شێخان.. نەوتە قورسەكەی دهۆك
2025-01-15 16:42:51
راپۆرت: درەو
- ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە سنوری قەزای (شێخان) لە پارێزگای (دهۆك).
- رووبهرهكهی (283) كیلۆمهتر چوارگۆشەیە.
- یهدهگی نهوتی شێخان بە نزیكهی (10.5) ملیار بهرمیل مەزەندە دەکرێت.
- کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم)ی بەریتانی وەبەرهێنان لە کێڵگەكەدا دەکات.
کۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم) لە تشرینی دووەمی 2007دا گرێبەستی (هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان) لەگەڵ حکومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ كێڵگەی (شێخان)، 80%ی پشکی کارکردنی لەچوارچێوەی گرێبەستی (شێخان) بەدەستەوەیە، 20%ی تری پشكەكانی ئەم كێڵگەیە لای كۆمپانیای (MOL)ی ههنگارییە.
مانگی ئابی (2009) یەکەم بیر لە کێڵگەدا بەناوی (SH-1) دۆزراوەتەوە، بۆ یەکەم جار لە تەموزی ساڵی (2013)دا کێڵگەکە گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان، لەوکاتەوە تاوەكو ئازاری 2024 زیاتر لە (124 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەم كێڵگەیەدا بەرهەمهێنراوە. بەجۆرێک کۆی گشتی تێکڕای بەرهەمهێنان لە ساڵی (2013)دا بریتی بووە لە (هەزارو 361) بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کێڵگەکە بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە.
تاوەكو بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆریی بۆ توركیا (لە 20ی ئازاری 2023دا)، بەرهەمی كێڵگەكە لە چەند رۆژێكی مانگی ئازاری ئەو ساڵەدا بۆ (55 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بووە.
کێڵگەکە (18) بیری تێدایە، بەرهەمەکانیان دەگوزارێنەوە بۆ دوو وێستگەی عەمبارکردنی نەوتی کێڵگە، لەوێوە رەوانەی بۆریی نەوتی کوردستان دەكرێن.
گرافیكی خشتەی كێڵگەكان...
نەوتی ئەم كێڵگەیە لە جۆری مامناوەندەو بە نەوتی قورس ئەژمار دەكرێت، APIی نەوتەكەی (27) پلەیەو رێژەیەكی كەم كبریت (كۆگرد)و بڕێكی زۆر غازی تێدایە، ئەم كوالیتییە نزمە وایكردووە نرخی نەوتی ئەم كێڵگەیە بە زیاتر لە (20) دۆلار لە خوار نرخی نەوتی برێنت و بازاڕی جیهانییەوە بفرۆشرێت.
بەگوێرەی خەمڵاندنی كۆتایی ساڵی 2023ی كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن، تێكڕای یەدەگی سەلمێندراوی نەوت لەم كێڵگەیەدا دەگاتە (458 ملیۆن) بەرمیل و بەشی نزیكەی 28 ساڵ دەكات، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی وەستانی هەناردەی نەوت لە 2023و راوەستانی كارەكانی پەرەپێدانی كێڵگەكە.
27ی ئازاری 2023، كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێێدا رایگەیاند" حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداریكردینەوە هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بۆری كوردستان - توركیاوە راگیراوەو ئەگەر راگرتنی گواستنەوە بەردەوام بێت ناچارین بەرهەمهێنان رابگرین".
كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن توانایەكی سنورداریی هەیە لە كلدانەوەی نەوتدا، بۆیە هۆشداریدا لەوەی بەرهەمهێننی نەوت لە كێڵگەی شێخان رادەگرێت.
دوای راوەستانی هەناردە بە بۆریی، 19ی تەموزی 2023، كۆمپانیای گۆلف كیستۆن دەستیكردەوە بە وەبەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی شێخان بەمەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆیی، تاوەكو كۆتایی تەموز رۆژانە 4 هەزارو 900 بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، لەمانگی ئابی 2023دا بەرهەمی رۆژانە بۆ 11 هەزارو 700 بەرمیل بەرزكردەوە.
هاوشێوەی كۆمپانیا بیانییەكانی تری كەرتی نەوتی هەرێم، كۆمپانیای كارپێكەری كێڵگەی شێخانیش لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە بە بۆریی، پشكی خۆی لە نەوتی كێڵگەی شێخان دەفرۆشێت بە بازرگانە ناوخۆییەكان و ئەوانیش بە تانكەر هەناردەی دەرەوەی دەكەن، بەپێی بەدواداچونێكی (درەو) لە ئایاری ئەمساڵدا (2024) هەر تەنێك لە نەوتی كێڵگەی (شێخان) بەبڕی (218 دۆلار) فرۆشراوە، واتا نرخی بەر بەرمیلێك لە نەوتی ئەم كێڵگەیە بە نزیكەی (29 دۆلار) ئەژماركراوە، كە زۆر لە خوار نرخی جیهانی نەوتەوەیە.
داهاتی نەوتی شێخان بۆ كۆمپانیاكان
تەنیا لە ساڵی 2023دا سەباری ئەوەی هەناردەی نەوت لە كۆتاییەكانی مانگی ئازاری ئەو ساڵەشدا راوەستاوە، ئەو دوو كۆمپانیای كە لە كێڵگەی (شێخان) وەبەرهێنان دەكەن بڕی زیاتر لە (136 ملیۆن) دۆلاریان وەكو داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت وەرگرتووە، بەمشێوەیە:
• كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن كە 80%ی پشكەكانی كێڵگەكەی هەیە: بڕی 109.2 ملیۆن دۆلار
• كۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ كە 20%ی پشكەكانی هەیە: بڕی 27.97 ملیۆن دۆلار
بەرهەمی كێڵگەی شێخان لە ماوەی ساڵانی 2016 بۆ 2024:
• 2016: 35 هەزار بەرمیلی رۆژانە
• 2017: 35 هەزار بەرمیل
• 2018: 32 هەزار بەرمیل
• 2019: 33 هەزار بەرمیل
• 2020: 37 هەزار بەرمیل
• 2021: 43 هەزار بەرمیل
• 2022: 44 هەزار بەرمیل
• 2023: 22 هەزار بەرمیل (بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆری بۆ توركیا لە 25ی ئازاری 2023دا بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەگەیشتە 55 هەزار بەرمیلی رۆژانە)
• 2024: 40 هەزار بەرمیل
سەرچاوەكان:
• سایتی كۆمپانیای (گۆڵف کیستۆن)
https://www.gulfkeystone.com/
• حكومەتی هەرێم : راگرتنی نەوت كاتیەو بەردەوام بن لە بەرهەمهێنان- هەواڵ لە (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12442
• پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە بلۆکە نەوتییەکانی هەرێمدا- راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9680
• جۆر و كوالێتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدان ؟. نەوزادی موهەندیس، (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10248
• چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2023دا- ئامادەکردنی یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12442
• بازاڕی كڕین و فرۆشتنی نەوت گەرمە، راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=15120