راپۆرت: درهو وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی ههرێم لهناو بهرنامهیهكی (ئێكسڵ)دا پرۆسه داراییهكانی نهوتی ههڵگرتووهو بهشێوهی دهفتهریی تۆماری نهكردووه، خهرجی بهرههمهێنانی كارهبای تێكهڵ به بهرههمهێنانی نهوت كردووه، پارهی بۆ خزمهتگوزاری پرۆفیشناڵ تهرخانكردووهو ناڵێ چ جۆره خزمهتگوزارییهكه، زیاتر له 10 ملیۆن بهرمیل نهوتی به كۆمپانیاكانی (كار)و (لاناز) داوهو وهكو داهات تۆماری نهكردووه، راپۆرتی هاوبهشی وردبینی ههردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ههرێم وا دهڵێن. زانیاری زیاتر لهم راپۆرتهدا. وردبینی نهوتی ههرێم ئهنجامی وردبینی هاوبهشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ههرێم بۆ (داهات و خهرجی)یهكانی ههرێمی كوردستان لهماوهی 1/1 بۆ 30/6/2023 ههندێك وردهكاری نوێ لهبارهی دۆسیهی نهوتی ههرێم دهردهخات. دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ رۆژی 13ی شوباتی ئهمساڵ، له وهڵامی پرسیارێكی (سۆران عومهر) ئهندامی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق، وردهكاری كاری هاوبهشی خۆی بۆ وردبینیكردن له داهاتی نهوتی و نانهوتیی ههرێمی كوردستان لهماوهی 1/1 بۆ 30/6/2023 خستوهتهڕوو. وردبینی له داهاتی نهوت بهگوێرهی وردبینییه هاوبهشهكهی ههردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و چاودێری دارایی ههرێم، لە بواری نەوتدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ههرێم ھیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی نەداوە بە لیژنە هاوبهشهكه، واتا ئەو گرێبەستانەی كه سامانه سروشتییهكان لەگەڵ کەرتی تایبەت کردویەتی پەیوەست بە کەرتی نەوت و وزە. بۆ شهش مانگی یهكهمی ساڵی 2023، لیژنهی هاوبهشی وردبینی، تهرازووی پێداچوونهوه (میزان المراجعه) مانگهكانی (4و 5و 6)ی ههرێمی كوردستانی لهلایهن وهزارهتی دارایی ههرێمهوه پێنهدراوه. راپۆرتی هاوبهشی چاودێری دارایی دهریدهخات، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ههرێم دوو حسابی تێكهڵ كردووه، حسابی بهكارخستن و حسابی چالاكی نهوتی خاو و بهرههمه نهوتییهكان و غاز، چاودێری دارایی تێبینی لهسهر ئهمه ههیهو دهڵێ دهبێت حسابی بهكارخستنی وهزارهت لهگهڵ حسابی تایبهت به چالاكی بهرههمهێنانی نهوت و بهبازاڕخستنی نهوتی خاو و بهرههمه نهوتییهكان و غاز له یهكتر جیابكرێنهوه بۆ ئهوهی بتوانرێت چاودێری و كۆنترۆڵ بكرێت. نهوتی ههرێم لهناو Excelدا راپۆرتهكه دهریدهخات، له تۆماركردنی پرۆسه داراییهكانی تایبهت به نهوت و بهرههمه نهوتییهكان و غازدا، له ههرێمی كوردستاندا پشت به سیستهمی ژمێریاری نهبهستراوهو وهزارهتی سامانه سروشتیییهكان خهرجی و داهات و قهرزهكانی لهسهر بهرنامهی (Excel) تۆماركردووهو نهك بهشێوهی دهفتهریی. ژماره حسابییهكانی نهوتی ههرێم راپۆرتی هاوبهشی دیوانی چاودێریی دهریخستووه له مانگی یهكی 2023دا، وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی ههرێم حسابی له (5) بانك ههبووه، یهكێك له حسابهكان له (بانكی ئهبوزهبی ئیسلامی) بووه، وهزارهتی سامانه سروشتییهكان ئاماده نهبووه باڵانسی ناو ئهو ژماره حسابییانه به چاودێری دارایی بدات. دوای بهركاربوونی یاسای بودجهی عێراق له كۆتاییهكانی حوزهیرانی 2023دا، ئیتر داهاتی نهوتی ههرێم (ئهگهر ههنارده دهستیپێكردهوه) دهبێت راستهوخۆ بگهڕیتهوه بۆ ژماره حسابی وهزارهتی دارایی عێراق له بانكی فیدراڵ، واتا له یاسای بودجهدا داهاتی نهوت له حكومهتی ههرێم سهندرایهوه، لهپاڵ ئهمهدا بۆ حساباته نهوتییهكانی تریش، بههۆی ئهوهی یاسای بودجه بۆ تهواوهی ساڵی دارایی 2023 دهبێت، بۆیه ئهبێت له سهرهتای ساڵی 2023وه حكومهتی ههرێم به پێوهرهكانی یاسای بودجهی فیدراڵ مامهڵه بكات. تێكهڵكردنی خهرجی نهوت و كارهبا راپۆرتی چاودێری دارایی باسلهوه دهكات، لهسهرهتای ساڵهوه تاوهكو 31ی ئازاری 2023، باڵانسی حسابی بهشداریكردن له بهرههمهێنانی نهوتی خاو له ههرێم گهیشتوهته زیاتر له (ملیارێك و 487 ملیۆن) دۆلار، چاودێری دارایی تێبینی كردووه لهناو ئهم حسابهدا ههندێك بڕی پاره ههن كه پهیوهندییان به خهرجی بهرههمهێنانی نهوتی ههرێمهوه نییه، لهوانه: • زیاتر له 92 ملیۆن دۆلاری خهرجی كۆمپانیاكانی كهرتی تایبهت (كۆمپانیای ماس و كۆمپانیای كار) بۆ بهرههمهێنانی وزهی كارهبا، وهكو ئهوهی لهم خشتهیهدا هاتووه: • نزیكهی (7 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیاكان تایبهت به خهرجی گواستنهوهی بهرههمه نهوتییهكان بۆ وێستگهكانی كارهبا له مانگی ئازاری 2023دا. • بڕی (568 و 980) دۆلار له مانگی كانونی یهكهمی 2023دا بۆ خهرجی (خزمهتگوزاری پرۆفیشناڵ) بهبێ روونكردنهوهی جۆری خزمهتگوزارییهكه. • بڕی زیاتر له (143 ملیۆن) دۆلار له مانگی شوباتی 2023دا بۆ گهڕاندنهوهی پارهی نهختینه بۆ كۆمپانیای (Trafigura LTD Limited)ی ئیتاڵی لهبهرامبهر گرێبهستی فرۆشتن له داهاتوودا، گرێبهستێك كه له ساڵانی پێشوودا كراوه. • بڕی زیاتر له (131 ملیۆن) دۆلار بۆ كڕینی ماددهیهك بهمهبهستی تێكهڵكردنی لهگهڵ نهوتی خاوی ههناردهكراوی ههرێم و ههروهها كڕینی غازی وشك له كۆمپانیای پێرل پترلیۆم بۆ كۆمپانیاكانی وهبهرهێنانی كارهبا (كهرتی تایبهت). • بڕی زیاتر له (84 ملیۆن) دۆلار بۆ خهرجی تێچووی بهرههمهێنانی نهوتی خاوی ههرێم له ساڵانی رابردوودا بۆ ههردوو كۆمپانیا كه له خشتهكهدا دیاریكراوه: داهاتێكی نادیار!! راپۆرتی چاودێری دارایی دهڵێ: لەناو داھاتە نەوتییەکانی ههرێمی كوردستاندا ئەو داھاتەی نەوتی خاوی تێدا نەبوو كه له شهش مانگی یهكهمی 2023دا بە پاڵاوگەکان دراوه. راپۆرتهكه ئاماژهی بهوهكردووه، لهو شهش مانگهدا بڕی (10 ملیۆن و 200 ههزارو 524) بهرمیل نهوتی خاو به پاڵاوگهكانی كۆمپانیای (كار)و (لاناز) دراوه كه بههاكهی زیاتر له (309 ملیار) دیناره. 500 ههزار بهرمیل كهمتری لێداوه ! راپۆرتی چاودیری دارایی باس له بڕی ههناردهی نهوتی ههرێمی كوردستان دهكات بۆ بهندهری جهیهانی توركیا، له سهرهتای 2023وه تاوهكو راگرتنی ههناردهی نهوت له 25ی ئازاری 2023دا. بەگوێرهی ئەو داتایهی كه وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ههرێم پێشكهشیكردووه، لهو ماوهیهدا ههرێم بڕی (23 ملیۆن و 194 ههزارو 426) بهرمیل نهوتی ههنارده كردووه، بهڵام بهڵگهی كۆمپانیای بهبازاڕخستنی نهوتی عێراق "سۆمۆ" دهریدهخات بڕی ههناردهكراوی نهوتی ههرێم لهو ماوهیهدا (32 ملیۆن و 728 ههزارو 324) بهرمیل بووه، واتا ههرێم بڕی (533 ههزارو 898) بهرمیل كهمتری حساب كردووه كاتێك داتای خۆی پێشكهش به چاودێری دارایی كردووه. ههرێم به كهمتر فرۆشتویهتی ! بهگوێرهی راپۆرتی هاوبهشی چاودێری دارایی، بهر له راگرتنی ههناردهی نهوتی ههرێم له 25ی ئازاری 2023دا، له مانگی یهكی 2023دا وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی ههرێم ههر بهرمیلێك نهوتی بۆ بازاڕی ئهوروپا به بڕی (66 دۆلارو 559 سهنت) فرۆشتووه، ههمان مانگ، كۆمپانیای سۆمۆ نهوتی عێراقی له بهندهری جهیهانی توركیاوه بۆ بازاڕی ئهوروپا به بڕی (82 دۆلارو 777 سهنت) بۆ ههر بهرمیلێك فرۆشتووه، واتا ههرێمی كوردستان له ههمان بهندهرو بۆ ههمان بازاڕ (ئهوروپا) ههر بهرمیلێك نهوتی به بڕی (16 دۆلارو 218 سهنت) كهمتر له عێراق فرۆشتووه. له مانگی دووی 2023دا، حكومهتی ههرێم بهرمیلێك نهوتی به (70 دۆلار) فرۆشتووه، ئهمه لهكاتێكدا بووه سۆمۆ به (82 دۆلارو 486 سهنت) فرۆشتویهتی، واتا ههرێم به بهراورد به عێراق به كهمتر له (12 دۆلارو 48 سهنت) نهوتی خۆی فرۆشتووه. له مانگی سێی 2023دا واتا تا 25ی ئازار كه ههناردهی نهوت بهردهوام بووه، ههرێم ههر بهرمیلێك نهوتی خۆی به بڕی (65 دۆلارو 748 سهنت) فرۆشتووه، ئهمه لهكاتێكدا بووه كه سۆمۆ بهرمیلێكی به (78 دۆلارو 56 سهنت) فرۆشتووه، واتا لهم مانگهشدا ههرێم به بهراورد به عێراق ههر بهرمیلێك نهوتی خۆی به (12 دۆلارو 812 سهنت) كهمتر فرۆشتووه. بهگشتی بۆ سێ مانگی یهكهمی سهرهتای 2023، بهبهراورد به عێراق، بهشێوهیهكی گشتی ههرێمی كوردستان نهوتی خۆی بهمجۆره فرۆشتووه: * له مانگی یهكی 2023دا ههرێم به بڕی (187 ملیۆن) دۆلار نهوتی خۆی به كهمتر له نهوتی عێراق فرۆشتوه. * له مانگی دووی 2023دا ههرێم به بڕی (150 ملیۆن) دۆلار نهوتی خۆی به كهمتر له نهوتی عێراق فرۆشتوه. * له مانگی سێی 2023دا ههرێم به بڕی (109 ملیۆن) دۆلار نهوتی خۆی به كهمتر له نهوتی عێراق فرۆشتوه. سامانه سروشتییهكان چهند قهرزاره ؟ راپۆرتی هاوبهشی چاودێری دارایی عێراق دهریدهخات ئهو قهرزانهی كه كهوتونهته سهر شانی وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی ههرێمی كورستان تاوهك رۆژی 31ی ئازاری 2023 بڕی (8 ملیارو 733 ملیۆن) دۆلار بووه، كه به دیناری عێراقی دهكاته (12 ترلیۆن و 648 ملیار)، وا باسكراوه كه بڕی (12 ترلیۆن و 238 ملیار) دیناری ئهم قهرزه بۆ ساڵانی پێشتر دهگهڕێتهوهو بهمشێوهیه: • بڕی (111 ملیارو 960 ملیۆن) دیناری كرێی گواستنهوهو عهمباركردنی بهرههمه نهوتییهكان بۆ كۆمپانیاكانی بهرههمهێنانی كارهبا لهماوهی ساڵانی 2015 بۆ 2022. • بڕی (5 ترلیۆن و 310 ملیۆن) دینار پارهی وهرگیراوی پێشهكی له كڕیارانی نهوت. • بڕی (302 ملیارو 510 ملیۆن) دینار بۆ كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم بهمهبهستی بهرههمهێنانی غاز بۆ كارهبا. • بڕی (ملیارێك و 4 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیای (KNOC)ی كۆری وهكو قهرهبووی كشانهوه له سازشكردن له مافهكانی تێچوونی دهرهێنانی نهوت. راپۆرتهكه دهڵێ حكومهتی ههرێم بهمجۆره قهرزهكانی خۆی له كهرتی نهوتدا دهداتهوه:
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) گومان لەوەدا نییە لە رۆژگارێکی سەختدا دەژین، سەردەمێک پڕ لە هەڵبەز و دابەزیی مێژوویی و پشێوی سیاسیی هەمەجۆر و لەدەستدانی دڵنیایی و ئارامیی. رۆژانەش دەبینین هێزی سیاسیی ناشیرین و نائومێدکەر لە دایکدەبن و ڕۆشنبیر و خوێندەواری فرەمەشرەبیش، زیاتر و زیاتر دەکەون. ئینجا بڵاوبوونەوەی بیماریی سەلەفیی دینیی و تۆقاندنی مرۆڤ بە خودایەک جگە لە چەند گروپێکی سەلەفیی کەم، ھەموو مرۆڤایەتی لەناو ئاگر و ”سعیر“ی جەھەنەمدا دەسوتێنێت. مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایە لەناو دەنگی چەک و گرمەی میلیشیای تایبەتدا، لەناو حوکمڕانیی و دەوڵەتی فاشیل و بڕێکی گەورە لە پیلانی ناوەکیی و دەرەکییدا، لە سایەی دڵرەقیی و بێڕیزیکردنێکی کەموێنە بە مرۆڤدا، چاودەکاتەوە و دەژیی. ئەم ژیانە یان لە بەردەمی مەترسی کوشتندایە لە ڕێگای درۆنەوە، یان بەھۆی دەستگرتن بەسەر ئەو لانیکەمەی بژێویدا کە بۆ مانەوەی خۆی و ماڵ و منداڵی، پێویستن. زەلیلکردنی حوکمڕانەکان بۆ کۆمەڵگا و زەلیلکردنی بەھێز بۆ کەمتربەھێز، زەلیلکردنی ئەم دەزگا بۆ ئەویتر و ئەم شار بۆ ئەویتریان، ئاکاری ئەو سیستمانەیە کە دروستکراون. قۆرخکردنی ھەمووشتێک کە بکرێت قۆرخبکرێت ژێرخانی ئەو تەماحە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەیە کە دروستبوون و کۆی دەرکەوتە جیاوازەکانی ژیان ئاراستەدەکەن. ئینجا سەروەرکردنی زمانی تۆمەتبەخشین و شکاندنی ھەموو شتێک لە ھەموو شوێنێکدا، لە سۆشیال میدیاوە بۆ زمانی وتەبێژی حکومەت. گاڵتەکردنێکی ھەمەلایەنە و بەرفراوانیش بە کاری فیکریی و شیکردنەوەی زانستییانەی کۆمەڵگا و دیاردەکان، بە تایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کە بڕیاریان بەدەستە. پڕکردنەوەی ئەم نووقسانییە گەورەیەش بە سایکۆلۆژیایەکی نارسیستیانەی بیمار کە خودی وڵاتەکە و دانیشتوانەکەشی وەک موڵک و ماڵی شەخسی دەبینێت و مامەڵەدەکات. ھەموو ئەم ستەمگەرییە ناوەکییە فرەشێوەیە، تێکەل بە خەونی ئیمپراتۆریەتییانەی دراوسێکان و سەرلێشێوان و پێکدادانی گەمەکەرە جیاوازەکانی ناو نەزمێکی جیهانی نوێ کە لە قۆناغی لەدایکبووندایە. هاوشان بەمانە ئامادەگی فەوزایەکی فیکریی و تیوریی گەورە، غیابی مەنهەج و چەمک و مەرجەعیەتی فیکریی گونجاو بۆ بینینی ئەم کێشانە و کارکردن بۆ بەرھەمھێنانی فیکرێک بتوانێت دەرەقەتی تەحەداکانی ئەو کێشە گەورانە بێت. بە کورتییەکەی ئەوەی دەیبینین ژینگە و دونیایەکی پڕ لە تاوان و ئیھانەکردن بە مرۆڤ و زەلیلکردنێکی بەردەوامی یەکترییە، تێکەڵ بە نەوەیەک لە سیاسیی دز و جەردە و بێپرنسیپ، ئینجا نەوەیەک لە دینداری جنێوفرۆشی بەناوی خوداوە قسەکەر و حوکمدەر، لە کۆتاییشدا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیریی بێپرنسیپ و یاریکەر. خاڵی ھاوبەش لە نێوان ھەموو ئەم لایەنانەدا بریتییە لە نارسیزم، نارسیزمێکی بیمار وادەکات ھەر یەکێکیان خولیای دروستکردنی لەشکرێک لە سەدا و کۆپی و شێوازی بیکردنەوە خۆی لە ھەمووشوێنێکدا، بێت. نارسیزمێک جگە لە گەڕان بەدوای ئیعجابدا ھەڵگری ھیچ خەون و خواست و داخوازییەکی دیکە نەبێت. لەمەشدا ئامادەبێت پێ بە ھەموو پرنسیپ و ئەخلاقیەتێکدا بنێت کە ژیانی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی پێویستیی پێیەتی. دیوی دووھەمی ئەم نارسیزمە بیمارە. بریتییە لە خودنەفرەتیەکی ھەمەلایەن، رقبوونەوەیەکی تایبەت کە تیایدا ئەو خودە نارسیستییە، نەفرەت لە ھەمووشتێک دەکات، لە وێنە گریمانکراوەکەی خۆی نەچێت و وەک خۆی نەبێت. بە تایبەت نەفرەت لەو کۆمەڵگا و ژینگەیەی لەناویدا دەژیی و کەسایەتییە نارسیستیەکە ناتوانێت بیگڕێت بۆ سەدایەک لە سەداکان و کۆیپییەک لە کۆییەکانی خۆی. ئەوەی لەم ناوەندەدا غائیبە ئەو پەیوەندییە تەندروستەیە کە پێویستە لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و حوکمڕانان و خەڵک و بەشە جیاوازەکانی ناو یەک کۆمەڵگادا، دروستببێت. پەیوەندییەک مرۆڤ تیایدا ببێت بە ھاوڵاتییەکی خاوەن ماف، وردتر بدوێین مرۆڤبوونی تەرجەمەبکرێت بۆ ھاوڵاتیبوون، ھاوڵاتیبوونیش وەک یەکەیەکی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیاریەت و خاوەن سەربەخۆیی رێژەیی خۆی. ئاخر ئەوەی هاولاتی بە حوکمرانانەوە و بەو ژینگە کۆمەڵایەتییە گریئەدات کە لەناویدا دەژیی، کۆمەڵیک ماف و کۆمەڵیک ئەرکە، مافی یەکسان بۆ ھەرکەسێک و بەرپرسیاریەتی یەکسان لەسەر شانی ھەر کەسێک. ئەوەی ھاوڵاتی بە حوکمڕانەکانەوە گرێئەدات نە ترسە، نە خێرپێکردنە، نە منەتە، نە پەیوەندی ئاغا و مسکێنە، نە راعی و رەعیەتە، نە گەورە و بچووکە، نە موقەدەس و ناموقەدەسە، بەڵکو کۆمەڵێک ماف و کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی ھاوبەشە. ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە دەستەبەرکردنی کۆمەڵێک مافە کە بەبێ ئەوان ناتوانین نەک تەنها پێشبکەوین و لەو پێگە مێژووییە خراپەی خۆماندا نەچەقین، بەڵکو دەشێت لەناوبچین و نەمێنین. دەشێت ئەو مافانە بەم شێوەیە ریزبەندبکەین. یەکەم، مافە ئابورییەکان. ئەمەش دەبێت ناونیشانێکی گشتیی بێت بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامانی نیشتیمانیی و نەتەوە، دابەشکردنەوەیەکی دادەپەروەرانە و بەویژدانانە ئاراستەی بکات. کە باس لە دادپەروەریی دەکەم باس لە ڕێزگرتنی ئەو نەوانەش دەکەم کە لەدایکنەبوون و پاراستنی ئەو ژینگەیەش کە لانکی سروشتیی مرۆڤە. ئەو ئابورییەی لە ئێستادا لە دونیای ئێمەدا سەروەرکراوە بەردەوام دووجۆر بێئیش دروستدەکات. یەکەمیان بێئیشێکە کە دەبێت بە ملیۆنێر و ملیاردلێر، ئەمانە ئەو بێئیشانەن کە سەر بە خێزان و بنەماڵە و نوخبە حوکمڕانەکانن. دووھەمیان بێئیشێکە کە توانای دابینکردنی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی نایەت، ئەمەش بەشێکی گەورەی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە، بە تایبەتی نەوە گەنجەکان. دووھەم؛ مافە سیاسییەکان. خاڵی ھەرەسەرکی لێرەدا گەورەکردنی بازنەی ئازادییەکان و رەخساندنی ھەل و دۆخی بەشداریکردنی سیاسییە. ئەمەش لەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، بەر لە ھەمووشتێک، مانای رزگاکردنی سیاسەتە لەو ھەموو ئاکار و تۆمەتە ناشیرینانەی ئەمڕۆکە دەدرێتە پاڵی و یەکسانکردنی بە دەسەڵاتپەرستیی و دزیی و جەردەیی و خراپەکاریی و گەمژەیی. خاڵی سەرەکیش لە گەڕاندنەوەی نرخ و بەھا بۆ سیاسەت وەک یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی مرۆڤ لە جیھاندا، دیسانەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بریتییە لە دروستکردنی ھەل و ئەگەری ڕاستەقینەی دەستگۆرکێی دەسەڵاتی سیاسیی. ئینجا ڕزگارکردنی سیاسەت لەو قۆرخکردنە خێزانیی و بنەماڵەییەی وەک لەعنەتێکی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە. سێھەم، مافە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەشیان کۆی ئەو مافانە دەگرێتەوە کە پابەستن بە پیادەکردن و دابینکردنی ”دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی“ و ”فەرهەنگیی“ەوە لەناو کۆمەڵگا خۆیدا. خاڵی سەرەکیش لەمەدا بریتییە لە داننان بە جیاوازییەکان و پاراستن و ریزگرتنیان لەناو کۆمەڵگادا. ئەمەش لە ئاستە کردەییەکەیدا مانای لابردنی زوڵمە کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و ئەتنیی و دینییەکان لەسەر ھەموو ئەوانەی کە جیاواز بیردەکەنەوە و جیاواز دەژین، لەسەر ژنان و ئەوانەیتر کە لە پێگەی کەمینەی دینیی و نادینیی و کۆمەڵایتی جیاوازدان. دابینکردنی ئازادیی بیرکردندنەوە و نووسین و ڕادەربڕین، ئازادیی ویژدان و رەخنەگرتن و لێپرسینەوە لەوانەی ئەم مافانە پێشێلدەکەن. پرۆژەی دابینکردنی ئەو مافە سەرەکییانە کە باسمکردن، سەرچاوەکانیان، رەگوڕیشە فەرھەنگییەکانیان، گرنگ نییە چین و لە کوێوە دێن. چۆن پێناسەدەکرێن و دەدرێنە پاڵ کام ئایدیۆلۆژیا و جیھانبینیی تایبەت، گرنگ ھەستپێکردن و بوونی ئیرادە و خواستی پیادەکردن و سەروەرکردنی ئەو مافانەیە. کەسانێک ھەن ئەم پرۆژەیە دەدەنە پاڵ خۆرئاوا، کەسانێکی تر دەیبەستنەوە بە ئیسلامەوە، کەسێکی دیکە وەک پرۆژەیەکی لیبرال سەیریدەکات، یەکێکی تر پێیوایە مۆدێرنەیەکەی ناکاپیتالیستییە، ھتد.. ھەموو ئەم ناونانە کاتێک مانایەکیان دەبێت کە کار و پرۆژەی مێژوویی ڕاستەقینە لە ئارادابن بۆ پیادەکردنیان. ئەوەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا دەیبینین غیابی تەواوەتی ئەو بکەرانەیە کە ھەڵگری پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بن. ئەوەی ھەیە ململانێیەکی ناشیرینە لەسەر دەسەڵات، لە کۆمەڵگایەکەدا، باوەڕی بە ھیچ یەکێک لە بکەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان نەماوە. کۆمەڵگایەک گیری بە دەست چەند نوخبەیەکی نارسیستیی بیمارەوە خواردوە.
د. هێمن هەورامی * دادگای دەستوری، بەگشتی، لە هەموو دەوڵەتێکدا، باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە و بڕیارەکانی كۆتایی و بنبڕن و تانەیان لێنادرێت، بەڵام لە وڵاتە فیدڕاڵییەكاندا، ئەم دادگایە لەلایەك پارێزەری سەرەكی سیستەمی فیدڕاڵییە، لەلایەكی دیكەشەوە گەرەنتی كارایی، بەردەوامی و سەركەوتنی سیستەمە فیدڕاڵییەكەیە دەكات. بە مانایەكی دیكە، ئەم دادگایە بۆ هەر سیستەمێكی فیدڕاڵی ، ئەگەر لە ڕێچكە و چوارچێوەی كارەكانی لانەدات، دەبێتە كۆڵەكەیەكی پتەوی سەركەوتنی سیستەمەكە، بە پێچەوانەشەوە، كاتێك دەبێتە ئامرازێكی سیاسی و تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان دەبێت، یان دەكرێت، ئیتر دەبێتە ئامرازێكی مەترسیدار و بنكۆڵی كۆی پرۆسەكە دەكات و دووریش نییە سەرەنجام، سیستەمەكە داتەپێنێت، چونكە خودی سیستەمی فیدراڵی لەسەر هاوسەنگیەكی وورد و هەستیار بونیاد نراوە كە لایەنە بەشداربووەكانی بەدانوستان و ڕێكەوتن پێی گەیشتوون و لەنێو دەستوردا جێگیركراوە. نموونەی بەرچاوی ئەزموونە سەركەوتووەكانی دادگا دەستورییەكان لە وڵاتە فیدڕاڵییەكان زۆرن، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە مەترسییەكانی نموونە پێچەوانەكەیە، كە دەكرێت ئەزموونی ئێستای عێراق دیارترینیان بێت، چونكە ئەم دادگایە، وێڕای ئەوەی خۆی دەستوری نییە و بەپێی بنەما بەركارە دەستورییەكان دروست نەبووە، لە ئێستادا وەك ئامرازێكی سیاسیی لە ڕێچكە و ڕێڕەوە دیاریكراوەكەی خۆی لایداوە و وەك ئامرازێكی شكاندنی ڕكابەرەكان لە ململانێ سیاسییەكان كار دەكات. پاشخانی دادگای دەستوریی و فیدڕاڵی لە عێراقدا لە عێراق، یەکەم دادگای دەستوری لە ماددەكانی (81-87) ـی دەستوری ساڵی ١٩٢٥ــدا دەقنوسکراوە و پێكهێنرا. دادگاكە، وەك دامەزراوەیەکی سەربەخۆ لە عێراقدا کاری کردووە تا ئەوکاتەی سەربەخۆیی خۆی لەدەستدا کاتێک لەساڵی ١٩٧٩ ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بە وەزارەتی دادەوە لکێنرا و لە سەردەمی دیكتاتۆرییەتیشدا هیچ پێگە و بەهایەكی نەما. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ـیشەوە دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان لێژنەیەکی باڵایان پێک هێنا بۆ پێداچونەوە بە کاروباری دادگاکان و دادوەرەکان و کردنەوەی دەرگای نوێی دامەزراندنی دادوەران و دورخستنەوەی ئەو دادوەرانەی کە ئینتیمایان بۆ بەعس هەبوو. بەمەش (20%)ـی دادوەرانی عێراقیان دوورخستەوە و سەرلەنوێ دەرگای دامەزراندنی دادوەران کرایەوە، هەروەها پێکهاتەی دادگاکانیش گۆڕان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی سەربەخۆیی خۆی وەرگرتەوە و لە وەزارەتی داد جیا کرایەوە. دواتر ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە فەرمانی ژمارە(٣٥) لە ساڵی ٢٠٠٣ ـی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان دروستکرا و بۆ ماوەیەکی زۆر دادوەر (مەدحت مەحموود) سەرۆکایەتی دەکرد . پاش دروستبوونی ئەنجوومەنی حوکم و دەرچوونی یاسای كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ( Transitional Administrative Law – TAL ) و چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵی، بەپێی بڕگەكانی ماددەی (44)ـی یاساكە دەبوا دادگایەكی دەستوری، وەك بنەمایەكی سیستەمی فیدڕاڵی، دروست بكرێت. بە فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانان، حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی (ئەیاد عەللاوی) فەرمانی تەشریعی ژمارە (٣٠) ساڵی٢٠٠٥ بۆ پيکهینانی دادگای باڵای فیدراڵی دەرکرد. پاشان دادگاكە بە سەرۆكایەتی دادوەر (مەدحەت مەحموود) پێكهێنرا. كاتێك ئەم دادگایە پێكهێنرا، گفتوگۆكانی نووسینەوەی دەستوری هەمیشەیی دەستیان پێكردبوو. پاش 10 مانگ لە دروستبوونی دادگاكە ، دەستوری هەمیشەیی عێراق ڕاپرسی لەسەر كرا و پەسەند كرا. لەم دەستورەدا، دیسانەوە بەگوێرەی ماددەی (92) داوا كرابوو كە دەبێت دادگایەكی فیدڕاڵی بە یاسایەكی تایبەت دروست بكرێت و دەرچوواندنی یاساكەش پێویستی بە 2 لەسەر 3 ـی دەنگی پەرلەمان هەیە. بە مانایەكی دیكە، دەستوری هەمیشەیی بواری بە بەردەوامبوونی كاری دادگا فیدڕاڵییەكەی كە بەگوێرەی فەرمانی ژمارە (30) پێكهێنرابوو، نەداوە، چونكە ئەگەر وا بوایە و نیازی دەستوردانەرانی هەمیشەیی عێراق ئەوەبوایە كە ئەو دادگایە لە كارەكانی بەردەوام بێت، ئەوا بۆ نموونە، هاوشێوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق كە پێش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی دروست كرابوو، بەگوێرەی ماددەی (134) دەستورەكە ڕاشكاوانە هاتووە كە دادگاكە لە كارەكانی بەردەوام دەبێت، ئاوهاش دەگوترا كە دادگای فیدڕاڵی لە كارەكانی بەردەوام دەبێت. كەواتە بەپێی ماددەی 92 دەبوا سەرلەنوێ و بەپێی یاسایەك ( كە تا ئێستاش دەرنەكراوە) دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ قۆناغی دەستوری هەمیشەیی پێك بهێنرایە. كە ئەوەش نەكرا، ئیدی بنەمای دەستوریبوون بۆ درێژەدان و بەردەوامیدان بە دادگا فیدڕاڵییە كۆنەكە، بوونی نەما و بەمەش ناسنامەی دەستورییبوونی دادگاكە لەدەست درا. پاش قەیرانە سیاسییەكانی تشرینی 2019 و كەوتنی كابینەكەی (عادل عەبدولمهەدی)، دادگای فیدڕاڵی بەهۆی خانەنشینبوونی دادوەر (فارووق سامی) و پاشانیش كۆچی دوایی دادوەر (عەبوود تەمیمی ) تووشی پەككەوتن و سڕبوون هات، چونكە بەپێی فەرمانی ژمارە (30) دەبوا دادگا بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی كۆ ببێتەوە. بەهۆی مشتومڕیش لەبارەی میكانیزمی پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكان نەدەتوانرا شوێنی ئەو دوو دادوەرە پڕ بكرێتەوە. وەك میكانیزمێك بۆ كۆتاییهێنان بە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكان بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە خەڵك درا، بەڵام بەهۆی پەككەوتنی دادگای فیدڕاڵییەوە نەدەتوانرا ئەنجام بدرێت، چونكە بەپێی بڕگەی حەوتەمی ماددەی (93)ـی دەستور، دەبێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند بكرێت. هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی بەپێی ڕێككەوتنی سازانی لایەنەكان سەریان نەگرت. سەرەنجام لە 18/3/2021ـدا و بە زۆرینەی سادە و بە دەنگدانی 204 ئەندامی پەرلەمان و بەپێی یاسای ژمارە (25)، هەمواری فەرمانە تەشریعییەكی ژمارە (30) ساڵی 2005 كرا. بەمەش هێندەی دیكە نادەستوریبوونی دادگاكە تۆختر كرایەوە. ئەمەش لەبەر ئەو هۆكارانەی كە دەیخەینە ڕوو. ئارگیۆمێنتە حاشاهەڵنەگرەكانی نادەستوریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بە پشتبەستن بە خستنەڕووی ئەو پاشخانەی سەرەوە، بەشێوەیەكی حاشاهەڵنەگر، دەردەكەوێت كە ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی بنەمای دەستوری نییە و نادەستورییە، لەبەر ئەوەی: 1. ئەم دادگایە بەپێی فەرمانێكی تەشریعی ژمارە (30) ساڵی 2005 دامەزرێنراوە و بۆ قۆناغی پێش دەستوری هەمیشەیی عێراق بووە، چونكە دەستوری هەمیشەیی بەردەوامبوونی دادگاكەی جێگیر نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەپێی ماددەی (92) داوای دەرچواندنی یاسایەكی تایبەتمەندی كردووە بۆ دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵی بۆ قۆناغی هەمیشەیی. هاوكات، ئەو ماددەیەشی (ماددەی 44)ـی یاسای ئیدارەی دەولەت ی هەڵوەشاوە، بەپێی حوكمی ماددەی 143 ـی دەستوری هەمیشەیی هەڵوەشێنراوەتەوە، چونكە دەستوری هەمیشەیی تەنها حوكمی ماددەكانی (53 و 58)ـی لە یاسای كاتیی هێشتووەتەوە. وەك باسیش كرا بۆ بەردەوامی دامەزراوەكانی پێش دەستوری هەمیشەیی، جگە لە ناساندنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها بەگوێرەی ماددەی (134) بڕیاری بەردەوامبوونی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی داوە. 2. یاسایەكی تایبەت بەگوێرەی ماددەی 92 ـی دەستور بۆ دادگای فیدڕاڵی دەرنەچوێنراوە، هەمواركردنەوەی فەرمانی ژمارە (30)ـیش لەساڵی 2021دا تەواو پێچەوانەی دەستور و تەنانەت پێچەوانەی بڕیاری خودی دادگاكەشە، چونكە وەك ئاماژەی پێكراوە، دەستور داوای دەرچواندنی یاساكەی بە زۆرینەی 2 لەسەر 3 ـی پەرلەمان كردووە. یاسایەكیش كە ئەو ڕێژەیەی بۆ دیاریكرابێت، هەمان ڕێژە بۆ هەمواركردنەشی پێویستە. بەڵام وەك باسكرا، بە زۆرینەی سادە فەرمانە تەشریعییەكە هەموار كرایەوە. لەلایەكی دیكەشەوە، خودی دادگاكە خۆی بەگوێرەی بڕیاری (107) لە 18/11/2012 جەخت دەكاتەوە كە پێویستە بۆ دەرچوواندن یان هەمواركردنەوەی یاسای دادگای ئیتیحادی ڕەچاوی حوكمی بڕگەی دووەمی ماددەی 92 ـی دەستور بكرێت، كە پێویستە 2 لەسەر 3 ـی پەرلەمان دەنگی پێ بدەن، كەچی پێكهاتەكەی ئێستای بە زۆرینەی ڕەها دروست كراوە. 3. هەمواری فەرمانی ژمارە (٣٠) بە یاسای ژمارە ٢٥ی ساڵی ٢٠٢١ بە پاساوی پاڵپشت بە ماددەی (١٣٠)ی دەستور بووە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم هەموارە ڕێک پێچەوانەی ماددەی ناوبراوە چونکە ماددەی (١٣٠) جەخت لەمانەوەی ئەویاسایانە دەکاتەوە و کاری پێدەکرێت مادام هەڵنەوەشاوەتەوە یاخود هەموارنەکراوەتەوە بە پێی حوکمەکانی دەستور، بەڵام هەمواری فەرمانی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ بەپێی حوکمەکانی دەستور هەموار نەکراوەتەوە بۆیە ئەو هەموارەش هەر نادەستوریە، چونکە دەستور بۆ دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی یان هەموارکردنەوەی، دیاریکردوە کە ئەبێت بەزۆرینەی دوو لەسەر سێ دەربچێت، بەڵام ئەو هەموارە بە زۆرینەی ڕەها هەموارکراوەتەوە. 4. بەڵگەیەكی دیكەی نادەستوریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگاكە و هەمواری یاسایەكەی ئەوەیە كە وێڕای ئەوەی یاسای هەمواری بڕیاری ژمارە (30) بە زۆرینەی ڕەها (نەك 2 لەسەر 3 وەك دەستور داوای كردووە) پەسەند كرا، بۆ دەرچواندنەكەی پێویستی بە مەرسومی سەرۆكایەتی كۆمار هەیە و ئەمەش بەپێی دەستور لە دەسەڵاتە حەسریەکانی سەرۆک کۆمارە، بەڵام بۆ ئەم یاسا نادەستورییە، مەرسومەكەی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە دەرچوێنرا، كە سەرۆكی پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك دەسەڵاتی دەركردنی مەرسومی دەرچواندنی یاساكانی نییە. 5. پێکهاتەی دادگاکە پێچەوانەی ئەو پێکهاتەیە کە لەدەستوردا دەقنوسکراوە ئەمەش بۆخۆی سەرپێچیەکی دەستورییە، و بەڵگەیە لە سەر نادەستوری بوونی دادگاکە، چونکە پێکهاتەی ئێستای دادگاکە هەموویان دادوەرن، لە کاتێکدا بڕگەی دووەمی ماددەی (92)ـی دەستور جەخت لەسەر بوونی پسپۆرانی یاسا و شەرعزانانی ئیسلامی دەکاتەوە لە پێکهاتەکەیدا. 6. خاڵێکی دیكەی نادەستوریبوونی دادگای فیدراڵی بریتیە لە هەموارکردنەوەی ماددەی(٣)ـی فەرمانی ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠٠٥، کە ڕێوشوێنی نوێی داناوە بۆ دياريكردنى ئەندامانی دادگاکە، و مافێکی لە هەرێمی کوردستان سەندۆتەوە کە بریتیە لە دیاریکردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەموارەکەدا ئەمە هەڵگیراوە. بەمەش پارسەنگ و هاوسەنگی نەتەوەیی و تەنانەت پێكهاتەیی و مەزهەبیش لە عێراقدا تێك دراوە، چونکە ژمارەی دادوەرەکان (٩) دادوەرن، لەوانە (٥) یان شیعەیە و کورد و سوننەش یەکی (٢) دادوەریان هەیە. بەپێی یاساکەی خۆیان، بڕیارەکانی دادگاكەش بە زۆرینەیە، كەواتە پێكهاتەی زۆرینە چ بڕیارێكیان بوێت ئەتوانن بە زۆرینە تێیپەڕێنن. بەزاندنی سنوور و پرەنسیپە دەستوری و یاساییەكان لەلایەن پێكهاتەی ئێستای نادەستوری دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە سەرباری حاشاهەڵنەگرێتی نادەستوریبوونی پێكهاتەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی عێراق، ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگاكە سنوور و پرەنسیپە دەستوری و یاساییەكانیشی بەزاندووە و خۆی خستووەتە سەرووی دەستور و یاساكان و دەسەڵاتەكانی دیكەشەوە. بۆ نموونە: 1. بنەمایەكی جێگیر و چەسپاوی پرۆسەی دادبینی و كاری دادگاكان، بریتییە لە پایەندبوونی دادگا بە چوارچێوەی پەڕوای داوا و سكاڵا (العريضة الدعوى)، بەڵام ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی پێشێلی ئەم پرەنسیپە جێگیرەی ياسای دابینی عێراقی ژمارە (83)ـی ساڵی 1969 كردووە، چونكە ئەم دادگایە هەندێك داوای بە هەل زانیوە بۆ ئەوەی زیادەرۆیی لە چوارچێوەی داوای داواكار بكات و وەك دەرفەتێك بۆ دەستكاریكردن و جێبەجێكردنی ئەجێندای سیاسیی بیقۆزێتەوە. بۆ نموونە لە تانەكەی یەكێتیدا لەهەمبەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داوای هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە، بەڵكو داوای دووبارە دابەشكردنی كراوە بەپێی بازنەكان، بەڵام دادگا ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە و بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی یاسایی و دەستوری بڕیاری نادەستوریبوونی كورسی كۆتاكانی داوە. هەروەك یەكێتی داوای لێسەندنەوەی دەسەڵاتی باڵای دیاریكردنی شێوازی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەپێی بڕگەی (2) لە ماددەی 56 ـی یاسای هەڵبژاردن، نەكردبوو، بەڵام دادگاكە دێت و ئەو بڕگەیەش بە نادەستوری دەناسێنێت. ئەمەش بێگومان دەبێتە پێشێلكردنێكى ڕوونى ئەو بنەمایەى لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەى عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەكات. 2. هەر لەو میانەیەدا، ئەم دادگایە پەیڕەوێکی ناوخۆی بۆخۆی داناوە، کە کارەساتی گەورەی یاسایی و سەقامگیری سیاسی لێکەوتۆتەوەو دەکەویتەوە، چونکە پەیڕەوە ناوخۆییەکەی سەرپێچی دەستور و تەنانەت خودی یاساکەیانە و هەروەها سەرپێچی یاسای دادبینی شارستانی عێراقیشە، چونکە دوو مافی بەخۆی داوە لە پەیڕەوەکەدا کە ئەوانیش مافی ڕوبەڕوبونەوە (التصدي) و مافی پاشگەزبوونەوە (العدول)ن، هەردووكیانی بەبێ بنەمای یاسایی و دەستوریی بەخۆی بەخشیوە. 3. ئەم دادگایە كە لە بنەڕەتدا یەكێك لە دەسەڵاتەكانی بەگوێرەی ماددەی 93 ـی دەستور، بریتییە لە چاودێریكردنی دەستوریبوونی یاساكان، بەڵام بازی بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا داوە و مافی بە خۆی داوە كە بڕیار لە بارەی پرۆژەی بەرایی یاساكانیشەوە بدات، لە كاتێكدا هێشتا تەنها پرۆژەن و نەبوون بە یاسا. بۆ نموونە، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا پرۆژەیاسایەك بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتمەند بە دادگاییكردنی سەرانی داعش پێشكەش كرابوو، لە كاتێكدا پرۆژەكە تەنها لە قۆناغی یاساسازیدا بوو و لێژنەكانی پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرد، دادگای فیدڕاڵی بە بڕیاری ژمارە (71) ـی ساڵی 2021، بڕیاری نادەستوریبوونی ئەو پرۆژەیاسایەی دا. هەڵبەت، لە نموونەیەكی پێچەوانەدا، کاتی خۆی کە یاسای بەڕیوەبردنی دارایی دەوڵەت لە ساڵی٢٠١٩ لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق دەرچوو، وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك ماددە و بڕگەی نادەستوری لە خۆی گرتبوو. یاساكە پەسەند كرابوو، مەرسومی کۆماریشی پێدەرچوو بوو، بەڵام دادگا هیچ داوایەکی كە دژی نادەستوریبوونی یاساكە پێشكەش كرابوو، بە پاساوی ئەوەی كە یاسا تا نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نابێ تانەی نادەستوریبوونی لێ بدرێت، وەرنەگرت، ئەمەش بەڵگەیەكی زەقی دووفاقیبوون و پیادەكردنی سیاسەتی "بانێكە و دوو هەوا"یە لەلایەن ئەم دادگایەوە. 4. ئەم دادگایە لە ئێستادا ڕۆڵی هەمواركاری دەستوریشی بەخۆی داوە. لە كاتێكدا كۆت و بەندی توند بۆ هەمواركردنی دەستوری عێراقی بەگوێرەی ماددەكانی (126 و 142)، لە پێناوی پاراستنی ماف و دەسەڵاتەكان، دانراون، بەڵام ئەم پێكهاتەیەی ئێستای دادگای فیدڕاڵی، وێڕای نادەستوریبوونیەكەی، كەچی دەسەڵاتی بەخۆی داوە كە هەمواری دەقەكانی دەستور بكات، بۆ نموونە دهستوری عێراق له ماددهی (110)ـدا به هیچ شێوهیهك بهرێوهبردنی سامانه سروشیتیهكان، له نێویاندا نهوت و گازی، به دهسهڵاتی حهصری حكومهتی فیدراڵی دانهناوه. بەڵكو ماددهی (112/ برگهی یهكهم)ـی دهستوور جهخت له سهر ئهوه دهكاتهوه كه بهرێوهبردنی نهوت و گاز له دهسهڵاته هاوبهشهكانی حكومهتی فیدراڵی و ههرێمهكانن كه تایبهته به بهرێوهبردنی ئهو كێڵگانهی پێش نوسینهوهی دهستووری ههمیشهیی عێراق له ساڵی 2005 له لایهن حكومهتی ههرێمهوه بهرێوهبراون، بەڵام لە 15/2/2022ـدا دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی دەركرد و سەرجەم یاسای نەوت و گازی كوردستان ژمارە (22)ـی ساڵی 2007 لەقەڵەم دا، بە بیانوو و پاساوی ئەوەی كە نەوت و گاز لە دەسەڵاتە حەسرییەكانی حكوومەتی فیدڕاڵە. هەر بۆیە لەكاتی خۆیدا بڕیارەكە بە تێكڕایی لەلایەن هەر چوار دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان (پەرلەمان، حكوومەت، سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجوومەنی دادوەری)ـەوە ڕەت كرایەوە. 5. هەروەك ئەم دادگایە ڕۆڵی پەرلەمان و هەمواركاری یاساكانیشی بەخۆی داوە. نوێترین نموونەش ئەو هەموو پێشێلكارییە یاسایی و دەستورییانەیەتی كە لە حوكمى داواى ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەى (131) و(185)/ ئیتیحادى/ 2023 لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، چەندین دەقى یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانى (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ى حوكمى ئاماژەپێكراودا هاتوون. * وردەكارییە نادەستورییەكان و پێشێلكارییە دەستورییەكانی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستانەوە، بەڕوونی و وردی خراونەتەڕوو. هەموو ئەمانەش بێگومان پێچەوانەی پرەنسیپی چەسپاو و باوی دیموكراسی "جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە" كە كرۆكی سیستەمی حوكمڕانی دیموكراسی جیهانی لەسەر بنیاتنراوە و دەستوری عێراقیش لە ماددەی (47) وەك بنەمای سەرەكی و دەستوریی پیادەكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقدا، چەسپاندوویەتی. بەكارهێنانی دادگای فیدڕاڵی وەك چەكێكی كاریگەر لە ململانێ سیاسییەكانی ئێستای عێراقدا وێڕای گرنگی و كاریگەریی دادگای فیدڕاڵی لە پیادەكردنی سیستەمی فیدڕاڵیدا، بەڵام هەمیشە ئەم دادگایە ئەگەر بە وریاییەوە سنووربەند نەكرێت و كارەكانی ڕێك نەخرێت، سەربۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی مەترسیداری دیكتاتۆرییەت دەكشێت كە پێی دەگوترێت "دیكتاتۆرییەتی دادوەریی Judicial Dictatorship " كە هەردوو بیرمەند و سیاسەتزان (ویلیام كوێرك و ڕانداڵ برادوێڵ) لە كتێبە ناودارەكەیان لە ساڵی 1995ـدا ڕوونیان كردووەتەوە. لە ئەزموونی فیدڕاڵیزمی ئەمەریكیدا، كە لە زۆر بواردا، بە تایبەتیش لە پرسی دادگای فیدڕاڵیدا، ئەزموونی عێراق چاوی لەو كردووە، مەترسییەكانی دادگای فیدڕاڵی لەسەر فیدڕاڵیزمی ئەمەریكی قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر كراوە تاوەكو خراوەتە سەر ڕێچكە دروستەكەی خۆی. بۆ نموونە دەستوری فیدڕاڵی ئەمەریكی كە لە ساڵی 1788 ـەوە پەسەند كراوە، تا ئێستا تەنها 27 جار هەموار كراوەتەوە. لەو ژمارەیە 8 هەمواریان بۆ ئەوە بووە كە دادگای فیدڕاڵی ئەمەریكی سنووری خۆی نەبەزێنێت و نەبێتە هەمواركاری دەستور. بە تایبەتیش هەمواری ( 8) ـیان بۆ ئەوە بووە كە دادگای فیدڕاڵی نەبێتە هەمواركاری دەستور و سنووری دەسەڵاتی ویلایەتەكان نەبەزێنێت و دەستكارییان نەكات، وەك ئەوەی لە هەمواری ژمارە (11)ـدا جێگیر كراوە. بەڵام ئەوەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێت، سەرباری بەرجەستەبوونی تەواوەتی تیۆری "دیكتاتۆرییەتی دادوەریی" كە لە میانەی ڕەهاكردنی تەواوەتی دەست و دەسەڵاتەكانی دادگای فیدڕاڵییەوە، ئەو دیاردە مەترسیدارەش دروست بووە كە لە زانستی سیاسی و تویژینەوە ئاسایشییەکاندا، بە (شەڕی یاسایی LAWFARE ) ناوزەد دەكرێت. لە نويترین کتيبیاندا ، دەیڤید پیترایۆس و ئەندرو رۆبيرتس بە ناو نیشانی Conflict: The Evolution of Warfare from 1945 to Ukraine ، بە روونی باس لە شيوەو شيوازی نویی جەنگ لە ئاستی جیهان و کەرەسەتەکانی رووبەروو بوونەوە دەکەن. یەک لەو بابەتانەی کە جەختی لیدەکەنەوەو وەک جەمکیکی نوی لە دنیای ململانيکاندا زیاتر بایەخی پيدەدرێت، بابەتی ( بە چەکبوونی هەموو شتیک Weopanization of Everthing )ە. لەم رووەوە باس لەوە دەکەن کە لە شەرو پەلامارەکاندا ، مەرج نیە چەکی کلاسیک بەکار بیت، بەلک هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بیگرە تا تۆرە کۆمەلایەتییەکان ونرخی گەنم و پیتێنەرە کشتوکالییەکان، هەلبژاردنەکان، کاریگەریی دانان لە سەر رای گشتی، فەیک نیوز، پەنابەران و درۆن و جەنگی یاسایی، بە بەشیک لە کەرەستەکانی هیرش و پەلامار و رووبەروو بوونەوەکان دادەنرین. ئەگەر بە وردی لە جوڵەی دادگای فیدراڵی بڕوانین و بریارەکانیان لە کات و بەستينەکانی خۆیان ببینرێن، بە روونی ئە چەمکەی بە چەک بوونی دادگای فیدراڵی بۆ پەلاماری سەر هەریمی کوردستان دەبینرێت. لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا، ئەم دادگایە چەندین بڕیاری قورس و چارەنووسسازی لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە داون، بە تایبەتیش لە پرسی دەستكاریكردنی میكانیزمە دەستورییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و خوڵقاندنی بیدعەی سیاسی "سێیەكی پەكخەر الثلث المعطل" كە ئەم هەنگاوە وێڕای ئەوەی وایكرد كە لە ئێستادا وەك ئەوەی لە میدیای عێراقدا بە دیاردەی "حوكمكردنی دۆڕاوەكان – حكم المهزومین" ناوی دەبرێت و براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ئاوت بكرێت و ڕكابەرە دۆڕاوەكانی جڵەوی حوكمڕانی بگرنە دەست، لە ئایندەدا ئەم ڕێچكەیە مەترسی گەورەتر لەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لە عێراقدا دەخوڵقێنێت. ئەم مەترسییانەش لە هەڵسەنگاندنێكی وردی پەیمانگای " واشنتۆن بۆ سیاساتی رۆژهەلاتی نزیک Washington Institute For Near East Policy " خراونەتە ڕوو. تایبەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش، ئەم دادگایە بەردەوام لە هەوڵی زاڵكردنی باڵادەستی و دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر حیسابی دەسەڵاتە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بووە. لەهەر كات و بوارێكیشدا بۆی ڕەخسا بێت لە میانەی بڕیارەكانیەوە گورزی لە پێگەی دەستوریی هەرێمی كوردستان داوە. بە جۆرێك لە 3 ساڵی ڕابردوودا 11 بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە. كە دواهەمینیان بڕیارە نایاسایی و نادەستوریی و تەواو سیاسییەكەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 1992 ـی هەمواركراوەوە. كە ئامانج لێی "لوبنانكردن"ـی هەرێمی كوردستان و سەپاندنی سیستەم و پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیزاینكراوە لە هەرێمی كوردستاندا. هەربۆیە بە وریاییەوە، هەروەك لە بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێكەوتی 18/3/2024ـدا ڕوون كراوەتەوە، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخوازێت كە ڕێگە لەم دامەزاروە دادوەرییە بە سیاسییكراوە بگیرێت. بەڕێز دادوەر (عەبدولڕەحمان زێباری)ـیش لە یاداشتی كشانەوەی خۆی لە دادگاكە بەڕوونی ڕایگەیاند كە ئەم دامەزراوەیە لە ڕێچكەی دەستوری خۆی دەرچووە و ئامرازێكە بۆ جێبەجێكردن و سەپاندنی ئەجێندای سیاسیی. بۆیە لەگەڵ ئەو ١٤٣ هێرش و پەلامارە درۆنی و مووشەکییانەی کە لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کراون و هاوشانی ئەو گوشارە ئابووریی و سیاسەتی برسیكردنەی كە دەرهەق بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت، دادگای فیدڕاڵییش كراوەتە چەكێكی كاریگەر لە ململانێ سیاسییەكاندا كە ئامانجە گەورەكەی بچووككردنەوە، یان جێبەجێ كردنی خەونی نەهێشتنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستانە. خۆ ئەوە بەكارهێنانیشی دژی ڕكابەرە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراقیش، ڕوون و بەرچاوە. هەر لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی و سەرۆكایەتیكردنی پەرلەمانی عێراق (محەممەد حەلبووسی)، تا هەڕەشەكانی سەر (مەشعان جبووری) بە لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتیەكەی لەلایەن سەرۆكی دادگاكەوە، ئەگەر مل بە ئەجێندایەكی دیاریكراو نەدات. نموونەی بەرچاون. لەبەرامبەر ئەمانەشدا، پادداشتكردنی سەرۆكی دادگاكەش بە كاندیدكردنی كوڕە تەمەن 28 ساڵانەكەی بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری دیالە، موویەكی دیكەی نێو ماستە شڵەقاوەكەی عێراقە. هاوپێچ: ئەو 11 بڕیارەی كە ئەم پێكهاتەیەی دادگای نادەستوری فیدڕاڵی عێراق لە ماوەی ئەم 3 ساڵەدا دژ بە هەرێمی كوردستان و پێگە و دەسەڵات و بەرژەوەندییەكانی داونی: 1- الدعوى المرقمة ١٧ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٢٥-١-٢٠٢٣ (عدم دستورية قرار مجلس الوزراء الاتحادي بخصوص تمويل اقليم كوردستان ). ٢- الدعوى المرقمة ٢٣٣ وموحداتها ٢٣٩ و٢٤٨ و٢٥٣ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٣٠-٥-٢٠٢٣ (عدم دستورية قانون استمرار الدورة الخامسة لبرلمان الاقليم ). ٣- الدعوى المرقمة ٢٣٠ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٣٠-١١-٢٠٢٢(عدم دستورية المادة ١٨ من قانون تعديل تطبيق الاحوال الشخصية في اقليم كوردستان رقم ١٥ لسنة ٢٠٠٨ ). ٤- الدعوى المرقمة ١٥٦ وموحدتها ١٦٠ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٢٦-٩-٢٠٢٢ (عدم دستورية المادة ثانيا-اولا من قانون المفوضية العليا النستقلة للانتخابات والاستفتاءات في اقليم كوردستان- العراق رقم ٤ لسنة ٢٠١٤). ٥- الدعوى المرقمة ١٤٣ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ١-٣-٢٠٢٣ (عدم دستورية المادة ٤٦ من قانون وزارة التعليم العالي والبحث العلمي في اقليم كوردستان رقم ١٠ لسنة ٢٠٠٨ ). ٦- الدعوى المرقمة ٥٩ / اتحادية/ ٢٠١٢ وموحدتها ١١٠ /اتحادية/ ٢٠١٩ في ١٥-٢-٢٠٢٢(عدم دستورية قانون النفط والغاز لاقليم كوردستان رقم ٢٢ لسنة ٢٠٠٧ ). ٧- الدعوى المرقمة ٨٣ وموحدتيها ١٣١ و١٨٥ /اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٢١-٢-٢٠٢٤(عدم دستورية نصوص من قانون انتخاب برلمان كوردستان -العراق رقم ١ لسنة ١٩٩٢ المعدل ). ٨- الدعوى المرقمة ١٧٨ / اتحادية/ ٢٠٢٣ في ١٥-١٠-٢٠٢٣( عدم دستورية القانون رقم ٤٢ لسنة ٢٠٠٤ والخاص بتعديل تطبيق المادة ٤٠٨ من قانون العقوبات العراقي رقم ١١١ لسنة ١٩٦٩ في اقليم كوردستان ). ٩- الدعوى المرقمة ١٢٤ / اتحادية/ ٢٠٢٣ في ٢٤-٩-٢٠٢٣ (عدم دستورية المادة ٢ من القانون رقم ٢ لسنة ٢٠١٩ قانون التعديل الاول لقانون محافظات اقليم كوردستان رقم ٣ لسنة ٢٠٠٩ ). ١٠ - الدعوى المرقمة ١٧ / اتحادية/ ٢٠٢٢ في ٣١-١-٢٠٢٢ ( الغاء قرار مجلس النواب بخصوص قبول ترشيح السيد هوشيار الزيباري لمنصب رئيس الجمهوري ). ١١- الدعوى المرقمة ٢٢٤ وموحدتها ٢٦٩ / اتحادية/ ٢٠٢٣ في ٢١-٢-٢٠٢٤ ( الزام حكومة الاقليم بتسليم الواردات النفطية وغير النفطية الى الحكومة الاتحادية). • ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
درەو: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز: 🔹 دوای تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر راگرتنی هێڵی بۆرییەكان لەنێوان عێراق و توركیا, هیچ بەرەوپێشچونێك روینەداوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. 🔹ئەو هێڵەی لە رابردودا نزیكەی (0.5%) نەوتی جیهانی دەگواستەوە, هێشتا لە چوارچێوەی لەبیرچونەوەداو بە هەڵواسراوی ماوەتەوە, كە ئاستەنگی یاسایی و دارایی رێگە لە دەستپێكردنەوەی دەگرن. 🔹نزیكەی (450) هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە, لەڕێی باكوری عێراقەوە رەوانەی توركیا دەكرا, داخرانی بووەتە هۆی زیانی نزیكەی (11بۆ 12) ملیار دۆلار لە عێراق, بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی یەكێتی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (APIKUR). 🔹سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە : لەئێستادا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ناكرێت. 🔹هاوكات دوو سەرچاوەی تر ئاماژەیان بەوەكردووە, لەگەڵ هەوڵەكانی عێراق بۆ كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت, لەچوارچێوەی پابەندبونی بەو رێژەیەی ئۆپێك پڵەس بۆی دیاریكردووە, بۆ پارێزگاریكردن لە نرخی نەوت, ئەوا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی باكوری عێراقەوە لە خشتەی كارەكاندا نیە. 🔹مایكل نایتس, شارەزای كاروباری عێراق لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێكۆڵینەوە دەڵێت:ویلایەتە یەكگرتووەكان, كە سودمەندە لە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخەكەی, كۆمەڵێك هەوڵی داوە بۆ ناوبژیوانیكردن بۆ گەیشتن بەرێككەوتن. 🔹لەگەڵ توندبونەوەی جەنگ لە ئۆكرانیاو غەززە, حكومەتی ئەمریكا رۆڵێكی لاوازتری هەیە, نزیكەی پێنج بۆ شەش جار هەوڵی چارەسەكردنی ئەو كێشەیەی دا, بەڵام ئیتر وەڕس بووە.
درەو: كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوت لە كوردستان, ئەپیكۆر ( APIKUR) رایدەگەیەنێت دوای ساڵێك لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نیە، عێراق نزیكەی (11) ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم، داهاتی كۆمپانیاكانی بواری نەوت (60%) كەمیكردووە. كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوت لە كوردستان, ئەپیكۆر ( APIKUR),راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بە ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە. ساڵێك تێپەر دەبێت بەسەر راگرتنی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی (450) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە بازاڕەكانی جێهان. بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیارەها دۆلار زیانی بە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت گەیاندووە. دوای ساڵێك لە راگرتنی نەوت لە 25ی ئازاری 2023 ەوە تا ئێستا نە ئەپیكۆر و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە. هەر هەشت ئەندامەكەی ئەپیكۆر پابەندی گرێبەستەكانیانن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان. حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان توركیا رایگەیاندووە بۆرییەكە ئامادەیە بۆ هەناردەی نەوت. سەرەرای كۆبوونەوەو گفتوگۆكان بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەدینەكراوە. هەوڵەكانی ئەپیكۆر: - ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و عێراق لە هەولێر و بەغداد و دوبەی - مەرجەكانی ئەپیكۆر بۆ دەستپێكردنەوەی نەوت: • هەرزیادكردنێك، پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغداد و كۆمپانیاكانی ئەپیكۆر رێككەوتنی لەسەر بكرێت. • پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو بۆ داهاتووش. • پێویستە راستەوخۆ پارەی نەوتی فرۆشی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكۆر بدرێتە ئەو كۆمپانیایانە. • پێویستە شێوازو رێككەوتنی بازرگانی و ئابوری ئێستای كۆمپانیاكان وەك خۆی بمێنێتەوە. ئەپیكۆر بە راشكاوی پەیامی بە ئیدارەی جۆ بایدن و ئەندامانی كۆنگرێس داوە، كۆشكی سپی نابێت دەست بە پلانی پێشوازیكردن لە محەمەد شیاع سودانی بكات كە بڕیارە لە 15ی نیشان سەردانی واشنتۆن بكات هەتاكو: - بۆری نەوتی عێراق - توركیا دەكرێتەوەو رێگە بە هەناردەی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی كوردستان دەدرێت بۆ بازاڕەكانی جیهان. - كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت دانیان پێدا بنرێت لە وەرگرتنی پارەی هەناردەكردنی نەوت لە رابردوو و داهاتوودا. - حكومەتی فیدراڵی عێراق بەتەواوی بودجەی فیدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات. زانیارییەكانی ئەپیكۆر لەبارەی كاریگەرییەكانی داخستنی بۆری نەوتی عێراق- توركیا: - نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووەو بە نزیكەی مانگانە یەك ملیار دۆلار - ئەپیكۆر ئاگادارە هەرچەندە بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەكارناهێندرێت بەڵام عێراق رۆژانە (800) هەزار دۆلار سزا دەدرێت بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق – توركیا جێبەجێ بكات. - بڕی 1 ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیاكانی ئەپیكور لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئەیلوولی 2022 تا ئاداری 2023 - - زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلا وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور راوەستاوە . - -داهاتی ساڵانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت نزیكەی لەسەدا 60 كەمیكردووە، بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆیی، جێگەی فرۆشی لە بازارە نێودەوڵەتیەكان گرتووەتەوە . - - خنكاندنی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و نەناردنی بودجە . كاریگەرییەكان لەسەر نەوتی جیهان و بازاری نەوت : - - راگرتنی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، گوشاری زیاتری خستووەتەسەر بازاری ناهاوسەنگی وزە، كە بەهۆی سزاكانی سەر رووسیا و هەڕەشەكان لەسەر گواستنەوەی جیهانی لەڕێگەی دەریای سوورەوە هاوسەنگی لەدەستداوە . - - عێراق بەردەوام لە سزاكان دەبەخشرێت بۆئەوەی كارەبا لە ئێرانەوە هاوردەی واڵتەكەی بكات، لەكاتێكدا دەبوو لەرێگەی هەناردەی زیاتری نەوتەوە ژێرخانی وزەی بەهێز بكات . - - لەوەتەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، ئەمریكا رۆژانە زیاتر لە 250000 دوو سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت و پێكهاتەكانی لە باشووری عێراقەوە هاوردە كردووە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق رێگەنادات ئەو نەوتەی كۆمپانیا ئەمریكیەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیدەهێنن هەناردەی دەرەوە بكرێت . - كاریگەرییەكانی لەسەر هێزی كار لە هەرێمی كوردستان : - كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور سەدان كارمەند و ستافی خۆیان ناردونەتەوە ماڵەوە، لەناویشیاندا ستافی بیانی و خۆجێی هەن . - بەهۆی نەمانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت، ژمارەیەكی زیاتر لە كارمەند و ستاف كەمكراونەتەوە، لەو كۆمپانیانەی لە بواری خزمەتگوزارییەكان لە كێڵگە نەوتیەكان و پیشەسازی بەرهەمهێنان كاریان كردووە، وەك كۆمپانیاكانی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردن و خواردن و چاككردنەوە و ئاسایش و گواستنەوە و بنیادنان. - بەهۆی نەناردنی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەالیەن حكومەتی عێراقەوە، مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە، لەناویشیاندا، مووچەی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی . كاریگەرییەكانی لەسەر ناوبانگ : - رێزنەگرتن لە گرێبەستەكان، خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكاتەوە. - چەقبەستوویی لە بابەتی یاسا بودجە و هەناردەی نەوت، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی دابەشبوونی سیاسی.
درەو: پێگەی (Middle East Eye) بەریتانی, راپۆرتێكی بە ناونیشانی (ئایا پارتی كرێكاران فرۆكەی بێفرۆكەوانی خۆكوژی بەدەستهێناوە بۆ كردنە ئامانجی فرۆكە توركیەكان؟) بڵاوكردووەتەوە, كە لەلایەن هەردوو نوسەر (Ragip Soylu and Levent Kemal ) نوسراوە. 🔹پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت, توانای خستنەخوارەوەی فرۆكە جەنگیە بێفرۆكەوانەكانی توركیای بەدەستهێناوە, كە لە توركیاو عێراق و سوریا چالاكییەكانیان ئەنجامدەدەن. 🔹ئەو گروپە كوردیە چەكدارە, لەبەیاننامەیەكدا, كە هاوپێچ بووە لەگەڵ گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەوتنە خوارەوەی لاشەی فڕیوو لە ئاسمان, رایگەیاندووە: لە (13) شوباتی (2023)وە, (13) فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیای لە باكوری عێراق خستووەتە خوارەوە. 🔹یەحیا بوستان, كە ستون نوسێكی نزیك لە حكومەتی توركیایە, نوسیویەتی: پارتی كرێكاران تەكنەلۆژیای فرۆكەی بێفرۆكەوانەی خۆكوژی بەدەستهێناوە, بۆ كردنە ئامانجی فرۆكە بێفرۆكەوانە توركیەكان. 🔹بوستان لە وتارێكدا, لە رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی رۆژانە, كە هاوپەیمانی حكومەتە وتویەتی: "ئەو گروپە تیرۆرستیە لەڕێی بافڵ تاڵەبانیەوە گەیشتووەتە ئەو تەكنەلۆژیایە". 🔹ئەنكەرە پێیوایە تاڵەبانی, سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, بەشێوەیەكی توندوتۆڵ كاردەكات, لەگەڵ لقی سوریای پارتی كرێكارانی كوردستان و هاوكاریان پێشكەش دەكات و كارئاسانیان بۆ دەكات, بۆ گەیشتن بە فرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان. 🔹بەوهۆیەوە, ئەنكەرە لە ساڵی (2023)دا بواری ئاسمانی خۆی بەڕووی شاری سلێمانیدا داخستووە, كە پێگەی سەرەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. 🔹ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان بەكرداری ئەو تەكنەلۆژیایەی دەستكەوتبێت, ئەوا هاوسەنگی لە گۆڕەپانی جەنگ دەگۆڕێت. 🔹بەرپرسێكی توركی ئاگادار بە "میدل ئیست ئای" راگەیاندووە: پارتی كرێكارانی كوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی سیستمی فرۆكەی بێفرۆكەوانی خۆكوژ دەدات, بەڵام روون نیە كێ ئەو سیستمەیان دەداتێ. 🔹هاوكات سەرچاوەی جیاوازیش دەڵێت, پارتی كرێكاران سیستمی "میراج"ی ئێرانی دژە فرۆكەی بەدەستهێناوە, ئەو سیستمەش لەڕێی دوو كەناڵی پەیوەست بە ئێرانەوە رەوانەی ئەو گروپە كراوە. 🔹بەگوێرەی سەرچاوەكان, رەنگە تاڵەبانی رۆڵی هەبوبێت لەوەی پارتی كرێكاران ئەو چەكەی دەستبكەوێت. 🔹هاوكات سەرچاوە كوردیە ئاگادارەكان ئاماژەیان بەوەكردووە, هاوشانی ئەگەری ئەوەی پارتی كرێكاران ئەو چەكەی لە ئێرانەوە بەدەستهێنابێت, ئەو حزبە كۆمپاینای لە وڵاتە جیاوازەكان كردووەتەوە, بۆ گواستنەوەی تەكنەلۆژیا لە چین, بۆ بەكارهێنانی لە روبەڕوبونەوەی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا.
د. یوسف محەمەد ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەتایبەت لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتی ناو پارتی، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دژ بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەستپێکردوە و، ئەیانەوت سەرجەم تەنگژە و کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستنەوە بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە و، بە هۆکاری لاواز کردنی هەرێمی لەقەڵەم ئەدەن! بەڵام پرسیاری سەرەکی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەیە کە ئایا هەر بە ڕاست کێشە سیاسی و داراییەکانی هەرێم لە بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە دەستیان پێکرد یان بە هۆی ناکارامەیی و نەشارەزایی و گەندەڵیی ئێوەوە ئەم کێشانە دروست بون!؟ ئێوە بە سەربەخۆ نەوتتان فرۆشت لە بری خۆشگوزەرانی پاشەکەوتی موچە و لێبڕینی موچەی نزیکەی شەست مانگی ساڵانی ڕابردوتان کردە خەڵاتی خەڵکی کوردستان! نەوتتان فرۆشت و لە بری ئەوەی لە داهاتەکەی سندوقی پاشەکەوتی ستراتیژی دروست بکەن، خۆتان باس لە (٢٧) ملیار دۆلاری قەرز ئەکەن کە بەسەر خەڵکی کوردستانتان هێناوە! ئەوەندە بە نەشارەزایی ئیدارەی مەلەفی نەوتتان دا لە هەر شوێنێک سکاڵاتان لە دژ جوڵا، دۆڕانتان، لە دادگاکانی ئەمریکا، لەندەن، پاریس، لە هەموی دۆڕانتان و هەر بە هۆی ئەم دادگاییانەشەوە جارێکی تر چەند ملیار دۆلارێک زیانتان لە هەرێمی کوردستان دا! ئێستاش کە دوای گرتنەوەی قوفڵی بۆریی نەوتی هەرێم بە هۆی بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانیی پاریسەوە بە رەسمی ناتوانن نەوت بفرۆشن، ئەمەتان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی خۆتان بدزنەوە لە ئاشکرا کردنی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کە باس لە فرۆشتنی زیاتر لە (٢٥٠,٠٠٠) بەرمیلی رۆژانە ئەکرێت، ئەمە جگە لە داهاتە نانەوتییەکانی تر کە بە دانپیانانی خۆتان مانگانە زیاترە لە (٣٠٠ ملیار دینار)ە. لە ڕاستیدا بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵی نەک هەر سەرچاوەی کێشە نین، بەڵکو چارەسەری گونجاون بۆ قەیرانە ئاڵۆز و قوڵەکانی ئێستای هەرێم. بۆ نمونە لە دوا بڕیاری ئەم دادگایە سەبارەت بە موچە بە ژمارە (٢٢٤، ٢٦٩/ ٢٠٢٣)، بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە پرسی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی جیاکراوەتەوە لە سەرجەم کێشە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەت لە بواری نەوت و گاز. ئەمە ئەو داوایە بو کە بە درێژایی ساڵانی رابردو هەموان داوامان ئەکرد، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر لە بیری بەرژەوەندییەکانی خۆیانن، ئەوەتا بەغدا ماوەی زیاتر لە دە رۆژە موچەی مانگی دوی بەشی هەرە زۆری موچەخۆرانی هەرێمی ناردوە (نزیکەی ٦٠٠ ملیار دینار)، ئەمان بە بارمتەیان گرتوە و دابەشی ناکەن. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی کاتێک لە ١٤- ١- ٢٠٢٤ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا (٦١٥ ملیار دینار) بۆ هەرێم بنێرێت توانرا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە موچەی مانگی (١) بدرێت، ئێستا بۆ بەش ناکات!؟ کەواتە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان سەرچاوەی کێشەن نەک بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی، وەگەرنا با پڕۆسەی بنەجێ کردنی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکەن و، بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای سەرجەم موچەی شایستەی موچەخۆران بکەن بە گەڕاندنەوەی پلەبەرز کردنەوەی فەرمانبەران و، هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانیشەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوەڕاست و خواروی عێراق. ئەو دەرەنجامەی سەرەوە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هەر راستە. ئەگەر پارتی زۆرینەی نوێنەرایەتیی کۆتای پێکهاتەکانی بە بارمتەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی نەگرتایە و، رێگای بدایە لەڕێیی نوێنەرایەتیی راستەقینە و رەسەنی خۆیانەوە بونیان لە پەرلەمانی کوردستان بکرێتە سەرچاوەی قوڵکردنەوەی پێکەوەژیان، ئەگەر بە هاوکاریی نوێنەرایەتیی ناراستەقینەی پێکهاتەکان رێی لە پڕۆژەی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی تر بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەگرتایە، ئەم لایەنانە ناچار نەدەبون لەسەر ئەم بابەتە داوا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار بکەن. دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێت وا وێنای بکەن کە لەم چەند ساڵە دا هەر داوایەک دژیان چوبێتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی، ئەوا یەکسەر لە لایەن ئەم دادگایەوە (گوایا بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم) بڕیاری لەسەر دراوە! رێک پێجەوانەی ئەو بۆچونە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردودا ئەم دادگایە لانی کەم (٢٠) داوای رەد کردۆتەوە لەسەر نادەستوری بونی دەسەڵاتەکانی هەرێم، نادەستوری بونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، نادەستوری و نادروست بونی قانون و بڕیارەکانی دەسەڵاتەکانی هەرێم کە ئەمە ژمارەی هەندێکیانن: (٦٩/ ٢٠١٩)، (٧٩/ ٢٠١٩)، (٨١/ ٢٠٢١)، (٤٧/ ٢٠٢٢)، (٢٧/ ٢٠٢٢)، (٨١/ ٢٠٢٢)، (١٥٦/ ٢٠٢٢)، (٢٠٧/ ٢٠٢٢)، (٢١٦/ ٢٠٢٢)، (٨٧/ ٢٠٢٣)، (١٣٤/ ٢٠٢٣)، (١٤٠/ ٢٠٢٣)، (٢٠٢/ ٢٠٢٣)، (٢٧٠/ ٢٠٢٣)، (٢٤٧/ ٢٠٢٣). ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەو بڕیارانەشی کە ئەم دادگایە سەبارەت بە هەرێم داونی لەسەر داوای هاوڵاتییانی هەرێم بون، وەک ئەم بڕیارانە: (١٤٣/ ٢٠١٨)، (٢١٢/ ٢٠٢٢)، (٢٣٠/ ٢٠٢٢)، (٢٣٣، ٢٣٩، ٢٤٨، ٢٥٣/ ٢٠٢٢)، (١٢٤/ ٢٠٢٣)، (١٧٨/ ٢٠٢٣)، (٢٢٤ و ٢٦٩/ ٢٠٢٣)، (٨٣، ١٣١، ١٨٥/ ٢٠٢٣). ئەگەر دادگاکانی هەرێم لاواز نەکرانایە و سەربەخۆییان نەخرایەتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا رەنگە زۆربەی ئەم داوایانە لە هەرێم یەکلا بکرانایەتەوە نەک دادگای باڵای فیدڕاڵی. بەڵام لە هەمان کاتدا دادگای باڵای فیدڕاڵی بەپێی دەستوری عێراق (کە زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی هەرێم دەنگیان پێدا)، هەندێک دەسەڵاتی پێدراوە کە لە دەسەڵاتی دادگاکانی تردا نییە، هەر بۆیەش هاوڵاتییانی هەرێم وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراق مافیان هەیە بچنە بەردەم ئەم دادگایە و بەپێی تایبەتمەندییەکانی، بەرگری لە مافەکانیان بکەن. هەرچەندە حەزمان بەوە نییە هەمو جارێ بڵێین (وامان وت) و (وا پێشبینیمان کرد) و ئەمەش زۆر ناشرین کراوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمانزانی ئەم شێوازە حوکمڕانییە نا دروستە بەم ڕۆژەمان ئەگەیەنێت. بۆ نمونە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ هۆشداریمان پێدان پێش دەستبەکار بونەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی و بڕیاردانی لەسەر مەلەفەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ بەغدا رێکەوتنی هاوسەنگ بکەن، وەگەرنا بڕیاری دادگا بەدڵتان نابێت(١). دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمیش وتمان لەژێر رۆشنایی بڕیارەکە لەگەڵ بەغدا رێکبکەون پێش ئەوەی بڕیار لە سەر سکاڵاکەی ژوری بازرگانیی پاریس دەربچێت(٢)، هەر نەتان بیست تا قوفڵی نەتەکەتان لێگیرایەوە و، دواجار ناچار بون هاوشێوەی (خەیمەی سەفوان) بڕۆن رێکەوتنی تەسلیم بون واژۆ بکەن! ئێستاش ئەبێ بڵێین تکایە عینادی مەکەن وەگەرنا رەنگە باجی عینادیی ئەمجارە، دو کەرت بونی تەواوەتیی هەرێم بێت. باشترین بژاردە بۆ هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەسەڵاتدارانیشی، جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵییە بە تایبەت لە بواری بنەجێ کردنی موچەی شایستەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و، لەو رێگایەشەوە هەم کەمێک ژیانی هاونیشتیمانییان ئەبوژێتەوە و لە هەمان کاتیشدا رەورەوەی ئابوریی هەرێم بەگەڕ ئەکەوێتەوە. هەر ئەمەشە وای کردوە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بن. پەراوێز: 1. بڕوانە بەشێکی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کەناڵی روداو لە ١٦- ٣- ٢٠٢١ لەم لینکە: https://www.facebook.com/share/v/duG7gJx26F917bMh/?mibextid=KsPBc6 کۆی چاوپێکەوتنەکەش لە لینکەدایە: https://www.facebook.com/share/v/nBSzcZn4RHfUvNXy/?mibextid=KsPBc6 2. بڕوانە ئەم بەشەی بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی NRT لە ١- ٦- ٢٠٢٢ لەم لینکە: https://www.facebook.com/share/v/ijztgB4xGDg978EC/?mibextid=KsPBc6 کۆی چاوپێکەوتنەکەش لەم لینکەدایە: https://www.facebook.com/share/v/BQUFX9c4YryVKaNP/?mibextid=WC7FNe
درەو: ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریكی: 🔹تائێستا حكومەتی عێراق سەرقاڵی دیراسەی پێشنیازی هەمواری بودجەی فیدراڵیە, تا لەرێیەوە بتوانێت شایستەی كۆمپانیا نەوتیە جیهانیەكان بدات, كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن, ئەوەش بەوتەی حەیان عەبدولغەنی, وەزیری نەوتی عێراق. 🔹رەنگە ئەم گۆڕانە, رێگە خۆشبكات بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت لە هەرێمی كوردستان, بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و رەوانەكردنی لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیەوە. 🔹توركیا لەمانگی ئازاری ساڵی رابردووەوە, هێڵی بۆریەكانی گوستنەوەی نەوتی خاوی لە كوردستانەوە راگرتووە, ئەوەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی ملیارەها دۆلار بەهەرێم و بەغدادو كۆمپانیا پەیوەندیدارەكان. 🔹ئاستەنگی سەرەكی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت, تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردیەوە. 🔹سەرۆك وەزیرانی عێراق, لەمانگی كانونی یەكەمی رابردوو, تێچوی بەرمیلێك نەوتی كوردستانی بە (21) دۆلار خەمڵاند, لەكاتێكدا لەناوچەكانی تری عێراق تەنها (8) دۆلارە. 🔹عەبدولغەنی, لەوەڵامی پرسیارێكی بلۆمبێرگدا وتویەتی: هەوڵی پەلەكردن لە چارەسەرەكردنی پرسی تێچو و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەدەن, بەزوترین كات. ئاماژەی بەوەشداوە, وەزارەتی نەوت دەیەوێت پێداچونەوەو هەمواری گرێبەستە واژوكراوەكان بكات لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا جیهانیەكان. 🔹بڕیارە مانگی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری توركیا, مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بكات, رەنگە ئەوە یارمەتیدەربێت لەچارەسەركردنی خاڵە ناكۆكەكانی تریش, بەرپرسی قەرەبوەكەشەوە. 🔹وەزیری نەوتی عێراق جەختیكردووە لەوەی, عێراق پەرۆشە بۆ دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوەو, پارێزگاریكردن لە پەیوەندیەكی بەهێزی ئابوری لەگەڵ توركیا.
درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) نۆژەن دەكاتەوەو كەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا دەیخاتەكار، وەك جێگرەوەیەك بۆ بۆری نەوتی هەرێم كە توانای رەوانەكردنی زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیەو چاوەڕوان دەكرێت نەوتی هەرێمیش لەو بۆریەوە رەوانە بكات. لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق بەشێوەی چڕ كار لە بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) دەكات و بڕیارە لە ماوەی دوومانگی داهاتوودا تەواو بێت. بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ - توركیا ) دوو بۆریە بۆری یەكەم (40) ئینجەو بۆری دووەم (46) ئینجە كە بەرهەدووكیان توانای رەوانەكردنی (ملیۆنێك و 600) هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە. ئەو بۆریە لەناو كێلگەی نەوتی كەركوكەوە (k1)ەوە دەردەچێت و لە تەلوەردەوە بۆ ناحیەی ریازی سەربە حەویجەو لەوێشەوە بۆ بێجی لەوێوە بۆ فەتجە بۆ موسڵ تا وێستگەی (MS) لە رۆژئاوای زاخۆ، لەوێ فەرمانبەری كۆمپانیای نەوتی باكۆری لێیەو پێوانەی نەوتی رەوانەكراو دەكەن رۆژانە دووجار. لەبارەی مێژووی درووستكردنی ئەو بۆری نەوتی (كەركوك – موسڵ – توركیا)ەوە ئەندازیار فەرهاد هەمزە لە كۆمپانیای نەوتی باكور نوسیویەتی: لە سەردەمی حوكمی پاشایەتیەوە كاربەدەستانی حكومەتی عێراق هەوڵدەدەن جگە لە هێڵی سوریا ڕێڕەوێكی تر بۆ فرۆشتنی نەوتی كەركوك بدۆزنەوە بەڵام هۆكارە سیاسیەكان ڕێگر بوون لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە, تا ئەو كاتەی بەعسیەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست و رێگایان لە بەردەم تەخت بوو. سەرەتا لە ساڵی 1972 نەوتی كەركوكیان لە دەست ئینگلیزەكان دەرهێناو خۆماڵیان كرد, پاشان لە 26/12/1974 رێكەوتنامەی دامەزراندنی هێڵی عێراق – توركیا لەنێوان هەردوو حكومەت دا ئیمزاكرا، لە 7ی نیسانی 1975 دەستكرا بە كاركردن لەو هێڵە لەلایەن كۆمپانیای (مانسمان)ی ئەڵمانیەوە، پرۆژەكەش بریتی بوو لەراكێشانی لوولەیەكی 40 ئینجی بەتوانای 750هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەمە جگە لەدانانی چەند ویستگەیەكی پاڵنان (محطات ضخ) لەهەردوو بەری عێراق و توركیادا، لەگەڵ دانانی ویستگەیەكی ژماردن (محطە القیاسات Measurmg station) لە نزیك زاخۆ، درێژی هێڵەكە 985.3 كم لە ویستگەی IT1 كە دەكەوێتە دووری 26كم لە رۆژئاوای كەركوكەوە دەست پێ دەكات، ماوەی 345كم ی پرۆژەكە دەكەوێتە ناو خاكی عێراقەوە واتە لە كەركوكەوە تا زاخۆ، 640.3 كیلۆمەتریشی دەكەوێتە خاكی توركیاوە، هێڵەكە بە تەریبی لەگەڵ هێڵی عێراقی سوری دەروات لە رووباری دجلە و زێی خاپوور دەپەڕێتەوە دەچێتە خاكی توركیاوە. لە كانونی دووەمی 1977 طه محی الدین معروف جێگری سەرەك كۆماری ئەوسای عێراق پرۆژەی بۆری نەوتی عێراق توركیای كردەوە، لەكاتی كردنەوەكە دا ئاهەنگێكی گەورە سازكرا كە سلێمان دیمریل سەرەك وەزیرانی ئەوسای توركیا و ژمارەیەك وەزیری تری لەگەڵدا بوو ، لەسەرەتای ئاهەنگەكە (تایە عبدالكریم) وەزیری نەوتی عێراقی ووتی: ئەمڕۆ لەگەڵ میوانە ئازیزەكانمان لە دراوسێی دۆستمانەوە توركیا كۆئەبینەوە. لەم بارەیەوە رۆژنامەی (وطن) كە لەتوركیا دەردەچێ ستایشی پرۆژەكەی كرد و نووسیبوی عێراق پاش خەباتێكی دژوار دژی كۆمپانیا مۆنۆپۆڵەكان نەوتی خۆی خۆماڵی كردووە و ئەو ئاواتەی بەدی هێناوە كە گەلی عەرەب لە ماوەی 50 ساڵ خەبات دژی مۆنۆپۆڵە بێگانەكاندا خەونی پێوە دەبینی. لە ساڵی 1986 هێڵەكە فراوانییەكی تری بەخۆوە دی و لوولەیەكی تری 46 ئینجی بۆ راكێشرا, كە توانای هەناردنی هەردوو لوولەكە گەیشتە 1.600.000 بەرمیل لە رۆژێكدا. لە بەری عێراقی هێڵەكە سێ ویستگەی پاڵنان هەیە لەبەری توركیاش سێ ویستگەی پاڵنانی سەرەكی هەیە ps3 (جەزیرە) ps4 (ماردین)، ps-5 (غازی عەنتەب) دواجار دەگاتە بەندەری (جەیهان)ی توركی لە ناوچەی (ئەدەنە). ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو سەردەمی زێرینی ئەم هێڵەبوو لە توانایدا بوو ١،٦٠٠،٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە بكات. بێگومان عێراق بەرانبەر هەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەكراو بڕێك پارە باجی بە توركیا دەدا, لە سەرەتادا ڕێك كەوتن بە (42) سەنت بەرانبەر هەر بەرمیلێك ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە سەرووی ( 1,5 ) ملیۆن بەرمیل بێت, (75) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە خوار ( 750 ) هەزار بەرمیلەوە بێت. لە دوای ساڵی 2003 ئەم رێكەوتنە دەستكاری كراو بەم چەشنەی لێهات:- (70) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكراو لە 400 هەزار بەرمیل زیاتر بێت, (112) سەنت ئەگەر بڕەكە لە 200 هەزار كەمتر بێت.
درەو: ئەحمەد سیروانی- توركیا ناسی/ سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی پوختە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیاو باکووری کوردستان لە کاتێکدا دەکرێت کە دۆخی ناوخۆییو دەرەوەی تورکیا لە قۆناغێکی پڕ لە کێشمەکێشمدایە. ئەردۆغانو پارتەکەی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی کۆمار بە هەموو هێزی خۆی هەوڵی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنەکەی ساڵی ١٩٩٤ دەدات، هاوپەیمانیی میللەت هەڵوەشاوەتەوەو پارتەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەریەکە کاندیدی خۆی بۆ شارە گەورەکان هەیە. کوڕەکەی ئەربەکان دەیەوێت خەونی باوکی زیندووبکاتەوەو درێژە بە هێڵی “بیری نەتەوەیی/پارێزکار” بدات. دوای شکستە گەورەکەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەماندا بەسەریداهات، جەهەپە کۆنگرەی سازداوەو سەرۆکێکی نوێی گەنجی هەڵبژاردووە. هەدەپە/دەمپارتی[i] دەیەوێت بە دیاریکردنی پێگەی خۆیو سەندنەوەی شارەوانیی شارەکانی باکووری کوردستان لە دەستی قەییومەکان شکستی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو بسڕێتەوەو دڵی دەنگدەرانی بەدەستبهێنێتەوە. لە بەرانبەردا ئاکپارتی هەم لە ڕێگەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکانەوەو هەم بە پشتیوانیی هوداپار لە هەوڵی کەمکردنەوەی سەرۆکشارەوانییەکانی دەمپارتیدایە. هۆکاری ئایدۆلۆژی، نەتەوەییو سیاسی لە بریی هۆکاری خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕۆڵی یەکلاییکەرەوە دەبینن لەم هەڵبژاردنەدا، هەر بۆیە پارتە سیاسییەکانیش بەبێ لەبەرچاوگرتنی تواناو لێهاتووی کاندیدی پارتەکانی دیکە، لە سەر بنەمای دیدی ئایدۆلۆژیو بەرژەوەندیی سیاسیو نەتەوەییو تەنانەت فاشیزمی بڕیار لە سەر هاوپەیمانیو پشتیوانیی کاندیدێک دەدەن. ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە وا بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ بکرێت، کاریگەریی گەورەی دەبێت لە سەر نەخشەی سیاسیو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانو ئایندەی پرسی کورد لەو وڵاتە. لەم توێژینەوەیەدا تیشکخراوەتەسەر ئەو سەرباسە گرنگانەی ئاماژەی پێ دراوەو کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە سەر دۆخی ناوخۆیی تورکیا بە گشتیو پرسی کورد بە تایبەتی ڕاڤەکراوە. بەشداریکردنی زۆربەی هێزە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتی هەڵسەنگاندنی ئەو هێزە سیاسییانەو دیاریکردنی قورساییان لە شەقامی تورکیادا دەهێنێتەکایەوە. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا یەکێکە لە هەڵبژاردنە گرنگەکان لە پڕۆسەی دیموکراسیدا، بە تایبەت لە تورکیادا ڕۆڵی گرنگی هەیە لە سەر نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتەو دەرفەتی چەسپاندنی دیموکراسی دەهێنێتەکایەوە. لە بەشی چەمکناسیی ئەم ژمارەیەدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان (Yerel Seçim) بە پوختی خراوەتەڕوو. هەڵبژاردن بە گشتیو بە تایبەتییش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیو کارگێڕیی تورکیا دادەنرێت، بە جۆرێک ڕێژەی بەشداریکردن نزیکدەبێتەوە لە (٩٠٪). لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەمان ڕێژەی (٨٧.٤٠٪)ی دەنگدەران بەشدارییانکردووە.[ii] ئەم ڕێژەیەش ئاستێکی بەرزەو ناتوانرێت بەراوردی هیچ وڵاتێکی ئەوروپی یاخود خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری (٢٠١٩)یشدا (٨٤.٦٧٪)ی دەنگدەران بەشدارییانکردووە.[iii] بەشێک لە سەرکردە سیاسییە کاریزمییەکانی تورکیا لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە دەرکەوتوون، لەوانەش: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری ئێستای تورکیاو ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو؛ سەرۆکی ئێستای شارەوانیی ئەستەنبوڵ. پارتە بەشداربووەکان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕێگەی بە ٣٦ پارتی سیاسی داوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزێل، پارتی باش بە سەرۆکایەتیی مێراڵ ئاکشەنەر، پارتی خۆشگوزەرای نوێ (یەرەپە) بە سەرۆکایەتیی فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان، پارتی یەکسانیو دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) بە سەرۆکایەتیی تونجار باکرهانو تولای هاتیم ئۆغوڵاری، پارتی داوای ئازاد (هوداپار) بە سەرۆکایەتیی زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. جگە لە ئاکپارتیو مەهەپە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆماردا بەشداردەبن، هیچ هاوپەیمانیەتییەکی فراوان لە نێوان پارتەکانی دیکەدا نییە.[iv] دەمپارتیو هوداپار وەک دوو پارتی کوردی بەشداریدەکەنو چەقی ڕکابەرییان هەم لە نێوان خۆیانو هەم لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا باکووری کوردستانە. ژمارەی دەنگدەر و کاندیدان ٦١ ملیۆن و ٤٤ هەزار دەنگدەر هەیە. لەم ژمارەیە یەک ملیۆن و ٣٢ هەزارو ٦١٠ کەس بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن. درێژترین پسوڵەی دەنگدان ٩٧ سانتیمە و کورتترینی ٤.٥ سانتیمە. لە ئسیتەنبوڵ ٢٢ کاندیدی سەربەخۆ و ٢٧ کاندیدی پارتە سیاسییەکان بۆ سەرۆکی شارەوانی هەیە. لە ئەنقەرە ٥ کاندیدی سەربەخۆ و ١٩ کاندیدی پارتە سیاسیەکان هەیە. غازی عەنتاب ٢٩ کاندید و لە مەلاتیا ٢٨ کاندید هەیە. لە ٣٢ پارێزگای خۆرهەڵاتی تورکیا کە تەواوی باکووری کوردستانیشی تێدایە پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. بەڵام لە ناوەڕاست و خۆرئاوای تورکیا پرۆسەکە لە ٨ی بەیانی تاوەکو ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. کەمیی ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان سەرەڕای ئەوەی ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگەی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام بەشدارییان لە کایەی سیاسیو بە تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانو شارەوانییەکاندا هێشتا نەگەیشتووەتە یەک لە سەر پێنج. بە گوێرەی نوێترین داتای دەزگای ئاماری تورکیا ٤٢ ملیۆنو ٧٣٤ هەزارو ٧١ کەس لە دانیشتوانی دانیشتوانی تورکیا لە ڕەگەزی نێرە، کە دەکاتە ڕێژەی (٥٠.١٪)و ٤٢ ملیۆنو ٦٣٨ هەزارو ٣٠٦ کەس لە ڕەگەزی مێیە، کە دەکاتە ڕێژەی (٤٩.٩٪)ی دانیشتوان،[v] بەڵام لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتاری تورکیا تەنها (١١٩)یان ئافرەتن، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی (١٩.٨٣٪)ی پەرلەمان.[vi] هەروەها لە کابینەی حکومەتەکەی ئەردۆغانیشدا لە کۆی سەرۆککۆمارو جێگرێکو ١٧ وەزیر، تەنها یەک ئافرەت هەیە، ئەمەش ڕێژەی (٥.٢٦٪)ی کابینەکە پێکدەهێنێت.[vii] لەبەرئەوەی سیستەمی کۆتا[viii] لە هەڵبژاردندا پەیڕەوناکرێتو زۆرێک لە پارتەکانی ئەو وڵاتەیش لە ناو خۆیاندا ئەو سیستەمە جێبەجێناکەن، بۆیە ڕێژەی بەشداریکردنی ئافرەتان لە کایەی سیاسیو بە تایبەت لە پەرلەمانو پۆستە باڵاکانی وڵاتدا کەمە. ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی بە سەر کابینەی نوێی حکومەتیشەوە هەبووە، بە جۆرێک لە کۆی ١٧ وەزیری کابینەکەی ئەردۆغان؛ تەنها یەکێکیان ئافرەتە.[ix] لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣ی ئازاری (٢٠١٩)یشدا لە کۆی ٨ هەزارو ٢٥٧ کاندیدی شارەوانییەکان، تەنها ٦٥٢ ئافرەت هەبووە، کە ڕێژەی (١.٢٦٪) بووە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیشدا لە هەزارو ٣٨٩ شارەوانیدا تەنها ٤٥ کاندید سەرکەوتوون، کە دەکاتە ڕێژەی (١.٤٤٪)ی کاندیدی ئافرەت.[x] لەم هەڵبژاردنەیشدا پێشبینیناکرێت ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەوەی ٢٠١٩ سەرکەوتن بەدەستبهێنن. ئەوەی تێبینیدەکرێت، هەروەک چۆن لە پەرلەمان دەمپارتی بە ڕێژەی (٥٠٪) زۆرترین پەرلەمانتاری ئافرەتی هەیە، بە هەمان جۆر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشدا زۆرترین کاندیدی ئافرەتی دەبێتو زۆربەشیان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، دیارترین نموونەی ئەمانەش مێرال بێش دانش؛ کاندیدی پارتەکەیە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، کە ناوبراو سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبەیشە لە پەرلەمانی تورکیا. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، بە هۆی لابردنی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپە/دەمپارتییەوە لە ماوەی ڕابردوودا، ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە کایەی شارەوانیو بەڕێوەبردنی خۆجێییدا زۆر کەمبووەتەوە. ئایندەی ئەستەنبوڵ لە نێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵاتدا لە کاتێکدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە سەر ئاستی تورکیا وەک ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەردەکەوێت، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٩)وە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵی لە دەستدایە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە بە پشتیوانیی پارتی باشو هەدەپە توانیی سەرکەوتنی گەورە بە سەر بینالی یەڵدرم؛ کاندیدی ئاکەپەو مەهەپەدا بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هاوکێشەکان تەواو گۆڕاون، پارتی باشو دەمپارتیو سەرجەم پارتەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی هەیە. هەرچەندە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریو ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، بەڵام ئەو دابەشبوونە ئایدۆلۆژی، نەتەوەییو سیاسییەی تەواوی تورکیاو ئەستەنبوڵی گرتووەتەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە یەکلاییکردنەوەی ئاڕاستەی دەنگدەران بۆ پشتیوانی لە کاندیدەکان. لە کاتێکدا کاندیدەکەی هاوپەیمانیی کۆمار؛ موردا کوروم، پشتیوانیی تەواوی ئاکپارتیو مەهەپەی مسۆگەرکردووەو بە گوێرەی نوێترین ڕاپرسی کە لە ٢١-٢٤ی شوبات بە بەشداریی ٣ هەزار دەنگدەری ئەستەنبوڵ کراوە، (٤١.٧٪)ی دەنگەکانی ئەستەنبوڵ بەدەستدەهێنێت، لە بەرانبەردا بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی ئۆپتیمار (OPTİMAR)، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە ڕێژەی (٤١٪)ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.[xi] ئەوەی ڕوونە، ئەستەنبوڵ بۆ کاندیدی ئاکپارتیو جەهەپە یەکلاییبووەتەوە، بەڵام پێشبینیی بردنەوەی کاندیدی ئەو دوو پارتە سەختەو مەحاڵە هیچ کەسێک بتوانێت بڕیاری لە سەر بدات. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت مورات کوروم بتوانێت هەڵبژاردنەکە بباتەوە. هەڵگەڕانەوەی هاوکێشەی “بردنەوەی ئەستەنبوڵ یەکسانە بە بردنەوەی تورکیا” تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو بۆچوونێک لە تورکیادا بڵاوبووبووەوە، کە پێی وا بوو “ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایش دەکات”. ئەم بۆچوونە لە دوای هەڵبژاردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٤و پاشان بردنەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠١ بە دواوە بۆ چەند جارێک تۆختربووەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی ١٤/٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ کەلێنی لەو بۆچوونەدا دروستکردووە، ئەمەش بە هۆی شکستی کەمال کلیچدار ئۆغڵو؛ کاندیدی جەهەپەو هاوپەیمانیی میللەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەرانبەر ئەردۆغاندا وەک کاندیدی ئاکپارتیو هاوپەیمانیی کۆمار. هەرچەندە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ ئیمام ئۆغڵو سەرکەوتنێکی گەورەی بە سەر بینالی یەڵدرم بەدەستهێنا. ئەوەی جێگەی سەرنجە، جیاوازیی کاندیدەکانە، ئیمام ئۆغڵو بەرانبەر بە یەڵدرمو کلیچدار ئۆغڵو بەرانبەر بە ئەردۆغان، بۆیە دەگوترێت جیاوازیی کەسایەتییەکان ڕۆڵی لە سەرکەوتنیاندا هەبێت، هەر بۆیە هەڵبژاردنی ئەم جارەی شارەوانییەکان بۆ ئەستەنبوڵ ئەو بۆچوونە یەکلاییدەکاتەوە کە ئایا براوەی شارەوانیی ئەستەنبوڵ؛ براوەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەبێت یاخود بە پێچەوانەوە. بە دڵنیاییەوە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بە تایبەت لە ئەستەنبوڵ کاریگەریی لە سەر هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ی سەرۆکایەتیی کۆماریش دەبێت. لەبەرئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ کەمال کلیچدارئۆغڵو ڕێگر بوو لە بەردەم کاندیدکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٨ تاکە ڕێگر لە بەردەم ئیمام ئۆغڵو دەرنەچوونیەتی لەم هەڵبژاردنەدا، لەبەرئەوەی ئەگەر ئیمام ئۆغڵو لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت بە سەر ڕکابەرەکەیداو بۆ ٤ ساڵی دیکە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ کاندیددەکرێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمارو ئەگەری بردنەوەیشی بەهێزە. بە پێچەوانەوە، شکستی لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیایی تەواو دەدات بە هاوڵاتیان، کە سەرکەوتنەکەی ٢٠١٩ی جگە لە دەنگی ئەندامو لایەنگرانی جەهەپە بە تەواوی ئەنجامی دەنگدانی ئەندامو لایەنگرانی پارتی باشو دەمپارتی/هەدەپەو پارتەکانی دیکەی هاوپەیمانی میللەت بووە. ئەم هەڵبژاردنە یەکلاییدەکاتەوە کە ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایش دەکات یاخود بە پێچەوانەوە. هەڵوەرینی هاوپەیمانی میللەت/بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی مێزی شەشقۆڵی (Altılı Masa) بەشداریی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣دا کرد. هەدەپە/دەمپارتییش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پشتیوانیی لە کاندیدەکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدار ئۆغڵو کرد. شکستی کلیچدارئۆغڵو، لەدەستدانی ٣٠ کورسیی پەرلەمانی جەهەپە بۆ پارتەکانی دەڤا، سەعادەتو ئایندە، بێباکیی جەهەپە لە پشتیوانیی هەدەپە بۆ کلیچدار ئۆغڵو، ململانێ ناوخۆییەکانی هەریەک لە جەهەپە، پارتی باشو دەمپارتی بووە هۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی میللەتو مێزی شەشقۆڵیو نەمانی پشتیوانیی دەمپارتی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا دەنگدەرانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە هەموویان ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵیان بە ڕێژەی (٥٤.٢١٪) بەرانبەر بە بینالی یەڵدرم کاندیدی ئاکەپە بە ڕێژەی (٤٤.٧٩٪) سەرخست.[xii] لەم هەڵبژاردنەدا پارتە بەشداربووەکانی مێزی شەشقۆڵیو دەمپارتی کاندیدی خۆیان بۆ شارەوانیی ئەستەنبوڵو زۆربەی شارەوانییەکانی دیکە بەربژێرکردووە، ئەمەش مۆتەکەیەکی گەورەی بە سەر ئیمام ئۆغڵووەوە دروستکردووەو پێناچێت بە ئاسانی بتوانێت بەرانبەر بە مورات کوروم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. هەرچەندە لە هەندێک پارێزگاو شارۆچکەکاندا ڕێککەوتنی ئاشکراو نهێنی لە نێوان جەهەپەو پارتی باشو دەمپارتی کراوە بۆ پشتیوانیکردن لە بەربژێری یەکدی، بەڵام لە شارە گەورەو ستراتیژییەکان هیچ ڕێککەوتنێک نییە، لەبەرئەوە ئەم هەڵبژاردنە تا ڕادەیەکی زۆر هێزی زۆربەی پارتە سیاسییەکان بە تایبەت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئاشکرادەکات. پارتی باش، یەرەپەو دەمپارتی؛ گرێکوێرەی ئاکپارتیو جەهەپە لەم هەڵبژاردنەدا ئاکپارتیو جەهەپە وەک بەهێزترین پارتی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ململانێیەکی ئێسقانشکێن دەکەن، بە تایبەتی لە شارە گەورەکانی ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بوڕسا، ئەنتالیا، ئەدەنەو مێرسین هەموو هەوڵەکانی خۆیانیان چڕکردووەتەوە بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکی شارەوانی. ئاکپارتی بە پشتیوانیی مەهەپەی هاوپەیمانی دەیەوێت تۆڵەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ لە جەهەپەو تەواوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە، بۆ ئەمەش پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆنو کاندیدکردنی چەندین کەس لەلایەن پارتەکانی دیکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەختی کاندیدەکانی ئاکپارتیو مەهەپە-ی لەو شارانە بەهێزکردووە، بەڵام کشانەوەی یەرەپە لە هاوپەیمانیی کۆمارو بەشداریکردنی وەک پارتێکی سەربەخۆ ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە بەردەم ئاکپارتیو بە تایبەت ئەرکی مورات کوروم؛ کاندیدی ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، قورسکردووە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ جەهەپە، پارتی باشو دەمپارتی/هەدەپە لە بەرانبەر ئاکپارتیو مەهەپەدا یەکیانگرتو ئەکرەم ئیمام ئۆغڵویان سەرخست، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوکێشەکە تەواو گۆڕاوە، ئاکپارتیو مەهەپە مورات کورومیان کاندیدکردووە، لە بەرانبەردا جەهەپە، پارتی باشو دەمپارتی هەریەکە کاندیدی خۆی هەیە، بۆیە ئەگەری سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ جاری دووەم نزیکە لە مەحاڵەوە. لەگەڵ ئەوەيشدا کشانەوەی یەرەپە لە هاوپەیمانیی کۆمار مورات کورومی توشی دڵەڕاوکێ کردووەو دەترسێت شکستبهێنێت لە هەڵبژاردنەکەدا. ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێک لە شارە گەورەکانی دیکەیش ڕاستە. پارتی ڕەفاهی نوێ (یەرەپە)، قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیا یەرەپە لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لەلایەن فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی دامەزرێنەری پارتی ڕەفاهیی تورکیاوە دامەزراوە. یەرەپەو فاتیح ئەربەکان خۆیان بە میراتگری نەجمەدین ئەربەکانو پارتەکەی دەزانن، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ وەک یەکەم ئەزموون لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆمار پشتیوانی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ کاندیدی هاوپەمانیەتییەکە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، کرد، بەڵام بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کردو توانیی ٥ کورسی بەدەستبهێنێت.[xiii] ئەمەش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو پارتە هەژماردەکرێتو لە دوای ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، دەمپارتیو پارتی باش، ڕیزبەندیی شەشەم پارتی سیاسی لە تورکیادا مسۆگەرکردووە. هاوپەیمانیی ئاکپارتیو یەرەپە ساڵێکی پڕنەکردەوە، ئەردۆغان وەک هاوپەیمانەکانی دیکەی دەیەوێت فاتیح ئەربەکانیش لە پشتیەوە دەربکەوێت، بەڵام ئەربەکان ئامادە نییە لە سێبەری خوێندکارەکەی باوکیدا درێژە بە سیاسەت بداتو خەون بە زیندووکردنەوەی دەسەڵاتەکەی باوکیەوە (نەجمەدین ئەربەکان) دەبینێت، هەر بۆیە لە هەندێک بارودۆخدا فاتیح ئەربەکان نەک وەک هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان ملکەچنابێت، بەڵکو لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن توندتر ڕەخنە لە حکومەتەکەی ئەردۆغان دەگرێت. سەرکەوتنەکەی ٢٠٢٣ی ئەربەکانو حیزبەکەی شانازییەکی لە لا دروستکردوون کە خۆیان بە جێگرەوەی ئاکپارتی بزانن، هەر بۆیە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەک بنەماو پلەی یەکەمی پەیژەی گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٨ی تورکیا دادەنێن. بە هۆی ڕێکنەکەوتنی ئاکپارتیو یەرەپەوە بە دوو شێوە مەترسی لە سەر کەمبوونەوەی دەنگو لەدەستدانی چەند شارەوانییەک بۆ ئاکپارتی دروستبووە. لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرەو ئەنتالیا؛ یەرەپە کاندیدی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەنگی کاندیدی ئاکپارتیو پێدەچێت بەرانبەر بە کاندیدی جەهەپە گورزێکی کوشندەی بەربکەوێت. هەروەها یەرەپە لە ئورفا، کە بە قەڵای ئاکپارتی لە باکووری کوردستان دادەنرێت، قاسم گولپناری کاندیدکردووە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی، ناوبراو لە سەر لیستی ئاکپارتی لە هەڵبژادنەکانی ٢٠٢٣ وەک ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، لە هەمان کاتدا ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبەو ڕاوێژکاری خودی ئەردۆغان بووە، بەڵام لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دەستیلەکارکێشاوەتەوەو لەلایەن یەرەپەوە کاندیدکراوە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئورفا.[xiv] هەروەها لە بوڕسا، کە بە یەکێک لە شارە گەورەکانی تورکیا دەدانرێت، سەدات یاڵچن؛ بەرپرسی پێشووی لقی بوڕسای ئاکەپە، لەلایەن یەرەپەوە کاندیدکراوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە گوێرەی زانیارییە بەدەستهاتووەکانو ڕاپرسییەکان سەرکەوتنی کاندیدەکەی ئاکپارتی لە بوڕسا زۆر قورسە.[xv] دەستلەکارکێشانەوە لە ئاکپارتیو پەیوەندیکردن بە یەرەپە تەنها لە ئاستی بەرپرساندا نییە، بەڵکو باس لە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی چەندین لقو ناوچەی ئاکپارتیو پەیوەندیکردن بە یەرەپەوە دەکرێت. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیادا، بە جۆرێک ڕەوتی هزری نەتەوەیی (Milli Görüş) بە هێزەوە دێتەوەمەیدانو ئاڵای پێشڕەویی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا لە دەستی خوێندکارەکەی نەجمەدین ئەربەکان (ئەردۆغان)ەوە دەکەوێتەدەستی فاتیح ئەربەکانی کوڕی. ڕکابەری دەمپارتیو ئاکپارتی لە باکووری کوردستان باکووری کوردستان وەک بەشێک لە خاکو دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەیدانی ململانێیەکی توندی پارتە دەسەڵاتدارەکانو دەمپارتی، کە پشتیوانیی زۆرینەی کوردەکانی هەیە. ئێستا ڕکابەرییەکانی ئاکپارتی، کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە فەرمانڕەوایی تورکیا دەکات، لەگەڵ دەمپارتیدا، کە درێژکراوەی سەرجەم ئەو پارتە کوردییانەیە کە زۆرینەی کوردەکانی باکوور پشتیوانیدەکەنو هەر ماوەیەکو بە هۆکارێک دادەخرێت، لە شارەکانی ئامەد، ئورفا، وان، ماردینو باتمان ڕکابەرییەکی سەخت لە نێوان هەردوو پارتەکەدا هەیە. دەمپارتی بە پشتبەستن بە بڵاوکردنەوەی ستەمەکانی دەوڵەتو سوپاو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی کوردەکان دەدات، ئاکپارتییش بە پشتیوانیی گرووپە ئاینییە کوردەکانو ڕەوتی پارێزکارو دژەچەپ هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین سەرۆکی شارەوانی دەدات. هەرچەندە بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارە گەورەکانی باکووری کوردستان لەلایەن ئاکپارتییەوە جگە لە ئورفا، بە کارێکی سەخت دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دانانی قەییوم لە جێگەی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی دەمپارتی/هەدەپە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەکو گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆری شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکانو فەرمانبەر بۆ باکووری کوردستان، ئومێدێکی بە ئاکپارتی بەخشیوە کە دەنگدەرانی دەمپارتی بێزاربووبن لەو دۆخەو بەشداریی هەڵبژاردنەکان نەکەن، بەم جۆرە ئاکپارتی دەیباتەوە. لە بەرانبەردا بەشداریکردنی کاندیدانی هوداپار جیاواز لە ئاکپارتی بەشێکی باش لە دەنگی ئیسلامییە کوردەکان، بە تایبەت ئەوانەی لە سیاسەتی ئاکپارتی دڵڕەنجاون، دەبات بۆ خۆی، بەم جۆرە کەلێنێکی دیکە لە ڕێژەی دەنگی ئاکپارتی لە باکووری کوردستاندا دروستدەبێت. هەڵبەت کاندیدانی هوداپار تەنها مەترسی نین بۆ ئاکپارتی، بەڵکو دەنگی بەشێک لە کوردە نەتەوەپەرستە پارێزکارو ڕاستڕەوەکانیش بۆ خۆی مسۆگەردەکات، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەشێک لەو کەسانە دەنگیان بە دەمپارتی/هەدەپە داوە. لەگەڵ ئەمانەشدا جگە لە ئورفاو شرناخ، هیچ شارێکی دیکەی گەورەی باکووری کوردستان ناکەوێتە چوارچێوەی ئەو پێشبینیانەی بۆ بردنەوەی ئاکپارتی دەکرێن. گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان بۆ شارە کوردییەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، گواستنەوەی شوێنی دەنگدەران بە تایبەت هێزە ئەمنییەکان، دەبێتە یەکێک لە ڕۆژەڤە گەرمەکانی میدیای ئۆپۆزسیۆنو بە تایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەمپارتی. بە گوێرەی ڕاپۆرتی لقەکانی دەمپارتی، تاوەکو ٢٨ی شوبات ٥٤ هەزارو ٦٠ دەنگدەر لە هێزە ئەمنییەکانو کارمەندی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە دەنگ بە ئاکپارتی دەدەن، شوینی دەنگدانیان گوێزراوەتەوە، زۆرینەشیان بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان بووە.[xvi] بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر بۆ ٢٤ پارێزگاو قەزا، کە زۆرینەیان دەکەونە باکووری کوردستانەوە، گوازراونەتەوە، بە گشتی لە مانگی ئایارەوە تاوەکو تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی ڕیژەی دەنگدەر لە نێوان (٢٪) بۆ (٥٪) بووە، بەڵام لە ئامەد، شرناخ، هەکاری، ئێلیه، ئاگری، موش، ئیغدر، قارس، ئورفا، سیرت، ماردینو دەرسیم لە ماوەی تەنها ٦ مانگدا ڕێژەی دەنگدەر لە (٧٪)ەوە بۆ (٢٢٪) بەرزبووەتەوە. لە ١١ شوێن لەو ناوچانەی کە بە ڕێژەیەکی زۆر دەنگدەری بۆ گوێزراوەتەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ هەدەپە/دەمپارتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە ٧ ناوچەی دیکەش ئاکپارتی بە پشتیوانیی دەنگی گوازراوەو دەنگدەری پارتەکانی دیکە بردوویەتیەوە.[xvii] بە گوێرەی هەواڵێکی (DW/Türkçe)، لە پارێزگای سیرتی باکووری کوردستان تەنها لە دوو بینای سەربازیدا ٤ هەزارو ٨٨ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان جێگیرکراون.[xviii] ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا، کاندیدەکەی هەدەپە تەنها بە جیاوازیی هەزارو ٦١٦ دەنگ سەرکەوت بە سەر کاندیدی ئاکپارتیدا.[xix] حکومەت ١٠ هەزارو ٨٣٢ دەنگدەری گواستووەتەوە بۆ ناوەندی پارێزگای هەکاریو چەند قەزایەکی دەوروبەری، زۆرینەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها باس لە گواستنەوەی شوێنی دەنگدەر بۆ پارێزگای مێرسینیش دەکرێت. گواستنەوەی بەشێک لەم دەنگدەرانە تەنها بۆ ڕۆژی دەنگدانە، بە جۆرێک بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی هەڵبژاردن لە لقەکانی دەمپارتی “لە خانوویەکدا (شوقەیەکدا) زیاد لە ١٠٠ کەس جێگیرکراوە”.[xx] لەم پارێزگایەشدا لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، کاندیدی هەدەپە بە جیاوازیی ٨ هەزارو ٥٥٥ دەنگ سەرکەوتووە بە سەر کاندیدی ئاکپارتیدا.[xxi] پەرلەمانتاری مێرسینی جەهەپە ڕایگەیاندووە: “بەشێک لە دەنگدەرە گوازراوەکان لە فەرمانگەی نیشتەجێبوون بەبێ ڕەزامەندیی خاوەن ماڵەکان، لەو ماڵانەی کە چۆڵن، جێگیرکراون.”[xxiii] ناجێگیریی دۆخی ئەمنی بە هۆی پێکدادانەکانی سوپاو گەریلاکانی پەکەکەوە وەک بەهانە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بەسەربازیکردنی ئەو ناوچانە، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانداو بۆ پاراستنی ئارامیی ڕۆژی هەڵبژاردن ژمارەیەکی زۆر کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیاوە، کە لە بنەڕەتدا دەنگدەری پارتی دەسەڵاتدارن، دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو شارانە. بەم جۆرە لە لایەکەوە ئارامیی ناوچەکە مسۆگەردەکرێت، لە لایەکی دیکەوە جۆرێک لە ترسو دڵەڕاوکێ لە لای هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەو بە تایبەت دەنگدەرانی دەمپارتی دروستدەکرێت، لە سەرووی ئەمانەشەوە ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدەر کاریگەریی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە سوودی ئاکەپەو زیانی دەمپارتی دەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک پەرلەمانتاری ئاکپارتی باس لەوە دەکەن کە “لەو شارانەی کە دەمپارتی کاندیدی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی نییە، لیستی ناوی بەشێک لە دەنگدەران گوازراونەتەوە بۆ شارەکانی دیکە”. سەرەڕای سکاڵای بەرپرسانی دەمپارتیو بەرەی ئۆپۆزسیۆن، لایەنە پەیوەندیدارەکانو دادگا بێدەنگن لە ئاست ئەو هەنگاوانەی دەسەڵاتو تەنها گواستنەوەی شوێنی ٢٢٢ کەس بە نایاسایی لەقەڵەمدراوە. لەبەرئەوەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدەران تاوەکو ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بووەو سکاڵاکان لە سەرەتای ٢٠٢٤ تۆمارکراون، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش ئەو سکاڵایانەی ڕەتکردووەتەوە.[xxiv] بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ ئاکپارتی شارەوانییەکانی شرناخو ئورفا دەباتەوە، لە ڕێگەی گواستنەوەی دەنگدەرانیشەوە تا ڕادەیەک بردنەوەی شارەوانییەکانی سیرتو هەکاریی مسۆگەرکردووە، بەڵام بە هۆی جیاوازیی زۆری دەنگی دەمپارتییەوە، مەحاڵە ئاکپارتی شارەوانییەکانی ئامەد، ماردین، باتمانو وان بباتەوەو هەریەک لە شارەوانییەکانی ئیغدرو قارسیش هێشتا ڕوون نییە کامیان دەیباتەوە. قەییوم؛ هۆکارێک بۆ ساردکردنەوەی کوردەکان لە دەنگدان تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئاکپارتیو هەدەپە، بە دوایدا لەبارچوونی پڕۆسەی ئاشتی، ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسیو ئەمنیی باکووری کوردستانو دواجار هەڵگەڕانەوە سەربازییە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ بوونە هۆی دەستپێکردنەوەی فشار لەلایەن دەسەڵاتو حکومەتەوە بۆ سەر پەرلەمانتار، سەرۆکشارەوانی، بەرپرسو ئەندامانی هەدەپە/دەمپارتی. لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندیو دواتریش زیندانیکردنی چەندین پەرلەمانتارو هاوسەرۆکانی هەدەپەو چەند ئەندامی مەکتەبی سیاسیو سەرکردایەتیو ئەندامو لایەنگری، چەندین سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراوی هەدەپە لە باکووری کوردستان بە تۆمەتی “پشتیوانیو پەیوەندیو ئەندام لە ڕێکخراوی تیرۆریستیو بەکارهینانی پۆستو ئامرازەکانی شارەوانی بۆ گرووپی تیرۆریستی” بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا لابراونو لە جێگەیان کەسێک دانراوە، کە بە قەییوم (Kayyum) ناسراوە.[xxv] دوای هەڵگەڕانەوە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ لە ڕێگەی دەرکرنی بڕیارنامە لە بریی یاسا (Kanun Hükmünde Kararname)وە، چەندین سەرۆکشارەوانیی هەدەپە لە سەر داوای سەرۆککۆمارو بە فەرمانی سولەیمان سۆیڵو؛ وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا، لابراون.[xxvi] ئەم بڕیارانە جۆرێک لە دوودڵیو ساردکردنەوەی لە لای هاوڵاتیانی کورد دروستکردووە، بە جۆرێک کوردەکان پێیان وایە دوای سێ مانگ لە هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی لەلایەن دەوڵەتەوە، بە تۆمەتی “پشتیوانیی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی”، سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراو لادەبرێتو لە جێگەی قەییوم دادەنرێت. بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ناوەندی سپێکتڕووم هاوس بۆ بیرو توێژینەوە (SpectrumHouse Düşünce ve Araştırma Merkezi)، دانانی قەییوم جۆرێک لە شڵەژانی لە خزمەتگوزاریی گشتی دروستکردووە، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ دوودڵیی هاوڵاتیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانو دەنگدان بە کاندیدانی دەمپارتی/هەدەپە.[xxvii] ململانێ ناوخۆییەکانی دەمپارتیو کاندیدنەکردنی باشاک دەمیرتاش دەمپارتی وەک هەر پارتێکی دیکە خاڵی نییە لە ململانێ ناوخۆییەکان. هەر لە زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەوە، ململانێکانی باڵی دەمیرتاش (کاریزما)و باڵی ناوەندی (دامەزراوەیی)و باڵی قەندیل سەریهەڵداوە. بەو مانایەی سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک سەرکردەیەکی دیاری گەنج لە باکووری کوردستان ئەستێرەی بەختی دەرکەوتبوو، تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش وەک سەرکردەیەکی مەزن لێی دەڕوانرا. بەرپرسانی دیکەی هەدەپەو باڵی قەندیلیش لە ناو پارتەکەدا هەستیان بە مەترسییەکانی بەهێزبوونی دەمیرتاشو پشتیوانانی دەکرد. بە جۆرێک باڵی دامەزراوەیی دەترسان تەواوی جومگە هەستیارەکانی پارتەکە بکەوێتە دەستی دەمیرتاشو کەسایەتیی کاریزمایی ئەو پیاوە ڕێگە لە دامەزراوەییبوونی پارتەکە بگرێت. بەو واتایەی لە بریی دامەزراوە فەرمییەکانی پارتەکە، خەڵکی زیاتر گوێ بۆ دەمیرتاش بگرن. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل پێیان وایە دەرکەوتنی دەمیرتاش بەو جۆرە لە کەسایەتیی کاریزمایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کەمدەکاتەوەو پێدەچێت لە ساڵانی ئایندەدا دەمیرتاش جێگەی ئۆجەلان بگرێتەوە وەک سەرکردەیەکی سیاسیی کورد. ئەم ململانێیانەی دەمیرتاشو ڕکابەرەکانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ گەیشتە لوتکەو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕێگەی باشاک دەمیرتاشی خێزانی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە بۆمبەکە تەقێنرایەوە. دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، دەمیرتاش لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی هەدەپە گرتو تۆمەتباریکردن بەوەی ڕێگر بوون لە بەردەم خۆکاندیدیکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار وەک کاندیدی هەدەپە، هەر لەبەرئەوەش بوو بڕیاریدا واز لە “سیاسەتی ئەکتیڤ” بهێنێت.[xxviii] لەو کاتەوە زۆر بە کەمی تەنها لە تویتەر بۆچوونی خۆی لە سەر پێشهاتەکان بڵاودەکاتەوە. بەدەر لەوە، تەنها یەک چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیی کردووە. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش سەڵاحەدین دەمیرتاش هەوڵیدا لە ڕێگەی باشاک خانمی خێزانیەوە کەسایەتیی کاریزمی خۆی بە سەر دەمپارتی/هەدەپەوە ڕابگرێتو نەهێڵێت شکۆی بەشداریی کارای سیاسیی خێزانەکەی بە تایبەت لە ناو بزوتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە تورکیاو باکووری کوردستان بڕوخێت، هەر بۆیە دوای گفتوگۆی باشاک خانمو سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە، خێزانەکەی دەمیرتاش ڕایگەیاند، ئەگەر دەمپارتی بەربژێریبکات، ئامادەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ خۆی کاندیدبکات. لێدوانەکەی باشاک خانم لە ڕێگەی ڕۆژنامەنوسێکی نزیک لە بنەماڵەکەوە بووە، هەر بۆیە بەرپرسانی دەمپارتی شکۆدار بەو هەواڵە. جگە لەوەش، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە هاوکات بوو لەگەڵ گفتوگۆکانی دەمپارتیو جەهەپەدا بۆ ڕێککەوتن لە سەر کاندیدی ژمارەیەک شارەوانی، کە ئەستەنبوڵ لە سەرووی هەموویانەوە بووە، بەڵام لێدوانی خێزانەکەی دەمیرتاش گفتوگۆکانی دەمپارتیو جەهەپەی لەباربرد. لەگەڵ ئەوەی ئەندامو لایەنگرانی دەمپارتیو تەنانەت پارتەکانی دیکەیش چاوەڕێبوون باشاک دەمیرتاش وەک کاندیدی دەمپارتی بۆ شارەوانیی ئەستەنبوڵ ڕابگەیەنرێت، پێچەوانەی هەموو بۆچوونەکان، باشاک خانم لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە “ئەو دۆخەی تێیکەوتووین، وا دەخوازێت کە بکشێمەوە لە کاندیدی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ”.[xxix] بە دوای ئەمەشدا سەڵاحەدین دەمیرتاشو مەکتەبی سیاسیی دەمپارتی ڕوونکردنەوەیان بڵاوکردەوە. گوزارشتی هاوبەشی هەرسێ ڕاگەیەنراوەکە بریتی بوو لە جەختکردنەوە لە سەر کشانەوەی باشاک خانم لە کاندیدی، بە ڕەزامەندیی خۆیو ئامادەیی هەموان بۆ خزمەتکردن لە ناو دەمپارتیدا. دواجاریش لەلایەن دەمپارتییەوە مێرال دانش بێش، کە ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەیە، لە پەرلەمانی تورکیا کاندیدکرا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ. پێناچێت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی دەمپارتی بە ئاسانی لەم هەڵبژاردنە دەربازیبکەن، هەر بۆیە چاوەڕواندەکرێت کشانەوەی باشاک دەمیرتاش کاریگەریی لە سەر کەمبوونەوەی دەنگەکانی دەمپارتی لە ئەستەنبوڵو شارەکانی دیکەیش دروستبکات. ئەمەش بە هۆی ئەوەوە کە بەشێک لە ئەندامو لایەنگرانی دەمپارتیو خودی دەمیرتاش وەک سیمبولێک لە باشاک خانم دەڕواننو پێیان وایە کاندیدنەکردنی ئەو خانمە بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕێگری لە سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ گەڕانەوە بۆ مەیدانی سیاسەتو بەردەوامیی درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی. هەروەها ناکرێت ڕۆڵو کاریگەریی قەندیل بۆ ڕێگری لە کاندیدکردنی دەمیرتاش نادیدەبگرین، ئەمەش بە هۆی ئەوەوە کە قەندیل پێی وایە بەهێزتربوونی کەسایەتیی دەمیرتاش کاریگەریی دەبێت لە سەر کەمکردنەوەی سۆزو مەیلی کوردەکان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. هوداپار وەک جێگرەوەی ئاکپارتیو دەمپارتی پارتی داوای ئازاد (هوداپار) Hür Dava Partisi (HÜDAPAR) وەک پارتێکی ئیسلامیی سیاسیی کوردی لە باکووری کوردستانو تورکیا هاتووەتە مەیدانو دەیەوێت لە ڕێگەی گوتاری ئیسلامییەوە ببێتە جیگرەوەی ئاکپارتیو دەمپارتی بۆ کوردەکانی تورکیا. ئەم پارتە لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠١٢ تاوەکو ئێستا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بێبەرانبەر پشتیوانیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی پێشووی پەرلەمانو شارەوانییەکاندا کاندیدی خۆی هەبووە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی پەرلەمان ٤ کاندیدی هوداپار لە لیستی ئاکپارتی بەربژێرکرانو هەر چواریان سەرکەوتن. بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هوداپار نەگەیشتە ڕێککەوتنی گشتی لەگەڵ ئاکپارتیدا، هەر بۆیە لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵو ئەنقەرە پشتیوانی لە کاندیدانی ئاکپارتی دەکات، بەڵام لە شارەکانی باکووری کوردستان کاندیدی خۆی بەربژێرکردووە. هوداپار چاویبڕیوەتە شارەوانییەکانی باتمانو ئورفا، ئەمەش بە هۆی لاوازیی دەمپارتییەوە لە ئورفاو کاندیدکردنی سەرکان ڕامانڵی (Serkan Ramanlı) بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی باتمان، کە پێشتر وتەبێژی هوداپار بووەو ئێستاش ئەندام پەرلەمانی باتمانی هوداپارە. ڕامانڵی یەکێکە لە پەرلەمانتارو سەرکردە دیارەکانی هوداپارو لە ناو ڕێکخستنەکانی ئەو حیزبەو خەڵکی باتماندا کاریگەریی بەرچاوی هەیە. هەرچەندە سەرکەوتنی کاندیدەکانی باتمانو ئورفاو زۆربەی پارێزگاو قەزاکانی دیکەی هوداپار مەحاڵە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەرپرسانی ئەو حیزبە چاوەڕێی بەدەستهێنانی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ دەکەن لەم هەڵبژاردنەدا، ئەمەش بەراورد بە ڕێژەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ ڕێژەیەکی زۆر بەرزە. بەرپرسانی هوداپار، ڕەنجانی ژمارەیەکی زۆر کوردی ئیسلامی لە سیاسەتەکانی ئاکپارتیو لە هەمان کاتدا بە هۆی پشتیوانیی هەدەپە/دەمپارتییەوە لە کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ٢٠٢٣، کشانەوەی بەشێک لە کوردە نەتەوەپەرستە پارێزکارەکان لە پشتیوانی لە هەدەپە/دەمپارتی بەدەرفەتدەزانن لە ڕێگەی گوتاری نەتەوەیی/ئیسلامییەوە ختوکەی هەستی ئیسلامپەروەریو کوردپەروەری لە باکووری کوردستان بدەنو بەمەش ڕێژەی دەنگەکانیان بەرزبکەنەوە. جگە لەمانەش، ئاکپارتی هەوڵی ئاسانکاری بۆ هوداپار دەدات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی شارەوانییەکان لەو ناوچانەی کە ناتوانێت ڕکابەریی دەمپارتی بکات. ئەنجام هەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئەم مانگەی تورکیا زیاد لەوەی پڕۆسەیەک بێت بۆ دیاریکردنی کەسانێک بۆ بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان بۆ ماوەی ٥ ساڵی دیکە، لە هەمان کاتدا پێوەرێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ پێوانەکردنی هێزی پارتە سیاسییەکان، ئەمەش بە هۆی نەبوونی هیچ هاوپەیمانیەتییەکی فراوانەوە لە نێوان ئەو هێزانەدا. لە لایەکەوە ئاکپارتی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە جەهەپەو بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەکات لە شارە گەورەکانو دەیەوێت بۆ هەموان بسەلمێنێت دەنگەکانی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو جەهەپە لە ٢٠١٩ دەنگی خۆیان نەبووە، بۆ ئەمەش سوود لە ناتەبایی بەرەی ئۆپۆزسیۆن وەردەگرێت. لە بەرانبەردا دەمپارتی دەیەوێت تۆڵەی دانانی قەییوم لە ئاکپارتی بە دەنگی هاوڵاتیان بکاتەوەو بۆ ئەردۆغانی بسەلمێنێت سەرۆکشارەوانی وەک فەرمانبەر دانانرێت، لە باکووری کوردستانیش خەڵک لەگەڵ ئۆجەلانو دەمیرتاشو دەمپارتیدایە نەک ئەردۆغانو پارتەکەی. ئەمە جگە لەوەی دەمپارتی لە ڕێگەی بەربژێرکردنی کاندیدەوە بۆ شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵو ئەنقەرە جارێکی دیکە دەیەوێت “ڕۆڵی شا لە شەتڕەنجی سیاسیو هەڵبژاردنەکاندا” بەدەستبهێنێتەوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ساڵی ڕابردووەوە لەدەستیداوە. لەگەڵ ئەمانەشدا فاتیح ئەربەکان دەیەوێت تۆڵەی باوکی لە ئەردۆغان بکاتەوەو لە ڕێگەی بەربژێرکردنی کاندیدی شارەوانییە گەورەکانەوە ئومێدی بردنەوەی ئەو شارانەی لە لای ئەردۆغانو ئاکپارتی کەمکردووەتەوە. لەولایشەوە هوداپار هەرچەندە پشتیوانی لە ئاکپارتی دەکات لە شارە گەورەکاندا، بەڵام لە باکووری کوردستاندا کەوتووەتە بانگەشەيەکی چڕوپڕو هەوڵی دووبارە ناساندنەوەی خۆیو سەرکردەکانی بە خەڵکو بەدەستهێنانی مەیلی دەنگدەرە دڵڕەنجاوەکانی ئاکپارتیو هەدەپە/دەمپارتی دەدات. لەبەرئەوە هەروەک چۆن ناتوانرێت لەمەودوا باس لە گرەوی ئاکپارتیو جەهەپە لە سەر ئەستەنبوڵو ئەنقەرەو شارە گەورەکان بکرێت، بە هەمان جۆر ئیدی تەنها ئاکپارتیو هەدەپە دووقۆڵی گرەو لە سەر دەنگی کوردەکانی باکوور ناکەن، بەڵکو هوداپاریش وەک هێزێکی ئیسلامی/کوردی گرەوەکەی کردووە بە سێقۆڵی. وەک چۆن ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر دیاریکردنی کاندیدی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ی سەرۆکایەتیی کۆمار دەبێت، بە هەمان جۆر ڕەنگڕێژی شەقامی باکووری کوردستان دەکاتەوەو پێمان دەڵێت کە کێ دەتوانێت نوێنەرایەتیی کوردی باکوور بکات لە ئەنقەرە. [i] شکستی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانو سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەرپرسانی پارتەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دەنگدەرو ئەندامانی کردەوە، هەر بۆیە کۆنگرەی هەدەپەو پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەستراو جگە لە هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆکی نوێ بۆ هەردوو پارتەکە، بەرپرسو ئەندامانی هەدەپە چوونە ڕیزەکانی یەسەپەوەو ئەم پارتەش ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی). [ii] https://www.yenisafak.com/secim-katilim-orani-2023-toplam-secmen-sayisi-orani-gecerli-ve-gecersiz-oy-sayisi-kac-h-4531048 [iii] TRT HABER, 31 Mart 201 Yerel Seçim Sonuçları, 01.04.2019, Yerel Seçim Sonuçları 2019 – 31 Mart Seçim Sonuçları ve Son Dakika Gelişmeleri (trthaber.com), 05.03.2024 [iv] YSK, 10.01.2024, Siyasi Partilerin Birleşik Oy Pusulasındaki Yerleri, https://www.ysk.gov.tr/tr/31-mart-2024-secimi/46637316, 12.02.2024. [v] TÜİK, Adrese Dayalı Nüfus Kayıt Sistemi Sonuçları 2023, data.tuik.gv.tr, 06.02.2024, https://data.tuik.gov.tr/Bulten/Index?p=Adrese-Dayali-Nufus-Kayit-Sistemi-Sonuclari-2023-49684, 25.02.2024 [vi] TBMM, 28. Dönem Milletvekili Sandaliye Dağılımı, tbmm.gov.tr, 29.05.2023, https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi, 25.02.2024 [vii] TCCB, Cumhurbaşkanlığı Kabinesi, tccb.gov.tr, 05.06.2023, https://www.tccb.gov.tr/kabine/, 25.02.2024 [viii] سیستەمێکی تایبەتە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کەمینەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦١ لە سەردەمی فەرمانڕەوایی جۆن کەنەدی لە ئەمریکا بۆ بەشداریی ڕەشپێستەکان لە هەڵبژاردنەکانو نوێنەرایەتییان لە کۆنگرێس پەیڕەوکرا، دواتر ئافرەتان داوایانکرد ئەو سیستەمە بۆ بەشداریی ئەوانیش جێبەجێبکرێت، لە ساڵی ١٩٩٥ لە کۆنگرەی چوارەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەکینی پایتەختی چین بە فەرمی بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی سیستەمی کۆتا بۆ بەشداریی ئافرەتان لە کایە جیاوازەکانی ژیانو بە تایبەت لە سیستەمی سیاسیو فەرمانڕەواییو بەڕێوەبردنی دەوڵەتو پارتە سیاسییەکانو ڕێکخراوەکاندا، ئەمەش زیاتر لە ڕێگەی جیاکردنەوەی ڕێژەیەکی دیاریکراوەوە بۆ بەشداریو نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکانو بە تایبەت هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا جێبەجێدەکرێت، ئەو ڕێژەیەی دیاریکراوە، بە پێی وڵاتو پارتە سیاسییەکان دەگۆڕێتو بە گشتی لە نێوان (٢٠٪) بۆ (٣٠٪)دایە. [ix] BBC News Türkçe, Erdoğan yeni kabineyi açıkladı: Mehmet Şimşek Hazine ve Maliye, Hakan Fidan Dışişleri, Ali Yerlikaya İçişleri Bakanı oldu, 03.06.2023, https://www.bbc.com/turkce/articles/ck7dr8x17p2o, 27.02.2024 [x] Gülsen Solaker, Kadınlar yerel siyasette neden daha az temsil ediliyor?, dw.com, 23.02.2024, https://www.dw.com/tr/kad%C4%B1nlar-yerel-siyasette-neden-daha-az-temsil-ediliyor/a-68355308, 25.02.2024 [xi] Hürriyet, https://www.hurriyet.com.tr/bilgi/galeri-istanbul-secimleri-anketi-sonuclari-2024-iste-murat-kurum-ve-ekrem-imamoglu-yarisinda-son-durum-42413500/5, 03.03.2024, https://www.hurriyet.com.tr/bilgi/galeri-istanbul-secimleri-anketi-sonuclari-2024-iste-murat-kurum-ve-ekrem-imamoglu-yarisinda-son-durum-42413500/5, 05.03.2024 [xii] Sabah, 23 Haziran İstanbul Seçimi, 24.06.2019, https://www.sabah.com.tr/secim/23-haziran-2019-istanbul-secim-sonuclari/, 05.03.2024 [xiii] Haber Türk, 2023 Milletvekili Seçimi, 29.05.2023, https://www.haberturk.com/secim/secim2023/genel-secim, 05.03.2024 [xiv] Cuumhuriyet, AKP yönetiminde deprem: Kasım Gülpınar istifa etti, Yeniden Refah’ın adayı oldu, 23.01.2024, https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/akp-yonetiminde-deprem-kasim-gulpinar-istifa-etti-yeniden-refahin-2166775#:~:text=G%C3%BClp%C4%B1nar%27%C4%B1n%20istifas%C4%B1%20ve%20Yeniden%20Refah%27a%20kat%C4%B1l%C4%B1m%C4%B1%20bizzat%20Yeniden,partisinin%20%C5%9Eanl%C4%B1urfa%20B%C3%BCy%C3%BCk%C5%9Fehir%20Belediye%20Ba%C5%9Fkan%20Aday%C4%B1%20oldu%C4%9Funu%20a%C3%A7%C4%B1klad%C4%B1., 05.03.2024 [xv] Serbestgorus, AKP’nin ‘Bursa’ çıkmazı: ‘YRP oyları bölüyor’ endişesi büyüyor, 17.02.2024, https://serbestgorus.com/2024/02/akpnin-bursa-cikmazi-yrp-oylari-boluyor-endisesi-buyuyor/, 05.03.2024 [xvi] Mezopotamya Ajansı, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu, 28.02.2024, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu – Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 04.03.2024 [xvii] Azad Altay, AKP hangi il ve ilçelere ‘seçmen’ taşıyor?, 21.12.2023, AKP hangi il ve ilçelere ‘seçmen’ taşıyor? Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 05.03.2024 [xviii] DW Türkçe, Siirt’te inşaat halindeki askeri lojmana 2099 kişi, bir diğer askeri lojmana ise 1989 seçmenin kaydedildiği ortaya çıktı, 30.01.2024, https://x.com/NEWSSHORTT/status/1752423995599950194?s=20, 04.03.2024 [xix] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuçları, Siirt Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Siirt Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 04.03.2024 [xx] Artı Tv, DEM Parti, Hakkari’de 10 bin 832 seçmenin taşındığını tespit etti, 01.02.2024, (508) DEM Parti, Hakkari’de 10 bin 832 seçmenin taşındığını tespit etti – YouTube, 04.03.2024 [xxi] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuöları, Hakkari Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Hakkari Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 04.03.2024 [xxii] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuçları, Diyarbakır Kulp Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Kulp Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), Diyarbakır Eği̇l Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Eği̇l Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), Diyarbakır Hazro Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Hazro Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 05.03.2024 Mahmut Bozarsılan, Diyarbakır Barosu’ndan Yüksek Seçim Kurulu’na “seçmen kaydırma” başvurusu, 24.01.224, Diyarbakır Barosu’ndan Yüksek Seçim Kurulu’na “seçmen kaydırma” başvurusu (voaturkce.com), 05.03.2024 [xxiii] Referans Türk, CHP Milletvekili Kış, usulsüz seçmen taşıma iddiaları için meclis araştırma önergesi Verdi, 01.02.2024, CHP Milletvekili Kış, usulsüz seçmen taşıma iddiaları için meclis araştırma önergesi verdi – ReferansTürk (referansturk.com), 04.03.2024 [xxiv] Mezopotamya Ajansı, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu, 28.02.2024, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu – Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 04.03.2024 [xxv] T.C. İçişleri Bakanlığı, Diyarbakır, Mardin, Van Büyükşehir Belediye Başkanlarının Görevden Uzaklaştırılmasına Dair Basın Açıklaması 19.08.2019, https://www.icisleri.gov.tr/diyarbakir-mardin-van-buyuksehir-belediye-baskanlarinin-gorevden-uzaklastirilmasina-dair-basin-aciklamasi. [xxvi] Halk TV, Soylu’dan Skandal HDP’li Belediyeler Açıklaması: Hepsini İki Günde Görevden Aldık, 11.05.2023, https://halktv.com.tr/siyaset/soyludan-skandal-hdpli-belediyeler-aciklamasi-hepsini-iki-gunde-gorevden-aldik-738278h, 05.03.2024 [xxvii] Deniz Gedik, Türkiye Yerel Yönetim Sisteminde Bir Kara Delik: Kayyum Uygulamaları, http://spectrumhouse.com.tr/turkiye-yerel-yonetim-sisteminde-bir-kara-delik-kayyum-uygulamalari/, 05.03.2024 [xxviii] Medyascope, Demirtaş Aktif Siyaseti Bıraktı, 31.05.2023, https://medyascope.tv/2023/05/31/demirtas-aktif-siyaseti-birakti/, 06.03.2024 [xxix] Sondakika, Başak Demirtaş Adaylıktan Neden Çekildi, 07.02.2024, https://www.sondakika.com/politika/haber-basak-demirtas-in-adayliktan-neden-cekildi-ak-16825642/, 06.03.2024
(درهو): ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق بڕیاریدا وهزارهتی دارایی فیدراڵ ئهو قهرزانه بداتهوه كه حكومهتی ههرێم له بانكی بازرگانی عێراق (TBI) وهریگرتووه، بهڵام دواتر پارهكه له پشكی ههرێم له بودجهدا ببڕدرێت. بڕی ئهم قهرزه لهسهر شانی حكومهتی ههرێمه، مانگانه (53 ملیار) دیناره، بۆ ههر ساڵێك بڕهكهی دهبێت به (636 ملیار) دینار. یاسای بودجهی گشتی عێراق كه كۆتاییهكانی حوزهیرانی 2023 كهوته بواری جێبهجێكردن، له ماددهی (12/و)دا، چۆنیهتی پاكتاوكردنی ئهم قهرزهی لهسهرحكومهتی ههرێم دیاریكردووهو دهڵێ:" ئهو پارانهی بانكی بازرگانی عێراق TBI كه دهكهوێته سهرشانی حكومهتی ههرێم له بانكه حكومی و ئههلییهكان پاكتاو دهكرێت، وهزارهتی دارایی فیدراڵ ههڵدهسێت به خشتهبهندكردنی قیستهكان بهشێوهی مانگانهو له پشكی ههرێم دهبڕدرێت، له ساڵی دارایی 2023وه دهستپێدهكات و بۆ ماوهی حهوت ساڵ). ناكۆكی حكومهتی ههرێم و حكومهتی فیدراڵ لهبارهی ماددهكانی تایبهت به ههرێمی كوردستان له یاسای بودجهدا، وایكرد ماددهكانی تایبهت به ههرێم هێشتا نهكهوتونهته بواری جێبهجێكردن، بهوهۆیهشهوه پشكی ههرێم له بودجهی گشتی عێراق دیاری نهكراو تائێستا قهرزهكانی بانكی بازرگانی لهسهر شانی حكومهتی ههرێم نهدراونهتهوه، ئهمه هۆكارهكه بوو كه دوێنێ ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق وهزارهتی دارایی فیدراڵی پابهند كرد بهوهی قهرزهكانی ئهو بانكه بداتهوهو دواتر له پشكی ههرێم بیبڕێت. ئهم قهرزه چییه ؟ ئەم قەرزە كە ئێستا كەوتوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی زۆربەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی تر، مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی پێشوو (كابینهی ههشتهم به سهرۆكایهتی نێچیرڤان بارزانی) دەگەڕێتەوە، كە بەكۆی گشتی (27 ملیار) دۆلارەو بە میراتیی بۆ كابینهی نۆیهم (كابینهی مهسرور بارزانی) بەجێماوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەرزەكەی بانكی TBI بریتییە لە ژمارەیەكی زۆر چەكی بانكیی بێ رەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە كابینەی پێشوو داویەتی بە بەڵێندەرانو بەڵێندەرانیش لە بازاڕدا چەكەكانیان فرۆشتوەتەوە. بانكی TBI دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو چەكە بێ رەسیدانەی وەرگرتووەو پارەكەی بەڵێندەرانی خەرجكردووە، كۆی پارەی ئەو چەكە بێ رەسیدانە كە بانكە عێراقییەكە بە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم بۆ بەڵێندەرانەی خەرجكردووە لەگەڵ قەرزی بانكی كوردستاندا، بڕەكەی زیاتر له (3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلاره، واتا زیاتر له (5 ترلیۆن) دیناره. مهسرور بارزانی دوای دهستبهكاربوونی له پۆستی سهرۆك وهزیران، له مانگی حوزهیرانی 2020دا دوای له دیوانی چاودێری دارایی ههرێم كرد، بۆچونی خۆیان لهبارهی قهرزهكانی سهر شانی حكومهت بخهنهڕوو، دیوانی چاودێری دارایی لیژنهی بۆ لێكۆڵینهوه پێكهێناو له مانگی تهموزی 2020 راپۆرتی خۆی ئاڕاستهی ئهنجومهنی وهزیران كرد. سهبارهت به قهرزهكانی بانكی بازرگانی عێراق (TBI)و بانكی كوردستان (KI B)، دیوانی چاودێری دهڵێ:" هۆكاری ئهم بابهته دهگهڕێتهوه بۆ كڕینهوهو مامهڵهكردنی ههردوو بانكی بازرگانی عێراق و بانكی كوردستان به چهكی كۆمپانیاو بهڵێندهران كه به چهكی بهڵێندان (صك التعهد) ناسراوه، كه خاوهنی چهكهكه بهڵێنی داوه تا باشبوونی بارودۆخی دارایی ههرێم داوای نرخی چهكهكه نهكات". رێككەوتنی حكومەتی هەرێمو بانكی TBI لەیاسای بودجەی 2021دا بەوشێوەیە كراوە، لە ساڵی 2021وه دەستبكرێت بە بڕینی قەرزەكانی بانكی TBI لە پشكی هەرێمو لەماوەی (7) ساڵدا كۆی قەرزەكە پاكتاو بكرێت. ئەمە یەكێكی تری لەو مەرجانەی كە لە بودجەی عێراقدا كەوتووەتە سەر شانی حكومەتی هەرێمو بەغداد بەشێوەی "مقاصە" واتە لێبڕین لە بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی دەبڕێت. وەرگرتنەوەی قەرزەكانی TBIی لە هەرێمی كوردستان نوێ نییە، لەبودجەی 2019دا، حكومەتی عێراق مانگانە بڕی نزیكەی (12 ملیار) دیناری لە پشكی هەرێم دەبڕی بۆ گەڕاندنەوەی ئەم قەرزانە، دواتریش كە عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كێشایەوەو مستەفا كازمی بوو بە سەرۆكی حكومەت، كازمی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بۆ ماوەی سێ مانگ موچەی فەرمانبەرانی بۆ هەرێمی كوردستان نارد، لەم ماوەیەشدا بەهەمان شێوە بڕی (12 ملیار) دیناری مانگانە لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی TBI. بهگوێرهی راپۆرتێكی ئامانج رهحیم سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێم، بانكی (TBI) له نوسراوێكدا كه رۆژی 8ی شوباتی 2021 كردویهتی، قهرزهكانی خۆی لهسهر حكومهتی ههرێم بهمشێوهیه دیاریكردووه: • بڕی شایستهی بنهڕهتی: 4 ترلیۆن و 512 ملیار دینار ÷ 7 ساڵ = 645 ملیار دیناری ساڵانه ÷ 12 = 7 ملیارو 53 ملیۆن دیناری مانگانه. • بڕی سود: 1 ترلیۆن و 231 ملیار دینار. • كۆی گشتی شایستهی بنهڕهتی و سود: 5 ترلیۆن و 744 ملیار دینار÷ 7 ساڵ = 820 ملیار دیناری ساڵانه ÷ 12= 68 ملیاری دیناری مانگانه. قهرزهكانی حكومهتی ههرێم ئهوه تهنیا پارهكانی بانكی بازرگانی عێراق نییه كه وهكو قهرز لهسهر حكومهتی ههرێم كهڵهكه بووه، بهگشتی لەماوەی ساڵی (2012) بۆ کۆتایی ساڵی (2023) قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەتی هەرێم گەیشتووەته نزیکەی (34 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، کە نزیکەی (28 ملیار) دۆلاری ئهم قهرزانه بۆسهردهمی حوكمڕانییهكهی نێچیرڤان بارزانی و پرۆسهی "ئابوری سهربهخۆ" دهگهڕێتهوهو خۆی دهبینێتهوه له قەرزی (موچەی موچەخۆران، پابەندییە داراییەکانی، قەرزی دەرەکی، قەرزی بانکی تی بی ئای و قەرزی ناوخۆیی)، ئهوهی دهمێنێتهوه لهسهردهمی مهسرور بارزانیدا كهڵهكهبووه كه بهشێكی خۆی دهبینێتهوه ئهو پارانهی كه حكومهتی ناوهند لە ساڵی (2023)دا وهكو قهرز به حكومهتی ههرێمی داوهو بڕهكهی (3 ترلیۆن و 700 ملیار) دینارهو له پشكی ههرێم له بودجهی 2024 دهبڕدرێت.
درەو: وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەی بەردەستیان وەرگرت كە هەر وەزیرێك لە (10 بۆ 25) ملیۆن دینار وەردەگرێت، كە بۆ بەخشین و كاروباری خۆی بەكاری دەهێنێت. سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیر و بریكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مینحەی بەردەستیان چووە سەر ئەژماری بانكیان و هەموو مانگێكیش لەكاتی خۆیدا وەری دەگرن بەبێ دواكەوتن، تەنیانەت مانگانەكانی (10-11-12/2023)یش ئەو مینحەیەیەان وەرگرتووە، كە لە ئێستادا وەك موچە وایە بۆیان جگە لەوەی سولفەیەكیش وەردەگرن بۆ دیوانی وەزارەت. ئەوەی مانگانە بۆ هەر وەزیر و بریكاری وەزارەتێك خەرج دەكرێت سەرەڕای موچەكەی مینحەی بەردەست و سولفەی دیوانی وەزارەتیشیان بۆ خەرج دەكرێت. موچەی وەزیر موچەی هەر وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە دەگاتە (7 ملیۆنو 850 هەزار) دینار، ئەویش لە دەرماڵەو موچەی بنەڕەتی پێكهاتووە بە لێدەركردن خانەنشینی نزیك دەبێتەوە لە (7 ملیۆن و 250 هەزار) دینار. مینحەی وەزیر هەموو وەزیرێكی حكومەتی هەرێم مانگانە مینحەیەكی وەردەگرێت بۆ خەرجی كاروباری بەردەستو بەخشین، ئەو بڕە پارەیە لە وەزیرێكەوە بۆ وەزیرێكی تر جیاوازە. بۆ نموونە: • هەریەك لە وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، سامانە سروشتییەكان، پەروەردە) مانگانە (15 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن. • وەزارەتەكانی (بازرگانی، ئەوقاف، گواستنەوە، رۆشنبیری) مانگانە (10 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن. • وەزارەتی دارایی مانگانە (25 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرێت. • وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پێشمەرگە) مانگانە (20 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن. • ئەوانەی لە پلەی وەزیردان مانگانە (7 ملیۆنو 500 هەزار) دینار مینحە وەردەگرن. ئەم مینحەیە بۆ كاروباری بەردەستو بەخششە، بەڵام ئێستا وەكو موچەی لێهاتووەو راستەوخۆ وەزیر هەڵیدەگرێت بۆخۆیو تەسویە ناكرێتو لەلایەن چاودێری دارایی، چاودێری چۆنیەتی خەرجكردنی ناكرێت. سولفەی وەزارەت سەرەڕای موچەو مینحەی كە لەبەر دەستی وەزیردایە، مانگانە هەر وەزارەتی سولفەیەك وەردەگرێت بۆ خەرجیەكانی دیوانی وەزارەتو پێداویستیەكانی رۆژانە لە (قرتاسیە، بەنزین، گاز، پرنتەر، چا، قاوەو خەرجیەكانی تری ناو دیوانی وەزارەت). خەرجی سولفە لەژێر چاودێری دیوانی وەزارەتدایەو دەبێت تەسویە بكرێت، ئەم سولفەیە لەلایەن دیوانی وەزارەتەكانەوە خەرج دەكرێت. بۆ نمونە: • وەزارەتەكانی (ناوخۆ، دارایی، پێشمەرگە) مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن. • وەزارەتەكانی (ئاوەدانكردنەوە، بازرگانی، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەوقاف، رۆشنبیری) مانگانە بڕی (15 ملیۆن) دینار سولفە وەردەگرن. ئەو سولفەیە كە (بودجەی تەشغیلی)یە، مانگانە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەدرێتو هیچ رۆژێك دواناكەوێت، كێشەی ئەو سولفەیە لەوەدایە، بۆ خەرجی دیوانی وەزارەتو ناو وەزارەتە، بەڵام وەزیرو بریكاری وەزیرەكان سەرەڕای موچەو مینحەكەی بەردەستیان، خەرجی خۆیانو نوسینگەكانیان لە نمونەی خەرجی بەنزینو چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلو كارتی مۆبایل دەخەنە سەر ئەو سولفەیە، كە ئەمەش نایاساییە. بریكاری وەزیر هەر وەزیرێك، بریكارێكی هەیە، وەزیری ناوخۆ (2) بریكاری هەیە، بەگشتی كابینەی نۆیەم زیاتر لە (20) بریكاری وەزیر هەیە. موچەی ئەوانەی بریكاری وەزیرن مانگانە (5 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، موچەی بنەڕەتیان (2 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، (3 ملیۆن) دیناریش وەكو دەرماڵە وەردەگرن، جگە لە بڕوانامە ئەگەر بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هەبێت، ئەوە لانیكەم ( ملیۆنێك) دیناری تر دەچێتە سەر موچەكەیان. ئەوانەی بریكاری وەزیرن، سەرەرای موچەكەیان، مانگانە بڕی (3 ملیۆن) دینار مینحە دەخرێتە بەردەستیان بۆ (خەرجیو پێداویستی نوسینگەكەیانو بەخشین)، بەڵام بریكارەكان ئەم پارەیە بۆخیان هەڵدەگرنو خەرجی مانگانەی كە (ملیۆنو 500 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن) دینارە، دەیخەنە سەر سولفەو خەرجیەكانی وەزارەت. واتا بریكارێكی وەزیر مانگانە بەتێكڕا بڕی (10 ملیۆن) دینار وەردەگرێت، كە بەشێكی نایاساییە، چونكە پێویستە خەرجیەكانی لە پارەی مینحەكەی بەردەستی خەرجبكات. لەپاڵ ئەمانەدا، بریكاری وەزیر (3) پاسەوانو ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل بەرزو ڤێلایەك یان (شوقە)ی بۆ دابینكراوە . راپۆرتی پەیوەندیدار كابینەی نۆیەم.. بەهەشتی وەزیرەكان
(درهو): وهزارهتی دادی ههرێمی كوردستان ژماره (317)ی رۆژنامهی وهقایعی كوردستانی بڵاوكردهوه، ههموو ئهو یاساو بڕیارو رێنماییانهی كه لهم رۆژنامهیهدا بڵاودهبنهوه، راستهوخۆ دهچنه بواری جێبهجێكردنهوه. له ژمارهی ئهمجارهی رۆژنامهی وهقایعدا، فهرمانی ههرێمی ژماره (50)ی ساڵی 2024 دانراوه، كه نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێم دهریكردووهو تێیدا رۆژی 10ی حوزهیرانی ئهمساڵی وهكو وادهی بهڕێوهچوونی خولی شهشهمی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دیاریكردووه. بڵاوبونهوهی ئهم فهرمانه له رۆژنامهی وهقایعدا لهكاتێكدایه دوێنێ پارتی كشانهوهی خۆی له ههڵبژاردنهكه راگهیاندو ئهمڕۆش یهكێتیی نیشتمانی جهخت لهوه دهكات دهبێت ههڵبژاردن لهوادهی خۆیدا بكرێت. نێچیرڤان بارزانی وهكو سهرۆكی ههرێم چوار جار مهرسومی بۆ سازدانی ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمان دهركردووهو، سێ مهرسومیان ههڵوهشاوهتهوهو ههڵبژاردن نهكراوه، ئهگهر ئهمجارهش ههڵبژاردن دوابكهوێت، مهرسومی چوارهمیش ههڵدهوهشێتهوه: مهرسومهكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سازدانی ههڵبژاردنی خولی شهشهم: • مهرسومی رۆژی 24ی شوباتی 2022 بۆ سازدانی ههڵبژاردن له رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022. • مهرسومی رۆژی 26ی مانگی ئازاری 2023، بۆ سازدانی ههڵبژاردن له رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023. • مهرسومی رۆژی 3ی مانگی ئابی 2023 بۆ سازدانی ههڵبژاردن له رۆژی 25ی شوباتی 2024. • مهرسومی رۆژی 3ی ئازاری 2024 بۆ سازدانی ههڵبژاردن له رۆژی 10ی حوزهیرانی 2024.
راپۆرتی: درەو 🔹 هەندێ وڵات بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بە ئەرک دادەنێن، دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە بە ناچاری و لە دەستوور و یاساکانی هەڵبژاردندا ڕێکیانخستووە، تەنانەت هەندێک وڵات سزا بەسەر ئەو کەسانە دەسەپێنن یان سەپاندویانە بەسەر هاوڵاتییەک کە بەشداری پرۆسەکە ناکات. 🔹 داکۆکیکارانی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە شێوەی ناچاری، پێیان وایە ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتە هەڵبژێردراو و دیموکراسییەکانەوە دەدرێن، کاتێک کە ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووان بەشداری دەکەن، ڕەوایەتی زیاتریان هەیە. 🔻 بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن ئارەزومەندانەیە؛ 🔹 لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) لە کۆی (ملیۆنێک و 112 هەزار) دەنگدەر (971 هەزارو 953) کەس چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە ڕێژەی (87.4%) بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. 🔹 لە داواین خولی هەرڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس مافی بەشدارییان هەربوو، بەڵام تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) دەنگیان داوە بە ڕێژەی (35.7%). 🔹 بەم پێیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (30) ساڵ ڕێژەی ئەوانەی مافی بەشدارییان بەدەستهێناوە (2 ملیۆن و 338 هەزار و 773) کەس ڕێژەی (210%) کەس زیادیان کردووە. بەڵام ژمارەی بەشداری تەنها (261 هەزار و 498) کەس زیادی کردووە بە ڕێژەی (27%). تەوەری یەکەم؛ بەشداری هەڵبژاردن لە نێوان ئەرک و مافدا زۆربەی وڵاتە دیموکراتەکان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە نیشتمانی و گشتییەکان بە مافی هاووڵاتییان دەزانن. هەندێکیان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک بەرپرسیارێتییەکی مەدەنییانەی هاوڵاتییان تەماشا دەکەن. هەندێ وڵاتیش زۆر لەوە زیاتر ڕۆشتوون و بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بە ئەرک دادەنێن، دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا تێیاندا کراوە بە ناچاری و لە دەستوور و یاساکانی هەڵبژاردندا ڕێکیانخستووە، تەنانەت هەندێک وڵات سزا بەسەر ئەو کەسانە دەسەپێنن یان سەپاندویانە بەسەر هاوڵاتییەک کە بەشداری پرۆسەکە ناکات و نەیکردووە. بەناچارکردنی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان پرسێکی نوێ نییە. بۆ یەکەم جاریش ئەو وڵاتانەی کە یاسای دەنگدانی ناچارییان خستەڕوو بریتی بوون لە؛ بەلجیکا لە ساڵی (1892)، ئەرجەنتین لە ساڵی (194) و ئوسترالیا لە ساڵی (1924). داکۆکیکارانی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە شێوەی ناچاری، پێیان وایە ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتە هەڵبژێردراو و دیموکراسییەکانەوە دەدرێن، کاتێک کە ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووان بەشداری دەکەن، ڕەوایەتی زیاتریان هەیە. لایەنگرانی ئەم ڕەوتە فکرییە وای بۆ دەچن ناچارکردن بە بەشداری لە دەنگدان، پارتە سیاسییەکان دەتوانن سوودی دارایی لێ وەربگرن، بەو پێیەی پێویست ناکات هێچ داهاتێک بە خەرج بدەن بۆ ئەوەی دەنگدەران قەناعەت پێبکەن بەگشتی دەبێ دەنگ بدەن. زیاتر لەوانەش جگە لەوەی حکومەتێکی دیموکراتی تر هەڵدەبژێردرێت، بە بەشداری هەموو هاوڵاتیان لە پرۆسەکەدا، بۆیە ئەرکی هەمووانە کە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن. لەپاڵ ئەو بۆچوونەی کە بەرگری لە بەشداری ناچاری هەڵبژاردن دەکەن، هەندێکی تر پێیان وایە ئارگومێنتی سەرەکی دژی ناچارکردن بە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان، ئەوەیە کە ئازادی تاکەکان پەیوەست نییە بە دیموکراسیەوە. دەنگدان ئەرکێکی ناوەکی نییە و جێبەجێکردنی یاساکان دەبێتە پێشێلکردنی ئازادی هاوڵاتیان کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنە دیموکراسیەکانەوە هەیە. لەوانەیە پەروەردەی سیاسی دەنگدەران بێهیوا بکات، چونکە ئەو کەسانەی ناچار دەکرێن بەشداری بکەن، کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەو سەرچاوە هەستپێکراوەی ستەمکاری. ئایا بەڕاستی حکومەتێک شەرعیترە ئەگەر ڕێژەی زۆری دەنگدەران دژی ئیرادەی دەنگدەران بێت؟ ڕەنگە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە توانای دارایی سنوورداریان هەیە نەتوانن پاساو بۆ خەرجییەکانی پاراستن و جێبەجێکردنی یاساکانی دەنگدانی ناچاری بهێننەوە. سەرەڕای ئەوانە سەلمێنراوە کە ناچارکردنی دانیشتووان بۆ دەنگدان دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دەنگە نادروست و سپییەکان بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە هیچ یاسایەکی ناچاری دەنگدانیان نییە. دەرئەنجامێکی دیکەی دەنگدانی ئیجباری ئەگەری ژمارەی بەرزی "دەنگی هەڕەمەکی"یە. ئەو دەنگدەرانەی کە بە پێچەوانەی ویستی ئازادی خۆیان دەنگ دەدەن، دەتوانن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کاندیدێک هەڵبژێرن. دەنگدەر گرنگ نییە دەنگ بە کێ دەدات تا ئەو کاتەی حکومەت ڕازی بێت کە ئەرکی مەدەنی خۆیان جێبەجێ کردووە. ئەم دەنگە هەڕەمەکییە چ کاریگەرییەکی لەسەر شەرعیەتی حکومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراتیک هەیە؟ لە خشتە و نەخشەی ژمارە (1)دا ئەوە رونکراوەتەوە کام لە وڵاتان دەنگدانی ناچاری پراکتیزە دەکەن؟ لە ستوونی یەکەمدا ناوی وڵات و ستوونی دووەم جۆری ئەو سزایانە خراوەتەڕوو کە وڵاتی پەیوەندیدار بەسەر ئەو کەسانەدا دەیسەپێنێت کە بەشداری دەنگدان ناکەن و ستوونی سێیەمیش ئەو زانیارییەی تێدایە کە تا چەند یاساکانی دەنگدانی ناچاری بە کردەوە جێبەجێ دەکرێن. (*) ئەو ژمارانەی لە ستوونی جۆری سزادا هاتووە، بریتین لە جۆرە جیاوازەکانی سزا، بەم شێوەیە؛ 1. ئەو کەسەی کە بەشداری ناکات، دەبێت هۆکارێکی ڕەوا بۆ ئامادەنەبوونی خۆی بخاتەڕوو بۆ ئەوەی سزا نەدرێت، ئەگەر هەبێت. 2. سزای مادی (غرامە) ئەو کەسەی کە دەنگنادات، ڕووبەڕووی سزای ماددی دەبێتەوە. بڕە پارەکە لە نێوان وڵاتەکاندا جیاوازە، بۆ نموونە لە ئوسترالیا 20 - 50 دۆلاری ئوسترالی، لە ئەرجەنتین لە 50 - 500 پێسۆیە. 3. ئەگەری زیندانیکردن؛ لەوانەیە ئەو کەسەی کە بەشداری دەنگدان ناکات، ڕووبەڕووی زیندانیکردن ببێتەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی بەڵگەدار لە بەردەستدا نیە. لەو حاڵەتانەی کە هاوڵاتی دوای ئاگادارکردنەوە یان دوای ڕەتکردنەوەی چەند جارێک غەرامە نەدان، دادگاکان دەتوانن سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنن. ئەمەش بەزۆری بە زیندانیکردن بەهۆی نەدانی غەرامە پۆلێن دەکرێت نەک زیندانیکردن بەهۆی دەنگنەدان. 4. بێبەشکردن لە مافە مەدەنییەکان، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە ماوەی 15 ساڵدا لانیکەم لە چوار هەڵبژاردندا دەنگ نەدا، لە بەلجیکا لەو مافەی خۆی بێبەش دەکرێت. لە پیرۆ دەنگدەر دەبێت بۆ چەند مانگێک دوای هەڵبژاردن کارتێکی دەنگدانی مۆرکراوی پێبت وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەی دەنگدانی کردووە. ئەمەش وەک بەڵگەیەک پێویستە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک خزمەتگوزاری و کاڵا لە هەندێک فەرمانگەی گشتی. لە سەنگافورە دەنگدەر لە تۆماری دەنگدەران دەسڕێتەوە تاوەکو دووبارە داوای بەشداریکردن دەکاتەوە و هۆکارێکی ڕەوا بۆ بەشدارینەکردنەکەی پێشکەش دەکات. لە بۆلیڤیا دەنگدەر کاتێک دەنگی داوە کارتێکی پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداریکردنەکەی بسەلمێنێت. 5. سزای دیکە، بۆ نمونە لە بەلجیکا ڕەنگە بەدەستهێنانی کارێک لەناو کەرتی گشتیدا ئاسان نەبێت ئەگەر بەشداری دەنگدانت نەکردبێت. لە مەکسیک یان ئیتاڵیا هیچ سزایەکی فەرمی نییە بەڵام ئەگەری سزای ئارەزوومەندانە یان کۆمەڵایەتی هەیە. لە ئیتاڵیا پێی دەوترێت "گەمارۆیەکی بێ زیان"، بۆ نمونە ڕەنگە دەستەبەرکردنی شوێنی چاودێری ڕۆژانە بۆ منداڵەکەت یان خزمەتگوزارییەکی هاوشێوە قورس بێت، بەڵام ئەمە فەرمی نییە. تەوەری دووەم؛ ژمارەو رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا لەماوەی نزیکەی (30) ساڵی نێوان هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992)ەوە بۆ دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) دوانزە هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە. لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) لە کۆی (ملیۆنێک و 112 هەزار) دەنگدەر (971 هەزارو 953) کەس چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە ڕێژەی (87.4%) بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. لە داواین خولی هەرڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس مافی بەشدارییان هەربوو، بەڵام تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) دەنگیان داوە بە ڕێژەی (35.7%). بەم پێیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (30) ساڵ ڕێژەی ئەوانی مافی بەشدارییان بەدەستهێناوە (2 ملیۆن و 338 هەزار و 773) کەس ڕێژەی (210%) کەس زیادیان کردووە. بەڵام ژمارەی بەشداری تەنها (261 هەزار و 498) کەس زیادی کردووە بە ڕێژەی (27%). بە مانایەکی دیکە ڕێژەی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی (1992) بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکانیان نەکردووە ڕێژەکەیان لە (12.6%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (64.3%). یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، لە 19/5/1992 بەرێوەچوو. 2. لە هەرچوار ناوچەكەی دەنگدان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك) لەسەرجەم بنكەكانی هەڵبژاردن (176) بنكە، ژمارەی دەنگدەران (971 هەزار و 953) بووە، واتا لە كۆی (1ملیۆن و 112هەزار) دەنگدەری چاوەڕوانكراوی كوردستان، كە دەكاتە رێژەی (87.4%)، هاوكات ژمارەی دەنگە بەتاڵەكان (4 هەزار و 724) دەنگ بووە، بەو پێەیەش (971953 - 4724 = 967229) واتا دەنگی راستەقینە دەكاتە (967 هەزار و 229). بەجۆرێک؛ - لە پارێزگای هەولێر (335 هەزارو 827) کەس بەشداری کردبوو، (2 هەزار و 25) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (333 هەزار و 802) دەنگ. - لە پارێزگای سلێمانی (349 هەزارو 164) کەس بەشداری کردبوو، (هەزار و 112) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (347 هەزار و 952) دەنگ. - لە پارێزگای دهۆك (198 هەزارو 352) کەس بەشداری کردبوو، (982) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (197 هەزار و 370) دەنگ. - لە سنوری پارێزگای کەرکوک (88 هەزارو 610) کەس بەشداری کردبوو، (506) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (88 هەزار و 114) دەنگ. دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان 1. خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2. هەڵبژاردن بە یەک بازنە بەڕێوەچووە. 3. ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 4. (ملیۆنێك و 753 هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (76.6%). 5. (536 هەزارو 817) كەس بەشداری هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانیان نەکردووە بەرێژەی (23.4%). سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 767 هەزارو 993) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (77.2%). بەجۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (647 هەزار و 994) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد. - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (736 هەزار و 734) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد. - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (383 هەزار و 265)کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد. 4. (522 هەزارو 743) كەس بەشداری هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان نەکردووە بەرێژەی (22.8%). چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) بەشدار بوون كە (2 ملیۆن و 175 هەزارو 551) دەنگیان بەدەستهێنا و (75) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد. 4. واتە نزیکەی (2 ملیۆن و 176 هەزار) کەس بە ڕێژەی (95%) بەشداری ئەم هەڵبژاردنەیان کردووە، بەرزترین ڕێژەی بەشدارییە کە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێش و دوای خۆی تۆمار کرابێت. پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو. 2. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو. 3. ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 4. (ملیۆنێك و 876 هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%). 5. (642 هەزارو 577) كەس بەشداری ئەم خولەی هەرڵبژاردنی پەرلەمانی کورستانی نەکرد بە رێژەی (25.5%). شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754) كەس دەنگیاندا بە رێژەی (74.8%). بە جۆریك؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (917 هەزار و 685) کەس (680 هەزار و 408) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (74%). - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) کەس (833 هەزار و 631) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (76%). - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (574 هەزار و 138) کەس (424 هەزار و 715) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (74%). 4. (651 هەزارو 520) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (25.2%). حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو. 2. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 3. (2 ملیۆن و 653 هەزارو 743) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 4. (ملیۆنێك و 978 هەزارو 382) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.6%). 5. (675 هەزارو 361) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (25.4%). هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78.3%). بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (936 هەزار و 557) کەس (744 هەزار و 489) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (79%). - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 859) کەس (893 هەزار و 226) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (76%). - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (612 هەزار و 66) کەس (490 هەزار و 452) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (80%). 4. (588 هەزارو 915) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (21.7%). نۆیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان 1. هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو. 2. (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (79.5%). بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (936 هەزار و 557) کەس (754 هەزار و 234) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (81%). - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 859) کەس (906 هەزار و 643) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (78%). - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (612 هەزار و 66) کەس (500 هەزار و 161) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (82%). 4. (556 هەزارو 44) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (20.5%). دەیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 1. هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو. 2. (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێك و 799 هەزارو 686) كەس دەنگیاندا بە ڕێژەی (47.9%). بە جۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (ملیۆنێک و 314 هەزار و 46) کەس (642 هەزار و 232) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (48.9%). - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 395 هەزار و 961) کەس (668 هەزار و 146) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (47.9%). - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (ملیۆنێک و 75 هەزار و 889) کەس (489 هەزار و 308) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (47.5%). 4. (ملیۆنێک و 959 هەزارو 210) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (52.1%). یانزە؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان 1. هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو. 2. (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێک و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59.8%). 4. هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو. 5. (ملیۆنێک و 239 هەزارو 482) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (40.2%). دوانزە؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) 1. هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو. 2. (3 ملیۆن و 450 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە. 3. (ملیۆنێک و 233 هەزارو 451) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.7%). بەجۆرێک؛ - لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) کەس (444 هەزار و 253) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (35.7%). - لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) کەس (393 هەزار و 194) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (28.3%). - لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (822 هەزار و 703) کەس (396 هەزار و 4) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (48.1%). 4. (2 ملیۆن و 217 هەزارو 322) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (64.3%). سەرچاوەکان دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیکی هەڵبژاردن، پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا ١٩٩٢ – ٢٠٢١، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2023، لاپەڕە 99-111. International IDEA, SUPORTING DEMOCRACY WORLDWIDE, Compulsory Voting; https://bitly.ws/3fZA3 WIKIPEDIA, Compulsory voting, (Article) at; https://bitly.ws/3fZA7
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) دوێنێ، ١٦ ی مارت، یادی تاوانە گەورەکەی ھەڵەبجە بوو، تاوانی ھێرشە ژەھراوییە کارەساتبارەکەی ساڵی ١٩٨٨. ڕۆژانی ئایندەش یادی پەلامارەکانی ئەنفالە. مێژووی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم مێژوویەکی پڕ تاوان و کارەساتی گەورەیە. ئەو تاوانانە لە پەلامارەکانی ئەنفالدا گۆڕان بۆ تاوانی لەناوبردنی دەستەجەمعیی چنراو و پلانبۆدانراو و رێکخراو. ئەو پرسیارەی دوای تێپەڕینی ئەو ھەموو ساڵە بەسەر ئەم پەلاماردانە بەربەریی و کوشندانەدا دەشێت و پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا بە ڕاستیی جینۆساید بووە بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێمە؟ ئایا تاوانی ھەڵەبجە و پەلامارەکانی ئەنفال، وێرانکردنی ھەزاران گوند و شارۆچکەی کوردستان، کوشتن و ڕاگواستنی ملیۆنان مرۆڤ لە ژینگەی رەسەنی خۆیان و وێرانکردنی ئەو ژینگەیە، بوون بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی ئێمە؟ وردتر بپرسم: ئایا ”یاداوەریی گشتیی“ ئێمە بووە بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی، یان ئەویش یاداوەریەکی پارچەپارچە و بەشبەش و ناکۆکە و لە دەرەوەی لانی ھەرەکەمی کۆگیریەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدایە؟ بەر لە ھەمووشتێک پێویستە لەو ڕاستییە سادەیەوە دەستپێبکەین کە”یاداوەریی گشتیی“، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە، بوە بە کایەیەکی ئەکادیمی گرنگ و زیاد لە زانستێک لە زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان لەناویدا کاردەکەن. چەندان لێکۆڵینەوەی نوێ، لە چەندان بواری جیاوازدا سەبارەت بە فۆرمە جیاوازەکانی یاداوەریی گشتیی ئەنجامدراوە و ئەنجامئەدرێن. بە داخەوە بە دەگمەن نەبێت شتێکی ئەوتۆ لەم بوارە تازەیە بۆناو دونیای ڕۆشنبیریی و ئەکادیمی ئێمە نەگواستراوەتەوە. لە ڕووی مێژووییەوە رەنگە، کۆمەڵناسی فەرەنسی، ئێمیل دورکھایم. یەکەمین زانای کۆمەڵایەتی بێت کە گرنگی بە یاداوەریی دابێت و وەک شێوازێکی تایبەت لە پەیوەندیکردن بە ڕابردووەوە باسیکردبێت خاڵی گرنگ لای دۆرکھایم پێداگرتنە لەسەر ئاکاری کۆمەڵایەتییانەی یاداوەریی. لای ئەم کۆمەڵناسە یادکردنەوە ھەم مانای پەیوەندیکردن بە ڕابردووەو و ھەم مانای چۆنیەتی تێگەیشتن لەو ڕابردووە و چۆنیەتی راڤەکردنیشی. ھەردوکیشیان رۆڵی گەورە لە سازدان و دروستکردنی شوناسی کۆیی و دەستەجەمعیی کۆمەڵگادا، دەبینن. دورکاھیم خۆی چەمکی ”یاداوەریی گشتیی“ بەکارناھێنێت، بەڵام قوتابیەکەی، ماوریس ھابلواج، ئەم چەمکە دادەھێنێت و دەیخاتە بواری کارکردنی تیورییەوە. ئەم کۆمەڵناسە پێماندەڵێت لەپاڵ ”یاداوەریی تاکەکەسیی“دا یاداوەرییەکی دیکەش ھەیە کە ناوی” یاداوەریی گشتیی“ لێدەنێت. یاداوەریی گشتیی دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە، ھەمیشە گروپێکی کۆمەڵایەتیی یان چەند گروپێک، دروستیدەکەن، لەوانە بۆ نموونە، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، میدیاکاران، ھونەرمەندان، مێژوونووسان، ھتد... ئەم کردەی دروستکردنەش بەناو باسکردن و پێداگرتن لەسەر ھەندێک رووداو و پەراوێزخستن و لەبیرکردنی ھەندێک ڕووداوی تردا تێدەپەڕێت. ئەمەش مانای ئەوەی ھەمیشە لە پشتی کردەی دروستکردنی یاداوەریی گشتییەوە، سیاسەتێکی دیاریکراوی یاداوەریی کاردەکات. یاداوەریی گشتیی تەنھا ھێما بۆ پەیوەندیکردن بە ڕابردووەوە ناکات، بەڵکو شێوازی ئەو پەیوەندییانەش نیشانئەدات کە کەسەکان بە ئێستاوە و بەوەی لە ئێستادا ھەیە و ڕووئەدات، گرێئەدات. ھەموو پەیوەندییەک بە ڕابردووەوە بەشێکە لە پەیوەندیی بە ئێستاوە. زۆرجار ناشیرینییەکانی ئێستا ڕابردوویەکی ناشیرن و شکۆکانی ئێستاش ڕابردوویەکی شکۆدار دروستدەکات. بەم مانایە یاداوەری گشتیی یاداوەریەکە سایکۆلۆژیای باڵادەستی ئێستا و وێنە و ھێما و رەمزە باڵاەستەکانی ئێستا، ھێڵە گشتییەکانی دادەڕێژن. یاداوەری گشتیی ھاوکات لەناو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا رووئەدات و ئەو ژینگەیە رۆڵ دەبینێت لەوەدا چۆن لەو ڕابردووە و ڕووداوەکانی تێبگەین و چۆن بیانبینین و یادیانبکەینەوە. بە کورتییەکەی ئەو ھێزە سەرەکییەی کە رۆڵ لە چیەتیی یاداوەری گشتییدا دەبینێت، ئێستایە، ئەوەیە لە ئێستادا ڕووئەدات. ئەوە ”ئێستا“یە کەسەکان بەرەو ئەوە دەبات چۆن بیر لە ڕابردوو بکەنەوە و چۆن ڕاڤەی بکەن و چ مانا و نرخ و بەھایەکی پێببەخشن. ئەمەیە وادەکات لە سەردەمی جیاواز و لای گروپی کۆمەڵایەتیی جیاواز، ڕابردووی جیاواز دروستبکرێت. یادکردنەوەی ئەو ڕابردووەش بەپێی دۆخی ئێستا گۆڕانی بەسەردادێت و ڕووداوەکان لەو ئێستایەدا سەرلەنوێ ڕاڤەدەکرێنەوە و مانا و بێمانایی تایبەتیان پێدەبەخشرێت. بەم شێوەیە، دەکرێت یاداوەریی گشتیی، لە ڕێگای یادکردنەوەی ڕووداوەکانەوە، بۆ دروستکردن و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆ پاڵپشتیکردنی ھەستی ئینتیماکردن بۆ سەرزەمین و مێژوویەکی ھاوبەش، بەکاربھێنرێت. دەشێت لە قازانجی ھەستکردن بە شکۆ و بەھێزکردنی ھاریکاریی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و بەدەمەوەچونی ھێزە جیاوازەکان بۆ یەکتری کاربکات. لەم ڕووەوە ئارنست رێنان، زمانناسی فەرەنسیی، بەر لە دوو سەدە لەمەوپێش، پێی لەسەر ئەوە دادەگرێت کە یادکردنەوەی ھەندێک بەشی ڕابردو و لەبیرچونەوە و لەبیرکردنی ھەندێک بەشی تری، دەتوانێت ڕۆحیەتی ھاودەردیی و ھاریکاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەھێزبکاتت. یاداوەریی گشتیی دەشتوانێت شەرعیەت بەم ھێز یان بە ئەویتر، بەم یان ئەو دەسەڵات ببەخشێت. بەڵام یاداوەریی گشتیی دەتوانێت رێک پێچەوانەی ئەو کارانە ئەنجامبدات و وەک ئامرازێک کاربکات بۆ قووڵکردنەوە و گەورەکردنی دابەشبوون و لێکترازان و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتیی. دەتوانێت وەک ھێزێک کاربکات بۆ نەھێشتنی لانی ھەرەکەمی کۆگیریی ناوەکیی، ھەڵوەشاندنەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. ئەوەی من لەم نووسینە و لە چەند نووسینێکی دیکەدا بەرگریم لێکردوە و بەرگریی لێدەکەم سیاسەتە جیاوازەکانی یاداوەری گشتیی لە دونیای ئێمە ھێزێکە نەک تەنھا بۆ دابەشبوون و لەناوبردنی ھەر کۆگیریی و ھاودەردییەک، بەڵکو بۆ ئاستی ڕقبوونەوە لە یەکتریی و تەنانەت ڕقبوونەوە لە خود خۆیشی بەرزبۆتەوە. یاداوەریی گشتیی لە دونیای ئێمەدا گۆڕاوە بۆ ژێرخان و ماتۆری پشتی دیاردەی خودنەفرەتیی، کە یەکێکە لە دیاردە سەرەکییەکانی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و ھونەریی و میدیایی ئێمە. بە بۆچوونی من یاداوەریی گشتیی لەمرۆکەی دونیای ئێمەدا یاداوەریکی بەشبەش و پارچەپارچەیە. ھەر گروپێکی کۆمەڵایەتیی یاداوەرییەکی تایبەت بەخۆی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ڕابردوو دروستکردوە. ئەو پەیوەندییەش ئەو فۆرمە جیاوازانەی یاداوەریی بەیەکترییەوە گرێئەدات رق و پەلامار و تاوانبارکردن و بێنرخکردنی یەکترییە. یاداوەری گشتیی لە دونیای ئێمەدا بە ڕادەیەک بەش بەش و پارچەپارچەیە، بە رادەیەک لە ئێستایەکی پڕ لە ناشیرینیی و بێدادیی و ڕقەوە، دروستدەبێت، کە خودنەفرەتی گۆڕیوە بۆ گوتاری باڵادەست. ناشیرینییەکانی ئەمرۆکەی درێژکردۆتەوە بۆ ڕابردوو، تاوانەکانی ئەمڕۆکەی گۆڕیوە بۆ لۆژیکی ناوەکیی کارکردنی مێژووی ئێمە. ھەرکەسێک حەوسەڵەی ھەبێت لەم دیدگا تایبەتەوە سەیری بەشی ھەرەزۆری ئەوەی ڕۆژانە لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو دەنووسرێت و دەگوترێت، بە ئاسانی ئەم دیاردەی خودنەفرەتییە دەبینێت و ئەزموونی دەکات. ئیشکردنێکی تةندروستانەی یاداوەری گشتیی پێویستی بە کۆمەڵێک بکەرە خەریکی پاراستنی ئەو یاداوەرییە بێت، پاراستن لە رێگای بەیاننامەدەکردن و خوتبەی سیاسیی بێمانا و درۆی ھەزاربارە و رێکخستنی بۆنەی حیزبیی تایبەتەوە نا، کە زۆرینەی کۆمەڵایەتیی وەک ناشیرنیکردنی زیاتری ئێستا دەیبینێت و مامەڵەیدەکات، بەڵکو لە ڕێگای بینینی قووڵایی تاوان و کارەساتەکان و تەرجەمەکردنی ئەو قووڵاییە و گەورەیی ئەو پەژارە و برینانەوە کە دروستیدەکەن، بۆ کردەی مێژوویی ڕاستەقینە ناکۆک و دژ بە لۆژیک و سیاسەتی دروستکردن و بەردەوامیدان بەو تاوان و کارەساتانە. بۆ نموونە پەلاماردانی چەکدارانەی کورد لە تاوانی ھەڵەبجە و ئەنفالدا، کە مەبەست لێیان لەناوبردنی سەرتاسەریی بوو، دەبوایە رێگربێت لەوەی کورد جارێکی دیکە لەناوخۆیدا رێگە لە دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و پەلاماردانی چەکدارانەی یەکتری، بگرێت. لە دوای ھەڵەبجە و ئەنفالەوە ئەمە نەک رووینەدا، بەڵکو ڕێک پێچەوانەکەی ئەنجامدرا. شەش ساڵ دوای ھەڵەبجە و ئەنفال ھێزەکانی پارتی و یەکێتی پەلاماری یەکتریاندا و ساڵانێکی درێژی شەڕێکی ناوخۆیی خوێناویان دەستپێکرد، کە تیایدا ھەزاران کەس کوژران و ھەرێمەکەشی بە کردەوە گۆری بۆ دوو ئیمارەتی سیاسیی ناکۆک و دژبەیەک. تاڵانکردنی سەروەت و سامانی مادیی کوردستان لە سەردەمی ئەنفالدا بیرۆکەی تاڵانکردنی لەدوای ئەنفالەوە لە مێژووی ئێمەدا نەک بنبڕنەکرد، بەڵکو لۆژیکی حوکمڕانیی ھێزە کوردییەکانی دوای ڕاپەڕین، درێژکراوەی ھەمان لۆژیکی تاڵاکردنی سەردەمی ئەنفالە. بەمجۆرە رق لە حوکمڕانیی کوردیی، بە تایبەتی ڕق لە پارتی و یەکێتی، گۆڕاوە بۆ ڕق لە مێژووی کوردستان و لە ڕابردووی بەرگریکردنی ئەو کۆمەڵگایە لە خودی خۆیشی. خودنەفرەتیی گۆڕینی ئەم ڕقە سیاسییە ئێستاییەیە بۆ ڕقێکی وجودی لە کوردبوون خۆی وەک فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤبوون لە جیھاندا. ئەو یادوەرییە گشتییەی لە ئێستادا دروستدەکرێت لەزیاد لە ئاستێکیدا یاداوەریی نەفرەتکردنە لە کوردبوون خۆی.