"ئەپیكور" رەتیدەكاتەوە ئەمڕۆ دەست بە هەناردەی نەوت بكاتەوە

2025-02-28 10:35:35
(درەو):
سەرباری هۆشداریدانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، وەزارەتی نەوتی عێراق بەبێ گوێگرتن لە خواستی كۆمپانیا بیانییەكان، دەیەوێت ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپیبكاتەوە، كۆمپانیاكانیش رەتیدەكەنەوە.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە "ئەپیكور" ناسراوەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە. ئەپیكور رایگەیاند" وەكو ئەوەی چەندین جار رونمانكردوەتەوە، كۆمپانیاكانی ئەندامی ئەپیكور ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەگەر هاتوو رێككەوتنی فەرمی كرا بۆ گەرەنتیكردنی پێدانی پارەی هەناردەی پێشوو و ئایندەی نەوت، بەوجۆرەی كە هاوتایە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییەكانی گرێبەستەكانی ئێستاماندا".
ئەپیكور پێكهاتووە لە (8) كۆمپانیای بیانی لە كەرتی نەوت و غازی كوردستان كە ئەمانەن (DNO-GENEL ENERGY-GKP-HKN-SHAMARAN-HUNT OIL-WESTREN ZAGROS-MOL)
"تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەبارەی مەرجە یاسایی و بارزگانییەكانی گرێبەستەكانمان نییە، بۆیە كۆمپانیاكانی ئەپیكور هیچ رێككەوتنێكیان نییە بۆ ئەوەی ئەمرۆ هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە" راگەیەندراوی كۆمەڵەی پیشەسازی كوردستان وا دەڵێ.
ئەم راگەیەندراوەی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان وەڵامدانەوەی راگەیەندراوی ئەمڕۆی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراقە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە چەند كاتژمێری ئایندەدا.
رۆژی 26ی ئەم مانگە (ماركۆ رۆبیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كرد، داوای لە سودانی كرد هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێبكاتەوەو حكومەتی عێراق باپەند بێت بە گرێبەستی كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە، بەڵام وادیارە هێشتا كۆمپانیاكان قایل نین بەوشێوەی ئێستا دەست بە هەناردەی نەوت بكەنەوە.
بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆو لە هەنگاوی یەکەمدا، كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت، تاوەکو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێدراوە (لە بودجەدا باس لە رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە كراوە، وەزارەتی نەوت 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەی بۆ هەناردەكردن دیاریكردووە) .
