كۆبوونەوەی حكومەت و رونكردنەوەكەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە

2025-08-01 11:11:27
(درەو):
لە كۆبوونەوەی رۆژی چوار شەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە باسی موچەی مانگی شەش و حەوت كراو دانا عەبدولكەریم موداخەلەی كرد و ئامانج رەحیم وەڵامی دایەوە، سەرۆكی حكومەت وتی"بەپێی بڕی نەوتی بەرهەمهێندراوی هەرێم، بڕی نەوت رادەستی بەغداد دەكەین؛ ئێستا (120) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت (50) هەزاری بۆ ناوخۆ و (70) هەزار بەرمیلی رادەستی (سۆمۆ) دەكەین.
(درەو) پێشتر بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا (دانا عەبدولكەریم) وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "زەمانەت چیە ئێمە 120 ملیار دینارەكە بنێرین، بەغداد موچەی مانگی حوزەیران بنێرێت"؛ بەڵام وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت:" ئەو هەواڵەی درەو بڵاویكردووەتەوە سەرلەبەری ناڕاستەو چەواشەكارییە".
(درەو) بە پاڵپشت بەسەرچاوەكانی ناو ئەنجومەنی وەزیران، ئەو هەواڵەی بڵاوكردووەتەوە، بەڵام بۆ دڵنیابون جارێكی تر لەگەڵ چەند بەرپرسێكی بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران قسەی كردەوەو دڵنیابووەوە لە راستی و دروستی زانیارییەكانی، بەوەی لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە باسی رادەستكردنی بڕی (120) ملیار دینارو موچەی مانگی شەش و حەوتی موچەخۆراندا، چەندین وەزیر موداخەلەیان كردووە، لە كاتی گفتوگۆكان و موداخەلەی وەزیرەكاندا (دانا عەبدولكەریم) قسەی لەسەر بابەتەكە كردووەو وتی:" ئێمە رێككەوتنمان كردووە بۆ هەردوو مانگی ئایارو حوزەیران بڕیار بوو 240 ملیار دینار واتا دوو 120 ملیار دیناری ناوخۆ بنێرین، بۆچی ئێستا كێشەی تێكەوتووە، ئەگەر ئێستا ئەم 120 ملیارە بنێرین زەمانەت چیە بەغداد موچەكە دەنێرێت. ئێمە بۆ جارێ بینێرین تا زەمانەتەكە نەبێت، ئەی بڕیار نەبوو موچەی مانگی ئایارو حوزەیران پێكەوە بێت و كێشەی نەبێت؟. د. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەڵامی پرسیارو موداخەلەكەی دانا عەبدولكەریمی داوەتەوەو رایگەیاندووە:"ئێمە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لێكتێگەیشتنەكەمان ئیمزا كردو ناردمان بۆ بەغداد، بەڵام بەغداد دەستكاری دوو بڕگەیان كردووە: یەكێكیان ئەوە بوو مەرجی رادەستكردنی نەوتیان دانا بوو واتا هەتا نەوت رادەست نەكرێت بە (سۆمۆ) موچە نانێرن، ئەوەی دووەمیش: مانگی حوزەیرانی لێدەركرابوو تەنیا نوسیوبیان موچەی مانگی ئایار.
(درەو) پاڵپشت بە زانیاری و قسەكردنی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ناو كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران ئەو هەواڵەی بڵاوكردووەتەوە، جێگەی سەرەنجە وەزیری ئاوەدانكردنەوە حاشای لە قسەكانی خۆی دەكات.
لە كۆبوونەوەی پێشتری ئەنجومەنی وەزیرانیش چەندین وەزیری حكومەتی هەرێم باسی زەمانەتی ناردنی 120 ملیارەكەیان كردو زۆربەیان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە ئەگەر ئێمە 120 ملیارەكەمان ناردوو بەغداد نەینارد ئیتر هیچ بڕە پارەیەكمان لەبەردەست نامێنێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا لە باسی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەكانەوەو ئاماژەی بەوە كردووە، لە ئێستادا هەرێم رۆژانە (120) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت (50) هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆیەو ئەتوانین (70) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكەین. هەندێك لە وەزیرەكانی لە كاتی موداخەلەكاندا جەختیان لەسەر ئەوە كردوووەتەوە" ئەو نەوتەی رادەستی بەغداد دەكرێت، دەبێت دەستی هەرێمی كوردستانی تێدا بێت، بەڵام مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە نەوتەكە رادەستی (سۆمۆ) دەكەن و ئەوان چۆن بیانەوێت خۆیان لەوەدا ئازادن، "ئێمە هەموو بیانوویەكیان دەبڕین، ئیتر خۆیان چی لە نەوتەكە دەكەن بابیكەن".
