كوردەمیر.. خەونی غازو ناردنی كارەبا بۆ عێراق
2025-01-16 17:30:39
راپۆرت: درەو
یەكێك لەو كێڵگانەی ناوچەی گەرمیانە كە هەر لە سەرەتای چالاكییە نەوتییەكانەوە گرێبەستی بۆ كراوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە بگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەكی جێگیر، بەمدواییە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر كێڵگەكەدا هەیە دەیانەوێت غازەكەی بەكاربهێنن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەمەبەستی فرۆشتنی كارەباكە بە حكومەتی عێراق، ئەمە چیرۆكی كێڵگەی (كوردەمیر)ە، كە شەڕی پشكەكانی گەیشتە دادگای شاهانەی لەندەن.
بلۆكی كوردهمیر:
- دەكەوێتە سنوری ناحیەی شێخ تەویلی كەلارو سەنگاوی سەربە چەمچەماڵ، تا سهر روباری سیروان درێژدەبێتەوە.
- رووبهرهكهی (620) كیلۆمهتر چوارگۆشەیە.
- لەم كێڵگەیەدا بەرهەمی غاز لە نەوتی رەش زیاترە.
- بڕی (5.129) ملیار بهرمیل یەدەگی نهوتی تێدایه.
- بڕی (65) ملیۆن بەرمیل کۆندێنسەیت لەم بلۆكەدا هەیە.
- یەدەگی سەلمێندراو نەسەلمێندراوی غازی سروشتی لەم كێڵگەیەدا بە نزیکەی (2.3) ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەكرێت.
- شەش بیری نەوتی تێدایە كە ئەمانەن (K4-K3-K2-K1-K39-K44).
لە قۆناغی دوو ئیدارەیی هەولێرو سلێمانی دوای شەڕی ناوخۆیی پارتی و یەكێتیی، ئیدارەی یەكێتیی لە سلێمانی لە رۆژی 4ی ئایاری 2006دا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (وێسترن زاگرۆس) ئیمزاكرد بۆ کارکردن لە کێڵگەی نەوتی (کوردەمیر) لە سنوری گەرمیان، ئەمە یەكێك لە گرێبەستە سەرەتاییەكانی كەرتی نەوت بوو لە هەرێمی كوردستان.
دواترو پاش كەوتنی رژێمی سەددام لە 2005دا، كە هەردوو حكومەتی پارتی و یەكێتیی یەكیانگرتەوە، گرێبەستی كێڵگەی كوردەمیر كە لە جۆری (هاوبەشیی لە بەرهەمهێناندا)یە، لە 28ی شوباتی 2008دا نوێكرایەوە، ئەمجارە پشكەكانی كێڵگەكە بەمشێوەیە دابەشكرایەوە:
• 40% بۆ كۆمپانیای ویسترن زاگرۆسی كەنەدی
• 40% بۆ كۆمپانیای تالیسمان ئینەرجی كەنەدی
• 20% بۆ (کیپکۆ)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئازاری 2019 كۆمپانیایەكی بواری وزەی ئیسپانی بەناوی (ریپسۆڵ) خۆی هاویشتە ناو پشكەكانی كێڵگەی كوردەمیر، پشكی كۆمپانیای (تالیسمان)ی كڕییەوەو فرۆشتی بە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بەناوی (دایناستی)، ئەمە كێشەی دروستكرد، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان ناڕازیی بوو، كەیسەكە گەیشتە دادگای لەندەن، ئەمە وایكرد ئاشتی هەورامی پشكەكانی لە كۆمپانیای (تالیسمان)ی كەنەدی وەرگرتەوەو كۆمپانیا ئیسپانییەكەشی كردە دەرەوە، پشكەكانی لەنێوان كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی و (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی دابەشكردەوە، بەمشێوەیە:
• 40% بۆ كۆمپانیای ویسترن زاگرۆسی كەنەدی
• 40% بۆ كۆمپانیای گازپرۆمی روسی
• 20% بۆ (کیپکۆ)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان
كوالێتی نەوتەی ئەم كێڵگەیە لە جۆری (سوك)ە، API نەوتەكەی لەنێوان 38 بۆ 42 بۆ 61دایە بەپێی بیرە جیاوازەكانی، نەوتەكەی كبریت (گۆگرد)ی تێدا نیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی غازی سروشتی لە كێڵگەكەدا زیاترە لە نەوتی رەش، بۆیە هەرگیز بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە نەگەیشتە ئاستێكی جێگیر.
لە ساڵی 2020وە بۆ ماوەیەك كۆمپانیای ویسترن زاگرۆس لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تردا دەستیكردەوە بە هەڵكۆڵینی بیرەكان لە كێڵگەی (كوردەمیر)، ئەوكات رۆژنە (750 بۆ هەزار) بەرمیلی رۆژانە وەكو تێست تەنیا لە یەك بیر لەم كێڵگەیە بەرهەمبهێنن، بەڵام دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتی غازی هەرێم و دواتر دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە ئازاری 2023دا كە بووە هۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ توركیا، وا لە كۆمپانیای ویسترن زاگرۆس كرد بەتەواوەتی كارەبانی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە رابگرێت.
بەڵام ئەم كۆمپانیایە هێشتا دەستی لە خەونەكانی لە كێڵگەی كوردەمیر هەڵنەگرتووە، سەرباری ئەوە نە نەوت و نە غازیشی لەم كێڵگەیە بەرهەم نەهێناوە، بەڵام هێشتا دەستی بە گرێبەستەكەیەوە گرتووەو رۆژی 7ی كانونی یەكەمی 2023 دوای چەند مانگێك لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا لەرێگەی بۆرییەوە، ویسترن زاگرۆس بە فەرمی پەیوەندی لە گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستانەوە كرد، گروپێك كە كورتكراوەكەی "ئەپیكور"ەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت، ئامانجی گروپەكە یەكخستنی هەوڵەكانە بەمەبەستی بەرگریكردن لە كارو شایستە داراییەكانیان لە هەرێم، هەروەها فشاركردن بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
ئیستا بیرە نەوتەكانی كوردەمیر قوفڵیان لێدراوە، بەهۆی زۆری ئاو لە بیرەكاندا، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە ئیدارەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە دەسەڵاتداری سنورەكەیە پرۆژەیەكی ئامادەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە كێڵگەی (كوردەمیر)، بەڵام ئەمجارەیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت نییە، بەڵكو بۆ بەرهەمهێنانی غازو دروستكردنی وێستگەیەكی كارەبا لە ناوچەكە، ئامانج لەم پرۆژەیە بەرهەمهێنانی كارەبایە لە غازی (كوردەمیر) بەمەبەستی فرۆشتنی بە حكومەتی فیدراڵی عێراق.
ئەوانەی ئاگاداری پرۆژە نوێیەكەی ئیدارەی گشتیی یەكێتین باسلەوە دەكەن، بۆ بەرهەمهێنانی غازی كوردەمیر، ئیدارەی گشتیی یەكێتیی هەم لەگەڵ كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و هەم لەگەڵ كۆمپانیای ویسترن زاگرۆس قسەی كردووە كە خاوەنی پشكەكانی كێڵگەكەیە، بەڵام دیار نییە لەحاڵی جێبەجێبوونی ئەم پرۆژەیەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی چۆن دەبێت.
كوردەمیر لە دادگای لەندەن
كۆمپانیای (دایناستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانی بوو بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركرد، داوای بڕی (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكرد، بەبەهانەی ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان زیانی بە كۆمپانیاكەی گەیاندووە.
(دایناستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانو سنورداری بواری نەوتو غاز بوو، رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە:
* بلۆكی نەوتی (K 39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەمو ناوچەی جەبارە.
* بلۆكی نەوتی (K 44) لە كێڵگەی نەوتو غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار.
كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو.
ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوەو دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، ئەوكات یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) گەیشتوەتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆنو 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە لە ئایاری 2021دا رۆژانە دەگەیشتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێڵگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا.
كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریپسۆڵ)ی ئیسپانیدا كردو پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە، بەپێی بەدواداچووكانی (درەو)، ئەوكاتیش كۆمپانیای (دایناستی) زیاتر چاوی لە غازەكەی كوردەمیر بووە.
كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد.
پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوابوو ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشیان دەكرد بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوامو نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیانو هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریپسۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕینو فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) راوەستاوەو سەرباری ئەمە ئاشتی هەورامی تۆمەتباركراوە بەوەی داوای "بەرتیل"ی لەو دوو كۆمپانیایە كردووە، لەم كەیسەدا ناوی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتیش دەهات كە هەڕەشەی لە خاوەنی كۆمپانیای (دایناستی) كردووە، ئەم بابەتەش لە چەند میدیایەكی خۆرئاوا بڵاوكرایەوە.
دوای سێ دانیشتنو گوێگرتن لە قسەی پارێزەرانی هەردوولا، دادگای لەندەن رۆژی 23ی نیسانی 2021، بە (54) لاپەڕە حوكمی كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە دەركرد كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تۆماریكرد بوو.
دادوەری دادگای لەندەن كە ناوی (بوچەر)ە، ئەوكات وتی:" حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەغدادەوە سەروەری هەیەو دەتوانێت مامەڵە بە نەوتو غازەوە بكات، دادگای فیدراڵی یاخود حكومەتی عێراق دەتوانن ئەوە یەكلابكەنەوە ئایا سەروەریی مامەڵەكردنیان بە نەوتو غازەوە بە هەرێمی كوردستان داوە یاخود نا؟".
دادوەر رایگەیاند:" ئەمە ئیشی دادگای لەندەن نییە یەكلای بكاتەوە كێ سەروەریی هەیە لەوەی مامەڵە بە نەوتو غازەوە بكات یاخود نەیكات، دەبێت دادگای فیدراڵی عێراق ئەم بابەتە یەكلابكاتەوە"، ئیتر بەمشێوەیە دۆسیەكەی لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی عێراق كردەوە.
شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، ئەمە چانسێكی گەورە بوو بۆ كۆمپانیای (دایناستی) بۆ ئەوەی لە بەغدادەوە سكاڵایەكی نوێ تۆماربكاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی كە وەكو خۆی بانگەشەی بۆ دەكرد لەلایەن وەزیری سامانە سروشتییەكانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، بەڵام خاوەنی ئەم كۆمپانیایە تائێستا بێدەنگەو هیچ هەنگاوێكی تری یاسایی هەڵنەگرتووە.
دوای ئەم گرێبەستەو كێشەكانی وایكرد دواجار ئاشتی هەورامی هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)ی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكە وەرگرێتەوەو رادەستی هەردوو كۆمپانیای (روزنەفتی) روسیو (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی بكات.
سەرچاوەكان:
• سایتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان
https://gov.krd/mnr/publications/%DA%AF%D8%B1%DB%8E%D8%A8%DB%95%D8%B3%D8%AA%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/
• سایتی گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور"
https://www.apikur.uk/about-us/
• جۆر و كوالێتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدان ؟
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10248
• دۆسیەكەی دایناستیو ئاشتی هەورامی گەڕێندرایەوە بۆ عێراق، راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8398