Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی لە بەیاننامەیەكدا: 🔹كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی, ئەمڕۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی لە گێڵگەی سەرەكی نەوتی تاوكێ‌  لە كوردستان راگەیاند, دوای داخستنی كە ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو, بەهۆی داخستنی هێڵی بۆرییەكانی نێوان عێراق_توركیا. 🔹مانگی رابردوو, پرۆسەی دەستپێكردنەوەی نەوت ئەنجامدرا بۆ تاقیكردنەوەو دڵنابوون لە سەلامەتی بیرە نەوتەكان و وەڵامی ئەو داواكارییە بەهێزەی دایەوە كە لەسەر نەوتی تاوكێ‌ هەیە. 🔹ناوەندی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە كێڵگەكە (40) هەزار بەرمیلی رۆژانەیە, كێڵگەی فیشخاپور كە نزیكە لێوەی و هەمان مۆڵەتی هەیە, تائێستا داخراوە. 🔹نیوەی بەرهەمی كێڵگەی تاوكێ‌, رادەستی حكومەتی هەرێم دەكرێت ئەوەی دەمێنێتەوە, لەلایەن (DNO) دەفرۆشرێت لە بری بەڵێندەرەكان(75% بۆ DNO) و (25% بۆ Genel Energy InternationalLimited) بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكان و گواستنەوەی نەوت لەرێی تانكەرەوە. 🔹نرخەكان دەگۆڕێن بە گوێرەی گرێبەستەكە, مامناوەندەكەی دەگاتە (50%) ئاستی پێش داخستن, بەڵام لە ئێستادا شایستەكان بە شێوەیەكی خێراو راستەوخۆ دەگاتە دەست (DNO). 🔹بیجان موسافر رەحمانی, سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (DNO) رایگەیاندووە: سەرەڕای نەبوونی هیچ گڵۆپێك لە كۆتایی هێڵی بۆرییەكانی هەناردەكردن, بەڵام ئێمە بەردەوام تانكەری زیاترو زیاتر دەبینین, كە نەوت لە تاوكێ_وە دەگوازێتەوەو لەسەر بنەمای كاش و باركردن. 🔹بەهۆی نەبوونی كاتێكی دیاریكراو, بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت, لەڕێی هێڵی بۆرییەكانەوەو بەردەوامی دواخستنی شایستە داراییەكان, لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە, بۆ نەوتی فرۆشراوی پێشوو, كۆمپانیای (DNO) خەرجی وەبەرهێنانی نوێ‌ و ئاستی دامەزراندنی كەمكردووەتەوە.


 درەو: مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا كە چەند رۆژێكە بڵاو كراوەتەوە دەڵێت:  قاسم سلێمانی پەیوەندی پێوەكردم و مەردانە بۆ بەیانییەكەی فڕۆكەیەكی فیشەك و دۆشكاو گوللەی ئاڕ بی جی گەیاندە هەولێر ئێمە ئەوكات سوپاسمانكردن و ئێستاش سوپاسیان دەكەین بەڵام پێویستە هەموو لایەك بزانن، ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو كە هەولێر و هەموو كوردستانی پاراست. مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی  كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایەو چەند بەشێكی لێ بڵاودەكاتەوە، سەبارەت بە رۆڵی قاسم سلێمانی لە شەڕی داعش و پاراستنی هەولێر لەلاپەڕە (441 -442) نوسیویەتی:   لەسەروبەندی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر، قاسم سلێمانی، بەتەلەفۆن پەیوەندیی پێوەكردم و پرسیاری بارودۆخ و پێویستییەكانی كرد، منیش لە وەڵامدا پێم راگەیاند" بارودۆخەكە مەترسیدارە، چونكە پێشمەرگە چەك و تەقەمەنی پێویستی لەبەردەستدا نیە، بۆ رێگەگرتن لە هەمەر و ئۆتۆمبێلە گوللە نەبڕەكانی داعش، ئەگەر بكرێت گوللەی ئاڕ بی جی دژە تانك و گوللەی دۆشكای تانكشكێنمان بۆ بنێرن، دوای ئەوە قاسم سلێمانی مەردانە بۆ بەیانییەكەی فڕۆكەیەكی فیشەك و دۆشكاو گوللەی ئاڕ بی جی گەیاندە هەولێر، ئەمە لە بەرەبەیانی رۆژی 8ی ئابی 2014دا بوو، ئەم هاوكارییە بوو بەهۆی راگرتنی هێرش و پێشڕەوییەكانی داعش لە میحوەری گوێڕ، كە هەڕەشەیەكی جدی بوو، دواتر قاسم سلێمانی خۆی سەردانی كرد و دوو مەفرەزەی هاوەنهاوێژو كاتیۆشایەكی (107)ی بۆ پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە هێنابوو، دوو كەسی هاوەنهاوێژەكانیان لەگەڵ پێشمەرگە لەبەرەی مەخمور شەهیدبوون. پێویستە لێرەوە ئەمە بەتەواوی روونبكرێتەوە، كە لە زۆر بۆنەدا بەرپرسانی ئێران و تەنانەت سەرۆك كۆماریش هەواڵی ئەوە بڵاو دەكەنەوە، ئەگەر ئێران نەبوایە، هەولێر داگیر دەكرا، و سەردار سلێمانی هەولێری رزگاركرد، ئێمە ئەوكات سوپاسمانكردن و ئێستاش سوپاسیان دەكەین، چونكە بەراستی یارمەتییەكانیان لەوكات و ساتەدا، هاوكارییەكی كاریگەر بوو، بەڵام پێویستە هەموو لایەك بزانن، ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو كە هەولێر و هەموو كوردستانی پاراست، هاوكاری و یارمەتی و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانان كاریگەرییەكی گەورەو بەرچاووی هەبوو، یارمەتییەكانی ئێرانیش جێی خۆیان گرت، بەڵام ناكرێت خەڵكانی تر، لە واقع دەربچن و واقیعەكە لەبەرچاو نەگرن، رۆڵی خۆیان دیار و بەرجەستە بكەن و رۆڵی پێشمەرگە كەم نیشان بدرێت، كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك ئینساف نیە.


درەو: مەسعود بارزانی لە كتێبە نوێیەكەیدا كە چەند رۆژێكە بڵاو كراوەتەوە دەڵێت: حەمە تۆفیق رەحیم بە برێت مەكگۆرگی وت ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن نەك بۆ ئێمە، یوسف محەمەد و فەخرەدین قادر نەیانتوانی نیسابی یاسایی كۆبوونەوەكەی 19ی ئابی 2015 تەواو بكەن بۆیە یەكێتی توشی شكستی گەورە بوو گۆڕانیش بێهیوابوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین پارتی بێهێزو بێئیرادە نیە، وەزیرەكانی گۆڕانمان دەركرد و رێگریمان لەسەرۆكی پەرلەمان كرد، كەسیش پرسیاری نەكرد ئەوەی روویداوە چی بوو، لایەنەكانی هاوپەیمانی گۆڕانیش خۆشحاڵبوون، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام یوسف محەمەد لوتبەرزانە وەڵامی دابووەوە. مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی  كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایەو چەند بەشێكی لێ بڵاودەكاتەوە، سەبارەت بە ناكۆكی لایەنەكان لە بە بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە 2015 نوسیویەتی لەلاپەڕە (446 -450) نوسیویەتی: لەوسەروبەندەی ئێمە سەرقاڵی روبەرووبونەوەی داعش بووین، رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 هەوڵی كودەتایاندا، لای من زۆر سەیر بوو بەیەك دەنگی پەرلەمانتاری حزبی شیوعی رێژەی یاسایی تەواو بوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەو ئاشوریەكیش ئامادەبوون، بەڵام زۆر باش بۆمان دەركەوت كە كێ لە پشت ئەم پیلانەوەیە! بەر لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، هێمن هەورامیم ناردە لای سەرۆكی پەرلەمان و هەواڵم بۆ نارد پێویست ناكات ئەو كارە بكەن، ئەمە شەڕ فرۆشتن و كۆدەتایەو بەهیچ شێوەیەك قبوڵناكرێت، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستەكانتان دواتر گلەیی نەكەن، ئێمە باوەڕی تەواومان بە پرۆسەی دیموكراسی هەیە بەڵام بە شێ,ەیەكی تر وەڵامی كودەتا دەدرێتەوە. سەرۆكی پەرلەمان لوتبەرزانە و نابەرپرسانە وەڵامی دابووەوە دیار بوو هێشتا لە دونیا نەگەیشتبوو. لە رۆژی 18ی ئابی 2015 لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵا كۆبوونەوەیەكی فراوان بە بەشداری نوێنەری نەتەوەیە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا بەرێوەچوو تا بەربەیانی خایاند لە كۆبوونەوەكەدا برێت مەكگۆرك بەناوی ئەمریكاوە رایگەیاندبوو: من نورێنەری ئەمریكام، ئێمە زانیاریمان هەیە كە داعش چی بەرنامەو پلانێكی هەیە بۆ كوردستان) حەمە تۆفیق رەحیم ئەندامی وەفدی گۆڕان وەڵامی داببوەوە كە (ئێوە بۆخۆتان شەڕ دەكەن، نەك بۆ ئێمە) كۆبوونەوەكە تا بەیانی رۆژی 19ی ئاب بەردەوام بوو لەسەر ئەوە رێككەوتبوون كە كۆبوونەوەی پەرلەمان دوابخرێت، بەڵام لە ئەنجامدا بەبەرچاوی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا، بەپێی رێنمایی سەركردایەتییان، یوسف محەمەد و فەخرەدین قادر هەوڵیاندا پەرلەمان كۆببێتەوە، بەڵام رێژەی یاساییان پێتەواو نەكرا، ژمارەی ئامادەبووان بەم شێوەیە بوو(24 پەرلەمانتاری گۆڕان، 18 پەرلەمانتاری یەكێتی، 4 پەرلەمانتاری كۆمەڵ، 5 پەرلەمانتاری یەكگرتوو، پێنج پەرلەمانتاری تری یەكگرتوو بەشدار نەبوون)  رێژەی یاسایی تەواو نەبوو بۆیە یەكێتی توشی شكستی گەورەبوو، گۆڕانیش بەتەواوی بێ هیوا بوو، دوای ئەم بارودۆخە كاتی وەڵامدانەوەیان هات. بۆ ئەوەی پیشانی لایەنەكان و بەتایبتیش گۆڕان بدرێت و بۆیان بسەلمێندرێت، كە هەركاتێك بابەتەكە گەیشتە بێڕێزی و سوكایەتیپێكردن و بەزاندنی هەموو سنورەكان، پارتی ئەوەندە لاواز و بێهێز و بێئیرادە نیە، بۆیە رۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 2015 وەزیرەكانی گۆڕان ئاگاداركرانەوە كە لە حكومەت بكشێنەوە، رێگە بەسەرۆكی پەرلەمانیش نەدرێتكە لە پشكی گۆڕان بوو بێتە هەولێر. لەسەر ئەو بڕیارانە هیچ كەسێك لە دەرەوە پرسیاری نەكرد، لەناوخۆی كوردستانیش هەموولایەنەكان تەنانەت ئەوانەی تا دوێنێ هاوپەیمانی گۆڕان بوون، بەو ئیجرائاتانە خۆشحاڵ بوون كە بەرامبەر گۆڕان كراوە. دواتر سەركردەیەكی یەكێتی سەردانی كردم و وتی سەركردایەتی یەكێتی زۆر دڵگران و نیگەرانن لەو بارودۆخەی باڵێكی ناو یەكێتی لە دژی پارتی درووستی كرد، ئەو وتی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی لە دووكان، بڕیاریانداوە شاندێك بنێرنە لای نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی پێی رابگەیەنن كە ئێمە چیتر رازی نابین دەستبخەنە ناو كاروباری ناوخۆی یەكێتی، سەركردەكانی ناو كۆبوونەوەكەش ئەمانەبوون،: كۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح، شێخ جەعفەر، حاكم قادر، مستەفا چاوڕەش، شاڵاو عەلی عەسكەری، مەحمود سەنگاوی، نەرمین عوسمان، جەمیل هەورامی.  


  درەو: شوێنگرەوەی دوو ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكەی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەر لە لیستی كۆمەڵ دەبێت، چاوەڕوان دەكرێت دادگای فیدراڵی سەرەتای مانگی ئەیلول ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە. رۆژی 9/8/2023 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  دەستلەكاركێشانەوەی هەردوو ئەندامەكەی كۆمەڵی دادگەری پەسەند كرد (رەمەزان نامیق و میدیا شێخ ئەحمەد) دەستلەكاركێشانەوەی ئەو دوو ئەندامەی كۆمەڵی دادگەری وەك پابەند بوونێك بوو بە بڕیارەكەی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری. رۆژی (1ی ئایاری 2023) عەلی باپیر ئەمیری سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری داوای لە ئەندامانی حزبەكەی كرد لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئیدارەی سلێمانی دەستلەكار بكشێنەوە لەبەر ئەوەی ئەو دەزگایانە ماوەی یاساییان بەسەرچووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) شوێنگرەوەی ئەو دوو ئەندامەی كۆمەڵ، هەر لە لیستی كۆمەڵ دەبێت و كاندیدەكانی تریان ئامادەن شوێنیان بگرنەوە، هاوشێوەی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان.  ئەگەر لەناو لیستی كۆمەڵ ساڵی 2014، هیچ ئەندامێك ئامادەنەبوو شوێنیان بگرێتەوە، ئەوكات دەبێت بگەڕێتەوە بۆ (باقی اقوی)، لەو حاڵەتەدا بەر لیستی گۆڕان و یەكێتی دەكەوێت. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتووە، بەشێك لەوانەی ساڵی 2014 لە لیستی كۆمەڵ كاندید بوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئێستا وازیان لە كۆمەڵ هێناوەو ئامادەن شوێنی دوو ئەندامەكەی كۆمەڵ بگرنەوە، لەو حاڵەتەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فەرمی داوا لە كۆمسیۆن دەكات، كە بەپێی پلەی دەنگەكانی كاندیدەكانی لیستی كۆمەڵ، دوو كاندید رەوانەی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، هەر كاندیدێك ئامادەبوو ئەوا دەبێتە شوێنگرەوەی ئەو دوو ئەندامە. ئەم هەنگاوە لە كاتێكدایە لە ئێستادا سكاڵایەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایە سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2019دا لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوو،  دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو سكاڵایەی دواخستووە بۆ 3/9/2023 چاوەڕوان دەكرێت هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بدات.    


"قیادەی مۆقەتە بە چەكی ئاڕ بی جی سەركردەكانی یەكێتیان كوشت"  درەو: نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (كارەساتی هەكاری) باس لە رووداوەكانی هەكاری دەكات و دەڵێت" دەمانویست سەركردایەتی یەكێتی لە ناوزەنگەوە بگوازینەوە بۆ برادۆست و سێكوچكەی سنور، بۆ خۆلادان لەشەڕی قیادە مۆقەتە، نامەمان بۆ حەمایل خان دایكی مەسعود بارزانی و شێخ محەمەد خالید بارزانی نوسی، پاش ماوەیەك قیادە مۆقەتە هەریەكە لە عەلی عەسكەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخیان بە چەكی ئاڕ پی جی كوشت" نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (كارەساتی هەكاری) بەم شێوەیە باسی كارەساتی هەكاری دەكات: لە ساڵی 1978 سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاریدا هێزەكانی لە ناوچەكانی ناوزەنگ و بناری قەندیل، بگوێزێتەوە بۆ برادۆست لەسەر سێ سنور لە پێناو ئەوەی (بارەگای دەزگا سەركردایەتییەكان لە شوێنێكی ئەمیندا جێگیر ببێ، مەفرەزەكانی بادینان لەوێوە بنێردرێنەوە بادینان و جێگیریان بكەن، كڵپەی شۆڕش لەوێوە هەڵبگیرسێت، بەتایبەت دوای ئەو جەزرەبە قورسانەی كە قیادەی مۆقەتە لە 1976 -1977 لە هێزەكانی یەكێتیان دابوو، پاككردنەوەی ناوچەكە لە چەكدارەكان ئەگەربوونە رێگری پلانەكەی یەكێتی. یەكێتی كەوتە جێبەجێكردنی پلانەكەی و بڕیاریشی دابوو هێزەكانی بە سێ وەجبە بنێرێت. بەرەو بادینان: •    هێزی یەكەم كە (220) پێشمەرگە بوون و (150) یان بێ چەكبوون، بەسەركردایەتی دكتۆر خالید و حسێن بابەشێخ و حامید حاجی غالی. •    هێزی دووەم كە (500) پێشمەرگەبوون  و (150)یان بێ چەك بوون بەسەركردایەتی عەلی عەسكەری و تایەری عەلی والی و سەید كاكە. •    هێزی سێیەم كە نزیكەی (150) كەس بوون ئەبوایە بەسەركردایەتی سكرتێری گشتی و ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی بوایە. بە نیازی خۆلادان لە شەڕی قیادە موەقەتە و خاوكردنەوەی گرژیی نێوان ی.ن.ك و ئەوان، چەند نامەیەك لەلایەن سەركردە و لێپرسراوەكانی ی.ن.ك-ەوە نووسرا بۆ هەندێك لە گەورەكانی بنەماڵەی بارزانی لەوانە مام جەلال و عەلی عەسكەری نامەیان نووسی بۆ شێخ محەمەد خالیدی بارزانی، خالید سەعید (دكتۆر خالید) نامەی نووسی بۆ حەمایل خان دایكی مەسعود بارزانی، شەهید تایەری عەلی والی بەگ نامەی نووسی بۆ رەشید سندی». ناوەڕۆكی نامەكان بریتیبوو لەوەی كە كوردستان لە مەترسی راگوێزان و بەعەرەبكردندایە و لە مەترسیی لەناوچوون و تەفروتوناكردنیدایە، بۆیە ئەبێ كورد هەمووی یەك بگرێ بۆ بەگژاچوونەوەی دوژمنی سەرەكی كە حكومەتی عیراقە و ئەو هێزە بەرەو بادینان ئەكەوێتەڕێ بۆئەوەی هەرچی زووتر رێگەی چەك بكاتەوە و فریای دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكان بكەوێ پێش 1/6/1978 كە كاتی دەستپێكردنی راگوێزانیانە و هێزەكە نیازی پەلاماردانی قیادە موەقەتەیان نییە، بەڵكو بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە دەچێ». ئامانج لە ناردنی نامەكان بۆ ئەو كەسایەتییانە ئەوەبوو كاریگەریی و نفوزی خۆیان لەلای مەلا مستەفا و كوڕەكانی دروست بكەن بۆئەوەی قیادە موەقەتە نەبنە رێگر لەبەردەم ئەو هێزەی پێشمەرگە لە بادینان و سنوورەكان و شەڕیان پێ نەفرۆشن. بەڕێكەوتنی ئەم هێزەی یەكێتی لەكاتێكدابوو، كە دوای رێكەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و رژێمی بەعسدا، ساڵی 1977یش رژێمی عیراق لەگەڵ دەوڵەتی توركیادا رێكەوتنێكی دیكەی هاوشێوەیان بۆ پاراستنی هەردوو دیوی سنووریی یەكتر ئیمزاكردبوو. هێزەكانی ئێران لە دیوی خۆیانەوە كەوتنە لێدانی هێزەكانی یەكێتی، كە چوونەوە دیوی عیراقیش هێزەكانی عیراق كەوتنە پەلاماردانیان، لە دیوی توركیاش عەشیرەتە كۆنەپەرستەكان كەوتنە خۆئامادەكردن و میت و دەزگا هەواڵگرییەكان كەوتنە پەیجوریان . دوای یەكگرتنەوەی بەشی دووەم و سێیەمی هێزەكەی یەكێتی، بەهۆی بوونی هێزی قیادە موەقەتەی پارتی لەو سنوورە و خۆبەدوورگرتن لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵیاندا، هێزەكەی یەكێتی بۆ پشوودان و حەوانەوە دەپەڕنەوە بۆ باكووری كوردستان بۆ ماوەی حەوت رۆژ دەمێننەوە، دواتر هێزەكەی یەكێتی بڕیاردەدەن بۆ نزیكبوونەوە لە شوێنی وەرگرتنی چەك و چەكداركردنی ئەو پێشمەرگە بێ چەكانەی كە لەگەڵیاندایە، بەرەو قووڵایی خاكی باكووری كوردستان و سەر سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان بڕۆن. «قیادە موەقەتە بەشی هەرە زۆری عەشیرەتەكانی باكووری كوردستانیان لە یەكێتی هاندابوو، كە گوایە هێزەكانی یەكێتی گوندەكان تاڵان دەكەن و پیاوەكان دەكوژن و ژنەكان بەدیل دەگرن و هاتوون بۆ بڵاوكردنەوەی كافریی و بێ دینی، ئەمەش وایكردبوو عەشیرەتەكانی ناوچەكانی شەمزینان، چەلێ و ئولودەرە لە دژی هێزەكەی یەكێتی بكەونەخۆ و چەكدار كۆبكەنەوە و ناوچە ستراتیژییەكان كۆنترۆڵ بكەن. رۆژی 1/6/1978 لە ناوچەی بازێ، شەڕ لە نێوان یەكێتی و قیادە موەقەتەدا دروست دەبێت، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە هەردوولا دەكوژرێن و بریندار دەبن و ژمارەیەك پێشمەرگەی یەكێتیش لە هێزەكە دادەبڕێن. شەوی دواتر، هێزەكەی یەكێتی بەرەو باشووری كوردستان بەڕێ دەكەونەوە، بەهۆی نەشارەزایی لە ناوچەكە لەیەك دادەبڕێن، لەوكاتەدا هێزەكانی پارتی بۆسەیان بۆ دادەنێن تەقەیان لێ دەكەن. بەڵام بەهۆی نەشارەزایی و ماندووبوونی هێزەكەوە نەتوانرابوو كۆنترۆڵی دۆخەكە بكرێت و زیاتر پەرتەوازە بوون، گروپێكیان خۆیان یەكدەخەنەوە و بەهیوای گەیشتنی گروپی دووەم دادەمەزرێن، گروپی دووەمیش بەهۆی نەشارەزاییەوە بەناچاری بڕیار دەدەن بەرەو نزیكترین خاڵی عیراق بگەڕێنەوە و خۆیان تەسلیم بكەنەوە، گروپی سێیەمیش هەر ئەو رۆژە لەلایەن هێزەكانی قیادە موەقەتە و عەشیرەتەكانەوە دەدرێت بەسەریاندا و چەك دەكرێن. لەناو ئەوانەدا كە لە گروپی سێیەم بەدیلگیرابوون، هەریەكە لە عەلی عەسكەری فەرماندەی هێزەكە، تایەری عەلی والی، سەید كاكە، كە دواتر لە 7ی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەریەكە لە عەلی عەسكەری، خالید سەعید و حسێن بابەشێخ لەلایەن قیادە موەقەتەوە بە چەكی (ئاڕ پی جی) شەهیددەكرێن. گروپی یەكەمی هێزەكەی یەكێتی، پاش بێ ئومێدبوونیان لە گەیشتنی هێزەكانی دیكە، بە ناچاری دەچن بەرەو گوندی كەهی لە نزیك جۆلەمێرگ، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی چەند رۆژێك و خۆ ڕێكخستنەوەیان و بەڕێكەوتنیان، دەكەونە ناو ئەو عەشیرەتانەی كە لێیان هاندرابوو و سەرەنجام پاش شەڕێكی چەند سەعاتی ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكەی یەكێتی شەهید و بریندار و بەدیل دەگیرێن و تەسلیم بە قیادە موەقەتە دەكرێن.      


"هێزەكەی یەكێتی بۆ لەناوبردنی پارتی هاتبوونە ناوچەكە" درەو: مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) باس لە رووداوەكەی هەكاری دەكات و دەڵێت: یەكێتی پلانێكی گەورەیان داڕشت بوو بۆ لەناوبردنی پارتی، بەپێی پیلانێكی داڕێژراو كە یەكێتی و سوریا لەسەری رێككەوتبوون، هێزێكی زۆری یەكێتی بەسەرۆكایەتی عەلی عەسكەری بەرەو سنوری یەك دەستیان بە جوڵە كرد، بەو نیازەی پارتی تەواو لەناوببەن و بگەن بە سنوری سوریا، بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببنە هاوسنور لەگەڵ سوریا و ئیمكانیات و چەك و پێداویستیەكان راستەوخۆ لە سوریاوە وەربگرن. مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) لە لاپەرە (237 -239) باسی رووداوەكانی هەكاری دەكات و نوسیویەت: یەكێتی لە ساڵی 1978 پیلانێكی گەورەیان داڕشت بۆ لەناوبردنی پارتی، هەواڵێكی وایان بڵاوكردەوە گوایە تەنیا سەد پێشمەرگەی پارتی لە بادینان ماون، ئەگەر ئەو دوو سەد كەسە لەناوببرێن و كۆماتە بگیرێت، ناوچەكە بە تەواوی دەكەوێتە دەستمان و بە ئاسانی دەگەینە سنوری سوریا. ئەوەی راستی بێت هەموو ئامانجەكەشیان ئەوە بوو بگەنە سنوری سوریا، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لە نۆكان كرد، دوای كۆبوونەوەی نۆكان، یەكێتی بەتەواوی خۆیان ئامادەكرد بۆ لێدانی هێزەكانمان لە ناوچەی یەك و دوو، لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەكە كەوتنە جوڵەكردن بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەكانمان و لەلایەن هەردوو وڵاتی ئێران و عێراقەوە یارمەتی دران. لە چوارچێوەی هەوڵەكانییاندا لە پێناو لەناوبردن و بە قسەی خۆیان پاكتاوكردنی پارتی، ساڵی 1978 دكتۆر خالید سەعید بە هێزێكی زۆرەوە هاتە دۆڵی گەیشتبووە دەستی هەڤاڵانی هەردوولا، رێككەوتننامەكە چەندین خاڵ و بابەتی تێیدا بوو، یەكێك لە خاڵەكان بریتی بوو لە پێكهێنانی لیژنەكانی مەیدانی بۆ تەنسیق و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەتایبەتی لەرووی گواستنەوەی چەك بۆ كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو ناوچەكان لیژنەی تەنسیق لە نێوان هەردوولا درووستكرا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، تەنانەت لەو ناوچانەدا دكتۆر خالید سەعید، ئەندامی لیژنەی تەنسیق و هەماهەنگی بوو، كەچی بە رێككەوتننامەكەوە پابەند نەبوو، تەنانەت بە هەڤاڵانی پارتی گوتبوو رێككەوتننامەی مەیدانیمان هەڵوەشاندووەتەوە. دوای ماوەیەك خالید سەعید و حسێن بابە شێخ بە هێزێكی 60 كەسیەوە بەرەو ناوچەی خۆشناوەتی جوڵەیان كرد بۆ لێدانی هێزەكانمان لە ناوچەكەدا و هێرشكردنە سەر حەمید ئەفەندی لە رێگەی سیدەكانەوە، بەڵام دیاربوو توانیان نەبوو بۆیە هێرشەكەیان نەكرد. دواتر بەپێی پیلانێكی داڕێژراو كە یەكێتی و سوریا لەسەری رێككەوتبوون، هێزێكی زۆری یەكێتی بەسەرۆكایەتی عەلی عەسكەری بەرەو سنوری یەك دەستیان بە جوڵە كرد، بەو نیازەی پارتی تەواو لەناوببەن و بگەن بە سنوری سوریا، بۆ ئەوەی راستەوخۆ ببنە هاوسنوری لەگەڵ سوریا و ئیمكانیات و چەك و پێداویستیەكان راستەوخۆ لە سوریاوە وەربگرن، مەبەستی یەكێتی لەم جوڵە سەربازییە، ئەوەبوو هەموو پێشمەرگەكانی پارتی لەم سنورە بكوژن، یان بەدیل بگرن، یان ناچاربكرێن ناوچەی هەرێمی یەك جێبهێڵن. بۆیە دوای خۆئامادەكردنی تەواو لە پێناو جێبەجێكردنی پلانە و گەیشتن بە ئامانجەكەیان لە سەرەتاكانی مانگی ئایاری 1978، یەكێتی هێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر هێزەكانمان، بە بیانووی هێنانی چەك هاتبوون و بەسەر ناوچەكەدا پەرت و بڵاو ببون، عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید و تاهیر عەلی والی سەركردایەتی هێزەكانیان دەكر، هەموویان بەهەموو تواناو هێزەوە هاتبوون و ئامانجیان شەڕ بووـ بەڵام پێشمەرگەكانی پارتی بۆ مانەوەو بەرگریكردن ئامادەكاری باش و بەرچاویان كردبوو كوردەكانی باكوریش هاوكارییەكی زۆری پێشمەرگەكانیان كرد، سەرەتا یەكێتی ئاگادارنامەیەكی نارد و داوای كردبوو پێویستە پارتییەكان خۆیان رادەستبكەن، دیاربوو توشی غروری و لێكدانەوەی هەڵە ببون، بەداخەوە رۆژی 19ی حوزەیرانی 1978 ئەوەی كەس خوازیاری نەبوو لە ئەنجامی هەڵە و سیاسەتی شەڕانگێزەكانی یەكێتی روویدا كە بە شەڕی هەكاری بەناوبانگە، هێزەكانی یەكێتی هیچ جۆرە شارەزاییەكیان لە سروشت و جواگرافیا و بواری كۆمەڵایەتی  ناوچەكە نەبوو، ژمارەیەك شارەزایان لەگەڵدا هاتبوون، بەڵام كاتێك شەڕەكە دەستی پێكرد، بەهۆی لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ بارودۆخەكە توشی زیان و شكست هاتن و ژمارەیەكیان بەدیل گیران و ژمارەیەكی زۆریشیان خۆیان رادەستی عێراق كردەوە، خەڵكی ناوچەكە كە هەموویان خۆیان بە دڵسۆزی رێبازی بارزانی دەزانی، كە زانیان شەڕەكە لە دژی بارزانی و پارتیە، لە دژی هێزەكانی یەكێتی راپەڕین. بەداخەوە لەشەڕەكەدا هەریەكە لە هەڤاڵان: مەلا ئەمین حاجی بارزانی، رەشید حاجی بارزانی، عومەررەش كەندیناوەیی، مەردان رۆستەم سورچی، ئەحمەد عەبدوڵا هەركی، یەحیا یوسف شامل سندی، نەنو ئیسماعیل بەرگارەیی، شەهید بوون. یەكێك لەو لاوە خوێنگەرم و پێشمەرگە دلێر و ئازایانەی بەر لە شەڕی هەكاری شەهید بوو، ( سیروان عەبدولڕەحمان حاجی عەلی) بوو، رۆژی 13ی ئایاری 1978 بارەگایان لە دۆڵی (گۆستە) بە مەبەستی هێنانی خۆراك و پێداویستییەكانی بارەگا بە وڵاخ بەرەو سنوری توركیا بەڕێ دەكەوێت، بەڵام لە كاتی پەڕینەوە لە زێ لە وڵاغەكە بەردەبێتەوەو بەهۆی ئەو زەبەری بەر سەری كەوتبوو لەناو زێیەكە گیانی لەدەست دەدات و شەهید دەبێت و دوای چەند كاتژمێرێك جەنازەكەی دەدۆزرێتەوەو هەر لەوێش بەخاك دەستپێردرێت. دوای شەڕەكەی هەكاری بەمەبەستی سارێژكردنەوەی زامەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە نێوان هەردوڵادا هەوڵێكی زۆردرا بۆ ئەم مەبەستە هەڵانی سەركردایەتی كاتی لەگەڵ مولازم عومەر عەبدوڵا كۆبوونەوە، سامی عەبدولڕەحمان نامەیەكی ئاراستەی سەركردایەتی كۆمەڵە كردبوو، بەڵام نەوشیروان مستەفا نامەكەی پیشانی كەس نەدابوو و دەستی بە هەڕەشەكردن كردبوو. لە دەڤەری سلێمانی، یەكێتی بەهۆی هاوكاری و یارمەتی و ئاسانكاریییەكانی رژێمی عێراق توانی تا رادەیەك گرفت بۆ پێشمەرگەكانی پارتی لە سنوری دەڤەری سلێمانی درووست بكات و ئازاریان بدات، بە جۆرێك كە دەرفەتی چالاكییەكان لەبەردەمدا نەمایەوەو تەنانەت ژمارەیەكی زۆریش لە پێشمەرگەكانمان شەهید كران، ئەمەش دەرفەتی مانەوەی پارتی لە سنوری سلێمانی زەحمەت كرد.


 (درەو): سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایدەگەیەنێت لە ماوەی (40) رۆژدا (8) ملیۆن مریشك لە هەرێمی كوردستان مرداربوونەتەوە، بەڵام، بەڕێوبەری ڤێتێرنەری سلێمانی دەڵێت  ئێمە ناتوانین ئەو ئامارە پشت راستبكەینەوە. نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، لە لێدوانێكیدا بۆ (درەو) سەبارەت بە دۆخی كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەی (40) رۆژدا زیاتر لە (8) ملیۆن مریشك لە هەرێمی كوردستان مرداربووەتەوە، نازم جاف، هۆكاری مرداربوونەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە مریشك بۆ پەتای نیوكاسڵ دەگێڕێتەوە. سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت: پێویستە حكومەتی هەرێم نمونەی خوێن لە مریشكی نەخۆش وەربگرێت، لە تاقیگەی پێشكەوتودا جۆری نەخۆشییەكە دیاری بكرێت تا بزانرێت چۆن چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، پێویستە حكومەت هەستێت بە دابینكردنی ڤاكسین تا كێشەكان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكات، بەڵام بەداخەوە حكومەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی نەناوە. جەمال حسێن والی، بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی سەبارەت بە ئاماری مرداربوونەوەی مریشك بە (درەو)ی راگەیاند، نەخۆشی لە نێو كێڵگە پەلەوەرییەكان شتێكی ئاساییەو روودەدات بەڵام هیچ ئامارێكی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە كە چەند مریشك مرداربووەتەوە، پێویستە ئەو ئامارە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی ڤێتێرنەری یەكلا بكرێتەوە. جەمال حسێن والی ئەوەش دەڵێت: راستەوخۆ دوای بیستنی هەواڵەكە پەیوەندیم بە زۆرینەی لقەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كردووە تا بزانین چی پێویستە ئەنجامی بدەین. دكتۆر ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوبەری ڤێتێرنەری سلێمانی سەبارەت بە ئاماری مرداربوونەوەی مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، ئێمە ناتوانین ئەو ئامارە پشت راستبكەینەوە، من تەنها بەرپرسم لە ڤێتێرنەری سلێمانی ناتوانم ئاماری هەموو هەرێمی كوردستان یەكلا بكەمەوە. بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری سلێمانی سەبارەت بە دابینكردنی ڤاكسین بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان رایگەیاند كە ئەمساڵ نەتوانراوە ڤاكسین بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان دابینبكرێت، گرفتەكە بۆ نەبوونی بودجە دەگێڕێتەوە، دكتۆر ئاری وتی، دۆخی ئابووری و دارایی حكومەت بەجۆرێك بوو نەتوانرا ڤاكسین دابین بكرێت.  


   - بــەهــرۆز جەعـفـەر   پوختەی جێبەجێکار یەدەگی نەوت و گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان، دەورە دراوە بە کۆمەڵێک کێشە؛ دابەشبوونە سیاسییە- نێوخۆییەکان و پەککەوتنی دامەزراوەکان، فشارە یەکلەدوای یەکەکانی حکومەتی ناوەندی بەغدا، هەوڵە ناوچەییەکان بۆ دوورخستنەوەی کورد لە پرسی وزە. ئەگەر هەرێمی کوردستان دیدگایەکی نوی بۆ ئاسایشی وزە پێک بهێنێت و دامەزراوەی کارا درووست بکات، گازی سرووشتی هەرێم لە توانایدا گۆڕانێکی جیۆپۆڵەتیکیی بەرجەستە  بکات. نێوەندگیرییەکانی خۆرئاوا (ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئەوروپا) هەوڵ دەدات پێگەی هەرێمی کوردستان و ئامانجەکانی لە ئاستی ناوچەییدا جێ بکاتەوەو بپارێزێت. ناساندن هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەنی هێڵێکی بۆڕییە بە درێژایی (٤٢٠) کیلۆمەتر، کە لە کۆتایی (٢٠١٣) ەدا بیناکراوە، بە پێی دیزاینی بۆڕییەکە توانای هەیە (٩٥٠) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات.  بە پێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی (٢٠٠) تریلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتییە (نزیکەی ٥.٧ تریلیۆن مەتر سێجا)، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان ڕێبەرایەتی (٢٥) تریلیۆن پێ سێجا گازی سەلمێنراو و (١٩٨) تریلیۆن پێ سێجا گازی نە-سەلمێنراو دەکات. یەدەگی سەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە ئێمە لەبارەیەوە دەزانین (واتە ئاستی متمانەمان لەسەروو ٩٠٪ لەسەریان هەیە)، لەکاتێکدا یەدەگی نەسەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە کەمتر دڵنیاین لێیان، بەڵام هەندێک ئاماژەمان هەیە بۆ بوونیان و، دەکرێت لە ڕێگەی تەکنیکی نوێی پێشکەوتوەوە ئەوانیش بسەلمێنرێن. پێشبیینیەکان، بەو ئاڕاستەیەدا بەهێزن کە لە داهاتوودا گازی سروشتی دەبێتە فاکتەرێکی گرنگتری بازارەکانی وزە، بە تایبەت لە پێڕەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆن و پاراستنی ژینگە.  لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا، ویلایەتە یەکگرتوەکان، بە بڕی (٢٥٠) ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی کێڵگەی گازیی کۆرمۆری کردوە، ئەوەش بۆ فراوانترکردنی وێستگەکانی کێڵگەکە (کە بە KH250) ناسراوە. چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی (٢٠٢٤) دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگە سەرەکییە بگاتە (٧٥٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و، ساڵی دواتریش هەنگاو بنێ بەرەو (١) ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی ڕۆژانە. ئیمارات لە ڕێگەی کۆمپانیای داناگاز و کرێسنت پیترۆلیۆمەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر کە  شادەماری ئابوریی هەرێمی کوردستاندا کاردەکات، کە ڕۆژانە (٥٠٠) ملیۆن ستاندارد- پێ سێجا گازی سرووشتی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣ دا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە لە کێڵگە گازییەکەوە دەست دەکەوێت بە ڕێژەی (٦٪) بەرزبۆتەوە بۆ ١٩٠٠ بەرمیل کۆندێنسەیتی ڕۆژانە.  ئینجا کێڵگەکە، بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی گازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە. بەگشتی داناگاز سەرچاوەی کارەبایە بۆ نزیکەی (٥) ملیۆن هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم هەوڵە ئەکادیمییە، نیشانی دەدات کە ئاستی گازی سرووشتی و نەوتی هەرێمی کوردستان، توانای خۆ-گونجاندنی لەگەڵ بازاڕی ئابوریی جیهانییدا هەیە. هەروەها بە دیدێکی ڕیالیستیانە دەگەڕێت، تاوەکو دەرفەتە جیۆپۆڵەتییەکییەکان لە ناو سیسیتەمی هەرێمایەتی نوێدا بۆ گازی سرووشتی کوردستان بدۆزێتەوەو تۆختریان بکاتەوە. چوارچێوە لەکاتێکدا، ململانێ بەردەوامە- نێوخۆییە- حیزبییەکانی هەرێمی کوردستان دیمەنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی تەڵخ کردوە، ئەوەش لەلایەک دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی پەکخستوە، لەلایەکیش لە دوای (٢٠٠٣) ەوە، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی بەهێز لە پشت سێکتەری وزەوە ، دیدگا (Vision) ی هەرێمی کوردستانی وەک نا- دیارێک وە پێش چاو خستوە.   ئەم هەوڵە لەگەڵ خۆیدا پەنا بۆ شێوازی (بیرکردنەوەی ڕەخنەیی-Critical Thinking) دەبات. چوونکە بیرکردنەوە کاتێک ڕەخنەییە کە دەرگیر بێت لەگەڵ "لۆژیک" دا، بۆ ئەوەی خودی "بیرکردنەوە" کۆنترۆڵ بکرێت و لەدەست دەرنەچێت. بەمانایەکی دیکە، لێرەدا هزرێک دێت و دەبێتە بەشێک لە پرۆژەی چاکسازیی، چوونکە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەرهەمی ئەقڵە، لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا؛ دیدگایەک یان بیرۆکەیەک وەڵامی دیدگاو هەوڵێکی دی دەداتەوە. کاتێک دەزگایەکی جیهانی بەهاندانی حکومەتی عێراق، یان هەر هێزێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئارگیۆمێنتێک بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی فشۆڵبوونی کەرتی وزەی کوردستان لە ڕووی یاسایی و ئابوریی و سیاسییەوە بخاتەڕوو، لە بەرانبەردا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دێت ئارگیۆمێتێکی دیکە، فیکرێکی دیکە دەخاتە ڕوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، کەرتی وزەی کوردستان بواری دەربازبوونی هەیە لەو گیروگرفتانەی هەیەتی، هەڵسەنگاندن دەکات و بەها بۆ فیکر و ئارگیۆمێنتی بەرانبەردادەنێت. ڕۆڵی تورکیا لەناو خوانی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە سرووشتییەکانی ناوچەکەدا، بابەتێکی سەرەکییە. لەڕاستیدا پەیوەندی ئەنقەرە لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە ماوەی (٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٣)  دەریخستوە کە هاوبەشی نزیکتر لەگەڵ کوردەکانی عێراق دەتوانێت لە چەند ئاڕاستەیەکەوە کاریگەریی دابنێت.  لە عێراق، حکومەتی هەرێم  لوولەیەکی نەوتی پێکهێناوە کە لە ڕێگەیەوە  تورکیا توانیویەتی سیاسەت لە بەغدا لە قاڵب بدات. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، تورکیا پشتی بە حکومەتی هەرێم بەستووە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سوریا کەمتر بکاتەوە. بۆیە، لەساڵی (٢٠١٣) ەوە، بەغدا سکاڵایەکی لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی (ICC) کە لقێکی لە پاریسە تۆمارکردوە، ئەنجامەکەی لە (٢٠٢٣) دا بە قازانجی بەغدا شکایەوەو بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە (١٥ ی شوباتی ٢٠٢٢ ) دا، یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی (٢٠٠٧) لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە بە نا-دەستووری چواندوە. هاوتەریب بەغدا نامەی بۆ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت نارد کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، تاوەکو مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەکەن. چەندین گەڕی دیکەش لە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەن. پێوانە-کردنی سیاسەت و ئابوریی لە عێراق؛ بۆچی بەسرەو بەغدا کارەبایان نییە؟ لە تەمموزی ٢٠٢٣ دا، عێراق (٢٠.٨) بیست هەزار و هەشت سەت مێگاوات کارەبای بەرهەم هێناوە، بەڵام دەوڵەتەکە بەگشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی پێویستی بە ٣٤٠٠٠ -  ٣٥٠٠٠ هەزار مێگاوات کارەبایە. بۆ ئەم مەبەستە، نزیکەی (٤٠٪) ی کارەبا لە ئێرانەوە بە زیاتر لە نرخی بازاڕی جیهانی هاوردە-دەکرێ بۆ عێراق.  بەگشتی، ساڵانە عێراق بە بەهای (٤) ملیار دۆلار کارەبای لە ئێران کڕیوە.. عێراق خاوەنی (٦.٤) تریلیۆن پێ سێجا گازە کە لەئەنجامی دەرهێنانی نەوت دەستی دەکەوێت (گازی هاوەڵ-Associated gas) ە. بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی بانکی نێودەوڵەتی، ئەم وڵاتە هەموو سەرە کاتژمێرێک بەبەهای (٢٩٠) هەزار دۆلار گاز بە فیڕۆ  دەدات، ئەمە لە ساڵێکدا دەکاتە نزیکەی (٢.٥) دوو ملیار و نیو دۆلار، ئەوە ژینگە پیس دەکات و ماددەی ژەهراوی دەخاتە بەرگە هەواوە. بە گشتی عێراق، لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، بۆ پانزە پارێزگاکەی ناوەڕاست و خواروو ڕۆژانە پێوایستی بە ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا گازە بۆ کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. بە پێی گوتەی پسپۆڕان، بەهۆی کەمی بەرهەمهێنانی وزە، ساڵانە نزیکەی (٤٠) ملیار دۆلار زیان بەر ئابوری عێراق دەکەوێ، ئەو زیانانەش بریتین لە ئەو بڕە پارە زۆرەی کە عێراقییەکان بۆ کڕینی وزە خەرجی دەکەن، زیانەکانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ، هەروەها کێشە تەندروستییەکان کە بەهۆی بەردەوامی پچڕانی کارەباوە درووست دەبن. لەچوارچێوەی سزاکاندا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، قەدەخەی کردوە، کە دۆلار بگاتە دەستی ئێران و ڕووسیا، هەموو هەوڵێکیش دەدات کە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گازی ڕووسیاو ئێران کەمتر بکات. بۆیە دوو ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلار ( نزیکەی ١١ تریلیۆن دیناری عێراقی) پارەی ئێران لە بانکی بازرگانی عێراقیی-  TBIدا گیری خوارد. ناوبەناویش چەندین بانک و کەسایەتی عێراقی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە دەکەونە لیستی ڕەشەوە، بەهۆی ئەوەی دۆلاریان بۆ ئێران و ڕووسیا حەواڵە کردوە.  حکومەتەکەی بەغدا دوای دوو هەڵبژاردنی پێشوەخت و چەندین خۆپیشاندان، پێکهاتوە. بەهەموو لایەنەکانی بەشدار نوێنەری نزیکەی (٢٠٪) ی عێراقییەکانن. لەکاتێکدا لە هەندێ پارێزگای عێراق پلەی گەرما گەیشتبوە (٥٠) پلەی سیلیزیی، ئێران لە ناوەڕاستی تەمموزی ٢٠٢٣ دا کارەبای لە عێراق بڕی! مەترسیی خۆپیشاندان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکە دەبێتە یەکێک لە ئەگەرەکان، لە  دوای چەندین هەوڵی وەزیری دەرەوەی عێراق "د. فواد حوسێن" لەگەڵ ئەمریکییەکاندا، واشنگتۆن هەنگاوی نا بۆ ئەوەی عێراق لە ڕێگەی بانکە نا- عێراقییەکانەوە لەماوەی (١٢٠) ڕۆژدا پارەی قەرزی کارەباکە بداتەوە بە ئێران. بەڵام ئەمە عێراق ڕزگار دەکات؟ لە تەمموزی ٢٠٢٣ دا عێراق و ئێران ڕێککەوتن کە ئاڵوگۆڕی کاڵا بەرانبەر کاڵا بکەن، ئێران گازی سرووشتی بدات بە عێراق و، لەبەرانبەردا عێراقیش ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدات بە ئێران. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئێران نەوتی عێراقی بۆچی یە لە کاتێکدا خۆی خاوەنی (١٥٧) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، چوەرەمین یەدەگی جیهانە؟! لە یەکێک لە بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنەدا هاتوە، ئەگەر ئێران گازیش ڕەوانەی عێراق نەکات، دەبێت عێراق ئەو بڕە نەوتەی کە دیاریکراوە بدات بە ئێران! لەکاتێکدا، لە ساڵی (٢٠٢١) ەوە، هەرێمی کوردستان و تورکیا بەیەک بڕو ئاڕاستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەرەو پێشتر دەبەن، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە ئاسانکاری گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیمارات، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ڕۆڵێکی لاوەکییانە بێت، بەڵام ڕاپۆرتکردن لە سەر بەشدارییەکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی هەڵسوڕانی ڕۆڵێکی ناوەندییە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە. لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، ئێران و گرووپە شیعییە- میلیشیاکان لە عێراق، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین هێرشی ئاشکرایان کردۆتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە تا جانیوەری ٢٠٢٣ سێ جار بە کاتیۆشا و درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.  لە ١٣ ی مارسی ٢٠٢٢ دا ئێران (١٢) مووشەکی نا بە شوێنی نیشتەجێبونی "شێخ باز بەرزنجی" خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان (٤٠٪ ی هێڵی بۆڕی کوردستان کارگرووپ و ٦٠٪ ی ڕووس نەفت خاوەندارێتی دەکەن).  لەبەرانبەر سیاسەتەکانی ئێران دا، تورکیا باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی کردۆتە جێگەی هێرشە چڕوپڕەکانی بە بیانووی لێدان لە پەکەکەوە، لەناوچەی جێ نفووسی ئێران دا، کە پارێزگای سولەیمانییە جۆرێک لە مانۆڕی ئاسمانیی و چالاکی زەمینی نیشان دەدات، هەروەها ئەمە تاقیکردنەوەیەکە، بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ چەک و درۆنەکانی پەیدابکات لەسەر ئاستی دونیادا. سێگۆشەی هەرێمی کوردستان- ئەنقەرە- کەنداو وڵاتانی کەنداو یان ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (GCC) دەتوانن گرینگ بن بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی بۆ هەولێر. هەروەها دەیانەوێت وەک گەورەترین کوتلەی وزە لەجیهاندا دەربکەون، لەکاتێکدا کە ڕۆژئاوا تینووە بۆ سەرچاوەی گازیی جێگرەوە، لە کاتێکدا شەڕ لە ئۆکرانیا بەردەوامە.   سەرەتای شوباتی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، گەشتێکی بۆ ئەنقەرە کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی وزە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.  هەر لەو مانگەدا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تۆڕی بۆڕی غازی خۆی بەرەو سنووری تورکیا درێژ دەکاتەوە، لە ڕێگەی بۆرییەکی ١١٢ میلییەوە کە بەڵێنی کردنەوەی یەدەگی بەرفراوانی دابینکردنی غاز دەدات. ئەمە هەنگاوێک بوو وەک بوێریکردنی تواناکانی هەناردەکردنی کورد دەرکەوت، هەروەها ئەوەی نیشاندا، کە پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی دابینکردنی غاز، بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بابەتێکە هەموو کات بیرلێکراوەیە. دوو هەفتە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە، لە میانەی سەردانێکدا بۆ قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی تواناکانی غازی کوردستانی کرد. بەجۆرێک لەماوەی دوو مانگدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم  دوو جار سەردانی ئیماراتی کردوە، یەکەمیان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی حکومەتەکان لە ١٥ ی شوباتی ٢٠٢٢، دووەمیان بۆ بەشداری لە لووتکەی وزە (٢٨-٢٩ی ئاداری ٢٠٢٣) دا بەڕێوەچوو، تیایدا ئامانجی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیمارات تایبەت کرد بە كەرتی وزە و گفتوگۆ سەبارەت بە پەرەسەندنە هەرێمییەكان. سەردان و گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتوو، وەک دیاردەیەکی بەردەوام، ئاسۆی سێگۆشەیەکە کە دەتوانێت جیۆپۆلەتیکی ناوچەیی و سیستەمی ئابوریی ناوچەیی بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت، بە سوود- وەرگرتن لە گەرمبوونی پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو. بەغدا هەر جووڵەیەک بکات، پێویستی بە ئێران هەیە، تەنانەت بە بێ ڕەزامەندی ئێران هەڵبژاردن کردن لە عێراقدا مەحاڵە. هەرێمی کوردستانیش، بۆ هەر جووڵەیەک ناتوانێت هەڵکەوتەو پێگەی تورکیا ڕەچاو نەکات. تێوەگلانی هەولێر لە تەماسگرتن لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا بە بێ تورکیا نییە؛ لەم ڕوانگەیەوە، حکومەتی هەرێم و یەدەگی غازەکەی موژدەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کەنداوییەکان دابین ناکەن، بەڵکو بۆڕییە پلان بۆ داڕێژراوەکەی حکومەتی هەرێم بە درێژایی (١١٢) میل بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا پێویستی بە پارەدارکردن و بەدەستهێنانی پشتگیریی بەغدایە. ئەکتەرە هاوبیرەکانی ئێران لە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تەحەدای هەناردەکردنی نەوت و غازی کوردستانیان کردووە، سنووردانان بۆ ئەم ئەکتەرانە پێویستی بە پاڵپشتی و هەوڵەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی جیهانی هەیە بۆ پاڵپشتی ژێرخانی وزەی کوردستان.   لەم چەند ساڵەی دواییدا، ئارەزووییەکی زیاتر لە نێوان وڵاتانی کەنداودا هەیە بۆ ئەوەی ببنە یاریزانی چالاکتر لە عێراق و بەشێوەیەکی کاراتر پەیوەندییەکانی هێز لە عێراقدا لێک بدەنەوە. ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ  پەیوەندییە درێژخایەنەکانی قەتەر و ئیمارات لەگەڵ سەرکردە یەکەمەکانی ئێستای سووننە لە عێراق وەکو محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، کە هەردووکیان لە نزیکەوە هاوپەیمان و هاوبیرییان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە.  زیاتر لەوەش، بەشداریکردنی ئیمارات (بەهۆی داناگازەوە) لە پەرەپێدانی توانای گازیی کوردستان هەیە. هەروەها سعودییەکان بۆ وەبەرهێنان لە ئەنبار(وەک گەورەترین ناوچەی سووننە نشین) بە تەوژمێکی بەهێزەوە هاتونەتە ناوەوە: کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی پەرە بە کێڵگەیەکی غاز دەدات لە پارێزگای ئەنبار کە بتوانێت زیاتر لە (٤٠٠) ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنێت، هاوکات هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەکی پیشەسازی تایبەت بە پیشەسازییەکانی سعودیە و دامەزراندنی یەکەیەکی نوێ بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا کە گوژمەکەی (٣) ملیار دۆلارە. هەرێمی کوردستان؛ بانگێک بۆ ڕیالیزم لە ڕیالیزمدا، چۆن کنە بکەیت، بابەتەکە پەیوەندیی بە دەستوور و یاساو ڕێکخراوی نێودەوڵەتییەوە نییە. بەڵکو سەراپای تیۆرەکە تیۆری هێزە لە پێناو مانەوەدا، "ناسینی بەرژەوەندیی- Interest"، "دەستخستنی هێز- Power"، تێگەیشتن لە کێبڕکێ-Competition"، "فەوزا-Anarchy" و نەزمی کارکردنی سیستەمی جیهانی و هەرێمایەتی ئەو چەمکە هەرە جەوهەرییانەن کە ڕیالیزمی کلاسیک بە ڕێبەرایەتی هانس مۆرگێنتاو- Hans Morgenthau، ڕیالیزمی نوێ بە ڕێبەرایەتی کینز واڵتز جەختی لێ دەکەنەوە. مۆرگێنتاو، لە شاکارە بەناوبانگەکەی – سیاسەت لە نێوان گەلان: تێکۆشان لە پێناو هێز و ئاشتی " Politics Among Nations: The Struggle for Power and Peace" کە ساڵی (١٩٤٨) چاپی یەکەمی بڵاوبۆتەوە، ڕوانگەیەکی واقیعبینانە بۆ سیاسەت و دەسەڵات دەخاتە ڕوو. ئەم چەمکە ڕۆڵێکی گەورەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا هەبوو، ئەمەش وایکرد کە لە سەردەمی جەنگی سارددا دەسەڵاتی جیهانیی بەرجەستە بێت.  بەلای مۆرگێنتاوەوە: "دەوڵەتمەدار دەبێت لەڕووی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە بیربکاتەوە، تا وەک دەسەڵات لەنێو زلهێزەکانی دیکەدا بیری لێ بکرێتەوە. ئەقڵی جەماوەریی بێ ئاگایە لەوەی ڕوودەدات، ڕەنگە تاکێک هەر بۆخۆی بڵێت؛ من دادپەروەریم دەوێ،جا با ئیتر لەولاوە جیهان وێران دەبوو!". ریالیزم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پرەنسیپە ئەخلاقییە گشتگیرەکان ناتوانرێت لە کرداری دەوڵەتەکاندا جێبەجێ بکرێت. ئەوەی پێویستە سەنتەری بیرکردنەوەو کارکردن بێت "بەرزڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانییە"، دەوڵەت یان هەرێم دەبێت ئەمە بکات. لە ژێر کاریگەریی تێزەکانی "تۆماس هۆبز" و "هانس مۆرگێنتاو" دا، زانای ئەمریکی "کینز واڵتز-Kenneth Waltz" بوو بە باوکی تیۆرەی ڕیالیستی نوێ (خۆی بە ستراکچڕاڵ ڕیالیزم) ناوی دەبات، واڵتز لایوایە کۆی هەڕەشەکان لەدەرەوەی سیستەمی ناوخۆیی دەوڵەتەکە یان هەرێمەکەوە دێن، جەخت لە سرووشتی سیستەمی نێودەوڵەتی دەکاتەوە کە فەوزایە، چوونکە هەمووان بە دوای هێز و سەرچاوەی هێزدا دەگەڕێن. بۆ ئەم مەبەستە داوادەکات "بەهێز- حاکمێک" لە جیهاندا وەکو ئەمریکا بە پێوە وەستابێت. هەرێمێکی وەکو کوردستانی باشوور، یان ڕۆژئاوا ئەگەر ئەمریکایەک بە پێوە نەوەستابێت بە چەند کاتژمێرێک ئێران و تورکیا و میلیشیا عێراقییەکان چۆنیان بوێ ئاوها پەلاماری دەدەن. هەرێمی کوردستان ٥١٣ کیلۆمەتر سنووری جوگرافی هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە. لەماوەی (٢٠١٤  بۆ ٢٠٢٣) هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بۆڕی جەیهانی تورکی، وەک جێگرەوەیەکی هەرزانتر بۆ نەوتی ئێران وەبەرچاو کەوتوە. لەساڵی (٢٠٢١ و ٢٠٢٢) دا ئێران (١٦٪) ی خواستی تورکیای لە گازی سرووشتی دا پڕکردۆتەوە، بەڵام گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت زیاتر لەو بڕە بۆ تورکیا بخاتە ڕوو، سەقامگیرتر و هەرزانتریشە؛ بۆیە ئێران وەک کێبڕکێکارێکی مەترسیدار لە گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت. ئەمە جگەلەوەی، هەرێمی کوردستان (٥٧) بلۆکی نەوتی هەیە، کە تەنها لە (١٢) بلۆکدا کارکردن بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، کۆی نەوتی هەناردەکراو و بەکاربراو (بەرهەمهێنراو) لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەروو (١٥٨) ملیۆن بەرمیل نەوت، کە رۆژانە لە هەموو کێڵگەکانەوە ٤٣٣ هەزار و ٧٢٦ بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە. سەرباری ژمارەیەک پاڵاوگەی سەرەکی وەکو کەڵەک، لاناز، بازیان و تاوکێ، کە بەپێی زانیارییەکان توانایان دەگاتە ٢٦٥ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا، بۆ نموونە نوێترین پاڵاوگەیان کە لانازە توانای پاڵاوتنی ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. هەرێمی کوردستان ٤ هەزار و ٢٠٠ بۆ ٤ هەزار و ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە ٧٥٪ ـی لە رێگەی سووتەمەنییەوەیە. پرۆژەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لەپاڵ ئەنومەنی هاریکاریی کەنداو دا، لووتکەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست (EMGF) هەیە. ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی: تورکیا، سوریا، لوبنان، ئیسرائیل، قوبرس، میسر، ئوردون، دەستەڵاتی فەلەستین دەگرێتەوە. کە هەموویان خاوەنی یەدەگی گازی سرووشتین یان ئەندامن لەو لووتکەکەیەدا لە ساڵی (٢٠١٧) ەوە پێکهێنراوە جگە لە تورکیا، لەو لوتکەیەدا هەریەکە لە فەڕەنساو ئیتاڵیاو یۆنان سێ ئەندامی سەرەکیین (ئەوانیش دەکەونە سەر دەریای سپی). لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە گازی سرووشتی لەکەنارە ئاوییەکانی قوبرس و ئیسرائیلدا دۆزراوەتەوە، هەردوو وڵاتەکەی لە هاوردەکاری وزەەوە کردووە بە هەناردەکار! بە ڕێگەی بۆڕییەکەوە کە دڕێژییەکەی (١٩٠٠) کیلۆمەترە بەسەر پەرشتی ئەمریکاو بە تێجووی (٧) ملیار یۆرۆ بونیادنراوە، گازی سرووشتی قوبرس و ئیسرائیل دەگاتە دوورگەی کریتی یۆنان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکە. ڕۆژئاوا، ئەوەی نەشاردۆتەوە کە وەک جێگرەوەیەک بۆ گازی ڕووسیا پشت بەم پرۆژەیە دەبەستن. ئیمارات لەوێش بەشدارە! ئەگەرچی “ئیمارات” لەڕووی جوگرافییەوە ناکەوێتە سەر دەریای سپی، بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٠) دا وەکو ئەندام لە مونتەدای گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی قبوڵکرا ( بەسیفەتی چاودێر) کە بارەگاکەی لە قاهیرەیە. دواتر هەریەکە لە تەلئەبیب و ئەبوزەبی باڵوێزخانەیان لەلای یەکتر کردەوە، ئینجا لە کۆتایی(سێپتەمبەری ٢٠٢١) دا ئیمارات (٢٢٪) پشکەکانی کێڵگەی گازی تیماری ئیسرائیلی بە نزیکەی (١) ملیار دۆلار کڕی. بە بەراورد بە ئیمارات، هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر نزیکترن لە حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپییەوە. لێرەشدا، بە بێ تورکیا کارەکە ئاسان نییە؛ چاوەڕێ دەکرێت دوای ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و میسر کە دوو قسەکەری سەرەکیی ناو لووتکە گازییەکەن، تورکیاش بەشداری پێ بکەن. چی ڕوودەدا کاتێک پارچە ئاسنێک گەرم دەکەیت؟ هەرێمی کوردستان لاواز بوە، لەبەرئەوەی دامەزراوەی یەکگرتوی نییە؛ وەکو سووپایەکی یەکگرتووی پۆشتەو پەرداخ، ئابورییەکی هەمەچەشن و سەقامگیر، هەروەها ململانێ سیاسییەکان کاریگەری نا-جۆریان کردۆتە سەر ژیانی خەڵک. هەروەها هەرێمی کوردستان دامەزراوەی بیرکردنەوەو توێژینەوەی زانستیی- پاڵپشتیکراوی نییە. لە بنچینەشەوە، کورد خاکێکی داگیرکراوی هەیە، سەت ساڵ (١٩٢٣- ٢٠٢٣) جەنگ و ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق هەبوە. هەریەکە لە بەغداو هەولێر لە دوای (٢٠٠٥) لە بۆسەی یەکتردان و متمانەیان بەیەکدی نییە. کاتێک پێگەی کورد لە کەرکوک بەهێز بوو، عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی  لەسەرانسەری وڵاتەکەدا ئەنجام دەدا جگە لە "کەرکوک". کاتێکیش تەعریبی ئەنجام داوەو، جوتیارانی کوردی لەسەر زەوییەکانیان هەڵکەندوە، دوای هەژدە ساڵ لە دیسەمبەری ٢٠٢٣ دا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوکدا ئەنجام دەدات. عێراق یاسای نەوت و گازی نییە، چوونکە لە هەژدە ساڵی ڕابردوودا پێگەی کورد بەهێز بوو، نەیدەویست.  ئێستا کە کوردو یەدەگی نەوت و گازەکەیان بە یاسا لە قاڵب داوە، هەرێمی کوردستان ڕادەکێشن بۆ دەرچواندنی یاسایەکی نەوت و گاز کە هەموو دەستەڵاتە نەوتیی و گازییەکان لە دەست حکومەتی فیدراڵی بەغدادا چڕبکاتەوە. کورد وەکو ئاسنێکی ڕەق وابوو، بەهۆی نەبوونی دیدگایەکی ستراتیجیی گشتگیرەوە، بەهۆی فشارە هەرێمایەتییەکان و مەترسییە هەمیشەییەکانی بەغداوە، بەتەواوی گەرم کراوە، ئاسنێک یان کانزایەک کە گەرم بکرێت، چەکووشێکی پێدا بکێشیت چی لێ دێت؟ بێگومان شێوەکەی دەگۆڕێت (گۆڕان لە شێوەدا ڕوودەدات). ئایا کورد، وەک گۆڵچییەک لە پاڵ گۆڵەکەدا دەوەستێ و تۆپەکان هەروا بە ئاسانی بێن و بچن بە گۆڵدا؟ یان ئەمیش، هەوڵەکانی خۆی لە هەموو ئاستەکاندا، چڕدەکاتەوە بۆ ئەوەی بەرانبەرەکەی شپرزەو گەرم بکات و، بە چەکووشێک شێوەی بەرانبەرەکەی بگۆڕێت؟ عێراق! لەساڵی (٢٠٠٤ ەوە تا ٢٠٢٢) دەوروبەری یەک تریلیۆن دۆلاری دەستکەوتوە، لەم بڕە (٣٦٥) ملیار دۆلار دیار نەماوە!؟ هەر لەماوەی ئەو هەژدە ساڵەدا بە بەردەوامی ساڵانە لە نێوان (٢٥٪ بۆ ٤٠٪) بوودجەی عێراق بە فێڕۆچوە. تەنها لە کەرتی کارەبادا (٨٠) ملیار دۆلار خەرج کراوە کارەباش نییە و لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت!؟ لە ئابی ٢٠٢٢ دا، پڕۆفیسۆر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق دەستی لە کارکێشایەوە، لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەدا دەڵێت؛ مانگانە لە خاڵە سنوورییەکان و گومرکدا ٦- ٧ ملیار دۆلار دیار نامێنێت. دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، مانگانە تەنها لە کۆبوونی خۆراک و خۆراکی هاوڵاتیاندا (٢٠٠) ملیار دینار گەندەڵی دەکرێت. ئەمە جگە لە دزی سەدە کە پارەی باجەکانی عێڕاقە لەسەردەمی حکومەتەکەی "موستەفا کازمی" دا لە بانکەکانی عێراقەوە لەماوەی تەنها دوو مانگدا (٢.٥) دوو ملیار و نیو دۆلار لە عێراق دزراوەو براوەتە دەرەوە. لە (٢٠٢٣) دا عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر لە (١٠٠) ملیار دۆلاری یەدەگی لە بەردەستدایە، ئەمە بەهۆی بوونی ژێرخانێکی ئابوریی بەهێزەوە نییە، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا، هەموو جۆرە پەیوەندییەک لەناوخۆ و دەرەوەدا گۆڕانکاریی بەسەردادێت. هەروەها لە پرۆژە یاسای بوودجەدا فەوزایەکی زۆر هەیە، دیارترینییان ئەوەیە ٦٣  تریلیۆن دینار کورتهێنان هەیە کە دەکاتە (٢٥٪) ی کورتهێنان و هەڵئاوسان لە بوودجەدا ڕۆژانە نە- فرۆشتنی (٥٠٠) هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقدا، بە تەواوی پرۆژە یاسای بوودجەی عێراقی ئیفلیج دەکرد، کە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕاپۆرتەکان وەهان، کە لە ڕووی ژینگەییەوە کووڵانی گۆی زەوی لە عێراقەوە دەستی پێکردوە، بە پێی "سەنتەری ئیماراتی بۆ سیاسات" باشووری عێراق چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بۆتەوە کە پەیوەندییان بە کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگەوە هەیە، لە کاتێکدا وڵاتەکە گۆڕانکارییەکی توند لە شێوازی کەشوهەوادا بەخۆیەوە دەبینێت. بۆ نمونە عێراق لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لانیکەم نزیکەی ٥٠٪ ی داهاتی ساڵانەی ئاوی لە ڕووباری فورات و ٤٠٪ی لە ڕووباری دیجلە لەدەستداوە (کە تورکیا گرتویەتیەوە). لە ساڵی ٢٠٢٢ وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق هۆشداری دابوو کە یەدەگی ئاوی وڵات لە ساڵی پێشووەوە بۆ نیوە دابەزیوە. دواتر لە هەمان ساڵدا شەپۆلی گەرمای توند و کەمبوونەوەی بارانبارین و زریانی تۆز و خۆڵبارینی توند و بەردەوام و شووتی بووە هۆی لەدەستدانی (٦٠) هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و (٣٠) هەزار نەمام، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی (٣٠) هەزار خێزان لە هەشت پارێزگادا. کاتێک گەرماو بێ ئاویی عێراق دەگەیەنێتە کەناری لەناوچوون، ئایا چاوەڕێ لە تورکیا دەکات لە خنکان قوتاری بکات؟  لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەوڵەتەکە هێشتا سەرقاڵە بە ململانێ تایەفییەکان و زیادکردنی بودجەی میلیشیاکان و بەشبەشێنەی سیاسییەوە. دەرئەنجام هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەکەی پێویستی بە داڕشتنەوەی سیاسەتەکانییەتی، بۆ ئەوەی دیدگایەکی نوێ بهێنێتە ئاراوە. کلیلی ئەم دیدگا نوێیە بە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمدا تێدەپەڕێت. نابێت بەدیار چارەسەر نەکردنی بەربەستە کۆنەکانەوە بوەستن و تەحەدا نوێیەکانیش بێن و کەڵەگە بن. کاتێک دەزانین، ڕێکخراوێک یان حکومەتێک ڕووئیای هەیە، کە ئەو لایەنە وەڵامی سێ پرسیارەی سەرەکی بداتەوە: ئەو خەونە یان ئامانجە چییە کە حکومەتەکە لە پێناویدا تێدەکۆشێت؟ ئەو کێشەیە چی یە کە حکومەتەکە لەپێناویدا هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری بکات؟ هەروەها ئێمە کێ و چی بە ئامانج دەگرین تا کاریان لەسەر بکەین؟ بەبێ یەکێک لەو سێ پایەیە، ئەگەر دیدگایەکیش هەبێت، کەمووکورتی هەیە. هەریەکە لە حەوزەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و کەنداوی عەرەبی دەتوانن هاریکاریی هەرێمی کوردستان بن بۆ وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکیی. لێرەوە، ئەم هەوڵە تیشکی خستۆتە سەر ئاسۆکانی هەستانەوەی کوردستان لە ڕوانگەی گازی سروشتیی، بەڕێگەی لە خۆ-گرتنی سیاسەتێکی ڕیالیستیانەوە بۆ ناسینی سەرچاوەکانی هێزو بەرژەوەندیی نیشتیمانیی هەرێمی کوردستان. دابەشبوونە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کە بوەتە هۆی لاوازکردنی تواناکانی، ناکۆکی بەردەوام لەگەڵ بەغداو هەڕەشەی ئێران لەو تەحەدا دیارانەن کە هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتی بازدانێکی جیۆپۆڵەتیکییدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. زیاتربوونی دەستەڵاتی کەنداوییەکان لە عێراقدا دەبێتە هۆی شڵۆقبونی هەژموونی ئیڕان و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان پەرتتر دەکات، بۆیە باشتربوونی پەیوەندیی لەگەڵ بەغداو پاراستنی هاوسەنگی و بەرچاوگرتنی ئێران دەبێتە سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراو بۆ هەرێمی کوردستان. هەموو ئاستێک، ئاستی کارکردن و هەموو جێگایەک دەبێت جێگای کار لەسەر کردن بێت بۆ هەرێمی کوردستان. لە دەستپێشخەرییەکی وادا، کە هەرێمی کوردستان، تورکیا، ئیمارات، حەوزەی دەریای سپی، ئەوروپاو ئەمریکا تێیدا بەشدارن، لەو مەترسییە ئەمنی و جیۆپۆڵەتیکییانە کەم دەکرێتەوە کە ئێران لەناوچەکەدا درووستی دەکات. چوونکە نەزمی نوێی جیهانی لەسەردەمی جەنگی ئۆکراینادا، پێویستی بە وزەیە، دوور نییە بنوسرێت "بەخێر بێن بۆ شارستانییەتی گازی سرووشتی".    بەهرۆز جەعفەر،  دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-


درەو: راپۆرتی روونبیین کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکانی وەک DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum دەکات، داوا لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر دەکات لە گفتوگۆکانیان بۆ داڕشتنی یاسای نوێی نەوت و گاز ڕێز لە مافە گرێبەستییەکانیان بگرن. هەروەها APIKUR داوای کردووە، مافەکانیان بخرێتە ناو بودجەی عێراق و هەر یاسایەک کە لە داهاتوودا نەوت و غاز لە عێراقی فیدراڵ و کوردستاندا بەڕێوە دەبات، بەپێی بەیاننامەیەکی کۆمەڵەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “زۆر گرنگە بۆ داهاتووی پیشەسازی لەم ناوچانەدا، و ئەو هەلی کارە زۆرانەی کە دابینی دەکات، دەرئەنجامی دانوستانەکان بریتی بێت لە وەرگرتنەوەی ئەو تێچوون و قازانجانەی کە ئەوان (کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان) بەپێی گرێبەستی هاوبەشی کردنلە  بەرهەمهێنان ئێستا مافیان هەیە ” . ڕۆژی 5ی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تاوتوێی داڕشتنی یاسای نوێی نەوت و گازیان کرد. لە ساڵی 2005ەوە پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکات و هەرێمی کوردستانیش یاسای خۆی دەرکردووە و لەڕێگەی تورکیاوە دەستی بە هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت کردووە. لە میانی کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز بۆ هاوکاریکردنی چارەسەرکردنی کێشە لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر نەوت و داهاتەکانی. ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە مانگی ئازاردا پەرەی سەند، کاتێک دادگای ناوبژیوانی لە پاریس بڕیاری دژی هەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆی کوردستان بە پێی یاسای ساڵی 2007 دەرکرد، ئەمەش وایکرد تورکیا هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا (ITP) ڕابگرێت. تا ئێستا گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە نەیانتوانیوە چارەسەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بدۆزنەوە. جگە لەوەش بەپێی یاسای بودجەی عێراق هەرێمی کوردستان دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات. مافە گرێبەستییەکان نوێنەری کۆمپانیاکان APIKUR لە 13ی ئاب بە S&P Global Commodity Insights ی وتووە: “کۆمپانیا نێوودەوڵەتییە نەوتییەکان IOC’s دەیانەوێت  دڵنیابن کەمافە گرێبەستییەکانیان ، لەوانەش وەرگرتنەوەی خەرجی تێچوونەکانیان ،لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدادا مسۆگەر بکرێن و بپارێزرێن “. دەشڵێت: “پێویستەکۆمپانیاکانی نەوتی کوردستان  IOCs قەرەبووی تێچووی ڕاستەقینە بکرێتەوە هەروەک چۆن لە عێراقی فیدراڵیدا هەیە”. هەروەها لە بەیاننامەکەی ئیپیکۆردا APIKUR  باس لەوە کراوە کە “مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم  PSC کە لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت، پێکهاتەیەکی وەبەرهێنانی کێبڕکێی هەیە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پارێزگا نەوتییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێت”. وتیشی:”بەپێێ گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمی هەرێم  IOC   کۆمپانیا نەوتییەکان هەموو مەترسییە داراییەکان لە ئەستۆ دەگرن وە ئەگەر سەرکەوتوو بن، حکومەتی هەرێم پشکی زۆرینەی قازانجی بۆ دەمێنێتەوە. سەرکەوتنی مۆدێلی PSC بۆ کوردستان دیارە”. لە بەیاننامەکەی ئیپیکۆردا هاتووە: “بۆ ئەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت متمانەیان پێبدرێت کە مافە گرێبەستیەکانیان وەردەگرن لە خەرجی  تێچوونەکان و وەرگرتنی پارەی قازانج لە پڕۆژە سەرکەوتووەکاندا، لەکاتی ناکۆکیدا بەپێی  مۆدێلی گرێبەستی  PSCی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان  و یەکلاکردنەوەی  ئەوا پەنا بۆ یاسای ئینگلیزی دەبرێت  لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن . هەروەها کۆمپانیا نەوتییەکان ڕایانگەیاندووە کە ناتوانرێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا دابین بکات، بەبێ ئەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کاربکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، “بۆ بەدیهێنانی ئەمە، هەرێمی کوردستان پشت بە بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانە دەبەستێت کە لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت”. ئیپیکۆر دەڵێت: “سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنییەکان و جیۆلۆجییەکانی هەرێم، بەڵام کەرتی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەکان  IOC  لە ١٥ ساڵدا بەرهەم هێنانیانی نەوتیان  لەنزیکەی سفرەوە گەشە پێداوە بۆ نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ گرنگترین پیشەسازی لە کوردستان، کە کەرتی نەوت و گازە، ئێستا دەیان هەزار هەلی کاری کوالیتی بەرزی  ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی IOCsکانەوە و هەروەها ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان و بەڵێندەران و لە کۆمەڵگاکانی تەنیشت کارەکانمان و ماڵ و ئۆفیسەکانمان دابین دەکات .” جگە لەوەش بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت، کۆمپانیا بیانییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ناچاربوون ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی تێچوون جێبەجێ بکەن، ئەمەش بووە هۆی دەرکردنی فەرمانبەران. APIKUR کێیە ؟ APIKUR کۆمپانیایەکی سنووردارە  کە پێک هاتووە لە هەریەک لە DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum کە بەپێی یاسای ئینگلیزی لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن ئەو  کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی  نەوت و غازی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن دامەزراوە. کۆمەڵەکە APIKUR دەڵێت:  ئامانج و مەبەستی ئەم کۆمەڵەیە بریتییە لە پێشخستنی هەرێمی کوردستانی عێراق KRI وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنەران. جگە لەوەش، APIKUR ئامانجیەتی داکۆکیکردن و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەندامەکانی بکات، وەک دەنگێکی هاوبەش و کاریگەر بۆ ئەندامەکانی بەرامبەر بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان چ لەهەرێم دی کوردستانی عێراق  KRI، یان شوێنەکانی دیکە کاربکات، و مەکۆیەک بۆ ئەندامان دابین بکات بۆ هاوبەشکردنی زانیارییە  پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان و بەکارهێنانیان  باشترین شێوە . 


درەو: •    (48%) بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، (37%)ی بەشدار بووان بایكۆتی دەكەن •     (89%) بەشداربوان پێیان وایە هەمیشەو زۆربەی جار ساختەكاری كراوە •    (36%)ی بەشداربووان پێیان وایە كۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی بكات •    (3%) بەشداربووان پێیان وایە كۆمسیۆنی هەرێم سەرپەرشتی بكات دامەزراوەی میدیایی درەو، راپرسیەكی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ( هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدا، لە راپرسیەكەدا (5672) كەس تیایدا بەشداربوون، لە نێوان (1/8 بۆ 7/8/2023) پرۆسەی راپرسیەكە بەردەوام بوو بەسەرپەرشتی پ.ی.د. نیاز نەجمەدین مامۆستای زانكۆ راپرسیەكە ئەنجامدراوە . دەقی راپرسیەكەی درەو: دەقی راپرسیەكە بە زمانی كوردی https://drive.google.com/file/d/10w76iHmdGL2JQvVz-c_h5I1OdHtwPpld/view دەقی راپرسیەكە بە زمانی ئینگلیزی https://drive.google.com/file/d/1xb7pZa1iHuNJXRBE0SjMoowwIpRRIshZ/view      


درەو: كورد بەسێ‌ هاوپەیمانێتی لەكەركوك و شیعەكان بەسێ‌ هاوپەیمانێتی گەورەو سوننەكانیش بە پێنچ هاوپەیمانێتی, بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكەن, كە بڕیاڕە رۆژە (18) كانونی یەكەم ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. كەركوك بۆ كورد لەم هەڵبژاردنەدا خاڵی یەكلاكەرەوەیە, پەرتەوازبون و ململانێی حزبی, دەرفەتی وەرگرتنەوەی كورسی پارێزگاری شارەكەی زەحمەت كردووە, لەبەرامبەردا دەرگای گۆڕینی ئەمری واقیعی لەدوای روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەری ساڵی (2017) بۆ شەرعیەتی سندوقەكانی دەنگدان, لەبەردەم پێكهاتەكانی تر خستووەتە سەرپشت, بەوەش چارەنوسی كەركوك كەوتووەتە تونێلێكی نادیارەوە.   فەرمانگەی كاروباری پارتەكان و رێكخراوە سیاسیەكان, لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق, لیستی هاوپەیمانێتیەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق راگەیاند. بەپێی راگەیاندراوەكەی كۆمیسیۆن, (50) هاوپەیمانێتی سیاسی لە عێراق, كێبڕكێ‌ لەسەر بەدەستهێنانی (275) ئەنجومەنە خۆجێیەكان دەكەن لە (15) پارێزگای عێراق, كە بڕیاڕە رۆژی (18)ی كانونی یەكەمی (2023) بەڕێوەبچێت. چارەنوسی كەركوك لە ململانێكاندا هێزە كوردیەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا, كێبڕكێی لەسەر (71) كورسی پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین و دیالەو نەینەوا دەكەن. *پاێزگای كەركوك (15) كورسی *پارێزگای نەینەوا (26) كورسی *پارێزگای سەڵاحەدین (15) كورسی پارێزگای دیالە (15) كورسی لەكۆی ئەو (50) هاوپەیمانێتیەی, هێزو لایەنە بەشدارەكان لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق پێكیانهێناوە, كورد سێ‌ هاوپەیمانێتی هەیە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای  كەركوك. *هاوپەیمانی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە), هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستانی. *هاوپەیمانی (مەشخەڵی كەركوك), هاوپەیمانێتی نێوان یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان و  كۆمەڵی دادگەری كوردستانە. *هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی ئیسلامی عێراقی و چەند لایەنێكی دیكە (.هێشتا رایان نەگەیاندووە) _جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات. -بزوتنەوەی گۆڕان, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات. -حزبی سۆسیالیستی كوردستان, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات. -حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە. دەنگی حزبەكان لە سێ‌ هەڵبژاردندا لەسێ‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا, كە ساڵەكانی (2014_2018_2021) بەڕێوەچووە, دەنگی حزبە كوردییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە بووە: *ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2014): -یەكێتی نیشتمانی كوردستان (209.964) دەنگ -پارتی دیموكراتی كوردستان(63.076) دەنگ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (6.933) دەنگ -كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (4.908) دەنگ *ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2018): -یەكێتی نیشتمانی كوردستان (177.920) دەنگ -پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری نەكرد. -جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (13.655) دەنگ -یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (4.784) دەنگ -كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (1.500) دەنگ *ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2021): -یەكێتی نیشتمانی كوردستان (70.866) دەنگ -پارتی دیموكراتی كوردستان (49.538) دەنگ -جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (25.391) دەنگ -یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری نەكرد. -كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەشداری نەكرد. لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا, رێژەی دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەم شێوەیەیە: بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك كە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ كە پارێزگاكە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێكهاتبوو, لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەكەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێك؛ •پێكهاتەی كورد زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگاكەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ. • پێكهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ. • پێكهاتەی توركمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی • سەربەخۆكانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە. پەرتەوازەبوونى كوردو لێكەوتەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەناوچە جێناكۆكەكان بەگشتی و شاری كەركوك بە تایبەتی,  بۆ كورد هەڵبژاردنێكی چارەنوساز دەبێت, بە تایبەت كە كورد لەدوای روداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی (2017)وە پۆستی پارێزگاری شارەكەی لەدەستداوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە, دەرفەتێكی گرنگە بۆ گەڕانەوەی ئەو پۆستە بۆ كورد, بەڵام ململانێ حزبیەكان و پەرتەوازەبوونی كورد بۆ كۆمەڵێك لیست و قەوارەی جیاوازو ناتەبا, سەرەتایەكی نەرێنیە بۆ ئەو هەوڵەو دەرگاكان بۆ هێزە باڵادەستەكانی بەغداد واڵا دەكات, بۆ گۆڕینی ئەو ئەمری واقیعەی لەكەركوك سەپاندویانە, بۆ شەرعیەتی سندوقەكانی دەنگدان و كۆتایهێنان بە هەژمون و پێگەی سیاسی كورد لەو شارە. دابەشبونی كورد لەكەركوك, ئەگەر لەڕووی ژمارەی دەنگ و كورسیشەوە كاریگەریەكی ئەوتۆی نەبێت, ئەوا لە دوو خاڵی جەوهەریدا لێكەوتەی دیاری  دەبێت:   یەكەم؛ لاوازی لایەنە كوردییەكان دەردەخات بۆ گەیشتن بە لێكنزیكبوونەوەیەكی هاوبەش، بەتایبەت لە پرسێكی گرنگی نەتەوەیی و پەیوەست بە "خاك"، ئەگەری قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانیش زیاتر دەكات بە تایبەت ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانیش، سەرباری ئەوەی جۆرێك لە بێهیوایی لای هاوڵاتیانی كورد لە پارێزگای كەركوك دروست دەكات و دوور نییە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ڕێژەی بەشداری كورد لە هەڵبژاردن. دووەم؛ بەپێی ماددەی (19)ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن "هیچ پەرلەمانتارێك یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن, ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە, تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی". ئەمەش ڕێگە خۆشدەكات بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلەی نێو ئەنجومەنی پارێزگا، كاندیدی خۆی پێشكەش بكات بۆ پۆستی پارێزگار، بێگومان ئەو كوتلەیەش پێكهاتەی كوردی نابێت، ئەگەر كورد بە پەرتەوازەیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكات. كەركوك و پێكهاتەكانی تر حەوت هاوپەیمانی لە پێكهاتەكانی تر, كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسیەكانی پارێزگاری كەركوك دەكەن, كە سێ هاوپەیمانی سوننەكان و هاوپەیمانێتیەكی شیعەو هاوپەیمانێتیەكی توركمان دوو هاوپەیمانی هێزە مەدەنیەكانن. -هاوپەیمانی (القیادة) كە هاوپەیمانی ( محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەرە). -هاوپەیمانێتی (العروبة) هاوپەیمانێتی نێوان عەزم و بەرەی عەرەبی یەكگرتووە, بەسەرۆكایەتی ( موسەنا سامەڕایی و وەسفی عاسی). -هاوپەیمانێتی (العربي فی كركوك) كە سێ حزبی عەرەبی سوننە لەخۆ دەگرێت و راكان جبوری سەرۆكایەتی دەكات. -هاوپەیمانێتی ( الاطار الوطنی) هاوپەیمانێتی ( نوری مالكی، هادی عامری، هومام حەمودی، عەمار حەكیم) . -هاوپەیمانێتی (بەرەی توركمانی عێراقی یەكگرتوو) كە هاوپەیمانێتی (8) پارتی توركمانیە -هاوپەیمانێتی (الائتلاف الوطنیە) بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی -هاوپەیمانێتی ( المدنی الدیموقراطي) بەسەرۆكایەتی عەلی كازم شیعەكان بەسەر سێ‌ هاوپەیمانێتی گەورەدا دابەشبون, بەچەندین ناوی جیاواز لە(15) پارێزگاكەی عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن, هاوكات سوننەكانیش بەسەر پێنج هاوپەیمانێتی دیاردا دابەشبون, كە هاوشێوەی شیعەكان لە زۆرینەی پارێزگاكەی عێراق, لە ژێر ناوی جیاواز و هاوپەیمانێتی جۆراوجۆر بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكەن. هاوپەیمانێتی شیعیەكان -هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا, كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات (12) حزب لەخۆدەگرێت و لە (10) پارێزگای عێراق بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكات. -هاوپەیمانێتی (الاطار الوطنی) كە نوری مالیكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و هومام حەمودی پێكیانهێناوەو لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و كەركوك بەشداری هەڵبژاردن دەكات. ئەم هاوپەیمانێتیە, لەگەڵ چەند حزبێكی تردا بەناوی هاوپەیمانی(الحدبا‌ء الوطنی) لەپارێزگای نەینەواو هاوپەیمانی (دیالتنا الوطنی) لە پارێزگای دیالە بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكات. -هاوپەیمانی (قوی الدولة) كە عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و باقر جەبر سۆلاغ و چەند كەسایەتیەكی تر پێكیانهێناوەو لە (10) پارێزگای عێراق بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات. هاوپەیمانێتی سوننەكان -هاوپەیمانی(تقدم الوطني) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات و لە پارێزگاكانی بەغدادو نەینەواو ئەنبارو دیالەو سەڵاحەدین, بەشداری هەڵبژاردن دەكات. -هاوپەیمانی (القیادة) كە هاوپەیمانی خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسیەو لە بەسرەو واست و كەركوك و بابل بەشداری هەڵبژاردن دەكات و محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكات. -هاوپەیمانی (العقد الوطني) كە چوار حزب لە خۆدەگرێت و خالید عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات. -هاوپەیمانی (الحسم الوطني) سابت مەحەمەد عەباسی سەرۆكایەتی كات و لەهەر (15)پارێزگاكەی عێراق بەشداری هەڵبژاردن دەكات. -هاوپەیمانی (عزم العراق) كە موسەننا سامەڕائی سەرۆكایەتی دەكات و لە بەغدادو دیالەو ئەنبارو نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەكات.


درەو: باوكی گەنجە بریندارەكەی خورماتوو دەڵێت: كێشەمان لەگەڵ یەكێتی نیە، كێشەكە شەخسیە، بە پێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كامێراكانی چاودێری, كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە, مەلا كەریم شكور, لەبەردەم بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, لە قەزای دووزخوماتوو, بانگهێشتنامەیەكی لەلایەن دوو گەنجەوە پێدەدرێت, پاش خوێندنەوەی, بانگهێشتنامەكە دەدڕێنێت و پاسەوانەكانیشی پەلاماری دوو گەنجەكە دەدەن.  مەلا كەریم شكور, دوێنێ‌ پێنج شەممە بڵاویكردەوە" لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی لەهەولێ تبرۆرستی رزگاری بووە". محەمەد عەریف گلی, باوكی گەنجە بریندارەكە, لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق, پشتیوانێكی سەرسەختی  مەلا كەریم بووە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، ناوبراو كۆمەڵێك بەڵێنی پێداوە, بەڵام دوای دەرچوونی و بوونی بە پەرلەمانتار مەلا كەریم ناوبراوی پشتگوێخستووە, ئەویش لە كاردانەوەی ئەوەدا پشتیوانی بۆ پەرلەمانتار(مەهدی تەقی ئامرلی) سەرۆكی كوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق دەربڕیوەو نوسینگەیەكی لە گەڕەكە كوردییەكانی خورماتوو بۆ كردووەتەوە . مەلا كەریم شكور پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی, دوێنێ‌ پێنج شەممە, لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە هەوڵێكی تیرۆركردن لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی رزگارم بووە. لەبەرامبەردا, محەمەد عەریف گلی, باوكی ئەو گەنجەی لەناو بارەگای مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی برینداربوو رایگەیاند: ئەو دوو گەنجە چوون بانگهێشتنامەیان بردووە بۆ بەشداریكردنی مەلا كەریم شكور, بۆ ئامادەبوونی لە كردنەوەی نوسینگەی (برایەتی) لە دووزخورماتوو، بەڵام مەلا كەریم شكور بانگهێشتەكەی دڕاندووەو دواتر پاسەوانەكانی تەقەیان لە كوڕەكەم كردووە بەناوی (حەمزە محەمەد) و برینداریان كردووە، ئاماژەی بەوەشكردووە, ئەم كێشەیە, كێشەیەكی شەخسیەو پەیوەندی بە یەكێتییەوە نییە. بانگهێشتنامەكە بەمەبەستی كردنەوەی نوسینگەیەكە بەناوی (التاخی) بۆ (مەهدی تەقی ئامرلی) سەرۆكی كوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق كە  محەمەد عەریف گلی كەسایەتی كوردی دووزخورماتوو و باوكی گەنجە بریندارەكە سەرپرەشتی دەكات ,  دەوتریت ئەم نوسینگەیە,  نوسینگەی حەشدی شەعبیەو هەوڵی چەكداركردنی لاوانی كورد دەدات لە قەزاكەو هەنگاوێكە بۆ درووستكردنی حەشدی كوردی, ئەمەش بەرپرسانی یەكێتی لەو قەزایە نیگەران كردووە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) محەمەد عەریف باو گەنجە بریندارەكە كاردرێكی دیاری یەكێتی بووە لە قەزای دووزخورماتوو، لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق, پشتیوانی سەرسەختی مەلا كەریم شكور بووەو بانگەشەی بۆ كردووە، مەلا كەریم شكور, چەندین بەڵێنی پێداوە بەڵام دوای دەرچوونی پشتگوێی خستووە، لەبەرامبەریشدا محەمەد عەریف گلی لە كاردانەوەدا چووەتە لای ئەو پەرلەمانتارەی رێكخراوی بەدر و بەڵێنی پاڵپشتیداوەو نوسینگەیەكی بەناوی (تاخی) لە ناوچە كوردییەكانی دووزخورماتوو بۆ كردووەتەوەو, بڕیار بووە لە رۆژی 11/8/2023 نوسینگەكە بكرێتەوە, كە لەناو بارەگای نوسینگەكەدا ئاڵای كوردستان و عێراقیش دانراوە.    


درەو: ئەمڕۆ وەفدێكی سەربازی و دیپلۆماسی هۆڵەندان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو رەوشی پێشمەرگە سەردانی دامەزراوەی میدیایی(درەو)یانكرد. وەفدەكەی هۆڵەندا پێكهاتبوون لە عەقید (كەیس مارسێلس) راوێژكاری سەربازی بۆ كاروباری چاكسازی پێشمەرگە لە كونسوڵگەری هۆڵەندا و (جیلی یۆخم) سكرتێری دووەمی كونسوڵی گشتی هۆڵەندا. (درەو) بە داتا و ژمارەو بنكۆڵكارییەكانی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەو ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وەفدەكە روونكردەوەو ئاماژەیانبەوەدا نەك تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە بەڵكو تەواوی هێزە ئەمنییەكان بەسەر حزب و كارەكتەرە سیاسیەكاندا دابەشبوون.    


درەو: پێگەی (Breaking Defense) ئەمریكی تایبەتی بە بواری سەربازی : 🔹لەساڵی (2014)وە, ویلایەتە یەكگرتووەكان ملیۆنەها دۆلاری لە چوارچێوەی شەڕی تێكشاندنی داعشدا خەرجكردووە, سەرەڕای كەمبونەوەی هەڕەشەكان, پارەكە بەردەوام بووە, بەبێ‌ ئەنجامێك شیاوی باسبێت, لەگەڵ كۆبونەوەی ئەم هەفتەیەی واشنتۆن, ئیتر كاتی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیە. 🔹بنتاگۆن, وەزیری بەرگری عێراق و وەفدێك لە فەرماندەكانی سوپا میوانداری دەكات, سودانی دەستنیشانیكردوون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئەمنیی هاوبەش لە واشنتۆن, كۆبونەوەكە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێڕوانیەكان بۆ ئایندەی پەیوەندیە ئەمنیەكانی ئەمریكاو عێراق دیاریدەكات. 🔹ئەم گفتوگۆیە ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانیدەكرێت, نەك تەنها لەبارەی كاروباری ئەمریكاو عێراق, بەڵكو سەبارەت بە وەی ئیدارەی بایدن چۆن پلان بۆ ئەو ملیۆنەها دۆلارە دادەڕێژێت, كە هێشتا لە هێزە ئەمنیەكانی عێراقدا, هەموو ساڵێك خەرجی دەكات. 🔹لەساڵی (2014), كاتێك سوپای ئەمریكا گەڕایەوە بۆ عێراق, ئامانجی راستەوخۆی شكستپێهێنانی داعش بوو, هێزە ئەمنیەكانی عێراق و پێشمەرگە لە شكست و  پاشەكشێی بەردەوامدابوون. 🔹زۆرینەی ئەو پارەیەی كۆنگرێس تەرخانیكردوەو مۆڵەتی داوە بە خەرجكردنی لە "سندوقی راهێنان و ئامادەكاری بۆ شەڕی داعش", نادرێت بە ئۆتۆمبیل و چەك و تەقەمەنی. 🔹زیاتر بەكاردەهێنرێت بۆ مووچەی هێزێكی نا جێگیرو رەمزیی لە پێشمەرگە " لیواكانی پاسەوانی هەرێم", كە لە دوو گروپی سیاسی سەرەكی لە كوردستان پێكهێنراوە. 🔹هێشتا ئەو هێزانە, شلۆقترین هێزن لە عێراق, رەنگە لە "گوندی پۆتمیكن" بچن (دەستەواژەیەكە بەكاردێت بۆ گوندێك كە لە روكەشدا جوان و سەرنج راكێشە, بەڵام لەناوەرۆكدا وێران و ساختەیە), كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی دەكات, بۆ زامنكردنی بەردەوامی هاتنی دەیان ملیۆن دۆلاری مانگانە. 🔹بنتاگۆن بە ردەوامە لە خەرجكردنی زیاتر لە (20)ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ پشتیوانیكردنی هێزە كوردیەكانی عێراق, كە رەنگە هەر ئەو رۆژەی پارەكەی بڕین هێزەكەش هەڵبوەشێتەوە. 🔹پێویستە لەسەر سەركردەكانی كورد پابەندی چاكسازی هێزی پێشمەرگەبن, نەك باڵی سەربازی گروپی سیاسی بن, بەڵكو ببنە هێزی ئەمنی وڵات و بەرپرسیاربن لەبەردەم سەركردە هەڵبژێردراوەكان. 🔹پێویستە هێزی پێشمەرگە بۆ دابینكردنی سەلامەتی و ئایندەی هەموو كوردانی عێراق كاربكات, بەهاوكاری لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ وەك هاوبەش. لەلایەن سەركردەكانەوە پاوان نەكرێن بۆ پاراستنی دەسەڵات و خۆ دەوڵەمەندكردن.


  لەم ڕۆژانە لە (سایتی درەوو)، چاوپێکەوتنێکی (کاک کەمال کەرکوکی)م بینی، کە زامی (کارەساتی هەکاری) کولاندەوە. هەر لە زووەوە چەندین هاوڕێی نزیکم داوایان لێکردووم لەسەر کارەساتی هەکاری بنوسم، هەمیشە وتوومە ئەوەی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) لەسەری نوسیوە، زۆر تێروتەسەلە و پێویستی بە قسەی زیاتری من نیە. هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٠١ ەوە دەستم لە کاری سیاسی و حزبی کێشاوەتەوە و دوورم لە ململانێکانەوە، هەروەها دۆخی سیاسی هەرێم و بژێوی هاوڵاتیان بە جۆرێک نالەبار و ئاڵۆزە، کە ناکرێت هاوڵاتیان بە هەڵدانەوەی کارەساتێکی کۆن زیاتر ناڕەحەت بکرێن. بەڵام (کاک کەمال کەرکوکی) ناچاری کردم وەڵام بدەمەوە، بەتایبەت کە (شەهید عەلی عەسکەری و شەهید دکتۆر خالید و شەهید حسین بابە شێخ)، هەروەها ڕەوانشاد (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لە ژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لە خۆیان بکەن، بۆیە من بە ئەرکی ئەخلاقی و سیاسی دەزانم کە ڕاستی ڕوداوەکان بە کورتی بگێڕمەوە. یەکەم، ئەو هێزەی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) کە بەڕێکەوت، بەندەشی تیابوو؛ ئەوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی عەسکەری بووم و (شەهید عەلی عەسکەری) لێپرسراوی هێزی پێشمەرگە و مەکتەبی عەسکەری بوو. بە هیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نیە کە ئەو هێزە بەڕێکەوتبێت بۆ لێدان و لەناوبردنی (قیادەی مۆقەتە). هێزێک بۆ شەڕ بچێت، ٢٠٠ پێشمەرگەی بێ چەک نابات لەگەڵ خۆی. هێزەکەمان نزیکەی ٨٠٠ پێشمەرگە بوو، ٢٠٠ ی بێ چەک بوون. ئامانجی سەرەکیمان ئەوە بوو کە بچینە بادینان و لەوێوە بۆ سەر سنوری سوریا بۆ وەرگرتنی چەک، کە بەشێکی لیبیا پێی دابووین و بەشێکی مقاوەمەی فەڵەستینی، بەتایبەتی جەبهەی شەعبی و جۆرج حەبەش. ئامانجی دووهەممان ئەوە بوو کە لەگەڵ (شێخ حسێن بابە شێخ) ماوەیەک لە بادینان بمێنینەوە، هەتا هێزەکەی تەواو جێگیر دەبێ و بنکە و بارەگا دائەنێن. دووهەم، ساڵی ١٩٧٥دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران، بەسەرپەرشتی (محمد ڕەزا شای ئێران و سەدام حسێن) و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول کە خۆم پێشمەرگە بووم تێیدا، برادەرانی پارتی چوونە کەرەج، نزیک لە تارانی پایتەختی ئێران. تا ڕادەیەک برادەرانی پارتی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران و عێراق و تورکیادا ئاسایی بوو. ساڵی ١٩٧٨ کە کارەساتی هەکاری ڕویدا، بەشێک لە برادەرانی پارتی لە کەرەج بوون و بەشێکیان بە ناوی قیادەی مۆقەتەوە لە شاخ بوون. هێشتا شای ئێران و سەدام لە حوکمدا بوون و لە سایەی ڕێکەوتننامەی جەزائیرەوە پەیوەندیان لەگەڵ پارتیدا باش بوو. کاک (کەمال کەرکوکی) باسی نزیکی (شەهید عەلی عەسکەری و یەکێتی) دەکات لە حکومەتی عێراقەوە، بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەک. چۆن دەکرێت هێزێک لە یەک کاتدا نزیک بوبێت لە عێراق و لە سوریاشەوە، لە کاتێکدا سەدام حسێن و حافز ئەسەد دوژمنی سەرسەختی یەکتر بوون. لەو کاتەدا ئێمە تەنها لەگەڵ سوریا و لیبیا و هەندێک لە فەڵەستینیەکاندا نێوانمان باش بوو. بۆیە لە عێراق و ئێران و تورکیاش پەلاماردراین. چەند ساڵێک بەر لەوە (خاڵە شەهاب و شەهید جەعفەر و شەهید ئەنۆر زۆراب) لە ئێران گیران و تەسلیمی عێراق کرانەوە و لە سێدارە دران. لە کارەساتی هەکاریدا، ئێران و عێراق وەکو دەوڵەت لێیانداین، لە تورکیاش کۆمەڵێک هۆزی نزیک لە پارتیەوە لێیانداین. دواجار قیادەی مۆقەتە پەلاماریان داین و بە ئەسیری (کاک عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و کاک حسێن بابە شێخ)یان شەهید کرد. سێهەم، شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) قاڵبووی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و نمونەی سەرکردەی بوێر و چاونەترس و ئازابوون. من لەڕوی هەڵسوکەوت و ئەرکی لێپرسراوێتی لەناو هێزی پێشمەرگە، خۆم بە قوتابی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید) دەزانم و زۆر شتی باشیان لێوە فێربووم. ئەو کاتانەش کە ڕەوان شاد (مام جلال و کاک نەوشیروان) گەڕانەوە بۆ وڵات، لە هەردووکیان زۆر نزیک بووم و بە درێژایی ٢٥ ساڵ لەگەڵ مام جلال لە نزیکەوە کارم کردوە؛ دوای وازهێنانیشم لە کاری حیزبی، هەر پەیوەندیمان بەهێز بووە. هیچ کات هەستم نەکردووە کە ئینسانێکی داخ لە دڵ بێت، بەڵکو نمونەی سەرکردەی جوامێر و لێبوردە بووە. هەمیشە هەستم دەکرد پەیوەندی ڕۆحی لەنێوان مام جلال و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدا) هەیە، چونکە لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە پێکەوە کاریان کردووە. هەر (مام جلال)یش پێشنیاری کرد کە شەهید (عەلی عەسکەری) ببێتە فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی. شەهید (شێخ حسین بابە شێخ)یش لە سوریاوە لەگەڵ مام جلال گەڕایەوە و پەیوەندیەکی قوڵ و برایانە لە نێوانیاندا هەبوو. کەس لە ئێمە هەستی نەکردوە ناکۆکیەک یان ساردوسڕیەک لە نێوان (مام جەلال) و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ)دا هەبێت. ئەوەندەی  شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ)م ناسیبێ، پیاوی ئەوە نەبوون لە پێناوی ڕزگار کردنی گیانی خۆیان پاکانەیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک کردبێت. شێواندنی مێژووی یەکتر سود بە هیچ لایەک ناگەیەنێت. نەدەبوو کاک کمال قەتماغەی ئەو برینە هەڵبداتەوە؛ وەکو هەڵشیدایەوە دەبوو بەڵگە و دەستخەتی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) ی پیشان بدایە، نەک بە بێ بەڵگە قسە بخاتە پاڵیان. نەمری بۆ شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.   دەقی دۆكیۆمێنتەرییەكەی دكتۆر كەمال كەركوكی



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand