بەرهەم و داهاتی کێڵگەی تاوکی لە ٦ مانگی سەرەتای ٢٠٢٥ دا

2025-08-07 04:48:57
راپۆرتی: روونبین
لە شەش یەکەمی ٢٠٢٥ دا کۆی (12 ملیۆن و 311 هەزار و 833) بەرمیل نەوت لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی ( تاوکی- پیشخاپور) بەرهەم هاتوووە، نرخی بەرمیلێک نەوت بەتێکڕا بە (33) دۆلار فرۆشراوە بە بازاڕی ناوخۆ. کۆی داهاتی کێڵگەکە بریتی بووە لە (472 ملیۆن و 290 هەزار و 473 ) دۆلار. لەم بڕە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ (142 ملیۆن و 112هەزار) دۆلار داهاتیان بووە بە قازانج و خەرجیەوە. ئەوەشی بۆ حکومەت ماوەتەوە لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٥ دا بریتی بووە لە (330 ملیۆن و (178 هەزار) دۆلار
لە وێبنارێکدا کە روونبین تێیدا ئامادە بوو ئەمڕۆ بەیانی چوارشەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٥، کۆمپانیای گنێڵ ئەنێرجی راپۆرتی چالاکییەکانی هەرێمی کوردستانی لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی پول ویر CEO لەگەڵ لوک کلیمێنتس بەڕێوەبەری دارایی CEF پریزێنتەیشنێکیان پێشکەش کرد. کۆمپانیاکە لە ئێستادا تەنها لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە لە کوردستان .
پۆڵ باسی لەوەکرد " گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنانی تاوکی ئەدایەکی بەرهەمهێنانی بەهێزی پێشکەش کردووە و وەڵامگۆی بەردەوامی خواستی ناوخۆیی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دابووە. هاوشان لەگەڵ کەمکردنەوەی تێچوون لە ساڵی 2024، جوڵەی کاشی ئازادی دروست کردووە".
هەروەها وتی : ئێستا باڵانسی نەختینەمان 225 ملیۆن دۆلارە. ئەم پێگە داراییە بەهێزە وادەکات هەم نەرمی دارایی و هەم ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی سەروەت و سامانی بەرهەمهێنەری نوێ و هەمەچەشنکردنی لە ڕووی جوگرافیاوە دابین بکات، کە ئەمەش وەک پێشینەی ستراتیژی کۆمپانیاکە دەمێنێتەوە.
پۆل دەڵێت : لەماوەی دوو ڕۆژی مانگی تەمموزدا، چالاکییە نەوتییەکانی چەند کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تاوکیش یەکێک بوو لەو ناوچەی مۆڵەتانەی زیانیان بەرکەوتووە. خۆشحاڵین پشتڕاستی دەکەینەوە کە هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا ئاستی ئاگاداری ئەمنی لە کوردستان بەرزکردۆتەوە و ژمارەی کارمەندانی شوێنی کارکردن بۆ کەمترین ئاست کەمکراوەتەوە. لە ئێستادا کاریگەری هێرشەکان لە سەر چالاکییەکان هەڵدەسەنگێنرێت و پلانێکی گونجاوی بەرهەمهێنانی داهاتوو دادەڕێژێرێت، لە هەمان کاتدا بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی زیانەکان، کەمکردنەوەی تیمی کار لە کێڵگەکە، بەرزکردنەوەی پرۆتۆکۆڵەکانی سەلامەتی، و جێبەجێکردنی چاکسازییە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی تەواو. بەڕێوەبەری جێبەچێکاری گەنێڵ ئەنێرجی دەڵێت: پێشبینی دەکەین کاریگەری زیانەکان و دواکەوتنی بەرهەمهێنان لەسەر پێگەی نەختینەییمان کەم بکرێتەوە بە بەردەوامبوون لە گرنگیدان بە کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان و دابینکردنی بیمە((Insuranceبۆ ئەم جۆرە ڕووداوانە. ئێمە بەردەوامین لە پێشکەشکردنی ڕێنمایی بۆ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پوختەی کاش لە کۆتایی ساڵدا روو نەدات.
لە وێنبارەکەدا لوک باسی ئەوەیکرد کەبەڕەچاوکردنی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق و گۆڕانکارییە خێراکان ئاسان نییە پێشبینی بکەین کە کەی هێڵی بۆری هەناردەی عێراق تورکیا دەکرێتەوەو کەی رێکەوتنی تەواو دەکرێت. بەڵام وتی کە ئەوەی گەنێڵ و کۆمپانیا نەوتییە نێودوڵەتییەکان داوای دەکات روونە، ئێمە بەڵێنێکی نوسراومان دەوێت کە تیایدا مافە داراییەکانمان بە پێی ئەوگرێبەستەی هەمانە "گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم" پارێزراوبێت ولە گرێبەستەکانماندا دیاری کراوە کە پشک و شایستەکانمان چەندە و چۆن دەبێت، هەروەها ،دیاری کردنی تێچوی راستەقینەی نەوت کە ئەوەی ئێستا رێکەوتنی کاتی لەسەر کراوە تا ئەوکاتەی نرخی راستەقینە دیاری دەکرێت ١٦$ وەکو تێچوی بەرمیلێک دیاری دەکرێت کە لە راستیدا تێچووی بەرمیلێک نەوت زۆر لەوە زیاترە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پێشتر روونبین بۆ ئامادەکەری وێبنارەکەی ناردبوو سەبارەت بە زیانەکان و ئاستی ئێستای بەرهەمی تاوکی پۆل ووتی: بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە تەنکییەکی بچوکی ئەمبار لە تاوکی بەتەواوی زیانی پێ گەشتووە کە چاکناکرێتەوە، هەروەها یەکەیەکی بەرهەم هێنان لە پیشخاپور زیانی بەرکەوتووە. زیانەکان کاریگەری کەمی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان هەیە بەڵام بەهۆی هێرشەکانەوە تا ئێستا بەرهەم هێنان لە کیڵگەکە راوەستاوە، و سەبارەت بە قەرەبووی ئە زیانانە ، وتی کە بیمەمان هەیە و لە هەڵسەنگاندانین لە گەڵ کۆمپانیای بیمە تاوکو قەرەبووی زیانەکان بکەینەوە، بیمەکەمان زیانەکانی کە لە کێڵگەکە کەوتووە لەگەڵ زیانی وەستانی بەرهەمێنانی ئەوماوەیە دەگرێتەوە، بەڵام لەم قۆناغەدا ناتوانین هیچی زیاتر بڵێێن چونکە هێشتا لە ووتوێژداین .
ئاستی بەرهەمی کێڵگەی تاوکی:
کۆمپانیا گەنێڵ ئەنێرچی پشکی ٢٥٪ پشکەکانی ناوچەی گرێبەستی تاوکی هەیە ( کێڵگەی تاوکی و پیشخاپور) وە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ پشکی ٧٥٪ی هەیە لەم ناوچەی گرێبەستەدا. ئەم کێڵگەیە لەدوای خورمەڵي گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە 82,081 بووە لە کاتێکدا لە چارەکی دووەمدا ئاستی بەرهەم دابەزیەوە بۆ 74,760 بەرمیل بەمەش لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٥دا تێكڕای بەرهەمی رۆژانە 78,421 بەرمیل بووە.
پشکەکانی گەنێڵ لە کێڵگەکە 19,605بەرمیل نەوت بووە رۆژانە هەروەها پشکی دی ئێن ئۆ 58,815 بەرمیل بووە. ئاستی بەرهەم بەتێکڕا لە چارەکی دووەمدا تۆزێک کەمی کردووەئەویش بۆ ١٢ رۆژی جەنگی ئێرن ئیسرائیل دەگەرێتەوە.
بەهای بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکە کە لەبازاڕی ناوخۆدا فرۆشراوە بریتی بووە لە $33 لەکاتێکدا نرخی تێکڕای نەوتی برێنت کە پێوەرێکی جیهانییە $72دۆلاربووە ، واتە $39 دۆلار لە ژێر نرخی برێنتەوە کە دەکاتە رێژەی کەمتر لە %54 . بەهای بەرمیلێک نەوت لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ دا $34 دۆلار بووە و تێکڕای ساڵی ٢٠٢٤ بریتی بووە لە $35 . تێچوی بەرهەم هێنانی بەرمیلێک نەوت (Opex) کەمترە لە $4.
شیکردنەوەی روونبین
بەپێی شیکردنەوەکانی روونبین و لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٥ دا کۆی 14,311,833 بەرمیل نەوت لە ناوچەیگرێبەستی تاوکی ( تاوکی- پیشخاپور) بەرهەم هاتوووە نرخی بەرمیلێک نەوت بەتێکڕا بە٣٣ دۆلار فرۆشراوە بە بازاڕی ناوخۆ. کۆی داهاتی کێڵگەکە بریتی بووە لە ٤٧٢ ملیۆن و ٢٩٠ هەزار و ٤٧٣ دۆلار. لەم بڕە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ٣٥ ملیۆن و ٨٤٦ هەزار دۆلار داهاتی بووە بە قازانج و خەرجیەوە. کۆی داهاتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆش ١٠٦ ملیۆن و ٢٦٥ هەزار دۆلار بووە. ئەوەشی بۆ حکومەت ماوەتەوە لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٥ دا بریتی بووە لە ٣٣٠ ملیۆن و ١٧٨ هەزار دۆلار .
کوتەیەک لەسەر ناوچەی گرێبەستی تاوکی:
ناوچەی گرێبەستی تاوکی دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە لە هەرێمی کوردستان. پێک دێت لە هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکی و پیشخاپور. هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی ٪٧٥ و گەنێڵ ئەنێرجی تورکی ٪٢٥ ی خاوەنداری پشکەکان دەکەن لەو کێڵگەیەدا. یەکەم جار لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٠٤ دا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانای دی ئێن ئۆ DNO کرا . بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە )تاوکێ لە ساڵی ٢٠٠٧ دەستیپێکردووە و پیشخاپور لە ساڵی ٢٠١٧( بە تێکڕا بەرهەمی رۆژانە لەساڵ٢٠٢٥ دا نزیکەی ٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە.
لە ناوچەی گرێبەستی تاوکێ لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ئەمڕۆ بەهەموو جۆرەکانییەوە کۆی ٨٣ بیری نەوت لێدراوە. لە کێڵگەی تاوکی ٦٨ بیر و لە پیشخاپوریش ١٥ بیر. بەڵام لە ئێستادا ٥٢ بیر لە بەرهەم هێناندان.
لەساڵی ٢٠١٥ دا بە درێژت ٤٤ کیلۆمەتر هێڵی هەناردە تا پیشخاپور تەواو بوو. هەروەها تەواو بوونی دوو دامەزراوەی بەرهەمهێنانی نوێ لەگەڵیدا تەواو بوو. تائەوکاتە دامەزراوەی جارەسەریەکانی کە هەبوون لەکێڵگەکەدا توانای چارەسەری ١٢٠ هەزار بەمیلیان هەبوو، بە زیادبوونی یەکە نوێیکە توانای یەکەکانی چارەسەر بەرزبوویەوە بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە. • هەر لەساڵی ٢٠١٥ دا بەرهەم گەشتە ئاستی پێوانەیی ١٨٦،٠٠٠ بەرمیلی رۆژانە. لە هەمانساڵدا ١٠ بیری ئاسۆیی تر لێدرا کە بەرهەم هێنانی کرد بە دوو هێندە. بەشێوەیەکی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەکێڵگەکە لەساڵی ٢٠١٥ دا بریتی بوو لە ١٤٤،٤٩٠ بەرمیل. بەڵا م لەو کاتەوە بەرهەم هێنان بە بەردەوام لە دابەزیندایە. کێڵگەی تاوکی بە کێڵگەیەکی پێگەشتوو )پیر( ئەژمار دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٥دا بەرهەمی کێڵگەکە گەشتە ئاستی لوتکەی بەرهەم هێنانی. تاوکێ %65.38ی کۆی ئەو یەدەگەی کە دەتوانرێت دەربهێنرێت بەکارهێناوە. بە پشتبەستن بە گریمانە ئابوورییەکان، بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت تاوەکو کێڵگەکە دەگاتە سنووری ئابووری ، لە ساڵی 2043 دا چیتر بەرهەم هێنان ئابووری نابێت.
