Draw Media

كۆمپانیاكانی نه‌وت هۆشداری به‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ده‌ن

كۆمپانیاكانی نه‌وت هۆشداری به‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ده‌ن

2023-07-27 16:16:14


(درەو):
كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا هۆشداری دەدەن لەوەی، ئەگەر راوەستانی هەناردەی نەوت بەردەوام بێت، پیشەسازی نەوت لە هەرێم زیانی پێدەگات‌و رەنگە نەتوانن وەكو ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقدا كوردستانی پێوە پابەندكراوە، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن.  
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە (APIKUR) ناسراوە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، چوار مانگ بەسەر داخستنی بۆریی عێراق-توركیا (ITP)دا تێدەپەڕێت. داخستنی بەردەوام كاریگەری بەرچاوی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە كوردستان هەیە‌و داخستنی درێژخایەنیش هەڕەشە لە هەزاران هەلی كار لە هەرێم دەكات.
ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستاندا ئەندامن بریتین لە كۆمپانیاكانی (DNO- Genel Energy- Gulf Keystone Petroleum- HKN Energy - ShaMaran Petroleum).
بەیاننامەكەیان باسلەوە دەكات، كۆمپانیاكان پلانەكانی خەرجكردنیان لە ناوچەكەدا بەنزیكەی 400 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2023دا كەمكردووەتەوە، سەرباری ئەمە پێداچوونەوە بۆ پلانی خەرجییەكانیان لە ساڵی 2024دا دەكەن.  
كۆمەڵەكە دەڵێ:" بەبێ دڵنیابوون لەوەی كەی بۆری نەوتی عێراق- توركیا دەكرێتەوە، یان كەی پرۆسەی پارەدان بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، كۆمپانیا ئەندامەكانمان ناچاربوون هەنگاو بنێن بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان، ئەمەش بوەتە هۆی دەركردنی سەدان كارمەند". 
كۆمەڵەكە هۆشداری دەدات لەوەی" ئەگەر پچڕانی بۆرییەكان بەردەوام بێت، ئەوا وەبەرهێنانی بیانی زیاتر كەمدەبێتەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا هەلی كار زیاتر دەخاتە مەترسییەوەو توانای گەیاندنی پیشەسازیش بۆ پێشكەشكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەخاتە مەترسییەوە، كە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2023 بۆ 2025ی عێراق داواكراوە".
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان بەناو كۆمپانیا بیانییەكانەوە بانگەواز لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە هەوڵەكانیان دوو هێندە بكەن بۆ چارەسەركردن راوەستانی هەناردەی نەوت لەكاتێكی گونجاودا. 
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس‌و یەكلابوونەوەی ئەو سكاڵایەی كە عێراق دژی بەكارهێنانی بۆرییەكانی نەوت لەسەر توركیای تۆماركردبوو، توركیا لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی كوردستانی راگرت، لەوكاتەوە تائێستا هەناردەی نەوتی كوردستان دەستی پێنەكردوەتەوە، ئەمە سەرباری رێككەوتنی هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە. 
سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، توركیا دەیەوێت عێراق لێخۆشبوونی بۆ بكات لەو (ملیارو 500 ملیۆن) دۆلارەی كە دادگای پاریس وەكو قەرەبوو بەسەریدا سەپاندووە. 
یاسای بودجەی 2023ی عێراق كە تا 2025 كاری پێدەكرێت، چارەسەری بۆ ئەم دۆخە دۆزیوەتەوە‌و دەڵێ" ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئەوا دەبێت هەرێم رۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات بەمەبەستی بەكارهێنانی لە ناوخۆدا". 
بەپێی قسەی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەمدواییە هەرێم رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی. 
سەرباری ئەمە، یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان بەو نرخە دیاریكردووە كە لە وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە، ئەمەش هەرێمی كوردستان روبەڕووی كورتهێنان دەكاتەوە، چونكە نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان زیاترە لە عێراق. 
هەموو ئەمانە ئاڵنگارین لەبەردەم كاری كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان، دوێنێ هەردوو حكومەتی هەرێم‌و فیدراڵ رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، بەگوێرەی رێككەوتنەكە لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجە، هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بەتەواوەتی پابەند بێت بە هەموو ماددەو بڕگەكانی تری یاسای بودجەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand