Draw Media

رونكردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر موچەی هەرێم

رونكردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر موچەی هەرێم

2025-01-18 07:27:30


درەو:

وەزارەتی دارایی عێراق روونكردنەوەیەكی تری لەسەر خەرجی موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوەو دەڵێت:  تا ئێستا حکومەتی هەرێمی كوردستان تەوتینی موچەی موچەخۆرانی نەکردووە، بەداخەوە تا مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەم و کانونی یەکەمیش لیستی مووچە ناوی دووبارەی تێدابووە، بەڵام ئێمە تەواوی موچەمان ڕەوانە کردووە.

لێدوانێك لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە:
🔹حكومەتی هەرێم، نە پابەندنەبووە بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەقی یاسای مادەی (12/دووەم) (ئەلف و ب،ج،د،ه)ی، بودجەی فیدراڵی و نە بەبڕیاڕی دادگای فیدراڵی، سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان بۆ خەزێنەی گشتی لەوادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتەوە.
🔹هەرێم لەسەرەتای مانگەكانی ساڵی پاردا نەیتوانی داهاتی نەوت رادەستبكات، بەهۆی بڕیاری راگرتنی نەوتی هەرێم، نەوتی بەسرە بڕی بەرهەمهێنانی زیادكرد بۆ قەربوكردنەوەی، بەڵام لە دوای ئەوەوە هەرێم خۆی دەستی كردەوە بە نەوت فرۆشتن لە دەرەوەی كۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام هیچ داهاتێكی رادەستنەكردووە، لە چوارچێوەی تەرازوی پێداچونەوەی مانگانەشدا ئاشكرانەكراوە.
🔹ئەوەش وایكردووە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی تێچوی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بگرێتە ئەستۆ كە ئۆپێك سەپاندویەتی بەسەریدا، كە كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر نەختینەی دارایی خەزێنەی گشتی دەوڵەت:
1-كەمركردنەوەی بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاو.
2-دابەزینی نرخی نەوت لەمانگی تەمموزە.
3-هەرێمی كوردستان لەمانگی تەمموزەوە تائێستا هیچ داهاتێكی نەوتی نەناردووە، داهاتی نا نەوتیشی نەناردووە كە بڕكەی (4) تریلیۆن دینارە، تەنها (399) ملیار دیناری ناردووە.   
🔹هەرێم لە تێچوی رەوەن(نفقات جاری)ی خەرجكردووە، هەروەها زیادەڕۆیكردووە لە تەرخانكراوی دارایی، هاوكات موچەی و دەرماڵەی زیادەی لە تەرخانكراو بۆ فەرمانبەرەكانی خەرجكردووە، كە ئەوەش وایكردووە وەزارەتی دارایی نەتوانێت پارە بۆ لیستە نێردراوەكان بەشێوەیەكی تەواو و وردبینیكراو لەلایەن فەرمانگەی بودجەوە دابین بكات، بەڵكو لە تەرخانكراوی ماوە پارەكەی دابینكردووە بەهۆی نەبونی پاڵپشتیەكی یاسایی كە رێگە بە وەزیری دارایی بدات پارەی زیادە لە تەرخانكراو یان لە پشكی تەرخانكراویان بۆ دابین بكات بە گوێرەی ئەحكامەكانی مادەی (11/دووەم) لە خەرجی راستەقینە بۆ ساڵی (2024).
🔹هەرێم زیادەڕۆیكردووە لە تەرخانكراو بۆ خەرجی موچەی خانەنشیان، كە ئەوەش وایكردووە وەزارەتی دارایی نەتوانێت پارەی مانگی كانونی یەكەمی (2024) بدات، بەهۆی ئەوەی هەرێم پێشێلكاری كردووە لە خەرجی موچەی تەرخانكراوی موچەی خانەنیشنی، لەسەرەتای تەمموزەوە وادەی دەرچونی بڕیاری دادگا فیدراڵی كە دەڵێت، خانەنیشنانی هەرێم یاسای خانەنیشنی ژمارەی (9)ی ساڵی (2019)ی هەمواركراو دەیانگرێتەوە.
🔹لیژنەیەك بە فەرمانی دیوانی بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی و نوێنەری هەرێم پێكهات، بۆ گەیشتن بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكە لەسەر خانەنشینانی هەرێم، بەڵام هەرێم موچەی خانەنیشیانی هەرێمی خەرجكرد، بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی بوونی تەرخانكراو یان چاوەڕێكردنی كارەكانی لیژنەكە، كە بووە هۆی  زیادەڕۆیكردن لە تەرخانكراو و نەتوانینی وەزارەتی دارایی بە پارەداكردنی زیادە لە تەرخاكراو و رێژەی (12.67) پشكی هەرێم، لەبەر رۆشنایی خەرجی راستەقینە،  سەرەڕای پێشێلكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.
🔹بەگوێرەی ئەحكامەكانی مادەی (12/و) كە وەزارەتی دارایی پابەندكردووە بە گێڕانەوەی قەرزەكانی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی، بەگوێرەی قیستی مانگانە كە لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت لەسەرەتای ساڵی (2023)وە، وەزارەتی دارایی نەیتوانی شایستەكان بدات، بەهۆی ئەوەی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتیەكانی رادەست نەكرد، كە بڕكەی (4) تریلیۆن دینارە، بەڵكو داهاتەكانی قۆستەوە بۆ پارەداركردنی تێچوی بەكاربردن و وەبەرهێنان و پلەبەرزكردنەوەو جێبەجێكردنی یاسای خانەنیشنی، بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی بوونی تەرخانكراو یان دەقەكانی یاسای بودجە.
🔹هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە نوێنەرانی هەرێم، كە لایەنێكی چاودێرین، دەبوو لێپرسینەوە لەهەرێم بكەن بەهۆی پێشێلكردنی تەرخانكراوی دارایی و سەرپێچیكردنی و جێبەجێنەكردنی دەقەكانی یاسای بودجەی گشتی و بڕیارەكانی دگای فیدراڵی، نەك دەركەوتن لە میدیاكان و تۆمەتباركردنی وەزارەتی دارایی و وەزیری دارایی، بەوەی دەقەكانی بودجە جێبەجێناكەن ئەوان دایانڕشتووە.
🔹لەبری لێپرسینەوە لە هەرێم و پابەندكردنی بە جێبەجێكردنی بڕگە یاساییەكان و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان و، پێشێلكردن لە خەرجی موچەو تەوتین كردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كە تائێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ فەرمانگەی ژمێركاری هاوشێوەی وەزارەت و پارێزگاكانی عێراق، كە لیستی ناوی كەسەكان و ئەو بانكانانە رەوانە دەكەن كەهەر یەكێكیان موچەی لێوەردەگرن، نەك وەك ئەوەی پەرلەمانتار ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی بانگەشەی بۆ دەكات كە هەرێم (75%) موچەی فەرمانبەرانی تەوتین كردووە.
🔹ئەگەر هەرێم بە كرداری موچەی فەرمانبەرەكانی تەوتین بكردایە  لیستەكانی رەوانەی فەرمانگەی ژمێركاری وەزارەتی دارایی دەكرد، بەمەبەستی دابەزاندنی موچەكانیان، جگە لەوەش هەرێم تائێستا ژمارەی وەزیفی تەواونەكردووە، سەرەڕای كۆتایهاتنی ساڵی دارایی (2024).
🔹داوا لە هەرێم دەكەین لەسەرەتای ساڵی (2025) پابەندین بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیاری دادگای فیدراڵی بەبێ‌ كەمتەرخەمیكردن و، پێویستە لەسەر لیژنەی دارایی و لیژنەی دەستپاكی بەدواداچونی بۆ بكەن.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand