سەربازە وونەکانی جەنگی سەردەم و ئاسایشی ئەلکترۆنی (هاکەری ئەخلاقی)

2025-07-29 16:41:13
ئامادەكردنی: د. قاسم حەمەخورشید
لەسەردەمی نوێی جیهانگیریدا و لە جیهانێکدا کە سیستەمی دیجیتاڵی تا دێت ئاڵۆزتر و بەیەکەوە گرێدراوتر دەبێت، ئاسایشی ئەلیکترۆنی وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین ئاستەنگەکانی بەردەم تاک و ڕێکخراو و تەنانەت وڵاتان سەرهەڵدەدات. لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستن بە زیرەکی دەستکرد و فێربوونی ئامێرە زیرەکەکان و بەکارهێنانیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، هێرشە ئەلیکترۆنیەکان چیتر تەنها هەڕەشەی هەڕەمەکی نین. هێرشە ئەلکترۆنیەکان لە ئێستادا کە ساڵی ٢٠٢٥ ە پەرەیان سەندووە بۆ هێرشی زیرەک کە توانای خۆگونجاندن و فێربوون و شاردنەوەی لەناو پێکهاتە دیجیتاڵییەکاندا هەیە بۆ چەند مانگێک و ڕەنگە ساڵانێک.
لە نێوان ئەم نوێگەریانەو دیمەنە گۆڕاوانەدا، هاککردنی ئەخلاقی (هاکی ڕەوشتدار) Ethical Hacking وەک زیرەکترین و واقیعیترین هێڵی بەرگری سەرهەڵدەدات. نەک هەر ڕێگری لە هاککردن دەکات بەڵکو بە وردی ھاوشێوەی دەکات بۆ ئاشکراکردنی لاوازییەکان پێش ئەوەی هێرشبەران ئیستغلالیان بکەن. لەگەڵ سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد، ئەم جۆرە هاککردنە ئاڵۆزتر بووە، ئێستا هاکەرە ئەخلاقییەکان هەمان ئامرازەکانی هاکەرە زیانبەخشەکان بەکاردەهێنن، بەڵام بۆ مەبەستێکی ئەخلاقی (ڕەوشتدار) وەک؛ پاراستنی داتا، ئاشکراکردنی لاوازییەکان و دۆزینەوەی گاپەکان و دروستکردنی سیستەمی پارێزراوتر، هەمیشە وەک سەربازی وون لە گۆرەپانی جەنگی سەردەمدا بەراستەوخۆ یان ناراستەوخۆ.
"هاککردنی ئەخلاقی" چییە؟
هاککەر کەسێکی شارەزایە لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری کە ئامانجەکان بەدەست دەهێنێت و کێشەکان بە ڕێگەی بەدکاریانە (ناستاندارد ؛ بەدەر لە پێوانە ئەخلاقیەکان) چارەسەر دەکات. ئەم زاراوەیە لە کولتوری باودا پەیوەست بووە بە هاکەرێکی ئاسایشەوە کەسێک کە زانیاری لەسەر بۆشاییە تەکنیکیەکان یان هەڵەو کەموکوریەکانی پرۆگرامەکان (سۆفتوێر) یان ئامێرەکان (هاردوێر) هەیە یان توانای ئیستغلالکردنی هەیە بۆ ئەوەی بچێتە ناو سیستەمی کۆمپیوتەر و سستەمەکانی بەرگی و سستەمە هێرش بەرەکان و دەستڕاگەیشتن بە داتاکان و زانیاریە بەهادارەکان. بەڵام بە واتایەکی ئەرێنی، دەتوانرێت هاککردن لەلایەن کەسایەتییە یاساییەکانەوە لە دۆخی یاساییدا کەڵکی لێ وەربگیرێت. بۆ نموونە، دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا هەندێک جار تەکنیکەکانی هاککردن بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانباران و بەرکاروهۆکارە زیانبەخشەکانی تر. ئەمەش دەتوانێت بەکارهێنانی ئامرازەکانی بێناونیشان (وەک VPN یان وێبی تاریکDark web ) لەخۆبگرێت بۆ داپۆشینی ناسنامەکانیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە و خۆیان وەک تاوانبار نیشان بدەن.
ڕەنگە "هاککردنی ئەخلاقی" هاکی بەرەوشت وەک زاراوەیەکی دژبەیەک دەرکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئامرازێکی گرنگە لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی کۆمپانیاکان و ناوەندەکانی زانیاری و تەکنەلۆژی لەم سەردەمدا. هاکەری ئەخلاقی کە بە "کڵاو سپیەکان" تەپلەسپیەکان ناسراوە، کەسێکی پسپۆڕی ئاسایشە کە ئەرکی لاسایکردنەوەی شێوازەکانی هاکەرە زیانبەخشەکانە بۆ دۆزینەوەی لاوازییەکانی سیستەمی بەرگری ڕێکخراوێک. کاتێک ئەم لاوازییانە دەدۆزرێتەوە، دەرفەتێک دەدات بە ڕێکخراوەکە کە چارەسەریان بکات پێش ئەوەی تاوانبارێکی ئەلیکترۆنی ڕاستەقینە بیانقۆزێتەوە.
هۆکارەکانی هاککردن دەتوانن زۆر بن: دامەزراندنی بەرنامەی زیانبەخش، دزین یان لەناوبردنی داتا، تێکدانی خزمەتگوزاری و زۆر شتی تر. هەروەها دەتوانرێت هاککردن بە هۆکاری ئەخلاقی ئەنجام بدرێت، وەک هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی لاوازییەکانی نەرمەکاڵا بۆ ئەوەی بتوانرێت چارەسەر بکرێن. هەروەها هاککردن دەتوانێت هەستێکی فراوانتری هەبێت بۆ هەر چارەسەرێکی دەوری بۆ کێشەیەک، یان پەرەپێدانی بەرنامەسازی و ئامێرەکان بەگشتی، و کولتوری هاکەرەکان بەکارهێنانی فراوانتری ئەم زاراوەیەی بۆ خەڵکی گشتی بڵاوکردۆتەوە تەنانەت لە دەرەوەی پیشە یان خولیای ئەلیکترۆنی (بڕوانە هاکی ژیان).
لە بنەڕەتدا هاکەرێکی ئەخلاقی هەوڵدەدات بە ڕەزامەندی پێشوەختە دزە بکاتە ناو سیستەمەکانی ڕێکخراوێکەوە، بە ئامانجی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە یان داتا بەبێ مۆڵەت. بەڵام لە پاڵنەرێکی ئەخلاقیەوە، لاوازییەکان ناقۆزنەوە و لەبری ئەوە ڕاپۆرتیان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی خۆپارێزی گونجاو بگیرێتەبەر. لەگەڵ زیادبوونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لە ئاستی جیهانیدا، پشتبەستن بەم پسپۆڕانە لە گەشەکردندایە. کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا وەک گووگڵ ڕوویان لێدەکەن. "تیمی سوور Red Team " ئەو کۆمپانیایەیە کە ئەرکی ھاوشێوەکردنی هێرشە ئەلیکترۆنیەکان و تاقیکردنەوەی کاریگەری بەرگرییەکان و پەرەپێدانی چارەسەری واقیعی یەکانن لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەم ھاوشێوەکردنانە.
لایەنە دژبەیەکەکانی دزەپێکردن (هێرشبردن بەرامبەر بەرگری)
لە کاتێکدا هاکەرە ئەخلاقییەکان بەردەوامن لە بەهێزکردنی بەرگرییە ئەلیکترۆنییەکان، خێرایی هێرشە زیانبەخشەکان خێراتر دەبێت. ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمپانیای Check Point Software ئاشکرای کردووە کە ژمارەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بە ڕێژەی ٤٤% لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە. ئەم هێرشانە تەنها لە سەرئاستی تاکە کەسان یان کۆمپانیاکاندا سنووردار نین، بەڵکو لەلایەن ئەکتەرە ئاڵۆزەکانەوە ئەنجام دەدرێن، لە باندەکانی فدیەو و باندە جیاوازەکانی بواری سیخوری تا دەگاتە لایەنە پاڵپشتیکراوەکانی دەوڵەت، کە تەکنیکە پێشکەوتووەکان بەکاردەهێنن بۆ هاککردنی سیستەمەکان و دزینی داتا، یان چاندنی بەرنامەی زیانبەخش، ئەمەش زیانێکی بەرچاوی ماددی یان مەعنەوییان پێدەگەیەنێت.
لە بەرامبەردا هاکەرە ئەخلاقییەکان بە هەمان زانیاری چەکدارن، بەڵام بە مەبەستی پێچەوانە. بەهۆی توانای بەرجەستەکردنی بیرکردنەوەی هێرشبەرێکەوە، دەتوانن ئەو لاوازییانە بدۆزنەوە کە لە ڕێگەی سکانکردنی تەقلیدییەوە دەستنیشان ناکرێت، ئەمەش وایان لێدەکات ببێتە توخمێکی سەرەکی لە هەر ستراتیژییەکی پێشکەوتووی ئەمنیدا.
هۆکارەکانی پێویستمان بە "هاککردنی ئەخلاقی" بەتایبەت لەم سەردەمەدا
پێویستی "هاککردنی ئەخلاقی" چیتر تەنها بژاردەیەکی ستراتیژی نییە؛ بەڵکو بووەتە پێویستییەک کە سروشتی سەردەمی دیجیتاڵی خێراتر سەپاندوێتی. لە ساڵی ٢٠١٥ ا ئەم گرنگییە زیاتر دەرکەوت بەهۆی زیادبوونی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا، لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای شێوازەکانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی. بڕوانە ئەم لینکە ..
لە کاتێکدا هاکەرەکان و تاوانبارانی ئەلیکترۆنی بەردەوامن لە پەرەپێدانی تەکنیکە نوێیەکان بۆ ئیستغلالکردنی لاوازییە ئەمنییەکان، جا چ بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هەستیار بەبێ مۆڵەت، پەکخستنی خزمەتگوزارییەکان، یان ئەنجامدانی تاوانی دارایی، هاکەرە ئەخلاقییەکان وەک هێڵێکی بەرگری چالاکانە سەریان هەڵداوە، پێش ئەوەی ئەم لاوازییانە دەستنیشان بکەن و چارەسەریان بکەن پێش ئەوەی لەلایەن ئەکتەرە زیانبەخشەکانەوە بقۆزرێنەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەڵگرتنی هەور و ئامێرە بەستراوەکانی ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، زانیارییەکانی تاک و ڕێکخراوەکان زیاتر بەرەوڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە. بۆیە هاکەرە ئەخلاقییەکان هەڵسەنگاندنی ئاسایشی گشتگیر و تاقیکردنەوەی توندی چوونە ژوورەوە ئەنجام دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی لاوازییەکان، ئەمەش ڕێکخراوەکان دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگرییەکانیان بەهێز بکەن. لە ئاستی ژێرخانی ئابووریدا، هاککردنی ئەخلاقی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دڵنیابوون لە سەلامەتی کەرتە گرنگەکان، وەک تۆڕەکانی وزە، گواستنەوە، دامەزراوە داراییەکان و سیستەمی چاودێری تەندروستی، کە تادێت بەیەکەوە گرێدراون، ئەمەش وایکردووە ببنە ئامانجی سەرنجڕاکێش بۆ هێرشەکان. بە وەهمییکردنی هەڕەشەکانی ژیانی ڕاستەقینە، هاکەرە ئەخلاقییەکان دەتوانن لاوازییەکان ئاشکرا بکەن و بەشداری بکەن لە پەرەپێدانی ڕێوشوێنی خۆپارێزی کە ڕێگری لە کارەساتەکان دەکەن.
جگە لەوەش، هاککردنی ئەخلاقی بەشدارە لە بەرزکردنەوەی متمانە بە فەزای دیجیتاڵی، چونکە تاک و ڕێکخراوەکان زیاتر ئامادە دەبن بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە ئۆنلاینەکاندا کاتێک هەست بە سەلامەتی دەکەن. ئەمەش بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی هاکەرە ئەخلاقییەکانەوەیە، کە کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی لاوازییەکان و هاوکاری لەگەڵ گەشەپێدەران و بەڕێوەبەرانی سیستەم دەکەن بۆ چاککردنیان، دڵنیابوون لەوەی سیستەمەکان خۆڕاگرن بەرامبەر هێرشە ئاڵۆزەکان. بە کورتی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە ئاسایشی زانیاری و پاراستنی ژێرخانی و متمانەی دیجیتاڵی بەبێ هاککردنی ئەخلاقی پێشکەوتوو و کاریگەر مسۆگەر نابێت. بڕوانە ئەم بەستەرە:
ئەرکی هاکەرێکی ئەخلاقی چی یە؟
هاکەری ئەخلاقی بریتییە لە پسپۆڕێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە لێهاتوویی و زانیارییەکانیان بەکاردەهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی لاوازی و لاوازییەکانی سیستەمی کۆمپیوتەر و تۆڕ و نەرمەئەفزارەکان.
ئەمانەی خوارەوە گرنگترین ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانن کە هاکەرێکی ئەخلاقی ئەنجامی دەدات:
دەستنیشانکردنی لاوازییە ئەمنییەکان، بە گەڕانی چالاکانە بۆ لاوازییەکان لە سیستەم و تۆڕ و بەرنامەکاندا، بەکارهێنانی ئامراز و تەکنیکەکانی هاککردنی ئەخلاقی بۆ ھاوشێوەکردنی هێرشی ڕاستەقینە و ئاشکراکردنی لاوازییە ئەگەرییەکان.
تاقیکردنەوەی کاری دزەکردن Penetration Testing: ئەمەش بریتییە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی ئاستی ئاسایش، بە ئیستغلالکردنی لاوازییەکان بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، کە ڕێگە بە پێوانەکردنی کاریگەریی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئێستا دەدات.
هەڵسەنگاندنی لاوازی Vulnerability Assessment: جگە لە تاقیکردنەوەکانی چوونە ژوورەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر ئەنجام دەدرێت بۆ دیاریکردنی نەرمەکاڵا بەسەرچووەکان، ڕێکخستنە هەڵەکان، یان وشەی نهێنی لاواز، بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم لاوازییانە پێش ئەوەی ئیستغلال بکرێن.
وردبینیکردنی ئاسایشی Security Auditing : ئەمە پێداچوونەوە بە سیاسەت و پراکتیکەکانی ئاسایشی ڕێکخراوەکە دەکات، پابەندبوونیان بە ستانداردە ڕێکخراوەییەکان و باشترین پراکتیزەکان پشتڕاست دەکاتەوە، و پاشان پێشنیارەکان دەدات بۆ باشترکردنی دۆخی ئاسایشی گشتی.
ڕاهێنانی هۆشیاری ئاسایشی، کە بەشدارە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری کارمەندان لە هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان لە ڕێگەی ڕێکخستنی خولی ڕاهێنان و هەڵمەتی هۆشیاری کە گرنگی بە مەترسییەکانی وەک فیشینگ، ئەندازیاری کۆمەڵایەتی، و بەرنامە زیانبەخشەکان دەدەن.
وەڵامدانەوەی ڕووداوەکە: لە ئەگەری پێشێلکارییەکی ئەمنی، هاکەری ئەخلاقی بەشداری لە هەوڵەکانی وەڵامدانەوە دەکات، لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی مەودای ڕووداوەکە، بەشداری دەکات لە پاراستنی سیستەمی زیانلێکەوتوو، و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکە.
توێژینەوە و پەرەپێدانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی: بەردەوام بوون لەگەڵ نوێترین ڕەوتەکانی تەکنیک و شێوازەکانی هاککردن، و بەردەوام لێکۆڵینەوە لە هەڕەشە سەرهەڵداوەکان بۆ پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە و کاریگەر بۆ بەرپەرچدانەوەیان.
ڕاپۆرتکردن و دۆکومێنتاری: تیمەکانی هاکەری ئەخلاقی بە وردی ئەنجامی کارەکانی بەڵگە دەکات، لەوانەش ئەو لاوازیانەی کە دۆزراونەتەوە، ئامرازەکانی بەکارهێنراو و پێشنیارەکانی پێشکەشکراو، بۆ ئەوەی یارمەتی ڕێکخراوەکان بدات لە لاوازییەکان تێبگەن و ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر.
پابەندبوونی ئەخلاقی : تیمەکە پابەندە بە کۆدێکی توندی ئەخلاق کە یاسایی و نهێنی هەموو چالاکییەکانی مسۆگەر دەکات. بەبێ مۆڵەتی فەرمی هیچ تاقیکردنەوەیەک ئەنجام نادات، بۆ دڵنیابوون لە نهێنی ڕێکخراوەکە و پاراستنی زانیاریەکانیان.
چۆن ببیتە هاکەرێکی ئەخلاقی پیشەیی؟
زۆرجار بەشداربوانی خولەکانی تەکنەلۆژیای زانیاریەکان ئەم پرسیارە دەکەن : ئایا دەتوانم هاککردنی ئەخلاقی فێرببم ؟ وەڵامەکە بەڵێیە.
هاکەرێکی ئەخلاقی تواناکانی کۆمپیوتەری خۆی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستن و بیمەی سیستەمە دجیتەڵیەکان لە بەرامبەر هەڕەشەکان. ئەگەر دەتەوێت کارێکی سەرکەوتوو لە هاککردنی ئەخلاقیدا بەدەستبهێنیت، پێویستە بزانیت کە ئەم پیشەیە پشت بە خاوەندارێتی کۆمەڵێک کارامەیی و زانیاری دەبەستێت کە پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی لاوازییە ئەمنییەکان لە سیستەمی تەکنەلۆجیای زانیاریەکانداو چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقی.
ئەم کارامەییانە بەسەر دوو جۆری بنەڕەتیدا دابەش دەکرێن: کارامەیی تەکنیکی و کارامەیی کەسی، کە هەردووکیان پێویستن بۆ سەرکەوتن لەم بوارەدا.
یەکەم: کارامەیی تەکنیکی سەرەتایی
1- رایەڵەکردن Networking: تێگەیشتن لە پێکهاتەی تۆڕکردن یان ڕایەڵەکردن زۆر گرنگە، لەوانە ئایپی (ئنتەرنێت پرۆتۆکۆل) ناونیشان یان ژمارەی IP و پرۆتۆکۆڵی TCP/IP و ڕاوتەر Routers و سویچ (نۆرەکرد) Switches و دیواری ئاگرین Firewalls. هاکەرێکی ئەخلاقی دەبێت بتوانێت ترافیکی داتاکان شی بکاتەوە و خاڵە ئەگەرییەکانی چوونە ژوورەوە بدۆزێتەوە.
2- پرۆگرامسازی Programming: شارەزایی لە زمانەکانی وەک جاڤا Java، سی ++C، پایثۆن Python، یان زمانەکانی سکریپت وەک پاوەرشێڵ PowerShell. گرنگە بۆ پەرەپێدانی ئامرازە تایبەتەکان، ئەنجامدانی فرسەتهێنان و ئستغلال کردن، یان ئۆتۆماتیکیکردنی تاقیکردنەوەی ئاسایش.
3- کریپتۆگرافی وجفرەکردن Cryptography: زانین و شارەزایی بون لە ئەلگۆریتمەکانی کۆدکردن، پرۆتۆکۆڵی پارێزراو، و واژۆی دیجیتاڵی؛ پێویستە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی پاراستنی داتا و دیاریکردنی بۆشاییەکان لە تەکنەلۆژیاکانی کۆدکردندا.
4- هەڵسەنگاندنی لاوازی و تاقیکردنەوەی دزەکردن (VAPT) Vulnerability Assessment and Penetration Testing-VAPT: هاکەرێکی ئەخلاقی دەبێت شارەزا بێت لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی دزەکردن و شیکردنەوەی ئەنجامەکانیان، بۆ دەستنیشانکردنی لاوازییەکان و پەرەپێدانی پێشنیاری گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان.
5- ئاسایشی ڕایڵەو تۆڕە بێ سیمەکان (بێ وایەر- هەوایی) Wireless Security: زۆر گرنگە هاکەرێکی ئەخلاقی ئاشنا بێت بە پرۆتۆکۆلەکانی وەک WPA و WPA2، هەروەها تێبگات لە چۆنیەتی شیکردنەوەی پاکەتەکان و پاراستنی تۆڕە بێ وایەرەکان لە بەرامبەر هاککردندا.
6- وەڵامدانەوەی ڕووداوەکان و پشکێنەری دادی دجتەڵی Incident Response and Forensics: پێویستە هاکەری ئەخلاقی بنەماکانی شیکردنەوەی تۆمارەکان و پاراستنی بەڵگەکان و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوە ئەمنییەکان بزانێت بۆ دەستنیشانکردنی ڕەگ و ڕیشەیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.
دووەم: کارامەیی کەسی (مرۆیی) پێویست
1- چارەسەرکردنی کێشەکان: توانای شیکردنەوەی سیستەمەکان، دۆزینەوەی لاوازییەکان، و دیزاینکردنی چارەسەری داهێنەرانە، هاکەرێکی ئەخلاقی دەکاتە لێکۆڵەرێکی دیجیتاڵی لێهاتوو.
2- بیرکردنەوەی ڕەخنەیی: بیرکردنەوەی ڕەخنەیی یارمەتیدەرە لە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و دانانی ئەولەویەتەکان و بڕیاردانی ئاگادارانە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە ئەگەرییەکان.
3- خۆهەڵقورتاندن (ئارەزوی دەمتێوەردان) کنجکۆڵ: ڕۆحی کنجکۆڵکردن و خۆهەڵقورتاندن هاکەری ئەخلاقی پاڵدەنێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و فێربوونی شێوازی هێرشی نوێ، و بەردەوام فێربوونی ئامرازە مۆدێرنەکان.
4- بیرکردنەوەی ئەخلاقی : هاکەری ئەخلاقی هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی هەیە و لێهاتووییەکانی بۆ خزمەتکردنی چاکەی گشتی بەکاردەهێنێت، هاوکات پابەندی یاسا و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی.
5- شارەزایی پەیوەندیکردن: توانای سادەکردنی چەمکە تەکنیکیەکان و خستنەڕووی ڕاسپاردەکان بە ڕوونی بۆ تیمە تەکنیکی یان بەڕێوەبردنەکان زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتووانە جێبەجێکردنی چارەسەرە ئەمنییەکان.
6- خۆگونجاندن: بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی هەمیشە گۆڕاوی بوارەکە، بەردەوام بوون لەگەڵ پێشهاتەکان و گونجاندن لەگەڵ کەرەستەی نوێ و هەڕەشەکان زۆر گرنگە بۆ مانەوە لە پێشەوە.
بە کورتی، بوون بە هاکەرێکی ئەخلاقی نەک تەنها پێویستی بە شارەزابوون لە ئامرازە تەکنیکییەکان هەیە، بەڵکو پێویستی بە وەرگرتنی بیرکردنەوەیەکی کنجکۆڵی و خۆهەڵقورتاندن و بەرپرسیار و یەکگرتوو هەیە. گەشتێکی بەردەوامی فێربوون و گەشەکردنە، لە بنەڕەتەوە دەست پێدەکات و هەرگیز کۆتایی نایەت.
دەرفەتەکانی کار بۆ هەکەری ئەخلاقی
وەک دەرچوەیەکی یەکێک لە کۆلیژەکانی بواری سستەمەکانی زانیاری و تەکنەلۆژیای سەردەم یان بەدەستهێنانی بڕوانامە یان خود فێرکردن لە بواری هاکی ئەخلاقیدا، ئەو پرسیارە دێت بە بیرتدا کە پرسیار دەکەیت دوای فێربوونی کارامەییەکان و بەدەستهێنانی بڕوانامە چاوەڕوانی چی دەکەیت، لێرەدا چەند کارێکی دیار دەخەینەڕوو کە دەتوانیت وەک پیشەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەدوایدا بگەڕێیت:
تاقیکەرەوەی دزەکردن (تێپەڕکردن) Penetration Tester: تاقیکەرەوەکانی دزەکردن و تێپەڕکردنی هێرشی ئەلیکترۆنی ھاوشێوە دەکەن بۆ دیاریکردنی لاوازییەکان لە سیستەمی کۆمپیوتەر و تۆڕ و بەرنامەکاندا. ئەوان ڕێوشوێنە ئەمنییەکان هەڵدەسەنگێنن و پێشنیار بۆ باشترکردن دەکەن.
ڕاوێژکاری ئاسایش Security Consultant: ڕاوێژکارانی ئاسایش لەگەڵ ڕێکخراوەکان کاردەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی خۆیان، پەرەپێدانی ستراتیژییەکانی پاراستن و جێبەجێکردنی چوارچێوەی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی مەترسیەکان.
شیکارکەری ئاسایش Security Analyst: شیکارانی ئاسایش چاودێری سیستەمەکان دەکەن بۆ پێشێلکاری یان چالاکیی گوماناوی، و ستراتیژییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش دادەڕێژن.
وەڵامدەرەوەی ڕووداوەکان Incident Responder: بەرپرسیارە لە وەڵامدانەوەی خێرا بۆ ڕووداوە ئەمنییەکان، لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان، و باشترکردنی ڕێوشوێنەکانی داهاتوو.
ئەندازیاری ئاسایش Security Engineer: دیزاین و جێبەجێکردنی سیستەم و تۆڕە پارێزراوەکان و پەرەپێدانی پرۆتۆکۆڵی ئاسایش و ئامادەکردنی ژێرخانەکان بۆ ئەوەی بەرگریان هەبێت لە بەرامبەر هەڕەشەکان.
شارەزای جفرەکردن (کۆدین) کریپتۆگرافەر Cryptographer : تایبەتمەندە لە دیزاینکردن و جێبەجێکردنی سیستەمی کۆدکردن بۆ پاراستنی داتا و دڵنیابوون لە نهێنی و یەکپارچەیی.
تەلارسازێکی ئاسایش Security Architect : تەلارسازییەکی ئاسایشی گشتگیر بۆ ڕێکخراوەکە دیزاین دەکات، لەوانەش سیاسەت و ژێرخان و ڕێوشوێنی خۆپارێزی.
هەڵسەنگێنەری لاوازیەکان Vulnerability Assessor: ئامرازەکانی شیکاری بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی لاوازییە ئەمنییەکان و دابینکردنی چارەسەر بۆ چاککردنیان پێش ئەوەی لەلایەن لایەنە زیانبەخشەکانەوە بقۆزرێنەوە.
وردبینیکەری ئاسایش Security Auditor: پێداچوونەوە بە سیاسەت و ڕێکارەکانی ئاسایش دەکات و پابەندبوونی ڕێکخراوەکە بە ستاندارد و ڕێساکانی ئاسایش هەڵدەسەنگێنێت.
• توێژەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی Cybersecurity Researcher: بەدواداچوون و توێژینەوە بۆ هەڕەشە مۆدێرنەکان دەکات، چارەسەری داهێنەرانە پەرەپێدەدات بۆ پاراستن لە بەرامبەریان، هەروەها بەشداری دەکات لە پەرەپێدانی زانیاری گشتی لەو بوارەدا.
داهاتووی هاککردنی ئەخلاقی بەرەو کوێ ؟
داهاتووی هاککردنی ئەخلاقی زۆر ئومێدبەخشە، لەگەڵ بەردەوامبوونی خواست لەسەر کەسانی پیشەیی لەم بوارەدا. چەند هۆکارێک لە پشت ئەم ڕەوتە خێراترەوەن، دیارترینیان زیادبوونی وردبینی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانە. ئێستا هاکەرەکان خاوەنی کارامەیی و تەکنیکە پێشکەوتووەکانن کە توانای ئەوەیان پێدەدات بە شێوەیەک کە پێشتر مەحاڵ بوو، لاوازییەکان بقۆزنەوە. ئەمەش وا دەکات کە هەبوونی هاکەری ئەخلاقی لێهاتوو شتێکی بنەڕەتی بێت بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی لاوازییەکان پێش ئەوەی بقۆزرێنەوە. هۆکارێکی دیکە کە پێویستی ئەم پسپۆڕییە دەباتە پێشەوە، ئاڵۆزی تەلارسازی ئایتی مۆدێرن. تا سیستەمەکان هەمەچەشنتر و بەیەکەوە گرێدراوتر بن، دڵنیابوونیان قورستر دەبێت، ئەمەش گرنگی ئەو پسپۆڕانە زیاتر دەکات کە توانای وێرانکردن و بەهێزکردنی ئەم ئاڵۆزیانەیان هەیە.
دیارترین ئەو بوارنەی کە لە داهاتوودا هۆکارە بۆ ئەوەی هاکەرە ئەخلاقییەکان خواستیان زیاتر بێت:
• ئاسایشی هەورەناوەند Cloud Security: لەگەڵ گۆرینی ناوەندی هەڵگرتنی زانیاریەکان لەلایەن کۆمپانیاکان بەگشتی بۆ هەوەرناوەندی زانیاریەکان، بەمەبەستی بەڕێوەبردنی بەرنامەکانیان، ئەوا پێویستی بە کەسانی پیشەیی کە بتوانن ئەم ژینگە داینامیکیانە لە هێرشە پێشکەوتووەکان بپارێزن لە زیادبووندایە.
• ئاسایشی ئینتەرنێتی شتەکان (شتەنێت) (IoT): مەودای ئامێرە زیرەکەکانی پەیوەستکراو فراوانتر دەبێت، دەرگایەکی فراوان بەڕووی هەڕەشەکاندا دەکاتەوە. ئەمەش خواست لەسەر هاکەرە ئەخلاقییەکان زیاد دەکات بۆ پاراستنی ئەم ئامێرانە و ئەو ژێرخانانەی کە پشتگیریان دەکەن.
• جەنگی ئەلیکترۆنی Cyberwarfare : لەگەڵ زیادبوونی گرژییە دیجیتاڵییەکان لە نێوان ووڵاتان و گەلان و یەکەکاندا، پێشبینی دەکرێت پشتبەستن بە هاکەرە ئەخلاقییەکان زیاد بکات بۆ پاراستنی ژێرخانی نیشتمانی و بەرگریکردن لە هێرشە ڕێکخراوەکان.
ئەگەر ئامادە بیت هەوڵەکانت بدەیت، پیشەیەک لە هاککردنی ئەخلاقیدا دەتوانێت ورووژێنەر و پاداشت بەخش بێت. تۆ لێهاتووییەکانت بەکاردەهێنیت بۆ پاراستنی تاک و ڕێکخراوەکان لە هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان، کارکردن لەگەڵ نوێترین تەکنەلۆژیاکان، و دروستکردنی جیاوازییەکی ڕاستەقینە لە جیهانێکدا کە زیاتر لە جاران بە شێوەیەکی دیجیتاڵی بەیەکەوە دەبەسترێتەوە.
لەگەڵ گەشەکردنی هەڕەشە دیجیتاڵییەکان و پەرەسەندنی ئامرازەکانی هێرشکردن، هاککردنی ئەخلاقی وەک بەردی بناغەی هەر ستراتیژییەکی ئەمنی کاریگەر دەمێنێتەوە. هاکەرێکی ئەخلاقی بە ترسەوە ڕووبەڕووی هاکەرەکان نابێتەوە، بەڵکو بە زانین ڕووبەڕووی هاکەرەکان دەبێتەوە و بەدوای لەناوچوون ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای پاراستندایە.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا جیهانی دیجیتاڵی تەنها لە سایەی ئەم "سەربازە نەناسراوانە" لە پشت شاشەکانەوە پارێزراو دەبێت، کە بە ئەخلاق ڕێنمایی دەکرێن و ویژدان سەرکردایەتیان دەکات.
بەستەرە ئەکادمیەکانی تایبەت بە توێژەر
https://orcid.org/0000-0002-2684-5007
https://scholar.google.com.my/citations?user=RQ2UmScAAAAJ&hl=en
