەیە، بە نزیكەی (200 ملیار) پێ سێجا ئەژماردەكرێت، ئێران‌و كوەیت لە چەندین ساڵی رابردوودا دانوستانیان كردووە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان سەبارەت بەو ناوچانەی كە دەكەونە دەرەوە سنورە ئاوییە هەرێمییەكانەوە، بەڵام بە ریككەوتن نەگەیشتوون.
پێشبینی دەكرێت، پەرەپێدانی ئەم كێڵگەیە وابكات رۆژانە بڕی (یەك ملیار) پێ سێجا بەرهەمی غازی سروشتی بدات، ئەمە بەپاڵ بڕی (84 هەزار) بەرمیل كۆندێنسەیتی رۆژانەدا، ئەم بەرهەمەش بە یەكسانی لەنێوان كۆمپانیا كوەیتی‌و سعودیەكەدا دابەشبكرێت. 
كێڵگەی (ئارش) یاخود (دوڕە) كە كێڵگەیەكی غازە، ساڵی 1967 لە ئاوەكانی كەنداودا دۆزراوەتەوە، ئێران‌و وڵاتانی عەرەبی تەنانەت لەسەر ناوی كەنداویش ناكۆكن، ئێرانییەكان پێی دەڵێن كەنداوی فارس، عەرەبەكانیش بە "كەنداوی عەرەبی" ناوی دەهێنن، هەردوولا چەندین ناكۆكییان لەسەر سامان‌و بەرژەوەندییەكانی ئەم ئاوە هەیە‌و ساڵانێكی دورو درێژە ئەم ناكۆكیانە بەردەوامن. 


دیارترین وێستگەكانی ناكۆكی لەبارەی كێڵگەكەوه‌
كانونی یەكەمی 2019، كوەیت‌و سعودیە یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كرد، بەپێی یاداشتەكە رێككەوتن لەسەر ئەوەی كاری هاوبەش بكەن بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی "دوڕە"، رێككەوتنەكەی ئازاری 2022 جێبەجێكردنی ئەم یاداشتە بوو لەنێوان هەردوو وڵات. 
21ی ئازاری 2022، سعودیە‌و كوەیت رێككەوتنیان كرد لەسەر ئەوەی كۆمپانیای كاری هاوبەشی (الخفجی) كە پرۆژەیەكی هاوبەشی نێوان كۆمپانیای (ئارامكۆ)ی سعودی‌و (كۆمپانی نەوتی كەنداو)ی كوەیتە، تویژینەوەی پێویست بگات بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە. 
26ی ئازاری 2022، ئێران توڕەی خۆی نیشاندا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێككەوتنەكەی نێوان سعودیە‌و كوەیت بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی "ئارش"، هەنگاوێكی نایاساییە، جەختی كرد ئێران پارێزگاری لە مافی خۆی دەكات بۆ وەبەرهێنان لەم كێڵگە هاوبەشەدا لەنێوان هەرسێ  وڵاتدا، باسی لەوە كرد، بەشێك لەم كێڵگەیە دەكەوێتە چوارچێوە ئاوییە دیاری نەكراوەكانی نێوان ئێران‌و كوەیتەوە، داوایكرد هەرسێ وڵات لەبارەی وەبەرهێنان لەم  كێڵگەی بچنە ناو دانوستانەوە. 
رۆژی 29ی ئازار، شێخ ئەحمەد ناسر سوباح وەزیری دەرەوەی كوەیت وتی:" ئێران لە كێڵگەی دوڕەدا تەرەف نییە‌و ئەمە بەتەواوەتی كێڵگەیەكی كوەیتی‌و سعودیە"

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand