Draw Media

بەرهەمی کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگەی تاوکێ و فیشخابور لە (2024)دا

بەرهەمی کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگەی تاوکێ و فیشخابور لە (2024)دا

2025-01-16 10:05:10



راپۆرتی: درەو


🔻 رۆژی (16/1/2025) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، ڕاپۆرتی بەرایی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024) لە کێڵگەی تاوکێ و فیشخابور ڕاگەیاند؛
🔹لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (74 هەزار و 163) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024)، ئەو بەرهەمەش سەروو (10 هەزار) بەرمیلی بەڕێژەی (12%) کەمترە بەراورد بە بەرهەمی کۆمپانیاکە چارەکی سێیەمی هەمان ساڵ.
🔹هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، نەوتی بەرهەمێنراوی هەرێم بە بازرگانانی ناوخۆ فرۆشراوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە گواستراوەتەوە.
🔹 بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیاکە لە تەواوی ساڵی (2024)دا، بۆمان دەردەکەوێت بە تێکڕای ڕۆژانە (78 هەزار و 617) بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و فیشخابور بەرهەمهێنراوە، لە تەواوی ساڵی (2024)دا کۆی بەرهەمی کۆمپانیاکە سەروو (28 ملیۆن و 695 هەزار) بەرمیل نەوت بووە.


یەکەم؛ پوختەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی
رۆژی (16/1/2025) کۆمپانیای کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی بەرهەمی خۆی بۆ چارەکی چوارەمی (2024) ڕاگەیاند، لە هەموو ئەو ناوچانەی کاری تێدا دەکات و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە؛
كۆمپانیاكە دەڵێت: بەهۆی بەردەوامیی داخرانی هێڵی بۆری عێراق_توركیا نەوتە خاوەكەیان لە چارەكی چوارەمی ساڵی پار بە كڕیاڕە ناوخۆییەكان فرۆشتووە، كۆی پارەكان پێشەكی وەرگیراوەو راستەوخۆ زۆرینەی رەوانەی هەژمارەكانی بانكی نێودەوڵەتی كۆمپانیای (DNO) كراوە.
بەرهەمهێنانی گشتی لە ناوچەی گرێبەستی تاوکێ کە کۆمپانیای (DNO) پشکی (75%)ی تێدا هەیە، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و داخستنی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە مانگی ئازاری (2023)ەوە تاڕادەیەکی زۆر کەوتووەتەوە سەر پێ.
لە چارەكی چوارەمدا، كۆمپانیا نەرویجییەكە قازانجی بە بڕی (0.3125) كرۆنی نەرویجی بە هەر پشكێك داوە، كە كۆی قازانجەكەی (27.400) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە، كە لەسەر ئاستی ساڵانە دەگاتە (1.25) كرۆنی نەرویجی بۆ هەر پشكێك.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی كۆمپانیاكە بڵاویكردووەتەوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (74 هەزار و 163) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی چوارەمی ساڵی (2024)، ئەو بەرهەمەش سەروو (10 هەزار) بەرمیلی بەڕێژەی (12%) کەمترە بەراورد بە بەرهەمی کۆمپانیاکە چارەکی سێیەمی هەمان ساڵ. (بڕوانە خشتەی خوارەوە)
هاوکات بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیاکە نەوتی هەرێمی بەشێوەی کاش و بە بازرگانان فرۆشتووەو بەرهەمەکان بە تانکەر یان بە بۆری دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان.

خشتە (بەرهەمی کۆپانیای (DNO)  لە چارەکی چوارەمی (2024)


دووەم؛ کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان
کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەجۆرێک؛
1.    ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان، بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
2.    کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC)  و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان.
سێیەم؛ بەرهەمی کاری (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لە تەواوی ساڵی (2024)دا
پاڵپشت بەو داتایانەی کۆمپانیای (DNO) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕابردووشدا وەرزانە ڕاپۆرتی کارو چالاکییەکانی خۆی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە سەرجەم ئەو ناوچەو کێڵگانەی پشکدارە تێیدا، لە تەواوی ساڵی (2024)دا بە تێکڕای رۆژانە (78 هەزار و 617) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوەو لە تەواوی ساڵدا بەرهەمەکەی بریتی بووە لە (28 ملیۆن و 695 هەزار و 205) بەرمیل نەوت لە خشتەی خوارەوەدا، رونکراوەتەوە، کە بەشێوەی وەرزی (چارەکە ساڵ)ەکانی ڕابردوو بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکدا بووە.


خشتە (بەرهەمی کۆپانیای (DNO)  لە تەواوی ساڵی (2024)

 

سەرچاوەکان؛
ڕاگەیەندراوەکانی (DNO)  لە بۆ چوار وەرزی ساڵی (2024)؛
•    DNO Reports Strong First Quarter Results, Steps Up North Sea Activity
https://www.dno.no/en/investors/announcements/dno-reports-strong-first-quarter-results-steps-up-north-sea-activity-2024-05-08/
•    Q2 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call;
https://www.dno.no/en/investors/announcements/q2-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-08-06/
•    Q3 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call;
https://www.dno.no/en/investors/announcements/q3-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-10-14/
•    Q4 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call;
https://www.dno.no/en/investors/announcements/q4-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2025-01-16/

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand