داوای دانانی چەک دەکەم.. دەقی پەیامی ئۆجەلان

2025-02-27 15:51:43
(درەو):
دەقی پەیامی ئۆجەلان لە گرتوخانەی ئیمرالییەوە سەبارەت بە قۆناغی نوێی ئاشتی لە توركیا:
بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
پەکەکە؛ لە سەدەی بیستەمدا، لە توندترین سەدەی مێژوودا دامەزرا، ئەو زەمینەیەی کە پەکەکە تێیدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانیی بوو، سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراو سەردەمی جەنگی سارد بوو لە جیهاندا، لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کورد، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بەتایبەت قەدەغەکردنی ئازادیی فکری لە ئارادا بوو.
لەڕووی تیۆریی، بەرنامە، ستراتیژو تاکتیکەوە، کاریگەری راستینەی سیستەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراوی سەدەکە لەسەر ئەم دەرکەوتنە دروستبووە. لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکاندا، بەهۆی ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکاندنی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و پێشکەوتنی ئازادیی فکریی، بووە هۆی ئەوەی کە پەکەکە لە واتای خۆی ببورێت و خۆی زۆر دووبارە بکاتەوە، بەو هۆیەشەوە ئەویش وەکو ئەوانی دیکە گەیشتووەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە.
پەیوەندی کوردو تورک؛ لە مێژوویدا زیاتر لە هەزار ساڵە، تورک و کورد بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە هەبوونی خۆیان بدەن و لە دژی هێزە هەژموونخوازەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەمیشە بە پێویستیان زانیوە، کە بە دڵخوازیی بە هاوپەیمانیی بمێننەوە.
لە دوو سەدەی کۆتایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، شکاندنی ئەم هاوپەیمانییەی کردووەتە ئامانجی خۆی، ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەرە، لەگەڵ بنەما چینایەتییەکانیان، خزمەتی ئەم ئامانجەیان بە بنەما گرتووە، ئەم پرۆسەیە بە پێناسەکردنی یەکڕەنگیی کۆمار خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، کە ئەو پەیوەندیە مێژووییە کە ئەمڕۆ شکاوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتیی و پشتگوێنەخستنی متمانە، سەرلەنوێ دەست بە ڕێکخستن بکەین.
پێویستیی کۆمەڵگای دیموکراتیک دەستلێبەرنەدراوە، پەکەکە لە مێژووی کۆماردا درێژترین و بەرفراوانترین تەڤگەری سەرهەڵدان و توندوتیژییە. لەبەر ئەوەی کە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە بەهێز بوو، پشتگیری بەدەستهێنا.
دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆنەکان، خۆبەڕێوەبەری ئیداریی، ڕێبازە کەلتورییەکان، بوون بە دەرئەنجامی نەتەوەپەرستییەکی توند، ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی کۆمەڵناسی کۆمەڵگای مێژوویی.
ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی فکر، بەڕێکخستنبوونی دیموکراسیی، دامەزراندنی کۆمەڵگای-ئابوریی و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگاو گۆڕەپانی سیاسیی دیموکراتیک بەدی دێت.
١٠٠ ساڵی دووەمی کۆمار، تەنها کاتێک بە دیموکراسیی ڕەنگڕێژ دەبێت، دەتوانێت ببێت بە خاوەنی یەکگرتوویی و مانەوەو بەردەوامییەکی مسۆگەر، لە دیموکراسیی بترازێت هیچ ڕێگایەکی بەرەوپێشچوون و دامەزراندنی سیستەم نییەو بەدی نایەت، هەماهەنگی دیموکراسیی ڕێبازیی بنچینەییە.
پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکیش، بەگوێرەی ئەم ڕاستییانە پێشبخرێت.
ئەو بانگەوازییەی کە بەڕێز دەوڵەت باخچەلی کردی و ئەو ئیرادەیەی کە سەرۆک کۆمار نیشانی دا، نزیکبوونەوەو پەیوەندی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم قۆناغەی هێنایە بەرهەم، منیش لەم قۆناغەدا داوای دانانی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازییەش دەگرمە ئەستۆ.
چۆن هەر کۆمەڵگاو پارتێکی سەردەم، هەبوونی بە فشارو زۆرەملێ کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵخوازییەوە کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن، پەکەکە هەڵبوەشێتەوە، لێرەوە سڵاو بۆ هەمووتان دەنێرم کە بڕواتان بە ژیانی هاوبەش هەیەو گوێ لە بانگەوازییەکەم دەگرن.
٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٥
عەبدوڵا ئۆجالان
دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکە، سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی وتووە: بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی بڕەخسێندرێت.
