پێگەی کورد لە حکومڕانی عێراق 2021-2025
.png)
2025-10-10 17:57:22
راپۆرتی: درەو
بەشی حەوتەم
🔹 لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆنی و 450 هەزار و 773) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەرێژەی (35.74%).
🔹 لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم تەنها (5) لیست كورسی مسۆگەركرد، بەجۆرێك: پارتی (579 هەزار و 234) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (46.96%) كۆی دەنگە دروستەكان و (21) كورسی بردەوە، یەكێتی (215 هەزار و 316) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (17.46%) و (10) كورسی بردەوە، نەوەی نوێ (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (16.61%) و (8) كورسی بردەوە، یەكگرتوو (108 هەزار و 10) دەنگ بەڕێژەی (8.76%) و (4) كورسی بردەوە، كۆمەڵی دادگەری (64 هەزار و 156) دەنگ بەڕێژەی (5.20%) تەنها (1) كورسی بردەوە.
🔹 لەسەر ئاستی عێراق لایەنە کوردستانییەکان (63) کورسییان بردەوە، پارتی (32) کورسی و یەکێتی (17) کورسی و نەوەی نوێ (9) کورسی و یەکگرتوو (4) کورسی و کۆمەڵ (1) کورسی، لەسەر ئەو بنەمایە جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهران درایە (شاخەوان عەبدوڵا)، جگه لهوهی پۆستی سهرۆککۆماری عێراقی درا بە (د. لەتیف ڕەشید)، هاوکات له کابینهکهی محەمەد شیاع سودانی کورد به چوار وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛ فوئاد حوسێن، نزار ئامێدی و دواتر هەڵۆ مستەفا عەسکەری شوێنی گرتەوە، بەنگین ڕێکانی و خالید شوانی بە وەزیر دیاری کران.
یەکەم: خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 و پێگەی کورد
بەپێی داتاکانی کومسیۆنی هەڵبژاردن زیاتر کە (25) ملیۆن هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانی هەبوو لە پێناو ئەو کۆکردنەوەی زۆرینەی ئەو دەنگانەدا لە چوارچێوەی (21) هاوپەیمانی و (167) پارتی سیاسی کە (58) یان لەنێو هاوپەیمانیدابوون و سەدان کاندید سەربەخۆو بێ لایەن و لە سەر ئاستی (83) بازنەی هەڵبژاردن (3 هەزار و 171) کاندید ڕکابەرییان کرد بۆ بەدەستهێنانی (320) کورسی و (67) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق ڕکابەری بەدەستهێنانی (9) کورسی کۆتای پێکهاتەکانیان کرد.
عێراق لەبەردەم سیستمێکی نوێی هەڵبژاردن
دواجار و دوای کۆمەڵێک ئاڵنگاری و ململانێ و کێشمەکێشمی لایەنە سیاسییەکان، عێراق بەرەو هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوی ناو ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەکە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەکانی پێش خۆی ئەویش بە پەیرەو کردنی؛
یەکەم: دابەشکردنی عێراق لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر دوو بنەما؛
1. پاراستنی پێگەی (25%)ی کۆتای ئافرەتان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش لە هەر بازنەکی هەڵبژاردن لانی کەم ئافرەتێک سەربکەوێت و (83) ئافرەت کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەبێت لە کۆی (320) کورسی گشتی و (9) كورسى كۆتای (پێكهاتهكان).
2. پاراستنی دەقی ماددەی (49)ی بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە تێیدا هاتووە (ئەنجومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق...)، بەم پێیەش هەموو بازنەیەکی هەڵبژاردن ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆی تەرخان کرا کە لە نێوان (3-4) کورسیدابوو، ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر نییە لە (400) هەزار کەس.
دووەم: گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن وهەڵوەشاندنەوەی سیستمەکانی پێشوو، پەیڕەو کردنی سیستمێکی نوێ، وەک لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی 2020دا هاتووە:
ماددەی (15) یەکەم: هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
دووەم: پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن.
سێیەم: ڕیزبەندی پاڵێوراوان لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بە بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی دەنگ (اعلی اصوات) براوە دەبێت، بەپێی سیستمی براوەی یەکەم، بۆ پاڵێوراوەکانی دوای ئەویش هەر بەو شێوەیە دەبێت.
بەپێی ئەم ماددەیە:
1. عێراق بەسەر (83) بازنەی بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
2. پاڵێوراو بەشێوەی تاکەکەسی دەبێت لە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەم پێیەش خۆپاڵاوتن لە لیستی حزبەکانەوە گۆراوە بۆ پاڵێوراوی تاکەکەسی (حیزبی و بێ لایەن) و لەم حاڵەتەشدا دەنگدەر تەنها یەک دەنگ بە پاڵێوراو دەدات و دەنگ بە لیست یان قەوارەی سیاسی نادات. ئەمەش ئەمانباتە بەردەم بنەمایەکی ديکە؛
3. کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە پاڵێوراوێکی سەربەخۆ یان سەر بە لایەنێکی سیاسی دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكى ترى لایەنه سیاسییهكه.
4. کام پاڵیوراو زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت، بۆ نمونە ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (4) پاڵێوراوی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون بهشێوهی ڕیزبهندی، بە مەرجێ:
ا. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت.
ب. ئەگەر هەر چواریان لە ڕەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت.
ج. ئەگەر دوو پاڵێوراوى کۆتایی (کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێ هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
د. ئەگەر بازنەیەک سێ کورسی بۆ تەرخان کرابووە ئەوا هەموو ڕێوشوێنەکانى خاڵەکانی (ا، ب، ج) ڕاستن، بە کەمکردنەوەی کورسییەک لەو بازنەیە.
بە تێكڕا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (3 ملیۆنی و 450 هەزار و 773) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەرێژەی (35.74%)، بەجۆرێك لە هەولێر (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) مافی دەنگدانیان هەبووە و (444 هەزار و 253) بە دروستی دەنگیداوە، بە رێژەی (35.87%)، لە سلێمانی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (393 هەزار و 194) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (28.29%) و لە دهۆكیش كە (822 هەزار و 703) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، (396 هەزار و 4) كەس بە دروستی دەنگیانداوە بەڕێژەی (48.13%).
كۆی كورسییەكانی پارێزگاكانی هەرێم بەبێ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم (44) كورسی بووە، بە جۆرێك هەولێر دابەشی سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن و(15) كورسی، سلێمانی دابەشی سەر پێنج بازنەی هەڵبژاردن و (18) كورسی و دهۆك دابەشی سەر سێ بازنەی هەڵبژاردن و (11) كورسی بۆ تەرخان كرابوو.
ئەگەرچی زیاتر لە دەیان لیست و قەوارەو كەسایەتی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد لەو پارێزگایانە، بەڵام تەنها (5) لیست كورسی مسۆگەركرد، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەموو ئەو لیست و قەوارانەی كورسییان هێناوە، بەجۆرێكە: پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (579 هەزار و 234) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (46.96%) كۆی دەنگە دروستەكان و (21) كورسی بردەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (كە هاوپەیمانی هەبوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بە ناوی هاوپەیمانی كوردستان) بەڵام یەكێتی بەتەنها (215 هەزار و 316) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (17.46%) و (10) كورسی لەسەر ئاستی پارێزگانی هەرێمی كوردستان بردەوە، نەوەی نوێ (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (16.61%) و (8) كورسی بردەوە، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش كە كاندیدەكانی بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری پێكردبوو (108 هەزار و 10) دەنگ بەڕێژەی (8.76%) و (4) كورسی بردەوە، كۆمەڵی دادگەری كوردستانیش (64 هەزار و 156) دەنگ بەڕێژەی (5.20%) تەنها (1) كورسی بردەوەو و بزووتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەتەنها (22 هەزار و 91) بەدەستهێناوە بەڕێژەی (1.79%)ی كۆی دەنگە دروستەكان و هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا، پارتی سۆسیاست (6 هەزار و 595) دەنگ بەڕێژەی (0.53%) و كورسی نەبردەوە و سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانی دیكە (33 هەزار و 194) دەنگیان بەدەستهێناوە بەڕێژەی (2.69%)ی دەنگە دروستەكان و هیچ كورسییەكیان مسۆگەر نەكرد.
1. پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021، كە هەر پارێزگایەك كرابوو بە چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن و هەر بازنەیەكیش ژمارەی كورسی دیاریكراوی خۆی هەبوو، پارێزگای هەولێر كرابوو بە (4) بازنەی هەڵبژاردن و پێكەوە (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان بۆ دیاریكرابوو، لە هەر چوار بازنەكەی پارێزگای هەولێر (444 هەزار و 253) كەس لە كۆی (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) كەس بە ڕێژەی (35.87%) دەنگی دروستیان داوە. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (262 هەزار و 800) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (59.2%)ی دەنگە دروستەكان و (11) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، نەوەی نوێ توانی (79 هەزار و 245) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (17.8%) و (3) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەتەنها (65 هەزار و 862) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (14.8%) كە (1) كورسی بەدەستهێنا، لیستی كۆمەڵی دادگەری (19 هەزار و 517) دەنگ بەڕێژەی (4.4%) و كورسی بەدەستنەهێنا، بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام لە دوو بازنە كاندیدی هەبوو بە هەردووكیان (4 هەزار و 245) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1%) و هیچیان سەرنەكەوتن، كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (3 هەزار و 990) دەنگ و بەڕێژەی (0.9%)، بەڵام هیچ كورسییەكی لە پارێزگای هەولێر مسۆگەر نەكرد، پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 167) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.5%) و كاندیدی سەرنەكەوت و سەرجەم لایەن و كەسایەتییەكانیش لەو پارێزگایە (6 هەزار و 427) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1.4%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
2. پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021
پاڵپشت بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی (10/10/2021) پارێزگای سلێمانی كرا بە (5) بازنەی هەڵبژاردن و بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (393 هەزار و 194) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (28.29%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ دیاریكراوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەڵام بەتەنها (124 هەزار و 414) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (31.6%) كە (8) كورسی بەدەستێنا، نەوەی نوێ توانی (106 هەزار و 318) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (27%) و (5) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (54 هەزار و 891) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (14%)ی دەنگە دروستەكان و (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، لیستی كۆمەڵی دادگەری (44 هەزار و 639) دەنگ بەڕێژەی (11.4%) و (1) كورسی بەدەستهێنا، كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامی (22 هەزار و 876) دەنگ و بەڕێژەی (5.8%) و (2) كورسی لە پارێزگای سلێمانی مسۆگەركرد، بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام كاندیدەكانی (17 هەزار و 846) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4.5%) و هیچیان سەرنەكەوتن، پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.6%) و كاندیدی سەرنەكەوت و سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (19 هەزار و 693) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
3. پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021
لە پارێزگای دهۆك، كە دابەشی سەر سێ بازنەی هەڵبژاردن كرابوو پێكەوە (11) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان بۆ دیاریكرابوو، لە هەر (3) بازنەكەی پارێزگای دهۆك (396 هەزار و 4) كەس لە كۆی (882 هەزار و 703) كەس بە ڕێژەی (48.13%) دەنگی دروستیان داوە. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (261 هەزار و 543) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (66%)ی دەنگە دروستەكان و (8) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (81 هەزار و 144) دەنگ بەدەستهێنا بەڕێژەی (20.5%) و (2) كورسییان لە پارێزگای دهۆك مسۆگەر كرد، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتەنها (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (6.3%) كە (1) كورسی بەدەستهێنا، نەوەی نوێ توانی (19 هەزار و 292) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (4.9%) و هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (هەزار و 911) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.5%) و كاندیدی سەرنەكەوت و سەرجەم لایەن و كەسایەتییەكانیش لەو پارێزگایە (7 هەزار و 74) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (1.8%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. هاوكات لیستی كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو لەو پارێزگایە كاندیدیان پێشكەش نەكرد و بۆیە هیچ دەنگێكشیان بەدەست نەهێنا.
بەکورتی بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، جگە لە کاندیدە سەربەخۆکان کە ژمارەیان (33) کەس بوو لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (37) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران و (کوتلەی سەدری بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر) بە بردنەوەی (73) کورسی پلەی یەکەم هاتوو، بەدویدا (هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی) (38) کورسی و (دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی) (36) کورسییان بردەوە
لایەنە کوردستانییەکانیش (63) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (32) کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (17) کورسی و نەوەی نوێ (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی (1) کورسی بردەوە.
دووەم: پێگەی کورد لە كابینەی محەمەد شیاع سودانی 2022-2025
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کشانەوەی ڕەوتی سەدر کە یەکێک لە کوتلە براوە گەورەکانی هەڵبژاردن، لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە محەمەد شیاع سودانی دیاریکرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە 13ی تشرینی یەکەمی 2022 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی پێدرا، حکومەتەکەی لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتەوە پێکهێنرا، کابینەکەی لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا.
لایەنە کوردستانییەکانیش (63) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (32) کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (17) کورسی و نەوەی نوێ (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامی (1) کورسی بردەوە، لەسەر ئەو بنەمایە جێگری سهرۆکی ئهنجومهنی نوێنهران (شاخەوان عەبدوڵا) درایەوە بە کوردو جگه لهوهی پۆستی سهرۆککۆماری عێراقی درا بە (د. لەتیف ڕەشید) ، هاوکات له کابینهکهی محەمەد شیاع سودانی کورد به چوار وهزیر بهشدار بوو ئهوانیش؛
- فوئاد حوسێن – وهزیری دەرەوە
- نزار ئامێدی – وەزیری ژینگە/ لە 26/11/2024 (هەڵۆ مستەفا عەسکەری) شوێنی (نزار ئامێدی) گرتەوە.
- بەنگین ڕێکانی - وهزیری ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکرن
- خالید شوانی بە وەزیری داد دیاری کران
سێیەم: پێگەی کورد لە حوکمڕانی عێراق 2021-2025 بە داتاو گرافیک
سەرچاوە؛
- دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق... کورد لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، چاپی یەکەم 2025.
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20250918193348656697&lng=1
