ڕۆڵی نەمامگە حکومییەکان لە هەڵمەتەکانی سەوزکردنی ژینگەدا
.png)
2025-08-09 15:39:13
درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت
🔹 ساڵانە، هەڵمەتی نەمام ڕواندن ئەنجام دەدرێ، نەمامگە حکومییەکان ڕۆڵیان لەو هەڵمەتانە چیە؟.
🔹 بۆیە کەمجار لە ساڵی 1948 لەسەر ڕووبەری (40) دۆنم زەوی یەکەم نەمامگەی حکومی جوانکاری و سێبەر لەسەر ئاستی عێراق لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی سەرچنار دامەزرا.
🔹 گرفت و قەیرانی دارایی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا دەیان کێشەی بۆ بەرهەمهێنانی نەمام درووست کردووە، بەهۆی نەبوونی بوودجەی تایبەت لە ئێستادا نەمامگە حکومییەکان ناتوانن وەکو پێویست کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.
🔹 لە ئێستادا تەنها وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاد لە (30) نەمامگە، (14) جوانکاری و سێبەر و (16) باخدارییە، بەڵام هاوردەکردنی نەمام و گوڵ لە دەرەوەی هەرێم بەردەوامی هەیە، و نەتوانراوە داواکاری ناوخۆیی پڕبکرێتەوە.
نەمامگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان
بە پێی چەند بەڵگەنامەیەک کە تایبەت بە گۆشەی( ئایندەی ژینگە) کە لە بەڕێز، حوسێن حەمەکەریم بەڕێوەبەری گشتی پێشووی دارستان و پاوانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەستی کەوتووە، لە پارێزگاکانی هەرێم لە ساڵی 2009دا تەنها( 13) نەمامگەی دارستان بونیان هەبووە، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی نەمامی دارستان، زیاتر لە (60) جۆری نەمام بەرهەم دەهێنرا، بەشێک لەم نەمامانە لە ناو پڕۆژەکانی دارستان دەچێندران و بەشێکی تر دابەش دەکرا بە سەر فەرمانگە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کە چالاکیان هەبووە لە بواری چاندنی نەمام و بواری ژینگەیی، ژمارەیەکی تریش دابەش دەکران بە سەر جوتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و ژمارەیەکی زۆریشیان بە خۆڕایی دابەش کراون بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی جوتیاران و هاوڵاتیان و هاندانیان بۆ چاندنی نەمام و زیاد کردنی ڕووبەری سەوزایی و بەشداریکردنیان لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێم.
لە ساڵی 2009 بۆ 2013 بەرهەمهێنانی نەمام لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە؛
- کۆی گشتی نەمامەکان؛ (12 ملیۆن و 292 هەزار و 798)بووە.
- ئەو نەمامانەی بێبەرامبەر دابەشکراون بەسەر فەرمانگە فەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتیان بریتی بوو لە؛ (6 ملیۆن و 308 هەزار و 148).
ئەوەی شایەنی وتنە، تەنها لە ماوەی (4) ساڵدا زیاد لە (6 ملیۆن) نەمام دابەشکراون بەبێ بەرامبەر، ئاخۆ ئەو نەمامانە بەدواداچونیان بۆ کراوە یاخود نا، لە کاتێکدا ڕێژەی دانیشتوانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان هێندەی نەمامە دابەشکراوەکان نەبووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی 2003، (25 ملیۆن 627 هەزار 362) کەس بووە، لەو ڕێژەیەش (4 ملیۆن و 864 هەزار و 241) کەس لە هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 ڕێژەی دانیشتوان لە عێراق بۆتە (37 ملیۆن و 139 هەزار و 519) کەس، لەو ڕێژەیەش (5 ملیۆن و 755 هەزار و 43) کەسیان لە هەرێمی کوردستانن، هەر بەپێی ئامارەکان زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی عێراق بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان لەساڵی 2009 بۆ 2013 ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەمام لە پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە؛
- پارێزگای هەولێر؛ 2 ملیۆن و 659 هەزار و 272 نەمام.
- پارێزگای سلێمانی؛ 5 ملیۆن و 246 هەزار و 317 نەمام.
- پارێزگای دهۆک؛ 2 ملیۆن و 855 هەزار و 404 نەمام.
- ئیدارەی گەرمیان؛ 532 هەزار و 804 نەمام.
ئامارەکانی بەرهەم هێنان و دابەش کردنی نەمام بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
دابەشکردنی نەمام بێ بەرامبەر بۆ فەرمانگە حکومییەکان و ڕێکخراوەکان بەم شێوەیە بووە؛
- هەولێر؛ ملیۆنێک و 612 هەزار و 410
- سلێمانی؛ 2 ملیۆن و 902 هەزار و 672
- دهۆک؛ ملیۆنێک و 425 هەزار و 56
- گەرمیان؛ 268 هەزار و 10
- کۆی گشتی دابەشکراو؛ 6 ملیۆن و 308 هەزار و 148
بەپێی ئەو خشتانەی دەست کەوتوون ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەمامی باخداری و سێبەر لە نەمامگە حکومییەکان بەم شێوەیە بووە؛
- ساڵی 2014؛ ملیۆنێک و 29 هەزار و 126 باخداری
- ساڵی 2015؛ 736 هەزار و 291 باخداری.
- ساڵی 2015؛ 633 هەزار و 730 سێبەر.
- ساڵی 2016؛ 530 هەزار و 348 باخداری
- ساڵی 2016؛ 582 هەزار و 895 سێبەر
- ساڵی 2017؛ 665 هەزار و 979 باخداری
- ساڵی 2017؛ 581 هەزار و 158 سێبەر
- ساڵی 2018؛ 443 هەزار و 795 باخداری
- ساڵی 2018؛ 532 هەزار و 186 سێبەر
- ساڵی 2019؛ 314 هەزار و 759 باخداری
- ساڵی 2019؛ 628 هەزار و 814 سێبەر
ناو و ناونیشانی نەمامگەی تایبەت بە (باخداری) حکومییەکان لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
نەمامگەكانی دارستان؛ (14) نەمامگەیە، بەجۆرێک؛
• پارێزگای هەولێر
- نەمامگەی دارستانی هەولێری ناوەند
- نەمامگەی دارستانی كۆیە.
• ئیدارەی سۆران
- نەمامگەی دارستانی بەرزێوە
• پارێزگای سلێمانی
- نەمامگەی دارستانی سەرچنار
- نەمامگەی دارستانی دەربەندیخان
- نەمامگەی دارستانی بانی مەقان/ چەمچەماڵ
- نەمامگەی دارستانی دوكان.
• پارێزگای دهۆك
- نەمامگەی دارستانی ئاكرێ
- نەمامگەی دارستانی مالطا
• ئیدارەی زاخۆ
- نەمامگەی دارستانی زاخۆ
• پارێزگای هەڵەبجە
- نەمامگەی دارستانی سیروان
• ئیدارەی ڕاپەڕین
- نەمامگەی دارستانی شازاد صائب.
• ئیدارەی گەرمیان
- نەمامگەی دارستانی كفری
- |نەمامگەی دارستانی كەلار
نەمامگەكانی باخداری؛ (16) نەمامگەیە، بەجۆرێک؛
- نەمامگەی باخداری گۆلان
- نەمامگەی دایكانەی بێستانە
- نەمامگەی زەیتونی خەبات
- هەولێر نەمامگەی باخداری كۆری
- نەمامگەی باخداری هەریر
- نەمامگەی باخداری كۆیە
- نەمامگەی باخداری سەرچنار
- نەمامگەی باخداری بازیان
- نەمامگەی باخداری ناڵپارێز
- نەمامگەی باخداری كانی پانكە
- نەمامگەی باخداری بەكرەجۆ
- نەمامگەی باخداری ئاكرێ
- نەمامگەی باخداری زاخۆ
- نەمامگەی باخداری مالطا
- نەمامگەی باخداری سیروان
- نەمامگەی باخداری كەلار.
هەرێمی کوردستان، هەڵمەتی چاندنی ملیۆنان نەمام و ڕۆڵی نەمامگە حکومییەکان
بەپێی ئامارێک تەنها لە کابینەی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵەح، لە ماوەی دوو ساڵدا بڕی (7 ملیۆن) نەمام ڕوێنراوە و بێ بەرامبەر دراون بە خەڵکی.
هەڵمەتی ڕوواندنی دوو ملیۆن نەمام
له بەرواری (7_11_2010) وەرزی چاندنی نەمام بۆ ساڵی (2010_2011) هەڵمهتێكی نەمام ڕواندن ئەنجام درا لەسەر تاسەری هەرێمی کوردستان، بە چاودێری د.بەرهەم ئەحمەد ساڵەح، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بە پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەشێک لە وەزارەتەکانی تری حکومەت و پشتیوانی ڕێکخراوە ژینگەییەکان. لەو هەڵمەتەدا بڕی (2 ملیۆن و 301 هەزار و 593) نەمام چاندراون و دابەشکران.
سەرەتای پڕۆژەکە لە دارستانی کەسنەران، لە بەرواری7_11_2010 بەچاندنی (1600) نەمامی زەیتوون بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت دەستی پێکرد.
هەڵمەتی دووەم، لە ژێر ناوی(چاندنی پێنج ملیۆن نەمام) لە 2011/11/29 دەستی پێکرد و لە کۆتایی ساڵی 2012 کۆتایی پێهات.
لەو هەڵمەتە بڕی (2,087,802) نەمام چاندرا و دابەشکرا بەسەر فەرمانگەكانی فەرمی حکومەتی هەرێم و هاوڵاتیان و جوتیاران، سەرەتای هەڵمەتەکە لە شارۆچکەی قەزای (مەخمور) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە ڕۆژی 29/11/2011 هەڵمەتەکە ڕاگەیەندراو دەستی بە کارکردن کرد بە ئامادەبوونی خودی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
توانای نەمامگە حکومییەکان بۆ پڕکردنەوەی داواکاری ناوخۆیی
لە سەرەتای دروستکردنی نەمامگەکان لە کۆتایی ساڵی نەوەدەکان لەلایەن ڕێکخراوی فاو، بەپێی جوگرافیای کوردستان نەمامگەکان دابەشکران. بە ووتەی حوسێن حەمە کەریم بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەو کات نەمامگە حکومییەکان پێویست بوون بۆ شار و شارۆچکەکان لەبەر ئەوەی نەمامگەی ئەهلی بوونیان نەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری نەمامگە ئەهلییەکان، ئەو شێوازە گۆڕاوە کە پێشتر بیرمان لێدەکردەوە، من خۆم خاوەنی بیرۆکەی ئەوە بووم بەشێک لە نەمامگە حکومییەکان بدرێ بە کەرتی تایبەت بەڵام لەژێر چاودێری وەزارەت و بەپێی کۆمەڵی مەرج، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا نەمامگە حکومییەکان هیچ بودجە و پارەیەکی دیاری کراویان نیە.
هەڵکەوت عەبدوولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەرنامەی لەگەڵ ڕەنج، ئاماژە بەوە دەکات، لەو 30 نەمامگەیەی وەزارەتی کشتوکاڵ هەیەتی، نەیاتوانیوە وەکو پێویست سوودی لێببینن.
30 نەمامگەی حکومی هەیە ناتوانین بیاندەینە کرێ، ناشتوانین وەکو پێویست کاریان تێدا بکەین ئەمەش پەیوەندی بە کەمی مووچە و خانەنشین بوونی بەشێک لە فەرمانبەرانەوە هەیە.
سەرەڕای گرفتەکان ئاماژەی بەوە کرد، وەبەرهێنانی بواری کشتوکاڵی لە 2% بۆ 10% بەرزبووەتەوە، "ئێمە وەک وەزارەت دەخوازین وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ زۆر بێت، دەرگامان بۆ هەموو ئەوانە ئاوەڵایە کە وەبەرهێنان لە بوارێکی کشتوکاڵی دەکەن."
هەڵکەوت عەبدووڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت؛"ساڵانە (22 ملیۆن) دۆلاری کوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی نەمام و داری جوانکاری، ئەو ژمارەیەش لەوەوە هاتووە لە پێنج ساڵدا (56 ملیۆن) نەمام و داری زینەمان هاوردەی هەرێمی کوردستان کردوە"
ڕۆڵی نەمامگە حکومییەکان لە درووستکردنی دارستانی دەستکرد
ڕۆڵی نەمامگە حکومییەکان لەبونیادنانی دارستانی دەستکرد لە پارێزگاکان.
- پارێزگای هەولێر، خاوەنی (27) پارک و پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری (8 هەزار و 988) دۆنم.
- پارێزگای سلێمانی، خاوەنی (35) پارک و پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری (15 هەزار و 980) دۆنم.
- پارێزگای دهۆک خاوەنی (37) پارک و پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری (8 هەزار و68) دۆنم.
- پارێزگای هەڵەبجە خاوەنی (9) پارک و پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری (هەزار و 905) دۆنم.
- ئیدارەی گەرمیان خاوەنی (6) پارک و پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری (531) دۆنم.
کۆی گشتی ڕووبەری پارک و پڕۆژەکان (35 هەزار و 472) دۆنم زەوییە.
گرنگی نەمامگەکان لە عێراق
تا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی نەمامگەکان لە عێراقدا نییە، بەڵام لە پارێزگا جۆراوجۆرەکاندا بوونیان هەیە و زۆرن. نەمامگەکان لە ناوچە کشتوکاڵییەکاندا بەربڵاون و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دابینکردنی نەمام بۆ مەبەستی کشتوکاڵی و دیزاینکردنی زەوی. نەمامگە لە نێوان نەمامگە بۆ نەمامە کشتوکاڵییەکان و نەمامگە بۆ دارخورما و دارە ڕازاوەییەکان جیاوازن.
1. دابینکردنی نەمام: نەمامگەکان ئەو نەمامە دابین دەکەن کە جووتیاران پێویستیان پێیەتی بۆ چاندنی بەرهەمی جۆراوجۆر، ئەمەش بەشدارە لە ئاسایشی خۆراک.
2. پشتگیریکردن لە کشتوکاڵی دیمەنی سروشتی: نەمامگەکان دارە ڕازاوە و دارخورما دابین دەکەن کە بۆ جوانکردنی شارەکان و پارکە گشتیەکان و ماڵەکان بەکاردەهێنرێن.
3. پشتگیریکردن لە ئابووری ناوخۆیی: نەمامگە سەرچاوەی بژێوی ژیانی زۆرێک لە خێزانەکانە و بەشدارن لە گەشەپێدانی ناوچە کشتوکاڵییەکان.
4. پاراستنی ژینگە: چاندنی نەمام بەشدارە لە باشترکردنی ژینگە و کەمکردنەوەی پیسبوون. نموونەی جۆرەکانی نەمامگە:
5. نەمامگەی دارخورما: لە ناوچەیەکی فراوانی عێراقدا دەبینرێن، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە چاندنی خورما و هەناردەکردن.
6. نەمامگەی دارە میوەکان: دابینکردنی نەمامەکانی پێویست بۆ چاندنی جۆرە جیاوازەکانی میوە، وەک بادەم و سێو و ئەوانی تر.
7. نەمامگەی دار و درەخت: دابینکردنی ئەو نەمامانەی کە بۆ جوانکردنی شار و پارکەکان بەکاردێت.
8. نەمامگەی گوڵ: دابینکردنی جۆرەها گوڵ کە بۆ ڕازاندنەوە و بۆنە و ئاهەنگەکان بەکاردێت.
ئەوەی شایانی باسە، لەم شیکارییە بۆمان دەردکەوێ، جگە لە هەندێ وەزارەت و ڕێکخراوی بیانی و ناوخۆیی، کە هەڵمەتی ملیۆنان نەمام بەڕێوەچووە، تەنها وەزارەتی کشتوکاڵ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هەڵمەتی ملیۆنان نەمام دابەشکردن و ڕواندن بەڕێوەچوونە، ئاخۆ مایەی پرسیار نیە، سەرەڕای ئەو هەڵمەتانە تاوەکو ئێستا ڕێژەی سەوزایی لە زۆرینەی شارەکان لە خوار ستانداردی جیهانییەوەن.
