بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
2023-07-26 07:35:53
شیكاری: درەو
پشت بەست بە دواین هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک؛ کورد بە یەکڕیزی لە کەرکوک براوەی یەکەم دەبێت بە مسۆگەر کردنی (6) کورسی، پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمانیش (2) کورسی بەدەستدەهێنێت و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە و بێگومان کورد پشکی تێیدا دەبێت.
بە پەرتەوازەییش لایەنە کوردییەکان، کوتلەی گەورەی نێو ئەنجومەن لەدەست دەدەن، بەپێی یاسای هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار بۆ ماوەیەکی نادیار و درێژ لە لایەک و ئومێدی پێکهاتەی کوردیش لە کەرکوک دەدۆڕێنن.
یەکەم؛ پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا
ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە كۆتایی (2019)دا بەپێی هەمواری دوەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانەوە كۆتایی بە كارەكانیان هێنرا، وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەوكاتی بەغدا و چەند پارێزگایەكی دیكە. لەو کات بەدواوە بەردەوام هەوڵ هەبووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
دواجار پەرلەمانی عێراق لە )27ی ئازاری 2023) بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان و قەزاكانی پەسەند كرد، بەپێی ئەو هەموارە، تەنیا یاسایەک بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەرکاردەبێت، ئەویش یاسای ژمارە (12) ی ساڵی (2018)ی هەموارکراو دەبێت.
هەموارەكە چەندین گۆڕانكاری لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا كردووە، بە تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە بۆ (10) ساڵ دەچێت لە عێراق ئەنجام نەدراوە، لە پارێزگای کەرکوکیش (18) ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوە نەچووە، بەشێكی گۆڕانكارییەكان لە نێو یاساکە پەیوەستن بە ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، تۆماری دەنگدان و دەنگدانی ئاوارە لە كەركوك.
لە ماددەی (5) ی هەمواری یاساكەدا هاتووە؛ "ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەئەمساڵدا دیاریدەكات، كە ئەو وادەیە لە 20ی كانونی یەكەمی 2023 تێنەپەڕێت".
لە سەر بنەمای ئەو دەقە یاساییە رۆژی (20/6/2023)دا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ "ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژی (18ی کانونی یەکەمی 2023)ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دیاریکردوە".
ئەوەشی تایبەتە بە پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ماددەی (35)ی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی (2018) هەڵوەشێنراوەتەوەو چەند بڕگەیەكی یاسایی جێگەی گرتووەتەوە.
لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (13)ی هەموارەكەدا هاتووە؛ "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هەماهەنگی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان) لەگەڵ نوێنەرانی هەموو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی پارێزگای كەركوك لە پەرلەمان وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكات لەسەر چەند بنەمایەك".
بەپێی بنەمای یەكەمی وردبینییەكە؛ ئەو هاوڵاتیانەی لەچوارچێوەی سەرژمێری ساڵی (1957) تۆماركراون، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەکانی (زاب و سەرگەڕان)، ناویان لەتۆماری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەبێت كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان پشتی پێدەبەسترێت.
لە بنەمای دوەمدا هاتووە؛ ئەو هاوڵاتییانەی راگوێزرابون و گەڕاونەتەوە و رێكارەكانی لیژنەی تایبەت بە ماددەی (140)ی دەستوریان تێپەڕاندووە یان رێكارەكانی ئەو لیژنەیە تێدەپەڕێنن، ئەوا ناویان لە تۆماری دەنگداندا دەبێت.
هەروەها بنەمای سێیەمی وردبینی تۆماری دەنگدەران باس لەوە دەكات؛ هاوڵاتیانی نیشتەجێبی پارێزگای كەركوك كە لەڕێی كۆبۆنی خۆراك پێش ساڵی (2003)ەوە دەتوانن نیشتەجێبونیان لە سنورەكەدا بسەلمێنن، مافی دەنگدانیان دەبێت.
بڕگەی دووەمی ماددەی (13)ی پەیوەست بە كەركوك لە هەموارەكەدا هاتووە؛ "ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری پهیوهست به دیاریكردنی داهاتووی كهركوك".
تهواوی پارێزگای كهركوك، ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عێراق و ههرێمی كوردستان، یهكلاییكردنهوهی چارهنوسیشی له چوارچێوهی ماددهی (140)ی دهستوردایه لهرێی سێ قۆناغی ئاساییكردنهوه، سهرژمێری و راپرسی.
لە بڕگەیەكی دیكەی یاسای هەڵبژاردندا هاتووە كە حوكمەكانی ماددەی (13)ی تایبەت بە كەركوك تەنیا بۆ یەك خولی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانە.
بەپێی بڕگەی چوارەم و كۆتایی ئەو ماددەیە؛ "دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت. كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان".
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر لە ماددەی (35)ی هەمواركراوی یاساكەدا كە ئێستا هەڵوەشێنراوەتەوە، دەبوو ئهنجومهنی پارێزگا رێكارێك دابنێت بۆ دابهشكردنی پۆسته باڵاكانی كهركوك، بهدهر له پۆسته فیدراڵییهكان، بە رەچاوكردنی پشكی نهتهوهكان.
پارێزگای كەركوك، لە دوای ساڵی (2003)ەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵهبانی، سكرتێری ئەوکاتی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا (32) بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان، بهڵام چەند ساڵێكە ناكۆكی لهسهر ئهو بنهمایهش ههیه.
هەروەها هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، زنجیرەیەك گۆڕانكاری دەربارەی دەنگدانی ئاوارە ناوخۆییەكانی ناو كەمپ و دەرەوەی جێگیركردووە، لە ماددەی (3)دا هاتووە؛ "ئاوارە ئەو عێراقییەیە كە لە دوای (9 ی كانونی یەكەمی 2013) لە شوێنی هەمیشەیی خۆیەوە بۆ شوێنێكی دیكەی ناو وڵات ئاوارە بووە".
بەپێی ماددەی (16)ی هەموارەكە، ماددەی (47)ی یاسای ژمارە (12)ی (2018) هەڵدەوەشێنرێتەوە و چەند بڕگەیەكی دیكە جێگەی دەگرێتەوە، لە بڕیەكیاندا هاتووە كە؛ "تۆماری دەنگدەرانی ئاوارە پشت بە دوایین ئاماری رەسمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەبەستێت و ئاوارەی ناو كەمپ، مافی ئەوەی هەیە لە كەمپەكەوە دەنگ بۆ دائیرەی هەڵبژاردنی زێدی خۆی بدات".
لە هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا؛ "كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا زیاتر لە نیوەی نامێنێت بەراورد بە پێشتر، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان و دابەشكارییان بەپێی پارێزگاكان، وەك خۆی دەمێنێتەوە.
بەپێی بڕگەی دوەم لە ماددەی (9) ی هەموارە نوێیەكە؛ "ئەنجومەنی پارێزگا لە 12 كورسی پێكدێت، بۆ هەر 200 هەزار كەسێك كورسییەكی دیكە زیاد دەكرێت كاتێك ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە لە ملیۆنێك كەس تێپەڕێت، ئەوەش پاڵپشت بە ئاماری وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2019".
لەو دابەشكارییەدا ئەنجومەنی پارێزگای كهركوك دەبێتە (16) كورسی، كە كورسییەكی بۆ كۆتای كریستیانە، ئهوهش بهپێی ژمارهی دانیشتوانهكهی دهگاته زیاتر له (ملیۆنێك و 600 ههزار) كهس، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی (2005) ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە (41) کورسی پێکهاتبوو.
بەپێی ماددەی (19)ی هەموارەكە هیچ پەرلەمانتار یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی.
هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت، بەپێی ماددەی (12) لە یاسا هەموارەكە، كە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەماندا هەر پارێزگایەك كرابوو بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن.
بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە لەمەودوا یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....هتد) دەبێت.
دووەم؛ بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە نێوان یەکڕیزی پەرتەوازەییدا
لەبەر رۆشنایی ئەو چوارچێوە یاساییەی لە بەشی پێشتردا ئاماژەمان پێدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکوک لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتیش ئەم هەڵبژاردنە بۆ پێکهاتەی کورد لە کەرکوک چارەنوسسازەو بۆ بەشداریکردنیش لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە و هەر ئەگەرێکیش لێکەوتەی خۆی هەیە بۆ پێکهاتەی کورد لە کەرکوک، کە لەم بەشەدا لەسەر بنەمای دەنگی پێکهاتە و لایەنەکانی بەشدار لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، لەو پارێزگایە لێکدەدەینەوە.
1. پێگەی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای یەکڕیزیان لە پارێزگای کەرکوک
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ کە پارێزگاکە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو وردەکاری ئەنجامە پەسەند کراوەکە هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتەیە_ لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێک؛ پێکهاتەی کورد زۆرینەی دەنگەکانی پارێزگاکەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ، پێکهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ و پێکهاتەی تروکمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی و سەربەخۆکانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە (لێرەدا بە دەنگی خۆڵەمێشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین). بڕوانە خشتەی ژمارە (1).
ئەگەر پێکهاتەکان (کورد، عەرەب و تروکمان) هەر یەکەو بە لیستێکی سەربەخۆ و بەیەکڕیزی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن، بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....) پەیڕەو بکرێت. ئەوا پێکهاتەی کورد (6) کورسی مسۆگەر دەکات و پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمان (2) کورسی و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە و بێگومان کورد پشکی تێیدا دەبێت وەک لە گریمانەی یەکەم ڕونکراوەتەوە.
گریمانەی یەکەم
2. پێگەی پێکهاتەکان لەسەر بنەمای پەرتەوازەیی کورد لە پارێزگای کەرکوک
تا ئێستا لایەنە کوردییەکانی پارێزگای کەرکوک نەگەیشتوون بە هیچ هاوپەیمانێتی یاخود لیستێکی هاوبەشی پێکهاتەی کورد، لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە تایبەتیش لە پارێزگای کەرکوک. بۆیە ئەگەر تا کاتی دەرگا داخستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بەڕووی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان لیستی هاوبەشی کورد تۆمار نەکرێت، ئەوا ئەم بژاردەیە بۆ پێکهاتەی کورد نزیک دەبێتەوە لە بەدیهانتی.
پاڵپشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکوک کە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو، لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەکەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێک؛ پێکهاتەی کورد دەنگەکانی دابەشبووە بەسەر (یەکێتی (82 هەزار و 286) دەنگ، پارتی (49 هەزار و 538) دەنگ، نەوەی نوێ (25 هەزار و 391) دەنگ، بزوتنەوەی گۆڕان (2 هەزار و 481) دەنگ، سۆسیالست (425) دەنگ، زەحمەتکێشان (249) دەنگ و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بەهۆی ئەوەی کاندیدیان نەبووە بۆیە هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە)، پێکهاتەی عەرەب (120 هەزار و 672) دەنگ و پێکهاتەی تروکمان (45 هەزار و 773) دەنگی و سەربەخۆکانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە (لێرەدا بە دەنگی خۆڵەمێشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین). بڕوانە خشتەی ژمارە (2).
ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی و پێکهاتەکانی (عەرەب و تروکمان) هەر یەکەو بە لیستێکی سەربەخۆ و بەیەکڕیزی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن، بەپێی ماددەی (7)ی هەموارەكە یەكلاكردنەوەی كورسییەكانی هەڵبژاردن و دابەشكاری دەنگەكان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7 – 3 – 5 - 7 – 9 .....) پەیڕەو بکرێت. یەکێتی (3) کورسی و پارتی (2) کورسی و نەوەی نوێ (1) کورسی بەدەستدەهێنێت و (بزوتنەوەی گۆڕان، سۆسیالست، زەحمەتکێشان و ئیسلامییەکان) هیچ کورسییەک نابەنەوەو پێکهاتەی عەرەب (4) کورسی و تروکمان (2) کورسی و (3) کورسیش بە خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە وەک لە گریمانەی دووەمدا ڕونکراوەتەوە.
گریمانەی دووەم
ئەگەر لە دەرەنجامی گریمانەی دووەم (کە پەرتەوازەیی کورد) نیشان دەدات، ورد ببینەوە، ئەوا جیاوازی ئەوتۆ بەدیناکرێت لە گەڵ (یەکڕیزی کورد) لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە، بۆ پێکهاتەکانی کەرکوک بە کورد و پێکهاتەکانی دیکەشەوە، بەڵام بۆ پێکهاتەی کورد دوو خاڵی هەرە لاواز ئەوە دەبێت کە؛
یەکەم؛ لاوازی لایەنە کوردییەکان دەردەخات بۆ گەیشتن بە لێکنزیکبوونەوەیەکی هاوبەش، بەتایبەت لە پرسێکی گرنگی نەتەوەیی و پەیوەست بە "خاک"، ئەگەری قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیش زیاتر دەکات بە تایبەت لە ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش، سەرباری ئەوەی جۆرێک لە بێهیوایی لای هاوڵاتیانی کورد لە پارێزگای کەرکوک دروست دەکات و دوور نییە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ڕێژەی بەشداری کورد لە هەڵبژاردن.
دووەم؛ بەپێی ماددەی (19)ی هەموارەی یاساکە "هیچ پەرلەمانتار یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی". ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی گەورەترین کوتلەی نێو ئەنجومەنی پارێزگا، کانیدی خۆی پێشکەش بکات بۆ پۆستی پارێزگار، بێگومان ئەو کوتلەیەش پێکهاتەی کوردی نابێت، ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکات.
هاوپێچەکان
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگای کەرکوک
- ئەنجومەنی نوێنەران یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018ی لە (26/3/2023).
- کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021.
https://ihec.iq/12986-2/
- کەرکوک ناو، وردەكاری گۆڕانكارییەكانی یاسای هەڵبژاردن، (ڕاپۆرت)، 11/5/2023.
https://kirkuknow.com/ku/news/69421
- درەو میدیا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، (ڕاپۆرت)، 22/6/2023.
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=13180