"تا ئەوكاتەی هەرێم پابەند بێت، بەغداد تەمویلی هەرێم دەكات"
2023-07-27 07:49:48
(درەو):
"هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە پێدانی پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان هاوشێوەی بەغداد، داهاتە نانەوتییەكانی دەخاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم، تا ئەو كاتەی هەرێم پابەند دەبێت بە رێككەوتنەكەو بەغداد بە پێی یاسای بودجە تەمویلی هەرێم دەكات" ئەمە بەشێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد كە لەلایەن د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و كازم حەسەنی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقهوه ئیمزای لهسهر كراوه.
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، لەگەڵ شاندی حكومەتی ئیتیحادی كۆبووهتهوە سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجه، بەمەبەستی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە هەردوولا گەیشتنە رێككەوتن و كۆنوسێكی هاوبەش لەنێوان هەردوو شاندەكە واژۆ كرا.
بەپێی زانیارییهكانی (درەو)، بە ئامادەیی د. فوئاد حسێن یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و كازم حەسەنی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابوری رێككهوتنهكهیان ئیمزاكردووه.
(درەو) زانیویهتی، رێككەوتنەكەی نێوان حكومهتی ههرێم و حكومهتی فیدراڵ لە (5) خاڵ پێكهاتووە ككه ئهمانهن:
یەكەم؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە، پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە بدات كە لە كهرتی نەوتی هەرێم كار دەكەن، لەسەر بنەمای ئەو نرخەی كە نەوتی عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت و كۆمپانیا نەوتییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق كاری پێدەكەن.
دووهم؛ هەرێمی كوردستان داهاتە نا نەوتییەكانی دەخاتە هەژمارێكی وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ ئەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان لێكدانەوەی تریان هەیە بۆ ئەو بابەتەو دەیانەوێت تەنیا 50%)ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان لە هەرێم رادەستبكەن.
سێیهم؛ دوای ئەوەی هەرێم داهاتە نانەوتییەكانی رادەستكرد، وەزارەتی دارایی عێراق، 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم.
چوارهم؛ لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم، بۆ ئەوەی بزانرێت، چەند لەو داهاتە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و چەندی بۆ هەرێم بگەڕێندرێتەوە.
پێنجهم؛ كاتێك هەرێم پابەند دەبێت بەو خاڵانەی سەرەوە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەسێت بە تەمویلكردنی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی ٢٠٢٣، تا ئەو كاتەی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پاندبوونی بەو خاڵانە.