بە 185 هەزار بەرمیلی رۆژانە هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێدەكاتەوە
.jpg)
2025-02-28 09:58:38
(درەو):
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق، لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەری "خۆر ئەلزوبەیر" لە پارێزگای بەسرە، ڕایگەیاند : لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنین.
بە وتەی وەزیری نەوتی عیراق لە هەنگاوی یەکەمدا، سۆمۆ ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەفرۆشێت تاوەکوو هەنگاو بە هەنگاو دەگاتە ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ دراوە .
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان مانگی رابردوو رایگەیاند: لەو ماوەیەی كە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، ئەو زیانەی بەر حكومەتی عێراق و هەرێم كەوتووە زیاتر لە 22 ملیار دۆلار بووە".
رۆژی 25ی ئازاری 2023، بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس لەسەر سكاڵایەكی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.
