Draw Media

ئەمریكا سێ گروپی تری شیعەی عێراق دەخاتە لیستی سزاكانییەوە

ئەمریكا سێ گروپی تری شیعەی عێراق دەخاتە لیستی سزاكانییەوە

2025-10-10 12:53:04


(درەو):
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی كاركردنیان بۆ "تێكدانی سەروەریی عێراق"، ویلایەتە یەكگرتووەكان هەریەكە لە (كەتیبەكانی حزبوڵا، گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق) دەكاتە ئامانج. 
تۆمی پیگۆت جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) نوسی: ئەمریكا هەوڵ دەدات ئەوپەڕی فشار لەسەر ئێران توند بكات. 
"فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران دەكەینە ئامانج، كە پشتیوانی هاوبەشە تیرۆریستەكانی ئێران و بریكارەكانی دەكات لە ناوچەكە، لەگەڵ هەردوو گروپی كەتیبەكانی حزبوڵاو عەسائیبی ئەهلی حەق كە لە عێراقدان" وتەبێژەكە وادەڵێ. 
پیگۆت باسلەوە دەكات، ئەم میلیشیایانە بەشێوەیەكی چالاك كار دەكەن بۆ تێكدانی سەروەریی عێراق و لاوازكردنی ئابورییەكەی، هەروەها ئەنجامدانی هێرش بۆسەر خەڵك و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
هاوكات جۆ ویڵسۆن كۆنگرێسمانی پارتی كۆماری داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كرد "فەیلەقی بەدر"ی هادی عامری و بانكی رافیدەینی حكومی بخاتە ناو لیستی گروپە چەكدارە بەئامانجگیراوەكان، لەرێگەی سەپاندنی سزا بەسەریاندا. 
كۆنگرێسمانەكە ئەم قسانەی لە جریوەیەكی تۆڕی كۆمەڵایەتی (X)دا كرد، وەكو وەڵامێك بۆ راگەیەندراوەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، لەمەش زیاتر كۆنگرێسمانەكە داوای ئەوە دەكات "عێراق لەدەستی ئێران رزگار بكرێت". 
ئەم لێدوانانە تەنیا دوای یەك رۆژ دێت لە سەپاندنی سزانی نوێ لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و بانك و كۆمپانیای عێراقیدا، بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ سوپای پاسداران و كەتیبەكانی حزبوڵا. 
یەكێك لەوانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاند، (كۆمپانیای موهەندیس)ە كە باڵی ئابوری حەشدی شەعبییە، ئەمەش لە هەنگاوێكدا كە ئەمریكا دەڵێ "ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەكانی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارەی گروپە چەكدارەكانە لەناوخۆو دەرەوەی عێراق".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: نوسینگەی چاودێری سەروەرت و سامانی بیانی (OFAC) رێكاری گرتوەتەبەر دژ بەو كەس و كۆمپانیایانەی كە "یارمەتی رژێمی ئێران دەدەن بۆ خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكاو، ئاودیوكردنی چەك و تێوەگلان لە گەندەڵی بەرفراوان لەناو ئابوری عێراقدا. 
بەگوێرەی بەیاننامەكە، ئەم گروپانە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و بەرپرسن لە كوشتنی هاوڵاتیانی ئەمریكی و هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەناوچەكە، هەروەها بەردەوامن لە لاوازكردنی ئابوری عێراق و قۆرخكردنی سەرچاوە گشتییەكانی لەرێگەی كۆكردنەوەی نایاسایی پارەو گەندەڵییەوە. 
سزا نوێیەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دوو بانك و كۆمپانیایەكی بازرگانی و، قەوارەیەكی گەورەی ئابوری دەگرێتەوە كە پەیوەستە بە حەشدی شەعبییەوە، ئەمە لەپاڵ ژمارەیەك كەسایەتی ئەمنی كە تۆڕی سیخوڕی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران لەناو عێراقدا بەڕێوەدەبەن. 
ئەوانەی ناویان لە لیستی سزاكاندا هاتووە ئەمانەن:
🔹كەتیبەكانی حزبوڵا كە یەكێك لە دیارترین گروپەكانی حەشدی شەعبییەو، كۆمپانیایەكی بەناوی (كۆمپانیای موهەندیس) بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی و كشتوكاڵ و پیشەسازی دروستكردووە، بۆ ئەوەی ئەم كۆمپانیایە بكات بە كەڤەری چالاكییە ئابورییەكانی خۆی. بەپێی وەزارەتی گەنجینە، ئەم كۆمپانیایە لەژێر كۆنترۆڵی (عەبدولعەزیز محەمەداوی)دایە كە بە "ئەبو فەدەك" ناسراوە، گرێبەستە حكومییەكانی قۆستوەتەوە بۆ گواستنەوەی پارە لە دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە بۆ كەڤەرە بازرگانییەكان، لەناویاندا كۆمپانیای (بلدنا للاستپمارات الزراعیە)، بە ئامانجی پارەداركردنی چالاكی گروپە چەكدارەكان و بەقاچاخبردنی چەك بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا جەخت لەوە دەكات هەریەكە لە (كۆمپانیای موهەندیس)و (كۆمپانیای بلدنا)ی خستوەتە لیستی سزاكانییەوە بەگوێرەی فەرمانی ژمارە 13224و بەهۆی پاڵپشتی ماددی و دارایی ئەم دوو كۆمپانیایە بۆ سوپای پاسداران و كەتیبەكانی حزبوڵا. 
🔹سزاكان سێ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لە بانكە عێراقییەكان گرتوەتەوە، كە تۆمەتباركراون بە خراپ بەكارهێنانی پۆستەكانیان بۆ بەرژەوەندی سوپای پاسداران و عەسائیبی ئەهلی حەق، لەمەشدا سودیان لە سیستەمی دارایی عێراق وەرگرتووە بۆ سپیكردنەوەی پارەو ئاودیوكردنی دراو و دروستكردنی داهات بۆ بەرژەوەندی ئەو گروپە تیرۆرسییانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن. یەكێك لەوانەی لەسەر ئەم بابەتە سزا دراوە بریتییە لە (عەلی محەمەد غوڵام حسێن ئەنساری) كە كابرایەكی سەرمایەدارەو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەڵێ هەژموونی خۆی لە ژمارەیەك بانكی عێراقی بەكارهێناوە بۆ كۆكردنەوەی ملیۆنان دۆلار بۆ سوپای پاسداران و كەتیبەكانی حزبوڵاو، خزمەتی دارایی پێشكەشی عەسائیبی ئەهلی حەق كردووە، لەوانە كڕینی دۆلارو شتنەوەی پارە لەرێگەی بەڵگەنامەی ساختەوە بەمەبەستی خۆپاراستن لە چاودێریی حكومەت.
🔹سزاكانی گەنجینەی ئەمریكا هەردوو برا (عەلی مفتن بەیدانی)و (عەقیل مفتن بەیدانی)ی گرتوەتەوە، ئەم دوو برا كە یەكێكیان (عەقیل مفتن) سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بانكێكی بازرگانی بەڕێوەدەبەن كە وەزارەتی گەنجینە دەڵێ پەیوەستە بە سوپای پاسدارانەوە، ئەم دوو برایە تۆمەتبار دەكات بەوەی دەیان ملیۆن دۆلاریان سپیكردوەتەوەو نەوت و ماددەی هۆشبەریان بە قاچاخ بردووە. لەپاڵ ئەمەدا گەنجینەی ئەمریكا باسی لەوە كردووە كە (عەقیل مفتن) پۆستەكەی وەكو سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی قۆستوەتەوە بۆ مەبەستی دارایی ناسایی. 
🔹گەنجینەی ئەمریكا باسی لەوەشكردووە كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە كەتیبەكانی حزبوڵاو سوپای پاسداران ئۆپراسیۆنی هەماهەنگییان ئەنجامداوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگریی لەسەر هێزەكانی ئەمریكا لەناو عێراقدا. حەسەن قەحتان سەعیدی كە سەركردەیەكی حزبوڵایە سەرۆكایەتی تۆڕێكی سیخوڕی دەكات كە لە بەغداد كاردەكات و، ژمارەیەك كەسی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، ئەمانە زانیاری لەباری جموجوڵەكانی سوپای ئەمریكا بۆ بەرژەوەندی سوپای پاسداران كۆدەكەنەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand