Draw Media

هەناردەی ڕاستەوخۆی ئۆتۆمبێلی (چین، یابان و کۆریا) بۆ عێراق

هەناردەی ڕاستەوخۆی ئۆتۆمبێلی (چین، یابان و کۆریا) بۆ عێراق

2025-08-03 13:04:09



درەو: 

🔹 داتا فەرمییەکانی دەستە گومرگییەکانی (چین، یابان و کۆریای باشوور) دەریانخستووە کە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ڕاستەوخۆ لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (2025)دا هەناردەی عێراق کراون گەیشتووەتە نزیکەی (40 هەزار) ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی (2024)دا نزیکەی (32 هەزار و 500) ئۆتۆمبێل هەناردە کرابوو.
🔹 کۆی بەهای ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2025) لەو سێ وڵاتەوە هەناردەی عێراق کراون گەیشتووەتە (903 ملیۆن) دۆلار، لە کاتێکدا بەهاکەیان لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024)دا (713 ملیۆن) دۆلار بووە.
🔹 داتاکان ئاماژە بە گەشەکردنی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان دەکەن، کە بە بەنزین و کارەبا کاردەکەن، چونکە پشکی هەناردەکردنیان بۆ (10%)ی کۆی هەناردەکردن زیادیکردووە.
🔹 تێکڕای نرخی ئۆتۆمبێلی هەناردەکراو بۆ عێراق، بەپێی وڵاتەکە بە جۆرێکە کە: تێکڕای ئۆتۆمبێلێکی چینی (13 هەزار و 300) دۆلار بووە، تێکڕای ئۆتۆمبێلێکی یابانی (34 هەزار و 500) دۆلار بووە، تێکڕای ئۆتۆمبێلێکی کۆری (26 هەزار و 500) دۆلار بووە.

ژمارەی ئۆتۆمبێلی هەناردەکراوی (چین، یابان و کۆریا باشور) بۆ عێراق
داتا فەرمییەکانی دەستە گومرگییەکان (چین، یابان و کۆریای باشوور) دەریانخستووە کە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ڕاستەوخۆ لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (2025)دا هەناردەی عێراق کراون گەیشتووەتە نزیکەی (40 هەزار) ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی (2024)دا نزیکەی (32 هەزار و 500) ئۆتۆمبێل هەناردە کرابوو.
هەناردەی ئۆتۆمبێل بەپێی وڵات
لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە چینیانەی ڕاستەوخۆ لە چینەوە هەناردەی هەناردەئ عێراق کراون بۆ (18 هەزار) ئۆتۆمبێل زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024)دا ژمارەی ئۆتۆبێلە هەناردەکراوەکانی ئەو وڵاتە (10 هەزار و 500) ئۆتۆمبێل بووە، بەو مانایەی بە ڕێژەی (75%) زیادیکردووە.
ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ڕاستەوخۆ لە یابانەوە هەناردەی عێراق کراون گەیشتووەتە نزیکەی (12 هەزار) ئۆتۆمبێل، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024)دا (9 هەزار و 300) ئۆتۆمبێل بووە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی ڕاستەوخۆ لە کۆریای باشوورەوە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ هەناردەی عێراق کراون گەیشتووتە (9 هەزار و 500) ئۆتۆمبێل لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024)دا هەناردەی ئۆتۆمبێلی ئەو وڵاتە بۆ عێراق (12 هەزار و 700) ئۆتۆمبێل هەناردە دەکراوە.

بەهای ئۆتۆمبێلی هەناردەکراو
کۆی بەهای ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2025) لەو سێ وڵاتەوە هەناردەی عێراق کراون گەیشتووەتە (903 ملیۆن) دۆلار، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024)دا (713 ملیۆن) دۆلار بووە، بە جۆرێک؛
-    بەهای هەناردەی ئۆتۆمبێلی یابانی زۆرترین پشکی پێکهێناوە کە (400) ملیۆن دۆلار بووە
-    بەهای هەناردەی ئۆتۆمبێلی کۆریای باشوور (252 ملیۆن) دۆلار بووە.
-    بەهای هەناردەی ئۆتۆمبێلی چینی (244 ملیۆن) دۆلار بووە.
تێکڕای نرخی ئۆتۆمبێلی هەناردەکراو بۆ عێراق، بەپێی وڵاتەکە بە جۆرێکە کە:
-    تێکڕای ئۆتۆمبێلێکی چینی (13 هەزار و 300) دۆلار بووە.
-    تێکڕای ئۆتۆمبێلێکی یابانی (34 هەزار و 500) دۆلار بووە.
-    تێکڕای ئۆتۆمبێلێکی کۆری (26 هەزار و 500) دۆلار بووە.

دابەشکردنی ئۆتۆبێلەکان بەپێی توانای بزوێنەرەکانیان
-    ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بزوێنەری بەنزینیان لە نێوان (1500 بۆ 3000) سی سی بووە، (34%)ی کۆی هەناردەکردنیان پێکهێناوە.
-    بەدوایدا ئەو ئۆتۆمبێلانە دێن کە بزوێنەرەکانیان (3000) سی سی و سەرووترە کە (30%) پێکدەهێنن.
-    پاشان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی توانای بزوێنەرەکانیان کەمترە لە (1500) سی سی (20%)یان پێکهێناوە.

گەشەی ئۆتۆمبێلی هایبرید
داتاکان ئاماژە بە گەشەکردنی ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان دەکەن، کە بە بەنزین و کارەبا کاردەکەن، چونکە پشکی هەناردەکردنیان بۆ (10%)ی کۆی هەناردەکردن زیادیکردووە. ئۆتۆمبێلی هەناردەکراو لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2025)، بە بەراورد کۆی ئۆتۆمبێلی هەناردەکراو لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2024) کە پشکی (8%)ی پێکهێناوە، ئەمە بەڵگەی بوونی خواستە لەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە بازاڕەکانی عێراقدا.

تێبینی گرنگ لەسەر داتاکان
ئەم داتایانە تەنها هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی ئەم وڵاتانەن بۆ عێراق، بەبێ گوێدانە مارکە و ساڵی دروستکردن. ئاماژە نین بۆ پشکی بازاڕ و هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل، بەو پێیەی زۆرێک لەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە دەکرێن بۆ عێراق لە وڵاتانی دیکەوە هەناردە دەکرێنەوە، وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئوردن. زۆرێک لە بەرهەمهێنەرانی سەر بە وڵاتان کە خاوەنی کارگەن لە سەرانسەری جیهان لەوانەیە هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل لەو وڵاتەوە هەناردەی عێراق بکەن کە کارگەکانی لێیە، نەک لە سەرچاوەی مارکەکەوە.
جگە لەوەش ئەگەری ئەوە هەیە ئەم ئۆتۆمبێلانە لە عێراقەوە هەناردە بکرێنەوە بۆ وڵاتانی دیکە بە مەبەستی پەیوەندیدار، بە جیاوازی نێوان نرخی هاوتەریب و فەرمی بازاڕی دۆلار، ئەمەش ڕێژەی قازانجێک دابین دەکات کە دەتوانرێت لە کارەکانی دووبارە هەناردەکردنەوە لە عێراقەوە بقۆزرێتەوە. ئەمە شتێکە کە ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام پێویستە بەدواداچوونی زیاتر لەوە بارەیەوە بکرێت. 
خشتەکانی خوارەوە هەناردەی ڕاستەوخۆی ئۆتۆمبێلی وڵاتانی (چین، یابان و کۆریان) بۆ عێراق دەردەخات، لەماوەی نیوەی یەکەمی (2025) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. 

خشتەکان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand