بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەیەکی گەرمیان رادەگیرێت
2023-07-27 20:09:13
درەو:
کارکردن لە کێڵگەی نەوتی (چیا سورخ) لە گەرمیان رادەگیرێت، کۆمپانیای (پێت ئۆیڵ) کارمەندەکانی ئاگادار کردوەتەوە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن، حكومەتی هەرێم پارەی كۆمپانیاكەی نەداوە.
سەردار محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو لە گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاندووە: کۆمپانیاکە بەفەرمی لە سەری مانگەوە (١ـی ئاب) کارەکانی رادەگرێت، بەهۆی خەرج نەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکە، سەرجەم کرێکارەکان تەنها ژمارەیەکی کەم نەبێت ئاگادار کراونەتەوە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن لەو وادەیەوە، چونکە بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی کۆمپانیاکە رادەگیرێت .
یەكێك لەو كرێكارانەی لەو كێلگەیە كاردەكات بە رادیۆی دەنگی وتووە: ئەمڕۆ ئیزن دراوین و کۆمپانیاکە پێی وتوین لە سەری مانگەوە مەیەنەوە بۆ دەوام.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگەیە دەدرێتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و رەوانەی دەرەوە ناکرێت، هەربۆیە کاتێک بەهۆی داخستنی بۆڕیی نەوتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرجەم کێڵگەکانی هەرێم راگیرا، لە چیاسورخ بەردەوام بو، بەڵام راگرتنی ئەمجارەی بەرهەمی کێڵگەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە حکومەت پارەی بەکۆمپانیای پیت ئۆیڵ نەداوە لەبەرامبەر کارکردنی لەم ماوەیەی پێشوی دا، ئەویش رەتیکردوەتەوە بەردەوام بێت لە کارکردن.
کێڵگەی نەوتی چیاسورخ دهكهوێته سنوری ناحیهی قۆرهتو لە ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن کۆمپانیای پیت ئۆیڵی تورکییەوە کاری بەرهەمهێنانی نەوتی تێدا دەکرێت، بەپێت زانیارییەکان بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە لەنێوان (١٥٠٠-٢٠٠٠) هەزار بەرمیل نەوت دابوە.