كورد ده‌بێته پارسه‌نگی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێی (ئیسرائیل - توركیا) له سوریادا؟
2025-01-18 19:54:22
راپۆرتی: هێمن خۆشناو:
رووداوه‌كانی 7 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023 و 8 كانوونی یه‌كه‌می 2024 گۆڕانكاری قوڵی له نه‌خشه‌ی سیاسی و دابه‌شبوونی هه‌ژموون دروستكرد. هه‌روه‌ها كاریگه‌ریشی هه‌بوو له‌سه‌ر ره‌وت و رێبازی زلهێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ پرسه گه‌رم و هه‌نوكه‌یه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ئێران ناوچه‌ی هه‌ژموونی خۆی له هه‌ریه‌ك له (فه‌ڵه‌ستین، باشووری لوبنان و سوریا) له‌ده‌ستدا، هه‌روه‌ها جوگرافیای (سوری) به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و ناڕوون له‌ژێر ده‌ستی (روسیا) ده‌ركه‌وت. دوای روخانی رژێمی ئه‌سه‌د و ده‌ركه‌وتنی هه‌یئه‌ت ته‌حریر ئه‌لشام (هه‌ته‌شه) وه‌كو هێزی دیفاكتۆ له دیمه‌شق، ئه‌م دوو هێزه بۆشایه‌كی گه‌وره‌یان له سوریا به‌جێهێشت،.
پێدەچێت ئه‌م گۆڕانكاریانه فۆرمێکی نوێی له پەیوەندییەکان دروست كردبێت، له‌یه‌ككاتدا ئیسرائیل و توركیا، ڕۆڵی گرنگ، هەمەچەشن و دژبەیەك ده‌گێڕن له‌ناوچه‌كه‌دا. وڵاتانی زلهێزیش له‌ناو ئه‌م گۆڕانكاریانه رۆڵی به‌رچاویان ده‌بێت، له ململانێی نێوان ئیسرائیل و توركیاشدا به‌لای یه‌كه‌مینیاندا ده‌شكێنه‌وه.
زۆربه‌ی پێشبینیه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چوون كه توركیا سوودمه‌ندی یه‌كه‌مینه له رووخانی (رژێمی ئه‌سه‌د) و گه‌یشتنی (هه‌ته‌شه) به ده‌سه‌ڵات، ئه‌م پێشبینیانه‌ش به بانگه‌شه‌كانی میدیای توركیا و به سه‌ردانی به په‌له‌ی هه‌ریه‌ك له (ئیبراهیم كاڵن) راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (MIT) و (هاكان فیدان) وه‌زیری ده‌ره‌وه بۆ دیمه‌شق به‌سترایه‌وه، له پێناو به‌رفراوانكردنی هه‌ژموونی توركیا چه‌ندین پڕۆژه‌ی حه‌ماسی پێشنیار كرد، بۆ دروستكردنی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی زه‌مینی و ده‌ریایی له‌م وڵاته. نا لۆژیكی و نا واقیعیبوونی هه‌وڵ و پێشبینیه‌كانی ئه‌نقه‌ره كاتێك ده‌ركه‌وت كه سه‌ردانه یه‌كه‌مه‌كانی شاندی (هه‌ته‌شه) بۆ پایته‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌بی بوو، له به‌رامبه‌ریشدا دره‌نگخستنی سه‌ردانیان بوو بۆ ئه‌نقه‌ره. ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی دیمه‌شق نیشانده‌دات له‌مه‌ڕ زه‌مینه خۆشكردن بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌رووی هه‌موویاندا (عه‌ره‌بستانی سعودی) بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌هێزتر له‌ناو رووداوه‌كانی داهاتووی سوریادا جێگه‌ی خۆی بگرن و بۆشایه‌كانی ناو گۆڕه‌پانی سوریا پڕ بكه‌نه‌وه و ده‌رفه‌ته‌كان له به‌رده‌م توركیا به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه.
به گوێره‌ی لۆژیكیش بێت، ده‌بێت (هه‌ته‌شه) خۆی به قه‌رزاری ئیسرائیل بزانێت له گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات، چونكه هێرشه سه‌ربازیه‌كانی ئیسرائیل كه (حزبولڵا و هه‌ژموونی ئێرانی) كرده ئامانج له‌ناو سوریادا ئه‌م فاكته‌رانه‌ی له‌ناوبرد كه ده‌بوونه هۆی مانه‌وه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د. هه‌روه‌ها دووریشنیه ئیسرائیل رۆڵی راسته‌وخۆشی هه‌بێت له رێگای تۆڕه‌كانی هه‌واڵگریه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی روسیا واز له به‌رگری كردن له رژێمی ئه‌سه‌د و رێگرتن له رووخانی بێنێت. دیسان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌م بۆشایه پڕ بكاته‌وه كه دوای رووخانی ئه‌سه‌د دروستبووه، سوپای ئیسرائیل بێ دوودڵی له به‌رزایه‌كانی جۆلان پێشڕه‌وی كرد به‌ره‌و به‌رزایه‌كانی (ئه‌لحه‌رمون)، له ئێستاشدا ئه‌م سوپایه به درێژایی سنووری وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سوریادا به قوڵایی (60) كم هاتۆته ناو خاكی ئه‌م وڵاته كه (ته‌لئه‌بیب) وه‌كو رێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی له قه‌ڵه‌می ده‌دات. سوپای ئیسرائیل به‌مه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو چه‌كه ستراتیژیه‌كانی سوپای سوریای له‌باربرد نه‌وه‌كو بكه‌وێته ده‌ست گرووپه نزیكه‌كانی ئیداره‌ی نوێی سوریا.
له هه‌مان كاتدا، پێگه‌ی هه‌ریه‌ك له ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی له سوریا به‌هێز ده‌بێت. دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د، ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له سوریا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی (داعش) بۆ ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی سوریا گۆڕاوه، رۆژ له‌دوای رۆژ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه تێڕوانینه‌كانی ده‌سه‌پێنێت كه دیمه‌شق ناتوانێ به‌هه‌ند وه‌رینه‌گرێت و حیسابی بۆ نه‌كات. چونكه له ئێستادا ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌وڵه‌كانی (هه‌ته‌شه) بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا و ئه‌وروپا سزاكان له‌سه‌ر سوریا هه‌ڵگرن و ناوی هه‌ریه‌ك له (ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع/ ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانی) و هه‌ته‌شه له لیستی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ربێنن.
له خوێنده‌وه‌ی هاوكێشه نوێیه‌كانی ناو سوریادا، خاوی ته‌مبه‌ڵی وڵاتانی عه‌ره‌بی و سوڕانه‌وه‌یان له‌ناو سنووری سیاسی دیاریكراوی خۆیاندا، هه‌وڵدانی دوور له رێگه‌ی پاره و راگه‌یاندن بۆ بوونه خاوه‌ن سه‌نگ له‌ناو ئه‌م وڵاته، ناتوانێ ببێته به‌ربه‌ستێكی به‌هێز بۆ راگرتنی توركیا، كه ئه‌نقه‌ره دهخوازى له رێگای لینكی تائیفی به‌ده‌ستی بێنێت. چونكه به درێژایی ساڵانی رابردوو توركیا پشتگیری ماددی و مه‌عنوی گرووپه چه‌كداریه‌كانی سوریا بووه، به‌بیانووی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاته‌كه‌ی. له ئێستاشدا توركیا به رێگای (قه‌ته‌ڕ) هه‌وڵده‌دات خۆی به خاوه‌ن مافی یه‌كه‌م له سوریادا بسه‌پێنێت. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هاتوو (هه‌ته‌شه) نه‌توانێ رۆڵی خۆی له سوریادا بگێڕێت و دامه‌زراوه حوكمداری رێكبخاته‌وه و سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ بونیادنانه‌وه به‌ده‌ستنه‌هێنێت.
له ئێستادا هه‌بوونی توركیا له‌سه‌ر جوگرافیای سوری و دروستبوونی هێزێكی ئیسلامی سوننی تۆكممه، ترس له دڵی ئیسرائیل ده‌چێنێت، به تایبه‌تی دوای رووخانی ئه‌سه‌د كه پێشتر ده‌بووه به‌ربه‌ست له به‌یه‌كگه‌یشتنی راسته‌وخۆ له نێوان ئیسرائیل و توركیا له ناوچه‌كه‌دا. له‌وانه‌شه (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌ركۆماری توركیا به‌م دوایه دركی به‌و مه‌سه‌له‌یه كردبێت كه دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د و ئێران نۆره‌ی ئه‌ویش دێت وه‌كو به‌شێك له یاری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ‌دا. بۆ رێگرتن له‌م یاریه‌ش، ئه‌ردۆغان ویستی په‌نا بباته به‌ر (به‌شار ئه‌سه‌د) په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵدا ئاسایی بكاته‌وه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ رووخانی به په‌له و له‌ناكاوی ئه‌سه‌د، ئیتر ئیسرائیل و توركیا بوونه دراوسێ له رێگای ناوچه‌كانی هه‌ژموونی ژێر ده‌ستی سوپای وڵاته‌كه‌یان، كه ئه‌مه‌ش ئیسرائیلی ناچاركرد تا له رێگای "كۆمیته‌ی ناغل/ كۆمیته‌ی پشكنین بودجه‌ی ئاسایش و دروستكردنی هێز" پێداچوونه‌وه‌ی ورد و گشتگیر بكات بۆ سروشتی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ل توركیادا بكات.
كۆمیته‌ی ناوبراو له راپۆرته‌كه‌یدا له (7-1-2025) بۆ سه‌رۆك وه‌زیران (بنیامین ناتانیاهۆ) داوای ئاماده‌كاری له حكوومه‌ت كردووه بۆ ئه‌گه‌ری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیادا. راپۆرته‌كه‌ی ناغل ده‌رباره‌ی مه‌ترسیه‌كانی هاوپه‌یمانی سوری - توركی ده‌ڵێت:" له‌وانه‌یه ئه‌م هاوپه‌یمانیه مه‌ترسیه‌كی نوێ و گه‌وره بێت له‌سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل. ئه‌م مه‌ترسیه به تێپه‌ڕبوونی كات گه‌وره‌تر ده‌بێت له هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانیش". راپۆرته‌كه‌ی كۆمیته‌ی (ناغل) ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌یه به‌و تێڕوانینه گشتیه‌ی كه له‌دوای (7 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2023) دروستبووه ده‌رباره‌ی پڕۆسه‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) كه پێیوایه پرۆسه‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) به سه‌رۆكایه‌تی ئیسرائیل قۆناخێكی دیكه‌شی بڕیووه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشتر به‌ره‌وپێش ده‌چێت و به‌ڕوونی سه‌ره‌داوه‌كانی ده‌ركه‌وتوون.
ئه‌گه‌رێكی زۆره خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی تورك بۆ ئه‌م دۆخه، به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌رباره‌ی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) باخچه‌لی و ئه‌ردۆغانی پاڵ نابێت تا به‌ره‌و دوورگه‌ی (ئیمڕالی) بچن و رێبه‌ری په‌كه‌كه (عه‌بدولڵا ئۆجالان) رازی بكه‌ن به چه‌كدانانی (په‌كه‌كه).
ئه‌وه‌ی له ئێستادا به زه‌قی دیاره توركیا هه‌وڵی بازدان ده‌دات به‌سه‌ر كێشه‌ی كورد، كه كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌یه، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه پڕۆژه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستووری نیه، ده‌خوازێت به پێشكه‌شكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شه‌پێدان و ئابووری له‌ناوچه كوردیه‌كان، خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه رازی بكات تا چاو له راستی كێشه‌كه‌یان بگرن، كه كێشه‌ی خاك و میلله‌ته، نه‌وه‌كو كێشه‌یه‌كی ئابووریانه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه (په‌كه‌كه) به چه‌كدانان رازی بكات، له كاتێكدا كه خه‌ریكه گرژیه‌كانی ئیسرائیل – توركیا له كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چن. توركیا ده‌ترسێت نه‌وه‌كو په‌یوه‌ندی و هاوبه‌شی ستراتیژی له نێوان كورد – ئیسرائیل دروست بێت، له كاتی به‌فیڕۆدراودا هه‌وڵده‌دات ئه‌م بۆشایه پڕ بكاته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه له دوا سه‌ردانی بۆ شاری ئامه‌د له باكووری كوردستان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا ده‌ڵێت:" نه‌وه‌كانی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ زایۆنیه‌كان ناكه‌ن". رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ش (عه‌بدولڵا ئۆجالان) له به‌رگی پێنجه‌مینی په‌رتووكه‌كه‌ی مانیفێستۆی شارستانی دیموكراتیدا، له ساڵی 2010 له باره‌ی ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندی كورد و ئیسرائیل ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان، له پێش هه‌موویاندا توركیا، به‌ره‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد هه‌نگاو نه‌نێن و چاره‌سه‌ری دیموكرایتانه پێشكه‌ش نه‌كه‌ن، كورد خۆیان له به‌ره‌ی ئیسرائیل – ئه‌مریكا ده‌بینه‌وه".
ره‌وشێكی نوێ و یه‌كلاكه‌ره‌وه له ئارادایه كه ئاماژه‌كانی سه‌ره‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش هه‌وڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی ئیسرائیله بۆ نزیكبوونه‌وه له كورد. ئه‌مه‌ش به راشكاوانه ئاماژه‌كانی پێشبڕكێ بگره ململانێی داهاتوو له نێوان (ته‌لئه‌بیب) و (ئه‌نقه‌ره) ده‌خاته‌ڕوو، كه له‌وانه‌یه كورد پارسه‌نگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه بێت.