پێشەوا هەورامانی: قبوڵی ناكەین، ئەم قبوڵنەكردنەش تەنیا قسە نابێت
2025-01-16 09:54:49
درەو:
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: بە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانمان وت، دەمانەوێت رۆڵتان هەبێت لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر پێشێلكاری بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، ئەوا هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەبێت لەوبارەیەوە كە لەوانەیە كاریگەری هەبێت لەسەر سەقامگیری سیاسی عێراق، دڵنیابن وەك ساڵانی رابردوو مافی هەرێم پێشێلبكرێت، قبوڵی ناكەین، ئەم قبوڵنەكردنەش تەنیا بە قسە نابێت"
ئەمڕۆ شاندێكی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەرانی 23 وڵات لە هەولێر كۆبووەوە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند:
لە كۆبوونەوەكەدا بە روونی وترا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، ئەیەوێت فاكتەری سەقامگیری بێت لەم ناوچەیە وازحە بۆ ئێوە هەموو كێشەكانی ئەم ناوچەیە رەبتیان بەیەكەوە هەیە، ئێوە بەشێكتان رۆڵتان بینیوە لە درووستكردنی سەقامگیری ئەم ناوچەیە، بۆیە ئەگەر ئەم كێشەیە بەردەوام بێت، بەم جۆرە مافی هەرێمی كوردستان پێشێلبكرێت.
هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەبێت لەوبارەیەوە كە لەوانەیە كاریگەری هەبێت لەسەر سەقامگیری سیاسی عێراق ، پێش ئەوەی بگاتە ئەو حەدە با ئێوە رۆڵتان هەبێت بۆ ئەوەی نەگاتە ئەو حەدە، مەهێڵن بگاتە ئەو حەدەو ئێمە هەتاوەكو ئەم دەقەیەش بەدوای چارەسەرەوەین، بەدوای رێزگرتنین لە دەستور، بەڵام ئەوەی ساڵانی 2023 و 2024 قبوڵمان كردووە ئەمساڵ قبوڵی ناكەین و ئەم قبوڵنەكردنەش تەنیا قسە نابێت.
لە كۆبوونەوەكەدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی دانوستانكاری هەرێمی کوردستان ( ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ) پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هرەێمی كوردستان بەشداربوون.