(درەو): دوای كۆبونەوە لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەزیری نەوتی عێراق سبەینێ دەگاتە هەولێر. میدیای نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، سبەینێ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دەگاتە هەرێمی كوردستانو لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانیو وەزیری سامانە سروشتییەكات بەوەكالەت كۆدەبێتەوە. لەم سەردانەدا بۆ هەولێر، سەرۆكی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" هاوڕێیەتی وەزیری نەوت دەكات. سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێت، رۆژی 8ی ئەم مانگە لە (دوبەی)، نوێنەرانی وەزارەتی نەوت لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم كۆبونەوە، كۆبونەوەیەك كە تێیدا كۆمەڵەی پیشەسازی هەرێمی كوردستان (ئەپیكور) مەرجەكانی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتو بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم خستەڕوو، كە دیارترینیان پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان بوو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كە بڕەكەی (یەك ملیار) دۆلارە، ئەمە لەپاڵ پارێزگاریكردن لە گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەگەڵ حكومەتی هەرێمو دەستكارینەكردنی گرێبەستەكان، هەروەها رێگەدان بە كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بۆ فرۆشتنی پشكی نەوتی خۆیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق. لە رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بۆری عێراق- توركیا بۆ بەندەری جەیهانی راوەستاوە، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵایەكی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم، بڕی نزیكەی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند. لەوكاتەوە تائێستا توركیا چەند هەوڵێكی داوە بۆ پاكتاوكردنی ئەم قەرەبووە لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەڵام تائێستا هیچ ئاسۆیەكی چارەسەر نابینرێت، حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری هاوشێوەی لەسەر توركیا لە دادگای پاریس تۆماركردووە، توركیاش لە دادگای ئەمریكا سكاڵای دژی عێراق تۆماركردووە. سەرباری ئەوەی سكاڵاو قەرەبووەكان هێشتا یەكلایی نەبونەتەوە، بەمدواییە وەزارەتی وزەی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگەیاند، بەڵام هێشتا كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانیش ماون كە دەبێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كێشەكانیان چارەسەر بكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. بەپێی یاسای سێ ساڵەی بودجەی عێراق، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە (400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە بكاتو داهاتی ئەم نەوتە راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ ناو ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراق، لەبەرامبەر ئەمەدا حكومەتی عێراق پشكی مانگانەی هەرێم لە بودجە رادەستی حكومەتی هەرێم بكات، ئەم رێككەوتنە كە لەبودجەدا كراوە لەنێوان هەولێرو بەغداد كێشەی لەسەرەو هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی هەرێم دژی ئەو بڕگەی یاسای بودجەیە كە پشكی هەرێم لەكۆی خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكات، داوا دەكات پشكی هەرێم لە خەرجی گشتی عێراق ئەژماربكرێت. حكومەتی عێراق بۆ سێ مانگی ئەمساڵ بڕیاریداوە وەكو قەرز، بۆ هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی پێ دابین بكات، ئەمە بەئومێدی ئەوەی تاوەكو سەرەتای ساڵی نوێ، وەفدی هەردوو حكومەت لەبارەی ناكۆكییەكانیان لەبارەی ماددەكانی یاسای بودجە بگەنە رێككەوتن. وەفدی هەردوو حكومەت ئێستا بەرەو ئاڕاستەی هەمواركردنی هەندێك لە ماددەكانی یاسای بودجە هەنگاو دەنێن، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا یەكلانەبوەتەوە. بۆ وهرگرتنی زایناری زیاتر لهبارهی ئاستهنگهكانی بهردهم دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوتی ههرێم كلیك لهسهر ئهم ناونیشانهی خوارهوه بكه: دانوستانی ئهپیكورو عێراق بۆ ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێم
(درەو): ئایا عێراق رێككەوتنی ئۆپێك پڵەسی پێشێلكردووە ؟ نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری عێراق جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی پابەندە بە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەسو پشكی بەرهەمهێنانی خۆی كە (4 ملیۆنو 220 هەزار) بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا، لە ئۆكتۆبەری رابردوودا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ (3 ملیۆنو 533 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبووەوە، كە ئەمەش لەمساڵدا بەرزترین ئاستەو بەهۆی كەمبوونەوەی بەكارهێنانی ناوخۆییەوە روویداوە، بەڵام روپێوییەكی ئەمدواییە دەریخستووە بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق بە بڕی (180 هەزار) بەرمیلی رۆژانە زیادیكردووە، لەسەرووی ئەو ئاستەی كە ئۆپێك پڵەس دیاریكردووە. بەپێی ئەوەی (ئێس ئاند پی گڵۆباڵ كۆمودیتی ئنستایتس) رایگەیاندووە، لە ئۆكتۆبەری رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق رۆژانە بۆ (4 ملیۆنو 400 هەزار) بەرمیل بەرزبوەتەوە، ئەم زیادبوونەش تاڕادەیەكی زۆر پەیوەستە بە لاوازی چاودێری لەسەر وەبەرهێنانی نەوت لە كوردستان كە بەشێكی لەناوخۆدا بەكاردەهێنرێتو بەشێكی تر لەرێگەی تانكەرەوە بە قاچاخ دەبرێت بۆ توركیاو ئێران.
درەو: تەنیا لە رۆژی 8/11/2023 لە دەروازەی پەروێزخانەوە (630) تانكەر نەوت رەوانەی ئێرانكراوە، بۆ مەنەفێستی (رێگەپێدانی) ئیدارەی گشتی یەكێتی تەنی (50) دۆلار وەردەگیرێت رۆژانە نزیكەی (ملیۆنێك) دۆلار دەكات، لە بازاڕدا تەنی نەوتی خاو (460) دۆلارەو نەوتی پاشماوەی پاڵاوگەكانیش (221) دۆلارە، ئێستا بازاڕی ناردنە دەرەوەی نەوت بەناوی نەوتی رەشەوە گەرمە. ریزی تانكەرەكان بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆییەك كە بۆ (درەو) نێردراوە، ژمارەیەكی زۆری تانكەر لە گۆڕەپانەكانی دەروازەی پەروێزخان راوەستاون، لەسەر شەقامەكانیش ریزیان بەستووە بەرەو ئێران و لەوێشەوە بەرەو بەندەر عەباس و بازاڕەكانی جیهان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ چەند شۆفێرێك و بەرپرسانی دەروازەی پەروێزخاندا قسەی كردووە، رۆژانە بە سەدان تانكەر نەوت رەوانەی ئێران دەكرێت بەنمونە: • رۆژی (8/11/2023) لە رێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە (630) تەنكەر رەوانەی ئێران كراوە. • رۆژی 9/11/2023 لە رێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە (520) تانكەر رەوانەی ئێران كراوە. واتا بە شێوەیەكی گشتی رۆژانە لە نێوان (500 - 600) تانكەر رەوانەی ئێران دەكرێت و ئەو شۆفێرانە ئاماژەیان بەوەشكرد، كە رەوانەكردنی تانكەرەكان بەپێی كەش و هەوا و رۆژەكان و كێشەی تەكنیكیەوە دەگۆرێت، رۆژ هەبووە (900) تانكەر رەوانەی ئێران كراوە. تانكەرەكان رۆژی پێشتر لە گۆڕەپانەكە رادەگیرێن بۆ هەر تانكەرێك بڕی (2) دۆلار هەقی وەستان لە گۆڕەپانەكەیان لێوەردەگیرێت، كە بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتیە. بەپێی ئەوەی شۆفێرەكان ئاماژەیان پێكردووە، ئەو نەوتەی ئەوان باری دەكەن پاشماوەی پاڵاوگەكانە، بەڵام لەناویدا نەوتی خاو، نەفتا، قیر، رەوانە دەكرێت بەرەو ئێران. ئەو نەوتەی باری دەكەن لە كێڵگەكانی (حەسیرە، چیا سورخ، شیواشۆك)ەوە باردەكەن، بەشێك لەو نەوتە دەبرێت بۆ پاڵاوگەكان دواتر پاشماوەكەی بار دەكرێت، بەڵام هەندێك جار هەر ناپاڵاورێت راستەوخۆ رەوانەی دەرەوە دەكرێت، ئەو تانكەرانەی لە پەروێزخانەوە دەبرێن بۆ ئێران بەشێكی لە كێڵگەو پاڵاوگەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بار دەگرێن و بەشێكیشی هی پاڵاوگەكانی كارو لاناس و پاڵاوگەكانی تری سنوری دەسەڵاتی پارتیە، لەبەر ئەوەی خەرجی ناردنە دەرەوە لە پەروێزخانەوە بۆ بەندەر عەباس كەمترە بۆیە لەوێوە دەبرێت، بەڵام ئەو نەوتە رەش و قیرەی كە دەبرێت بۆ توركیا لە رێگەی باشماخەوە دەرواتە ئێران و لەوێشەوە بۆ تەبرێز و بۆ توركیا، هەندێك جاریش لە حاجی ئۆمەرانەوە نەوت رەوانەی ئێران دەكرێت، ئەم پرۆسەیە لە دەروازەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیش بوونی هەیە. چۆن نەوت لەناو خۆ ساغدەكرێتەوە ئەو نەوتەی لە ئێستادا لەناوخۆ ساغدەكرێتەوەو بەشێكی بۆ پاڵاوگەكان و بەشێكیشی دەبرێتەوە دەرەوە بەم جۆرەیە: • نەوتی خاو لە بازاڕەكانی كوردستان تەنی بە (460) دۆلارە واتا بەرمیلی (61) دۆلار (تەنێك نەوت 7.5 بەرمیلە) • نەوتی رەش تەنی بە (210) دۆرە بەرمیلی نزیكەی (30) دۆلار دەكات • هەموو ئەو نەوتەی رۆژانە وەردەگیرێت بەناوی نەوتی رەش و پاشماوەی پاڵاوگەكانەوە رەوانە دەكرێت بۆ ئێران كە ئەوە رێگا پێدراوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەك بە (درەو)یان راگەیاند ئەو نەوتە ئێستا تەنیا نەوتی رەش و پاشماوەی پاڵاوگەكان نیە بەڵكو: • نەوتی رەش، ئەو نەوتەی كە لە كێڵگەكانەوە دەدرێتە پاڵاوگەكان و دوای ئەوەی دەپاڵێورێت و موشتەقاتەكانی لێوەردەگیرێت بەتایبەت (نەوت، بەنزین، دیزڵ) ئەوەی دیكەی دەمێنێـتەوە بە شێوەیەكی یاسایی و رێگە پێدراو دەبرێتە دەرەوە، بەڵام لە پاڵاوگەكان كەمترین موشتەقاتی لێوەردەگرن و هەندێك جار هەر نای پاڵیون و بەناوی نەوتی رەشەوە دەیفرۆشن، تەنی بە (210) دۆلار كە بەرمیلی (30) دۆلار دەكات و رەوانەی ئێران دەكرێت، لێرەدا تەنیا مەنەفێستی (رێگەپێدانی) كە لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە تەسدیق دەكرێت و وەردەگیرێت تەنی (50) دۆلارە. • ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان بۆ (درەو) پشت راست كردەوە ئێستا لەناو ئەو تانكەرە نەوتی رەش و پاشماوەی پاڵاوگەكاندا نەوتی خاویش دەفرۆشرێت و دەبرێتە دەرەوە بەناوی نەوتی رەش، راستەوخۆ لە كێڵگەكانەوە دەبرێن یاخود دەبرێنە پاڵاوگەكان و داناگیرێن و راستەوخۆ دەبرێن و رەوانەی ئێران دەكرێن، ئەوانیش لە كێڵگەكانەوە تەنی بە (460) دۆلار دەفرۆشرێت واتا بەرمیلی بە (61) دۆلار، دواتریش مەنەفێستەكەی بۆ هەر تەنێك (50) دۆلارە. • نەفتا، لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە رۆژانە (2200) تەن دەفرۆشرێت لە بازاڕدا، لەو رێژەیە نزیكەی (600) تەن دەدرێتە هەولێر و (1600) تەن لە بازاڕەكانی سلێمانی شاغ دەكرێتەوەو دەبرێتە دەرەوە، تەنێك بە (200) دۆلار لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، . رۆژانە ملیۆنێك دۆلار ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت تەنیا مەنەفێستەكەی كە یەك وەرقەیەو داهاتەكەی بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتیەو رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلارە بۆنمونە: رۆژی 8/11/2023 لە دەروازەی پەروێزخانەوە (630) تانكەر رەوانەی ئێران كراوە كە هەر تەنكەرێك (30) تەن نەوت بار دەكات و بۆ هەر تەنێك (50) دۆلار دەدرێتە ئیدارەی گشتی یەكێتی، ئەوا تەنیا لە رۆژی 8/11/2023 بۆ مەنەفێست بڕی نزیكەی (ملیۆنێك) دینار بۆ ئیدارەی گشتی یەكێتی وەرگیراوە. 630 تانكەر * 30 تەن * 50 دۆلار = 945 هەزار دۆلار. تەنیا بە رەوانەكردنی نەوتەكە كاری تانكەرەكان تەواو نابێت، بەڵكو لەوسەریشەوە باری تایبەت لەگەڵ خۆیان دەهێننەوەو ئەویش داهاتێكی ترە، بە نمونە لە ئێرانەوە (گازوایل ، بەنزین، ئێن تی بی، ریفۆرمێنت، ئارۆ) كە تەنی (70) دۆلاریان لێوەردەگیرێت، هەموو ئەمانە لەگەڵ خۆیاندا دەهێننەوە.
درەو: سەرچاوە: ئیندپێندنت عەرەبیە راپۆرتی رۆژنامەنوس: باسم فرنسیس كۆمپانیای هێڵی بۆرییەكانی سەربە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی, تەواوكردنی راكێشانی بۆری گواستنەوەی غازی لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك راگەیاند, بە توانای (100) مقەمەق (یەك ملیۆن پێ سێجا) لە رۆژێكدا. عەلی موسەوی, بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە رایگەیاند:"جێبەجێكردنی پرۆژەكە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كارەبای كەركوك و هەردوو كۆمپانیای غازو نەوتی باكور", بەبێ ئاماژەكردن بە واژوكردنی رێككەوتنێكی پێشوەخت لەگەڵ حكومەتی هەرێم, بەرپرسانی كۆمپانیای هێڵەكانی نەوتی كەركوك رایانگەیاند: پرۆسەی هەناردەكردنی غاز دوای وژوكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكە دەستپێدەكات. كێڵگەی كۆرمۆر, كە یەكێكە لە گەورەترین كێڵگە غازییەكانی وڵات, دەكەوێتە قەزای چەمچەماڵ, لەژێر هەژموونی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندایە, كە هاوبەشی سەرەكی حكومەتی هەرێمە, كۆمپانیای دانا غازو نەوتی هیلالی ئیماراتی, بەگوێرەی گرێبەستی وەبەرهێنان و كنەوپشكین واژوكراو لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان, لەساڵی (2007)وە, وەبەرهێنانیان كردووە لە روبەری نزیكەی (135) كیلۆمەتر چوارگۆشە. رێژەی غازی كێڵگەی كۆرمۆر, بە نزیكەی (1.8) ملیار مەتر سێجا دەخەمڵێنرێت و ئاستی بەرهەمهێنان تیایدا دەگاتە نزیكەی (500) ملیۆن پێ سێجای رۆژانە, وێڕای بەرهەمهێنانی (35) هەزار بەرمیلی رۆژانە لە نەوتی (كۆندینست)و نزیكەی هەزار تۆنی رۆژانە لە غازی شل, كۆمپانیای دانا غاز پێشبینی دەكات لەناوەراستی بەهاری داهاتوو, بەرهەمهێنان بۆ (750) ملیۆن بەرزبێتەوە, ئەگەر كارەكانی كێڵگە نوێیەكە تەواوبێت و هەندێك لەكێشە داراییەكان چارەسەرببن. كورد رەتیدەكاتەوە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم دەستبەجێ راگەیاندنی راكێشانی بۆریەكەی رەتكردەوە, جەختیكردەوە, بەفەرمی لە كۆبونەوەیەكدا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو, بە كۆمپانیای دانا غازی راگەیاندووە, گواستنەوەی غاز لەكێڵگەكانی هەرێمەوە رەتدەكاتەوە بەبێ دەربڕینی رەزامەندی. بەڵام بەهجەت ئەحمەد, راوێژكاری نوسینگەی راگەیاندن بۆ كاروباری وزە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە, راكێشانی بۆریەكە لە كۆرمۆرەوە نیە, بەڵكو گواستنەوەی غازە لە كێڵگەی نەوتی جمبورەوە بۆ وێستگەی كارەبای تازە, كە نزیكەی (60) كیلۆمەتر لە سنوری دەسەڵاتی هەرێمەوە دورە. بەهجەت ئەحمەد پێیوایە, بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوت تەمومژاویە, رون نیە كە ئامانجی سیاسی لەپشتەوەیە یان ئامانجی توڕەكردنی هەرێمە, جەختیشیكردووە, ئەگەر حزبەكەی هەر رێككەوتنێكی بكردایە بە فەرمی رایدەگەیاند, بۆیە جەخت دەكەن كە هیچ رێككەوتنێك لەو بارەیەوە نەكراوە. كارتی سیاسیە دواجار دۆسیەی غاز بەشێكی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستانی داگیركردووە, پارتی دەیەوێت لەڕێی توركیاوە هەناردەی ئەوروپای بكات, یەكێتیش سەرنجی هەیە لەسەر میكانیزمی ئیدارەدان و دابەشكردنی داهاتە داراییەكان لە هەرێم, بەتایبەت كە سەرۆكی یەكێتی ساڵی رابردوو رەخنەی لە سیاسەتەكانی پارتەكەی بارزانی گرت, بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و دادپەروەری لە دابەشكردنی داهاتەكان, لە ئیدارەدانی كەرتی نەوت و هەڕەشەی پەكخستنی پرۆژەی راكێشانی هێڵی بۆری غازی كرد بۆ دەرەوەی وڵات, ئەگەر بەهەمان شێوازی نەوت پیادە بكرێت. مەترسیەكانی ئێران پێشتر كێڵگەی كۆرمۆر روبەڕوی چەند هێرشێكی موشەكی بووەتەوە, دواینیان مانگی ئابی رابردوو بوو, بە زۆری پەنجەی تۆمەت بۆ گروپ و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران درێژدەكرێت, كە رۆڵێكی گەورەی دەبێت ئەگەر بەرهەمەكەی دوو هێندە بكرێت بۆ ئاستی یەك ملیار مەتر سێجای رۆژانە, لە سنورداركردنی پشتبەستن بە هاوردەكردنی غازی ئێران, وەك ئەوەی كوردەكان ئومێدیان هەیە لەڕێی توركیاوە رەوانەی ئەوروپای بكەن, كە بەدوای جێگرەوەی غازی روسیادا دەگەڕێن, ئەوەش فشارەكان لەسەر مۆسكۆ فراوانتردەكات لە جەنگەكەی لەگەڵ ئۆكرانیا, هەروەها دانوستانیش لەگەڵ ئێران لە دۆسیەی گفتوگۆكانی سەبارەت پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی تاران. بەڵام هیواكانی كورد شكستیهێنا لەگەڵ دەرچونی بڕیاڕی دادگای فیدڕاڵی لەمانگی شوباتی ساڵی پار, بە نادەستوریبونی هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد, دواتریش بردنەوەی سكاڵاكەی دادگای بازرگانی لە پاریس دژی توركیا لەمانگی ئازاری رابردوو, كە لەسەر ئەوبنەمایە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا. رێككەوتن ناكرێت لە دەرەوەی كەناڵە فەرمیەكان لەبەرامبەر ئەگەری ئەوەی حزبەكەی تاڵەبانی رێككەوتنی تاك لایەنەی لەگەڵ بەغداد كردبێت, كۆڤەند شێروانی, شرۆڤەكاری بواری وزە دەڵێت, كۆمپانیا وەرهێنەكان لەكێڵگەكان ناتوانن بچنە پرۆژەیەكی لەو شێوەیە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی حكومەتی هەرێم, هەرێمیش ئەولەویەتی داوە بەكارپێكردنی وێستگەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان, بەهۆی ئەوەی (80%) بە غاز كاردەكەن. ئەو هێڵەی ئاماژەی پێدەكرێت كۆنەو نۆژەنكراوەتەوە, بەڵام بەوشێوەیە نیە كە قسە لەبارەی واژوكردنی رێككەوتن یان هەماهەنگی دەكرێت بۆ بەستنەوەی یان راكێشانی ئەو هێڵە, هیچ ئاماژەیەكیش نیە لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان, ئەگەر هەشبێت پێویستە لەئاستی حكومەتدا بێت نەك حزب, لەبەر ئەوەی یەكێتی هاوبەشێكی سەرەكی حكومەتی هەرێمە. شێروانی پێیوایە, قورسە بڕیارێكی حزبی هەبێت لە دۆسیەیەكی هەستیاری وەك غاز, دەشڵێت, كارێكی باش دەبێت ئەگەر هەماهەنگی لەو بوارەدا بكرێت, چونكە عێراق غاز لەوڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكات, كە ئەوەش وادەكات ئاستی هاوردەكردن بە رێژەی (50%) كەمبێتەوەو ملیارەها دۆلار بۆ عێراق بگێڕێتەوە, ئاماژەی بەوەشكردوە, دۆسیەی غاز لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد نەبووە لە مانگی نیسانی و رابردوو و دواتریش لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی.
راپۆرت: درەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دوبەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەتەوە، داوای قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم كردوەتەوە، مەترسی خۆیان نیشانداوە لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمو پێشنیازی ئەوەیان كردووە پشكی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن، ئاڵنگارییەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم چین؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا. لە دوبەی كۆبونەوە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كورستان لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"و كۆمپانیای نەوتی باكور كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لە (دوبەی) بەڕێوەچوو. كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان لەچوارچێوەی گروپێكدا بەناوی "گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان - ئەپیكور" رێكخستووە، ئەم گروپە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum) لەخۆدەگرێت. بەپێی راگەیەندراوی "ئەپیكور"، لە كۆبونەوەكەی دوبەیدا، باس لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە لەرێگەی بۆری عێراق- توركیاوە كە لەبەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە. پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان پێشنیازێكیان بۆ خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشنیازەكە ئەوەیە" كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان دانوستان بكات لەبارەی كڕینو فرۆشتنی نەوت لەم كۆمپانیایانە، چونكە بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویانە كە گرێبەستی پشكی بەرهەمهێنانە، ئەم كۆمپانیایانە مافی ئەوەیان پێدراوە پشكی نەوتی خۆیان بفرۆشن". كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دانوستانێكدا پشكی خۆی لە نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كوردستان بفرۆشێت بە وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای سۆمۆ، هاوشێوەی ئەوەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی غازی كێڵگەی كۆرمۆری فرۆشتووە بە وەزارەتی نەوتی عێراقو بەبۆری دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك. داوای قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە ئەپیكور مەرجێكی تریشی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیەو بە وەزارەتی نەوتی عێراقی وتووە:" دەبێت رێككەوتنێكی روونو وردو یاسایی هەبێت بۆ فرۆشتنو هەناردەی نەوت، لەناویشیاندا پێدانی پارەی فرۆشی نەوت لە رابردوو و داهاتووودا". بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووی گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان، گروپی ئەپیكور بڕی (یەك ملیار) دۆلاری پارەی لای حكومەتی هەرێمەو هێشتا پێی نەدراوەتەوە، ئەم كۆمەڵەیە هۆشداری ئەوەی بە هەردوو حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق داوە تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتیش لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە دەستپێبكاتەوە، ئەوان لە دۆخێكدا نین نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن تا دڵنیا نەبن لەوەی چۆن پارەیان پێدەدرێت. ترس لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد، بەپێی ئەم بڕیارە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، لەدوای ئەم بڕیارەوە حكومەتی پێشووی عێراق چەند هەنگاوێكی گرتەبەر بۆ ناچاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بۆ تازەكردنەوەی گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، بەوپێیەی ئەم وەزارەتە گرێبەستەكانی هەرێمی بەدڵ نییەو دەیەوێت لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق هاوتای بكات، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی دوبەیدا، نوێنەرەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیاییان بە نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم داوە رێز لە قەرزەكانی رابردوویان دەگیرێت، بەڵام:" رێكخستنی گرێبەستەكان هەمووان پەسەندی بكەن". كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم ترسیان هەیە وەكو ئەوەی پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق كاری لەسەركردووە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو لە گرێبەستی "شەراكەت"ەوە بكرێت بە گرێبەستی "خزمەتگوزاری"، بۆیە لە گفتوگۆكەی دوبەیدا نوێنەری ئەپیكور داوایكردووە" مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا وەك خۆیان بمێننەوەو گرێبەستەكانی پشكی بەرهەمهێنان كاریان پێبكرێت". ئاڵنگارییەكی تر یەكێك لە ئاڵنگارییەكانی تری بەردەم پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە، ئەمەش بەربەستێكی تری بۆ كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێم دروستكردووە. لە یاسای بودجەدا عێراق، خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتی زۆر بە كەمتر لەو نرخە ئەژماركردووە كە بەشێوەیەكی فعلی لە كوردستان هەیە. یاسای بودجەی فیدراڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بەهەمان ئەو نرخە ئەژماركردووە كە لە عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (6) دۆلاری دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت. یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستانو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق. بودجە پارەی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی: • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆنو 428 ملیار) دینار. • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنانو هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆنو 448 ملیار) دینار. واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار. هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆنو 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆنو 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراقو هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە". ئێستا كە توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، هێشتا دیار نییە ئایا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئامادەن بەو نرخەی كە عێراق دیاریكردووە (6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم باسلەوە دەكات كۆمپانیاكان وتویانە ئامادە نین بەو پارەیە كاربكەن. قەرزەكانی كەرتی نەوتی هەرێم كەرتی نەوتی هەرێم كێشەیەكی تریشی هەیە كە ئەویش قەرزی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتو پارەی وەرگیراوی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختەیەو بە تێكڕا بڕەكەی (8 ملیارو 623 ملیۆن) دۆلارەو ئەم قەرزەش هیچ چارەسەرێكی لە یاسای بودجەدا بۆ دیاری نەكراوەو نازانرێت حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پارانە دەگێڕێتەوە. دهقی راگهیهندراوهكهی ئهپیكور
راپۆرت: درەو دادگای فیدراڵی 19ی ئەم مانگە بڕیار دەدات، ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كۆتای توركمان نامێنێت، جموجوڵی توركمانەكان و دژایەتیان بۆ سكاڵاكە هەستكردنە بە دەرچونی بڕیاری دادگا لەدژی كۆتای توركمانەكان، بەدەرچوونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (111) كورسیەوە دەبێتە (105) كورسی، (5) كورسی توركمان و كورسیەكی ئەرمەن نامێنێت. دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی 19/11/2023 ی بۆ بڕیاردان لەسەر سكاڵاكەی (زیاد جەبارو ئامانج شەمعون) كۆدەبێتەوە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە پێی ئاماژەكان پێدەچێت ئاراستەی دادگای فیدراڵی بەرەو ئەوەبێت بڕیاربدات لەسەر مادەی (36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و نەمانی كۆتای توركمان بەتایبەت كە توركمانەكانی هەرێم دركیان بەو مەترسیە كردوە و لە هەوڵی بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی. (درەو) لەگەڵ شارەزایانی یاسایی و ئەوانەی لە نزیكەوە چاودێری بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەن قسەی كرد، ئەوان پێیان وایە دادگای فیدراڵی 19ی ئەم مانگە بڕیار دەدات و بە پێی چەند ئاماژەیەكیش بڕیارەكە بە ئاراستەی نەمانی كۆتای توركمانە (ئەگەر پێشهاتێك نەیەتە پێشەوە): • ئەگەر كۆتاكان لەسەر بنەمای ئایین دانراون، توركمان نەتەوەیەو ئایین نیە. • لە عێراقدا توركمانەكان وەك هەر نەتەوەیەكی تر بەشداری هەڵبژاردنی گشتی دەكەن و كۆتایان نیە. • توركمانەكانی عێراق خۆیان قبوڵیان نیە وەك پێكهاتەی ئایینی و كەمە نەتەوە سەیر بكرێن، خۆیان بە نەتەوەی سەرەكی دەزانن. • دادگای فیدراڵی بڕیار بدات لەسەر مادەی (1 و 36) ئەوا كۆتای توركمان نامێنێت، چونكە بەپێی مادەی یەك ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان (100) كورسیەو (5) كورسیش بۆ پێكهاتەی مەسیحی. دوو ئاراستەی جیاواز لە ئێستادا توركمانەكانی عێراق و كوردستان بەسەر دوو ئاراستەی جیاوازدا دابەشبوون، بەشێكیان لەگەڵ ئەوەن كۆتای توركمان نەمێنێت و توركمان وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراق بەشدار بێت لەهەڵبژاردنەكانی كوردستاندا هاوشێوەی عێراق، بەشێك لە كارەكتەرو حزبە توركمانەكانی هەرێمیش جموجوڵیان دەستپێكردووە بە ئاراستەی رەتكردنەوەی هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی كۆتای توركمان. لە چەند رۆژی رابردوودا، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە پشكی توركمانەكان بە نوێنەرایەتی سێ پارتی توركمانی (پارتی ئیرادەی میللی توركمانی- پارتی توركمان ئیلی- بەرەی توركمانی عێراقی) كۆنگرەی رۆژنامەوانی كرد، دژایەتی توركمانەكانی بۆ ئەو سكاڵایە راگەیاند كە یەكێتیی نیشتمانی لە دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە، ئایدن مەعروف داوایكرد، دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی رەتبكاتەوەو رەچاوی رەوشی پێكهاتەكان بكات، هۆكاری سكاڵاكەی بۆ ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان گەڕاندەوە (مەبەستی لە پارتیو یەكێتییە)، وتی:" ئێمە تەرەف نین لەنێوان ئەو لایەنە سیاسییانەو نامانەوێت ببین بە تەرەف". پێشترین مونا قەهوەچی سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی توركمان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو دژایەتی بۆ هەوڵەكەی یەكێتیی راگەیاند. بەپێچەوانەی زۆرینەی لایەنە توركمانەكانەوە، سەنعان ئاغا كە یەكێك لە دامەزرێنەرانی بەرەی توركمانییە لەگەڵ ئەوەدا نییە كورسی "كۆتا"ی توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان بمێنێت، لە بەیاننامەیەكدا داوا دەكات توركمانەكان لیستی یەكگرتوو دروست بكەنو وابكەن نوێنەرەكانیان نوێنەرایەتی هەموو خەڵك بكەن نەك تەنیا پێكهاتەی توركمان. (درەو) زانیویەتی بەرەی توركمانی لە كەركوك لەگەڵ ئەوەن هاوشێوەی عێراق توركمانەكانی هەرێمیش لیستی خۆیان هەبێت و راستەوخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن و بچنە دەرەوەی چوارچێوەی سیستەمی كۆتا، بە بڕوای ئەوان كۆتای توركمان زیان لە پێگەی توركمان دەدات وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراقدا. 19ی مانگ دادگا بڕیار دەدات رۆژی 19ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار دەدات لەسەر ئەو سكاڵایانەی كە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون. پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەرە، سكاڵاكارەكان یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمو سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە دادگا بڕیاری خۆی دەدات لەسەر سكاڵاكان. زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوەو یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی. كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن: ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت. ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێتو، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا. ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێنو بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشانو بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات. ماددەی بیستو دوو: 1- هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێتو، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن. 2- لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێتو هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون. ماددەی سیو شەش: 1- پێنج كورسی بۆ كلدان و سریانو ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 2- پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 3- یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. ئەگەر دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكاتو هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ببرێت، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستانو (سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی) لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندی كردووە. بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، بەتایبەتی لەو ماددانەی كە یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كردوون، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت: ماددەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی. ماددەی نۆیەم: كوردستانی عێراق دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە (4) ناوچە كەمتر نەبێت. ماددەی پانزە: بۆ هەر ناوچەیەكی هەڵبژاردن خشە بەناوی هەڵبژێرەكان (دەنگدەر)و بەپێی ناوچەكانی هەڵبژاردنو بەپێی پیتەكانی ئەبجەدی ئامادە دەكرێت، كە پیشەو ناونیشانو مێژوو و شوێنی لەدایكبوونیان تێدا تۆمار دەكرێو بە گەلێك دانە دەنێردرێن بۆ لیژنەی ناوچە، ئەگەر ئەمە لەتوانادا نەبوو بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا رێگایەكی دیكەی لەبارتر دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە. ماددەی بیست و دوو: 1- هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات. 2- لیستی پاڵیوراوەكان لەماوەی (10) رۆژ لە مێژووی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێتو هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەماددەی بیستو یەكەمدا هاتوون. ماددەی سیو شەش: 1- سەرجەمی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەسەر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەندا دابەش دەكرێ بۆ دەرهێنانی تێكڕای هەڵبژاردنەكە (المعدل الانتخابی). 2- ئەو دەنگانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێنا دابەش دەكرێ بەسەر تێكڕای دەنگی هەڵبژاردنەكە، بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستی پەیوەندیدار بەدەستی هێناوە، لەگەڵ رەچاوكردنی ئەوەی لەم بڕگەی خوارەوەدا هاتووە. 3- هەر لیستێك رێژەی 7%ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنابێ نوێنەرایەتی لە ئەنجومەندا ناكاتو دەنگەكانی بەسەر لیستە سەركەوتووەكاندا دابەشدەكرێتەوە بەرێژەی سەركەوتنەكەی. 4- ئەو كورسییە چۆڵانەی كە لە ئەنجامی وەدەستهێنانی پاشماوەیەك كە ئەگاتە تێكڕایی دەنگی هەڵبژاردن دەخرێتە سەر ئەو لیستانە بەپێی زۆرترین ئەو دەنگانەی كە هێناویانە.
راپۆرت: درەو كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی كە لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان كاردەكات راپۆرتی نۆ مانگی ئەمساڵی خۆی بڵاوكردەوە، بەپێی راپۆرتەكە بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە قازانجی كۆمپانیاكە بەرێژەی 22% كەمیكردووە، راپۆرتەكە بەهیچ جۆرێك باسی لە دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق نەكردووە لەبارەی گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك، كە ئێستا یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی گفتوگۆی نێوان پارتیو یەكێتییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە كوردستان راپۆرتەكە پوختەی نۆ مانگی ئەمساڵی لەم خاڵانەدا كورتكردوەتەوە: • تێكڕای وەبەرهێنان لە كوردستانی عێراق بەرێژەی 8% بەرزبووەتەوەو گەیشتوەتە (37 هەزارو 150) بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێكدا. (هاوتای نەوت مەبەست لە بەرمیلێك غازی سروشتیو كۆندێنسەیتو غازی LPGیە)) • لەماوەی ئەم نۆ مانگەدا داهاتەكانی كۆمپانیاكە گەیشتوەتە بڕی (326 ملیۆن) دۆلار. • پرۆسەی وەبەرهێنان بەبێ راوەستان لەسەرجەم ئەو شوێنانەی كە كۆمپانیاكە كاری تێدا دەكات بەردەوام بووە. • لە رۆژی 6ی ئەم مانگەوە (ریچارد هول) وەكو سەرۆكی جێبەجێكاری گروپی (دانەغاز) دەستبەكاربووە. راوەستانی نەوتی هەرێمو قازانجی دانەغاز دانەغاز كە خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای تایبەت دەناسێنێت لە بواری غازی سروشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بەوە دەكات، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا پوختەی قازانج بڕی (126 ملیۆن) دۆلاری دەستكەوتووە، ئەمە لەكاتێدایە ساڵی رابردوو لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا داهاتەكەی بریتی بووە لە بڕی (161 ملیۆن) دۆلار، واتا قازانجەكەی بە بڕی 22% كەمی كردووە، هۆكاری ئەم دابەزینە بۆ داكشانی نرخی نەوتو غاز لەسەر ئاستی جیهان دەگەڕێنێتەوە، ئەمە لەپاڵ هۆكارێكی تر لەوانە داشكانی فرۆشی (كۆندێنسەیت)ی هەرێمی كوردستان، كە بەهۆی داخستنی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمەوە كۆمپانیاكە ناچار بووە كۆندێنسەیتەكەی بە لایەنی ناحكومیو لە كێبركێی بازاڕدا بفرۆشێت. بەشێوەیەكی گشتی كۆمپانیای دانەغاز لە نۆ مانگی ئەمساڵدا داهاتەكەی بۆ بڕی (326 ملیۆن) دۆلار دابەزیوە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا داهاتی كۆمپانیاكە بڕی (415 ملیۆن) دۆلار بووە، واتا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دانەغاز داهاتەكەی بەڕێژەی 21% كەمیكردووە. تێكڕای نرخ لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بۆ دانەغاز بریتی بووە لە بڕی (53 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێك كۆندێنسەیتو 36 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك هاوتای نەوت، ئەم نرخانە ساڵی رابردوو زیاتر بوون، هەر بەرمیلێك كۆندێنسەیت نرخەكەی بڕی (84 دۆلار)و بەرمیلێك هاوتای نەوتیش نرخەكەی (43 دۆلار) بووە. سەرباری كەمبوونەوەی داهاتەكانی، دانەغاز باسلەوە دەكات زیادبوونی ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستانو كەمكردنەوەی خەرجی بەكارخستن، كاریگەری ئەرێنی هەبووە لەسەر قەرەبووكردنەوەی كاریگەریی دابەزینی نرخی بەدەستهاتوو لە قازانجی كۆمپانیاكە. دانەغاز بە تێكڕا لە نۆ مانگی ئەمساڵدا بڕی (167 ملیۆن) دۆلاری كۆكردوەتەوە، پشكی كۆمپانیاكە لەو پارەی كە لە هەرێمی كوردستان وەریگرتووە بڕەكەی (127 ملیۆن) دۆلار بووە، (40 ملیۆن) دۆلاریشی لە كارەكانی لە میسر دەستكەوتووە. پشكی دانەغاز 35% بووە لەو پارانەی كە كۆمپانیای پێرل پترلیۆم لە هەرێمی كوردستان وەریگرتووە، كە بەتێكڕا (71 ملیۆن) دۆلاری هەرێمی كوردستانو (56 ملیۆن) دۆلاری لایەنە ناحكومییەكان بووە. قەرزی دانەغاز لای هەرێمی كوردستان دانەغاز باس لەوە دەكات، لەماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا تێكڕای ئەو پارەی كە وەكو شایستەی دارایی خۆی وەریگرتووە بڕەكەی (167 ملیۆن) دۆلار بووە، لەم پارەیە بڕی (127 ملیۆن) دۆلاری شایستەی كۆمپانیاكە بووە لە هەرێمی كوردستانو بڕی (40 ملیۆن) دۆلاریش شایستەی دارایی كاركردنی كۆمپانیاكە بووە لە میسر. ئەو شایستە داراییانەی كە كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم وەكو هاوبەشێكی دانەغاز لە نۆ مانگی ئەمساڵدا لە حكومەتی هەرێمی وەرگرتووە بە تێكڕا بڕەكەی (71 ملیۆن) دۆلار بووە، ئەمە لەپاڵ 56 ملیۆن دۆلاری تر كە لە لایەنە ناحكومییەكان لە هەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، پشكی دانەغاز لە تێكڕای پارەكە رێژەی 35% بووە. لە 30 ئەیلولی 2023دا تێكڕای ئەو شایستە داراییانەی كە كۆمپانیاكە لە هەرێمی كوردستان هەیبووەو وەرینەگرتووە بڕەكەی (106 ملیۆن) دۆلار بووە، لەگەڵ بڕی (47 ملیۆن) دۆلار لە میسر. كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەكردووە، سەرباری بەردەوامی داخستنی بۆری نەوتی هەرێم، بەڵام ئەو پارانەی كە بەشێوەی دەوری لە حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، بایەخی شەراكەتە ستراتیژییەكەی لە كەرتی وزەدا لە هەرێم نیشان دەداتو بەردەوام دەبێت لەسەر پابەندییەكانی بۆ بەدیهێنانی خواستی بەردەوام لەسەر غاز لە هەرێمی كوردستان، لەرێگەی پرۆژەی "كۆرمۆر 250"، كە دوای تەواوبوونی دەتوانێت لانی كەم بڕی (150 ملیۆن) دۆلاری ساڵانە بۆ داهاتی كۆمپانیاكە زیاد بكات، ئەمەش دابەشكردنی قازانجی پشكدارەكانی كۆمپانیاكە لە داهاتوودا بەهێز دەكات. راپۆرتەكە خاوەن پشكەكانی كۆمپانیای دانەغاز ئاگادار دەكاتەوەو نوسیویەتی:" بەلەبەرچاوگرتنی دواكەوتنی شایستەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانو میسرەوە كە بڕەكەی گەیشتوەتە 153 ملیۆن دۆلار هەروەها بەهۆی پێویستییەكانی خەرجی تایبەت بە پرۆژەی كۆرمۆر 25، كۆمپانیاكە قازانجەكانی خۆی بۆ نیوەی یەكەمی ساڵی 2023 دابەش ناكاتو لە مانگی مارسی 2024دا چاوخشاندنەوە دەكات بە دابەشكردنی قازانجدا لەسەر بنەمای بارودۆخی ئەوكاتە". بەرهەمهێنان لە هەرێمی كوردستان بەپێی راپۆرتەكە، لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، تێكڕای ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەرێژەی 8% زیادیكردووەو گەیشتوەتە (37 هەزارو 150) بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێكدا، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا ئاستی وەبەرهێنان بڕەكەی (34 هەزارو 300) بەرمیل بووە لە رۆژێكدا. دانەغاز هۆكاری زیادبوونی ئاستی وەبەرهێنانی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ تەواوبوونی پرۆژەی پاككردنەوەی شوێنی كاركردن لە نیوەی دووەمی 2022، هەروەها تەواوكردنی لێدانی شەش بیر لەلایەن كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم لە پرۆژەی "كۆرمۆر 250" كە چاوەڕوان دەكرێت لەكاتی تەواوبوونیدا بڕی (250 ملیۆن) پێ سێجا بۆ تێكڕای توانای وەبەرهێنانی وێستگەكە زیاد بكاتو بیگەیەنێتە (750 ملیۆن) پێ سێجا لە رۆژێكدا. گواستنەوەی غاز بۆ كەركوك رۆژی 6ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرایكرد بۆری گواستنەوەی غازی لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك تەواو كردووە. راگەیاندنی ئەم هەواڵە مشتومڕی لەنێوان پارتیو یەكێتیی دروستكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وەزیرەكەی پارتییە بێئاگایی خۆی لەم پرۆژەیە راگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیش وەكو دەسەڵاتدار بەسەر كێڵگەی كۆرمۆرەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رەتیكردەوە ئاگاداری پرۆژەكە بێت. دواتر دەركەوت حكومەتی فیدراڵ بە بڕیاری ژمارە (23392) وەزارەتی نەوتی عێراقی دەستكراوە كردووە غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی بكڕێت كە یەكێكە لە كۆمپانیاكانی ناو گروپی كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم. دانەغاز لە راپۆرتی نۆ مانگی ئەمساڵی خۆیدا بەهیچ جۆرێك ئاماژەی بەوە نەكردووە دانوستانی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردبێت بۆ گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك. لەبارەی دانەغازەوە كۆمپانیای دانەغاز لە بواری غازی سروشتیدا كاردەكات، لە كانونی یەكەمی 2005دا لە بازاڕی دراوی (ئەبوزەبی) تۆماركراوە، ئەم كۆمپانیایە كاری دۆزینەوەو بەرهەمێهنانو گواستنەوەی لە چەند وڵاتێك وەرگرتووە لەوانە (ئیماراتی عەرەبی- هەرێمی كوردستان- میسر). لە ئیماراتو كوردستانو میسر رۆژانە بڕی زیاتر لە (60 هەزار) بەرمیل هاوتای نەوت بەرهەمدەهێنێت. كاركردنی دانەغاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەەی رێككەوتنێكە كە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (هیلال) لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزای كردووە، ئەم گرێبەستە مافی ئەوەی پێ بەخشیوە نەوتو غازی كێڵگەی كۆرمۆرو چەمچەماڵ پەرەپێبداتو بەرهەمی بهێنێتو بیخاتە بازاڕو بیفرۆشێت. لە ئۆكتۆبەری 2008ەوە وەبەرهێنانی غاز لە كۆرمۆر لەرێگەی دامەزراوەی پرۆسێسكردنەوە دەستیپێكردووە، لە 2009دا هاوپەیمانێتی كۆمپانیاكانی (پێرڵ پترلیۆم) دروستكرا، كە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (دانەغاز)و (هیلال)ی لەخۆدەگرتو هەریەكەیان رێژەی 50%ی پشكەكانیان هەبوو، دواتر پشكی هەریەكە لەم دوو كۆمپانیایە بۆ رێژەی 35% دابەزی، ئەمەش بەهۆی هاتنە ناوەوەی هەرسێ كۆمپانیای (MOV-MOL-RWE) كە هەریەكەیان رێژەی 10%ی پشكەكانیان هەیە. بەهۆی جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە، ئەم كۆمپانیایانە لەماوەی ساڵی 2018 بۆ 2022 ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرێژەی 60% بەرزكردوەتەوەو لە 305 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەوە گەیاندویانەتە 500 ملیۆن پێ سێجا لە ساڵی 2022دا. ساڵی 2019 ئەم كۆمپانیایانە گرێبەستێكی تریان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووەو گرێبەستەكە بۆ ماوەی 20 ساڵەو رێگە بە دانەغازو هاوبەشەكانی دەدات پرۆژەی بەرهەمهێنانو چارەسەركردنی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەی تر لە كۆرمۆر زیاد بكەنو بیفرۆشن بە حكومەتی هەرێم (ئەمە ناوی لێنراوە پرۆژەی كۆرمۆر 250). دانەغاز پێشبینی دەكات پرۆژەی "كۆرمۆر 250" لە چارەكی دووەمی 2024دا تەواو ببێتو بەتێكڕا لەم پرۆژەیەدا بڕی (806 ملیۆن) دۆلار سەرمایەگوزاری كراوە. ئەو غازەی كە لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە دابین دەكرێت بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێرو چەمچەماڵو بازیان، بەرێژەی 80% پشكدار بووە لە فەراهەمكردنی سوتەمەنی بەكارهێنراو بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان (ئەمە بەپێی قسەی دانەغاز).
درەو: یەكێتی و پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن، مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە دانیشتنە چوارقۆڵیەكەدا گەیاندیانە مریشكە رەشە، نێچیرڤان بارزانی دۆخەكەی هێوركردەوە، مەسرور بارزانی وتی ئێوە دژایەتی حكومەت دەكەن، بافڵ تاڵەبانی وتی، حكومەت جیاوازی دەكات هیچ دەسەڵاتێكت بۆ وەزیرەكانی یەكێتی نەهێشتووەتەوە، مەسرور بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وتووە، مادام پەیوەندییەكانتان هێندە باشە بۆچی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی دابین ناكەیت تا مامۆستاكان بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.... ووردەكاری دانیشتنە چوار قۆڵیەكە ... ئەتوانین پێكەوە كاربكەین؟ ئەمڕۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام بووە شوێنی گفتوگۆی گەرمی نێوان كوڕانی تاڵەبانی و بارزانی، گفتوگۆیەك هێندەی نەمابوو بگاتە مریشكە رەشە، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی دۆخەكەی هێور نەكردایەتەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەگەیتە لێكترازانی یەكجارەكی، وەك سەرچاوەكانی (درەو) ئاماژەیان پێكرد. بۆ دەستكەوتنی ووردەكاری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی باڵای پارتی و یەكێتی، بەتایبەتیش كۆبوونەوە چوار قۆڵیەكە، (درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی و یەكێتی قسەیكردووە كە بەشداربوون و لە نزیكەوە ئاگاداری ووردەكاری كۆبوونەوەكەبوون. سەرەتا وەفدی یەكێتی درەنگ گەیشتنە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی ئەوەی بڕیاربووە بافڵ تاڵەبانی بە هێلی كۆپتەر بچێتە پیرمام بەڵام رێگە نەدراوە، بۆیە وەفدەكەی یەكێتی درەنگتر گەیشتوونەتە پیرمام. سەرەتا نێچیرڤان بارزانی بەخێرهاتنی وەفدی میوانی كردووەو بە پرسیارێك دەستیپێكردووەو " ئایا ئێمە دەتوانین پێكەوە كار بكەین یان نا؟" بافڵ تاڵەبانی ئێمە لەگەڵ رێككەوتنین بەڵام دەبێت پێشتر كێشەكان چارەسەر بكەین، ئێنجا قەڵەم بخەینە سەر كاغەز و رێككەوتنێكی نوێ بكەین ئەوەشی ووتووە پارتی پەلەیەتی لە رێككەوتنی نێوانمان لە كاتێكدا دەبێت كێشەكان یەكلایی بكەینەوە ئینجا رێككەوتن بكەین، لایەنی پارتی رایانگەیاندووە ئێمە پەلەی چیمانە وادەزانن ئەگەر رێكنەكەوین ئێمە رووبەرووی كێشەو گرفت دەبینەوە، هەر با رێكنەكەوین بزانین چی روودەدات، لە كۆبوونەوەكەدا یەكێتی زۆر بێمەنەت بووە زۆر بە بێمنەتی قسەیان كردووەو وتوویانە ئێوە پەلەتانە لە رێككەوتن، ئەزانین كێشە هەیەو حكومەت رووبەرووی كێشە بووەتەوە. كۆبوونەوەكەو گفتوگۆكان ئاسایی بوون و هەردولا گلەیی و موچەجامەلەی یەكدیان كردووە، دواتر بافڵ تاڵەبانی داوای كۆبوونەوەی چوار قۆڵی كردووە لە نێوان ( نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی). كۆبوونەوەی چوار قۆڵی كۆبوونەوەكەی نێوان وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەی بەرپرسان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیەوە گۆڕا بۆ كۆبوونەوەی كۆڕانی تاڵەبانی و بارزانی ( نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی)، ئەم چوار كەسە چوونە ژوورە تایبەتەكەی ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی، لەوێدا قسەی تووندوو رووبەرووبونەوە لە نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی روویداوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی رازی نەبووە لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا بنوسرێت پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین. • مەسرور بارزانی بەو هەڵوێستەی بافڵ تاڵەبانی زۆر توڕەو نیگەران بووەو تویەتی ئێوە دژایەتی حكومەت دەكەن لەكاتێكدا بەشدارن لە حكومەتدا. • بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: ئەو حكومەتە حكومەتی تۆیە، بە فیعلی یەكێتی بەشدارنیە، هیچ دەسەڵاتێكت بۆ وەزیرەكان نەهێشتووەتەوە. • قوباد تاڵەبانی وتوویەتی: تەنیا بە وەرقە دەسەڵاتدراوە بە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر ئەرزی واقیع جێگری سەرۆكی حكومەت هیچ دەسەڵاتێكی نیە. • بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: ئەم كابینەیە جیاوازی دەكات لە نێوان ناوچەكانداو رێگری لە پرۆژەكانی سلێمانی دەكات. • مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: ئێمە ئەزانین ئێوە چیتان كردووەو چۆن لە بەغدادەوە رێگریتان درووستكردووە بۆ حكومەت، لە هەموو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم ئێوە بەشداربون، ئاگادار بوون. • مەسرور بارزانی وتویەتی: ئێوە لە یاسای بودجەدا جێگیرتان كردووە كە ئەتوانن موچەی سلێمانی لە بەغدادەوە دابین بكەن، من مەمنونتان دەبم كاك بافڵ مادام پەیوەندییەكانت لەگەڵ بەغداد باشە موچە لەبەغداد دابین بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی سلێمانی بێ موچە نەبن و مامۆستایان بتوانن بچن وانە بە قوتابیان بڵێنەوە، بۆچی نایكەیت؟ • مەسرور بارزانی وتوویەتی ئێوە غازەكەتان رادەستی بەغداد كردووەو ئەو ئەو پرسە بەبێ رێككەوتنی ئێوە نەكراوە، لەكاتێكدا ئەوە ئیشی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. • بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی: بەڵێنت پێدەدەم رێگە نەدەم غازی كۆرمۆر بەبێ رەزامەندی حكومەتی هەرێم رەوانەی كەركوك بكرێت. یەكێك لە بەرپرسە باڵاكان بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكدا قسەی توندو رووبەروبوونەوە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانیدا روویدا، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی لەوێ بەشدارنەبوایەو دۆخەكەی هێورنەكردایەتەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەگەیشتە ئاشتی دابڕانی یەكجارەكی. ماوەیەكی زۆر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و وەفدی هەردوولا چاوەڕێی دانیشتنە چوار قۆڵیەكە بوون، ئەندامانی تری وەفدەكە بەتایبەت ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەران بوون لەو شێوازە كۆبوونەوەیە، لە كاتی دانیشتنە چوار قۆڵیەكەدا داوای چوونە ژوورەوەی عیماد ئەحمەد لە یەكێتی و مەحمود محەمەد لە پارتی كراوە بچنە دانیشتنە چوارقۆڵیەكەوە بۆ نوسینی راگەیەندراوی هاوبەش، كۆبوونەكە كۆتاییهات و بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە بەغداد. راگەیەندراو راگەیەندراوێكی هاوبەشی نێوان هەردوولا بڵاوكرایەوە یەك بڕیاری تێدا دراوە ئەویش رێككەوتوون كە "كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بێت". لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە" هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزكردنی خاڵە هاوبەشەكان و چارەسەركردنی گیر و گرفتەكان بە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كورستان" تاكە بڕیاری ناو راگەیەندراوە هاوبەشەكەیان، بەردەوامی كۆبوونەوەكانە" بڕیاردرا كۆبوونەوەكان بەردەوامیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێكی گونجاو دیاریكرا، شایەنی ئاماژەیە كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو". بارزانی نایەوێت لەگەڵیان كۆبێتەوە یەكێتی بە سەرۆك و پارتی بە جێگرانی سەرۆك بەشداربوو لە كۆبوونەوەدا، هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەكەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە پیرمام، مەسعود بارزانی لەگەڵ د. سامان بەرزنجی وەزیری تەنروستی كۆبووەتەوە. بارەگای بارزانی كەمتر لە یەك كیلۆمەتر لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتیەوە دوورە كە كۆبوونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج كاتژمێر بەردەوام بوو تیایدا، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەمانكاتدا پێشوازی كردووە لە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و باسی دۆخی تەندروستیان كردووە، ئەم پێشوازیەی بارزانی كە هاوكاتە لەگەڵ كۆوبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی دەرخەری ئەوەیە كە مەسعود بارزانی نایەوێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی كۆببێتەوە بەتایبەت سەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی، پێشتریش كۆبوونەوەی نێوان وەفدی پارتی و یەكێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، وەفدی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی بوو، بەڵام بارزانی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، لە هەمان كاتی كۆبوونەوەكە بارزانی پێشوازی لە د. عادل باخەوان نوسەرو مامۆستای زانكۆكردبوو.
درەو: وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڵاویكردەوەتا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی كارەبای هەرێم دابین نەكراوە، بە كۆمپانیای دانە گازمان راگەیاندووە نابێت گازی كێڵگەكانی هەرێم بۆ هیچ شوێنێك بگوازرێتەوە * روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە سەبارەت بە دەنگۆی تەواوكردنی راكێشانی بۆرییەكی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر؛ بە پێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بدەین، بۆ ئەوەی بابەتەكە بە هەڵە لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس نەكرێت. تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە و، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە. ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس کراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاری هێناوە. لە كۆبوونەوەی رۆژی 2/10/2023 بە فەرمی بە كۆمپانیای داناگازمان راگەیاندووە: نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گازی کێڵگەکانی هەرێم بۆ هێچ شوێنێک چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ، غازی کێڵگەی کۆرمۆری لە کۆمپانیای ھیلالی ئیماراتی کڕیوە، حکومەتی ھەرێم و یەکێتی نیشتمانی بێئاگایی خۆیان لەم مامەڵەیە نیشان دەدەن. بەپێی سکاڵایەک کە پەرلەمانتار (عودەی عەواد) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆماری کردووە، وەزارەتی نەوت بەپێی رێککەوتنێک غازی کێڵگەی (کۆرمۆر)ی لە کۆمپانیا ئیماراتییەکە کڕیوە. عودەی عەواد سکاڵاکەی لەسەر ھەریەکە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی نەوت و دارایی فیدراڵ تۆمارکردووە، داوا لە دادگا دەکات حوکم بدات بەوەی بڕیاری ژمارە (٢٣٣٩٢)ی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نادروستە. ئەم بڕیارە کە عودەی عەواد داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکات دەڵێ" وەزارەتی نەوتی عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کڕینی غاز لە کۆمپانیای (ھیلالی ئیماراتی کە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە ھەرێمی کوردستان کاردەکات)، ئەمە بەدەر لە ئامرازەکانی گرێبەست کە لەماددەی (٣)ی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان ژمارەی (٢) ساڵی ٢٠١٤دا ھاتووە". ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد بۆری گواستنەوەی غازی کێڵگەی کۆرمۆری بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک تەواو کردووە، (درەو) ھەر لە سەرەتاوە بەدواداچوونی بۆ بابەتە کرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و بەرپرسانی باڵای یەکێتیی وەکو دەسەڵاتدار بەسەر کێڵگەی کۆرمۆر، بێئاگایی خۆیان راگەیاند.
(درەو): ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تایبەت بە (درەو)ی راگەیاند، ئەولەویەتی سەرەكیمان لە بابەتی غازدا تەنها بەكارهێنانێتی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانداو هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لێی سودمەند بن، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ (درەو) جەختی لەوە كردەوە كە لە بابەتی غازدا جگە لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان هیچ مەبەستێكی ترمان نییە، ئامانجمان ئەوەیە كارەبای هەرێمی كوردستان زیادبكەین. ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك لەرێگەی بۆرییەوە ئاشكراكرد.
(درەو): وەزارەتی نەوتی عێراق گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك لەرێگەی بۆرییەوە ئاشكراكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بێئاگایی خۆی رادەگەیەنێت، یەكێتیش وەكو دەسەڵاتداری سنورەكە رەتیدەكاتەوە هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەوبارەیەوە كردبێت. ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، پرۆژەی بۆری گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆری بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك كۆتایی هاتووە، بۆرییەكە 16 ئینجەو توانای هەیە رۆژانە (100 مقمق) غازی هەیە. غازی كۆرمۆر لەنێوان پارتیو یەكێتیدا لە چەند ساڵی رابردوو كێشمەكێشی لەسەر بووە، یەكێتیی لەسەرەتاوە خوازیاری ئەوە بوو كۆمپانیایەك دروستبكاتو غازەكە بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان بگوازرێتەوەو بەمە داهاتی سنوری دەسەڵاتی خۆی زیاد بكات، بەڵام پارتی پشتیوانی لەوە دەكرد غازەكە بەبۆری هاوشێوەی نەوت رەوانەی توركیا بكات، بۆ ئەمەش تەنانەت كۆمپانیای (كار)ی ناردە كێڵگەكە بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی دروستكردنی بۆری هەناردەكردن بكات، بەڵام یەكێتیی رێگری لێكرد. سەرباری ئەمە لە چەند ساڵی رابردوودا یەكێتیی كاری لەسەر پرۆژەیەك كرد بۆ رادەستكردنی غازی كێڵگەكە بە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە بەهۆیەوە سلێمانی بتوانێت مامەڵەی دارایی راستتەوخۆ لەگەڵ بەغداد بكاتو هەندێك لە هەژموونی حكومەتی هەرێم رزگاری ببێت كە پارتی كۆنترۆڵی بەسەردا هەیە. (درەو) بەدواداچوونی كرد لەبارەی بۆچوونی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم سەبارەت بە گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك، سەرچاوەیەك لە وەزارەتەكە رەتیكردەوە سامانە سروشتییەكان ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكە بێتو رایگەیاند، پێشتر ئەو پرۆژەیە هەبووەو لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانە غاز) كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كاردەكات گفتوگۆیان كردووەو گواستنەوەی غازەكەیان بۆ كەركوك رەتكردوەتەوە، بۆیە ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكە نەبوون. لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی بە (درەو)ی وت:" یەكێتیی ئاگاداری دروستكردنی بۆرییەكەو گواستنەوەی غازی كۆرمۆر نییە بۆ كەركوك، رێككەوتنەكە لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیا دانە غازدا كراوە". سبەینێ بڕیاری پارتیو یەكێتیی لە پیرمام كۆببنەوە، لە یەكێتیی هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی بەشدار دەبن، لە پارتیش نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی، پێشبینی دەكرێت گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك ببێت بە تەوەرێكی كۆبونەوەی سبەینێ. گواستنەوەی غازی كۆرمۆر بۆ كەركوك لەسەروبەندی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، پارتیو یەكێتیی وەكو دوو ركابەری بەهێزی كورد لە كەركوك بە لیستی جیا بەشداری دەكەن، یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگای كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت ئەمجارە پۆستەكە وەربگرێتەوە، پارتیش كە لە چەند ساڵی رابردوودا كاری لەسەر ئەوە كردووە یەكێتیی لەبەرچاوی كەركوكییەكان وەكو بەرپرسیار لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو گەڕانەوەی هێزە فیدراڵییەكان بۆ كەركوك بناسێنێت، دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا بەرهەمی هەوڵو گوتارە سیاسییەكەی بچنێتەوە، هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا كە 2021 بەڕێوەچوو، یەكێتیی جارێكی تر لە كەركوك زۆرینەی دەنگی كوردی بردەوە.
(درەو): غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیی بە بۆری گواسترایەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هیچ راگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە نییەو پێناچێت ئاگادار بێت، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئاماژە بەوە ناكات بەپێی چ رێككەوتنێك غازەكەی گواستوەتەوە بۆ كەركوك. كۆمپانیای هێڵەكانی بۆری نەوت پرۆژەی راكێشانی بۆری غازی وشكی كێڵگەی (كۆرمۆر)ی بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك تەواو كرد. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، درێژەی بۆرییەكە (1050) مەترەو لە دوو قۆناغ پێكدێت، ئەم بۆرییە (16 ئینج)هو رۆژانە بڕی (100 مەقمەق) غاز دەگەیەنێتە وێستگەی كارەبای كەركوكو بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای وێستگەكە زیاد دەكات. عەبدولكەریم موسەوی بەڕێوەبەری گشتی هێڵی بۆرییە نەوتییەكان دەڵێ: بۆرییەكە دەبێت بە لقێك لە بۆرییە سەرەكییەكە (وێستگەی جمبورو كۆمپانیای غازی باكور) بۆ ئەوەی غازی وشك بگەیەنێتە وێستگەی كارەبای كەركوك (وێستگەی تازە)، هەموو كارەكانی تایبەت بە بەستنەوەی بۆرییەكەو دانانی 3 قوفڵی بە قیاسی 16 ئینج تەواو بووە، ئەمە سەرباری دروستكردنی رێڕەوێك بۆ بۆرییەكە لەسەر رێگای سەرەكی (كەركوك- بەغداد) بەدرێژایی 60 مەترو رێڕەوی تر. بەپێی قسەی موسەوی، كارەكانی دروستكردنی بۆری غازەكە بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كارەبای پارێزگای كەركوكو كۆمپانیای نەوتو غازی باكورو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆو رێگاوبان ئەنجامدراوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ قسەیەكی لەبارەی دروستكردنی ئەم بۆرییە نەكردووە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ئاماژەی بەوە نەكردووە ئایا بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی یان حكومەتی هەرێم بۆرییەكەی دروستكردووە. لەبارەی كۆرمۆرەوە غازی كۆرمۆر یەكێك لەو بابەتانەیە كە لەنێوان پارتیو یەكێتیدا كێشەی لەسەرە، سەرەتای ساڵی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای بینی، ئەردۆغان داوای لێكرد هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێم هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی وتی بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات، لەدوای ئەم سەردانە بوو كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەركردو یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو كوردستانی پابەندكرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات. لەوكاتەوە ئیتر ستراتیژی پارتی بۆ هەناردەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیا دەركەوت، لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتیش ستراتیژێكی پێچەوانەی پەیڕەو كرد كە رادەستكردنی غازەكە بوو بە حكومەتی عێراق. غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان كێڵگە سەرەكییەكەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە. ئەم كێڵگەیە پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵانو وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، لەپاڵ ئەمەدا نەوتی كۆندێنسەیت لەم كێڵگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت كە پێداویستی سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەو ئەم نەوتەی كۆرمۆر كاتێك تێكەڵ بە نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت كوالیتییەكەی بەرزدەكاتەوە. ڕووبەری ئەم بلۆكە 135 كیلۆمەتری دووجایە، دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادركەرەم) لە قەزای چەمچەماڵ، تا ساڵی 1976 قادركەرەم سەربە قەزای (خورماتوو) بوو لە پارێزگای كەركوك، لەو ساڵەدا قەزای خورماتوو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 ناحیەی (قادر كەرەم) خرایە سەر قەزای چەمچەماڵو ئێستادا كێڵگەكە لە سنوری ئیداری چەمچەماڵدایە، ئەم كێلگەیە تاوەكو ساڵی 2003و رووخانی رژێمی سەددام لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بوو. سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1928، ئەوكات كۆمپانیای نەوتی ئینگلیز گەڕانێكی سەرەتایی تێدا كردووەو بیرێكی لێداوە، بەڵام نەوتی دەرنەهێناوە، ئیتر كاركردن لەم كێڵگەیە راوەستاوە تاوەكو ساڵی 1953 دەست بەكاركردن كراوەتەوە، ئەوكات پشكنەرەیان زیاتر بەدوای نەوتدا گەڕاون، بەڵام بۆیان دەركەوتووە (1.8 ترلیۆن) پێ سێجا گاز لە كێڵگەكەدا هەیە. لە كۆتای شەڕی ئێران- عێراقدا، دوای چۆڵكردنی ناحیەی قادر كەرەمو شاڵاوی ئەنفال، حكومەتی عێراق جارێكی تر لەڕێگەی هەردوو كۆمپانیای نەوتو غازی باكورەوە دەستیكردوەتەوە بە كاركردن لە كێڵگەی كۆرمۆرداو چەند بیرێكی نوێی لێداوە. لە ساڵی 1990 بەهۆی شەڕی كوەیتو گەمارۆی ئابوری سەر عێراقەوە، رژێمی پێشوو كارەكانی خۆی لە كۆرمۆر راگرت. لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا كێلگەكە كەوتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد واژۆ كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گاز لە هەردوو بلۆكی كۆرمۆرو چەمچەمال بەخشی بەو دوو كۆمپانیایە. دوای 15 مانگ كاركردن لە ئۆكتۆبەری 2008دا غاز لە كۆرمۆر بەرهەم هێنرا، لەڕێگای بۆرییەكی 24 ئینجیو بەدرێژایی 174 كیلۆمەتر غاز گەیەندرایە وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو وێستگەی كارەبای هەولێر. لە ساڵی 2009وە هەندێك گۆڕانكاری لە پشكەكانی ئەو كۆمپانیایانەدا روویاندا كە گرێبەستی كۆرمۆریان وەرگرتبوو، بەڵام دواجار كارەكە لای كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی مایەوە. (دانە غاز) خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای ناوچەیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی غازی سروشی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێت، ئەم كۆمپانیایە لە دێسەمبەری 2005 دامەزراوەو لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسرو ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات. كێلگەی كۆرمۆر سێ جۆر بەرهەمی هەیە كە بریتین لە: - (غازی سروشتی) كە بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت لە چەمچەماڵو هەولێر، بەپێی دواین راپۆرتی دانەغاز، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر گەیشتوەتە (500) پێ سێجای رۆژانە، ئەمەش بەهۆی پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە كە بەمدواییە كۆمپانیاكە لە كێڵگەكەدا جێبەجێی كردووە. - (كۆندێنسەیت) كە تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی، بەپێی دواین راپۆرتی داناغاز، بەرهەمی كۆندێنسەیت لە كۆرمۆر ئێستا رۆژانە بۆ (34 هەزارو 300) بەرمیل بەرزبوەتەوە - غازی شلی ماڵان (LPG) كە پێداویستی غازی ماڵانو كارگەكان دابین دەكات، كۆمپانیای دانەغاز ئەم غازە دەفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، ئێستا كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی كڕینو گواستەوەی ئەم غازەی بەدەستەوەیە، رۆژانە لە كێڵگەكەدا زیاتر لە (هەزار) تەن غازی شل بەرهەم دەهێنرێت، كۆمپانیای ساوس كوردستان بە تانكەر غازەكە دابەش دەكات بەسەر شارەكانی هەرێمدا بەمجۆرە: - 12 تانكەر غاز بۆ هەولێر - 11 تانكەر بۆ سلێمانی - 7 تانكەر بۆ دهۆك • دانەغاز لە راپۆرتی خۆیدا بۆ (9) مانگی ساڵی 2022، بە تێكڕا بڕی (85) دۆلاری بۆ نرخی هەر بەرمیلێك (كۆندێنسەیت) دیاریكردووە، بڕی (43) دۆلاریشی بۆ نرخی هەرمیلێك غازی (LPG) دیاریكردووە. ساڵی رابردوو بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی چۆنیەتی حومكڕانی، یەكێتیی جارێكی تر پرسی جیاكردنەوەی ئیدارەی سلێمانی لە هەولێر هێناوەتە پێشەوە، ئەگەر ئەمە رووبداتو كێڵگەی كۆرمۆر هەناردەی خۆی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی رابگرێت، سنوری پارتی روبەڕووی قەیرانی غازی ماڵان (LPG) دەبێتەوە، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمیش بەبێ (كۆندێنسەیت)ەكەی كۆرمۆر، كوالیتی دادەبەزێتو توشی قەیران دەبێت. كۆرمۆر كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە بۆ فشار لەسەر پارتی، ساڵی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی ئاماژە بەم كارتە كردو وتی كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات. بەپێچەوانەی نەوتەوە بەگشتی داتاكانی كەرتی غاز لە بەرژەوەندی پارتیدا نین وەكو حزبی حوكمڕانی سەرەكی هەرێمی كوردستان، چونكە: - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا بە (18 ترلیۆنو 300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. - یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كەمترەو بە (300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن، لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە، هەروەك چۆن ژمارەكان نیشاندەری ئەوەن نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە، چونكە زۆرینەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسنوری پارتی بەرهەم دەهێنرێتو كۆنترۆڵی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا هەر لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتیو یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی كەرتی غازەوە بەدیاریكراویش كێڵگەی غازی كۆرمۆر ناكۆكن، پارتی خەونی ئەوەبوو هاوشێوەی نەوتن غازەكەش رەوانەی توركیاو دەرەوە بكات، یەكێتیی پرۆژەیەكی تری بۆ غازی كۆرمۆر هەبوو، دەیویست كۆمپانیایەك دروست بكاتو لەرێگەی ئەو كۆمپانیایەوە غازەكە بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵان، لەرێگەی ئەم كۆمپانیایەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، یەكێتیی بژاردەیەكی تریشی بۆ غازەكە لەبەردەستدایە كە تاوتوێی دەكات ئەویش رادەستكردنیەتی بە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەی حكومەتی عێراق دور لە دەستی پارتی، موچەو بودجەی سلێمانی دابین بكات.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ساڵانێکی درێژ لەم ناوچەیەدا تێزێکی فیکریی هەبوو بەرگریی لەوەدەکرد کە لەم بەشەی جیهاندا «دەوڵەت» دەزگایەکە لەپێش کۆمەڵگاکەوەیە، لە کۆمەڵگاکە هۆشیارترو پێشکەوتوترو خەمخۆرترە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو رۆڵێکی دروستکەرانە دەبینێت لە تازەکردنەوەو پێشخستنی کۆمەڵگادا. تێزەکە پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە کۆمەڵگاکان دابەشبوونی دینیی و کۆمەڵایەتیی و خێڵەکیی، ئینجا بەرزیی رادەی نەخوێندەواریی و گەمژەیی هەمەشێوە، کوشتونی. دەوڵەت ئەو دەزگا مۆدێرنەیە کە خەریکی چارەسەرکردنی ئەو دۆخە دواکەوتوە ترسناکەی کۆمەڵگاکەیەو لە خەمی پێشخستنیدایە. نموونەش بە دەوڵەتی ئەتاتورک و ناسرو بۆرقێبەو تەنانەت بەعسیش دەهێنرانەوە. تێزەکە دەڵێت راستە ئەم دەوڵەتانە دەوڵەتی ستەمگەرو دیکتاتۆریی بوون، بەڵام لە چەندان سەرەوە خەریکی تازەکردنەوەی ئەو کۆمەڵگا دواکەوتووە بوون کە حوکمڕانیان دەکردن. لە ئاستی تیوریشدا بۆ ئەو تێزەی فەیلەسوفی ئیتالی ئانتۆنیۆ گرامشی دەگەڕانەوە کە ناوی «شۆڕشی پایسڤ»ی لێنراوە، شۆڕشێک کۆمەڵگا خۆی بەرپای ناکات، بەڵکو دەوڵەت بەرپای دەکات و لەناو دەوڵەتەوە بۆناو کۆمەڵگا دایدەبەزێنێت. ئیتر باس لە بەرپاکردنی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دەکرێت کە ئەو دەوڵەتە شۆڕشگێڕانە پێی هەڵدەستن: لەوانە، کردنەوەی دەرگای خوێندەواریی بەڕووی هەردوو رەگەزەکەدا، دروستکردنی زانکۆو پەیماناگاکان، دروستکردنی ڕێکخراوی مەدەنیی هەمەجۆر، تازەکردنەوەی ئابوریی، تازەکردنەوەی شارەکان، بەرەوپێشبردنی تواناکانی گوستنەوەو هاتوچۆکردن، باشترکردنی رێگاوبان، باشترکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی، دروستکردنی دادگای تازەو دەرکردنی یاسای نوێ، تەنانەت دروستکردنی هێزی کۆمەڵایەتیی تازەش، لەوانە، بۆ نموونە، دروستکردنی چینێکی ناوەڕاستی خوێندەوار، هتد... بە بۆچونی من بەشێکی ئەم تێزە لە بیست تا سی ساڵی یەکەمی قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمدا شتێک لە ڕاستیی تێدایە، واتە تا ساڵانی هەفتای سەدەی بیستەم بەشێک لە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە لەبەردەم ئەزمونێکی دەوڵەتیی لەم شێوەیەدا بوون، بەڵام لەوەبەدوا دۆخەکە لەم ناوچەیەدا دەگۆڕێت و ئەم تێزە لەم ناوچەیەدا وێنەیەکی تەواو هەڵەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگامان نیشانئەدات. ئەوەشی دۆخەکە دەگۆڕێت دوو شتە. یەکەمیان گۆڕانکارییە لە سیستمی ئابوریدا، کە تیایدا ئابوریی «ئابوریی دەوڵەتیی» بە هەموو کەرتە گشتییەکانییەوە، دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی نیو لیبرال، کە پرۆسەیەکی پەڕگیریی مافیایی بەتایبەتیکردن بەڕێوەی دەبات. ئەم بەتایبەتیکردنە لەسەرێکەوە هەژاریی زیاترو فرەجۆرتر بەرهەمدەهێنێت، لە سەرێکی دیکەوە نوخبەیەکی بچوکی ملیۆنێری تازەو دەوڵەمەند، کە زۆرجار هەم دەسەڵاتی سیاسیی و هەم دەسەڵاتی ئابوریی، لە دەستی خۆیاندا کۆدەکەنەوە. لە دەرەنجامیشدا نەک تەنها سەرجەمی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پەکیاندەکەوێت، بەڵکو بنەمایەکی مافیایی و نیمجەمافیاییش بەشێوازو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابوریی لەم ناوچەیەدا دەبەخشێت. دووهەمیان، بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئیسلامی سیاسیی، لە مۆدێلە خومەینییە ئێرانیەکەی و لە مۆدێلە سونییە جیهادیی و ئیخوانیەکەیدا، بەناوچەکەدا. ئەمهش نەک تەنها بیرۆکەی دەوڵەت بەتەواوی دەشێوێنێت و دەوڵەت لە دەوڵەتی کۆمەڵگاوە دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی دین، بەڵکو خوازیاری دەسکاریکردنێکی ریشەیی هۆشیاریی مرۆڤەکانیشەو لەزۆرجاردا بردنەوەی ئەم هۆشیارییەیە بۆناو فەتواو فیقی ئەم یان ئەو فەقیهی دینیی بەر لە هەزاران ساڵ لەمەوبەر. ئەم دۆخە وادەکات لە ساڵانی هەشتا بەدواوە ئەم ناوچەیە لەبەردەم سێ تەحەدای گەورەدابێت. یەکەمیان، تەحەدای لە دەوڵەتخستنی خودی دەوڵەت. دووهەمیان، بە مافیاییبوونی ئابوریی، سێهەمیش، شێواندنێکی سیستماتیکی هۆشیاریی مرۆڤەکان. لەم مێژووە بەدوا دەزگاکانی دەوڵەت دەکەونە ژێر دەسەڵاتی نوخبەیەکی نوێ، کە بە زۆر مانا، لە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە نەخوێندەوارترو نەزانترو تاریکبیرترن. بە زۆر مانا، حوکمڕانانی ناوچەکە، زۆر لە دوای بەشێکی گەورەی خودی کۆمەڵگاکەوەن. عەقڵیەتێکی دینیی، خێزانیی، بنەماڵەیی، نوخبەیی، مەزهەبیی، دەوڵەت و حوکمڕانیی دەگرێتە دەست و لەسەرەوەڕا و لە ڕێگای بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەتەوە، خەریکی خراپکردنێکی بەردەوامی خودی کۆمەڵگاکان خۆیانن. لێرەدا «شۆڕشێکی پاسیڤ»ی تر دێتەکایەوە کە قۆرخکردنی دەسەڵات و پەکخستنی هۆشیاریی کۆمەڵگاکە ئاڕاستەی دەکات. خاڵی هەرەسەرەکیی لە هەر پرۆسەیەکی تازەبوونەوەدا بریتییە لە دابینکردنی هەرچی زیاتری سوودو قازانجی گشتیی، لە کۆمەڵگادا، ئەوەی لە فەلسەفەدا پێیدەگوترێت «نەفەعیەت»، واتە «سودمەندگەرایی»، بەڵام «سودمەندیی» بۆ کێ؟ بێگومان بۆ ئەم یان ئەو تاکەکەسی تایبەت، ئەم یان ئەو خێزان و گروپ و حیزبی سیاسیی تایبەت نا، بەڵکو «سوودمەندیی گشتیی»، مەسڵەحەت و قازانجی هەمووان، هی هەموو کۆمەڵگا وەک گشتێک. یەکەم شتێک ئەم جۆرە دیدگایە بۆ تازەکردنەوەی حوکمڕانیی داوای بکات ئەوەیە کە دەوڵەت خۆی، وەک ژێرخانی سەرەکیی حوکمڕانیی، پێویستە نوێنەری دەسەڵاتی پێکەوەیی و گشتیی کۆمەڵگاکە بێت، پیادەکەری ئەو دەسەڵاتە گشتییەش بێت، نەک موڵکی ئەم یان ئەو دین و ئایدیۆلۆژیاو خێزان و بنەماڵەو پارتی سیاسیی. دەسەڵاتی دەوڵەت هەمیشە دەسەڵاتێکە سەرچاوەکەی لەناو کۆمەڵگادایە، دەوڵەت دەسەڵات لە هیچ کەسێکەوە وەرناگرێت، لە کۆمەڵگا خۆی نەبێت، کۆمەڵگا وەک گشتێک کە جۆرێک لە «پەیمان»و «گرێبەستی کۆمەڵایەتیی»، کۆیکردونەتەوە. دەوڵەت خۆیشی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی، بەو شێوەیە بەکاریدەهێنێت کە قازانجی هەموو کۆمەڵگاکەی، لێبکەوێتەوە. ئەوەی لە مێژووی ئێستای ئەم ناوچەیەدا غائیبە ئەم چەمکی «گشت»ەیە، نە دەوڵەت و نە حوکمڕانیی موڵکی «گشت»و هەمووان نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ ئامرازیی دەستی خێزان و بنەماڵەو مەزهەب و گروپ و تاقمی بچووک و داخراو. کۆمەڵگا خۆیشی چەمکێکە بە توندیی بە چەمکی «گرێبەستی کۆمەڵایەتیی»ەوە گرێدراوە. کۆمەڵگا ئەو گشتەیە کە دەتوانێت گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی پێکەوەیی دروستبکات و لە دەوری ئەو گرێبەستە، کۆببێتەوە. لەناو ئەم گرێبەستەدا «قازانجی گشتیی» مانای سەرکەوتن بەسەر کۆی ئەو قازانجە تایبەت و سنوردارانەدا کە ڕێ لە دروستبوونی کۆگیریی کۆمەڵایەتیی دەگرن و دۆخی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی، سەروەردەکەن. دیسانەوە ئەوەی لەئێستادا لەبەشێکی گەورەی ناوچەکەدا دەیبینین، ئەو راستییە سادەیە، کە دەوڵەت خۆی رێگرە لەبەردەم دروستبوونی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتیی و ئەو سودمەندبوونە گشتییەدا کە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستییەکی گەورەی پێیەتیی، بۆئەوەی بتوانێت وەک کۆمەڵگا بمێنێتەوە. دەوڵەت لەم ناوچەیەدا لە دەزگای بەرجەستەکردنی ئەو گرێبەست و رێکەوتنە کۆمەڵایەتییەوە، گۆڕاوە بۆ ئامرازی تێکدان و لەناوبردن و رێگرتن لە دروستبوونی، ئەو گرێبەستە. لێرەوە ئەوەی لە کوردستاندا لەنێوان حوکمڕانان و کۆمەڵگادا ھەیە، ئەوەی لە عێراق خۆیشیدا وەک دەوڵەت هەیەو کاردەکات، پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نییە کاری ئەوەبێت بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە دەوری یەکتری کۆبکاتەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە پەیمانێکی ئەمنییە کە بەڵێنی دابینکردنی لانیکەمی ئاسایش دەدات. لەڕاستیدا ئەو ھێزانەی لە هەرێم و لە عێراقدا حوکمڕانان ناتوانن پەیمانی کۆمەڵایەتیی ببەستن. ئەوان، لە باشترین دۆخدا جگە لە پەیمانێکی ئەمنیی، توانای پیادەکردنی ھیچ پەیمانێکی دیکەیان نییە.
سلێمان مستەفا - یاساناس بڕیار وایە بەیانی ٥ /١١ / ٢٠٢٣دادگای فیدراڵی لەسەر داوای ژمارە (٨٣ ) اتحادیە و داوا یەکخەرەکانی (١٣١ ، ١٨٥ ) ٢٠٢٣ اتحادیە ، دوای چەندین دادبینی و دواخستنی کۆببێتەوە ،و چاوەروان دەکرێت بڕیاری کۆتایی بدات ، سکاڵاکان لە لایەن بەرێزان ( زیاد جەبار ) و (ئامانج شەمعونەوە )تۆمار کراون داوادەکەن دادگا بڕیار بدات بە نادەستوری بوونی ماددەی ( ١ ، ٩ ، ١٥ ، ٢٢ ، ٣٦ )ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی سالی ١٩٩٢ ی هەموار کراو ، ئەگەر سەرنج بدەین لە سەرتایی دەست پێکی دادبینەوە تا ئەمرۆ چەندین خوێندنەوەی جیاجیا بۆ بڕیارە چاوەڕوانکراوەکانی دادگای فیدراڵی کراون و لێکدانەوەی جیاجیاشیان بۆ کراوە ، بێ گومان بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی پرۆسەکە جێ هێشتوە ، لەوانە : (١) کارا نەبوونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم (٢) ڕاسپاردنی کۆمسیۆنی فیدراڵی بە سەرپەرشتی کردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، بۆیە کۆمسیۆنی فیدراڵی پاڵپشت بە یاسای ژمارە ( ٣١)رێکارو سیستەمی جێبەجێ کردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات ، کار بەیاسای ژمارە (٣١) ی ساڵی ٢٠١٩ کۆمسیۆنی فیدراڵی و یاسای ژمارە (٣٦)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای حزبەکان دەکات ، واتە کۆمسیۆنی فیدراڵی یاسای حزبەکانی فیدراڵ جێبەجێدەکات ،هەروەها دەستەی دادوەری هەڵبژاردن کە لە لایەن ئەنجومەنی داوەری عێراقەوە پێکێهنراوە بەت لە کار وبڕیاکانی کۆمسیۆن دەدات، ئەمەش چەندین لێکەوتەو پرسیاری یاسایی لێدەکەوێتەوە ، بەڕای بەندەش و لێکەوتەکانیشی بە پێی بنەمای یاسایی (اللاحق یلغی السابق ) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ، وە بیرمان نەچێت بە پێی ماددەی (٢٦) یاسای کۆمسیۆن کار بەهیچ یاسایەک ناکرێت پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایەبن ، کەواتە گەر پرسیارێ بکەین ئەم دەست کراوەییەی کۆمسیۆن تا چەند گرێ کوێرەکان دەکاتەوە و هاوکار و وەڵامدەرەوەی داوکاری حزبەکان دەبێت و کەموو کوریە بەرچاوەکانی یاسا پەیوەندیدارەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن ( یاسای حزبەکان ، یاسای کۆمسیۆن ، یاسای هەڵبژاردن ، یاسای کۆمەکی حزبەکان )ی هەرێم پر دەکاتەوە ، پێش ئەوەی خوێندەوە بۆ بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی دادگای فیدراڵی بکەین ، پرسیارێ دەکەین ، ئایە سیستەم و رێکارەکانی کۆمسیۆن چ کاریگەریان جێ هێشتوە لەسەر داواکەی داگای فیدراڵی ؟ کۆمسیۆنی فیدراڵی سیستەمی هەڵبژاردن و ئەژمارکردن و جیاکردنەوە ژمارە(١) ی ساڵی ٢٠٢٣ ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەندکردوە ، لەو سیستەمە پێناسەی تۆماری دەنگدەران دەکات تۆماری بایۆمەتری دەکاتە بنەما و وە هەر دەنگدەرێ خاون و هەڵگری کارتی بیۆمەتری درێژ مەودا نەبێت مافی دەنگدانی نابێت ، هەرەوها لە سیستەمەکەی کۆمسیۆندا پێناسەی ( حزب و کاندیدی تاکی کردوە ) بەمەش کۆمسیۆن چارەسەری کێشەی مادەی (١٥)ی تایبەت بە تۆماری دەنگدەرانی کردوە ، هەروەها لە ماددەی ( ٢٢) چارەسەری پرسی (حزب ، لیستی ) کردوە کە سکاڵایان لە بارەوە کراوە ، ئەوەی دەمێنیتەوە کە دادگا لە دادبینیەکەی بریاری لەبارەوە بدات هەریەک لە ماددەی ( ١ ، ٩ ، ٣٦ ) لێرەدا کارێکی قورس و گرانە پێشبینی بۆ بڕیاری دادگا بکەین ، بەلام لەناو یاساکانی هەرێمی کوردستان کون و کەلەبەری زۆر گەورەی تیادایە ، تەنانەت مرۆڤ ناتونێت خوێندنەوە بۆ حوکمەکانی ماددەی ( ١١٠ ، ١١٥، ١١٧ ، ١٢١ ) دەستوریش بکات ، تەنها ئەوە نەبێت بێ دەنگێ هەڵبژێرین ، بەداخەوە حزبە سیاسیەکان و چاودیران و یاساناسان بەیەکەوە بەشێکی ئەو کەم تەرخەمیەیان بەردەکەوێت ، دوای ئەم بارو دۆخە نەخوازراوە، کە دەرنجامی نەسازان و بەهەند وەرنەگرتنی گرنگی ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە ، ئێستا زیاتر لە جاران کاریگەریان جێ هێشتوە ، نابێ بیشارینەوە کە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای حزبەکان و یاسای کۆمسیۆن و یاسای کۆمەکی حزبەکان کەوموو کوری زۆریان تێدایە ، هەروەها نابێ ئەوەشمان بیر بچێت کە یاسای کۆمسیۆنی هەریم و یاسای حزبەکانی هەرێم پێویستیان بە تێروانین و هەڵوەستە لەسەر کردن و بەراوەردکاری هەیە لەگەل یاسای کۆمسیۆنی فیدرالی و یاسای حزبەکانی فیدراڵی سلێمان مستەفا