Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، شارەزا لە كاروباری عێراق یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەڵكشان و داكشانی پێگەو كاریگەریی هێزو لایەنە بەشدارەكانییەتی، چ لەسەر ئاستی پەرلەمان و چ لە ئاستی حكومەت و كاریگەریی سیاسی و چەكداری. ئەم شڵۆقی و بێسەروبەرییەیش لە پێنج خولی ڕابردوودا (2005_ 2022) بووەتە هۆی گۆڕینی ئینتیمای سیاسیی سەرۆك وەزیران و پۆستی وەزارەتە سیادی و جومگەیییەكان و، هاوكاتیش هەڵكشان و داكشانی ژمارەی كورسی و كاریگەریی لایەنەكان لە دروستكردنی بڕیار. ئەم شرۆڤەیە تیشك دەخاتە سەر دوا پێشهاتی لێكترازانە سیاسییە ناوخۆیییەكانی شیعەو نوێترین هەڵوێست لەگەڵ لایەنە سوننەكان و، هەوڵدەدات دیدو تێڕوانینی هەردوولا بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو. دوو جەمسەرە كاریگەرەكەی شیعە: چوارچێوەو سەدرییەكان لە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان لە ناوەڕاستی پار (2022)، خولی پێنجەمی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش لە عێراق بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلابووەوە، كە چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی گرنگترین هێزو لایەنە شیعەكانی دۆست و هاوپەیمان و شوێنكەوتەكانی ئێران. لەماوەی 15 مانگیش لە هەژموونی چوارچێوەی شیعەو مانەوەی سەدرییەكان لە دەرەوەی خولی پێنجەم و دوورەپەرێزگرتنی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەكە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتاییی ئەمساڵ (2023)؛ هێشتا ناوەندی سیاسیی شیعی هەر لە دڵەخورتێی ئەگەری گەڕانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی سەدرییەكان یان بەریەككەوتنە توندەكانی سەدرو هێزە خاوەن چەكدارەكانی شیعەدا دەژی. ئەوەیشی ئەم ترس و نیگەرانییانە زیاتر دەكات، نەبوونی هیچ بەرچاوڕونییەكە لەسەر پلان و بەرنامەی سەدر بۆ قۆناغی داهاتوو؛ تەنانەت لای سەركردەكانی ڕەوتەكەیشی كە نایشارنەوە سەرەتاو كۆتاییی بڕیار، بەدەست سەدرەو ئەمان بێئاگان لەوەی چی دەكات. سەدرییەكان كۆمەڵێك گرژی و ناكۆكییان لەگەڵ پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە هەیە، بەتایبەت لەگەڵ مالیكی و عەسائیب و بە ڕێژەیەكیش لەگەڵ ڕەوتەكەی عەممار حەكیم، لە پاش هەڵبژاردنی 2021، كە ئەمانە كەمپینیان بۆ ڕاگرتنی سەدر دروست كرد؛ ئەویش ناوی نان “سێكوچكەی شووم”[1]. ئەم گرژییەیش لە كۆتایییەكانی ئابی 2022 بە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان سەدرییەكان و گرووپەكانی چوارچێوەی شیعە لە ناوچەی سەوزی بەغدا كۆتایی هات و سەرەنجامیش سەدر بڕیاری دا بە كشاندنەوەی ڕەوتەكەی لە هەموو چالاكییەكی سیاسی و هەموو هێڵێكی تەماسی بەریەككەوتن، ئەویش لە دەركەوتنێكی شپرزەو كتوپڕدا لەبەردەم كامێرای میدیاكان[2]. هەرچەندە سەدر زۆر پێداگریی كرد لەسەر دوورەپەرێزی و پاراستنی ئاشتی، بەڵام دوو مانگ بەر لە ئێستا جارێكی تر بەریەككەوتن و گرژیی ناوخۆیی كەوتەوە نێوان لایەنە شیعەكان؛ بەناوبانگترینیان لە تەممووزی ڕابردوودا، كاتێك سەدرییەكان بارەگاكانی حزبی دەعوە و هەندێك لە هێزە چەكدارەكانی تری شیعەیان لە بەغدا و باشوری عێراق سوتاند، چونكە مالیكی و باڵە میدیایییەكانی دەستوپێوەندەكەی، تۆمەتبار كران بە بێڕێزیكردن بە مەرجەعی كۆچكردووی سەدرییەكان، محەمەد محەمەد سادق سەدری باوكی موقتەداو دامەزرێنەری یەكەمی ڕەوتی سەدر لە ساڵانی نەوەدەكان[3]. ئەگەرچی گرژییەكانی سەدرییەكان و حزبی دەعوە بەخێرایی دامركێنرانەوە، بەڵام نوێبوونەوەو سەرهەڵدانەوەیان ئەگەرێكی هەمیشە كراوەیە، چ لەنێوان سەدرییەكان و بەرەی مالیكی یان سەدرو عەسائیب و هێزەكانی تری شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەت ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن بەبێ سەدرییەكان بەڕێوەبچێت. لەكاتێكدا خۆخواردنەوەو توڕەیی زۆر لە بنكەی ڕەوتەكەدا هەیە دژ بە گۆشەگیربوونیان، ئەوەیشیان بیر نەچۆتەوە، پار بەدەستی باڵە چەكدارییەكانی چوارچێوەی شیعی، نزیكەی 30 كەسیان لێ كوژرا. چەند ڕۆژێك بەر لەئێستایش بەفەرمی یادی قوربانییەكانی مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی پاری بەغدایان لە بەردەم پەرلەمان لە كەربەلا كردەوە[4]؛ ئەمە لە كاتێكدا لە هەڵچوونە كتوپڕەكەی پاردا موقتەدا سەدر جەختی كردەوە “بكوژو كوژراوی ئەو خۆپیشاندانانە لە دۆزەخدان”[5]؛ بەڵام دیارە ئێستا كە دۆخەكە هێور بووەتەوە، سەدرییەكان بڕیاریان گۆڕیوەو كوژراوەكانی خۆیان پێ ستەملێكراوەو بەرامبەرەكانیان دەستدرێژیكارو خەتابار! لە نوێترین پێشهاتی ئەو ناكۆكییانەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، كۆمێنتێكی سەدرە بە دەستخەتی خۆی لەسەر سكاڵای كەسوكاری 28 ئەفسەری پاسەوانی بەردەم باڵیۆزخانەی سوید كە سزا دراون لەسەر بەجێنەهێنانی ئەركی پاراستنی باڵەخانەكە، كە كەوتەبەر ڕقی سەدرییەكان لە چوارچێوەی كاردانەوە دژی سوتاندنی قورئان لە سوید. سەدر لە پەراوێزی سكاڵاكەدا حكومەتی چوارچێوەی شیعەی، چواندووە بە “حكومەتی عەباسی” كە “هیچ دۆست و هاوەڵی قورئان نین، هیچ پەیوەندییشیان بە عەقیدەوە نییە.”[6] ئەمەیش ئاماژەنمایەكی ڕوونە لەسەر هەڵكشانی كێرڤی ناكۆكییەكانی سەدرو چوارچێوە، لە سیاسییەوە بۆ دابڕانی عەقیدەیی؛ بەو مانایەیش دێت كە سەدر خۆی بە خاوەنی شەرعیی دەسەڵات دەزانێت لەسەر شێوازی عەلەوییە شیعەكان و، چوارچێوەی شیعەیشی پێ “عەباسی”یەكانە كە بە ناوی “ئالوبەیت”ەوە چوونە سەر دەسەڵات و لە عەلەوییەكان زەوتیان كرد. ئەمەیش دەرگەی كردووەتەوە بۆ ئەوەی هەندێك كەس گریمانی ئەوە بكەن سەدر پلانی ڕاماڵین و قڵپكردنەوەی دۆخەكەی هەیەو جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ بەشداری و شەراكەت لەگەڵ شیعەكان. دابەشبوونە ناوخۆیییەكانی چوارچێوەی شیعی بەپێی دوا ئامار، 134 لیست بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆ كۆتاییی ئەمساڵ پەسەند كراون؛ 39 لەوانە هاوپەیمانێتین و 29 حزب و 66 پاڵێوراوی تاكیش بەشدارن؛ سەرجەم كاندیدە ڕكابەرەكانیش 6 هەزار كەسن[7]. لەناو ئەم قەرەباڵغی و جەنجاڵییەیشدا سەرەكیترین هێزە پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعی بەشدارن كە بریتین لە: دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی مالیكی، بەرەی هادی عامری، سەرۆكی بەدر، حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەممار حەكیم، ئەلنەسر بە سەرۆكایەتیی عەبادی، عەسائیب بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی، لەگەڵ كۆمەڵێكی تر هێزی شیعی لە چەشنی ئیرادەی حەنان فەتلاوی و لیستێكی ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكی “جند الإمام”؛ سەرجەمیشیان بەفەرمی لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 18ی كانوونی یەكەمی 2023 بەشدار دەبن. هەرچەندە هێزە شیعەكان لە هەندێك پارێزگا بە یەك لیست و لە هەندێكی تر بەپەرتەوازەیی دەچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەو چەترەی كۆیان دەكاتەوە- كە چوارچێوەی شیعییە- بڕیاری هەیە لەپاش هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دیسانەوە هاوپەیمانی دروست بكاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو[8]؛ بەمەیش بەسەر لێكەوتەكانی فرەلیستیی ئەم بەرە شیعییەدا زاڵ ببێت. بەڵام دابەشبوونەكانی بەر لە هەڵبژاردن ئالۆزو گەرمن و بەفەرمی 11 لیستی شیعییە لە 15 پارێزگا كە 50 حزب و ڕەوت و هێز لەخۆ دەگرێت؛ لە 10 پارێزگادا لیستەكەی مالیكی (دەوڵەتی یاسا) بەتەنیایە، لە باشوری عێراقیش دوو لیستی گەورە هەن؛ یەكێكیان تێكەڵ لەگەڵ چوارچێوەی شیعی و ئەوی تر فرەجۆرە[9]. بەهۆی ئەم دابەشبوونەی هەڵبژاردنەكانیشەوە، خەریكە تای هەڵبژاردن وردە وردە لەناوخۆی چوارچێوەی شیعە گەرم دەبێت، بەتایبەت كە شەڕی گەورە بە دوو ئاڕاستەیە: یەكەمیان پەڕینەوەی زۆر لە هێزە شیعەكان بۆ پارێزگا نوێیەكانی وەك ئەنبارو نەینەواو دیالەو كەركوك، دووەمیشیان پڕكردنەوەی بۆشاییی سەدرو بردنی میراتی كەنارگیرییە سیاسییەكەی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق. هەر لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەیشدا لە دیالە بۆ نموونە، كە پارێزگای قاچاخچێتی و گرژیی تائیفی و “خاصرة لاکەلەکە” كەلەكەی ئەمنیی ئێرانە، قەیس خەزعەلی و بزوتنەوەكەی، عەسائیب وەك ڕكابەرێكی سەرەكیی ڕێكخراوی بەدری هادی عامری و فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەركەوتووە كە هەردووكیان خەڵكی ئەم پارێزگایەن. بەم پێیەیش كێبركێی گەرم لەنێوان هاوپەیمانیی عامری/ فەیاز (هاوپەیمانیی نبني) لەگەڵ بزوتنەوەی عەسائیب و وردە هێزەكانی هاوپەیمانی دەبن[10]. لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور چەند لیستێكی تری هەڵبژاردن كێبركێ دەكەن لە چەشنی، “المنتصرون”ی كەتیبەكانی “سید الشهدا‌ء”، لیستی  “الصدق والعطاء” بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد ئەلئەسەدی، وەزیری كارو فەرماندەی “كتائب جند الإمام” كە لیوای شەشەمن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، هەروەها بزوتنەوە سیاسییەكەی حەنان فەتلاوی بەشدارە بە ناوی “إرادە”[11]. بەم پێیەیش شێوەیەكی گشتیی ڕكابەرییەكانی قۆناغی داهاتووی شیعە لەنێوان چەند جەمسەرێك دەبێت لە چەشنی مالیكی - خەزعەلی/ عامری - خەزعەلی/ حەكیم - عامری/ حەكیم - خەزعەلی و، سەرجەمیشیان لەگەڵ ڕەوتی سەدردا لە ناكۆكی و ناجۆریدان. لەناو ئەم جەنجاڵییەیشدا یەكێك لەو كەرەستانەی كە سەرجەمیان هەناردەی كێشە ناوخۆیییەكانی پێ دەكەن، مەسەلەی بودجەو موچەو چۆنێتیی مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان. ئەوەیش بەڕوونی لە گوتاری سیاسیی هێزە شیعەكاندا دیارە كە جەخت لە بەشخوراویی پارێزگاكانی باشورو ڕێگرتن لە گواستنەوەی داهاتی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە؛ تەنانەت پاش ئەوەیشی كە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بخاتەڕوو یان ئەم گوتارە بەرامبەر ئەو پارێزگایانەی تر بەكار بهێنێت كە بەرهەمی نەوتیان نییە وەك: ئەنبار یان دیالە بە نموونە. كێشە بۆماوەیییەكانی هێزە شیعەكان و لایەنە سوننەكان كۆتاجار كە شیعەكان لەسەر زاری “محەمەد شیاع سودانی”یەوە گفتیان دا پابەند بن بە مەرج و داخوازییەكانی لایەنە سوننەكان لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت، لە دیداری سودانی و حەلبوسی بوو لەناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوو[12]، بەڵام ئاماژەكان لەسەر ئەوەن جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە بەكردەیی و بەهێمنی بەرەو سڕكردن دەڕوات[13]؛ بەتایبەت كە یەكێك لە بڕگە سەرەكییەكانی ئەو داواكارییانە مەسەلەی لێبوردنی گشتییە بۆ زیندانییەكان كە زۆرینەیان هی ناوچە سوننەكانن بە تۆمەتی تیرۆر. یاساكەیش سەرباری ئەوەی بە فەرمانی سەرۆك وەزیران لیژنەی بۆ پێكهێنراوە، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە كێ دەگرێتەوەو، زۆر لە چاودێرانیش پێیان وایە دەكرێت بەئاسانی پرۆژەكە لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵ بكرێتەوەو بە ئاڕاستەیەكی تر ببرێت لەژێر ناوی سوككردنی باری سەرشانی زیندانەكان كە كێشەی قەرەباڵغییان هەیە[14]. هەروەها زۆر لە هێزە شیعەكان نایشارنەوە بەنیازن گیراوەكانی ماددەی 4ی تیرۆر هەڵاواردە بكەن لە لێبوردن كە زۆرینەیان لە ناوچە سوننەكانن. بۆ داواكارییەكانی تر كە ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننە وێرانەكانی پاش جەنگە، لەگەڵ داواكارییەكانی تر، هێشتا هیچ هەنگاوی گەورەی بۆ نەنراوە. لایەنە سەرەكی و فەرمییەكانی سوننە ناتوانن بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن یان لە حكومەت بكشێنەوە، چونكە باوەڕێكی زاڵ هەیە كە “مەرجەعییەتی پێكهاتەی سوننە، دەسەڵاتە”؛ بەو مانایەی هێزێك لێی دوور بكەوێتەوە پەراوێز دەكەوێت. بەڵام لەسەر ئاستی ئەو هێزە سوننە نەیارانەی شیعە كە لە دۆخەكە سودمەند نین یان لە دەسەڵاتدا نین، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە خۆیان نمایش بكەن كە یەكێكیان بانگەشەی هەرێمی سەربەخۆیە، یان هەوڵی ترساندنی شیعەكان بەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا یەكدەگرن بۆ دروستكردنی هەرێمێكی یەكگرتوو. بۆ ئەم مەبەستەیش سەكۆ ئەلیكترۆنی و كەمپینیان لە سۆشیاڵمیدیا بەرپا كردووەو نەخشەسازی بۆ پرۆژەگەلێك دەكەن كە ژێرخان و زەمینەی جێبەجێبوونیان لە واقعدا نییەو زیاتر بۆ دروستكردنی گوشارە[15]. مامەڵەی لایەنە شیعەكان لەگەڵ هەرێم جیاواز لە ویلایەتی دووەمی مالیكی كە گرژی و بەریەككەوتنی ئاشكرا لەنێوان هەرێم و بەغدا ناونیشانی سەرەكیی بوو، لە ئێستادا حكومەتی سودانی، كە هی چوارچێوەی شیعییە، لەسەر ئاستی فەرمی و میدیایی خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی بكەوێتە سەنگەری ململانێی ئاشكرا لەگەڵ هەرێم. ئەوەیشی هاندەرە بۆ ئەم تەبایییە ڕووكەشە، زیاتر لە دوو پاڵنەری سەرەكیدا دەردەكەوێت كە یەكێكیان هەوڵی پارێزگاریكردنە لە دەسكەوتەكانی چوارچێوەی شیعەو ئەزموونە حوكمڕانییە نوێیەكەی لەبەرچاوی دنیا، دووەمیشیان شڵۆقیی پێگەی حكومەتی چوارچێوەیە لە بەردەم تەحەددا ئابوری و دارایییەكان (دۆلار بەتایبەتی) لەگەڵ مۆتەكەو تارماییی بەردەوامی سەدر. بەڵام لەسەر ئاستە كردارییەكە ئەوەی بۆ ئەم حكومەتە ڕەخساوە لە ئیحتیواكردنی هەرێمی كوردستان و ئابورییەكەی و كەڵكوەرگرتن لە كێشە كەڵەكەبووە ناوخۆیییەكانی، بۆ هیچ كابینەیەكی پێشووتر بەبەردەوام دەستی نەداوە، بە كابینەی حەیدەر عەبادییشەوە كە لە 2017 كەركوكی گێڕایەوە بۆ چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵ و بەسەر تەنگژەو قەیرانی ڕیفراندۆمدا زاڵ بوو. بەشێك لەو شانس و دەرفەتانەیشی بۆ ئەم حكومەتە ڕەخساوە، لەڕێگەی “دادگەی فیدراڵی”یەوە فەراهەم بووەو بەشەكەی تریشی پۆپۆلیزمی شیعی لەناو پەرلەمان یارمەتیدەرییەتی، بۆ نموونە لە كاتی گفتوگۆی بودجەدا “هەڵۆكانی دارایی”و لەكاتی پێدانی قەرزدا “پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشور”[16]. هەرەچەندە ئەمانەیش زۆرینەی پەرلەمانتاران نین، بەڵام ڕێژەیەك لە پاڵپشتیی جەماوەرییان هەیەو لەم نێوەیشدا هەندێك ڕاپرسیی سنوردار دەریدەخات كە، نزیكەی زیاتر لە 80%ی بەشداربووانی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشور، پێیان وایە هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی نییە؛ هەروەها چیرۆكی كوردستان وەك جاران جێگەی سەرنجی هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشور نییەو 38%یش لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە[17]. هەندێك كەسایەتیی شیعەیش بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن بەغدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی و بیانیدا بكات بۆ  وردبینیی خەرج و داهاتی هەرێم[18]. جگە لەو هۆكارانەی سەرەوەیش لێكترازانی ناوخۆییی هەرێم و كەڵەكەبوونی هەڵەكان بەبێ هەبوونی ئاسۆیەك بۆ چارەسەربوونیان، هاندەری حكومەتی فیدراڵ و هێزە شیعەكانە گوشاری زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكات. لە لایەكی تریشەوە هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا عەیبەكانی ئابوریی بەرخۆری هەرێمی دەرخست و، ئێستا دەگوترێت قەوارەی هەرێمێك كە پشتئەستوور بوو بە نەوت، شڵۆق و لەرزۆكە [19]، لە كاتێكدا ئەم ڕاستییە دەرهەق بە دەوڵەتی عێراقیش هەر هەمان شتەو ئەویش ئابورییەكەی دەوروبەری 95%ی، بەپێی ڕاپۆرتە دارایییە فەرمییەكان پشتئەستوورە بە نەوت. لەناو پێكهێنەرەكانی حكومەتی چوارچێوەی شیعەدا هێزە دێرینەكانی وەك دەعوەو بەدرو حیكمەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، خۆیان لە بەریەككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەدوور دەگرن، بەڵام پەرلەمانتارو ئاستەكانی خوارەوەیان، لە ئیشی خۆیان بەردەوامن كە هەوڵی چەسپاندنی ناوەندگەراییی دارایی و كارگێڕی دەدەن و كۆدەنگیی نوێنەرەكانیشیان لە لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بڕگەو بابەتەكانی بودجە ئاماژەنمایەكی ڕوونە. لە دەرەوەی حزبە سیاسییە دامەزرێنەرەكانی پرۆسەی سیاسی، هەندێك لە كادرە شیعە باڵاكان تا ئاستی سڕینەوەی ناوی كوردستان لە ئەدەبیاتی سیاسیدا دەڕۆن؛ بۆ نموونە باقر جەبر كە لە چوار كابینەی حكومەتەكانی عێراقدا وەزیر بووەو سەركردەیەكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە، داوای چەسپاندنی زاراوەی “شمال الوطن” دەكات لەبری كوردستان[20]؛ كە ئەمەیش دووبارەكردنەوەی هەمان كەلتووری بەعسە. بەم دوایییانە هەندێك هێزی سیاسیی شیعەی نوێ هەڵكشاون، لەوانەیش: بزوتنەوەی عەسائیب بە سەرۆكایەتیی خەزعەلی. ئەم هێزە كە یەكێكە لە ڕاگرەكانی حكومەتی سودانی و بە وەزیری خوێندنی باڵا لە كابینەكەدا بەشدارە، نایشارێتەوە لەگەڵ “جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی ناوەندییە كە پارێزگاری لە دەوڵەتی عێراق بكات”؛ هەروەها بانگەواز بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێ دەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان “لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتی عێراقی یەكگرتوو”[21]. مەترسیی ئەم گوتارە ناوەندگەرایییەیش، هاوكاتبوونییەتی لەگەڵ بارودۆخێكی هەرێمایەتی كە تێیدا سەرچاوە ئەمریكییەكان ئاماژە بەوە دەكەن گرنگیدانی ئەمریكا بە عێراق پاشەكشەی كردووە بۆ نزمترین ئاست لەچاو كۆمەڵێك دۆسیەی تر لە ئۆكراینا و تایوان[22]؛ هەروەها لە كاتێكدایە كە ئێران لە هەڕەشەی بەردەوامەو، گوشار دەكات بۆ دوورخستنەوەی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە سنورەكانی عێراق و ئێران لەناو هەرێمی كوردستان، ئەگەر نا هێرش و پەلاماری سەربازی ئەنجام دەدات[23]. هەموو ئەمانەیش هاوكات لەگەڵ قەیرانی دارایی، بوونەتە ئەوەی هەرێم لەچوارچێوەی عێراقدا هیلاك و گەمارۆدراو دەركەوێت، كە ئێستا بە شێوەیەكی كاتی و لە دۆخێكی دەگمەن و بێپێشینەدا لەڕووی سیاسی و داراییشەوە جێگیرە، بەتایبەت كە نرخی نەوت لە هەڵكشانە. بژاردەكانی بەردەم هەرێم سەرباری ئەوەی عێراق نەخۆش و كێشەدارە بەڵام وا دیارە لەژێر ناونیشانی “نە بووژانەوە نە ڕووخان” هەر بەردەوام دەبێت، چونكە ئەوە پێویستییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە. بۆ هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا هیچ بژاردەیەكی بەدیل بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق بەردەست نییەو هەموو كێشەكان لە بەغدا كەڵەكە بوون و هەموو ڕێگەكانی چارەسەریش هەر دەچنەوە بەغدا. ئەگەرچی هەرێمیش كارتی زۆری لەدەست داوەو لە ئێستادا لەژێر گوشاری گەمارۆ و لێكەوتەكانی كێشەی ناوخۆیی و خراپیی ئیدارەدانە، بەڵام هێشتا هەندێك دەرفەتی كەمی ئەوەی هەیە بە كاركردن لەسەر دژیەكی و كەڵكوەرگرتن لە كێشەو لێكترازانە عیراقییەكان، هەندێك لە گوشارەكانی سەرشانی كەم بكاتەوە، ئەگەر ئامادەسازی بكات و هەندێك لە كێشەكانی ناوخۆی چارەسەر یان كپ بكاتەوە. تێگەیشتن لە عێراقی پاش داعش ئاڵۆزترەو، نەخشەی هێز هاوشێوەی پاش 2003 نییە، بەتایبەت لەناو پێكهاتەی حوكمڕان؛ بۆیە سەرەتا تێگەیشتن و توێژینەوە و پاشان هەوڵی دروستكردنی ڕایەڵەی پەیوەندیی نوێی پێویستە، بەتایبەت كە ئێستا هێزو دەموچاوی نوێ لەناو شیعە لە هەڵكشاندان لەسەر حیسابی كۆنەكان و، تا ئێستایش لە عێراقدا بەدیلێك بۆ هاوپەیمانێتیی كوردو شیعە نییە بۆ ڕاگرتنی دۆخەكە. بۆیە مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتر ناچارییە. [1]https://2u.pw/0RtBXce [2]https://2u.pw/N8ualBh [3]https://2u.pw/H3h2LLS [4]https://2u.pw/lmFhvn0 [5]https://2u.pw/N8ualBh [6]https://2u.pw/H5QM0Qs [7]https://2u.pw/0f6vpI7 [8]https://2u.pw/RNCBNxH [9]https://2u.pw/DelXlOm [10]https://2u.pw/86FptPG [11]https://2u.pw/86FptPG [12]https://2u.pw/LPZHOae [13]https://2u.pw/vubuYbf [14]https://2u.pw/Ygln26o [15]https://2u.pw/W184o0r [16]https://2u.pw/G6D6zjh [17]https://2u.pw/nOFULjd [18]https://2u.pw/lvFJEHY [19]https://2u.pw/RD2FXoh [20]https://2u.pw/ATKomVV [21]https://2u.pw/FGqJu2P [22]https://2u.pw/C4DM1M8 [23]https://2u.pw/1WK9KvE ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ پێنووس _ خانەی هزریی كوردستان وه‌رگیراوه‌


درەو: لە ماوەی (90) رۆژی رابردوودا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنیا یەك موچەیان وەرگرتووە،  لە (9) مانگی رابردوودا تەنیا (6) موچە دابەشكراوە، بە تێكڕا حكومەت لە 2023دا بە (45) رۆژ جارێك موچەی دابەشكردووە، تا كۆتایی ساڵ چارەنووسی (2 بۆ 3) موچە دیار نامێنێت، واتا لە سێ مانگی وەرزی هاویندا موچەخۆرێك تەنیا موچەی (یەك) مانگی وەرگرتووە، بەڵام كرێ خانوو كارەبا و ئاوو مۆلیدەی سێ مانگی داوە. بەوەرزێك یەك موچە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی حوزەیرانی 2023ەوە بۆ ئەمڕۆ 21ی ئەیلولی 2023 كە دەكاتە (90) رۆژ تەنیا یەك موچەی دابەشكردووە ئەویش موچەی مانگی (شەش) بووە لە لە 8ی ئابدا. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا 2023 بەم شێوەیە موچەی دابەشكردووە: •    لە رۆژی 6ی شوبات موچەی مانگی یەكی دابەشكردووە •    لە رۆژی 8ی ئازار موچەی مانگی دووی دابەشكردووە •    لە رۆژی 6ی نیسانی موچەی مانگی سێی دابەشكردووە •    لە رۆژی 14ی ئایار موچەی مانگی چواری دابەشكردووە •    لە رۆژی 24ی حوزەیران موچەی مانگی پێنجی دابەشكردووە •    لەرۆژی 3ی ئاب موچەی مانگی شەشی دابەشكردووە ئێستا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیك دەبنەوە لە مانگی (10) بەڵام چاوەڕوانی موچەی مانگی (7) دەكەن، واتا لە (9) مانگی رابردوو تەنیا (6) موچەیان وەرگرتووە، واتا لەماوەی (265) رۆژ رابردوودا (6) موچەیان وەرگرتووە كە بە تێكڕا نزیكەی (45) رۆژ جارێك موچەیان وەرگرتووە. خۆ ئەگەر تا كۆتایی ساڵی 2023، حكومەتی هەرێم (3) موچەی تر دابەش بكات، چارەنووسی (3) موچەی تر بە نادیاری دەمێنێتەوە، كە نازانرێت حكومەتی هەرێم وەك پاشەكەوت ئەژماری دەكات، یان وەكو قەرز دەیخاتە ئەستۆی بەغداد. موچەو كرێ و قیست موچەخۆرێك لە وەرزی هاویندا تەنیا (یەك) موچەی وەرگرتووە، بەڵام سێ كرێ خانوو، سێ كرێی كارەبا، سێ كرێی مۆلیدە، سێ كرێی ئاو، سێ قیست و قەرز (ئەگەر لای بێت) داوە. بۆ نمونە. ئەگەر موچەخۆرێك موچەكەی (750) هەزار دینار بێت و كرێچی بێت، ئەو موچەخۆرە یەك جار موچەی وەرگرتووە (750) هەزار دینار، بەڵام سێ جار خەرجی هەبووە: •    كرێی خانوو مانگانە (300) هەزار، واتا سێ جار (900) هەزار دینار •    كرێی مۆلیدەر ئەگەر (4) ئەمپێری هەبێت بە (10) هەزار واتا لە وەرزی هاویندا (120) هەزار دیناری داوە. •    كرێی ئاو (10) هەزاری مانگانە واتا (30) هەزار •    كرێی كارەبا (20) هەزار واتا بۆ وەرزی هاوین (60) هەزار •    كرێی ئینتەرنێت و مۆبایل (25) هەزار بۆ وەرزەكە (75) هەزار دینار. •    ئەگەر كەسێك قیستی لەسەر بێت مانگانە (50) هەزار بۆ وەرزی هاوین دەكاتە (150) هەزار دینار •    سەرەرای خەرجی دیكەی ماڵ كە مانگانە (100) هەزار دینار بۆ وەرزی هاوین (300) هەزار دینار. واتا كۆی گشتی موچەخۆرێك لە سێ مانگدا (750) هەزار دیناری وەرگرتووە، بەڵام سێ مانگ خەرجی كردووە، نزیكەی ( ملیۆن و 600 هەزار) دیناری خەرجكردووە. واتا بە كۆی گشتی موچەخۆرێك لە سێ مانگی وەرزی هاویندا تەنیا (یەك) موچەی وەرگرتووە، بەڵام خەرجی سێ مانگی داوە، ئەمەش بارگرانییەكی گەورەیە بۆ هەر خێزانێك و كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕاو وەستانی كارو كاسبی هەیە. موچەی تەمووز لە پاییزدا بڕیارە لەسەرەتای هەفتەی داهاتووداو دوای گەیشتنی قەرزە (700) ملیار دینارەكە حكومەتی هەرێم دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی تەمووز بكات. داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم: •    مانگانە 700 ملیار دیناری بەغداد •    مانگانە (320) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ •    مانگانە (25) ملیار دیناری یارمەتی هاوپەیمانان •    كۆی گشتی مانگانە: (ترلیۆنێك و 45 ملیار) دینار •    مانگانە كۆی موچە: (944) ملیار دینارە •    پارەی ماوە بۆ خەرجی (100) ملیار دینار      


درەو: قوباد تاڵەبانی بڕیاری داوە بە دانانی (دارا رەشید)، مەسرور بارزانی رەتیدەكاتەوە، بۆ چارەسەرێكی ناوەندی پێشنیاز دەكرێت (عەبدوڵا حاجی مەحمود) بكرێتە وەزیری پێشمەرگە. وەك چارەسەری ناوەند پێشنیازكراوە عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت وەربگرێت، ئەویش رەتی نەكردووەتەوە و وتویەتی ئەوە لە دەسەڵاتی حزبە سیاسیەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە. (درەو) لە بەرپرسانی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە ئەوەی دەستكەوتووە كە پێشنیازەكە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمریكیەكانەوە لە بۆنەیەكی نافەرمی كۆمەڵایەتیدا بووە بە هەریەك لە عەبدوڵا حاجی مەحمود و حەمەی حەمەسەعید راگەیەندراوە كە یەكێكتان ئەو پۆستە وەربگرن، حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری وەرگرتنی پۆستەكەی رەتكردووەتەوە، (عەبدوڵا حاجی مەحمود) پێشنیازەكەی رەتنەكردووەتەوەو وتویەتی ئەوە لەدەستی سەرۆك وەزیران و حزبە سیاسیەكاندایەو ئەوان بڕیار بدەن، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ئامادەیە ئەو ئەركە وەربگرێت. سەرچاوەیەك لە كونسوڵخانەی ئەمریكا بە (درەو)ی راگەیاند: وەك ئەمریكا هیچ پێشنیازێكی لەو جۆرەمان نەكردووە. ئەم پێشنیازە وەك چارەسەرێكی ناوەند بووە لە پێناو ئەوەی كێشەی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت و یەكێتی و پارتی لەسەر دانانی وەزیرێك بەوەكالەت بگەنە رێككەوتن، بەڵام یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە پشكی ئەوەو خۆی كەسێكی بۆ دیاری دەكات، هەربۆیە قوباد تاڵەبانی لە پێشوازی وەفدی سەربازی هاوپەیمانان رایگەیاند:  پێویستە وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت دابنرێت، ئێمە كاندیدی خۆمان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت دەستنیشان كردوە.  بەڵام مەسرور بارزانی وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوەو لە پێشوازی ژەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق‌و سوریا رایگەیاند: پێویستە دەستوەردانی شەخسی‌و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەكانی سەرۆك وەزیران نەكرێت لە دانانی وەزیرێك كە توانای جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی هەبێت. هەفتەی رابردوو قوباد تاڵەبانی بە نوسراوی فەرمی بڕیاریداوە بە دانانی (دارا رەشید) وەزیری پلاندانان لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە "بەوەكالەت"، مەسرور بارزانی ئەم نوسراوەی قوباد تاڵەبانی رەتدەكاتەوە‌و دەڵێ دانانی وەزیر بە وەكالەت لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندایە نەك جێگری سەرۆك وەزیران. هاوپەیمانان ئەم مانگەیان وەكو دوا وادە بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە دیاری كردووە، لە ئابی 2022ەوە پۆستی وەزیری پێشمەرگە بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی (شۆڕش ئیسماعیل)ەوە بەتاڵ بووە، ئەم پۆستە پشكی یەكێتییە، بەڵام مەسرور بارزانی داوای ئەوە دەكات قسەی هەبێت لە دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكەدا. بەتاڵبوونی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە، بەمدواییە ململانێكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەشەكان شۆڕكردوەتەوە. هاوپەیمانان مانگانە بڕی (20 ملیۆن) دۆلار وەكو هاوكاری بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن، بەڵام ئەم هاوكارییەیان مەرجدار كردووە بەوەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بكرێت‌و هێزەكانی هەردوو حزب لەناو لیوای هاوبەشدا رێكبخرێتەوە.    


راپۆرت: درەو رۆژی 5ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رێنمایی تایبەت بە دەنگدان‌و جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە، بەپێی رێنماییەكان، دەنگدان‌و ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت نەك شێوازی دەستیی، كارتی بایۆمەتری لەگەڵ رەگەزنامە یاخود كارتی نیشتمانی مەرجە بۆ بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا.   هەرێمی كوردستان یەك بازنە دەبێت بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەرێگەی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی خۆیەوە، بە نوسراوێك رێنمایی تایبەت بە (دەنگدان‌و جیاكردنەوە‌و ژماردنی دەنگەكان)ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەوانەی ئۆفێسەكانی كۆمسیۆن كردووە لە هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی ئەوەی لە رێنماییەكانی كۆمسیۆندا هاتووە، لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بەشێوەی یەك بازنەیی بەڕێوەدەچێت، واتە هەرێمی كوردستان بەگشتی یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت. دوای زیاتر لە 15 مانگ ناكۆكی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەر لەوەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، شێوازی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن بە "فرە بازنەیی"، واتە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ئۆكتۆبەری 2021دا بەڕێوەچوو، پارتی لەسەرەتاوە جەختی لەسەر ئەوە دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر شێوازی هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت، لەمەشدا هەریەكە لە حزبی شیوعی كوردستان‌و پارتی سۆسیال دیموكرات‌و بزوتنەوەی ئیسلامی پاڵپشتیان دەكرد، چونكە ئەم لایەنانە پێیان وابوو لە شێوازی فرە بازنەیدا دەنگەكانیان دەفەوتێت‌و توانای سەرخستنی كاندیدەكانیان نابێت، بەڵام لەبەرامبەردا یەكێتیی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی پشتیوانیان شێوازی فرەبازنەیی دەكرد، پێیانوا بوو شێوازی یەك بازنەیی دەبێتە هۆی ئەوەی پارتی جارێكی تر زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات. سەرباری ئەوەی هەردوو بەرە ناكۆكە لەسەر شێوازی فرە بازنەیی رێككەوتن‌و بڕیاریاندا كوردستان بكەن بە چوار بازنەی هەڵبژاردن‌و هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی دابەشكردنی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن رێگر بوو لەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە بۆ فرە بازنەیی‌و بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیشەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەسەردا هات‌و یاسا كۆنەكە وەكو خۆی مایەوە. بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستانیش كاراكردنەوەكەی پەكی كەوت‌و بەوهۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەنای بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بردو ئەركی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی كوردستانی پێ سپارد. دەنگدانی رەوەندی كوردی سەرباری ئەوەی لە هەڵبژاردنی لەدوای هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە ساڵی 2009، ئیتر رەوەندی دەرەوە لە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن بێبەشكراون، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جارێكی ترو بۆ هەڵبژاردنی شوباتی داهاتی پەرلەمانی كوردستان جارێكی تر دەنگدانی رەوەندی دەرەوەی جێگیركردووە. لەڕووی یاساییەوە بەشداری رەوەندی دەرەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هیچ گرفتێكی تێدا نییە، بەڵام چەند هەڵبژاردنێكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئەوە رادەگەیەنێت كە توانای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی لە دەرەوە نییە. كێ مافی دەنگدانی هەیە؟ بەگوێرەی رێنماییەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوانەی مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تەمەنی 18 ساڵییان تەواو كردبێت‌و كارتی بایۆمەترییان هەبێت لەگەڵ رەگەزنامە یاخود كارتی نیشتمانی. دەنگدانی تایبەت رێنماییەكانی كۆمسیۆنی ئاماژە بەوە دەكات، دەنگدانی تایبەت بەر لە 48 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێتن دەنگدانی تایبەت ئەمانە دەگرێتەوە: •    هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ- پێشمەرگە- سوپا- كارمەندانی نەخۆشخانەكان- كارمەندانی زندانەكان‌و زیندانیان بەگوێرەی رێنماییەكان، دەنگدانی تایبەت‌و گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتی داهاتوودا، لە كاتژمێر (7:00) بەیانی دەستپێدەكات‌و لە كاتژمێر (6:00)ی ئێوارە كۆتایی دێت.   دەنگدان ئەلیكترۆنی ! سەرباری ئەو ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانانەی كە بەهۆی دەنگدان‌و ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكانەوە لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی عێراقدا دروستبوو، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هەمان میكانیزم پەیڕەو بكات. بەپێی ئەوەی لە رێنماییەكەی كۆمسیۆندا هاتووە، پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتدا بەمشێوەیە دەبێت: •    پرۆسەی دەنگدان بەشێوەە ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچێت، لەڕێگەی بەكارهێنانی ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی، كە لەسەر ئاستی وێستگەی دەنگدان تۆماری دەنگدەرانی تێدا هەڵگیراوەو هەڵدەسێت بە خوێندنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتری دەنگدەرو لەرێگەیەوە بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان پەنجەمۆرو خوێندنەوەی (QR)ی كارتی دەنگدان، هەروەك بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان تۆماری كارتەكە‌و تۆماری ئامێرەكەو، كارتەكە دەخرێتە ناو ئامێری جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان بۆ خوێندنەوەو شیكردنەوەی كارتەكە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی.   •    ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی بۆ هەموو وێستگەیەكی دەنگدان دابین دەكرێت‌و تەنیا تۆماری ئەو وێستگەیەی تێدا دەبێت. •    دەنگدەر بەشێوەی نهێنی دەنگدەدات‌و بە قەڵەمێكی تایبەت كە كۆمسیۆن بۆ ئەم مەبەستە تەرخانی دەكات، مۆر لەو لیست‌و كاندیدانە دەدات كە هەڵیاندەبژێرێت. ژماردنی دەنگەكانیش ئەلیكترۆنی دەبێت جیاكرنەوەو ژماردنی دەنگەكان یەكێك لەو قۆناغە هەستیارانەی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان كە بەردەوام كێشەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 2021دا دروستبووە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پەرلەمانی عێراقی پابەند كرد بەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشێوەیەك هەموار بكاتەوە كە ژماردنی دەنگەكان تێیدا بەشێوەی دەستیی بێت، نەك ئەلیكترۆنی، پەرلەمانی عێراق كە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەمجومەنی پارێزگاكانی هەموار كردەوە لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەدا، لەپاڵ بەكارهێنانی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكاندا، ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی جێگیركرد. بەڵام بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە ئاڕاستەی ئۆفێسەكانی خۆی كردووە لە هەرێمی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنی مانگی شوباتی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، میكانیزمی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بەمشێوەیە دەبێت: •    بۆ جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان پشت بە ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان دەبەسترێت. •    سەرجەم تۆمارەكانی دەنگدان (بە ژمارەی نهێنی كارتەكانی دەنگدان/ QR) لە ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنییەوە بۆ ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان لەرێگەی كێبڵێكەوە كە هەردوو ئامێرەكە بەیەكترییەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بۆ بەراوردكردنی كارتی دەنگدانی ناو سندوقەكان لەگەڵ تۆماری ناو ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی. •    لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەناو وێستگەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت لەرێگەی ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان كە بەستراوە لە سندوقی دەنگدان. •    تۆماری ئەنجامی هەڵبژاردن لەناو میمۆری ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنیدا هەڵدەگیرێت. •    لەرێگەی (V.SAT)ەوە ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەنگدان رەوانەی سەنتەری بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت. •    راپۆرتی كاغەزیی ورد لەبارەی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەكان دەردەكرێت‌و كۆپییەكی دەدرێت بە بریكاری هەموو حزب‌و لیستەكان‌و كاندیدەكان. میكانیزمی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆن، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان‌و چاپكردنی راپۆرتی ئەنجامەكان‌و رادەستكردنی بە نوێنەری لایەنەكات، بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان هەڵدەسێت بە راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی تایبەت‌و گشتیی.  


ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی چه‌ند ڕۆژێكه‌ هه‌ندێک له‌ په‌رله‌مانتاران و شرۆڤه‌كاران له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له به‌ر چه‌ند هۆكارێك بڕی خه‌رجكراوی فیعلی له‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا كه‌م بووه‌ و ئه‌مه‌یش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق كه‌م بێت، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌‌ شه‌ش مانگی دووه‌می ئه‌مساڵدا‌ ئه‌و بڕه‌ زیاد ده‌بێت و ئه‌وه‌یش ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم. پێم وایه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌ و نابێت هیوایه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت له‌به‌ر ئه‌م سه‌رنج و تێبینییانه‌ی خوارەوە‌: یه‌كه‌م: بڕی خه‌رجكراوی فیعلی له ‌بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، واته‌ تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران زیاتر بووه‌ له‌ (٦) ترلیۆن دینار، ئه‌م بڕه‌یش نه‌ك كه‌م نییه‌ به‌و جۆره‌ی باس ده‌كرێت، به‌ڵكو زۆر زیاتره‌ به‌راورد به‌ بڕی خه‌رجكراو له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م له ‌هه‌موو ساڵانی ڕابردوودا. سەبارەت بە خه‌رجیی فیعلیی ساڵانەیش له‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان ئەوە له هه‌ر ١٢ مانگی ‌ساڵی ٢٠٢٢ ته‌نیا (١٢) ترلیۆن دینار بووه‌، له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوویشدا هیچ ساڵێك له ‌(١٣) ترلیۆن دینار تێنه‌په‌ڕیوه‌.  دووه‌م: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و خه‌رجییانه‌ له ‌شه‌ش مانگی دووه‌می هه‌موو ساڵه‌كاندا زیاتر بوون و، ئه‌مساڵیش به‌هه‌مان شێوه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ناكرێت بڕی زیادبوونه‌كه‌ زۆر بێت، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێک: 1-    له‌ ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، له‌ حیسابی پێشینه‌ی پڕۆژه‌كاندا ئه‌و بڕانه‌ی له‌ حیسابی (مدین)دان، زۆر كه‌من و زۆربه‌ی بڕه‌كان له‌ حیسابی (دائن)ن، ئه‌مه‌یش به‌و واتایه ‌دێت كه‌ زۆربه‌ی پێشینه‌كان تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران بوونه‌ته‌وه‌ به‌‌ خه‌رجیی فیعلی (پێشینه‌كان بریتی بوون له‌ ده‌فعاتی سه‌ره‌تایی و پێشینه‌ی ته‌مویلی پڕۆژه‌كان كه‌ سه‌ره‌تا له‌كاتی پێدانی پێشینه‌دا له ‌حیسابی مه‌دین تۆمار ده‌كرێن، پاشان به‌پێی ئه‌نجامی ڕاپۆرتی پێوانه‌كاریی كاری جێبه‌جێكراو، ده‌بن به‌ خه‌رجیی كۆتایی و‌ به‌ خه‌رجیی فیعلی و ده‌خرێنه‌ سه‌ر حیسابی (دائن) و پاشتریش پێوانه‌ و پاكتاویی كۆتایی بۆ پڕۆژه‌كان ده‌كرێت). به‌و پێیه‌ ئه‌وه‌ی له‌و ڕاپۆرتانه‌دا هاتووه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بڕێكی ئه‌وتۆ له‌ پێشینه‌ی پاكتاونه‌كراوی پڕۆژه‌كان له‌ مانگه‌كانی پێشوو نه‌ماوه‌ته‌وه، تا چاوه‌ڕوان بكرێت له‌م چه‌ند مانگه‌دا پاكتاو بكرێت و بچێته‌ سه‌ر خه‌رجیی فیعلی. 2-    ئه‌و بڕانه‌ی كه‌ له ‌مانگی ئاب و پاشتره‌وه‌ وه‌ك پێشینه‌ بۆ پڕۆژه‌كان ته‌مویل ده‌كرێن، زۆر زه‌حمه‌ته‌ تا كۆتایی ساڵ پاكتاو بكرێن، بۆیه‌ زۆربه‌یان وه‌ك پیشینه‌ی پاكتاونه‌كراو ده‌مێننه‌وه‌ و له‌مساڵدا ناچنه‌ ‌سه‌ر بڕی خه‌رجیی فیعلی. سێیه‌م: گریمان هه‌ردوو تێبینییه‌كه‌ی خاڵی دووه‌می سه‌ره‌وه‌ له‌ جێی خۆیاندا نین و ته‌نیا له ‌شه‌ش مانگی دووه‌مدا خه‌رجیی فیعلیی وه‌به‌رهێنان ده‌گاته‌ (١٠) ترلیۆن دینار، واته‌ (٤) ترلیۆن زیاتر له‌ هیی شه‌ش مانگی یه‌كه‌م. ئایا هه‌رێم چه‌ند سوودی لێ ده‌بینێت؟ له‌‌و (٤) ترلیۆن زیاده‌یه‌ لانی كه‌م (١.٥) ترلیۆنی به‌ر خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان ده‌كه‌وێت، كه‌ پشكی هه‌رێم به‌جیا لێ حیساب ناكرێت، (٢.٥) ترلیۆن ده‌مێنێته‌وه،‌ كه‌ پشكی هه‌رێمی لێ ده‌درێت به‌ڕیژه‌ی ١٢.٦٧٪، بۆیه‌ له‌ باشترین باردا وه‌ك ده‌ره‌نجامی زیادبوونی خه‌رجیی فیعلی پڕۆژه‌كان له ‌عێراق بۆ شه‌ش مانگی دووه‌می ئه‌مساڵ، ته‌نیا نزیكه‌ی (٣٠٠) ملیار دینار بۆ هه‌ر شه‌ش مانگه‌كه بۆ به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم زیاد ده‌بێت‌، واته‌  مانگانه‌ نزیكه‌ی (٥٠) ملیار دینار. له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستنیش له ‌شه‌ش مانگی دووه‌م بڕه‌كه‌یان زیاد بێت، ئه‌و‌ه‌یش كاریگه‌رییه‌كی ڕێژه‌یی له ‌گۆڕانی بڕی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم دروست بكات. به‌ڵام، هە‌موو ئه‌و زیادبوونانه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به‌گشتی له‌ خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كانی بودجه‌ی عێراق ڕووبده‌ن، نابنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وته‌ی فیعلیی هه‌رێم بگاته‌ سه‌رووی ٦٠٪ی پشكه‌كه‌ی كه‌ له ‌یاسای بودجه‌دا بۆی ته‌رخانكراوه‌، ئه‌وه‌یش له‌كاتێكدا كه‌ كۆی نه‌وت و داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانیشی ڕاده‌ستی به‌غدا كردبێت و هه‌موو مه‌رجه‌كانیشی جێبه‌جێ كردبێت. بۆیه‌ دیسان جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه،‌ كه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی خه‌رجیی فیعلی له‌ ماده‌ی ١١ی یاسای بودجه‌، به‌جۆرێك كه‌ هه‌موار و چاره‌سه‌ره‌كه‌ ساڵی دارایی ٢٠٢٣یش بگرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌شی زۆری پشكی بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و پاشتریش، ده‌بێته‌ بارمته‌ی ئه‌و قه‌رز و پابه‌ندییانه‌ی كه‌ له‌ ٢٠٢٣دا دێنه‌ر سه‌ر هه‌رێم. خۆ ئه‌گه‌ر بۆ ‌ساڵانی داهاتوویش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وه‌ زۆر له‌ ئێستا خراپتر ده‌بێت.   راپۆرتی پەیوەندیدار خه‌رجیه‌ فیعلیه‌كان و دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی دارایی عێراق له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خه‌رجیی فیعلییه‌وه‌  


شیكاری: درەو   🔻 پاڵپشت بە چاودێری کردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023)؛ 🔹 (6) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، فلای دوبەی، ماهان ئێر و فلای بەغداد) گەشتەکانیان ئەنجامداوە. 🔹 ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (هەزار و 747) گەشتیان تۆمار کردووە، بە جۆرێک (877) گەشتی (هاتن) و (870) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوەو دەدەن. 🔻 بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو (5/4/2022 – 25/9/2022)؛ 🔹 (10) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، تورکش ئێرلاین، فلای دوبەی، ماهان ئێر، فلای بەغداد، کۆندۆر ئێر، فلای ئەربیل و پێگاسۆس ئێرلاینس) گەشتەکانیان ئەنجامداوە. 🔹 ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (2 هەزار و 969) گەشتیان تۆمار کردووە، بە جۆرێک (هەزار و 488) گەشتی (هاتن) و (هەزار و 481) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوە. 🔻 کەواتە لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆکانی تورکیا لە ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو (هەزار و 222) و بە رێژەی (41%) گەشتەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی کەمی کردووە، کە (611) گەشتی (هاتن) و (611) گەشتی (رۆشتن) بووە. سەرەتا لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ لە دەسەڵاتی فرۆکەوانی تورکیاوە، ئیمێڵێک ئاراستەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکرێت، بە بیانووی "پرسێکی ئەمنی"یەوە، گەشتەکانی نێوان تورکیاو فرۆکەخانەی سلێمانی رادەگیرێن، وەک ئەوەی لە ئیمێڵەکەدا هاتووە، تەنها گەشتەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی نییە، بەڵکو ئاسمانی تورکیا بەڕووی هەموو ئەو گەشتانەشدا دادەخرێت کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا دەفڕن بۆ ئەورپاو وڵاتانی تر، یان لە ئەوروپاوە گەشت دەکەن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و لە تورکیادا ترانزێتیان هەیە. بەو هۆیەوە سەرجەم ئەو گەشتانەشی پلان وابوو لە مانگی نیساندا ئەنجام بدرێن هەڵوەشێندرانەوە. زیاتر لەوەش لە ئیمێڵەکەی دەسەڵاتی فرۆکەوانی تورکیا ئاماژە دراوە بەوەی، ئەو گەشتانەی کتوپڕ و پزیشکین پێویستیان بە مۆڵەتی فەرمی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا دەبێت. لە سەرەتادا وا بڕیار بوو راگرتنی گەشتەکان تاوەکو (3ی تەمموز) بخایەنێت، رۆژی (18ی حوزەیران)ی ئەمساڵ )هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی( رایگەیاند، ئەگەر هیچ بارودۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە مانگی تەمموز، کێشەی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی فڕۆکەخانەی سلێمانی چارەسەر دەبێت. بەڵام دواتر )هەندرێن موفتی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی(ئ اماژەی بەوەکرد، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە کە تا سەرەتای ساڵی 2024 راگرتنی گەشتەکانی نێوان تورکیا و فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا بەردەوام دەبێت. رۆژی (29ی ئەیلول) )سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم( لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە میانی سەردانەکەی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان، داوایان لێکردووە گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە ھۆکاری خۆی ھەیە بۆ راگرتنی گەشتەکان. لەم ڕاپۆرتەدا پاڵپشت بە چاودێری کردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023)، تیشک دەخەینە سەر ژمارەی ئەو گەشتانەی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجام دراون، پاشان بەراوردی دەکەین بە ژمارەی ئەو گەشتانەی کە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو ئەنجام دراون، پاشان قەبارەی دابەزینی ژمارەی گەشتەکان روندەکەینەوە. یەکەم؛ گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023) پاڵپشت بە چاودێریکردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023)، (6) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، فلای دوبەی، ماهان ئێر و فلای بەغداد) گەشتەکانیان ئەنجامداوەو دەدەن، ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (هەزار و 747) گەشتیان تۆمار کردووە، کە (877) گەشتی (هاتن) و (870) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوەو دەدەن. بە جۆرێک؛ -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی مەلەکی ئوردنی (92) گەشتی هاتن و (91) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراق ئێروەیس (435) گەشتی هاتن و (435) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی قەتەر ئێروەیس (184) گەشتی هاتن و (184) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای دوبەی (73) گەشتی هاتن و (75) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان ئێر (51) گەشتی هاتن و (50) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد (42) گەشتی هاتن و (35) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    هەریەک لە کۆمپانیا فرۆکەوانییەکانی (تورکش ئێرلاینس، کۆنۆدۆر ئێر، فلای ئەربیل و پێگاسۆس ئێرلاینس) هیچ گەشتێکیان تۆمار نەکردووە، بەهۆی گەمارۆکانی تورکیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی. بۆ وردەکاری گەشتەکانی (هاتن و رۆشتن) لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی کۆمپانیا و مانگەکان لە (5/4/2023 – 25/9/2023) بڕوانە خشتەکانی (1 و 2).       دووەم؛ گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2022 – 25/9/2022) پاڵپشت بە چاودێریکردن (رصد)ی خشتەی رۆژانەی گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2022 – 25/9/2022)، (10) کۆمپانیای فڕۆکەوانی (مەلەکی ئوردنی، عێراق ئێروەیس، قەتەر ئێروەیس، تورکش ئێرلاین، فلای دوبەی، ماهان ئێر، فلای بەغداد، کۆندۆر ئێر، فلای ئەربیل و پێگاسۆس ئێرلاینس) گەشتەکانیان ئەنجامداوە، ئەو کۆمپانیا فرۆکەوانیانە (2 هەزار و 969) گەشتیان تۆمار کردووە، کە (هەزار و 488) گەشتی (هاتن) و (هەزار و 481) گەشتی (رۆشتن)یان ئەنجام داوە. بە جۆرێک؛ -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی مەلەکی ئوردنی (91) گەشتی هاتن و (92) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراق ئێروەیس (648) گەشتی هاتن و (642) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی قەتەر ئێروەیس (155) گەشتی هاتن و (156) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی تورکش ئێرلاینس (229) گەشتی هاتن و (230) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای دوبەی (74) گەشتی هاتن و (74) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان ئێر (75) گەشتی هاتن و (75) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای بەغداد (111) گەشتی هاتن و (108) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی کۆنۆدۆر ئێر (67) گەشتی هاتن و (67) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی فلای ئەربیل (1) گەشتی هاتن و (1) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. -    کۆمپانیای فڕۆکەوانی پێگاسۆس ئێرلاینس (37) گەشتی هاتن و (36) گەشتی رۆشتنی تۆمار کردووە. بۆ وردەکاری گەشتەکانی (هاتن و رۆشتن) لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی کۆمپانیا و مانگەکان لە (5/4/2022 – 25/9/2022) بڕوانە خشتەکانی (3 و 4). خشتەکانی ژمارە (3 و 4) سێیەم؛ گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە (5/4/2023 – 25/9/2023) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەپێی ئەو داتایانەی لە بەشەکانی (یەکەم و دووەم) رونمان کردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی گەمارۆکانی تورکیا لە (5/4/2023 – 25/9/2023)، (877) گەشتی هاتن و (870) گەشتی رۆشتن لە لەلایەن (6) کۆمپانیای فرۆکەوانییەوە ئەنجامدراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، (هەزار و 488) گەشتی (هاتن) و (هەزار و 481) گەشتی (رۆشتن) لە لایەن (10) کۆمپانیای فڕۆکەوانییەوە ئەنجام دراوە. بەو مانایەی لەگەڵ دەستپێکی گەمارۆکانی تورکیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو (هەزار و 222) و بە رێژەی (41%) گەشتەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کەمی کردووە، کە (611) گەشتی (هاتن) و (611) گەشتی (رۆشتن) بووە. بۆ وردەکاری بۆ وردەکاری گەشتەکانی (هاتن و رۆشتن) لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی کۆمپانیا و مانگەکان لە (5/4/2023 – 25/9/2023) بەراورد بە ماوەی (5/4/2022 – 25/9/2022) بڕوانە (خشتە (5) و چارتەکانی (1 و 2 و 3).    


درەو: قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا بە دانانی دارا رەشید وەك وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، مەسرور بارزانی لە بڕیارەكە نیگەرانەو دەڵێت"بڕیارەكە لەدەسەڵاتی ئەودا نیە". سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بە بڕیار دارا رەشید وەزیری پلاندانانی داناوە وەك وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی چوار رۆژە دەرچووەو ئاراستەی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی كراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەو بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی نیگەران كردووەو راگەیاندووە كە ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی قوباد تاڵەبانیدا نیەو كاری پێناكرێت. سەرچاوەیەك لە یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند: بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی لە جێگەی خۆیدایە، بۆچی مەسرور بارزانی وەزیری سامانە سروشتیەكانی بە وەكالەت دانا، هیچ پرسێكی بەیەكیتی نەكرد، بۆیە ئەو پۆستە پۆستی یەكێتیەو یەكێتی مافی خۆیەتی كێ دیاری دەكات، بەڵام مەسرور بارزانی چەند جارێك پێشنیازی دارا رەشیدی بۆ كراوە ئامادە نەبووەو بیكات بە وەكالەت بۆ وەزیری پێشمەرگەو داوای كردووە حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری بكرێتە وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت. لە مانگی ئابی 2022 شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، تا ئێستا نەتوانراوە شوێنەكەی پڕبكرێتەوە، لە ئێستادا لەناو وەزارەتی پێشمەرگە چەندین كێشە لە نێوان تیمی یەكێتی و پارتی درووست بووەو كێشەكان روو لە تەقینەوەن، هاوپەیمانانیش فشار دەكەن بۆ دیاریكردنی وەزیری پێشمەرگەو چاكسازی لەو وەزارەتە كە مانگانە نزیكەی (20) ملیۆن دۆلار بۆ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە بەتایبەت لیوا هاوبەشەكان تەرخان دەكات.    


(درەو):  حكومەتی عێراق بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دیناری تر قەرز بە حكومەتی هەرێم دەدات، ئەم قەرزە لە شایستەی دارایی هەرێم لە بودجەی 2023 دەبڕدرێت، ئەگەر شایستەی هەرێم لە 2023دا بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد، لە شایستەی هەرێم بۆ ساڵی 2024 دەبڕدرێت، واتا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ وه‌رگرتنی ئه‌م قه‌رزه‌ لێكه‌وت له‌سه‌ر ساڵی دارایی داهاتووی هه‌رێم به‌جێبهێڵێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌دا هه‌ردوو حكومه‌ت نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنێكی ریشه‌یی له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ یاسای بودجه‌.  نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەقی بڕیاری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەبارەی ناردنی پارە بە قەرز بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. ئەم بڕیارە دوای سەردان‌و رێككەوتنی رۆژی 14ی ئەم مانگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دێت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق. بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا هیچ بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێدانی قەرزو ناردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەرنەچووە، ئەوەی كراوە هەمواری بڕیاری كۆبونەوەی رۆژی 3ی ئەم مانگەی حكومەتی عێراق بووە، كۆبونەوەیەك كە تێیدا بڕیار درا بۆ ماوەی (3) مانگ، مانگانە بڕی (500 ملیار) دینار قەرز بە هەرێمی كوردستان بدرێت بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم پێی قایل نەبوو، وتی: بەشی خەرجی موچەی موچەخۆران ناكات.  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەمشێوەیە هەمواری بڕیارەكەی رۆژی 3ی ئەم مانگەی كردووە:   •    لەپێناو پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینان، تا ئەوكاتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ پاكتاوی ئەوانە دەكات كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، وەكو جێبەجێكردنی یاسای گشتی بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025)، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە هەمواركردنی بڕیاری ژمارە (23500)ی ساڵی 2023، بەمشێوەیە:  1-    بانكەكانی رافیدەین‌و رەشید‌و (TBI) بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بۆ ئەمساڵی دارایی وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن‌و بە سێ جاری هاوتا بە (700 ملیار) دینار بۆ هەرجارێك، لە مانگی ئەیلولەوە ئەم پارە دەدرێت.  2-    وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، لە تەرخانكراوەكانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 دەدات، ئەمەش دوای پاكتاوكردنی ئەوەی لە ئەستۆیدایە (مەبەستی پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێمە).  3-    ئەگەر ئەوەی لە پشكی هەرێم دەمێنێتەوە بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (2) لە سەرەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (2024) بەو بانكانە دەداتەوە كە ناویان هاتووە یان لە هەر شایستەیەكی دارایی تری تر دەیداتەوە، بەر لە پێدانی هەر شایستەیەك بە هەرێم.  4-    وەزارەتی دارایی دانراوێكی بانكیی لای ئەو بانكانە دادەنێت كە ناویان هێنراوە، دانراوەكە هاوتایە لەگەڵ بڕی قەرزی هەریەكەیان‌و دوای جێبەجێكردنی هەردوو بڕگەی (2،3)ی سەرەوە دەكشێندرێتەوە.  5-    دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، وردبینی دەكات لە ژمارەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی‌و خانەنشین دەیانگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بڕی موچەكانیان، بەگوێرەی لیستی رادەستكراو بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەمەش لەماوەیەكدا كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لەلایەن هەردوو دیوانەكەوە دانراوە. 


(درەو): مەسرور بارزانی بە (500 ملیار) دینار قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ قایل نەبوو، سودانی قەرزەكەی زیاد كرد بۆ (700 ملیار) دینار بۆ مانگەكانی (9،10،11)، بەڵام قەرزەكە هەر وەكو بڕیاری پێشووی حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی (3) مانگ بەردەوام دەبێت نەك (6) مانگ وەكو ئەوەی وەفدی هەرێم داوای كردبوو، بەم (700 ملیار) دینارەی بەغدادەوە، حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی سێ مانگ داهاتەكانی بۆ بڕی (ترلیۆن‌و 45 ملیار) دینار‌و بە ئاسانی دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكات، بەڵام چارەنوسی موچەی مانگەكانی (8،7) بە نادیاری دەمێنێتەوە. قەرز لە 500 ملیارەوە بۆ 700 ملیار دینار دوای دوو رۆژ چاوەڕوانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، دواجار ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە‌و بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران. رۆژی 14ی ئەم مانگە وەفدێكی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتیی دەكرد‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئەندامبوون تێیدا، چووە بەغداد. وەفدی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو پێشنیازی كرد. پێشنیازی یەكەم: حكومەتی عێراق بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێك بڕی (800 ملیار) دینار بە قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ موچەی فەرمانبەران. پێشنیازی دووەم: لە ساڵی 2024دا یاسای بودجەی گشتی عێراق هەموار بكرێتەوە. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێشنیازی یەكەمی حكومەتی هەرێمی خستە دەنگدانەوە، بەڵام لە بری (800 ملیار) دینار، بڕیاریدا (700 ملیار) دینار بە قەرز بنێرێت، هەروەها لەبری ناردنی پارە بۆ ماوەی (6) مانگی ئەمساڵ، تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگ قەرزەكە دەنێرێت. بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق، ئەو (700 ملیار) دینارە قەرزە بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ دابین كراوە، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگەكانی (8،7)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە‌و ئەمڕۆ لە عێراق وەزارەتی دارایی دەستیكرد بە دابینكردنی موچەی مانگی (9)ی وەزارەتەكانی خۆی. رۆژی 3ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ، بڕی (500 ملیار) دینار بە قەرز بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەم بڕە پارەیە قایل نەبوو، ئەوەی ئەمڕۆ رویداوە تەنیا زیادكردنی بڕی قەرزەكەیە لە (500 ملیار)ەوە بۆ (700 ملیار) دینار.   مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەیەكەم كاردانەوەداو بەشێوەیەكی خێرا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد، واتا قایل بەو (700ملیار) دینار قەرزەی كە حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی تەنیا سێ مانگ بۆی دەنێرێت. داهاتی حكومەت بۆ موچە ئێستا ئیتر دوای ناردنی پارەكە لە بەغدادەوە، داهاتی هەرێم بۆ سێ مانگ بەمشێوەیە دەبێت: •    بڕی (700 ملیار) دیناری قەرزی حكومەتی عێراق •    بڕی (320 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ هەر مانگێك •    بڕی (25 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە تێكڕای ئەم داهاتانە بۆ هەر مانگێك كۆبكرێتەوە بڕەكەی دەگاتە (ترلیۆنێك‌و 45 ملیار) دینار، خەرجی موچەی هەر مانگێكی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (944 ملیار) دینار، واتا بەم داهاتە حكومەتی هەرێم دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكات‌و بڕی (100 ملیار) دیناریشی لەبەردەستدا دەمێنێتەوە بۆ خەرجی وەزارەتەكان. میكانیزمی دابەشكردنی موچە چۆن دەبێت ؟ ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی (3) مانگ زامنی خەرجی موچەی كردووە، بەڵام موچەی دوو مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی نەداوە كە موچە مانگەكانی (تەموزو ئاب)ە، هێشتا دیار نییە ئایا وەزارەتی دارایی هەرێم یەكەم موچە چۆن دابەش دەكات، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دوو سیناریۆ لەبەردەستدایە: سیناریۆی یەكەم: وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی تەموز رابگەیەنێت‌و بۆ دوو مانگەكانی تریش بەگوێرەی ریزبەندی مانگەكان موچەی (ئاب‌و ئەیلول) دابەش بكات. سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی بۆ ئەو سێ مانگە موچەی مانگەكانی (11،10،9) دابەش بكات‌و دوو موچە فەوتاوەكەی مانگەكانی (8،7) فەرامۆش بكات‌و هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی تری سەردەمی كابینەی نۆیەم، بەرپرسیارێتییەكەی بخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراقەوە. سیناریۆی سێیەم: وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ گەیشتنی پارە قەرزەكەی بەغدا، بەسەر یەكەوە موچەی مانگەكانی (8،7)ی موچەخۆران دابەش بكات، ئەمە سیناریۆیەكی لاوازە‌و پێشبینی نەكراوە، بەتایبەتیش كە پێدانی (700 ملیار) دینارەكەی بەغداد تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگەو لە باشترین حاڵەتدا پێشبینی دەكرێت عێراق (700 ملیار) دیناری تر بۆ موچەی مانگی (12) بۆ هەرێم بنێرێت.  


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد، تەنها کێشه‌ی گەندەڵیی و دزیی و جەردەییەکی ئابووریی سیستماتیک و رێکخراو نییە، تەنها کێشەی گوێنەگرتن لەیەک و رق و ملهوڕیی و هەوڵدانی زەلیلکردنی یەکتریش نییە. ناتەباییەکانیش لە بنەڕەتەوە لەنێوان دوو بەرەدا نییە، یەکێکیان باش و ئەویتریان خراپ، یان یەکێکیان بەرپرس و ئەویتریان نابەرپرس. (لەم ئاستەدا هەردوو بەرەکە تەواو خراپ و نابەرپرس و جەردەئاکارن، هەرێم لە بەغدا خراپترو بەغدا لە هەرێم خراپتر). کێشەکە لە بنەڕەتدا کێشەی خودی وڵاتەکە خۆیەتی وەک وڵات، فەشەلی دروستکردنی شتێکە لەو وڵاتەدا بەناوی «میلەت» یان نەتەوە» یان «گەل»ەوە. عێراق و پێکهاتەکانی وڵاتێکن لەناو چوار فەشەلی گەورەدا دەژین. فەشەلی یەکەمیان، فه‌شەلی دروستکردنی میلەت یان گەل یان نەتەوەیەکە بەناوی گەل و میلەت یان نەتەوەی عێراقییەوە. ئەوەی لە وڵاتەکەدا هەیەو ئامادەیە، ئەقوام و مەمالیک و میلەل و نەحەل و گروپی ئەتنیی و دینیی ناکۆک و ناتەبان، کە هیچ شتێک بەیەکەوە گرێیان نادات و بەیەکەوە کۆیانناکاتەوە، جگە لە هاوکێشەیەکی جیۆپۆلیتیکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە ناچارکردنی جەوهەرەکەی پێکدەهێنێت. دەوڵەتی عێراقیی، وەکو زۆربەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە، دەوڵەتەێکی بێ گەل و بێ میلەت و بێ نەتەوە. ئەو مۆدێلە سیاسیەی کە لە زانستە سیاسییەکاندا ناوی «دەوڵەتی نەتەوە»، یان «دەوڵەت نەتەوە»ی لێرناوە، لە دونیای ئێمەدا بووە بە «دەوڵەتێک بەبێ نەتەوە»، دەوڵەتێکی رووت، دەوڵەتی هێزی رووت، فاشیل لە دروستکردنی میلەتێکدا بە لانیکەمی هاوبەشیی سیاسیی و فەرهەنگیی و رەمزییەوە. سەرجەمی پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو عێراق لەوەدا فاشیلبوون بەسەر تایبەتمەندی داخراوی خۆیاندا سەربکەون و هەنگاو بنێن بەرەو بوون بە شتێک گەورەترو کراوەتر لە خۆیان. لەزۆر ئاستدا ئەم فەشەلە ژێرخانی بەشی هەرزۆری کارەسات و کێشەو تەحەدا گەورەکانی وڵاتەکەیە. فەشەلی دووهەم، فەشەلی بوونی پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتەیە لەسەرکەوتن بەسەر پارچەپارچەبوونە ناوخۆییەکانی خۆیانداو گۆڕانیان بۆ میلەت یان گەل یان نەتەوەیەکی تایبەت، یاخود تەنانەت گۆڕانیان بۆ بوون بە «کۆمەڵە»ەیەک بەلانی هەرکەمی کۆگیرییەوە. لەوانەش فەشەلی کورد بۆ بوون بە نەتەوە یان میلەت یان گەلێکی تایبەت، بەلانی هەرە سەرەتایی کۆگیریی و تەبایی و هاودەنگیی و هاریکاریی سیاسیی و رەمزییەوە. کورد لە هەرێمدا دابەش و پارچەپارچەیە لەنێوان چەند ناوچەو شارو بازگەیەکی سەربازییدا، کە کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی دایانڕشتوەو بەهێزی چەکدار سەپاندویانەو بەڕێوەی دەبەن. هەرێم بەکردەوە، بەتایبەتی دوو هێزە حوکمڕانەکەی هەرێم و بە تایبەتیتر بکەرە سەرەکییەکانی ئەو دوو هێزە، توانای تێپەڕاندنی لۆژیکی ئەو دابەشبوونەیان نییە، کە بەشی هەرە زۆریان خۆیان لە پێگەی دەسەڵات و لەڕێگای دەزگاو دەسەڵاتەکانی حوکمڕانیانەوە، دروستیانکردوە. لۆژیکی کارکردن و یاسای ململانێی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیش لە هەرێمەکەدا لۆژیک و یاسای خێزان و بنەماڵەو خێل و گوندە، واتە لۆژیکی کۆی ئەو پێکهاتانەیە کە دەکەونە پێش دروستبوونی گەل و نەتەوەوەو رێگریشن لە دروستبوونی هەر یەکەیەک توانای بازدانی هەبێت بۆ ئەودیوی لۆژیکی خێزان و بنەماڵەو خێڵەوە. حوکمڕانانی هەرێم، بەدرێژایی دونیای دوای راپەڕین، ئەو وێنەیەی هەم بە خۆیان و هەم بە جیهانیان نیشانداوە، وێنەی میلەتێک و نوێنەرەکانی نییە کە داوای مافەکانی ئەو میلەتەکە بکەن، بەڵکو وێنەی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەن کە سەرەتاو کۆتایی بیرکردنەوەیان بریتییە لە بەرگریکردن لە قازانج و ویست و خواستی خێزانی و بنەماڵیی  و حیزبیی خۆیان، لە ڕەگای قۆرخکردنی هەموو ئەو شتانە کە دەتوانن و بۆیاندەکرێت قۆرخی بکەن. لەمەشدا نیشانی هەموو جیهانیان داوە کە ناتوانن لانی هەرەکەمی کاری پێکەوەیی و تەبایی و هاریکاریی دەسەتەجەمعی تەندروستیان هەبێت. هاوکات خودی حوکمڕانانی هەرێمەكه‌ وەکچۆن لەناوخۆدا دابەش و قۆرخکارن، بەهەمانشێوە لە پەیوەندیشیاندا بەسەر دەوڵەتە ئیقلیمییەکان و بەسەر دەرەوەی هەرێمەکەشدا دابەشن. فەشەلی سێهەم بریتییە لە فەشەلی شیعەکانی عێراق لەوەدا کە ببن بە بەرەیەکی سیاسیی یەکگرتوو، لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی شوناسێکی شیعی هاوبەش بۆ سەرجەمی شیعەکانی ئەو وڵاتە. ماڵی شیعە وەک ماڵی کورد ماڵێکی پارچەپارچەو دابەشە، هێزی چەکداریی ناتەباو میلیشیای دوژمن بەیەک لە هەناویاندا ئامادەیە. یەکێکیان خۆی بە عێراقی و عەرەب دەزانێت و ئەویتریان خۆی بە هەواداری ویلایەتی فەقێی کۆمەڵێک لە ئایەتوڵاکانی ئێران. ململانێی ناوەکیی حەوزەکان و ململانێی خێزانە دینییە سیاسییەکانیش لەوپەڕیدایە. ئەوەی زۆرجار رێگربووە لەوەی میلیشیا شیعەکان بەیەکدابدەن و ئەزموونی جەنگی ناوخۆی هەرێم دووبارەبکەنەوە، ئامادەگیی و نفوزو هەیمەنەی ئێرانە بەسەر بەشی هەرەزۆری هێزە شیعییەکانی عێراقدا.   فەشەلی چوارهەمیش فەشەلی سونەکانی عێراقە لەوەدا ببن بە کۆمەڵەیەکی دینیی بەلانی هەرەکەمی تەبایی و هاودیدیی و هاوخواستییەوە. ئەگەر زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش وەک سونە ببینین و مامەڵەبکەین، ئەوا دابەشبوونی یەکەمی سونە لە عێراقدا دابەشبوونێکی ئەتنییە لەنێوان سونەی کوردو سونەی عەرەب و سونەی تورکمان و هتد.. تێپەراندنی ئەم دابەشبوونە لە مەحاڵ نزیکە تا هەر ئەگەرێکی مێژووی عەقڵانیی. جگە لەمە سونەی عەرەب لەڕووی سیاسییەوە لە ئێستادا دابەشە لەنێوان کۆنە بەعسییەکان و پاشماوەکانی داعش و سونەی سەر بە ئیخوانی موسلیمین و سونەی سەلەفیی و سونەیەکی دیکە کە دەیەوێت شتێک لە کێکی دەسەڵاتی لە عێراقدا بەربکەوێت. ئەمە جگە لە دابەشبوونیان بەسەر وڵاتە ئیقلیمە ناتەباکانی وەک تورکیاو سعودیەو قەتەرو ئیماراتدا، ئەم فەوزا گەورەیەش فۆرمی جیاوازیی دابەشبوونی ناوەکیی لەناو سونەکانی عێراقدا دروستکردوە، کە تێپەڕاندنیان لە مەحاڵ دەچێت.   بەکورتییەکەی، عێراق نە خۆی وەک دەوڵەت و کۆمەڵگا، نە پێکهاتەکانی ناوی، نە وڵاتانی دەوروبەری، هەڵگری لانی هەرە هەرە کەمی تەبایی و هاودەنگیی و هاوخەونیی و هاوخەمی نین. ئەوەی هەیە وڵاتێکە لەکۆی بەشە جیاوازەکانیدا کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵه‌ی سیاسیی و دینیی بەڕێوەیدەبەن، بە دنیایەک ململانێیی نابەپرسیارو نایاسایی و نائەخلاقییەوە، کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵە کە خۆیان بە وڵاتەکەو پێکهاتەکانی یەکسانکردوەو لە دەرەوەی خۆیاندا نەک کەس بە شایستەی حوکمڕانی نازانن، بەڵکو بە شایستەی ژیانیش نازانن. وڵاتێک نە یاسا، نە دەزگا، نە بەرپرسیاریەت، نە ماف لەناویدا ئامادە نییەو کارناکات. ئەوەی وا دەکات نزیکەی ٦ ملیۆن مرۆڤ لە هەرێمەکەدا لەوە دڵنیا نەبێت داخۆ مانگانە موچەکەی وەردەگرێت یان نا، ئەم دیمەنە وێرانەو ترسناکەیە کە باسمانکرد.    


  ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی پاش چه‌ند مانگێك له چاوه‌ڕوانی و گرفت و‌ دواخستنی پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم له ‌بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دواجار چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن به‌غداوه‌  به‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا، كه‌  به‌پێی ماده‌ی ١١ی یاسای بودجه،‌ شایسته‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی ده‌درێن نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ ته‌رخانكراوه‌كانی ناو یاساكه. به‌مجۆره‌ هه‌رێمی كوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی بودجه‌ی بۆ بنێردرێت، قه‌رزار كرایه‌وه‌، ئینجا شانده‌كه‌ و زۆرێك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێم له‌به‌غدا و له‌ناو هه‌رێمیش زانیان كه‌ ئه‌وان و پشكی هه‌رێمیش بوون به‌و ته‌ڵه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی ٢٠١٥ه‌وه‌ له‌ناو یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا بۆ پشكی هه‌رێم دانراوه‌. ئه‌وان پێشتر نه‌ گرنگیان به‌و بابه‌ته‌ دابوو نه‌ وه‌ك پێویست لێی تێگه‌یشتبوون، نه‌ ده‌یانزانی مه‌ترسییه‌كه‌ی چه‌ند گه‌وره‌یه‌. ئێستا له‌پاش ئه‌و شۆكه‌، هه‌ندێ بۆچوون بۆ پێشنیاری چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ ده‌خرێنه‌ڕوو، كه‌ شایانی تێبینی و شیكردنه‌وه‌ و له‌سه‌ر وه‌ستانن. ئه‌وه‌ی له‌میانه‌ی لێدوانی شانده‌كه بیستمان‌ و ئه‌وه‌یشی له‌لایه‌ن به‌رپرسان و خه‌ڵكانی تریشه‌وه‌ له ‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ گوێبیستی ده‌بین، ئه‌وه‌یه‌ كه دوو بۆچوون بۆ چاره‌سه‌ر له‌ ئارادان، ئه‌وانیش ته‌واو ساكار و پڕ كه‌موكوڕین. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بۆچوونی سێیه‌میش هه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسان و نوێنه‌رانی كورد له ‌به‌غداوه‌ گوێبیستی بووین، كه‌ ئه‌وه‌یان بۆچوونه‌ دروسته‌كه‌یه‌. لە خواره‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر هه‌رسێ بۆچوونه‌كه‌‌ ده‌كه‌ین‌.  بۆچوونی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ دیاریكردنی قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی عێراق پێویسته‌ خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌گه‌ڵ هی پازده‌ پارێزگاكه‌ی تر كۆبكرێنه‌وه ‌و شایسته‌كانی هه‌رێم له‌ خه‌رجیی فیعلیی هه‌موو عێراق بدرێن نه‌ك ته‌نیا له‌ هی پازده‌ پارێزگاكه‌. ئه‌م بۆچوونه‌‌ له‌ڕوواڵه‌تدا لۆژیكی و دادوه‌رانه‌یه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا زۆر ساكار و پڕ كه‌موكوڕییه‌ و هیچ تێگه‌یشتنێكی دارایی و دامه‌زراوه‌یی له‌پشتییه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ هه‌م به‌ مانای ڕازی بوون و ڕێككه‌وتن دێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌كه‌ی كه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ڕێسا و پڕه‌نسیپه‌كانی دارایی گشتی و بودجه‌ ناگونجێت و ته‌نیا بۆ سته‌مكردن له‌ هه‌رێم دانراوه‌، هه‌میش ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ له‌ڕووی داراییه‌وه‌ سوودێكی زۆری بۆ هه‌رێم نییه‌. ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی خه‌رجكراوی فیعلی له ‌هه‌رێم به‌ ١٠٠٪یش دابنرێت و كۆی قه‌باره‌ی خه‌رجكراوی هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ هیی پانزه‌ پارێزگاكه‌ی عێراق كۆبكرێنه‌وه‌ و، له‌و هاوكێشه‌یه‌دا هه‌موو شتێكیش به‌دڵی هه‌رێم و به‌ سوودی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت، ئینجا له‌ باشترین باردا ته‌نیا مانگانه‌ نزیكه‌ی (١٠٠) ملیار دینار زیاد ده‌كرێت بۆ ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ده‌درێت به ‌هه‌رێم. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌غدا به‌ته‌واوی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بكات، ئه‌گه‌رنا له‌ هه‌موو بارێكدا گرفت دروست ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی مامه‌ڵه‌ بكرێت ئه‌وا دیاریكردنی قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی له ‌هه‌رێم ده‌بێته‌ گرفت و هیی پازده‌ پارێزگاكه‌یش خۆی گرفتی زۆری تێدایه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێژه‌كاری  و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی سه‌نگی ڕێژه‌یی خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم لەو هاوكێشه‌یه‌دا مامه‌ڵه‌ بكرێت نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌باره‌ی خه‌رجیی فیعلی، ئه‌وا ئه‌وكاتیش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ دێنه‌ پێشه‌وه ‌و هه‌رێم له‌ڕووی داراییشه‌وه‌ سوودێكی زۆری لێ وه‌رناگرێت و، ئه‌وه‌ی بۆی زیاد ده‌بێت زۆر كه‌متر ده‌بێت‌ له‌ ١٠٠ ملیار دینار، سه‌ره‌نجام له‌به‌رانبه‌ر جێبه‌جێكردنی هه‌موو مه‌رج و پابه‌ندییه‌كاندا ئه‌وه‌ی مانگانه‌ ده‌درێ به ‌هه‌رێم، هێشتا زۆر زۆر كه‌متر ده‌بێت له‌وه‌ی له‌یاسای بودجه‌دا بۆی ته‌رخان كراوه‌. بۆچوونی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا ته‌رخانكراوه‌كانی مووچه‌ له‌ مه‌رجی خه‌رجیی فیعلی به‌ده‌ربكرێن و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌رخانكراوه‌كان بدرێن. خه‌رجییه‌كانی تری به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی بدرێن. ئه‌م بۆچوونه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا به‌ئاسانی پێی ڕازی نابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ته‌نیا ئه‌و كاته‌‌ ده‌توانرێت به‌دروست بزانرێت ئه‌گه‌ر وه‌ك چاره‌سه‌رێكی كاتی و بۆ چه‌ند مانگێك بێت، تاكوو كێشه‌كه‌ به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌رنا به‌هه‌مان شیوه‌ هه‌م داننان و ڕازیبوونه‌ به‌و سته‌مه‌ نالۆژیكی و نه‌گونجاوه‌دا، هه‌م نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێم بتوانێت زۆربه‌ی ماف و شایسته‌كانی خۆی به‌پێی ته‌رخانكراوه‌كانی ناو یاسای بودجه‌ وه‌ربگرێت، هه‌میش چه‌ندین كێشه‌ی ته‌كنیكی و دارایی بۆ دروست ده‌بن. وه‌ك ده‌زانین ته‌رخانكراوه‌كانی تایبه‌ت به ‌مووچه ‌و ده‌رماڵه‌كان به‌شی زۆریان له‌ ناو پۆلێنی قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌راندان و به‌شێكیشیان له‌ناو پۆلێنی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تیدان، ئه‌م دوو پۆلێنه‌‌ زۆرینه‌ی ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی عێراق و به‌شی هه‌رێمیش پێك ده‌هێنن، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ به‌غدا به‌وه‌ ڕازی بێت. یاساكه‌ی بودجه‌یش به‌و جۆره‌ هاتووه‌ كه‌ كۆی پشكی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی ده‌درێت و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی تێدا نییه‌، كه‌ مووچه‌ به‌ده‌ربكرێت له‌و كۆتوبه‌نده‌. له‌گریمانه‌ی ئه‌وه‌دا كه‌ به‌غدا به‌و پێشنیازه‌ ڕازی بێت ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ده‌بێته‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ سوودێكی ڕێژه‌یی و كاتیی ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا هه‌رێم بێبه‌ش ده‌بێت له‌ چه‌ند ترلیۆن دینارێك له ‌ماف و شایسته‌كانی خۆی. بێگومان جێبه‌جێكردنی ئه‌م پێشنیازه‌ چه‌ند گرفتێكیشی دێنه‌ پێش، یه‌كێك له‌وانه‌ نه‌ناردنی كۆی ئه‌و بڕه‌ی له‌ پۆلینی قه‌ره‌بوی فه‌رمانبه‌راندا بۆ هه‌رێم دانراوه‌ به‌و پاساوه‌ی كه‌ ته‌رخانكراوه‌كانی قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران جگه‌ له ‌مووچه ‌و ده‌رماڵه‌ چه‌ند به‌ندێكی تری ته‌رخانكراوی تێدایه،‌ كه ‌ده‌شێ عێراق نه‌چێته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی وه‌ك مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات. ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌ پێشنیازێكی له‌و شێوه‌یه‌  ڕازی بێت، ئه‌وا  سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕییه‌كانیشی، ده‌توانرێت وه‌ك چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند و كاتی سه‌یری بكرێت، به‌ڵام نابێته‌ چاره‌سه‌رێكی ته‌واو و ته‌نیا ده‌توانێت كه‌مێك له گوشار و ‌بارگرانییه‌كانی هه‌رێم له‌م دۆخه‌دا كه‌م بكاته‌وه‌، تاكوو ئه‌و ده‌مه‌ی كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كریت.   بۆچوونی سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ئێستا‌وه‌ كار بكرێت بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ به‌و جۆره‌ی كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی خەرجی فیعلی له‌ ماده‌ی ١١ی یاساكه‌ لاببرێت، كه‌ وه‌ك پێوه‌ر بۆ پێدانی شایسته‌كانی هه‌رێم دانراوه‌. بۆ هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌، پاساوی لۆژیكیی به‌هێز هه‌ن، هه‌موو ڕێسا و پڕه‌نسیپه‌كانی دارایی گشتی و بودجه‌ و ژمێریاری حكومی تایبه‌ت به‌ ئاماده‌كردن و جێبه‌جێكردنی بودجه‌ پاڵپشتیی ده‌كه‌ن، له‌ وتارێكی پێشترمان به‌ناونیشانی (خه‌رجیی فیعلی، ته‌ڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق كه‌ی دانراو چۆن پشكی هه‌رێمی پێوه‌كرا؟) ئاماژه‌مان بۆ ئه‌و به‌ڵگه‌ و پاساوانه‌ كردووه‌، ده‌توانرێت بۆ قایلكردنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر سوود له‌و بواره‌ وه‌ربگیرێت.    له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێویسته‌ گره‌نتیی ئه‌وه‌ بدرێته‌ لایه‌نی به‌غدا، كه‌ هه‌رێم هه‌موو ڕاپۆرت و ده‌رخسته‌ و دۆكیۆمێنته‌ داراییه‌كانی ده‌ره‌نجامی جێبه‌جێكردنی بودجه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهات و ئه‌نجامدانی خه‌رجییه‌كان، به‌شێوه‌ی ده‌وری و به‌شێوه‌ی ساڵانه‌یش به‌و جۆره‌ی له‌یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ و وه‌ك هه‌موو نه‌ریتێكی دارایی و ژمێریاری بخرێنه‌ به‌رده‌ستی هه‌ردوو دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم و چاودێریی دارایی عێراق و، وێنه‌یان بدرێته‌‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ئه‌وكات له‌كۆتایی ساڵی داراییدا ئه‌گه‌ر بڕی ته‌مویلكراو له‌بڕی خه‌رجكراو زیاتر بوو، ئه‌وا بڕی جیاوازییه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته‌ باڵانسی سوڕاو بۆ بودجه‌ی ساڵی داهاتوو، یانیش به‌غدا ده‌توانێت ئه‌و بڕه‌ ته‌رخانكراوه‌ بخاته‌ بریتی ته‌مویلكردنی بودجه‌ی ساڵی داهاتووی هه‌رێم، له‌و كاته‌یشدا هه‌ر ده‌بێت وه‌ك باڵانسی گه‌ڕاوه‌ و سوڕاو له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق تۆمار بكرێت، ئه‌مه‌ له‌ به‌شه‌كانی تری عێراق و له ‌هه‌موو دنیاش په‌یڕه‌و ده‌كرێت. پوخته‌ی سه‌رنج و بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رێم به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به‌خێرایی كار له‌سه‌ر بۆچوونی سێیه‌م بكات، بۆچوونی دووه‌م ته‌نیا له‌كاتی ناچاری و به‌و مه‌رجه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت، كه‌ ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بێت و قۆناغێكی كورت بێت، پێش گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر به‌پێی بۆچوونی سێیه‌م. به‌ڵام بۆچوونی یه‌كه‌م به‌هیچ جۆرێك شیاوی ئه‌وه‌ نییه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت.  


شیكاری: درەو 🔻 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا؛ 🔹 (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە. 🔹 بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە. 🔹 بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە. 🔹 کەمترین بڕی بەفیڕۆچوون لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%). 🔹 ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%). 🔹 لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%). سەرەتا عێراق خاوەن یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یەدەگەکەی بە (137 ترلیۆن) پێ سێجا سەلمێندراوە  _1 مەتر سێجا = 35.3147 پێ سێجا_ زیاتر لەوەش هەر بەپێی سەرچاوەکان یەدەگی نەسەلمێندراو دەگاتە (332 ترلیۆن) پێ سێجا، ئەم یەدەگە گەورەیەش لە غازی سروشتی وڵاتەکە دەباتە نێو ریزبەندی (10) یەکەمەکەی جیهان لەبوونی یەدەگی ئەم کانزا سروشتییە بە نرخە. ئەو یەدەگە لە غاز سروشتی عێراق دوو جۆرن، بەشێکیان غازی پەیوەست بە نەوتەوەن و لە کێڵگە نەوتییەکاندا چڕ بووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبونەتەوە، ئەم جۆرەیان بە ڕێژەی (70%)ی غازی سروشتی عێراق پێکدەهێنێت، کە بە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت رێژەی دەرهێنانی ئەویش زیاد دەکات. جۆرێکی دیکەیان کێڵگەی تایبەت بە غازی سروشتین، بە ڕێژەی (30%)، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبوونەتەوە. بەڵام تا ئێستا عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی بۆ غازی سروشتی، نەیتوانییەوە پشت بەخۆی ببەستێت، بەردەوامە لە هاوردەکردنی ئەم کانزایە، بەشی زۆری ئەو بەکاربردنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی (85%) وێستگە کارەباییەکانی عێراق بە غازی سروشتی کاردەکەن. بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە، رۆژانە زیاتر لە (40 ملیۆن) پێ سێجا غاز هاوردە دەکات، لە کاتێکدا زیاتر لەو بڕە بەبێ سود دەسوتێت و بەهەدەر دەچێت، بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نزیک، لە عێراق ساڵانە بەبەهای زیاتر لە (2.5 ملیار) دۆلار غازی سروشتی دەسوتێت و بە هەدەر دەڕوات. لەگەڵ ئەوەی هۆکاری زۆر هەیە کە پاڵ بە عێراقەوە دەنێت بۆ سووتاندن و بەهەدەردانی غازی سروشتی، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەو دۆخەوەن، کە بریتین لە؛ یەکەم؛ کەرتی غاز زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ هەیە، بە تێچوویەکی زۆر بەرزەوە. دووەم؛ هۆکاری شکستهێنانی عێراق لە ئیستغلالکردنی ئەو غازەی کە بەهەدەردەچێت سیاسیە، ئەویش ڕەنگە پەیوەست بێت بە فشارەکانی تاران بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی عێراق، بۆ ئەوەی پشتبەستن بە غازی ئێرانی، کە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا بەکاردەهێنرێت، بەردەوام بێت. بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن دامەزراوەی وزەی جیهانییەوە سەبارەت بە ئامارەکانی پەیوەست بە بازرگانی غازی سروشتی لە جیهاندا پێشکەش کراوە، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ساڵانەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ساڵی ڕابردوودا (2022) "کۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەی غازی سروشتی بریتی بووە لە (18.9 ملیار) مەتر سێجا، لەو ژمارەیەش (9.4 ملیار) مەتر سێجای هاوردەی عێراق کراوە، (9.1 ملیار) مەتر سێجای بۆ تورکیا و (0.4 ملیار) مەتر سێجای بۆ کۆماری ئازەربایجان چووە". لە رۆژی (25/4/2023) وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق "ئەحمەد موسا عەبادی" ڕایگەیاند؛ "قەبارەی خەرجی ساڵانە بۆ هاوردەکردنی غاز نزیکەی (8 ترلیۆن) دینارە، کە دەکاتە (6 ملیار) دۆلار". لەم ڕاپۆرتەدا پاڵپشت بە بڵاوکراوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق – دەزگای ناوەندی ئامار (کۆمەڵە ئاماری ساڵانە 2022 - 2023) کە داتاکانی لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگرتووە. تیشک دەخەیەنە سەر بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رێژەی بەهەدەرچوونی لە عێراق لە ماوەی ساڵانی (1991 - 2022). یەکەم؛ بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، لە دوای ساڵی (1991)ەوە بەردەوام قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی ڕووی لە هەڵکشانە، بەجۆرێک لە ساڵی (1991)دا تەنها بڕی (3 ملیار و 720 ملیۆن) پێ سێجا بەرهەمهێنراوە، بەڵام کێرفی بەرهەمهێنان تا ساڵی (2001) بەرزبوونەوەی بە خۆوە دیوەو گەیشتووە بە (14 ملیار و 758 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام تا کۆتایی ساڵی (2003) بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دابەزیوەو ڕەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بە جەنگی (عێراق - ئەمریکا)، بەڵام لەدوای (2004)ەوە بەردەوام بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رووی لە زیادبوون کردووەو تا لە ساڵی (2019) گەیشتووە بە لوتکە و بڕی (32 ملیار و 699 ملیۆن) مەتر سێجا غازی تێدا بەرهەمهێنراوە، لە ساڵی (2022)شدا بڕی بەرهەمی غازی سروشتی گەیشتووە بە زۆرتر لە (30 ملیار) مەتر سێجا. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))       دووەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەکاربراو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار و 778 ملیۆن) مەتر سێجای بەکاربراوە، کەمترین بڕی بەکاربراویش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (3 ملیار و 157 ملیۆن) مەتر سێجا، بڕی بەکاربردن ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەڵام لە دوای ساڵی (2003)ەوە تا ساڵی (2015) بەکاربردن (لەکۆی بەرهەم) نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە، لەدوای ساڵی (2015)ەوە جارێکی تر بڕی بەکاربردن هەڵکشاوە، تا ساڵی (2022) گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (16 ملیار) پێ سێجای تێپەڕاندووە. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (2)). سێیەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (563 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام بڕی بەهەدەردان ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەشێوەیەکی ناسروشتی ساڵی (2016) بەهەدەردانەکە گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (17 ملیار 700 ملیۆن) پێ سێجای تێپەڕاندووە. لە ساڵی (2022)ش قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (14 ملیار و 476 ملیۆن) مەتر سێجا، بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (3)).   چوارەم؛ رێژەی  بەکاربردن و بەفیڕۆچوونی غازی سروشتی (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە، هاوکات بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%)، بەڵام لەو کات بەدواوە رێژەی بەفیڕۆچوونەکە ئێجگار گەورەبووەو بەتایبەت ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%)،  بەڵام لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%)، بۆ وردەکاری ئامارو رێژەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (4)).   سەرچاوەکان -    وزارة التخطیط العراقیة،  الجهاز المركزي للإحصاء، المجموعة الاحصائية السنوية 2022 – 2023؛ https://shorturl.at/bEHR3 -    د. سمير خلف بندر، مشروع الطاقة المتكامل  GGIP، وزارة التخطيط دائرة السياسات االقتصادية والمالية؛ https://shorturl.at/foJQT -    شبکة روداو، العراق يستورد أكثر من 9 مليارات متر مكعب غاز من إيران خلال سنة، 4/7/2023؛ https://shorturl.at/bep09 -    الطاقة، فاتورة استيراد الغاز الإيراني تكلف العراق 6 مليارات دولار سنويًا، 25/4/2023؛ https://shorturl.at/gktK6 -    سبوتنیک، بالأرقام ... هكذا يهدر العراق غاز طبيعي بمليارات الدولارات، 10/10/2020؛ https://shorturl.at/orW16 -    الحرة، "مشكلة قديمة" تؤرق العراق.. حرق الغاز بالمليارات و"ضغوط" حالت دون الاستفادة منه، 1/4/2023؛ https://shorturl.at/NTY38 -    الجزیرة، تبذير لموارد العراق.. تعرف إلى ثاني أكبر دولة مبددة للغاز الطبيعي في العالم، 14/9/2020؛ https://shorturl.at/O0347  


  راپۆرت: درەو لەبری پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە رێگای دانوستانی سیاسی هەڵبژارد، بە زارەكی لایەنە عێراقییەكانی قایل كردووە بەوەی یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە، بۆ هەرێمی كوردستان گرنگترین هەموار لە بودجەدا گۆڕینی ئەو بڕگەیەیە كە دەڵێ "پشكی هەرێم لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت"، خەرجی فیعلی چییە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. هەرێم داوای هەموار دەكات دوای زیاتر لە دوو مانگ‌و نیو لە بڵاوبونەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە رۆژنامەی وەقایع‌و كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا نەكەوتە بواری جێبەجێكردن، لەدواین پەرەسەندندا حكومەتی هەرێم پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجە لە ساڵی داهاتوودا. بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە واتای 17ی ئەم  مانگە لە كۆبونەوەی خۆیدا دەنگ لەسەر ئەم پێشنیازە بدات، ئەو سەرچاوانەی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون ئاماژە بەوە دەكەن، لایەنە عێراقییەكان لەوانە (مالیكی- عامری- قەیس خەزعەلی- حەیدەر عەبادی- خەمیس خەنجەرو حەلبوسی) بەڵێنیانداوە لەڕێگەی وەزیرەكانیانەوە رۆژی یەكشەممە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشتیوانی خۆیان بۆ پێشنیازەكەی حكومەتی هەرێم بكەن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێشنیازی هەمواری بودجە لەلایەن هەرێمەوە تەنیا بۆ ئەو ماددەو بڕگانەی بودجە نییە كە هەرێم تێبینی هەیە لەسەریان، بەڵكو هەموو ماددەكانی تریش دەگرێتەوە كە لایەنەكانی تر سەرنج‌و  رەخنەیان هەیە لەبارەیەوە. رێككەوتنی سیاسی لەبری پەنابردن بۆ دادگا 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوەی تێدا كرابوو كە كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵدا دروست دەبێت، بۆیە لە بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (13)ی یاساكەدا رێوشوێن بۆ چارەسەری كێشەكان دەستنیشان كراوە‌و لەم بڕگەیەدا هاتووە:" لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، پێشنیازو چارەسەرەكانی بەرزبكاتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرا ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات". دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەمدواییە حوكمی خۆی لەبارەی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە دەركردو رایگەیاند" پەرلەمانی عێراق بۆی نییە بڕیار لەسەر كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ بدات، ئەم دەسەڵاتە بەپێی دەستور دراوە بە دادگای فیدراڵی". دوای راگەیاندنی شكستی دانوستانەكان لەبارەی یاسای بودجە لەلایەن هەردوو حكومەتەوە، دەبوو بەگوێرەی ئەم بڕگەی یاسای بودجە، لیژنەی هاوبەشی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ پێشنیازو چارەسەری خۆیان لەناو راپۆرتێكدا ئامادە بكردایە‌و ئاڕاستەی دادگای فیدراڵییان بكردایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ناكۆكییەكانیان بدات، بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی لە دادگای فیدراڵی بەدوور گرت‌و رووی لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی كرد، رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت لە ساڵی رابردووەوە دادگای فیدراڵی عێراق زۆرینەی بڕیارەكانی لە بەرژەوەندی هەرێمدا نەبووە. كوردو هەمواری بودجە ئەوەی بۆ حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا زۆر جێگای سەرەنجە‌و داوای دەستكاریكردنی دەكرێت بابەتی دیاریكردنی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەناو چوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراقدا. وشەی "خەرجی فیعلی" ئەم رۆژانە لەلایەن بەرپرسانی هەردوو حكومەتەكەوە زۆر باسدەكرێت، ئەم وشەیە لە ساڵی 2015دا بۆ یەكەمجار پەڕیوەتە ناو یاسای بودجەوە لە عێراق، واتا لەماوەی ساڵانی 2003 تا 2014 كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو ژمارانە بووە كە لە بودجەكاندا دیاریكراوە، نەك لەسەر بنەمای خەرجییە فیعلییەكان. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری هەرێم دەڵێ:" ئەگەر خەرجی فیعلی لەناو یاسای بودجەدا نەهاتایە، دەبوو (10 ترلیۆن‌و 800 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكرایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی كە بۆ 15 پارێزگاكە خەرجی دەكات لەوە 12,67%ی خەرج دەكات بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم‌و ئامادە نییە خەرجی فیعلی هەرێمی كوردستانیش بخاتە ناو خەرجی فیعلی عێراقەوە". خەرجی فیعلی چییە ؟ خەرجی فیعلی كە ئێستا سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بریتییە لەو خەرجییانەی كە دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)‌و (حاكیمە) دەمێنێتەوە. بەپێی ئەوەی لە ماددەی (11) لە یاسای بودجە هاتووە، خەرجی فیعلی بریتییە لە (خەرجی رەوەن‌و خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)‌و (حاكمە)، پشكی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت. لە دوو مانگی رابردوودا وەفدی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق بابەتی خەرجی فیعلی تەوەری سەرەكی ناكۆكییەكانیان بوو لە یاسای بودجەدا. بەپێی لێكدانەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ماف‌و شایستەی دارایی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 384 ملیار) دینارە. وەزارەتی دارایی هەرێم پێیوا بوو، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی مانگانەش مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، دەبێت مانگانە (ترلیۆنێك‌و 174 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت. بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لێكدانەوەیەكی جیاوازتری بۆ ئەم بابەتە دەكرد، لێكدانەوەكەی بەمشێوەیە بوو: * بەپێی یاسای بودجە مانگانە (598) ملیار دینار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت بەمشێوەیە: - مانگانە (9 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار خەرجی عێراقە  (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆن‌و 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینارە. - ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆن‌و 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە. - بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت. سەرباری ئەمە هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نەبوو بڕی (598 ملیار) دینارە مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە وەكو بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان وتبوو، بەپێی یاسای بودجە دەبێت لەو (598 ملیار) دینارە، مانگانە ئەم پارانەی لێ دابشكێندرێت: • مانگانە (53) ملیار دیناری قەرزی بانكی بازرگانی (TBI) • مانگانە بڕی (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكە (ئەمە تێكڕای بڕی ئەو پارانەیە كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران بە قەرز لە حكومەتی عێراق وەریگرتووە‌و تێكڕای بڕی پارەكە 2 ترلیۆن دینارە) • مانگانە بڕی (65) ملیار دیناری رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان (چونكە داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم مانگانە بەبڕی 130 ملیار دینار خەمڵێندراوە‌و لەم داهاتە بەگوێرەی یاسای بودجە بەغداد رێژەی 50%ی دەبات) • كۆی گشتی ئەم پارانە دەكاتە (168) ملیار دینار‌و لە پشكی هەرێم دەبڕێت. بەم پێیە لەكۆی (598 ملیار) دیناری پشكی مانگانەی هەرێم لە خەرجی فیعلی عێراق، عێراق بڕی (430 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەم بڕە پارەیە هێشتا نیوەی ئەو خەرجییەش نەبوو كە مانگانە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان پێویستی پێی بوو كە بڕە (944 ملیار) دینارە. لەسەر بنەمای ئەم دانوستانانە، بۆ حكومەتی هەرێم گرنگترین هەموار كە لە یاسای بودجەدا بكرێت ئەوەیە دەستكاری ئەو بڕگەی یاسای بودجە بكرێت كە دەڵێ پشكی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت، چونكە: •    بەپێی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%)ی خەرجییەكانی عێراق دیاریكراوە، لەبەر ئەوەی (53%) خەرجییەكانی عێراق بۆ سیادی و حاكیمە دەڕوات، ئەمە وایكردووە پشكی هەرێم لە بودجەكەدا كەم ببێتەوە. خەرجی حاكیمە‌و سیادی چییە؟ ئەوەی كاریگەری گەورەی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دروستكردووە، جیاكردنەوەی دوو جۆر خەرجی فیدراڵیە لە كۆی خەرجی فیعلی عێراق (خەرجی سیادی‌و حاكیمە) كە رێژەی 53%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%) خەرجییەكانی عێراق دابین دەكرێت، ئەمەش لە رێژەی فیعلی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە. خەرجی حاكیمە بریتییە لەو خەرجییانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆ هەموو پارێزگاكان بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە دابین دەكرێن‌و ئەم بوارانە دەگرێتەوە: •    كۆبونی خۆراك (بڕەكەی بە تێكڕا بۆ یەك ساڵی دارایی بە زیاتر لە 3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار ئەژمار كراوە، لەمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 463 ملیار دیناری بەردەكەوێت). •    خەرجی سكاڵاكانی ناكۆكی موڵك‌و ماڵ (تێكڕای ئەم خەرجییە لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی بە بڕی 50 ملیار دینار دانراوە، 6 ملیارو 335 ملیۆن دیناری بەر هەرێم دەكەوێت) •    خەرجی كڕینی دەرمان (تێكڕای ئەم خەرجییە بۆ ساڵێك بە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێك‌و 651 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 209 ملیار دیناری بەردەكەوێت •    پاڵپشتی بۆ كڕینی بەرهەمی گەنم‌و جۆ (3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار بۆ ئەم خەرجییە تەرخانكراوە، لەم بڕە 443 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). •    خەرجی هاوردەكردنی وزە (بڕی ترلیۆنێك‌و 129 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە لەماوەی ساڵێكدا، لەمە بڕی 143 ملیار دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). •    سەرژمێری گشتی دانیشتوان (100 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بڕی زیاتر لە 12ی ملیاری بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە). •    خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان (بڕی 345 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە بڕی 43 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە). تێكڕای خەرجی حاكیمە بۆ ساڵێكی دارایی لە بودجەی عێراقدا بە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینارە، لەمە بڕی (ترلیۆنێك‌و 322 ملیار) دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، مانگی حوزەیران كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بۆ ئەو مانگە خەرجی حاكیمەی بە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینار دیاری كردووە، مەرج نییە بۆ مانگەكانی تر هەمان خەرجی حاكیمە هەبێت، چونكە بەپێی یاسای بودجە بە تێكڕا نابێت ئەم خەرجییە تا كۆتایی ساڵ لە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینار زیاتر بێت. خەرجی سیادی كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆن‌و 294 ملیار) دینارە دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە: •    بڕی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) •    بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە •    خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان  بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردن‌و سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. •    پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە  فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچە‌و تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە  (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە. •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوە‌و هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێك‌و 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتیی‌و دوانیان پارتین‌و یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە. •    وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات. خەرجی سیادی كە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا بڕاوە، جگە لەو دامەزراوانەی لە سەرەوە باسكران، ئەم دامەزراوانەی تریش دەگرێتەوە‌و لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت: -    ئەنجومەنی نوێنەران -    سەرۆكایەتی كۆمار -    ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران -    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران -    دەستەی حەشدی شەعبی -    وەزارەتی دەرەوە -    دەزگای دژەتیرۆر -    وەزارەتی بەرگریی -    دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنان‌و بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق -    دادگای باڵای فیدراڵی -    كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە -    دەستەی لێپرسینەوە‌و دادەپەروەریی -    دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان -    دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان -    دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق -    تێچووی دانوستان‌و داواكارییە یاساییەكان -    پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو -    خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە -    بڕی پشكدارییە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان -    خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و مانەوە‌و فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی -    پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانی‌و مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانی‌و فەرماندەیی هێزی سنور -    ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی -    پارەداركردنی هاوبەش -    پرۆژەی بەندەرەكان -    پرۆژەكانی هێڵی ئاسن -    پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی -    پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان -    سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی -    سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA -     سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا -    سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان -    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە -    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو -    سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW -    سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی -    سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی -    سودەكان لەسەر قەرزی چین -    سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی -    سودەكانی بیمەی هەناردەكردن -    سودەكانی بیمەی سیادی -    سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا -    سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی -    سودەكانی سەر قەرزی سعودیە -    سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE -    سودی سەر قەرزی كوەیت -    سودی سەر قەرزی ئەمریكا -    سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI -    سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF -    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری -    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی -    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی -    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس -    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس -    سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە -    سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری -    سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە -    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە -    سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016 -    سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند -    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكان‌و بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015 -    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن -    قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015‌و 2016 -    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس -    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس -    پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR -    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی -    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان -    پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن -    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی -    قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان -    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە -    پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF -    پێدانەوەی قیستی قەرزی چین -    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE -    پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی -    پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی -    پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری -    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان -    پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی -    پێدانەوەی قەرزی كوەیت -    پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI -    پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی -    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی -    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان -    پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە‌و كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو -    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە -    پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان -    قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشید‌و رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە‌و كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە  


درەو: كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی كوردستان لەناوخۆدا بەكار دەهێنێت، كە لە ئێستادا تەنیا (80) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بەكار دەهێندرێت، لەمەودوا بڕی (400) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بەكار دەهێندرێت، (150) هەزار بەرمیل بۆ كار، (40) بەرمیل بۆ قەیوان، (90) هەزار بەرمیل بۆ (لاناز، دووكان، ڤینۆس)، (120) هەزار بەرمیل بۆ نوسەیبەب، دۆلارە، كەربەلا. دوێنی لیژنەی دارایی  پەرلەمانی عێراق لەگەل بەرپرسانی كۆمپانیای (سۆمۆ) كۆبوونەوە لە كۆبوونەوەكەدا پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەركرا، لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسانی سۆمۆ ئاماژەیان بەوەكردووە: لە ئێستادا (79) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێندرێت و دەپاڵیورێت بۆ پێداویستی ناوخۆ، بەڵام بڕیاریانداوە (400) هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێمی كوردستان سەرجەمی بەم شێوەیە بەكاربهێنن: * (150) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەی كار و بەكارهێنانی بۆناوخۆ * (120) هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ پاڵاوگەكانی نوسەیب و كەربەلاو دۆرە * (40) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی قەیوان لە بازیان بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ * (90) هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەكانی لاناز، دووكان، ڤینۆس  


  (درەو): لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە یاسای بودجەی عێراق هەموار بكرێتەوە، تا ئەوكاتە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (800 ملیار) دینار بە هەرێمی كوردستان بدات‌و سەرباری ئەوە حكومەتی هەرێم (300  ملیار) دیناری مانگانەی ناوخۆ بەكاربهێنێت بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە، ئەمە پێشنیازی وەفدی هەرێم بووە لە بەغداد، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات. دوو پێشنیازی هەرێم لە چاوەڕوانی بڕیاردا! وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەغداد گەڕایەوە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی بە گەشبینییەوە دەركەوتن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە وەفدی كوردستان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، وەفدی هەرێم بۆ پرسی پشكی كوردو موچە لە بودجەی گشتی عێراقدا دوو چارەسەری خستوەتەڕوو كە ئەمانەن: •    چارەسەری كورتخایەن: بەغداد بۆ مانگەكانی (8،7)و تاوەكو سەری ساڵی 2023 حكومەتی عێراق مانگەكانە بڕی (800 ملیار) دینار وەكو قەرز بدات بە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچە، ئەمە لەگەڵ بەكارهێنانی بڕی (300 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ تەواوكردنی خەرجی مانگانەی موچە كە بڕەكەی (944 ملیار) دینارە، بەپێی ئەم پێشنیازە، حكومەتی هەرێم مانگانە بەتێكڕای پارەكەی بەغدادو داهاتی ناوخۆوە بڕی (ترلیۆنێك‌و 100 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدا دەبێت، بڕی (944 ملیار) دیناری بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران تەرخان دەكات‌و بڕی (160 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی وەزارەت‌و پرۆژەكان تەرخان دەكات.   بۆ جێبەجێكردنی ئەم پێشنیازە‌و بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، وەفدی حكومەتی هەرێم دوێنێ چاوی بە هەریەكە لە (خەمیس خەنجەر- حەیدەر عەبادی- محەمەد حەلبوسی- نوری مالیكی- هادی عامری- قەیس خەزعەلی)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەو لایەنانە بەڵێنیان بە وەفدەكەی هەرێم داوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لەرێگەی وەزیرەكانیانەوە دەنگ بە پێشنیازەكەی وەفدی هەرێم بدەن. •    چارەسەری درێژخایەن: وەفدی هەرێم هەرێم پێشنیاری كردووە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە هەمواری ژمارەیەك لە بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق، ئەم تەنیا هەمواری بڕگەكانی تایبەت بە هەرێم نەگرێتەوە، بەڵكو داواكاری لایەنەكانی تریش لەبارەی هەمواری یاسای بودجە لەپرۆژەیەكی هەمواردا كۆبكرێتەوە. بۆ كورد تەوەری سەرەكی هەمواركردن لە یاسای بودجەدا لابردنی ئەو بڕگەیە كە دەڵێ سایشتەی دارایی هەرێمی كوردستان لە خەرجی فیعلی عێراقدا، چونكە ئەم بڕگەیە بووەتە هۆی كەمبونەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم، تا ئەوكاتەی هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە، وەفدی هەرێم داوا دەكات بەپێی پێشنیازی چارەسەری كورتخایەن مامەڵەی دارایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand