Draw Media

پە*کە*کە: لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین

پە*کە*کە: لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین

2025-03-01 07:12:03


(درەو):
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارنی كورستان (پە*کە*کە) رایگەیاند، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکرات، لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین، بابەتی چەکدانانیش تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر دەبێت.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
“بانگەوازییەکەی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ بە ناونیشانی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”، ڕێگەی هەموو هێزە ئازادیی و دیموکراسییەکان ڕووناک دەکاتەوە و وەک مانیفیستۆیی سەردەمە. لەبەرئەوەی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی مانیفیستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی زیاد کردووە، بە ڕێزەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین

جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە

لە بانگەوازیی ناوبراودا ئاشکرایە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی مێژووی دەستپێکردووە. ئەمەش کاریگەرییەکی مەزن لە پێشکەوتنی بەڕێوەبەری دیموکراتیک و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەکات. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان؛ دەبێت هەموو کەسێک بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەستێت و ئەوانە جێبەجێ بکات.

بێگومان ئەنجامدانی بانگەوازییەکی لەم شێوەیە گرنگ بوو؛ لە ئێستاوە جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەووتوو زۆر گرنگە. وەک پەکەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری ناوەڕۆکی بانگەوازیی ناوبراو دەبین و دیاری دەکەین بە گوێرەی پێویستییەکانی بانگەوازییەکە دەجوڵێینەوە و جێ بەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەووتن دەبێت هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیک و زەمینەی یاسایی دابین بکرێت.

ئەو هێزەی بەڕێوەبردنی تێکۆشان و ئەو ئەزموونەی پەکەکە ئافراندی دەدرێتە گەل

ئاشکرایە پەکەکە، بووە تەڤگەری حەقیقەت و قارەمانێتی مەزنی ئەم نیوسەدەیەی کۆتایی کوردستان. هەموو شتێک بە تێکۆشانی مەزنی قارەمانی، فیداکاری، قوربانی و کاری گەورە بەدەستهێندرا. بە ڕێز، خۆشەویستییەکی زۆر و پێزانینەوە هەموو شەهیدانی قارەمانی ئەم تێکۆشانی ئازادییە یاد دەکەینەوە. لە ئێستا بەداوە بە هەمان ڕۆح و باوەڕی دەستکەوتە مێژووییە ناوبراوەکانەوە دەپەڕینەوە بۆ ناو پرۆسەیەکەی نوێی تێکۆشان. ئەو هۆشمەندییەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەو ئەزموونە گەورەیەی پەکەکە ئافراندی، باشی، درووستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبەری تێکۆشانی ئازادی بە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک دەداتە گەلەکەمان.

تا هێرش نەکرێت هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات

لەم چوارچێوەیەدا، بۆئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ بێتەئاراوە، لەمڕۆ بەدواوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. تا هێرش لە دژمان ئەنجام نەدرێت، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. بابەتی چەکدانانیش تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامگیر دەبێت.

بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی کۆنگرە بەڕێوەببات

هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتەکەمان ئەنجام بدەین، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەمە پێویستە هەلومەرجی گونجاو دابین بکرێت و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕییەکانمان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان شەڕی کرد؛ بەڵام تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت پێشەنگایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بکات. پێویستە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن

ڕاستییە بەرچاوەکان بە ئاشكرا نیشانی دەدەن بۆئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پێک بێت، بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، بۆ پێشخستنی تەڤگەری دیموکراسی جیهانی، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان مسۆگەر بکرێن تا ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازادانە بژی و کار بکات، بتوانێت بەبێ ڕێگری لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیەوێت بە هاوڕێکانیشییەوە پەیوەندی دروست بکات. ئێمە هیوادارین کە ئەو هەلومەرجە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن.

بانگەواز کۆتایی نییە بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە

گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان! بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بەدڵنیاییەوە کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە سەرەتایەکی نوێیە. وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش باس دەکرێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیخاتە بەرچاو ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتیش لە ٢٠ ساڵی کۆتاییدا ئەنجام بدرێن، بەڵام بە ئەندازەی پێویست لە کاتی خۆیدا نەکراون، ئێستا پێویستە بەدڵنیاییەوە ئەنجام بدرێن. لەم بارەیەوە پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەن و پێویستە پێداویستییەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن. پێویستە بە بەرپرسیارێتی و جددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببنەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێ بکرێت.

پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی

ئێمە لەبیرمان نەچێت کە قورسترین بار هەمیشە ڕێبەر ئاپۆ خستوویەتە سەرشانی، ڕێگامان ڕووناک دەکات و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە ‘بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک‌ هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستان بەتایبەتی ژنان و گەنجان پڕۆسەیەکی نوێی تێکۆشان دەستپێدەکات. بۆیە ئێمە تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەمیشە لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. ڕێکخستنبوونی دیموکراتیکی خۆمان و تێکۆشانی ئازادییمان لە هەموو گۆڕەپانێک بە ئازایەتی و فیداکارییەکی گەورە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی.

بانگەوازی؛ بەهێزتر خاوەنداری لە ٨ـی ئادار و نەورۆز بکەن

ئەوەتا، ئێمە چووینە مانگی ئادارێکی نوێ و لە جۆشێکی ٨ـی ئادار و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادیی ژنان لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی پەرەپێدەدەین و لەسەر هێڵی شارستانییەتی دیموکراتیک ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی ڕێکدەخەین. هەوڵدەدەین حەقیقەتی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی حەقیقەت کە شۆڕشی زیهنییەت و شێوازی ژیانە پەرەپێبدەین. کۆتا بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لە بنەڕەتدا بانگەوازی بەهێزتر خاوەنداری کردنە لە ٨ـی ئادار و نەورۆز و بە جۆشێکی گەورە پیرۆزی بکەن. لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و گەنجان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستییەکانی جێبەجێ بکەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ٨ـی ئادار ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و گەنجان، گەلی خۆمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەمووان دەکەین کە بە ڕۆحی ٨ـی ئادار و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی ڕێبەرێتی بکەن و لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی ئازادیی گەش بکەن!

بژی پێشەنگی قارەمانی گەلەکەمان پەکەکە!

“بژی ڕێبەر ئاپۆ!”“
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand